حەوت لایەنی دیموکراسی لە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە
نووسینی: ستیفان لارسۆن
وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): خالید عەلیزادە


گرنگی و بایەخی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە سەبارەت بە دیموکراسی دەبێت لە بەستێن و کانتێکستی بەربڵاوی بارودۆخی کۆمەڵگای مەدەنی وەک گشتێک لێک بدرێتەوە. واتە دیموکراسی لە چ هەل و مەرجێکدایە؟ چەمکی دیموکراسی پێگەیەکی ناوەندی و گرنگی هەیە لەبواری سیاسیدا لەبەر ئەوە مانایەکی روون و ئاشکرای لێ چاوەڕوان ناکرێت. لێکدانەوەی جیاواز سەبارەت بەم چەمکە لە ئارادایەو گوتاری تیۆری سەبارەت بەم بابەتە زۆر ئاڵۆزە. لەم نووسراوەدا بیروڕای جیاواز سەبارەت بە دیموکراسی وەک کەرەستەیەکی لێکدانەوە بۆ تێگەیشتن لەکۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە، بەو شێوەیەی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا پێناسە کراوە. وا دیارە، کە تیۆرو بیرو بۆچوونی جیاجیا لایەنی جیاواز لە دیموکراسی زەق دەکەنەوە. ئەم لایەنە جیاوازانە نەک تەنیا یەکتر رەت ناکەنەوە، بەڵکو لە روونکردنەوەی لایەنەکانی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوەدا یەکتریی تەواو دەکەن. مەبەستی من لەپرسیاری ناوبراودا، نیشاندانی وێنەیەکی چەند لایەنەیە، لەکۆتایدا ئێمە سەبارەت بەم پرسیارە قسە دەکەین: ئایا کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە چوونەسەری دەسەڵاتی هاووڵاتیدا رۆڵێکی یارمەتیدەرو ئەرێنی هەیە؟ ئێمە لەو بڕوایەداین، لەئاکامدا دیموکراسی لەقازانجی دەسەڵاتی هاوڵاتیی ئاسایی (خەڵک)دایە، ئەگەرچی لە هەندێک روانین و بۆچوونە هەڵکەوتووخوازەکاندا پێیان وایە: دیموکراسی کێبەرکێی نێوان نوخبەو هەڵکەوتووە بۆ راکێشانی رای گشتی.

لایەنی یەکەم: یەکسانی و بەرابەری
بیرۆکەی راهێنانی هاووڵاتی ئەو روانین و بۆچوونەی دەخستە ژێر پرسیارەوە، کە بەدرێژایی سەدەی نۆزدەیەم گەشەی سەندو بنەماکانی خۆی بەهێز کردووە. راهێنانی وەک هەل و دەرفەتێکی تایبەت بۆ نوخبەو هەڵکەوتوو هەژمار کردووە. لەراستیدا، پێ دەچێت فێرکاریی جاماوەریی وەک جۆرێک لە دژبێژیی بێت، چونکە بە زۆریی لەسەر چینی خوێندەوار قسەیان کردووە. بە چ شێوەیەک ئەم روانین و بۆچوونە دەیتوانی لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا یەک بگرێتەوە، کە دەبێت خەڵکی سەر بە چین و تووێژی هەژارو خوارەوەی کۆمەڵگا لە دەرفەتی راهێنان و فێرکاریدا یەکسان بن و لەگەڵ نوخبەو هەڵکەوتوودا بەشدارییان هەبێت. ئەم جۆرە دژایەتی و ناکۆکییە لە پێوەندی لەگەڵ دیموکراسیدا بەرچاو دەکەوێت. بیرۆکەی ڕاهێنانی هاووڵاتی لە دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی نوخبەو هەڵکەوتوودایە.
بیرۆکەی دیموکراسی پێی وایە دەبێت هەموو هاووڵاتیان لە بڕیارداندا سەبارەت بە داهاتوویەکی هاوبەش بە یەکسانی بایەخیان هەبێت. یەکسانی و بەرابەری، پێگەیەکی ناەندی و گرنگی لە ئەندێشەی دیموکراسیدا هەیە. دیموکراسی لەهەمبەر شێوەکانی دیکەی دەسەڵاتداریدا (تێکنۆکراسی، حکومەتی ئەشراف، ئۆلیگارشی، پاشایەتی و دەسەڵاتە بەهێزەکان) لەسەر بۆچوون و شێوازێک لە دەسەڵاتداری دامەزراون، کە دەسەڵات نابێت لە دەستی تاقمێک پیاوی نوخبەو هەڵکەوتوودا بێت. بەرابەری و یەکسانی لەبواری راهێنانی هاووڵاتی و دیموکراسیدا خاڵێکی بنەڕەتییە. یەکێک لەو بنەما بنەڕەتییانەی دیموکراسی، کە هەژمار دەکرێت بریتییە لە: مافی دەنگدانی گشتی و یەکسانی لە ئازادی رادەربرین و رێکخستندا هەروەها مافی کێبەرکێ کردن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە هەڵبژاردنی ئازاددا. ئەم داخوازییانە لەزۆربەی وڵاتاندا نایەنە دی و خەڵک لە هەمبەر نوخبەی دەسەڵاتداردا چۆک دادەدەن. ئەو شتەی، کە هەندێک جار دیموکراسی فەرمی پێناسە دەکرێت فاکتەری چاودێریی گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە (چاودێری و گرنگی دیموکراسی فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پێناسە کردنی خودی دیموکراسی بەشیوەیەکی فەرمی). چاوەڕوانی لە دیموکراسی لە هەموو ئەو شتانەی کە باسکران زۆرترە. لیندگرن ساڵی ١٩٩٦ جۆرێک لە دیموکراسی قووڵتر قسە دەکات، کە لەوێدا هەلومەرجی یەکسان و بەرابەر بۆ کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگا کەوتۆتە بەر باس و سەرنج. شێوازی دیموکراسی بەشداری وەکو ئەو بیرۆکە وایە، کە لیندگرن باسی دەکات. (لیندگرن لە ساڵی ١٩٩٦دا باس لەجۆرێکی قووڵتر لە دیموکراسی دەکات، کە لەم جۆرەدا کارتێکردنی هەلومەرجی یەکسان و بەرابەر لەسەر کۆمەڵگا کەوتۆتە بەر باس و سەرنج. شێوازی دیموکراسی بەشداری، وەک ئەو بیرۆکە وایە، کە لیندگرن باسی دەکات).
ئەم روانینە لەنێوان ئەو کەسانەی بیرۆکەی لەخۆ تێگەیشتنیان لە ناوەرۆکی راهێنانی هاووڵاتی ئازاد و خۆبەخشدا داناوە پێگەیەکی بەهێزو پتەوی هەیە لەگەڵ ئەو دەق و نووسراوانەی لەلایەن دەوڵەتەوە تۆمارکراون. ئەم خاڵە لەدواترین راپۆرتی دەوڵەت سەبارەت بە راهێنانی هاووڵاتییانی بەساڵاچوودا بە روونی باسکراوە. یارمەتی ماڵی دەوڵەت بۆ راهێنانی (بەساڵاچووان) دەبێت ئەو هەل و دەرفەتە بۆ خەڵک بڕەخسێنێت، کە بتوانن لەسەر بارودۆخی ژیانی خۆیان کاریگەرییان هەبێت. بۆ نموونە: لەرێگەی چالاکی سیاسیەوە کلتوورو یەکێتی لەگۆڕانکاری کۆمەڵگادا بەشداری بکەن. لەبڕگەیەکی دیکەی نووسراوەی لایەحە (لیستی حساب)دا هاتووە، کە لە دیاریکردنی یەکە کەمایەتییەکاندا دەبێت بنەما (پرنسیپ)ی یەکسانی و بەرابەری پەیڕەو بکرێت، واتە دەبێت ئەو هاووڵاتییانەی لە هەل و مەرجێکی نالەبارتردا دەژین زیاتر لەبەرچاو بگیرێن. لەم جۆرە روانین و بۆچوونەدا راهێنانی هاووڵاتی بەساڵاچوو رۆڵێکی سەرەکی لە ئەستۆ دەگرێت. سەبارەت بە بەهێزکردنی ئەو هەل و مەرجەی، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە بەشێک لەم راهێنانە پێک دەهێنێت. خەڵک بتوانن لەسەر کۆمەڵگا رۆڵ بگێڕن بە زۆری کارتێکەریی ئەوا ئەمە بۆ خۆی دەتوانێت لە دابەشکردنی بەرابەرو یەکسانی دەسەڵاتدا رۆڵی هەبێت.
بیرو بۆچوونی یەکسانخوازی لەلایەن ژمارەیەکی زۆرەوە کەوتۆتە بەر باس و شرۆڤەکردن. بەتایبەت لەو شوێنانەی،کە ئەرکی سیاسی و پلان داڕشتنیان لە ئەستۆدایە. سەرەرای ئەم شتانە دەبێت بزانین لە داکەوتە (واقیع)دا چی روودەدات. بەشداربووان لە راهێنانی هاووڵاتیدا لە چ کەسانێک پێکهاتوون؟ ئایا بەشداری لە کردەوەدا لەگەڵ بۆچوون و روانینی یەکسانخوازی هاوتایە؟ ئەو پرسیارەی سەرەوە دەکرێت بەشێوەیەکی بەهێزتر بکەوێتە بەر باس. ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک، کە لەم دواییانەدا لە سوید سەبارەت بە بەشداری سیاسی بەڕێوەچوو هەندێک دەرئەنجامی دڵساردکەر دەخەنەروو لەپێوەندی لەگەڵ یەکسانی و بەرابەریدا هەندێک جیاوازی گەورە لەکاتی پەرەسەندندا لەنێوان خەڵکانی کۆچبەرو دانیشتووانی رەسەندا بەرچاو دەکەوێت هەروەها لەنێوان بێکاران و خەڵکی خاوەن ئیش و کار. هەر بەم شێوەیە جیاوازی چینایەتی بەربڵاوو هەژمونی کارمەندانی باڵا بەرچاو دەکەوێت لە گوتاری گشتی و بڕیارە گشتییەکاندا. لەلایەکی دیکەوە نابەرابەری رەگەزی و جیاوازی نێوان ناوچەکان زۆر کەم بووە. ئەم هەل و مەرجە دەتوانێت بەستێن بۆ پرسیارێکی بەهێزتر بڕەخسێنێت، کەبڕیار وابوو لە سەرەوە باسی بکەین، واتە ئایا کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە وەک هێزێک لە هەمبەر هەل و مەرجی نایەکسانی زاڵدا کار دەکات؟
بە پشتبەستن بەشێوازی جۆراوجۆری بەشداریکردن، کە لە لێکۆڵینەوەکاندا کەوتنە بەر باس و لێکدانەوە، دەتوانین وەڵامێکی روون بۆ ئەم پرسیارە بدەینەوە. لێکدانەوەکان نیشانیان داوە، کە کۆڕو کۆبوونەوەکان لەرووی بەشداریکردنەوە یەکسان و بەرابەر نین. واتە بەگشتی چین و تووێژی باڵای کۆمەڵگا رادەیەکی زۆرتر لەکارو چالاکییان هەبووە بە بەراورد لەگەڵ خەڵکانی هەژارو کەم داهات، بەڵام لەناو گرووپە چالاکەکاندا جوتیاران زۆرترین رادەی بەشدارییان هەبووەو کاسبکارەکان کەمترین بەشداریی خەڵکانی بێکار بەزۆری سەر بەم گرووپەی دوایی بوون. بەجیاوازیی گەورەی رادەی بەشداریی کۆچبەرانی سەر بە وڵاتانی باشوورو دانیشتووانی رەسەنی سوید ئاماژە دەکەن. بەشداریی ئەم گرووپە لە کۆچبەران تەنیا بارتەقای چل لە سەدی بەشداری دانیشتووانی رەسەنی سویدە.
ئاکامەکان نیشاندەری ئەو راستییەن، کە بەشداری لە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە نا بەرابەرو نا یەکسانە. لەلایەکی دیکەوە، یەکسانی لەم کۆڕانەدا لەشێوەکانی دیکەی راهێنانی گەورەساڵاندا زۆرترە. جیاوازییەکی کەم سەبارەت بە بەشداریکردن لەنێوان خەڵکانی بە رابردووی خوێندەواری بگەڕێتەوە بۆ جیاوازی چینایەتی دەگەڕێتەوە. ئەو گریمانەیەی، کە پێی وایە ئەم کۆڕانە هێزی دژبەریان هەیە شتێکی پووچەڵە، چونکە ئەم کۆڕانە لەگەڵ راو بۆچوونی گشتی کۆمەڵگادا دژایەتییان نییە. کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە وەک فاکتەری گوشاری خەڵک نییە لە هەمبەر نوخبەو هەڵکەووتدا، بەڵکو هەموو ئەو نابەرابەری و نا یەکسانییەی ناو کۆمەڵگای لەخۆیدا جێ کردووەتەوە.
بەڵام جیاوازییەکی زەق و دیار ئەوەیە، کە دوو لەسەر سێی بەشداربوونی ئەم کۆڕانە لە ژنان پێک هاتوون. واتە ئەو کەسانەی، کە بەشێکی کەم لە دەسەڵاتی سیاسییان پێ بڕاوە بە بەراورد لەگەڵ پیاوان بە تایبەت لە بەشی هەرەوەزیدا. لەم واتایەدا دەتوانین کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە وەک هێزێکی دژبەر لەبەرچاو بگرین. ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە چالاکی سیاسی کراون دەریان خستووە: ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان دەسەڵاتێکی کەمتریان نییە. ئەم دەرئەنجامانە بە پشتبەستن بەو پێش گریمانانە بەدەست هاتووە، کە سنووری کارتێکەری سیاسی بۆ پێکهاتەی سیاسی فەرمی بەرتەسک کردووەتەوە. ئەو پێکهاتانەی دیکەی دەسەڵات، کە هەبوونی نا بەرابەری رەگەزیی نیشان دەدەن پشت گوێ خراون.
بابەتێکی دیکە، کە بەزۆری نەناسراوە. لایەنی تەمەنیی و سەر بە نەوەکانە (لایەنی تەمەن و نەوەکانە). هەموو گرووپە تەمەنییەکان لەم کۆڕانەدا بەشداری دەکەن، گرووپی تەمەنی ٥٥ بۆ ٧٤ساڵ بە بەراورد لەگەڵ گرووپە تەمەنییەکانی دیکە زۆرتر بەشداری دەکەن. دەتوانین بڵێین: کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە سەرەکیترین دامەزراوەی فێرکارییە، کە نیوەی زیاتری بەساڵاچوانن، واتە ئەو کەسانەی زیاتر لە پەنجا ساڵ تەمەنیان هەیەو بەکردەوە دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن. بە سەختی دەتوانین بڵێین: ئەم گرووپە لە کۆمەڵگادا دەسەڵاتێکی کەمیان هەیە. ئەم گرووپە لە حیزبە سیاسییەکان چالاکترن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام داهێنەریی و دەست پێشخەرییان کەمترە. پێوەندییان لەگەڵ کەسانی جیاواز لە خۆیان کەمترەو باوەڕ بەخۆبوونیان لە ئاستێکی نزمتردایە. وا دیارە، کە نەوەی گەنجتر بۆ کارتێکەریی لەڕێگەی تاک خوازییەوە بەهێزتر بن، بەڵام بەساڵاچووان زۆرتر لەڕێگەی فەرمی و کاری بە کۆمەڵەوە چالاکی دەنوێنن.
کەوابوو دەتوانین بڵێین: کە وەکو ئاکامی کۆتایی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە دەتوانێت وەکو هێزێکی پێشوەختی دژبەر لەپێوەندی لەگەڵ ژنان بێت. هەروەها بەهێزکردنی نیوەی لێوەشاوەیی بەساڵاچوو (گەورەساڵ) بە هەژماربێت. کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە  سەبارەت بە چینەکان، بەتایبەت ئەو کاتەی مەسەلەی پەراوێز خستنی بێکارو کۆچبەرانی وڵاتانی سەر بە باشوور لە ئارادایە، وەکو هیزێکی دژبەری کۆمەڵایەتی هەڵسوکەوت ناکات. هەر بەم شێوەیە زۆر ڕوونە، کە گرووپی کۆچبەری سەر بە وڵاتانی باشوور سەرەڕای لایەنی دەسەڵاتی سیاسی لەبواری دیکەشدا لەوانە فێرکاری  خانووبەرەو تەندروستی و داهات لە هەلومەرجێکی نا بەرابەردا دەژین.

لایەنی دووەم: پێوەندی
ئێستا پرسیارکردن سەبارەت بە ناوەرۆک و زاتی بەشداریکردن بەلاوە دەنێین. پرۆسەی بەشداریکردن دەخەینە بەر باس. ئایا پێوەندی ناوخۆیی کۆڕی خوێندنەوە دەتوانێت کارتێکەریی لەسەر دیموکراسی هەبێت؟ هەندێک لە دەق و نووسراوەکان سەبارەت بە دیموکراسی لەسەر گرنگی و دامەزراندنی  پێوەندی نێوان هاووڵاتیان لەسەر دیموکراسی جەخت دەکەنەوە.
فەیلەسوفی ئەمریکی جان دیۆیی لەساڵی ١٩١٦دا وەها بیرو بۆچوونێک لە نووسراوە سەرەکییەکەی خۆیدا دیموکراسی و فێرکاری دەخاتە روو. ناوبراو پێی وایە: زاڵبوون بەسەر دوورەپەرێزی و پەراوێزکەوتنی تاکەکان و هەبوونی هۆگری سەبارەت بە خاڵی هاوبەش ناوەرۆک و کاکڵەی دیموکراسییە. بەبڕوای دیۆیی یەکەم کێشە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش زەقکردنەوەو بەرجەستەکردنەوەی. بەو واتایەیە، کە هاووڵاتیان بەرژەوەندی هاوبەش وەکو بابەتێکی گرنگ بۆ ڕێکخستن و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرن، وە دووهەم کێشە: دیموکراسی لەگەڵ هەندێ داب و نەریت سەروکاری هەیە، کە بۆ هاوتایی دوو لایەنەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ یەک لە هەل و مەرجی جیاوازدا دەگەڕێتەوە.
دیموکراسی شتێک زیاتر لە شێوەیەکی دەسەڵاتدارییە. دیموکراسی بەپلەی شێوەیەک لە ژیانی هاوبەشە، کە لەئەزموونی جیا لەیەک پێکهاتووە. پەرەپێدانی هەل و دەرفەتێک بۆ ژمارەیەکی زۆرتر لەو کەسانەی کە لە هۆگری هاوبەشدا بەشداری دەکەن، بەو شیوەیەی هەریەک لە بکەرەکان کارو کردەوەی خۆی بە کردەوەی بکەری دیکەوە ببەستێتەوە، کارو کردەوەی بکەری دیکە وەکو مانا بەخش و رێنیشاندەری کردەوەی خۆی لەبەرچاو بگرێت. لەو کاتەدایە، کە سنووری نێوان مرۆڤەکان دەڕوخێت و هەندێ لەمپەری وەک چین و رەگەزو نەتەوە لەنێو دەچێت و مرۆڤەکان زۆرتر لە یەکتر تێدەگەن. ژمارەو جۆراوجۆریی هەرچی زۆرتری خاڵی پێوەندی نیشانەی زۆرتر بوونی ئەو بزوێنەرانەیە، کە تاک دەبێت وەڵامی بداتەوە. لە ئاکامدا، ئەم خاڵانە وەک پێوەرێک بۆ فرە رەهەندی کردووە بە هەژمار دێت. ئەم هەل و مەرجە رزگاریی ئەو هێزانە دەستەبەر دەکات، کە لە نەبوونی وەها هەل و مەرجێکی فرە رەهەنددا، سەرکوت دەکران، هەر بەو شێوەیەی کە لە گرووپێکی سەر بە بۆچوونێکی تایبەتدا هەندێک هۆگریی و حەزو خولیا رێگەیان لێدەگیرێت.
ئەم بۆچوونە ریشەی لە ئەندێشەی پراگماتیسم (فەلسەفەی کارکردن و قازانج)و کردەوەخوازی دایە، مانایەک بە دیموکراسی دەبەخشێت، کە زۆر لەگەڵ دیموکراسی فەرمی جیاوازی هەیە. دیۆیی بیروبۆچوون و بڕیاردانی رۆژانە لە ئاستی بچکۆلەو پەروەردەکردن و بارهێنانی بۆچوونی کۆمەڵخواز لە ناوەندی لێکۆڵینەوەیەکدا دەخاتە بەر باس.
بیرمەندی سیاسی، پانتام لەساڵی ١٩٩٣دا بەپێی هەندێک بەڵگەو باربوو لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە کارایی سیاسی لە ناوچەی جۆراوجۆری ئیتاڵیا دەخاتە روو. بە بۆچوونی پانتام هاووڵاتییان بۆ ئەوەی، کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێک بهێنن دەبێت پێوەندی ئاسۆیی پەرە پێبدەن. ناوبراو پێی وایە: پێوەندی ئاسۆیی لەسەر ئەساسی یەکسانی و بەرابەرییە. هاوکاریی لەرێگەی پلەو پایەوە پێوەندی ئەستوونی پێدەڵێن. پێوەندی ئاسۆیی بنیاتی ئەو بەڵێنانە لای هاووڵاتییان دروست دەکات، کە لەسەر کارایی و لێهاتوویی حکومەت کارتێکەری هەیە. بەبڕوای پاتنام متمانەی دوو لایەنە هۆکاری سەرەکییە، کە لە کاتی هاوکاریی لە گرووپی گۆڕانی خوێندن و کایەی تۆپی پێ و ئەنجومەنی دیکەدا لە خەڵکدا پێک دێت و عادەت و خووی هاوکاریی دوو لایەنە لە ناوەوەو دەرەوەی گرووپدا پێک دەهێنێت. ئێستا پرسیار ئەوەیە، کە بە چ شێوەیەک دەکرێت کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لەگەڵ ئەو بیرو بۆچوونەدا، کە دیۆیی و پاتنام دەیخەنە روو گرێ بدەین؟
گومانی تێدا نییە کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە، شوێنێک بۆ چاوپێکەوتن و جێبەجێکردنی کاری هاوبەش پێکدەهێنێت. لێرەدا بەهۆی ئەوەی، کە هەلومەرجێکی لەبار و پیشوەخت ئامادەیە، کەوابوو دەبێ هەل و دەرفەت بۆ دامەزراندنی پێوەندی ئاسۆیی بڕەخسێ. ئایا ئەزموون و شاهیدێک بۆ سەلماندنی ئەم ئیددیعایە هەیە؟
لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەم خاڵە جەخت دەکەنەوە. کە لەگەڵ یەک بوون، ناوەرۆک و بابەتێکی بەهێز لە مێشکی بەشداربوواندا دروست دەکات. ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک نیشانی داوە کە بابەت و چەمکی (لەگەڵ یەک بوون) بەلای بەشداربووانەوە یەکێک لەو هۆکارانەیە، کە بووە بەهۆی بەشداری ئەوان لەم کۆڕانە. لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، کە لەلایەن سوینسۆن لە ساڵی ١٩٩٦ بەڕێوە چووە، (٣٣٪) بەشداربووان (چاوپێکەوتن و لەگەڵ یەک بوون) وەک هۆکاری سەرەکی خۆیان بۆ بەشداری لەم کۆڕانە بە هەژمار دێنن. ئەمە بەو مانایە، کە دامەزراندنی پێوەندی بۆ یەک لە سێی بەشداربووان هۆکاری سەرەکی بەشداریکردن لەم کۆڕانەدایە.
ئەم دەرئەنجامانە راستی بۆچوونی دیۆیی سەبارەت بە پێویستی زاڵبوون بە سەر دوورەپەرێزی و پەراوێزکەوتوویی تاکەکان دەسەلمێنێت. ژمارەی ئەو ژنانەی کە (لەگەڵ یەک بوون) وەک هۆکاری سەرەکی بۆ بەشداری لەم کۆڕانە دەخەنەڕوو لە ژمارەی پیاوان زیاترە. بەهۆی ئەوەی، کە زۆربەی بەشداربووان لە ژنان پێکهاتوون، ئاکام و ئەو ژمارانەی کە لە سەرەوە باسکران ئەو راستییە دەسەلمێنن، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە رۆڵێکی تایبەت سەبارەت بە پێوەندی و دامەزراندنی پێوەندی ئاسۆیی دەگێڕن. ئەم راستییە سەبارەت بە ١٠٪ی ئەو کەسانەی، کە هەموو کاتێک لەم کۆڕانەدا بەشداری دەکەن، زۆر ئاشکرایە. زیاتر لە نیوەی بەشداربووان، هۆکاری سەرەکی خۆیان بۆ بەشداری (لەگەڵ یەک بوون)، دەزانن بە ئاسانی تێدەگەین، کە یەکەمایەتی ئەم هۆکارە بەهۆی پەراوێزکەوتن و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدایە، بەڵام ئامارو داتاکان ئەوە نیشان دەدەن، کە بەشداربووان لەم کۆڕانەدا، بە بەراورد لەگەڵ هاووڵاتی مامناوەندی، چالاکییەکی زۆرتر لە ئەنجومەنەکان لە خۆیان نیشان دەدەن، کەوابوو هەندێک بواری دیکە، بۆ هاوکاری لەرێگەی پێوەندی ئاسۆیی بەروویاندا دەکرێتەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی دیکە، کە لەلایەن ئاندرسۆن و کەسانێکی دیکەوە بەڕێوە چووە جۆری پێوەندی لەم کۆڕانەدا دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە. تایبەتمەندی ئەم پێوەندییە لەئەستۆگرتنی ئەرکی هاوکات لەگەڵ خۆشەویستی کۆنتڕۆڵکراو پێناسە کراوە. بەشداریی لەکۆڕی خوێندنەوە بەمانای چاوەڕوانی بۆ بەردەوامی پێوەندی لە دەرەوەی کۆر نییە، ئەم پێوەندییە پێوەندییەکی بەرتەسکە. لایەنێکی دیکە ئەوەیە، کە تاک لەگەڵ خەڵکی تازەتر چاوپێکەوتن دەکات. خەڵکیک کە هەندێک بیروبۆچوون و بەهای جیاواز نوێنەرایەتی دەکەن، کە لەگەڵ ئەو شتانەی رۆژانە لەگەڵیان پێوەندی هەیە، جیاوازە لێرەدا بیروبۆچوونێکی دیکەی دیۆیی وەبیر دەخاتەوە، کە پێی وایە چاوپێکەوتن لەنێوان گرووپی کۆمەڵایەتی جیاواز، دەبێت بەهۆی بەدیهاتنی هەندێ خوو و رەوشتی نوێ، کە سازاندن و هەڵکردنی دوو لایەنەی لێدەکەوێتەوە.
یەکێک لە پێش مەرجە سەرەکییەکانی پێوەندی لەم کۆرو کۆبوونەوانەدا نەبوونی زۆرداریی، واتە بەشداریی خۆبەخشە. سەرەڕای ئەم شتانە، هیچ جۆرە تاقیکاریی، یان هەڵسەنگاندنێک، کە بتوانێت پێوەندی ئەستوونی نێوان قەزاوەتکەرو ئەو کەسەی دەکەوێتە بەر لێپرسینەوە درووست بکات، لەکۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە ئارادا نییە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، بەگشتی لەم کۆرو کۆبوونەوانەدا پێوەندیی ئاسۆیی لە ئارادایە. شێوەی فێرکاریی لەم کۆڕانەدا فرەڕەهەندە. بێگومان لەزۆربەی ئەم کۆڕانەدا سەرۆکی کۆڕ دەوری سەرەکی هەیە. دەتوانین لەکۆی ئەم قسەو باسانە بەو ئاکامە بگەین، کە هەل و مەرجی زاڵ بەسەر ئەم کۆڕانەدا بۆ گەشەسەندنی پێوەندی ئەستوونی شیاو زۆر لەبار نییە، هیچ جۆرە دەسەڵاتێک لەم کۆڕانەدا لەئارادا نییە، کە لەسەر ئەساسی پلەو پایە، ببێت بەهۆی دامەزراندنی پێوەندی، تەنیا دەسەڵاتی پێوەندیی لەم کۆڕانەدا لە ئارادایە. لەکاتێکدا هیچ کاتێک ئەم دەسەڵاتە ستایش نەکراوە، تەنیا لەو کاتەدا نەبێت، کە بۆ بەرژەوەندیی لە جێبەجێکردنی ئەرک و ڕۆڵدا بەکار هاتبێت. ئەگەر بتوانین هەموو ئەم بابەتانە بەشێوەیەک لەگەڵ چەمکی ڕۆحی هاووڵاتی پانتام گرێبدەین، دەتوانین ئەم گریمانە قەبووڵ بکەین، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندووەو هەروەها ئەنجوومەن و بوارە نافەرمییەکانی پێوەندی ئاسۆیی، لە پەروەردەو بارهێنانی جۆرێک داب و نەریتی هاووڵاتیبوون دەوری هەیە، کە کارایی حکومەتێکی دێموکراتیک بەهێزتر دەکات. بە بەراورد لەگەڵ رێکخراوە فێرکارییەکانی دیکە، هەندێک بەڵگەو سەنەد بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە لەبەردەستدایە، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە هەلومەرجێکی شیاوو لەباری بۆ دامەزراندنی پێوەندی بەرابەرو یەکسان لەسەر بناغەی هاوکاری هەیە. بەهۆی ئەوەی، کە قسە لەڕووداوێکی جەماوەری لە ئارادایە، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت، تا ئەو جێگەیە، کە ئەگەر تەواوی پێوەندییەکان ئاسۆیی نەبێت. بەهۆی ئەوەی بەشداری لە کۆڕەکاندا یەکسان نییە، ئەم کارتێکەرییە کەمتر دەبێتەوەو بەزۆری ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت، کە زۆر لە کۆمەڵگا دانەبڕاون و پەراوێز نەکەوتوون.

لایەنی سێیەم: ئاڵ و گۆری بیروڕا
پێوەندی نێوان هاووڵاتیان بابەتێکە، کە لە ئەندێشەی هاوچەرخدا سەبارەت بە دیموکراسی جەختی لەسەر دەکرێتەوە. هەندێک چەمک و دەستەواژەی جۆراوجۆر وەک دیموکراسی لەسەر بنەماو بناغەی ئاڵ و گۆڕکردنی بیروڕا، دیموکراسی پێوەندی، وتووێژ، یان قسەو باس نیشانەی ئەم جەختکردنەوەیە. چەمکی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، بەو واتایەی، کە هاووڵاتیان لە پێوەندی و گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ یەکتر بەشداری دەکەن و بیروڕای جۆراوجۆر دەخەنە بەر باس و هەڵسەنگاندنەوەو لەم رێگەوە بۆ هەڵوێست وەرگرتن سەبارەت بە کێشەی جۆراوجۆر ئامادەییەکی زیاتر بەدەست دەهێنن. ئەم شێوە ئەندێشەو بیرکردنەوە، شتێکی نوێ نییە. ئالف ئاڵبێرگ، سەرپەرشتی یەکێک لە قوتابخانەکانی باڵای جەماوەری سەر بە بزووتنەوەی کرێکاری، نمونەی بەرچاوی ڕۆشنبیرێکی راهێنانی هاووڵاتی، لە ساڵەکانی ١٩٣٠ هەر هەمان ئەندێشە لە یەکێک لە کتێبەکاندا دەخاتە روو: هەر قسەو باسێکی ڕاستەقینە دەبێت بە شێوەی هاوکاری بێت. جۆرێک لە هاوکاری، کە لەوێدا بتوانین بە لێکدانەوەو روونکردنەوەی پرسیارێک هیواداربین، کە دەبێت هەل و دەرفەتی زۆرتر بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر بناغەو بنەمای یاسایی بەدەست بهێنین.
لە لێکۆڵینەوەیەکی دەوڵەتی سەبارەت بە راهێنانی هاووڵاتی بەساڵاچوو، کە لەساڵی ١٩٤٤دا دەستی پێکرد، دەتوانین روانینێکی هاوچەشن سەبارەت بە دیموکراسی بدۆزینەوە، واتە ئەم بۆچوونە، کە پێش گریمانەی دیموکراسی هەبوونی وتووێژی بەردەوام سەبارەت بەو بابەتانەی زۆربەی خەڵک بەلایانەوە گرنگە، واتە هاووڵاتیان هەل و دەرفەتی ئەوەیان هەبێت، کە بەشێوەی سەربەخۆ، بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
کەوابوو دەکرێت لەبەر ڕۆشنایی دیموکراسی نوێدا بە ئاسانی لەو بیرو بۆچوونە کۆنانە تێبگەین، واتە ئەو بیروبۆچوونانەی، کە نەک تەنها وتووێژو بەڵگە هێنانەوەیان بە دڵ نییە، بەڵکو زۆر پێشی قەڵسن. لە سەردەمی ئێمەدا دەتوانین هەندێک بەڵگە لە قازانجی ئاڵ و گۆڕی بیروڕا لە بەستێنی پیشەسازی راگەیەنە گشتییەکاندا لەبەرچاو بگرین، واتە ئەو لەو شوێنەی، کە بیرو بۆچوونەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە درووست دەکرێن بە دڵنیاییەوە بەشێوەیەکی دیموکراسی هەڵنەبژێردراون، بەڵکو لەسەر سەرمایەی بان نەتەوەیی، لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە زەق کراونەتەوە. بە پشت بەستن بەم ڕاستییەو چالاکیی گرووپە گوشارییەکان. زۆر روونە، کە بیروڕاو بۆچوونەکان دەبن بە کاڵاو کەسانێک دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن، کە توانای کڕینی ئەم کاڵایانەیان هەبێت، مەبەست لە قازانجی گشتی نییە بەڵکو کەڵک وەرگرتنە لە ئیمکانیاتی گشتی. ئەم خاڵە زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە، کە لەم نێوەندەدا هەندێک جیهان بینیی تایبەت زاڵ دەبێت و بیروبۆچوونی دیکە دەکەوێتە پەراوێزەوە. بۆ نموونە : گوتاری ئابووریخوازیی، کە لەم ساڵانەی دواییدا بیروبۆچوونی زاڵ بووە. ئەم گوتارە زاڵە هەل و دەرفەتێک بۆ ئاڵ و گۆڕکردنی بیروڕا ناهێڵێتەوە، فۆکۆ لەساڵی ١٩٩٣دا، لەگەڵ هەندێک پێیان وایە، کە ئەم گوتارە ئابووریخوازییە لە بنەڕەتدا خەباتێکە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی قسەوباس لە دانیشتنە سیاسییەکاندا. لە لێکدانەوەیەکدا هابێرماس لەساڵی ١٩٩١دا روونی دەکاتەوە، کە بە چ شێوەیەک کۆمەڵگای مەدەنی دەکەوێتە ژێر رکێفی ئەندێشەی ئابووریخوازییەوەو لە وەها هەل و مەرجێکدا خەڵک هەستی بیرکردنەوەو کردەوە سەبارەت بە قازانجی گشتی لەدەست دەدەن. لە وەها بارودۆخێکدا بەسەر کارو کردەوەی مرۆڤەکاندا دادپەروەری و بۆچوونی ئەخلاقی و شەرەفمەندانە زاڵ نییە، بەڵکو مرۆڤەکان لە کردەوەدا بیر لە قازانجی خۆیان دەکەنەوە. تا ئەو جێگەیەی، کە بەدەست هێنانی قازانج لەڕێگەی زوڵم و زۆریشەوە ڕەوا بێت، یان تەنانەت لە کۆتاییدا ببێت بەهۆی زەرەرمەندبوونی هەموو خەڵکیش، هەستکردن بە یەکێتی و هاودەنگیی واتای خۆیان دەدۆڕینن. بۆ خۆپاراستن لەم درم و پەتایە دەبێت روو لە پێوەندیی و ئاڵ و گۆڕی بیروڕا بکەین. لەو شوێنانەی کە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لە ناوەندو سەنتەری قسەو باسەکاندایە، وا دیارە کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە بە باشترین شێوە راهێنانی خۆیان نیشان دەدەن.
شێوەیەک لە دیموکراسی، کە لەسەر بناغەی ئاڵ و گۆڕی بیروڕا دامەزرابێت. دەتوانین ناوی لێبنێین، دیموکراسی کۆڕی خوێندنەوە. کێشە ئەوە نییە، کە چۆنییەتی و شێوەی پێوەندی لە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوەدا روون و یەک شێوە نییە. ئاندرسۆن لەساڵی ١٩٩١دا، لێکۆڵینەوەیەکی بەشێوەی وتووێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە بەڕرێوە بردووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەندێک زانیاری گرنگ سەبارەت بە شێوەی کاری ئەم کۆڕانە دەخاتە روو. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەتوانین سێ جۆر کۆڕی خوێندنەوە لە یەک جیا بکەینەوە: کۆڕی خوێندنەوە، کۆڕی وتووێژو کۆڕی پیشەسازی دەسکرد. لەم کۆڕانە رادەیەکی جیاواز لە ئاڵ و گۆڕی بیروڕا بەرچاو دەکەوێت. بێجگە لەو کاتانەی، کە وەکو ناوبڕو پشووی نێوان وانەکان هەیە، وا دیارە، کە کۆڕی وانەوتنەوە کەمترین هەل و دەرفەتی بۆ ئاڵ و گۆری بیروڕا هەیە. بە بۆچوونی ئاندرسۆن، لە کۆڕی وانەوتنەوەدا، ناوەڕۆکی فێرکاری و ئەو شتانە، کە بۆ وانەوتنەوە لەبەرچاو گیراوە زۆر گرنگی و بایەخی پێدەدرێت. بەڕێوەبەرانی کۆڕ وەک مامۆستایانی کۆن، کۆڕەکە بەڕێوە دەبەن، رێبەری کۆڕ وەک رابردوو بە پرسیارەکان وەڵام دەداتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو شتانەی لەقسەو باسەکانی کۆڕدا بەرچاو دەکەوێت لە ئاڵو گۆڕی ئازادو بەدوور لە زۆرەملێ نزیکە. وتووێژکردن، بابەتی سەرەکی ئەم کۆڕانەیەو سەرۆکی کۆڕ وەک سەرۆکی دانیشتنەکە قسەو باسەکان رێک دەخات. وا دیارە، کە بەشداربووان بەرپرسی دیاریکردنی ناوەرۆکی باسەکانن.
جۆری سێیەم، واتە کۆڕی پیشەسازی دەسکرد، لەم کۆڕانەدا وتووێژو قسەوباس لە ئارادایە نییە، بەڵکو چالاکی بە کردەوە لە ناوەندی باسەکاندایە، ئەمە بە واتای ئەوەیە هەر کەسێک سەرقاڵی کاری خۆیەتی و بەڕێوەبەرانی کۆڕ لە کاری خۆیاندا شارەزایی تەواویان هەیەو زۆرتر رۆڵی راوێژکار دەگێڕن. لەم کۆڕانەدا کاروچالاکی لە ناوەنددایەو ئاڵ و گۆڕکردنی بیروڕا لە پەرواێزدایە.
ئەگەر لەسەر بناغەو بنەمای جۆری چالاکی سەرەکی لەم کۆڕانە بمانەوێت بە دەرئەنجامێک بگەین، دەتوانین بڵێین بە تەنیا دیموکراسی دامەزراو لەسەر بنەڕەتی ئاڵ و گۆڕی بیروڕا سەبارەت بە کۆڕی وتووێژ زۆر گونجاوو لەبارە.
لە راستیدا، هەندێک بەڵگە ئەوە نیشان دەدەن، کە تا رادەیەک دەرئەنجامەکان کاڵ و نەگەیشتوون. پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژمارەیەک (کۆڕی جۆڵایی) هەندێک بەڵگە دەخەنە روو، کە نیشانی دەدەن، ئەم کۆڕانە هەندێک دەرئەنجامی وەک بوارەکانی پێوەندی بۆ بەشداربووان واتە ژنان، دەڕەخسێنن، هەندێک بەڵگەو سەنەد ئەوە نیشان دەدەن، کە کارو چالاکی پێوەندی، هاوشان لەگەڵ کاری دەستی دەچێتە پێش. بەپێی بینراوەکان، کاردەستی (کاری دەستی) لەپلەی یەکەم، وتووێژ سەبارەت بە بنەماڵەو چالاکی بنەماڵە لە پلەی دووهەم و لە کۆتاییدا لێکدانەوەکان سەبارەت بە کۆمەڵگا لە پلەی سێیەمدایە. وتووێژ سەبارەت بە سیاسەت، لەمانای بەرتەسکی وشەدا نییە، بەڵام لە بەستێنی ئەزموونی رۆژانە رەگ و ریشەی داکوتاوە. ناوەرۆکی وتووێژەکان بریتیین لە: ژیانی بەشداربووان لە کۆڕ، بیمەی بێکاری، خەرجی خانووبەرە، چۆنیەتی سیستمی تەندروستی، یان لێنەهاتوویی شارەوانییەکان. وا دیارە، کە بەشداربووان سەبارەت بە تەواوی بابەتە سەرەکی و گرنگەکانی گوتاری سیاسی وتووێژیان دەکرد، بەم تایبەتمەندییەوە، کە بابەتی وتووێژەکان راستەوخۆ لەگەڵ کێشەی ناوچەیی و ئەزموونی کەسی بەشداران پێوەندی هەبوو.
گرنگی ئەم دەرئەنجامە روون و ئاشکرایە، چونکە لە هەندێ ئاکامی بەپەلە بەرگری دەکات. سەرنجڕاکێشی ئەم ئاکامانە لەوەدایە، کە ئاڵ و گۆڕی بیروڕا مرۆڤ لەتوانای سیاسی بیرو بۆچوونە جیاوازەکان ئاگادار دەکاتەوە، ئەگەر بمانەوێ هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەمان هەبێت دەتوانین ئەم پرسیارە بهێنینە ئاراوە، کە ئایا پێوەندی وتووێژ، جۆرێک ئاڵ و گۆڕی بیروڕا، یان بە بۆچوونی ئاڵبێرگ کە پێشتر باسکرا: لێکدانەوەو روونکردنەوەی پرسیارێکە، کە دەبێ هەل و دەرفەتی زیاتر بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر بناغەی دروست و یاسایی بڕەخسێنێت؟ باسکردنی ئەم پرسیارە هەروەها بە مانای ناروونبوونی ئەم خاڵەیە، کە بەشداربووان لەم کۆڕانەدا بەدوای دۆزینەوەی هەندێک بیروبۆچوون بە مەبەستی قازانجی گشتییەوە بن. هیچ نیشانەیەکی روون سەبارەت بەم پرسیارانە، کە پێوەندییەکەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تیۆری دیموکراسی لەسەر بنەمای ئاڵ و گۆڕی بیروڕا دابمەزرێنێ، لەبەر دەستدا نییە.
لە ناوەرۆکی هەندێک کۆڕو کۆبوونەوەی دیکە دەردەکەوێت، کە ناوەرۆکی باسەکانیان پێوەندییەکی روون و ئاشکرای لەگەڵ سیاسەت هەیە، بۆ وێنە ئەو کۆڕانەی لەژێر ناوی کۆرو کۆبوونەوەی زانستی کۆمەڵایەتی پۆلێنبەندی دەکرێن. بەڵام کێشەی سەرەکی سەبارەت بەم گریمانەیە ئەوەیە، کە بەڵگەو سەنەدەکان زۆە مەحکەمەپەسەند نین و لاوازن. کتێبی کۆمەڵگایی کۆڕی خوێندنەوەی هەندێک نموونە لە چۆنییەتی بیرو بۆچوونەکان دەخەنە روو. یەکێک لە بەشداربووان جەخت لەسەر گرنگی قسەو باسی ئازادو بەکۆمەڵ لەم کۆڕانە دەکاتەوە. هارتمان لە لێکدانەوەو خوێندنەوەی ئەنجومەنەکان، راپۆرتێک دەخاتە روو، کە سەبارەت بە چوار کۆڕ بە وردی لێکۆڵینەوە کراوەو هەندێ ئاکامی دڵخۆشکەر سەبارەت بە گۆڕینەوەی بیروڕا لەم کۆڕانە باس دەکات. پێی وایە: ئاڵوگۆڕی بیروڕا بەشێوەیەکی گشتی لەم کۆڕانەدا هەیە، بەڵام گوتارێک، کە دەربڕی چۆنیەتی پێکهاتنی ئەم بیرو بۆچوونانە بێت، لەبەر دەستدا نییە. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، کە بەڵگەیەکی کۆنکرێتی وا لەبەر دەستدا نییە، کە بەشداربووان بیروبۆچوونی خۆیان لە بەستێنی ژیانی کۆمەڵگای خۆیان وەرگرتبێت. هەروەها دیارە، کە ئەم باسانە لە پێناوی عەقڵانییەتی کەرەستەییدا نییە. بەهۆی نەبوونی بەڵگەو سەنەدی باوەڕپێکراو بەدژواری دەتوانین بڵێین، کە ئایا ئەم بیرو بۆچوونانە بەشێوەی سەربەخۆ پێکدێن یان لە ڕاگەیاندنەکانەوە وەردەگیرێن، یەکێک لە کێشەکان لەم لێکۆڵینەوانەدا ئەوەیە، ئەو کەسانەی وتووێژیان لەگەڵ کراوە، وەک مەبەستێک لە دیموکراسی ناڕوانن، واتە بۆ دەرئەنجامەکانی دیموکراسی لەم کۆڕانە بەشداری ناکەن،بەڵکو ئەم مەبەستە لە پەراوێزدایە. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، کە بەشداربووان زانیارییەکی باشیان لە گوتاری دیموکراسیدا نییە، کێشەی دوایی، کە بۆ هەر کەسێک جێگەی سەرنجە،کێشەی پۆلێنبەندی کردنی هۆکارو بەرهۆ سەبارەت بە پێوەندی نێوان چالاکی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە، قسەو باسەکان، چالاکی سیاسی و کارتێکەرییەکانیەتی کاروباری ژیانی رۆژانە ئاڵۆزترە لەوەی، کە بکرێت بە ئاسانی لە یەک جیا بکرێتەوە.

لایەنی چوارەم: زانست
زانست دەسەڵاتە، سەرچاوەی بنج و بناوانی ئەم قسەیە بۆ کۆتایی سەدەی شانزەیەم دەگەڕێتەوە، واتە بۆ سەردەمی فرانسیس بیکێن دەگەڕێتەوە. ئەم وتەیە ئاماژە بە پێوەندی نێوان دیموکراسی و زانست دەکات. زانست هۆکارێکی دیاریکەرە بۆ کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگا، بەڵام وا دیارە، تا هەنووکەش زانست پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ رەواییدان بە دیموکراسی. فێرکاری بە مەبەستی پاڵپشتی لە هەندێک بەها، وەک کراوەیی و لێبوردەیی لەهەمبەر رەگەزپەرستی و ئازادی و بەرابەری لە هەمبەر دەسەڵاتخوازی و زنجیرەی پلەو پایە، بەشداری سیاسی (بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، خەباتی سیاسی، ئەندامەتی و بەشداری لە ئەنجومەنی مەدەنی) لەپێوەندیدایە. لەلایەکی ترەوە ئەو کەسانەی، کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە دەبێت، بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لەو پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ خزمەت بە هاووڵاتیان، خاوەن زانست بن. چۆنییەتی پێوەندی جۆرە جیاوازەکانی زانست لەگەڵ دیموکراسی بابەتێکی ئاڵۆزە. هەروەها وەک ئاماژەی پێکرا، بەزۆری دیموکراسی بە بزووتنەوەی سەردەمی رۆشنگەری دەبەستنەوە، بە یارمەتی عەقڵانییەت و زانیاری زانستی دەکرێت لەگەڵ کۆنەپەرستی و خوڕافات، بەو شێوەیەی کە نازییەکان کەڵکی خراپیان لێوەردەگرت، خەبات و بەربەرەکانێ بکرێت. زیاتر لە دوو سەدە پێشتر، کانت بیروبۆچوونێکی سیاسی لەسەر رۆشنگەری سەبارەت بە بەکارهێنانی زانستی تاکەکەسی بۆ گیرسان و پێکهاتنی تیۆری و بیروبۆچوونی تۆکمەو پتەو خستە بەرباس. زۆر روونە، کە کانت جۆرێکی تایبەت لە زانستی لەبەرچاو بووە. ئەو زانستەی، کە لەگیرسان و پێکهاتنی بیروبۆچوونەکان، گرتنەبەری روانگەو بیروبۆچوونێک بۆ ژیانی ڕۆژانەو بەتایبەت بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا، بە کەڵک بێت. دیموکراسی بابەتێکە سەبارەت بە سەرپێچی کردن لە گوێلەمستی و فەرمانبەری. لێرەدا کانت مەبەستی لەو جۆرە زانستەیە کە تا رادەیەک لە پێکهاتەی دەسەڵات و زنجیرەی پلەو پایە سەربەخۆیە. فێرکاری خەڵکی بەساڵاچووان، بەشێوەی فەرمی، خاوەنی جۆرێک لە سەربەخۆییە، کە هەل و مەرجی بەشداریی ئازاد و خۆبەخش ئامادە دەکات. دەوڵەت سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو شتانەی فێری بەشداربوون دەکرێ بڕیار نادات، واتە بڕیاردان سەبارەت بەو زانستانەی گرنگن بەبێ راوێژکردن لەگەڵ دەوڵەت جێبەجێ دەکرێن. راهێنانی هاووڵاتی بەساڵاچوو لەلایەن خاوەن کارەکانەوە بەڕێوە ناچێت. هیچ کەسێک ناتوانێت بەزۆر کەسێک بە بەشداریکردن هان بدات. ئەم جۆرە فێرکارییە ئازادو خۆبەخشانەیە.
چەمکی (خۆ-فێرکاری) لەم پێوەندییەدا زۆر سەرنجراکێشە . ئەم چەمکە جەخت دەکاتەوە لەسەر سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی ئەم بزووتنەوەو کۆڕانە، لە ئاکامدا، وەک جۆرێک لە فێرکاری، کە لە کۆمەڵگای مەدەنیدا بەڕێوەدەچێت، خۆی نیشان دەدات. بە وتەی ئارۆیدسۆن: کاکڵەی ئەم چەمکە ئەوەیە کە داهێنان و دەستپێشخەری لەکوێوە دێت و چ کەسێک بەسەر ناوەرۆک و فۆرمی راهێناندا چاودێری دەکات. پێشگری (خۆ) لە چەمکی خۆ-فێرکاریدا لایەنی دیاریکەری واتای ئەم رستەیە دەگەیەنێت. ئۆسکار ئۆلسۆن رستەیەکی دیکە بەکار دەهێنیت، کە بەزۆری هەر هەمان مانای سەرەوە دەگەیەنێت: فێرکاری بۆ خەڵک و لەرێگەی خەڵکەوە. پێوەندی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ دیموکراسی زۆر ئاشکرایە.ئۆلسۆن ئەم وتەیەی لە قسەیەکی ئابراهام لینکۆڵن وەرگرتووە، کە دەڵێت:
دیموکراسی، واتە حکوومەتی هەموو خەڵک، لەلایەن هەموو خەڵکەوە، بۆ تەواوی خەڵک. زۆر ژیرانەیە ئەگەر خۆ-فێرکاری و کۆمەڵگای مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ یەکدا ببینین. چەمکی خۆ – فێرکاری، وەک شێوەیەک لە راهێنان لە بەرژەوەندی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنیدایە. لەم شێوە فێرکارییەدا بەشداربووان بەسەر راهێناندا بەشداری دەکەن، نەک تاقمێک نوخبەو هەڵکەوتوو. فەلسەفەی پاڵپشتی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە ئەو هەلە بۆ بەشداربووان دەڕەخسێنێت، کە ئەو زانستەی پێویستیانە بیخوڵقێنن و لە هەندێ بواردا خاوەنی زانایی و لێهاتوویی بن، کە خۆیان بە گرنگی دەزانن نەک بە لای کەسانێکی دیکەوە گرنگ بێت.
ئەگەر چاوێک لەو بەڵگەو سەنەدە دەگمەنانە بکەین، کە سەبارەت بە حەشیمەتی بەساڵاچووی سوید لەبەردەستدایە، بۆمان دەردەکەوێت، کە بەساڵاچووانی سوید ئامادەیی زۆریان بۆ فێربوون هەیە. لە لێکدانەوەیەکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز کە سەبارەت بە رادەی تێگەیشتن لە خوێندنەوە لە هەندێ وڵاتی پێشکەوتووی پیشەسازیدا بەڕێوەچووە، دەرئەنجامەکان دەریان خستووە، کە بەساڵاچووانی سوید لە پلەی یەکەمدا هەڵکەوتوون؛ واتە زۆرترین خەڵک بە سەرترین کردەوەو هەروەها کەمترین ژمارە بە خراپترین کردەوە لەنێوان بەشدارانی سویددا بەرچاو دەکەوێت. ئەم واقیعە نیشاندەری ئەوەیە، کە ئەو وڵاتانەی لەڕووی ئابوورییەوە، بەپێی بەرهەمی ناخالیسی نەتەوەیی، لە ئاستی سوید یان سەرتر لە وڵاتی سویدن، لەم بوارەدا لە ئاستێکی نزمتر لە سوید هەڵکەوتوون.
لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا، کە بایەخێکی زۆرتری بە زانست بۆ دیموکراسی لەبەرچاو گرتووە، گۆڕانکاری لە زانیاری هاووڵاتیان سەبارەت بە سیاسەت و هەروەها لێهاتوویی ئەوان بۆ کردەوەی سیاسی وەک هاووڵاتییەک کەوتۆتە بەر توێژینەوەو پشکنین. دەرئەنجامەکان دەریان خستووە، کە رادەی زانیاریی چۆتە سەرەوە، بەڵام کارو چالاکی لەسەر بنەماو بناغەی لێهاتوویی هاووڵاتیان نابەرابەر بووە.
بەشداربووان لەکۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لەسەر فێربوون وەک بەشێک لە چالاکی کۆڕی خوێندنەوە جەخت دەکەنەوە؛ فێربوون، یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەیە، کە لە لێکۆڵینەوەی کەیفی ئاندرسۆن و هاوڕێیانی لەبەرچاو گیراوە. لە لێکۆڵینەوەی دیکەدا بەشێوەی مەیدانی و ئاماری، کە لەلایەن سوینسۆن بەڕێوە چووە زۆربەی بەشداربووان گرنگی زۆر بە چەمکی فێربوون دەدەن و لەسەر ئەو باوەڕەن، کە بەشداری زانستێکی بەکەڵکیان بۆ بەرهەم دەهێنێت. بە بۆچوونی بەشداربوون، ئەم کۆڕانە لە چوونە سەری ئاستی زانستی خەڵک یارمەتیدەرن. لەروانگەی دیموکراسییەوە بەگشتی دەتوانین بڵێین: ئەم هەل و مەرجە نیشانەی چوونەسەری دەسەڵاتی هاووڵاتییان، بەڵام تا ئێستاش تێگەیشتنێکی ورد سەبارەت بە گرنگی زانستی بەرهەم هاتوو بۆ گرتنی بیروبۆچوون و کردەوەی دیموکراسی لەبەردەستدا نییە، کە چ جۆرە زانستێک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی گرنگی هەیە؟ رۆشنگەری باش و لێهاتوو لەم کۆڕانە چییە؟
ئەگەرچی سەبارەت بەو بەڵگەو سەنەدانەی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە، سەبارەت بە پەرەپێدانی زانستی بە کەڵک بۆ هاووڵاتیان، ناتوانین راشکاوانەو بەشێوەی نەگۆڕ قسە بکەین، بەڵام دەتوانین لەم کۆڕانە وەک هێزێک، کە خاوەنی هێزو توانای پێشوەختە قسە بکەین،لە روانگەی نێونەتەوەییەوە، وا دیارە، کە دامەزراوەی کۆڕی خوێندنەوە لە کۆمەڵگای سوید نموونەیەکی جیاوازە، کە بەشێوەیەکی جیاواز هەل و دەرفەتی وشیارکردنەوەی بەشداربووان لە بابەتە گرنگە سیاسییەکان بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت. ئەم رێکخراوە رەوایی خۆی لەم رێگەیەوە بەدەست دەهێنێت. لە کردەوەدا بۆ بە رێکخراوەکردنی بارودۆخی فێرکاری بۆ ئەو کەسانەی هۆگری ئەم بابەتانەن، ئامادەییەکی زۆرتر لەخۆی نیشان دەدات، بەڵام وا دیارە، کە هۆگریی بەشداربووانی ناوچەیی و لۆکاڵی ئەم کۆڕانە بۆ بردنە پێشی ئەم مەبەستانە زۆرتر لە بەشداربووانی دیکەیە لە هەرحاڵدا، ئەم کۆڕانە وەک هەل و دەرفەتێک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی زۆر گرنگ و بەنرخە. ئەم کۆڕانە کاتێک هەندێ بابەتی گرنگ دەخەنە دەستووری کارەوە، دەبنە کەسەرەیەکی رێکخراوەیی بۆ فێربوونی زۆرتر بۆ گیرسان و پێکهاتنی هەندێ بیروبۆچوون، کە بەڕادەی جیاواز، دەبنە هۆی کردەوەو چالاکی. مێژووی ئەم کۆڕانە نیشانیان داوە لەو چرکە ساتە مێژووییانەدا، کە هەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی زۆر گرنگ بووە، ئەم کۆڕانە دەورێکی سیاسی باشیان گێڕاوە. وادیارە، کە هۆگری گشتی لە زۆربەی وڵاتاندا لە پێناوی بەرتەسک کردنەوەی  سنووری فێرکاری بەساڵاچووان بۆ لێهاتوویی پیشەیی و پسپۆری یان راهێنانی بنەڕەتییە. دەتوانین وەها بیروبۆچوونێک لە وڵاتی سوید، لە گوتاری سەبارەت بە فێرکاری، بەڵگەو سەنەدی سیاسی و هەروەها راگەیاندنە گشتییەکان ببینین، بەڵام هێشتا نەبۆتە هۆی لەناوچوونی دامەزراوەی راهێنانی هاووڵاتی بەساڵاچووان. لەم بۆچوونە بەرتەسکەدا لە فێرکاری، رۆشنگەری دەچێتە دەرەوەی واتا کانتییەکەی. لە ئاکامدا هەل و دەرەتانێک بۆ بەساڵاچووان بۆ فێربوون لەڕێگەی دامەزراوەی فێرکاری بە مەبەستی بەدەستهێنان و گرنتی روانگەو بیروبۆچوونێک سەبارەت بە بابەتی کۆمەڵایەتی ناهێڵێتەوە. دابەزینی رادەی چالاکی لە دامەزراوەی هاوشێوەی راهێنانی هاووڵاتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەتوانین وەک هۆکارێکی لاوازبوونی راستەقینەی کۆمەڵگای مەدەنی لەو وڵاتانە لەبەرچاو بگرین. ئەمە بە مانای دابەزینی تواناو لێهاتوویی دیموکراسییە.

 لایەنی پێنجەم: فرەڕەهەندی
سەرهەڵدانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگای هاوچەرخ بۆتە بابەتێکی بەگوڕوتین بۆ مشت و مڕو وتووێژکردن لەنێوان بیرمەندانی بواری کۆمەڵایەتی. زۆربەی ئەم بیرمەندە کۆمەڵایەتییانە پێیان وایە: وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان لە بارودۆخی گۆڕانکاری بەرەو کۆمەڵگایەکی نوێدان. هەندێ ناوی جۆراوجۆر وەکوو دوامۆدێرن و پۆست مۆدێرن بۆ پێناسەکردنی ئەم کۆمەڵگا بەکاردەهێنن. هەندێک تایبەتمەندی گشتی ئەم کۆمەڵگایانە، کە بە زۆری جەختی لەسەر دەکەنەوە، بریتییە لە: بەجیهانیبوونی ئابووری و کولتوور، کە لەوێدا لایەنی جیهانی و ناوچەیی بە توندی لەگەڵ یەک تێکەڵ دەبن، لەم گۆڕانەدا پێوەندی لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان کەمتر دەبێتەوەو زۆرتر بایەخ بە مەسرەف دەدرێت، شوناسی بەکۆمەڵ لاواز دەبێت و شوناسی تاکەکەسی بەهێزتر دەبێت. ئەم کۆمەڵگایە، کە تازە لە کاتی سەرهەڵداندایە هێمنایەتی و ئاسایشی کەمترە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەل و مەرجە، کە باسمان کرد لاوازبوونی دەوڵەتی خۆشگوزەرانە، کە هاوکاتە لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری، واتە دەوڵەتەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی رێکبخەن، نەک لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەیی و خەڵکی خۆیان لایەنێکی دیکەی دابەزینی ئەمنییەت بازاڕی کاری کراوەو خێرا لە کاتی گۆڕاندایە.
لایەنێکی دیکەی ئەم کۆمەڵگا نوێیە، لەنێوچوونی سنوورەکانە، سنووری نێوان کارو کاتی پشوودان (بۆ نموونە، کار لەڕێگەی دوورەوە)، واقیعی تایبەت و واقیعی سیاسی (شوناسی رەگەزی لە کاروباری ماڵداریدا) هەروەها سنووری نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەت. سنوورەکان، بە تایبەت سەبارەت بە شوناس، رەگەز، ئایین، کلتوور، نەتەوەو چین وەک هەندێک کۆسپ و بەربەستی کۆمەڵایەتی لەنێو چووە. لەدوای ئەم گۆڕانە مرۆڤەکان شوناسی خۆیان لەڕێگەی هەڵبژاردنی شێوەیەک لە ژیان کە بەزۆری خۆیان لەشێوەی مەسرەف و بیروبۆچوون...هتد دەخەنەڕوو، پێک دەهێنن، مرۆڤەکان بەم شێوە ژیاننامەی خۆیان دەخوڵقێنن. لەروانگەی ئەم بیرو بۆچوونەوە کۆمەڵگا کۆیەکی هاوچەشن و یەکگرتوو نییە، بەڵکو کۆیەکی ناکۆک و فرە ڕەهەندە.
ئەم فرە ڕەهەندییە لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە هەندێک راوبۆچوونی سەر بە دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، واتە باوەڕ بە فرە ڕەهەندی، ئێمە دێنێتە سەر ئەو قەناعەتە، کە هیچ جۆرە حەقیقەتێکی جیهانگیر، رەهاو دروست لە ئارادا نییە. بەم شێوە دیموکراسی بریتییە لە: رێگە چارەی ئاشتیخوازانە بۆ بەرژەوەندی و جیهانبینی و بیروبۆچوونی ناکۆک و دژ بەیەک. هەبوونی هەل و دەرەتان بۆ پەرەپێدانی بیروباوەڕی جیاواز و پێکهێنانی هەندێ رێکخراوە لەسەر بنەمای ئەم فرە ڕەهەندییە لە پێداویستی ئەم جۆرە دیموکراسیانە بە ئەژمار دێت. جانستن. چەمک و دەستەواژەی هاووڵاتی پلۆڕالیستی بەکار دەهێنێت، کە بۆ خۆی هەڵگری فرە رەهەندی و فرەچەشنی کلتوورییە. لێرەدا لەگەڵ جۆرێک ناکۆکی رووبەروو دەبینەوە، رێزدانان لەبیروبۆچوونی تایبەت خوازی Particularistic بۆ خۆی لەسەر هەندێک بنەمای جیهانگیر دامەزراوە، کە بریتیە لە: قبووڵکردن و رێزگرتن لە فرە رەهەندی، رێزو حورمەتی یەکسان بۆ تەواوی تاکەکان، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە چ گرووپ و تاقمێکن. چەمکی سیاسەتی سەرلەنوێ ناسینەوە بە مەبەستێکی هاوچەشن، واتە وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە، کە لە فرەڕەهەندییەوە سەرچاوە دەگرن، پەرەیان سەندووە.
دەستەواژەی سەرلەنوێ ناسینەوە، سەرەتا لەلایەن هێگلی فەیلەسووفەوە بەکارهاتووە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، کە تاک وەک ئەرکێک لەسەر شانییەتی، کە بۆ سەرلەنوێ ناسینەوەو رێزگرتنی لایەنی بەرامبەر تێبکۆشێ بۆ ئەوەی خۆیشی سەرلەنوێ بناسرێتەوەو رێزی لێبگرن. نەبوونی سیاسەتی سەرلەنوێ ناسینەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەردوو لایەن بیدۆڕێنن و بە نەناسراوی بمێننەوە. سیاسەتی سەرلەنوێ ناسینەوە دەتوانیت، لە بەستێنی کۆمەڵگایەکی پلۆڕالیستیدا، مەبەستێکی سەرەکی پێک بهێنێت. نموونەی دیاری ئەم باسە بریتییە لە : ئەفریقای باشوورو سیاسەتی ئاشتی دووبارە، کە پێشڕەوی سەرەکی ئەم بیرۆکە ماندێللا بوو، کە لە سەردەمی دوای جیاکردنەوەی رەگەزی هاتە ئاراوە. ئەسڵی سەرەکی لێرەدا، هاورایی لەگەڵ سەرلەنوێ ناسینەوە، نە سەرکەوتکردنی کەمایەتی، بەڵکوو قبووڵکردنی کەمایەتییە. لایەنێکی دیکە دەتوانێت تۆڵە سەندنەوە لە کەمایەتی بێت، کە لە ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەربڵاو زۆربەی خەڵکیان سەرکوت کردبوو. دەرکەوتەی سیاسەتی نەبوونی سەرلەنوێ ناسینەوە دەتوانین وەکوو نموونە ئاماژە بە بۆسنەو کۆزۆڤۆ، تیموری ڕۆژهەڵات و لیبریا بکەین.
نەبوونی شوناسی نەریتی، کە پێشتر لەچوارچێوەی بزووتنەوەی جەماوەری پێک دەهات، واقیعێک، کە بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بە کۆمەڵگای مەدەنی و هەروەها بەستێنی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوەی دەخستە ژێر پرسیارەوە. نەریتی کۆڕی خوێندنەوە لە سەردەمی پێشوودا پێوەندییەکی بەهێزو دانەبڕوای لەگەڵ شوناسی بە کۆمەڵی نەریتی هەبوو. بەڵام ئێستا ناوەرۆکی راهێنانی هاووڵاتی و خۆبەخش لەو کۆمەڵگایانەی شوناس لە کاتی گۆڕان و جموجۆڵدایەو لە کاتی پێکهاتن و سەرلەنوێ پێکهاتندایە، بە چ شێوەیەکە؟ ئەم پرسیارە لە لایەن ئەو کەسانەوە دێتە گۆڕێ، کە کەوتوونەتە پەراوێزی کۆمەڵگاوە، ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگای مەدەنیشدا لە پەراوێزدان. بەهایەکی دیموکراسی دەبێت بەهۆی ئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەم پەراوێزخستنە بکەوینە خەبات و ململانێکردن، واتە لە نەبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەستراوەیی و نەبوونی سەربەخۆی وەک دەرکەوتەی بێکاری و وەرنەگرتنی کۆمەک خەرجی لە کۆمەڵگا، خەبات بکەین.
فرەڕەهەندی لە کۆمەڵگا، کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوەی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتە، کە هەل و دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەم گرووپانە بڕەخسێنی و لە هەمان کاتدا هەل و مەرج و ئیمکانات بۆ دروست کردنەوەی شوناسی کلتووری ئامادە بکات بەشێوەیەک. کە نەبێتە هۆی دابڕانی زۆربەی ئەم گرووپانە لە کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی لە پەراوێزکەوتنی ئەم شوناسە جیاوازانە دوورەپەرێزی بکرێت. ئەمە بە مانای تێگەیشتنی قووڵە لە چەمکی بەهای یەکسان بۆ تاکەکان. لە کۆمەڵگای هاوچەرخ بێگومان لەزۆر لایەنەوە هەندێ جار بۆ ئەم بارودۆخە چەمکی چەند کلتووری بەکار دەبرێت، بەڵام مشت و مڕ لەسەر کلتوور بە مانا نەریتییەکەی نییە، بەڵکو لە پێوەندی لەگەڵ ئەو گرووپ و تاکانەدایە، کە شێوازێکی ژیانی تایبەت بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و شوناسی خۆیان دەخوڵقێنن. بەم شێوەیە ژمارەی پۆلێنکردنی گرووپەکان زۆرە، کە بریتییە لە: گرووپ گەلێک لەسەر بناغەو بنەمای موزیک، زمان، چین، رەگەز، سیاسەت، زۆربەی کات، شوناس لە کۆیەک لەم توخم و هێمایانە درووست بووە. واقیعێک، کە دەتوانێ هەندێ جار ببێتە هۆی مشت و مڕی زۆر لەنێوان بیرمەندانی زانستی کۆمەڵایەتی لەپێوەندی لەگەڵ پرسیاری بنەڕەتی ژێرخان یان سەرخانیبوونی ئەم توخمانەیە. بەم شێوەیە، سنوورەکان ناڕوونن، کێشەو گرفتی سەر رێگای دیموکراسی قەبووڵکردنی فرەڕەهەندی و لە هەمانکاتدا بەربەرەکانێ لەگەڵ حاشالێکردن و وەلانانی گرووپ و تاکەکان لەسەر بناغەی جیاوازیی، واتە داکۆکیکردن لەم بیروبۆچوونە جیاوازانە، کە هەموویان بایەخ و بەهایەکی یەکسانیان هەیە .
لێرەدا ناچارین بچینە ناو قسەو باس لەسەر بابەتی گشتخوازی و تایبەتخوازی. ئاشکرایە، کە بیروبۆچوونی سەردەمی دوای مۆدێرنیتە، واتە پۆست مۆدێرنیتە داکۆکی لە شوناسی جیاواز و فرەڕەهەندی دەکات. بە تایبەت دابەشکردنی کۆن لەسەر بناغەی، رەگەز – نەتەوە، چین، چۆنیەتی رەگەز (نێر یان مێ)و کولتوور بێ بنەما دەزانیت، چونکە پێی وایە، کە تێکەڵیی، نەبوونی سنووری روون و بەرچاو ئەمڕۆ شتێکە هیچ کەسێک ئامادە نییە سەبارەت بەم بابەتانە قسە بکا، پێیان وایە ئەو جۆرە سنووردانانە زیاتر شتێکە، کە لەلایەن کۆمەڵگاوە زەق و بەرجەستە کراوە و زۆربەی کات سەرکوتکەرانەیە، چونکە لەسەر بۆچوونی پاکی و بەدوور لە تێکەڵاوی دامەزراوە، گوایە قسەکردن لە شوناسی رەسەن و نەگۆڕ لە ئارادایە. هەربۆیە دەبینین قسە لە هەندێ شوناسی بەرجەستەکراو وەک سویدی ڕاستین، کرێکاری ڕاستین، ژنێکی ڕاستین و قەرەجێکی راستین دەکرێ. ئەم بابەتە زەق و بەرجەستەکراوانە، شتگەلێکن، کە لەلایەن کۆمەڵگاوە دروست کراوەو بایەخی زۆری پێدەدرێت، بەڵام قسە ئەوەیە، کە ئەم شتانە دروستکراوی دەستی کۆمەڵگان. شوناس بە بەردەوامی لە حاڵەتی جموجۆڵ و گۆراندایە، رەگەزی جیاواز بە مەبەستی جیاکردنەوە بۆ چەوساندنەوە دروست کراون بۆ نموونە: ئاپارتایدو شوناسی نەتەوەیی بە مەبەستی زاڵبوون و بەربەرەکانێ لە گەمەی دەسەڵاتدا.بۆ نموونە: لە باڵکان شوناسی رەگەزی وەک هۆکارێکی بەرتەسککەرەوە بۆ ژنان و پیاوان وایە. لایەنی دژ بەمجۆرە بۆچوونە بە زۆری داکۆکی و رێز لە تێکەڵاوی، ئاوێتەیی و سنووری ناڕوون دەکات. ئەم بۆچوونە وەک رەخنەیەک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت، کە بەرگری لە یەک شێوەبوونی روانگەکان دەکەن، واتە خوێندنەوەو قەرائەتی گەورە بەبێ چاولێکردن لەوەی لەسەر چ بنەمایەک درووست کرابێت. فرەڕەهەندی، لە روانگەو بۆچوونی دیموکراسییەوە، دەبێت دەستەبەری تێکەڵاوی ناکۆک و دژ بەیەک، رێز بۆ تاک وەک بەهایەکی جیهانگیر بێت.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە بە چ شێوەیەک لەگەڵ بابەتی فرەڕەهەندی رووبەروو دەبێتەوە؟ دەبێ بگوترێت: پێوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە زۆر جێگەی رەزامەندییە. هەرجۆرە بەراوردکردنێک لەگەڵ دامەزراوەی فێرکاری دیکەدا ئەوە دەسەلمێنێ، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لایەنگەلێکی فرەڕەهەندی هەیە. هەروەها وەک ئاماژەمان پێکرد فرەڕەهەندی لەبواری ناوەرۆک و جۆراوجۆری چالاکییەوە لەپێوەندی لەگەڵ هەرجۆرە هۆگری و مەبەستێک، ئێجگار زۆرە. بە ئاسانی دەتوانین شێوەگەلێکی نوێ لە ناوەرۆک بۆ مەبەستێکی یەکسان بەکاربهێنین. ئەم واقیعە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرەتانی لەبار بۆ بەدیهاتنی شوناسی نوێ. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە بواری موزیک بکەین، هۆگرانی موزیک دەتوانن جۆرەکانی موزیک لە راک و جازەوە بگرە تا دەگاتە موزیکی جەماوەر و شێوە مۆدێرنەکانی بەبێ هیچ جۆرە بەربەستێک بەکاربهێنن. لەم کۆڕانەدا، بە پێچەوانەی سیستمی قوتابخانەی گشتی، هەڵبژاردنی بابەتەکان بە زۆرەملێ نییە. بەم شێوە جۆرێک سەرلەنوێ ناسینەوەی (پێکهاتوو لە ئەویتر) لە ئارادایە. هەل و مەرجی فرەڕەهەندی زاڵ لەم کۆڕانەدا، ژینگەیەکی لەباری بۆ پشکووتن و پێشکەوتنی جۆراوجۆری و فرەچەشنی ئامادە کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، فرەڕەهەندی لەنێوان بەشداربوواندا، زۆر بەربڵاوە. هەموو گرووپە تەمەنییەکان لەم کۆڕانەدا بەشداری دەکەن. راهێنانی هاووڵاتی بەساڵاچوو، لەڕاستیدا ناتوانێ هاوتایەکی باش و لە هەمان کاتدا چەمکێکی گونجاو بۆ ئەم فرەڕەهەندی و جۆراوجۆرییە بێت، چونکە تاقمێکی زۆر لە منداڵان لەم کۆڕانەدا بەشداری دەکەن. لەلایەکی ترەوە بەشداری بەساڵاچووان ئێجگار بەرچاوە ئەمە لە حاڵێکدایە، کە زۆربەی دامەزراوە فێرکارییەکان، تەنانەت دامەزراوەی فێرکاری بەساڵاچووان ریزێکی تەمەنی زۆر بەرتەسک لەخۆ دەگرێ. خەڵکانی بێکارو ئەو کەسانەی خوێنەواریی فەرمی و نافەرمییان نییە، بەهیچ جۆرێک لە بەشداریکردن وەلا نانرێن.
ئەگەر بمانەوێ سەبارەت بە سیستمی کۆڕی خوێندنەوە شتێک بڵێین، دەبێ بڵێین: ئەم دامەزراوە زۆر ئانارشیستە. بە دژواری دەکرێت سەرچاوەی ئەم تایبەتمەندییە دیاری بکرێت، بەڵام دەکرێت ئاماژە بە چەند هۆکارێک بکەین:
یەکەم: هیچ جۆرە پرۆگرامێکی فێرکاری گشتی یان یاسایەکی روون بۆ چالاکی سەبارەت بە کۆمەکی ماڵی دەوڵەتی، لەبەردەستدا نییە، ئەگەرچی دەبێت ئەم راستییە لەبەرچاو بگرین قورسایی کۆمەکی ماڵی دەوڵەت زۆر بەرچاوو جێگەی سەرنجە.
دووەم: ئەوەی، کە یازدە ئەنجوومەنی سەربەخۆ، کە هەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکان لقی ناوچەیی تا ڕادەیەک سەربەخۆیان هەیە، بۆ ئەم چالاکییانە بڕیار دەدەن. دەبێت ئەمەشی بۆ زیاد بکرێت، کە ئەم یازدە ئەنجوومەنە سەر بە ژمارەیەکی زۆر لەو رێکخراوەو دامەزراوانەن، کە بنەمای فەرمی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەر لەم کۆڕانە دیاری دەکەن. لەلایەکی دیکەوە دەکرێ لەم کۆڕانە، وەک دامەزراوەیەک قسە بکرێت ئەم لایەنە هەبوونی دەزگایەکی ئیداری لەگەڵ هەندێ فەرمانبەری تا رادەیەک لێهاتوو و کارامەیە. هەوڵ و تەقەللای ئەم فەرمانبەرانە بۆ ئەوەیە، کە کارو چالاکی ئەم کۆڕانە لە ئاستێکی بەرزدا رابگرن. واتە ئەم کۆڕانە دەیانەوێ هەندێ دەرەتان و دەرفەت بۆ بەشداربووانی داهاتوو بڕەخسێنن، کە هیچ دامەزراوەیەکی فێرکاری دیکە بۆیان فەراهەم ناکات. هەمووی ئەم هۆکارانە دەبێتە هۆی ئەوەی جۆرێک فرەڕەهەندی ئانارشیستی سەبارەت بە ناوەرۆکی چالاکی و بەشداربووان لەم کۆڕانەدا پەرە پێبدا.
ئاندرسۆن و هاوڕێیانی بەم ئاکامە گەیشتوون، کە فرەڕەهەندی سەرەکیترین و گشتیترین تایبەتمەندی ئەم کۆڕانە پێکدەهێنن. ئاندرسۆن و هاوڕێیانی لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی پێوەندی نێوان بەشداربوون لەم کۆڕانەداو هەل و مەرجی ژیانی خەڵک جەختێکی زۆر دەکەنەوە. دەرئەنجامەکان نیشاندەری ئاڵۆزی و چەند لایەنبوونی ئەم پێوەندییەن. یەکێک لە لایەنەکانی ئەم ئاڵۆزییە ئەوەیە، کە ئەم کۆڕانە زۆربەی کات لەرێگەی جۆراوجۆرەوە یارمەتی تاکەکان دەدەن. لە هەمانکاتدا، ئەمە بەو واتایە دێت، کە بەشداربووان بەپێی هەل و مەرجی جیاوازی ژیانی خۆیان، شتی جۆراوجۆر لەم کۆڕانە بەدەست دەهێنن.
بیرۆکەی فرەڕەهەندی شتێک نییە، کە بە تەنیا لەم کۆڕانەدا هەبێت، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە وەکو نۆرمێک قسەی لێکراوە. ریکارد ساندلر لەساڵی ١٩٣٧دا یەکەمین رێبەری ئەنجوومەنی خوێندنەوە لە قازانج و بەرژەوەندی فرەڕەهەندی و جیاوازی قسەی دەکردو تەنانەت لە دەستەواژەی دژ بە فرەڕەهەندی کەڵکی وەردەگرت، کە هەم بە مانای یەک شێوەبوون و لە هەمانکاتدا گەمژەییە.
وێدەچێت، کە کۆڕی خوێندندنەوە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای سەردەمی پۆست مۆدێرن، کە بە زۆری لە فرەڕەهەندی داکۆکی دەکات، بە ئاسانی ڕووبەروو ببێتەوەو خۆی بگونجێنێت. دامەزراوەی کۆڕی خوێندنەوە وەک سیستمێک پەرەی سەندووە، کە فرەڕەهەندی و کراوەیی تێیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ ئایدۆلۆژی پۆست مۆدێرن زۆر بەرچاوە.
بەرواڵەت وا دیارە، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە هەندێک تایبەتمەندی دژ بە یەکی لەخۆیدا گونجاندووە. یەکێک لەم ناکۆکییانە ئەوەیە: ئەم کۆڕانە لەبواری ناوەرۆک و مەبەستی بەشداربوواندا، ئانارشیستییە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەم چالاکییانە لەلایەن رێکخراوەیەکەوە جێبەجی دەبێت، کە جێگەی خۆی کردۆتەوەو لەوڵاتدا ئاستی جۆراوجۆری هەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کراوەییە ئەوەیە کۆڕی خوێندنەوە، لە پێوەندی لەگەڵ دامەزراوە فێرکارییەکانی دیکەدا، لە بەرەی پێشەوە هەڵکەوتووەو رێکخراوەکانی دیکە ئەرکی خۆیان لەدوای ئەم کۆڕانە جێبەجێ دەکەن. ئەو کاتە، کە بە تەنیا نوخبەو هەڵکەوتوو مافی خوێندنیان هەبوو، کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە هەندێک هەلی باشی بۆ ئەو کەسانە، کە ئاستی خوێنەوارییان لە خوارەوە بوو رەخساند. دواتر سیستمی فێرکاری گشتی بیرۆکەی فێرکاری بۆ هەمووان خستە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ وێنە دەکرێت لە فێرکردنی زمانی سویدی بۆ کۆچبەران لەم کۆڕانەدا ناو ببەین، کە دواتر قوتابخانەی بەساڵاچووان سەر بە شارەوانییەکان، ئەم راهێنانەی گرتە ئەستۆ. لەو شوێنەدا، کە بەربەست کەمترە داهێنان و پێشکەوتن گەشە دەسەنێت. لەلایەکی دیکەوە، بۆ ئەم کەسانەی لەڕێگەی ئەم رێکخراوانەوە بژێوی ژیانیان دابین دەبێت، هەوڵ بۆ چوونەسەری ژمارەی بەشداربووان لەم کۆڕانەدا زۆر بنەڕەتییە.
ناکۆکیی دیکە ئەوەیە، کە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە دەوڵەت کۆمەکی ماڵی وەردەگرێت بێ ئەوەی دەوڵەت سەبارەت بە ناوەرۆکی چالاکی ئەم کۆڕانە هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی راستەوخۆی هەبێت، دەوڵەت هەندێک جار باس لەوە دەکات، کە دەبێت ئەم کۆڕانە بۆ خزمەت بە دیموکراسی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کار بکەن. بەم شێوەیە، کۆمەڵگای مەدەنی شتێکی تەواو جیاوازو سەربەخۆ لە دەوڵەت نییە، بەڵکو هەر لە مێژەوە لە دەوڵەت یارمەتی ماڵی وەردەگرێ. بەڵگەکان دەرخەری ئەو راستییەن، کە بەبێ یارمەتی ماڵی دەوڵەت، کۆرو کۆبوونەوەی خوێندنەوە نەیاندەتوانی ببێتە رووداوێکی جەماوەری، ئەمە بەمانای بەستراوەیی ماڵی بە دەوڵەت، بەڵام لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی لە کارو چالاکییدایە.
ناکۆکی سێهەم: بۆ مۆدێرنیتەو پۆست مودێرنیتە دەگەڕێتەوە. کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە وەک بەشێک لە پرۆژەی مۆدێرن و ئەو بزووتنەوانەی بۆتە هۆی بەدیهاتنی مۆدێرنیتە سەری هەڵدا، بەڵام لەم ڕۆژانە لە وڵاتی سوید، هەندێ جار لە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە وەک شێوەیەک لە ژیان، کە ئیدی باوی نەماوە، تەماشا دەکرێت. ئەگەرچی هەندێک لایەنی دیکە پێیان وایە، کە ئەم دامەزراوانە زۆرترین ئامادەییان بۆ وەڵامدانەوە بو خواست و بۆچوونەکانی سەردەمی پۆست مۆدێرن هەیە ئوشر usher، برایانت و جانستۆن لەساڵی ١٩٩٧دا لە کتێبەکانی خۆیاندا پێیان وایە، کە پۆست مۆدێرنیتە هەندێک تەنگ و چەڵەمەی بۆ فێرکاری وڵاتانی ئەوروپا رەخنە دەگرن و رێگاچارەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کەلێنە پێشنیار دەکەن، کە تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ نەریتی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە سوید هاوتایی دەکات. شتێک، کە بەمانایەک وەک جۆرێک گاڵتەو گەپی مێژوویی وایە.
بە پشتبەستن بەم زانیارییانە دەتوانین بەو دەرئەنجامە بگەین، کە نەریتی کۆڕی خوێندنەوە، سیستمێک دەخاتە روو زۆرترین ئامادەیی بۆ پشتیوانی لە فرەڕەهەندی هەیە. هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم شتە بە تەنیا قسە نییە، بەڵکوو بە کردەوە نیشانی داوە، کە کۆڕی خوێندنەوە شوێنێکە بۆ بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شوناسی جیاواز.
سەرەڕای هەندێ سەرکەوتنی بەرتەسک، کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدا، هەروەها کە لەپێشەکی ئەم بەشەدا باسمان لێکرد، ئەم کۆڕانە لەگەڵ هەندێ کەم و کوڕی رووبەڕووە. واتە پەراوێزکەوتنی خەڵکانی بێکار، کۆچبەرو ئەو کەسانە، کە بەردەوام کارییان نییە، بە واتایەکی دیکە کارو چالاکی ئەم گرووپانە کارتێکەرییەکی ئەوتۆی لە ژیانی سیاسیدا نییەو هەندێ جار لە بەشداری سیاسیدا لەبەرچاو ناگیرێن. پەراوێزکەوتنی ئەم لایەنانە تا رادەیەکی زۆر لە پێوەندی لەگەڵ پرسیاری فرەڕەهەندی لە کۆمەڵگا فام دەکرێت، چونکە ئەم لایەنانە زۆربەی کات پێیان وایە لە خەڵکانی تر جیاوازن و بەهۆی ئەم جیاوازییەوە هەست بەوە دەکەن لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، کە جێگەی وتووێژو ئاڵ و گۆڕکردنی بیروڕایە، جێگەیان نییە، کێشەیەکی سەرەکی ئەم کۆڕانە ئەوەیە، سەرەڕای پشتیوانی داکۆکی لە فرەڕەهەندی، بەڵام لە بەرانبەردا گرووپە پەراوێزکەوتووەکان زۆر بە کەمی بەشداری دەکەن.
لایەنی شەشەم : دیموکراسی ناوخۆیی
ئایا بڕیاردان لە ناوخۆی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە بەشێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوە دەچێت؟ ئایا بەشداربووان دەتوانن لەسەر رەوتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕانە کارتێکەرییان هەبێت؟ بابەتی سەرەکی ئەم وتارە پێوەندی نێوان دیموکراسی بەگشتی و بە تایبەت دەورو رۆڵی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە پارێزگاریکردن لە دیموکراسییە، لێرەدا لەگەڵ پرسیارێک سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵات لە ناوخۆی ئەم کۆڕانە رووبەڕوو دەبینەوە، لەلایەکی دیکەوە رادەی کارتێکەری بەشداربووان لەسەر دامەزراوەی کۆڕی خوێندنەوە، لەئاستی جۆربەجۆری ئەنجومەنی خوێندنەوەو شورای فێرکاری خەڵکی بەساڵاچوواندایە. لایەنی یەکەم لەپێوەندی لەگەڵ دیموکراسی راستەوخۆدایە، لەکاتێکدا لایەنی دووهەم سەبارەت بە دیموکراسی نوێنەرایەتییە.
چەمکی دیموکراسی راستەوخۆ، بۆ ئەو بۆچوونانە دەگەڕێتەوە، کە سەردەمی کۆن لە وڵاتی یۆنان لەسەر دیموکراسی کراوە. لەو سەردەمەدا، سەرەڕای وەلانانی ژنان و کۆیلەکان لەبڕیاردان، ئێمە شاهیدی جۆرێک لە دیموکراسی راستەوخۆین. بنەڕەتی ئەم شێوازە لە دیموکراسی، لە گۆڕەپانی شار (ئاگۆرا) هەڵکەتبوو، شوێنێک، کە لەوێدا کاروباری هاوبەش، دەکەوتە بەر باس و بڕیاردان. ئەو شێوە بڕیاردانە لە ئاگۆرا بەڕێوە دەچوو. نموونەیەکی بەرچاوی دیموکراسی ڕاستەوخۆ بە ئەژمار دێت. چەمکی دیموکراسی راستەوخۆ بۆ جارێکی دیکە لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا سەرلەنوێ سەری هەڵدایەوەو لەو سەردەمەدا دژبەرانی ئەم شێوازە لە دیموکراسی پێیان وابوو، کە دیموکراسی، سیستمێکە تیایدا هەڵکەوتووان بۆ بەدەست هێنانی دەنگی خەڵک لەگەڵ یەک دەکەونە کێبەرکێوە، بەڵام بەلای لایەنگرانی کۆڕی خوێندنەوە بۆچوونێک لە دیموکراسی پەسەندە، کە هەموو خەڵک لەخۆ بگرێ. یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکان، پێوەندی نێوان بەشداری لۆکاڵی لە ئاستی چکۆلەو پێکهاتەی بەربڵاو و گەورەدایە. لەدوای سەردەمی کەونارا، ئێمە شاهیدی ئەوەین، کە (دەوڵەت-شارەکان) دەبنە نەتەوە، لاوازی دیموکراسی لەم سەردەمەدا لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری و کلتوور لە پێوەندیدایە.
ئەوەی کۆرو کۆبوونەوەی خوێندنەوە لە بەرژەوەندی دیموکراسیدا کارو چالاکی دەکەن وەک سەرەکیترین تایبەتمەندی ئەم کۆڕانە بە ئەژمار دێت و هەر ئەم تایبەتمەندییە بووە بەهۆی ئەوەی، کە بەزۆری سەرنجی خەڵک بۆلای خۆی رابکێشێت. هەر بەم شێوە بیرۆکەی (خۆ فێرکردن) سەر بەم کۆڕانەیە. ئەم بیرۆکە لایەنی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە: کۆنتڕۆڵی فێرکاری و هەروەها بڕیاردان لە ناوخۆی ئەم کۆرانە بەشێوەی بەکۆمەڵ جێبەجێ دەکرا، کە لەرووی پرنسیپەوە دیموکراسی بوو. هەل و مەرج بۆ بڕیاردانی ناوچەیی لەم کۆرانەدا لەگەڵ زۆربەی رێکخراوە فێرکارییەکانی دیکە لە سوید جیاواز بوو. لەم کۆڕانەدا هیچ جۆرە پرۆژەیەکی فێرکاری لە ئاستی نەتەوەیی لە ئارادا نییە، واتە هیچ جۆرە بەربەستێک بڕیاردانی ناوچەیی بەرتەسک ناکاتەوە، دەستێوەردان لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک، پەرلەمان و دەوڵەتەوە زۆر بە کەمی دەبیندرێت، لەپێوەندی لەگەڵ کۆمەکی ماڵی دەوڵەت تەنیا هەندێک مەبەست و خواستی بەرتەسک، دەکەوێتە بەرباس. هەندێک بەربەست و لەمپەری دیکە لە ئارادایە، کە بریتییە لە: ئەو یاسا ناوخۆییانەی لەم کۆڕانەدا دانراون. لێرەدا دوو لایەنی دیموکراسی لەبەرچاوە :
یەکەم: کارتێکەرییەک، کە بەشداربووان دەتوانن لە ئاستی جۆراوجۆری ئەنجوومەنی خوێندنەوە هەیانبێت. دووەم: ئەو دەرەتانەی، کە بۆ بەشداربووان تەرخان دەکرێت تا لە بڕیارەکاندا ڕۆڵ بگێڕن. لەپێوەندی لەگەڵ لایەنی یەکەم، زانیارییە مەیدانییەکان وێنەیەکی ناڕوون دەخەنە روو. لەزۆربەی ئەنجومەنەکاندا، بەشداربووان بەشێوەی راستەوخۆ خاوەنی نوێنەری خۆیان نین کەوابوو، دیموکراسی نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی خوێندنەوە واقیعێکی دوو لایەنە: ئەم ئەنجومەنانە بەشێوەی بڕیاری دیموکراسی بەڕێوە دەچن، بەڵام دەنگی بەشداربووان لێرەدا کارتێکەری نییە. هەربۆیە بەشداربووان لە کارتێکەری لەسەر ڕەوتی بڕیاردان لە دەرەوەی ئەم کۆڕانە، بێبەشن. لایەنێکی دیکەی هەل و مەرجی بڕیاردانە لەناوخۆی ئەم کۆڕانەدا. سەبارەت بەم لایەنە ناکرێت ئاکامێکی روون و یەکلاکەرەوە بکەوێتەڕوو. بەڵکو دەبێت لەنێوان لایەنی جیاوازدا، جیاکاری بکەین، ئاندرسۆن لە لێکدانەوەی ئەم کۆڕانەدا، سێ کۆڕی جیاواز دەستنیشان دەکات: کۆڕی وانەوتنەوە، کۆڕی وتووێژ و کۆڕی پیشەیی دەستکرد. بە بۆچوونی ناوبراو توانای ئەم کۆڕانە سەبارەت بە دیموکراسی ناوخۆیی لەگەڵ یەک جیاوازە. لەکۆڕی وتووێژدا یەکسانی نێوان سەرۆکی کۆرو بەشداربووان زۆرترین روونی پێوە دیارەو لە هەمانکاتدا بەشداربووان زۆرترین کارتێکەرییان سەبارەت بە ناوەرۆکی چالاکییەکان هەیە. بە بۆچوونی ئاندرسۆن، شێوازی بڕیاردان لە کۆڕی پیشەیی دەستکرد جیاوازە.
چالاکییەکان زۆربەی کات بەشێوەیەکی تاکی بەڕێوەدەچێت. رێبەری ئەم کۆڕانە زۆربەی کات کەسێکی پسپۆڕو شارەزایە. لەکۆڕی وانەوتنەوەدا، نایەکسانی نێوان بەشداربووان و رێبەری کۆڕ لە جۆرەکانی دیکە زۆرترە، بەشداربووان زۆربەی کات لەژێر دەسەڵاتی رێبەری کۆڕدان و بۆخۆیان سەربەخۆ نین.
هارتمان، لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا سەبارەت بە ژمارەیەک لەم کۆڕانە هەر بەو ئاکامەی پێشوو دەگات، کە شێوەی فێرکاری سەبارەت بە بڕیاردان لەم کۆڕانە یەکسان نییە.
 یەکەم: پێی وایە ڕەوتی بڕیاردان لەزۆربەی ئەم کۆڕانەدا بەشێوەی باوک مەزنییە.
دووەم: ئێمە شاهیدی هاوکاری رەسەنی بەشداربووان نین.
سێیەم: نەبوونی هەست بە بەرپرسیاریەتی لەرەوتی تەواوی بڕیارەکاندا دیارە.

لایەنی حەوتەم : واتاکانی دیموکراسی وەک زنجیرەیەک، کە دەبێت کۆمەڵگا پێک بهێنیت.
لەو بابەتانەی، کە تا ئێستا کەوتۆتە بەر باس و لێکدانەوە، هەوڵ دراوە راوبۆچوونی جیاواز سەبارەت بە گوتاری دیموکراسی، لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندنەوە، دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی بخەینەڕوو. ئەگەرچی ئەم وێناکردنە، کە لەم رێگەیەوە خراوەتەڕوو، وێنەیەکی تا رادەیەک ئاڵۆزە، بەڵام هیوادارم لەرووی ناوەڕۆک و واتاو پێکهاتەوە جێگەی پەسەندکردن بێت.

ئەم بابەتە لەگۆڤاری کەوانە وەرگیراوە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved