زاراوەی جەنگی سارد بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٩٤٧ لە لایەن کەسێکی خەزنەداری ئەمەریکی بەناوی (بێرنارد باروخ- Bernard Baruch) بەکار هێنراوە، لە کاتی وتەیەکی خۆیدا سەبارەت بە پلانەکانی سەرۆک ترۆمان Truman بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی بە یۆنان و تورکیا.
رۆژنامەنوس واڵتەر لیپمان (Walter Lippmann) ئەم زاراوەیەی وەک ناونیشانێک بۆ یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی خۆی بەناوی (جەنگی سارد – توێژینەوەیەک لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا- ١٩٤٧) بڵاوکردەوە. هەریەکە لە باروخ و لیپمان ئەم تێرمەیان وەک دەربڕینێک لە زاری هەندێ سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی لە وانشتۆن دەبیست، کە هێربێرت ساوپ(Herbert Swope) یەکێک بوو لەوانە.
جەنگی سارد ململانێیەک بوو لە نێوان دوو سیستەمی ئابوری و سیاسی جیاواز، دوو ئایدۆلۆژیا کە راستەوخۆ دژ بەیەک وەستابوونەوە، لە لایەک سیستەمی سەرمایەداری و لەملاشەوە نمونەی (لینینیزمی سۆڤیەتی) لە مارکسیزم. گرنگترین دژبەرەکانی ئەم ململانێیەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت بوون. هەرچەندە ژینگەی ململانێکە لە ماوەی درێژ مەودا بووە هۆکاری هەڵایسانی جەنگ، بەڵام هەرگیز لە نێوان هەردوو لایەنی جەنگی سارد رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و جەنگ بەرپا نەبوو، بەڵکو ململانێیەکی بەردەوام بوو لە پێناو هاوپەیمان و هەژمونخوازی و دەستکەوتنی سەرچاوە ئابوریەکان، هەروەها زیاتریش جەنگێکی پرۆپاگەندەیی بوو، لە دوای ١٩٥٠ بوو بە پێشبڕکێیی خۆپڕچەککردن.
بە بڕوای مێژوونوس و چاودێران، جەنگی سارد لە ساڵی (١٩٤٧)ەوە دەستپێدەکات، ئەو کاتەی دۆکترین (عەقیدە)ی ترۆمان ئاشکرا کراو پەیتا پەیتا زۆر بەخێرایی برەوی سەند هەتا کاتی مردنی جۆزیف ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، و دواتریش بە چارەسەربوونی قەیرانی کوبا، نزمتر بۆوە. بۆ ئەو روداوانەی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٧٩-١٩٨٥) رویانداوە، نوسەرانی ئەو بوارە ناچار بوون کە زاراوەی (جەنگی ساردی دووەم) بەکار بێنن.
من بۆخۆم لەو باوەڕەدام جەنگی سارد لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیا ساڵی ١٩١٧ دەستپێدەکات، ئەو کاتەی ململانێیەکی توندی ئایدۆلۆژی لە پێناو هەژمونخوازیی بۆ دەستگرتن بەسەر جیهاندا خۆی دەرخست. ئەندرێ فۆنتاین (André Fontaine)یش هەمان ماوە دەکاتە دەستپێک بۆجەنگی سارد. جەنگی سارد لە ماوەی نێوان ١٩٨٩-١٩٩١ دا، بە کەوتنی دیواری بەرلین، دیموکراتیزەکردنی ئەوروپای رۆژهەڵات، پاشەکشەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت، رەتکردنەوەی کۆمۆنیزم لە سۆڤیەت و دواتریش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت – وڵاتی باوک بۆ کرێکاران و جوتیاران، کۆتایی هات.