تارا تەها عوسمان شارەزا لەبواری پەیوەندیی نێودەوڵەتاندا
لیبرالیزم رێبازێکە جەخت دەکاتە سەر ئازادیی تاک و پێویستیی رێزگرتن لەسەربەخۆیی و ئازادی تاکەکان. ئەم رێبازە وەک پەرچەکردارێک لەدژی زوڵم و زۆری کەنیسە و دەرەبەگایەتی بەشێوەیەکی گشتی پەیدابووە و پاشان لە هەر وڵاتێک بەجیا پەیدابووە. لیبرالیزم لەسەر چەند بنەمایەکی فیکری دامەزراوە کەهەموو ئاراستەو رەوتە جیاوازەکان لەسەر ی کۆکن و هەر ئاراستە و رێچکەیەک ئەگەر دان بە تاکگەرایی و ئازادی و ئەقڵانییەتدا نەنێ بە لیبرال ناژمێردرێ چونکە ئەم بنەمایانە بەبناغە سەرەکییەکانی دادەنرێن.
لیبرالیزم سێ بنەمای سەرەکی هەیە کەبریتیین لە ئازادی و تاکگەرایی و ئەقڵانییەت. ئەم سێ بنەمایە کە تێکڕای گەوهەر و کرۆکی لیبرالیزم پێکدەهێنن، لەوردەکاریدا بیرمەندان بەشێوەیەکی جیاواز لێکیان داوەتەوە و بۆچونی وەکیەکیان لەبارەیانەوە نەبووە، جگە لەوەی کە لەکرداریش هاوبۆچوون و هاوڕا نەبون و هەروەها لەو روەوە کە لەڕوی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتییەوە بە چ شێوازێک پراکتیک بکرێن، هەر بیرمەندە و بۆچونی تایبەتی خۆی هەبووە.
رێبازی تاکگەرایی ئەو رێبازەیە کە زۆرترین گفتوگۆ لەبارەیەوە ئەنجامدراوە و زۆرترین مشتومڕیشی ناوەتەوە و ئەم رێبازە ئەو رێبازەیە کە بەدرێژایی سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم روالەت و ئەدگاری ئەندێشە سیاسییەکەی داڕێژراوەو لەسەدەی نۆزدەهەمدا بەو سەرەنجامە گەیشتووە کەبتوانێ ئەنجامە پراکتیزەکراوەکانی فەلسەفەکەی دابڕێژێت.
لەو قۆناغەدا زۆر جەخت کرایە سەر بەهایەکی بنەڕەتی کە کرۆکی بیری سیاسی تایبەت بە لیبرالیزمی پێکهێنا ئەویش بەدی هێنانی کەسایەتیی مرۆڤانەیە لەبوارە سیاسییەکاندا کەئەمەش بەکردەوە لەسەدەی نۆزدەهەم بەدواوە سەری دەرهێنا.
دەرکەوتنی چەمکی مرۆڤی تاک کەهەستی پێدەکرێ و لەواقیعدا هەیە، تەنها داهێنانێکی فەلسەفی و تیۆریکی نەبوو، بەڵکو شتێک بوو وەک راستییەکی بەچاو بینراو خۆی بەسەر ئاوەزەکاندا سەپاند، ئەویش لەئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە گشتگیرانەی کە زادەی شۆڕشی پیشەسازی و گەشەکردنی دامەزراوەی سەرمایەداری بون. دیارە هەر بۆچونێک دەربارەی تاک لەواقیعدا دەبێ پشت ئەستوربێ بە بەراوردکردن لەگەڵ بایەخدان بەخود لەکلتوری مۆدێرندا وەک خودێکی تاک.
لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لیبرالیزم لەچەند تیۆر و گریمانەیەکی هەمەجۆر پێکدێ، تەنانەت هەر ئەوەندەیە کەئێمە بوارە گشتییەکانی تایبەت بە بیروباوەڕە لیبرالەکان تێپەڕێنین، زۆری پێناچێ ئەوەمان بۆ ئاشکرادەبێ کە لیبرالیزم تەنها یەک کۆپیی نییە بەڵکو چەندان کۆپیی هەیە بەڵام واباوە کە لیبرالیزم بکرێ بەسێ تیۆرییەوە یان بکرێ بە سێ ئاراستەی سەرەکییەوە، کەبریتین لەرێبازی ژیرگەرایی و رێبازی ئایدیال و رێبازە لیبرالە دامەزراوە تازەکە.
مایکل دۆیل لیبرالیزمی بەسەر سێ جۆردا دابەشکردووە یەکێکیان لیبرالیزمی ئاشتییانەی شۆمپیتەرە، ئەویتری لیبرالیزمی ئیمپریالیستیی میکیاڤیللییە و سێیەمیان لیبرالیزمی ئینتەرناسیۆنالیستیی کانتە.
بەهەمان شێوە دێڤد بالدوین لیبرالیزم دەکا بە سێ جۆرەوە: لیبرالیزمی بازرگانی کە بازرگانیی ئازادو ئاشتی بەیەکترییەوە دەبەستێتەوە، لیبرالیزمی کۆماری کە رژێمی سیاسیی دەوڵەت و ئاشتیی نێودەوڵەتی بەیەکترییەوە گرێدەدا و لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی کەچالاکییە بان نەتەوەییەکان و تەواوکاریی نێودەوڵەتی بەیەکترییەوە دەبەستێتەوە.
باسی یەکەم: چەمکی لیبرالیزم
بۆ دیراسەکردنی چەمکی لیبرالیزم و چونە ناو کرۆکی مانا زمانەوانییەکانی و پەیوەندیی بەواژەکانی دیکەوە ، باسەکە بەسەر سێ لقدا دابەش دەکەین: لە لقی یەکەمدا ئاماژەکانی تایبەت بەزمانی دەستەواژەکان شی دەکەینەوە و لەلقی دووەمدا دەچینە سەر شیکردنەوەی گەشەی مێژویی چەمکی لیبریالیزم و لەلقی سێیەمیش بناغە فیکرییەکانی لیبرالیزمی سیاسی دەستنیشان دەکەین.
مانای زمانەوانیی دەستەواژەی لیبرالیزم
یەکەم: مانای زمانەوانی لیبرالیزم
وشەی لیبرال (Liberal) ڕێچەڵەکێکی لاتینی هەیە و لەزمانی لاتینیدا بەشێوەی (Liber) بەکارهاتووە بۆئاماژەکردن بۆچینی پیاوانی ئازاد.
لەزمانی ئینگلیزی ئەمڕۆدا لەفەرهەنگی ئۆکسفۆرد بەشێوەی دەستەواژەی لیبرال (Liberal) دیاری کراوە و لێرەدا چەند واتایەکی هەیە، گرنگترینیان ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەفتارو بۆچوونی لێبوردەیان هەیە یاخود خاوەنی بیری کراوەی بەرچاوڕون و ڕۆشنبیرن یاخود کەسانی خاوەن سروشتێکی سەخاوەتمەندانە یاخود کەسانێک کەزۆرتر مەیلی سیاسەت و بیروڕای ئازادیان لەبوارەکانی بازرگانی و پەیوەندی شەخسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕی ژیرانە هەیە.
دووەم: مانای دەستەواژەی لیبرالیزم
لیبرالیزم وەک دەستەواژە سروشتێکی ناجێگیر و تەمومژاوی هەیە کە لەقۆناغێکی مێژووەوە بۆقۆناغێکی دیکەوە و لەناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەوە جیاوازی هەیە. لەبەرئەوەی ئەم وشەیە لەزۆر بواردا بەکارهاتووە، وشەکە زۆر مانا و واتای لێکەوتۆتەوە و زۆر بواری گرتۆتەوە بەتایبەتی بواری سیاسی و فیکری و ئابووری و تەنانەت نێودەوڵەتیش.
دکتۆر فایز ساڵح لەوبڕوایەدایە کە لیبرالیزم کۆمەڵە داوا و خواستێکە بیرمەندانی سەردەمی شۆڕش و چاکسازی لەئەوروپای مۆدێرندا بانگەشەیان بۆکردووە و لەرێی ئەو داوا و خواستانە دەتوانرێ ژیانێکی وا بۆ مرۆڤ دەستەبەربکرێت کە بەبەراورد لەگەڵ سەدە ناوەڕاستەکاندا ژیانێکی باشترە. ئەو داوا و خواستانەش بریتیین لە تاکگەرایی و ئازادیی و یەکسانیی یاسایی و دەستوری و لێبوردەیی. پاش جەختکردن لەسەر ئەو داوا و بەهایانە ئینسکلۆپیدیای سیاسەت لیبرالیزم بەم چەشنە پێناسە دەکا کە "رێبازێکی سەرمایەدارییە بانگەشە بۆ ئازادیی ئابوری و سیاسی دەکات".
لەم هەموو پێناسەکردنانە دەردەکەوێت کەدەستەواژەی لیبرالیزم پان و بەرینەو ماناکانی چەندەها بوار لەکۆمەڵگا لەخۆدەگرن. جالێرەدا بۆئەوەی لەکرۆکی مانا و واتاکەی بگەین، دەبێ یەکە یەکە ئاماژە بۆ ماناکانی ناو بوارەکان بکەین.
لەڕوی سیاسییەوە لیبرالیزمی سیاسی بەو مانایە دێت کەدەوڵەت دەست لەژیانی گشتی وەرنەدات کەئەمەش پێویستی بەدامەزراندنی رژێمێکی سیاسییە لەسەر بناغەی دیموکراسی و هەروەها پێویستی بە پەرلەمان و حکومەتێکە کە گەل هەڵیبژاردبن و هەروا پێویستی بەلێک جوێ کردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەوڵەتێکە لەسەر بناغەی پرنسیپی سەروەریی یاسا دامەزرابێت.
لەڕوی فیکرییەوە لیبرالیزمی فیکری بەمانای بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و ئاشتبونەوەی تاکەکان و بیروباوەڕی تاکگەرایی دێ و هەروەها بڕوای وایە تاک بنچینەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێکدێنێ چ لەگەڵ کۆمەڵگادا چ لەگەڵ یەزداندا.
لەڕوی ئابورییەوە لیبرالیزمی ئابوری جەخت دەکاتە سەر دوو بنەمای سەرەکی کەبریتین لەموڵکدارێتی سامان و دژی سیاسەتی ئابوریی رێنمایی کردنە کەدەوڵەت هانای بۆدەبا. لیبرالیزمی ئابوری لەم مەسەلەیەدا پشت ئەستورە بەئاراستە ئایدیۆلۆژییەکەی سەرمایەداری.
پەرەسەندنی مێژوی چەمکی لیبرالیزم
هەندێ توێژەر رەگ و ریشەی بیری لیبرال دەباتەوە سەر دیموکراسیی سەدەی پێنجەمی پێش زاینی ئەسینا و وتارە بەناوبانگەکەی بریکلیس (٤٩٥-٤٢٩پ.ز) بەنموونە دێننەوە، کەتیایدا بەشان و باڵی ئەو کوژراوانەی ئەسینای هەڵداوە، کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لەدژی سپارتە خوێندویەتییەوە. لەم وتارەدا پرنسیپی یەکسانی هەموو هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا زۆر بەپوختی داڕێژراوە. دیارە یەکسانی لەبەردەم یاسادا ئەمڕۆ یەکێکە لەگرنگترین سیماکانی بیری مۆدێرنی لیبرالیزم. هەروەها هەندێ وای بۆدەچن کە برووتاگووراس (٤٨٥-٣٩٩پ.ز) تاکی بەپێوانەی هەموو شتێک داناوە کەئەمەش بایەخی تاک و لێپرسراوەتییە سیاسییەکەی لەبیری فەلسەفەی سیاسیی برووتاگووراس دەردەخا.
شاپیرۆ لەو بڕوایەدایە کە فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنان سوکرات (٤٧٠-٣٩٩پ.ز) یەکێکە لە لیبرالە دێرینەکان، چونکە شێوازی ژیانی و بانگەشەی بۆئازادی بیرکردنەوە و شێوەی مردنی بەڵگەی بیروباوەڕە لیبرالییەکانین. جەختکردنی سوکرات لەسەرئەوەی کە زانست و زانین سەرچاوەی چاکەن و تەنها لەرێگەی بیرکردنەوەی خودییەوە چنگ دەکەون، بەڵگەیەکی رونن لەسەر مەیلی ئازادیخوازانەی سوکراتدا.
بەگوتەی دکتۆر هیبە رەئوف، مێژوی راستەقینەی بیری لیبرال لەسەردەمی مۆدێرن دەستپێدەکا. ناوبراو دەڵێ " لیبرالیزم وەک دەستەواژەیەکی فیکری، لەسەدەی چواردەهەمەوە لەئەوروپا هاتۆتە بەکارهێنان بەڵام تەنها پاش چەندین سەدە ئینجا لەڕوی سیاسییەوە بەکارهاتووە".
بریتانیا بەلانکەی بیری کلاسیکی لیبرال دەژمێردرێ. لەسەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمەوە چەند فەیلەسوفێک لە بریتانیا پەیدابوون کەبانگەشەیان بۆ ئازادی و تاکگەرایی کردووە و رەخنەیان لە ئۆتۆکراتیزم و ستەمی شاهانە گرتووە و داوای پاشایەتیی دەستوری یان سیستمێکی کۆماریان کردووە. ئەو ململانێ فیکری و سیاسییەی کەچینی ناوەڕاستی بورژوازی لەدژی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی بەرپای کردووە، دروشمەکانی بیری لیبرال سەبارەت بەیەکسانی و ئازادی و تاکگەرایی رۆڵێکی سەرەکییان تێداگێڕاوە.
بیرمەند و سیاسەتمەداری ناسراوی بریتانیا جۆن لووک (١٦٦٣-١٧٠٤) رۆڵێکی گەورەی لەچەسپاندنی پرنسیپە سیاسی و فیکرییەکانی بیری لیبرالی مۆدێرندا هەبووە. لووک لەنووسینەکانیدا جەختی کردۆتە سەر ئازادییە بنچینەییەکانی تاک و بەئازادیی "سروشتی" داناوە کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆڤ ناتوانێ قەدەغەی بکات یان تاکەکانی لێ بێبەش بکات. لووک بەپێویستی دەزانی بیری لێبوردەیی لەنێوان هاوڵاتییاندا بڵاوبکرێتەوە و دەوڵەت و دەسەڵاتێکی پاشایەتی دەستوریی وەها دابمەزرێت کە بەپێی دەستوور مافە بنچینەییەکانی تاکەکان بپارێزێت و پەراوێزێک بۆ خۆنواندنی مافی سروشتی تاکەکان دابینبکات. تێگەیشتنی لووک لەچۆنێتی و هۆکانی هانابردنی تاکەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی لە تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، زۆر بەڕونی ئەوە دەردەخا کە ئەم بیرمەندە بایەخی بەپاراستنی ئازادی و هەمەجۆریی تاکەکان و چەسپاندنی فرەیی لەدەستورەکان داوە.
زۆر بیرمەند کەوتنە ژێر کاریگەریی بیروڕا لیبرالییەکانی لووک. ئەگەرچی لە نووسینەکانی جان جاک رۆسۆدا بەرگریی تەواو لەبیروباوەڕی لیبرال نەکراوە و رۆسۆ وەک بیرمەندێکی جەماوەری هەڵکەوتووە و باوەڕی بەسەروەریی گەل بووە، بەڵام جەختکردنی رۆسۆ لەسەر بەرگریکردن لەئازادی مرۆڤ و گوزارشت کردنی لەو ئازادییە، لەو گوتە بەناوبانگەی کە لەپێشەکیی کتێبی گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا خستویەتییە روو، ئەوەمان بۆدەردەخا کە بیروباوەڕی لیبرالیزم زۆر پەرەی سەندووە و بۆتە ئاشنای بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم.
مۆنتسکیوو (١٦٨٩-١٧٥٥) بەیەکێ لەگەورە بیرمەندانی لیبرالیزمی سیاسی دەژمێردرێ، جان توشار لەوبڕوایەدایە کە مۆنتسکیوو یەکێکە لە لیبرالە ئەرستۆکراتییەکان. ئەم بیرمەندە سەرکەوتوو بووە لەسەقامگیرکردنی یەکێ لەگرنگترین بناغەکانی تێڕوانینی لیبرالییانە بۆ شێوەکانی فەرمانڕەوایەتی و جۆرەکانی سیستمی سیاسی کەپێویستە لەکۆمەڵگا لیبرالەکان سەقامگیربکرێت. تیۆریی مۆنتسکیوو دەربارەی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەکۆڵەکە بنچینەییەکانی مۆدێلی لیبرالییانەی سیستمە سیاسییەکان بووە کە پشت ئەستورە بە پاوان نەکردنی دەسەڵات و گرد نەکردنەوەی لەدەستی یەک کەس یان یەک دامەزراوە. بەڵکو دابەشکردنی بەسەر چەند دامەزراوەیەکی یاسادانان و راپەراندن و دادوەریدا کە هەریەکێکیان تێیدا دەبێتە سانسۆر بەسەر ئەوی تردا بەجۆرێک کەمافی تاکەکان بەرامبەر بەدەسەڵاتەکانی دەوڵەت بپارێزرێ.
هەردوو شۆڕشەکەی ساڵی ١٧٧٦ی ئەمریکا و ساڵی ١٧٨٩ی فەرەنسا رۆڵێکی گەورەیان لەسەرخستن و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی لیبرالیزمدا هەبوو. شۆڕشی ئەمریکا و پێشەنگەکانی، یەکێ لەوانە جفرسۆن، زۆر لەژێر هەژمونی بیروباوەڕە لیبرالەکانی لووک و رۆسۆ و مۆنتسکیوودا بون. دەستوری ئەمریکا کاتێک جەختی کردۆتە سەر ئازادییە سروشتییەکانی تاکەکان و مافەکانی تاک لەبواری ئازادی و یەکسانی و گەڕان بەشوێن بەختەوەریدا و پێکهێنانی حکومەتێکی دەستووری بەستراو، لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی دیموکراتییانە و لیبرالییانەی ئەوروپای سەردەمی رێنسانس و رۆشنفکریدا بووە.
بیری فەلسەفیی ئەڵمان وەک لای کانت و هیگل دا دەردەکەوێ، بانگەشەی بۆ باڵایی ئاوەزو زاڵبونی بەسەر ئەفسانەدا کردووە. ئەڵمانەکان بەشێوەیەکی تایبەت رێزیان لە ئاوەز (ئەقڵ) گرتووە و زۆرێک لە بیریارانیان ئاوەزیان بەگرنگتریین تایبەتمەندی مرۆڤی تاک زانیوە. بەرزراگرتنی ئاوەزی تاک، بەتایبەتی لەلای کانتەوە لەڕاستیدا بانگەشە بووە بۆ بیری لیبرال کە پشتگیریی تاکگەرایی و ئازادیی فیکری و بەرپەرچدانەوەی هەژمونی فیکریی کۆمەڵگا و دەوڵەت کردووە.
لەلایەکی ترەوە بیروباوەڕی ئابوریی لیبرالی بیرمەند ئابوریناسی ئینگلیز ئادەم سیمس و بانگهێشتە بەناوبانگەکەی بۆ ئازادی بازرگانی و دورخستنەوەی دەوڵەت لەدەستوەردان لەکاروباری ئابوری و ژیانی ئابوری و خۆتەرخانکردنی دەوڵەت نواندنی رۆڵی پاراستنی کۆمەڵگا (دەوڵەتی پاسەوان)، رۆڵێکی گەورەی هەبوو لەپێگەیاندنی مەرجە ئابورییەکانی بیری لیبرال و چۆنێتیی سەردەرکردن لەرۆڵی ئابوری و سەروەریی دەوڵەت.
پاش هەنگاونان بەرەوە سەدەی حەڤدەهەم و سەرکەوتنی چینی بورژوازی لەزۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و گەیشتنی ئەم چینە بەدەسەڵات، بیری لیبرال تا ئەندازەیەکی زۆر بەم چینەوە بەسترایەوە کە لەم روەوە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری خۆی هەبوە. بۆیە لەسەدەی هەژدەهەمدا لیبرالیزم رەنگی شۆڕشگێڕانەی تێکۆشەرانەی دژ بەحکومەتی پاشایەتی و ئۆرۆستۆراسیی ستەمکار لەدەستدا ئەم ئاراستەیەش لەنوسینەکانی نوسەری لیبرالی ئینگلیز جۆن ستیورات مل دەردەکەوێ.
بناغەکانی لیبرالیزمی مۆدێرن:
لیبرالیزمی مۆدێرن لەسەر چەردەیەک بناخە دامەزراوە گرنگترینیان تاکگەرایی و ئازادییە.
یەکەم- تاکگەرایی:
کاتێک سەرەتاکانی پەیدابوونی بیری لیبرال و گەشەی جیهانی ئەو بیرەو پەل هاوێشتنیمان بۆ زۆر دەوڵەت و بوار بەسەر کردەوە، بۆمان رون بۆوە کە ئەم رێبازە زۆر بناغەو تایبەتمەندیی فیکری و سیاسی و ئابوری هەبووە، مایەی تێفکرینە کە بنەماکانی لیبرالیزم هەمیشە دەگەڕێنەوە سەر رێبازی تاکگەرایی و پەیوەندیشیان پێوە هەیە، بۆیە لەکاتی تاوتوێکردنی ئەم مەسەلەیەدا دەبێ ئاماژە بۆ پەیوەندیی پتەوی نێوان تیۆریی لیبرالیزم و رێبازی تاکگەرایی بکەین.
تاکگەرایی رێبازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کەجەخت دەکاتە سەر گەوهەری شایستەی مرۆڤ. تاکگەرایی سورە لەسەر جیاوازیی مرۆڤ لەو روانگەیەوە کە مرۆڤ بونەوەرێکی جیاوازو تایبەتە.
بیری فەلسەفی و تاکگەرایی لەئەوروپا لەسەردەمی رێنیسانسدا سەری هەڵداوە. ئەگەرچی پەیدابونی سەرەتایی چەمکەکە پەیدابونێکی فەلسەفی – فیکری بووە بەڵام ئەمە لەراستیدا لەڕوی مێژوییەوە پەیوەندیی بەچینی ناوەڕاستی بورژوازییەوە هەیە، هەروەها بەندە بە هەوڵە بێ وچانەکانی ئەم چینە بۆ وەدەستهێنانی پێگەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی شایستە لەکۆمەڵگا کلاسیکییە داخراوەکاندا.
بەشێوەیەکی گشتی لیبرالەکان چەندین تێز و بۆچونیان دەربارەی تاکگەرایی هەیە کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:
١- خەڵکی وەک تاک نەک وەک گروپ ئەو خانەو یەکە سەرەکییانەن کە بەهایەکی ئەخلاقییان هەیە.
٢- ئامانجی گروپ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، خزمەتکردنی بەرژەوەندی تاکە نەک بەپێچەوانەوە وەک ئەوەی کەجاران وابوو. بەهاو ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان جگە لەهەوڵدان بۆ خزمەتکردنی ئەم مەسەلەیە هیچ مەبەستێکی دیکەیان نییە.
٣- مافە سروشتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەشیوەیەکی راستەوخۆ تەنها و تەنها بەتاکەوە بەستراونەتەوە.
٤-ئامانجی دەوڵەت دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوە بۆ تاکەکان تاکو بتوانن چێژ لە تاکگەرایی وەرگرن، بۆیە پێویستە لەسەر دەوڵەت و سیستمی سیاسی سوربن لەسەر فراوانکردنی تواناکانی تاک و هێشتنەوەی ئەم تایبەتمەندییە و پەرەپێدانی.
دووەم- ئازادی:
چەمکی ئازادی یەکێ لەو چەمکە بەناوبانگانەیە کە بیری لیبرال ناوی پێدەرکردووە تا وای لێهاتووە کە ئازادی و لیبرالیزم بونەتە هاوتەریبی یەکتری کەبەهیچ شێوەیەک لێک جیانابنەوە.
فەیلەسوفی لیبرالی ئەڵمانیا کانت لەو بڕوایەدا بوو کە ئازادی "یاسای کارکردنە". واتە ئازادی پرنسیپێکە تاکەکان بۆ کارکردن هاندەدا.
لەبەڵگەنامە سەرەتاییەکانی شۆڕشی فەرەنسا وەک لەمادەی شەشەمی دەستوری ساڵی ١٧٩٣دا هاتووە، ئازادی "ئەوەیە کە مرۆڤ هەموو ئەو شتانە بکات کەزیان لەمافی ئەوانی تر نادەن". بەم واتایە وای دەبینین کە تێڕوانینەکەی دەستوری شۆڕشی فەرەنسا زۆر لەتێڕوانینی فەلسەفییانەی کانت لەبارەی ئازادییەوە دوور ناکەوێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی لیبرالەکان دوو چەشن ئازادی لەیەکتری جیادەکەنەوە، یەکێکیان ئازادی نەگەتیڤە و ئەوی تر ئازادی پۆزەتیڤە.
ئازادی نەگەتیڤ ئەوەیە کەهیچ کەسێک کاریگەریی نەبێ لەسەر ئازادیی رەفتاری هیچ کەسێکی تر. جا ئەگەر مرۆڤێک دەستی لەئیشوکاری مرۆڤێکی تر وەرداو تەگەرەی دروستکرد لەنێوان ئەو مرۆڤە و چالاکییەکەی، ئەوا ئەو مرۆڤە ئازاد نابێ. بەم واتایە ئەوەی کە ئێمە کەسانێکی ئازادین بەپێی ئەم چەمکە، بەو مانایە دێ کەئێمە چەندان بژاردەی کراوەمان لەبەردەمدایە، ئەمەش بەبێ بایەخدان بەوەی کەئاخۆ ئێمە لەتواناماندایە ئەو بژاردانە تاقی بکەینەوە یان نا. لەبەرئەوە هەندێ کەس بەم چەشنە ئازادییە دەڵێن ئازادیی بژاردەیی.
ئازادیی پۆزەتیڤیش بەگوێرەی ئەم چەمکە ئەوەیە کەتەنها لەوکاتەدا مرۆڤ بەئازاد دادەنرێت کەموڵکی خۆی بێ و ئازادیی تەواوی هەبێ لەبەڕێوەبردنی ئیشوکاری خۆی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و دور لەکاریگەریی هەر هێزێکی دەرەکی. ئەم چەشنە ئازادییە جەخت دەکاتە سەر ئازادی لەدۆخی ئەزمونیدا، بۆیە هەندێ کەس بەم ئازادییە دەڵێن ئازادیی ئەزمونی. ئەم نۆڕینە نمونەییەی ئازادی لە ڕەگ و ریشەدا دەگەڕێتەوە سەر نوسینەکانی هەریەک لە ڕۆسۆ و کانت و ستیوارت مل و هەروەها لەم سەردەمەدا لەنوسینەکانی بەرلین و ژۆزیڤ راز رەنگدانەوەی هەیە.
باسی دووەم: تیۆری لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
لیبرالیزم لەسەدەی حەڤدەهەم بەدواوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبوە، لیبرالیزم لەبواری نێودەوڵەتیدا دەچێتەوە سەر جون لووک و جیرمی بنتام (Bentham) و جان جاک رۆسۆو ئیمانوێل کانت و جۆن ستیوارت مل کەئەمانە کەسانێکی ئایدیال بون و باوەڕیان بەئاوەزو ویژدان هەبووە و لەو بڕوایەدا بون کە ئاوەزو ویژدان مژدەی ئاشتییەکی هەمیشەیی تەبایی گشتگیردەدەن. ئەمە ئەو پێوەرە لۆکالە بووە کەبەهۆیەوە دەتوانرێ ئەو بارودۆخە بهێنرێتەوە دی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان سیستمی لەچوارچێوەی دەوڵەتاندا هێناوەتە ئاراوە.
ئێمە لێرەدا لەهەوڵی ئەوەداین کە ئەو بۆچونانە بکەین بەسێ جۆرەوە، ئەویش بەمجۆرەی کەوا لەخوارەوە دێ.
رێبازی نێودەوڵەتی لیبرال
هەریەک لە کانت و بنتام بەپێشڕەوی لایەنگرانی رێبازی نێودەوڵەتیی لیبرالی بزاڤی رۆشنگەری دەژمێردرێن، هەردوکیشیان دژی دڕندایەتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بون یاخود دژی ئەوە بون کە کانت بەمجۆرە رونە گوزارشتی لێ کردووە کە "دۆخێکی دڕندایەتییە و مل بۆ هیچ یاسایەک کەچ ناکا"، لەکاتێکدا سیاسەتی لۆکال لەسەر لێواری سەردەمێکی تازەی ماف و هاوڵاتیبون و دەستورگەرایی بووە. رەتکردنەوەی دڕندایەتیی ملکەچنەکردوو بۆ یاسا وای کرد هەردوکیان نەخشە بۆ "ئاشتیی هەمیشەیی" دابنێن. بیروباوەڕی هەردوو فەیلەسوف تۆوی بۆچونە بنچینەکانی رێبازی نێودەوڵەتیی لیبرال پێکدێنن، بەتایبەتی باوەڕهێنان بەوەی کە ئاوەز دەتوانێ ئازادی و دادپەروەری لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بێنێتەدی. بۆنمونە، کانت لەو بڕوایەدا بوو کەبەدیهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی پێویستی بەسێ مەرجە کە بریتیین لەهۆشیاریی تاک و دەستوری کۆماری و گرێبەستێکی فیدرالییانە لەنێوان دەوڵەتاندا بۆنەهێشتنی جەنگ و شەڕوشۆڕ.
لەلایەکی دیکەوە جیرمی بنتام داوای کرد فیدراسیۆنێکی ئاشتیانە لەنێوان دەوڵەتان دروست بکرێت کە بنچینەکەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بێ. واتە ئەوەی کە لەسەر ئاستی لۆکال جێبەجێ کراوە، دەتوانرێ لەچوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتانیش جێبەجێ بکرێ.
بەمانایەکی تر، ئەمە کارکردنە بۆ بردنی دەوڵەتان بۆ ناو سیستمی ماف و ئەرکی نێودەوڵەتی و ناوبراو لەم روەوە دەڵێت "لەمەسەلەی بەرژەوەندیی گەلاندا لەهیچ شوێنێکدا هیچ ململانێیەکی راستەقینە نیە".
ئەوەی کە بنتام جەختی لەسەر دەکات توانای جەخت کردنە لەسەر ئەو شتانەی کە دەوڵەتان کۆدەکاتەوە نەک لەسەر ئەو شتانەی کە لێکیان جیادەکاتەوە و لێرەدا هاوکاری بناغەیەکە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابورییەکان لەڕێی ئازادی بازرگانییەوە.
لەسەدەی نۆزدەهەمدا لیبرالیزمی کلاسیکی هەژمونی خۆی بەسەر بیری بریتانی و ئەمریکیدا سەپاند و هەر ئەو لیبرالیزمەشە کە پێی وایە دەوڵەتانی سەرمایەدار حەز بەئاشتی دەکەن چونکە جەنگ زیانی بۆ بازرگانی هەیە و خۆشگوزەرانیی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەهۆی بازرگانییەوە دێتەدی نەک بەهۆی جەنگ و شەڕوشۆڕەوە.
لیبرالیزمی ئایدیالیستی
لیبرالیزم لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا پاشەکشەی بەخۆیەوە بینی. جەنگ بیرکردنەوەی لیبرالییانەی گۆڕی بەڕادەیەک کە وای لێهات بەوچەشنە سەیری ئاشتی کرا کە دۆخێکی ئاسایی نیە بەڵکو دۆخێکە دەبێ بهێنرێتە دی، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچونە بوو کە پێش جەنگ لەئارادا بوو و کرۆکەکەی ئەوە بوو کە ئاشتی دۆخە ئاساییەکەیە و جەنگ بەدۆخێکی نائاسایی دادەنرێ.
لەسەدەی بیستەمدا ئاراستە لیبرالییەکان لەگەرمەی تاووتوێ کردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەرگەرمی ئەوە بون لیبرالیزم بەپرۆژەیەک بۆ گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بناسێنن بۆئەوەی لەگەڵ مۆدێلەکانی ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا بگونجێت، چونکە مەسەلەکە وا بانگەشەی بۆدەکرا کە دیموکراسییە لیبرالییە دەستورییەکانی وەک ئەوەی ئەمریکا ئەو مۆدیلەیان گرتۆتە خۆ. ئەمریکا سەرمەشقی پتەوکردنی لیبرالیزم بووە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەدەی بیستەمدا.
لەئاکامی ئەمەدا ئەو بۆچونە لەناو لایەنگرانی لیبرالیزمی ئایدیالیستدا زاڵ بوو کەپێویست بە جەنگ ناکات، چونە سەر ئەو باوەڕەی کەدەبێ کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێ. ئەمەش گەوهەری بیرکردنەوەی لیبرالییانە پێکدێنێ.
لیبرالیزمی دامەزراوەیی
ئایدیالیستەکان هەوڵی پراکتیزەکردنی بیرکردنەوەی ئایدیالیستی دەدەن ئەویش بەداهێنانی مۆرکێکی دامەزراوەیی بۆ حوکمی یاسا. بەم بیرکردنەوەیەش دەگوترێت پێوانەی لۆکال. ئایدیالیستەکانی قۆناغی پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان وای دەبینن کە دوو مەرجی سەرەکی بۆ داهێنانی رژێمێکی نوێ لەجیهان هەیە:
١- دەبێ سەرکردەکانی دەوڵەتان و بیریاران و رای گشتی باوەڕیان بەوە بێ کە پێشکەوتن شتێکە دەکرێ بێتە دەست.
٢- دەبێ لەکاتی پێویستدا رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆئاسانکردنی گۆڕانی ئاشتییانە و داماڵینی چەک و ناوبژیوانی پێکبهێنرێت.
دیارە کۆمەڵەی گەلان لەساڵی ١٩٢٠دا دامەزراوە و هۆی پێکهێنانی دەچێتەوە سەر ڕاوبۆچونی لیبرالەکان کە بەچاوێکی گەشبینەوە روانیویانەتە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاریان بۆ ئەوە کردووە کە دامودەزگای وەها بێتە دی تاکو لەقۆناغی پاش جەنگی یەکەمی جیهاندا چاودێریی ئاشتی بکاو هەوڵی بەدی هێنانیشی بدات بەڵام کۆمەڵەی گەلان نەیتوانی ئەو ئامانجانە وەدی بێنێ کە لەپێناویدا پێک هێنرابوو و سیستمەکەشی سەبارەت بە ئاسایشی بەکۆمەڵ داڕماو نەیتوانی رێگری بکا لە هەڵایسانی جەنگی دووەمی جیهان لەساڵی ١٩٣٩.
لەدامەزراندنی کۆمەڵەی گەلانەوە تا هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهان لیبرالیزم بەقۆناغێکی پڕ گەشانەوەدا تێپەڕیوە. سەیریش نیە کە پەرەسەندنی مێژویی بەدیوە خراپەکەی (بەشێوەی جەنگ) و بەدیوە باشەکەی (بەشێوەی ئاشتی و بونی رێکخراوی نێودەوڵەتی و سیستمی ئاسایشی بەکۆمەڵ کەهەمووی لێکەوتەی لیبرالیزمن) هاوزەمان بن لەگەڵ پەرەسەندن و پاشەکشەی تیۆریی لیبرالیزم چونکە لیبرالیزم لەبناغەدا بۆئەوە هاتۆتەدی کە شیکردنەوەی خۆی هەبێ بۆ ئەو گۆڕانکارییە مێژوییانە و چەندین راڤە لەم بارەیەوە پێشکەش بکات و بکەوێتە خۆ بۆ داهێنانی یاسای گشتی بۆ تەگەرەدان لەسەرهەڵدانی ململانێی چەکدارانە.
بەڵام رێبازی دامەزراوەیی لیبرالیزم (constitutional liberalism) لەکۆتایی چلەکاندا پەیدابوو، هەر ئەم رێبازەشە کە پشتگیریی لەوە کردووە کەپێویستە کۆمەڵەی گەلان نەمێنێ و دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی دیکە جێگای بگرێتەوەو بەرپرسیارێتیی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتەئەستۆ. ئیدی لەسەر بنەمای ئەم بۆچونانە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا.
پاش جەنگی دووەمی جیهان، دەوڵەتە براوەکانی جەنگ فشاریان هێنا بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نوێ بۆ نوێنەرایەتی کردنی دەوڵەتان و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی. ئیدی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٥دا پەنجا دەوڵەت لە سان فرانسیسکۆ پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان واژۆ کرد.
ئەمەش لە دوو لاوە دوورکەوتنەوە بوو لە کۆمەڵەی گەلان چونکە بون بەئەندام لەرێکخراوە تازەکە بۆ هەموان بوو، جگە لەوەی کە زلهێزەکان توانییان رێ لەوە بگرن کە هیچ کردارێک بێتەدی ئەگەر ئەو کردارە دژی بەرژەوەندییەکانیان بێ.
ئیدی جارێکی دی تیۆرییە لیبرالییەکان تاڕادەیەک پاشەکشەیان بەخۆوە بینی و تیۆریی ریالیزم سەرکەوتنی بەدەستهێنا چونکە ئەم تیۆرییە راڤەی وەهای پێشکەشکرد کە زۆرتر پشت ئەستور بوو بەو سیاسەتانەی هێز کە لەکاتی شەڕی سارددا باو و زاڵ بون و بانگەشەیان بۆدەکرا.
لەکۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم جارێکی تر بایەخ بەتیۆرییەکانی لیبرالیزم درا. ئەم بایەخدانەش زیاتر سێ ئاراستەی بیرکردنەوەی لیبرالییانەی نوێی گرتەوە کە یەکەمیان ئابوری بوو، دووەمیان کۆمەڵایەتی و سێیەمیان سیاسی.
لیبرالیزم تێکەڵاویی کۆمەڵگاکانی لەبەرچاو گرتووە چونکە ئەمە بەڵگەی بونی چەند بەهایەکی هاوبەشە کە هەموان لەسەری هاوڕان. ئەم بەهایانەش پشت بەچەند بەهایەکی دیکە دەبەستن و تەنها لەسەر چەمکی هێز ناگیرسێنەوە، سەرەڕای ئەوە کە چەمکی هێز بەردی بناغەی تیۆریی ریالیزم پێکدێنێ. دیارە لیبرالیزم ئەم تێکەڵاوییەی بەشتێکی نمونەیی زانیوە.
لەدورایی سیاسیدا لیبرالیزمی نوێ لەبوارە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەگوێرەی دوو رەوت پەرەی سەند: یەکێکیان پەیوەندی بە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانەوەیە (واتە دامودەزگا لیبرالییەکان) و ئەوەیتر پەیوەندیی بە دیموکراسییەوەیە (واتە لیبرالیزمی ستراکچەری یان پێکهاتەیی).
لەساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمەوە تا قۆناغی ئەمڕۆ، بیرکردنەوەی لیبرالییانەی دامەزراوەیی یان رێبازی لیبرالیزمی دامەزراوەیی نوێ گەشەیەکی زۆری بە تیۆریی لیبرالیزم داوە، ئەویش بەوەی کەجەختی کردۆتە سەر پێویستیی بونی دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە یاریدەدەر دەبێ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەهەموو ئەو بوارانەی کە پێویستیان بەهاوکارییە. لیبرالیزمی دامەزراوەیی نوێ وای دەبینی کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ببنە یارمەتیدەر بۆ زاڵبون بەسەر مەیلی خۆویستانەی دەوڵەتان لەڕێی هاندانیان بۆ دەست هەڵگرتن لەبەرژەوەندییە هەنوکەییەکان بەقازانجی سودە زۆرەکانی هاوکاری هەمیشەیی.
روبەرت جێرفس ئەم بیرکردنەوە لیبرالییانەیە وەها دەخاتە بەرچاو کەتێیدا کارایی دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان ئاسەوارێکی باشی دەبێ لەسەر هاوکاریی نێودەوڵەتیی. جێرفس وای لێ تێگەیشتووە کە "دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان کاریگەرتر بن، ئەوەندەش هاوکاری گشتگیرتر دەبێ".
لیبرالیزمی دامەزراوەیی نوێ بەسیستمێکی نێودەوڵەتیی وا بەستراوەتەوە کە ئەم دوو مەرجە سەرەکییەی تێدا رەنگ دەداتەوە:
١- پێویستە بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتاندا هەبێ کە لەڕێی پرۆسەی هاوکارییەوە بێتەدی.
٢- پێویستە گۆڕان لە پلەی بەدامەزراوکردندا (Institutionalization) کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕەفتاری دەوڵەتان هەبێ.
لیبرالیزمی ستراکچەری لەتێڕوانیندا زۆر جەخت دەکاتە سەر پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی جیهانی. ئەمەش پشت بە سێ گریمانە دەبەستێ:
١- تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی نیشتمان و بان نیشتمان ئەکتەرە بنچینەییەکانی سیاسەتی جیهان پێکدێنن.
٢- هەموو دامەزراوەکان لەوانە دەوڵەت نوێنەری بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی کۆمەڵن نەک هەمووی.
٣- سروشتی رەفتاری دەوڵەت کە ئاستەکانی ململانێ و هاوکاری دیاری دەکات رەنگدانەوەی سروشت و روخسارو بژاردەکانی دەوڵەتە.
بەپێی ئەم سێ گریمانەیە، دەتوانین سێ ئاراستەی تیۆریکی بۆ شرۆڤەکردنی ململانێ و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان دیاری بکەین کە هەریەکێکیان پێ لەسەر توخمێکی جیاوازی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت – کۆمەڵگا لەسەر ئاستی نیشتمان و بان نیشتمان دادەگرێ. ئاراستەی یەکەم جەخت دەکاتە سەر سروشتی پشت بەستنی سۆسیۆ – ئابوری بەیەکتری (لیبرالیزمی بازرگانی).
ئاراستەی دووەم جەخت دەکاتە سەر نوێنەرایەتیی خراپی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان (لیبرالیزمی پەرلەمانی) و ئاراستەی سێیەم جەخت دەکاتە سەر رادەی هاوجوتبون و هاوجوتنەبونی بەها نیشتمانییەکان (لیبرالیزمی ئایدیالیستی).
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی سارددا، لیبرالیزم بەگوڕێکی زۆرەوە هاتەوە مەیدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بۆچونێکی تازەی دەربارەی ئەوە دەربڕی کە زۆر جەختی کردۆتە سەر سەرکەوتنی لیبرالیزم لەسەر ئاستی سیستمی سیاسی تیۆریی سیاسی و زاڵبون بەسەر رکابەرەکانی لەگۆڕەپانی سیاسەتدا.
ئەمەش زۆر لە بیروباوەڕی فرانسیس فۆکۆیامادا دەردەکەوێ، بەتایبەتی لەکتێبی "کۆتایی مێژوو و مرۆڤی دوایین" کە نموونەی گیانی بەدەستهێنانی سەرکەوتنە لەکۆتایی شەڕی سارددا و هەرئەمەشە تین و تاوێکی زۆری بە تیۆرییەکە بەخشیوە.
فۆکۆیاما بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "کۆتایی مێژوو" دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێژووی ئەو بیرە سیستماتیکەی تایبەت بە پرنسیپە شەرعییە بەراییەکانی رێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. بەڵگەکانی فۆکۆیاما لەبنەڕەتدا بەڵگەی پێوانەیین. لە دوماهیی سەدەی بیستەمدا پەیمان بەستنی نێوان دیموکراسی لیبرال و سەرمایەداری، بەکردەوە و بەشێوەیەکی مەعنەوی، هێزی خۆی بەرامبەر بە هەر سیستمێکی سیاسی – ئابوریی ئەلتەرناتیڤ ساخ کردەوە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەم پەیمانییە پێداویستییە بنچینەییەکانی مرۆڤی دەستەبەر کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی، روخسارێکی هەرەوەز ئاسا بەسەر لیبرالیزمدا زاڵە. پێناسەی لیبرالەکان بۆ ئاسایش پشت بەچەند پرنسیپێک دەبەستێ کە چوارچێوەکەیان لەچوارچێوەی پێناسەی ریالیستەکان فراوانترە. لیبرالەکان هیچ خوێندنەوەیەکی عەسکەرییانەیان بۆ بەرژەوەندییەکان نیە و واتێدەگەن بایەخی مەسەلەکانی سامان و خۆشگوزەرانی و مەسەلەکانی ژینگە لەبایەخی مەسەلە عەسکەرییەکان کەمتر نییە.
لەم بارەیەوە ستیفن والت وەهای دەبینێ کە لیبرالیزم لەبواری بەجیهانیکردنی بازاڕە جیهانییەکان و پەیدابوونی رایەڵەی بان نیشتمانی و رێکخراوە ناحکومییەکان و بڵاوبونەوەی خێرای تەکنەلۆژیای گەردوونی کۆنتاکتەکاندا، دەسەڵاتێکی زۆری هەیە کە ئەمەش هەموی دەستی هەبووە لە هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتان و وای کردوە کەمتر بایەخ بەمەسەلەکانی ئاسایشی سوپایی بدرێ و زۆرتر بایەخ بەمەسەلەکانی ئابوری و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بدرێ. مەسەلە ناوبراوەکان لەم چەرخەدا ئەگەرچی زۆر مەسەلەی بەبایەخ و گرنگن بەڵام لۆجیکی زاڵ بەسەر ئەم مەسەلانەدا زۆر سادەو ساکارە، ئەویش ئەوەیە کەمادامەکێ کۆمەڵگاکان بەڕایەڵەیەکی فراوانی پەیوەستی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەیەکترییەوە بەستراونەتەوە ئەوا خەرجیی زۆری راماڵینی ئەو پەیوەستانە دەبێتە هۆی رێ نەدان بەدەوڵەتان بۆ جموجوڵی تاکڕەوانە، لەوانە، بەشێوەیەکی تایبەت، بەکارهێنانی هێز بەشێوەیەکی یەکلایەنە.