نووسینی : ئەلزاهید مستەفا
ئامادەکردنەوەی بۆ کوردی : بەهێز حوسێن
{دەوڵەت} لەسەر بنەمای ئەو دامودەزگا یاسایی و ئیداری و سەربازییانە پێناسە دەکرێت کە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە بەپێی گرێبەستێکی هاوبەش و بە مەبەستی ڕێکخستنی ژیانیان لە هەموو بوارەکاندا دادەمەزرێت.
ئەم دامەزراوانە نوێنەرایەتی دەزگایەک دەکەن کە سەرپەرشتی بوارە سیاسی، ئابووری، کارگێڕی و سەربازییەکان دەکات ، دەوڵەت کۆمەڵێک پایەی بنەڕەتی هەیە: زەوی، دانیشتوان، و دەسەڵاتی سیاسی (یاسا، دامەزراوە...) و کار بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی ئەندامەکانی دەکات ( پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، کار...)، و ئاسایشی خەڵک دەپارێزێت و سەقامگیرییان بۆ فەراهەم دەکات.
بەڵام ڕەنگە ئەم لایەنە ئەرێنییەی دەوڵەت هەمیشە لەسەر زەمین بەرجەستە نەکرێت، بەڵکو ڕەنگە تاکەکان ڕووبەڕووی ڕەفتار و کردەوەیەک ببنەوە کە پێچەوانەی ئەوەبێت لە دەوڵەتی دەخوازن بەوەی تاکەکان خۆیان ببنە قوربانی توندوتیژی ڕێکخراو و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ستەمکاریی لەلایەن خودی دەوڵەتەوە.
ئەمەش وا دەکات چەمکی دەوڵەت لە هەناویدا پارادۆکسی فەلسەفیی گرنگ لەخۆبگرێت، وەک چۆن چەمکە دژبەیەکەکانی تر و بەها دژبەیەکەکان تێیدا یەکدەگرنەوە (بۆ نموونە : بانگەشەی گەیشتن بە ئاسایش و پیادەکردنی توندوتیژی و سەرکوتکردن).
لێرەوە دەتوانین کۆمەڵێک کێشەی فەلسەفی بوروژێنین و بپرسین: مەبەست لە دامەزراندنی دەوڵەت چییە؟ ڕەوایەتی خۆی لە کوێوە وەردەگرێت؟ دامەزراندنی دەوڵەت لە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و مۆدێرندا چۆن ڕەوایەتی پێدرابوو؟ ئایا دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەیشتنە بە ئاسایش و سەقامگیریی یان هەژموونی باڵادەستی و قۆرخکاریی دەسەڵات و توندوتیژی؟ فۆڕمی دەوڵەت چۆن گەشەی کردوە ؟ .
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی فەلسەفەی یۆنانی، دەبینین بیرکردنەوە و گرنگیدان بە چەمکی (دەوڵەت) لە نێو فەیلەسوفەکانی یۆنان ئامادەیە. ئەفلاتون و ئەرستۆ هەوڵیان دا دەوڵەتێکی ئایدیاڵ تیۆریزە بکەن کە توانای بەرجەستەکردنی چاکەی باڵا ( فەزیلەت )ی هەبێت.
ئەفلاتون بەرگریی لەوە دەکرد کە بنەمای سروشتی دەوڵەت لە بوونی نایەکسانی سروشتی نێوان مرۆڤەکاندا بەرجەستە دەبێت. وەک چۆن ڕۆح بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت: ڕۆحێکی هەوەسباز، ڕۆحێکی تووڕە و ڕۆحێکی عەقڵانی، بە هەمان شێوەش جۆری مرۆڤەکان بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبن: پیشەگەرەکان ، سەربازەکان ، فەرمانڕەواکان.
تا ئەو کاتەی ئەرکی ڕۆحی عەقڵانی بریتی بێت لە ئاراستەکردنی کاری ڕۆحی هەوەسباز و ڕۆحی تووڕە بە شێوەیەک کە هاوسەنگی و هاوئاهەنگی لە ژیانی تاکدا مسۆگەر بکات، ئەرکی فەرمانڕەواکانیش بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری پیشەگەر و سەربازەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو گەیشتن بە هاوکاری و هەماهەنگی.
ئەفلاتون لە کتێبی “کۆمار”دا دەربارەی دادپەروەری دەڵێت: “هەر تاکێک ئەرکێک ئەنجام بدات، ئەویش ئەو ئەرکەیە کە سروشت باشترین توانای پێبەخشیوە بۆئەوەی بە باشترین شێوە ئەنجامی بدات ”.
بە بڕوای ئەفلاتون ئامانجی دەوڵەت گەیشتنە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، هاوئاهەنگی بە واتای ئەوەی کە هەر گروپێک خۆی تەرخان بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی پێی دەسپێرێت بەبێ ئەوەی دەستێوەردان لە ئەرکەکانی گروپەکانی تردا بکات.
هەرکەسێک لەباربوو بۆ ئەوەی ببێتە پیشەگەر، پێویستە کارامەیی و توانای پێویستی بۆ دابین کردبێت و بە باشترین شێوە جێبەجێی بکات ،هەرکەسێکیش توانای چەکهەڵگرتنی هەبوو، دەبێت چەک هەڵبگرێت و ئازایانە بەرامبەر هەموو مەترسییەک بوەستێتەوە کە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر (دەوڵەتشار/ ویلایەتی پۆلیس)، ئەوەشی سروشت توانای بوون بە فەرمانڕەوای پێ بەخشیوە ئەبێت بە چاکە و دانای و دادپەروەری خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک تەرخان بکات.
بەم شێوەیە دەبینین مەبەست و ڕەوایی دەوڵەت لە سروشتی مرۆڤەوە وەرگیراوە، بەو پێیەی مرۆڤیش بە سروشتی خۆی هەمیشە پێویستی بە کەسێکە بۆ ئەوەی ڕێکی بخات ورێگای نیشان بدات و ئاراستەی بکات .
- (ئەرستۆ ) کە بە دڵسۆزی بیرۆکەکانی ئەفلاتون دەناسرێت، سەرەڕای هەندێک ڕەخنەی بەرامبەر بیری سیاسی ئەفلاتون ( پلەبەندی و نایەکسانی سروشتی نێوان مرۆڤەکان )،بەڵام پێی وایە کە ئەم پلەبەندییە مەبەست لە سروشت خۆیەتی کە “هەرگیز هەڵە ناکات” ، کە دەوترێت مرۆڤەکان لە ڕووی لێهاتوویی و تواناکانەوە لە یەک ناچن و جیاوازن، کەواتە پێویستیان بە یەکتری دەبێت و لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە، چونکە هیچ کامیان بە تەنیا ناتوانێت هەموو .پێویستییەکانی دابین بکات ، مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیییە کەواتە پێویستی بە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر دەبێت و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو پێکدەهێنن ، کەواتە دەوڵەت یەکێکە لە شتە سروشتییەکان، واتە یەکێکە لە پێویستییەکان بۆ بەدیهێنانی پێداویستی سروشتدی مرۆڤ، کە بەبێ ئیدارەدان و رێکخستنی کۆمەڵگا هەرگیز نەدەکرا بەدەست بهێنرێت .
بە بڕوای ئەرستۆ، ئامانجی دەوڵەت گەیشتنە بە چاکەی باڵا، بە مەبەستی بەختەوەریی کۆمەڵگا بە فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ تاکەکانی لە خۆراک و نیشتەجێبوون و ئاسایش.
دوای ئەو گۆڕانکاریەکانەی کە لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرنەدا ئەروپا پێیگەیشت ، بیرکردنەوە لە چەمکی دەوڵەت، گرنگی خۆی وەردەگرێتەوە و وەک بابەتێک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی و سیاسی خۆی بەرجەستە دەکات، دەبینین رۆشنفیکرانی سەردەمی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەری خەباتیان لە دژی تیۆری تیۆکراسی یان ئەوەی پێی دەوترێت تیۆری مافی خودایی “مافی پیرۆزی پاشاکان” دەستپێکرد .
ئەم تیۆرە لەسەر بنەمای پێویستی بە خودا پەرستی و پیرۆزکردن و پەرستنی فەرمانڕەوا و پاشاکان دامەزراوە و لە سەردەمی فیۆداڵ (دەرەبەگایەتی )یدا لەسەر دەستی پاشاکانی ئەروپا گەشەی کرد ، چیتر پاشا وەک خودایەک سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک جێنشینی خودا لەسەر زەوی سەیر دەکرێت.
ڕابەرانی ڕێنێسانس دژی ئەوەبوون دەسەڵاتداران سەرپەرشتی تاکەکانی کۆمەڵگە بکەن و بە منداڵێکی کەم تەمەنیان بزانن کە پێویستیان بە کەسێک بێت ڕێنماییان بکات و فێری هەڵسوکەوت و مامەڵەیان بکات!.
کاریگەریی بزووتنەوەی مرۆڤدۆستانە و پێشکەوتنە مەزنەکانی بواری هونەر و زانست و تەلارسازی و دۆزینەوەی سوڕانەوەی زەوی و ... هتد،شۆڕشێکی گەورەی فەلسەفی لێکەوتەوە و تێگەیشتنی بۆ چەمکی دەوڵەت گۆڕی .
لەم چوارچێوەیەدا (هۆبز/لۆک/ڕۆسۆ) خاوەن تیۆری (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) کە بینیان ئامانج و ڕەوایەتیی دەوڵەت لە دۆخی سروشتەوە وەرگیراوە ، واتا خەڵک ئازادبن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک ئازادییان سنووردار بکات، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەم جۆرە ئازادییە ئەبێتە هۆی ئاژاوە و پشێوی و نائارامی لە کۆمەڵگادا.
بۆیە بیریان لە ڕێگاچارەیەک کردەوە بۆدەربازبوون لەو دۆخە ، ڕێگاچارەکەش (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) بوو وەک بنەمایەک بۆ سازشکردن لە بەشێک لە ئازادی و مافەکانی تاک و بەخشینیان بە دەوڵەت.
هەرچەندە رابەرانی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) لەسەر پێناسەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و گریمانەی دۆخی سروشت کۆک بوون، بەڵام لەبارەی سروشتی گرێبەستەکە و پاساوەکانی رەوایەتی و ئامانجی دەوڵەتی نوێ جیاواز بوون، بۆ نموونە تۆماس هۆبز پێیوایە سەرهەڵدانی دەوڵەت سروشتی نییە، بەڵکو "ئەو بەرهەمە دەستکردەیە کە لە ئەنجامی پەیمانێکی خۆبەخشانە هاتۆتە ئاراوە و بەرژەوەندی خۆپەرستانە بووە".
بە بڕوای ئەوان دۆخی سروشتی مرۆڤ هەڵگری توندوتیژی و نادادپەروەری و وێرانکاری و خراپەکارییە، دەیانووت: مرۆڤ بە سروشتی خۆی مەیلی بۆ شەڕانگێزیی و توندوتیژیی هەیە ،لە کۆمەڵگەیەکی واشدا لاوازەکان دەبنە قوربانیی ئەم لۆژیکە.
دۆخی (دەوڵەتی سروشتی) بە ئاژاوە و توندوتیژی دەناسرێتەوە "جەنگی هەمووان دژی هەمووان"، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی ژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیری. مرۆڤ ڕووبەڕووی لەدەستدانی گرنگترین شتی خۆی دەبێتەوە کە ئەویش "مانەوەیە لە ژیاندا".
بۆیە رۆشنگەرەکان بیریان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سیاسی کردەوە کە تیایدا شەڕ و دەستدرێژی و نادادپەروەری و ستەم و ملهوڕی و توندوتیژی بگۆڕن بۆ یەکگرتن و هاوکاری.
چونکە ئەو کەسانەی گرێبەستەکە پێکدەهێنن دەبیت دەستبەرداری هەموو دەسەڵات و مافەکانیان بن، لە بەرژەوەندی سەرۆک/پاترۆن/پادشاکەیان تا چێژ لە دەسەڵاتی ڕەها وەربگرێت، لە بەرامبەردا دەوڵەت ئاسایش و سەلامەتییان بۆ زامن دەکات!.
-هۆبز لە کۆتایی کتێبی “لیڤیاتان”دا دەڵێت: پاڵنەر و ئامانجی ئەو کەسەی دەستبەرداری دەسەڵات و مافەکانی دەبێت ، جگە لە ئاسایشی تاکە کەسیی و ئامرازەکانی پاراستنی خۆی، هیچی تر نییە.
بە بڕوای هۆبز ئەگەر مەبەست و ڕەوایەتیی دەوڵەت لە گەرەنتی ئاسایش و سەلامەتی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتبێت ئەوا فەرمانڕەوا بەرئەنجامی ئەو گرێبەستەیە کە تێیدا هەموو دەسەڵات و مافەکانیان پێداوە و دەبێت گوێڕایەڵ و ملکەچی بن.
-ژان جاک ڕۆسۆ دەوڵەتی تەنها وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک نەدەبینی، بەڵکودەیووت :دەوڵەت هەر ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو دەبێت ئامانجی بنیاتنانی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی وا بێت کە تێیدا دەوڵەت مافی تاکەکانی بپارێزێت.
دەوڵەت لەسەر بنەمای قۆرخکاریی بۆ دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوکاری و بەشداریکردن و سەروەری ڕەهای خەڵکە لە ڕێگەی بەرجەستەبوونی ئیرادە و بەشداریی گشتی لە دەستوور و یاساکانیدا .
نابێت هاووڵاتی لە دەوڵەتدا ملکەچی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدار بن، بەڵکو دەبێت ملکەچی دەسەڵاتی ئەو یاسایانەبن کە خۆیان بەشداربوون لە دەرچواندنیاندا، دەبێت لە دەوڵەتدا سەروەریی ڕەها بۆ گەل بێت ، ئەمەیە مەبەستی ڕۆسۆ کاتێک دەڵێت: "ئەو کەسەی خۆی دەداتە دەست هەموو ، خۆی نەداوەتە دەست کەس." بەڵکو پێویستە دەوڵەت ئامرازێکی گرنگ بێت بۆ گەیشتنی مرۆڤ بە هیوا و خواستەکانی.
دەوڵەت ئەو سیستەم و زەمینەیە دابین دەکات تا تاکەکان لە نادادپەروەری تاکێکی تر بپارێزێت، بە بڕوای ڕۆسۆ رەوایی دەوڵەت تەنها لە دۆخی سروشتیدا بریتییە لە دابینکردنی دڵنیایی ژیان بۆ تاکەکان لە کۆمەڵگادا.
سەبارەت بە سپینۆزا، ئەو لە ڕوانگەیەکی عەلمانیەوە بیری لە دەوڵەت دەکردەوە، پەندی لە ململانێی خوێناوی توندی ئایینی لە نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت وەرگرت.
بەرگری لە دەوڵەتێک دەکرد کە ئەرکەکەی تەنها لە سەروەریی و ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردندا سنووردار نەبوو وەک ئەوەی کە هۆبز باسی دەکرد، بەڵکو مەبەستی دەوڵەت بە بڕوای سپینۆزا، لە توانای ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە ترس و توندوتیژی و تیرۆرەوە سەرچاوە دەگرێت ، واتە ئەو پاراستنی جیاوازی تێڕوانین و بۆچوون و بیروباوەڕیان ، بۆئەوەی زەبری هێز و توندوتیژی و زۆرەملێ بەسەر یەکتریدا نەسەپێنن.
بە بڕوای سپینۆزا، ئەرکەکانی دەوڵەت لە ملکەچکردن و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکاندا سنووردار نەبن، بەڵکو دەبێت ئامانجەکەی لەوە بەرزتربێت کە بریتییە لە ئازادکردنی جەستە و هزری تاک بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی بیر لە هەموو بابەتەکان بکەنەوە لەسەر بنەمای ئارگیومێنتە عەقڵانیەکان نەک چەک و تیرۆر و تۆقاندن.
لەم چوارچێوەیەدا سپینۆزا دوای ئەم پێناسەکردنەی بۆ ئامانجی دەوڵەت، جەخت دەکاتەوە کە پێویستە رەواییبوونی دەوڵەت سەرچاوەی لە تاکەکانی کۆمەڵگاەوە وەربگرێت.
بۆیە دەبێت دامەزراندنی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگاوە بێت و کاربکات بۆ چەسپاندنی مافی ئەوانەی جیاوازن تا جیاوازییەکانیان بەرجەستە بکەن.
بەهای مێژوویی دیدگای سپینۆزا لەوەدایە کە تێڕوانینی ئێمەی بۆ دەوڵەت، وەک دەوڵەتێکی سەروەری و توندوتیژی ڕەوا گۆڕی بۆ دەوڵەتێک کە تێیدا جیاوازی و ئازادی گەشە دەکات، هەر بۆیە سپینۆزا داوای کرد کە کایەی دەوڵەت لە کایەی ئایین جیا بکرێتەوە.
لە مۆدیلی عەلمانییدا دەوڵەت بە دوورییەکی یەکسان لە هەموو ئایین و بیروباوەڕەکان دەوەستێت و کار بۆ پاراستنی هەمووان دەکات و توندوتیژی ڕەتدەکاتەوە.
سپینۆزا دەڵێت: مەبەست لە دامەزراندنی دەوڵەت گۆڕینی بوونەوەرە عەقڵانیەکان نییە بۆ ئاژەڵ و ئامێری بێ هەست و بێ گیان، بەڵکو مەبەست لێی ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ جەستە و دەروونیان کە ئەرک و مافەکانیان لە سەقامگیرییدا ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی مێشکیان بەکاربهێنن، بەبێ ئەوەی چەکی ڕق و تووڕەیی و فریودان هەڵبگرن و مامەڵەی توند لەگەڵ یەکتر بکەن .
کەواتە، ئامانجی ڕاستەقینەی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن خۆشگوزەرانی و ئازادييە ، تەنها
( گەل )یش ڕەوایەتیی ڕاستەقینەی پێ دەدات.
دەوڵەتی دیموکراسیی هەموو توانایەکی بۆ ئازادی تاک بەکاردەهێنێت و بە هەموو هێزی خۆشیەوە بەرگری لێدەکات ،هەردەوڵەتێکیش پێچەوانەی ئەمە بوو ئەوە ستەمکار و نا دیموکراسییە ،هەر بۆیە دەبێت بەم پێوەرە دەوڵەتەکان نۆژەن و رێکبخرێنەوە .