ئارام حسێن



لە دواى هەرەسى جوڵانەوەى ئەیلولى ساڵى ١٩٦١ شتێک نەما پێی بووترێ شۆڕشى کورد و بەیەکێک لە گەورەترین تێکشکان و سڕینەوەى شۆڕش ئەزانرێ لە مێژووى سیاسیماندا، ئەو پەیوەندیی و متمانەیەى لە نێوان خەڵک و جوڵانەوە شکستخواردووەکەدا هەبوو بۆ ژێر سفر دابەزى..!
زەحمەت بوو ئالەوکاتەدا پەیوەندى و متمانە لە نێوان خەڵک و شۆڕشێکى تازە لە دایکبوودا دروست بکەیتەوە، هەنگاو نراو هەنگاوێک و دوان و سیان و تا گەیشتە ئەوەى بەڕێگایەکى زۆر سەخت و پڕ لە کەندولەندا کاروانێکى پڕ لە ئیرادە سەرپێ بخرێ، لەو دۆخە شپرز و پڕ لە نائومێدییەدا و لەسەردەستى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان بەڕابەرایەتى هەڤاڵ مام جەلال بروسکەى شۆڕشى نوێ چیاکانى ڕۆشن کردەوە و ژێرپێی فاشیزمى بەعسییەکانیشى لەرزاند.
ڕژێمى دڕندەى بەعس ئەوەندەیتر بە هەواڵى دروستبوونەوەى شۆڕش شێتگیربوو، کەم کەس جورئەتى ئەوەى هەبوو چمکى شۆڕش لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا بگرێ، بەڵام شەهید وەستا ئەنوەر و خولە کەشکۆڵ و هەڤاڵەکانى دەستیاندایە دروستبوونەوەى شۆڕش لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور. ئەوەندە ئازایانە دەستیاندایە تێکۆشان تا دوا هەناسە لەگەڵ پەیامى شۆڕش ڕۆشتن و باکیان بە کوشت و بڕو تووندوتیژییەکانى بەعس نەبوو.
لەکاتێکدا و لەڕێی سیخوڕەکانى بەعسەوە دەستنیشان دەکرێ، وەکو ئەوەى بە چیایەکى گەورەدا هەڵزنێن بەهێزێکى گەورەوە و بە چەکى قورس و زرێپۆشەوە چواردەورى ماڵەکەى دەگرن بۆ ئەوەى دەستگیری بکەن.
ئەم بە گیانى بەرزى ڕووبەڕووبوونەوە و پڕ لە بیروباوەڕى کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان-ەوە هەنگاویان لەگەڵ دەبڕێ و دەبرێتە ئیستیخباراتى سلێمانى، لە دواى ئەشکەنجەیەکى قورس و چەند ڕۆژمانەوە لەو زیندانییە لەوە تێدەگەن کە ڕووبەڕووى کەسێکى ئاسایی نەبوونەتەوە و دەبێ بە چەندین دۆزەخى ئەشکەنجەدا ببرێ بۆ ئەوەى دانبنێ بەهەموو ئەو زانیاریانەى لەسەر کۆمەڵە و هاوڕێکانى دەیزانى، هەربۆیە بە ناچارى بەرەو جەهەنمى هەیئەى کەرکوک دەبرێ و دەخرێتەژێر ئەشکەنجەیەکى وەها قورسەوە کە شەهید ئەنوەر دەکاتە یەکێک لە ئەفسانەکانى هەستانەوەى شۆڕش و زیندان.
شۆڕش لە سەرەتاى دروستبووندابوو، ڕژێمى بەعس بەهەرچواردەوردا پەلیدەکوتى بۆ ئەوەى لەبارى بەرێ و نەیەڵێ گەشەبسێنێ. هەرچییەکى لە دەستهاو کردى، بەڵام هەرگیز نەیتوانى کاروانەکە بووەستێنێ و تا دەهات ڕیزەکانى یەکێتى پتەوتر و فراوانتر ئەبوو، ڕق و تووڕەیی دەوڵەتى بەعس بەسەر خەڵکە ستەمدیدەکە و زیندانیاندا تووندتر کرد و بیریان لەوەکردەوە وەحشیانە ئەشکەنجەى سەر وەستا ئەنوەریش ببەنە ئاستێک کە بە بەبیرى هیچ کەسێکدا نەدەهات سەرى بتاشن و بەگوێزان لە چەند لایەکەوە بریندارى بکەن و بە قاچ و قۆڵ بەستراوى زەردەواڵە و مێرولەى تێبکەن!
هێشتا بەو ئەشکەنجە قورسەوە لە ئامۆژگارى نەکەوتووە و بەدەم ژان و برینە سەختەکانیەوە، دڵی هاوڕێ زیندانییەکانى خۆى داوەتەوە و تکاى ئەوەى لێکردوون بەهێزبن و بەرگەى ئەشکەنجە بگرن و تێکۆشان پڕیەتى لە بەرزى و نزمى و کاتە سەختەکان کۆتاییان دێ و هەمیشە تەئکیدى لەوە کردۆتەوە خۆیان خەجاڵەتى لاى هەڤاڵەکانیان نەکەن و ڕۆژى تەنگانە کورتە و کۆتاییەکی شادیهێنەریشی دەبێت.
یەکێک لە هەڤاڵەکانى زیندانى وەستا ئەنوەر دەگێڕێتەوە کە بردینیانین بۆ ئەوەى تەرمەکەى لە حەوشەى زیندانییەکەوە ببەینە دەرەوە ئەوەندە ئەشکەنجە درابوو کێشى بەشێوەیەک دابەزیبوو کە بە منداڵێک هەڵدەگیرا. ئەو بەگیانى خۆى هەڤاڵەکانى لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجە پاراست و تەنها یەک وشەش چییە لەسەر ڕێکخستنەکان و هەڤاڵەکانی نەدرکاند و لەگەڵ خۆیدا نهێنییەکانى کۆمەڵەشى بردە ژێرخاک و نەیهێشت فاشیستەکان سوودى لێببینن.
عەدنان کەریم، یەکێک لە ڕەمزە دیارەکانى بزووتنەوەى چەپ لە کوردستان و عێراقدا و لە کتێبەکەیدا سەردێڕى "١٩٨٠ – ١٩٩٠ دەیەى کارەسات ٩ ساڵ ئیختیفا لە عێراقدا یادەوەرى و شیکارى" و هاوڕێی زیندانى وەستا ئەنوەر دەڵێ: ساڵى ١٩٨٤ لە گوندى قەمچوغە بووم شێخ عەلى کەشکۆڵ ناردى بەشوێنما بۆ ئەوەى بمبینێ، چووم بۆ سەردانى و دواى گفتوگۆیەکى زۆر پێکەوە، چاوم گێڕا بەناو  ژوورەکەیدا وێنەیەک سەرنجى ڕاکێشام کە لە خوارەوەى نووسرابوو: پاڵەوانى زیندان شەهید وەستا ئەنوەر، خۆم پێنەگیرا و پرسیم ئەوە وێنەى وەستا ئەنوەرى هەڵەبجە نییە.؟ شێخ عەلى وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: با چۆن وەستا ئەنوەر دەناسى.؟ ئەویش لە وەڵامدا پێیدەڵێ: یادى بەخێر لە هەیئەى ئیستیخباراتى کەرکووک تا حوکمى ئیعدام درا لەگەڵ ئێمە بوو. عەدنان کەریم لە درێژەى باسەکەیدا دەڵێ: وەستا ئەنوەر لە زیندانى هەیئە بە پاڵەوانى زیندان ئەناسرا.
یەکێکیتر لە هاوڕێیانى زیندانى دەڵێ: ئەوەى شەهید وەستا ئەنوەرى جیادەکردەوە لە زۆربەى زیندانییەکانیتر تەمەنى بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکى بە ئەزموون بوو لەڕووى سیاسیی و ڕێکخراوەییەوە و بەرز و نزمییەکانى ژیان کردبوویانە کەسێکى کامڵ و ئەوەى جیاى دەکردەوە لە زۆربەى زیندانیانى سیاسی ناو ئیستخباراتى سلێمانى و هەیئەى کەرکوک ئەزموونە زۆرەکەى بوو، ئەو بڕیارى ئەوەى دابوو لە نێوان مردن و نهێنییەکانى ڕێکخستن و شۆڕش و پاراستنى هەڤاڵەکانیدا مردن هەڵبژێرێ.
ئەو مەرگە سەختەى دووچارى ئەم وەستا قارەمانە دەبێ تا کورد و کوردستان بمێنێت وەکو ڕەمزێک بۆ وەحشیەتى ڕژێمى بەعس و قارەمانێتى خەڵکى کوردستان لە یادناچێ، ئەگەر یەکێ پرسیار بکا چۆن کورد لەم سەد ساڵەدا بەو هەموو داگیرکاریى و ستەمەوە ماوە ئەتوانین بڵێین خەڵکى وەکو وەستا ئەنوەرى  تیابووە بۆیە ماوەتەوە.
هەر لە منداڵییەوە هەست بە وریایی و چاونەترسییەکەى کراوە، لە سەرەتاى گەنجییەوە شەیداى بیرى پێشکەوتنخوازیی دەبێ و دەچێتە ناو حەلقەى ڕۆشنبیرییەوە و لەگەڵ دامەزراندنى "ی.ن.ک"دا، دەچێتە ڕیزەکانییەوە و دەبێتە لێپرسراوى یەکەمى کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان لە شارى هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور، ئەوەندە چالاک و پەرۆش بووە بۆ هاوڕێ و کەسوکار و کەسە نزیکەکانى، ئەو خێزانانەى نەفى کرابوون بۆ خوار و ناوەڕاستى عێراق بدۆزێتەوە و زوو زوو سەردانیان بکاو بەپێی توانا کەموکوڕییەکانیان بۆ پڕبکاتەوە. ئەوانەى لە نزیکەوە ناسیویانە گەواهى بۆ دەدەن چەندە پیاوێکى قسەخۆش و بە ڕەوشت و داوێنپاک بووە و هەموو کەس خۆشیویستووە و لەگەڵ گەورەیا گەورە بووە و لەگەڵ بچووکیشدا بچووک.
لە سەرەتاى گەنجێتییەوە چەپ بووە و بە حوکمى ئەوەى لەناو چینى کرێکاردا بووە بە یەکێک لە کۆنترین جوڵانەوەى کرێکارى دێتەئەژمار لە شارى هەڵەبجە و تێکەڵاوییەکى فراوانى هەبووە لەگەڵ ڕۆشنبیران و مامۆستایان و قوتابیاندا.
کاربەدەستانى ئەوکاتى حزبی بەعسى دەسەڵاتدار بەتایبەتى لە دواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ و دواى ئەو سەرکەوتنەى لە ڕێککەوتننامەى جەزائیر بەدەستیان هێنابوو غرور ببوون و سەرنجیان لەسەر کۆمەڵێ کەسى تێکۆشەر بووە بۆئەوەى بەهەرشێوەیەک بووە ڕایانکێشنە ناو ڕیزەکانى حزبی بەعسى دەسەڵاتدار، چونکە دەیانزانى لە ناوچەى هەڵەبجە چ کەسایەتییەک قورسایی خۆى هەیە و دەیانوویست لەو ڕێگەیەوە و بەتەواوى ئیرادەى سیاسیی خەڵک داڕمێنن و هیچ کەسێک تواناى ئەوەى نەمێنێ بیرلە دروستبوونەوەى شۆڕش بکاتەوە. یەکێک لەو کەسانەى پەنایان بردبووەلاى وەستا ئەنوەر دەبێ تەماحى ئەوەى دەخەنە بەردەم بیکەن بە سەرۆکى نقابەى کرێکارانى هەڵەبجە، ئەم لە پلان و داوەکەى حزبی بەعس بەباشى تێدەگا و نەک هەر ڕازى نابێ تەنانەت دەکەوێتە گاڵتەپێکردن پێیان. دواى دەستگیرکردنیشى زانیویانە نهێنییەکى زۆرى شۆڕشى لایە ویستوویانە بەپلەو پۆست و پارە لە خشتەی بەرن، بەڵام بۆیان نەکراوە.
لە یەکێک لە ڕاڕەوەکانى ئیستیخباراتى سلێمانى و بەڕێکەوت چاوى بە شەریفى برازاى دەکەوێ کە ئەویش زیندانی بووە، ڕووى تێدەکا و پێیدەڵێ: کوڕم سیقەى خەڵک لە دەست نەدەیت، چونکە دۆڕاندنى سیقەى خەڵک هەروا گاڵتە نییە جارێکیتر بە هەموو تەمەنت ناتوانى ئەو سیقەیە دروستبکەیتەوە.
کاتێک وەستا ئەنوەر لە هەیئەی كەركوك لە ٣٠/٦/١٩٧٧ گیانی پیرۆزی دەگاتە كاروانی نەمران، هاوسەرەکەى خاتوو "پەری عەلى" قورسایی پەروەردەکردن و بەخێوکردنى پێنج مناڵى دەکەوێتە ئەستۆ و شێرانە شان دەداتەبەر بەخێوکردن و پەروەردەکردنیان، وەکو خۆى دەڵێ ڕاستە مناڵەکانم جگەرگۆشەمن، بەڵام ئامانەتی و یادگارى وەستا ئەنوەر بوون و دڵم نەدەهات بیانخەمە بەرکار کە پێویستیشمان بەوە بوو کەسێ کارمان بۆ بکات. شێرانە وەک هاوسەرى شەهید وەستا ئەنوەر مناڵەکانى پێدەگەیەنێ و قوتابخانەیان پێ تەواو دەکات.
ئەنوەر عەبدولڕەحمان قادر، ناسراو بە وەستا ئەنوەر ساڵى ١٩٤٢ لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە و لەبەر نەدارى و هەژارى نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بداو ڕوو لە کرێکارى دەکاو بەردەوامى لەکارکردندا دەیکاتە وەستایەکى کارامە و دەستڕەنگین و تائێستاش ئەو شوێنانەى ئەو دروستى کردوون ماون.
لە سەرەتاى ساڵانى شەستەوە لەگەڵ حزبی شیوعى عێراقدا کارى سیاسی و ڕێکخراوەیی کردووە و ئەندامێکى چالاکى ئەو حزبە بووە و زۆرێک لە چالاکییەکانى بردووەتە ناو نقابەى کرێکارانى هەڵەبجەوە، دواى بۆردومانى شارى هەڵەبجە لە ڕۆژى ٢٦/٤/١٩٧٤ وەستا ئەنوەر یەکێک لە کەسە چالاکەکانى کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان دەبێ و لەگەڵ شەهید "شێخ کەمال"دا، توانیان زۆربەى لاوەکانى هەڵەبجە لە دەورى کۆمەڵە کۆبکەنەوە.
لەدواى شکستى جوڵانەوەى ئەیلول شەهید وەستا ئەنوەر چەندین پارچە چەک دەشارێتەوە و هەموو ئەو چەکانەشى پێشکەش بە یەکەمین مەفرەزە کرد کە شێخ عەلى براى یەکێک لە حەوتەوانەکەى شۆڕشى نوێ بوو کە یەکەمین فیشەکیان بە دوژمنەوە نا، دواى دروستبوونى یەکەمین مەفرەزە و بەرپاکردنى شۆڕشى نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وەستا ئەنوەر ئەرکى سەرکردایەتیکردنى کۆمیتەى ڕێکخستنى هەڵەبجەى پێسپێردرا و پەیوەندى ڕاستەوخۆى هەبووە بە برادەرانى سەرکردایەتى هەرێمەکانەوە لە سلێمانى، مخابن لەڕۆژى ٧/٥/١٩٧٧ دەستگیردەکرێ و ڕۆژى ٣٠/٦/١٩٧٧ لەژێر ئەشکەنجەیەکى قورسدا گیانى پیرۆزى سپارد بە کورد و کوردستان.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved