بیرکردنەوەی زانستی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی

Scientific thinking and social change

نووسینی: هشام غەسیب

وەرگێڕانی (لەعەرەبییەوە):جیهاد موحەمەد

بەلێوردبوونەوە و  تێڕامانم لەم ناونیشانە دەستپێدەکەم، کە پێویستی بە راڤەکردن و شیکارییەکی فراوان هەیە، ئەم ناونیشانە ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ هەڵوێستەو تێڕامان و بیرکردنەوەو  پرسیارکردن لەسەری. بڕواناکەم کەسێک لەسەر ئەم جۆرە ناونیشانە هەڵوێستەو تێڕامان بکات، ئەگەر بیرکردنەوەیەکی رۆشنگەریی نەبێت، قووڵنەبووبێتەوە لەوەی، کە ناوی دەبەم بە بڕوای رۆشنگەرێتی و لەنێو دڵی تازەگەرێتی بیرییدا نەبێت، زاناو بە ئاگا نەبێت لە گرفتەکانی و ناکۆکییەکانی. گرێدراوییە پتەوەکەی نێوان بیری زانستی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، خەسڵەتێکی دیاری بڕوای رۆشنگەرێتییە، چ لەفۆرمە بۆرجوازییە شۆڕشگێڕییە کۆنەکەیدا، ئەو فۆڕمەی، کە لەسەر دەستی برۆنۆ و میکاڤیللی و بیکۆن و غالیلۆ و دیکارت و هۆبز و لۆک سپینۆزاو ماددییە فەرەنسییەکان و ڤۆلتێر و رۆسۆ و ئایدیالیستە ئەڵمانییەکاندا هاتە ئاراوە، یان لە فۆڕمە کرێکارییە شۆڕشگێرێتییە نوێکەییدا لەسەر دەستی مارکس و ئنجلزدا هاتە ئاراوە. ئەمە کرۆکی تازەگەرێتییە. ئەم کرۆک و ناوەڕۆکە زانستییانە بە ئاشکراو بوێرانە لە یەکەم ساتی تەقینەوەی تازەگەرێتی لەسەدەی شازدەدا راگەیەنرا لەلایەن: بڕۆن و میکاڤللی و بیکۆن ە وە، دوای ئەوانیش لەلایەن دیکارت و هۆبز و لۆک و سپینۆزاو مادییە فەرەنسییەکانی وەک ڤۆلتێرو کانت و فختەو هێگڵ ە وە، تا کامڵ کرا لەلایەن مارکس و ئنجلز و بەگشتی کەلەپوریی مارکسییەوە. ئەم بزاوتە تازەگەرێتیی و رۆشنگەرێتییە، لە سەدەی شازدەوە بوو بە بومەلەرزەیەکی بە هێز، کە هەموو جیهانی هەژاند، بوو بە رووداوێک، کە گۆرانکارییەکی هێندە گەورەی هێنایە ئاراوە کەوتە پێش هەموو گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکانی پێش خۆیەوە. بۆیە پەرچەکردارە بەهێزەکەی شتێکی سەیر نەبوو. بە تایبەتی دوای ئەوەی، کە ئەم بزاوتە تازەگەرێتییە کەوتە ژێر هەڕەشەی رووخانەوە، کە دروشمی بڕوای رۆشنگەرێتی بەرزکردبووەوە، توانی هەموو پەرچەکردارە نەرێنی و نەیارەکان بتوێنێتەوە و بیانسڕێتەوە بە ململانێیەکی ئێجگار تووندو بە سام لەسەر ئاستی هەموو جیهان. ئەم ململانێ تووندە بوو بە هۆکاری ئەوەی، کە بۆشاییەک دروست بکات، ئەو بۆشاییەش لەلایەن هێزی ناعەقڵانیی و تاریکستانییەوە قۆزرایەوە و پڕکرایەوە بەو عەقڵیەتە تاریکستانییە. ئەم جەنگە بەردەوامە و بڕواشم وایە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیست و یەک زیاتر تووندبوون و توڕەیی بەخۆییەوە دەبینێت بەرانبەر بە بڕوای رۆشنگەرێتیی و تازەگەرێتیی. ئەمەی باسمانکرد، بە بڕوای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو پەیوەندییەی لەنێوان بیری زانستی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییدا هەیە ئەوە باسێکە. لە ناوەڕۆکدا لایەنێکی بناغەییە لە لایەنەکانی بڕوای رۆشنگەرێتی، ئەو بڕوا گەردونییە نوێیەیە، کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت بەتایبەتی لەلای کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ئەمڕۆ، کە زۆر پێویستییان بە قبووڵکردنێکی رەخنەییانەی هەیە لە میانەی گەڕانەوەییان بۆ نێوەندی ژیانی نوێی ئەمڕۆ و پاشە ڕۆژو مێژوو. پرسیاری جەوهەریی ئەمەیە: بە چ مانایەک بیرکردنەوە زانستییەکان گرێدراون بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە پێوەری رۆشنگەرێتی؟ ١- تێبینی یەکەم لەم رووەوە، پێوەری بڕوای رۆشنگەرێتیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێوەندی نێوان زانست و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی دایلێکتیکییە، واتا پەیوەندییەکی پێویست و ئاڵوگۆڕکراویشە لە نێوانییاندا. گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی مانای نییە بێ بیری زانستییانە. بیری زانستیانەش نابێت بە بیرێکی زانستییانەی کامڵ، ئەگەر ئامانجی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، بەڵکو ئەگەر رەنگدانەوەی مەعریفییانەی نەبێت بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەروەها گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش نزیک دەبێتەوە لە بێسەر و بەرەیی و بێ بنەمایی و بێ پرنسیپیی بە بێ بیری زانستییانە. ئەوانەی کاریان کردووە لە داهێنانی بڕوای رۆشنگەرێتییدا لە سەرەتای دەستپێکردنی تازەگەرێتییەوە ئەم پەیوەندییە دایلیکتیکییەیان ناسیووە و زانیویانە. لەم بارەیەوە فرانسیس بیکۆن لە سەدەی شازدەدا دروشمە بە ناوبانگەکەی راگەیاند: مەعریفە هێزە. هێزە لەپێناوی زاڵبوونی مرۆڤدا بە سەر سروشت و مێژووەکەیدا. بڕوای رۆشنگەرێتی لەلایەن  بیکۆنەوە کارێکی کۆمەڵایەتیی گۆڕانکاری بوو، واتا هێزێکی شۆڕشگێڕ بوو بۆ گۆڕینی رەوشی مرۆڤ، یان بارودۆخی مرۆڤ. بیکۆن سروشتی مەعریفە و میتۆدە ئەزموونگەرییەکەی بەو جۆرە ناساندو پێناسەیکرد، کە ئاماژەمان پێدا، بەوەی، کە پەیوەندییەکی دایلێکتیکی راستەقینەیە لەنێوان پێکهاتە ناوکییەکەی مەعریفەی زانستییانەو ئامانجە شۆڕشگێڕێتییەکەی دا. رینیە دیکارتیش، کە بە باوکی فەلسەفەی نوێگەرێتی ناسراوە. هەر ئەو بۆچوون و تێڕوانینەی هەبوو. پڕۆژەکەی دیکارت بۆ درووستکردنی زانستێکی گەردوونی نوێ و راستینەیەک بوو بۆ گۆڕانکاریی لە ویستە مێژووییە تازەگەرێتێکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو. بە ئامانجی داننان و ناسین و زانینی جیهان وەک خۆی. ئەمەش لە مەنهەجە شیکاریی و پێکهاتەکەییدا رەنگی دابوەوە، هەوڵیدابوو بابەتەکە شیبکاتەوە بە ئامانجی دووبارە درووستکردنەوەیی  بەپێی ویستی گۆڕان. ئەمەش لە بیرکردنەوەو تتڕامانیدا بۆ عەقڵ و خود رەنگی دابوەوە. خود لەناوەڕۆکیدا  ویستە هەروەها عەقڵیش بەهەمان شێوە ویستە. پێکهاتەی عەقڵیش وەک ویست دەبێت بە بنەمایی بوون. کەواتە، جارێکی تر گرێدراوییە دایلێکتیکییەکەی نێوان بیری زانستیی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی جەخت دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پێوندییە لەلای بیکۆن و میکاڤیللی و دیکارت لە دەستە بژێرێکدا کورت کرابوەوە، فەلسەفەی سەدەی هەژدەهەم رێڕەوێکی دیموکراتیی میللی و بازنەیەکی فراوانی لەخۆگرتبوو. بەو جۆرەی، کە بەشێکی گەورەی لە گەڵ گرتبووەوە. ئەمەش بە روونی لای ڤۆڵتێرو رۆسۆو دیدرۆو ماددییە فەرنسییەکان دەرکەوت. ئەم مەیەلە، لە سەدەی نۆزدەدا زیاتر چەسپاو لە ئەوروپادا جێگیربوو، هەتا گەیشتە لوتەکە لەلایەن مارکس و ئنجلس و لاسال. ئەوانەی وایان دادەنا، کە تیۆرییە زانستییەکان وابەستەی جەماوەری زەحمەتکێش و بزاوتەکەیانە، کە بناغەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە. وردەکارییەکانی لەمەودوا زیاتر باس دەکەین.
٢- تێبینی دوەم، لەسەر ئەو بنەمایەی، کە بە پێویست گرێدانێکی دایلێکتیکانە هەیە لە نێوان بیری زانستی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەموو بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی وابەستەی مەعریفەیە و مەعریفەشی لەخۆ گرتوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرهەمی پێش سەرمایەداریی پشتی بە شارەزایی پیشەیی بەستبوو (وەک، پیشەی راوو شوانکارە و جوتییار و وەستا) ئەمانە بناغەی بەرهەم بوون، واتا معریفەکە هەڵقوڵاوی رێکەوت و شارەزایی بووە، بۆیە بەرهەمی سەرمایەداریی لەو سەردەمەدا پشتی بە دینامیکییەکی ناوکیی مەعریفە و زانست بەستووە و بووە بە بناغەی. لەبەر ئەوەی بیری زانستییانە لەسەرمایەدارییدا هێزی سەرەکی بەرهەمهێنانەو سەرچاوەیەکی بناغەییە بۆ بڕیاردان و پراکتیزەکردن لە بەرهەمهێناندا هەروەها پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکانی تریش. بۆیە سەرمایەداریی بەردەوام نابێت بێ گۆڕانی بەردەوام و ریشەیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، وەک مارکس و ئنجلز لە مانیفێستی شیوعیدا رایانگەیاند، کەلە ساڵی ١٨٤٨دادەرکرا، واتا پێش ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر. کەواتە سەرمایەداریی بەردەوام نابێتبێ ململانێی تەکنۆلۆجیا. کاتێک تەکنۆلۆجیاش بەرجەستە دەبێت لە مەعریفەیەکی جێبەجێکراوی واقعیدا، گەشەکردن و ململێدارییەکەی پێویستیی بە مەعریفەیەکی زانستی ململانێدارو گەشەسەندوو هەیە. لەبەر ئەوە دروستکردنی  مەنهەجی زانستی دەبێت لەسەر داروپەردووی مەنهەجی کۆنتر بێت و بیانگۆڕێت بۆ بزاوتێکی کۆمەڵایەتیی و هێزێکی بەرەهەم هێنەری سەرەکیی و سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتیی بناغەیی، هەر لەسەرەتای سەردەمی نوێوە، واتا لەسەرەتای سەردەمی سەرمایەدارییەوە بەردەوامی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پەیوەستە بە بزاوتێکی مەعریفیی زانستییانە.
٣-بیرکردنەوەی زانستییانە، بەو پەسندییەی، کە بیرکردنەوەیەکی دامەزراوەیی میژووییە لە گەوهەریدا، بەو مانایەی، کە دەرکەوتەو لە دایکبوو و گەشە سەندووی بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراوە، کە هاتنەوەیەک و گەڕانەوەی، بەڵکو داروخان و فەوتانی، بە هۆکاری بارو دۆخێکی مێژوویی تر دێتە ئاراوە. بەم مانایەش بیریی زانستیی خۆرسک و هەتاهەتایی نییە، هەمیشەیی و بەردەوامیش نییە، بەڵکو لە دایک دەبێت و گەشە دەکات و دەگاتە پلەی کامڵیی دەمرێت، هەروەک هەموو ئۆرگانە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی تر. لەدایکبوونی بیری زانستی گەورە و دیار بومەلەرزە و شەپۆلێکی گەورەی هوشیاریی کۆمەڵایەتی درووستکرد، کە تا هەنووکە لەگەڵیدا دەژین و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. کەواتە بیری زانستی، شۆڕشیکی هەمیشەییە لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، لە  سەردەمی نۆێگەرێتییەوە، کە ژیان و دید و  بۆچوونەکانی بەجۆرێک هەڵگێرایەوە، کە قاچەکانی خستە سەر زەوی و سەریشی بۆ سەرەوە راگیر کرد. بیری زانستییانە، ئەو بیرە نییە، کە مرۆڤێکی بلیمەت و لێهاتوو، یان چەند مرۆڤێکی بلیمەت و لێهاتوو لە مێشکی خۆیاندا لە دەرەوەی پراکتیزەی ژیان و وردبوونەوە لە ژیان و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە و شەپۆلەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا هێنابێتیانەدی. بیری زانستییانە، خەسڵەت و ئاکاری رەگەز و  توخمێکی دیاریکراو نییە لە مرۆڤەکاندا، بەڵکو توانای مێشک و هزریی گشتییە لە هەموو مرۆڤەکاندا. پرۆسەیەکی ئالۆزی  کۆمەڵایەتی مێژووییە، کە گرێدراو و دەرهاتەی کۆمەڵێک کەڵەکەبووی مێژووییە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ماددییە گەشە سەندووەکاندا.
٤-بیرکردنەوەی زانستیی، تایبەت و تایبەت،تایبەت و گشت،گشت و گشت پێکەوە گرێ دەدات. بەمەنهەجێکی دینامیکیی بە شیکاریی و لێکترازان و گومان و دووبارە پێکهێنانەوە و رووتکردنەوە و هەڵبژاردن و بیرکردنەوەیەکی ئەزموونگەرییانەو گەیشتن بە پێشبینیی و فراوانیی دۆخیی پێدا گەیشتن و بەدەسهێنان. دەتوانیین بڵێین، یەکەم شارستانیی، کە توانی بیریی زانستی لە خۆ بگرێت و قبووڵیبکات و بونیادی بنێت و چاودێریشی بکات، شارستانیەتیی سەرمایەداریی نوێ بوو،  ئەوەش بەهۆی پێویستییەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنان تیاییدا، بەڵام شارستانییەکانی پێش شارستانیی سەرمایەداری لە توانایاندا نەبوو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە تەواوی هەڵگری ئەو خەسڵەت و ئادگارە زانستییەبن، بەڵکو هەڵگری هەندێک لە توخم و رەگەزەکانی بیری زانستیی زیاتر نەدەبوون. ئەو  توخم و رەگەزە زانستییانەشییان لە چوارچێوەیەکی کۆت و بەندی دینیی و  فەلسەفی دا دادەنا بۆ زیندانییکردنی کارایی و چالاکییەکانی. بۆیە زانست لەو  شارستانییانەدا زانستێکی کۆتکراو و لێکترازاو و وابەستەی فەلسەفە و دین بووە. بناغەی مەنهەجی زانست بە خاوێنی وەک خۆی هەڵقوڵاوی هێزە کۆمەڵایەتییە بەرهەمهێنەرەکان نەبووە، تا ئەو کاتەی، کە توانی ئەم چوارچێوە کۆت و بەندییەی خۆی بپسێنێت و خۆی دەرباز بکات لە دەستی، دواتریش چوارچێوەیەکی تایبەت بە خۆی دروست کردووە. ئەوەش لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا لە ئەوروپادا رووییدا، کە ناودەبرێت بە شۆڕشی زانستی گەورە. لە دواییشدا زانست توانی ناوەندی سەرمایەداری قۆرخ بکات و پێشەنگی بێت، بۆیە شارستانیی نوێ فێربوو چۆن خۆی لەگەڵ زانستدا رابهێنێت و بگونجێت لەگەڵ گەشەکردنیدا، چونکە سیستمی سەرمایەداریی پێویستی بە بیری زانستییانە هەبوو بۆ بەسەستهێنانی مەعریفەیەک لەسەر سروشت و قۆرخکردنی بە تەکنۆلۆجیا، چونکە بنەما بەرهەمییەکەی ئەمەی کرد بە ئەرک بەسەرییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی زانست بوو بە پێشەنگی ناوەندیی سەرمایەداریی، بەحوکمی بەرهەمهێنانە پێشکەوتووەکەی، عەقلانییەتی زانستی شۆڕشگێڕیی لە ناوەرۆکییدا نادیار و شاراوە بوو، گواستنەوەی ئەم ناوەندە زانستییە بۆ دەستی چینی کرێکار و جەماوەری میللی نەکرا، نەبوو بە ئامڕازێک بە دەست جەماوەری زەحمەتکێش و چینی کرێکاری شۆڕشگێڕەوە. هەر لە سەرەتاوە سەرمایەداریی هەوڵیدا بیری زانستیی قورخبکات و سنوورداری بکات، تا نەگاتە کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگای سەرمایەداری. ئەمەش لە رێگەی فەلسەفەی بۆرجوازییەوە، بە تایبەتی لە رێگەی تەوژمە ناعەقڵانییەکانی نێو سیستمی سەرمایەدارییەوە. بۆرجوازی لەسەردەمی سیستمی سەرمایەدارییدا رووی خۆی لە بنکەی رۆشنگەرێتی وەرگێڕا، ئەم خۆ گۆڕین و روو وەرگەڕانە بەشێكی گرنگ بوو لە کەلەپوری خۆی. بیرمەندە بۆرجوازییە شۆڕشگێڕەکان هاوبەشییەکی سەرەکییان کرد تا ساڵی ١٨٤٨ لە بونیادنانی بڕوای رۆشنگەرێتیدا. ئەوە بۆرجوازییەتە شۆڕشگێڕەکەی جارانی رۆژئاوایی بوو پێش شۆڕشی ١٨٤٨، کە گەشەکردنی گەیشتە ئەو ئاستەی خۆی گۆڕی و بەرەنگاری بڕوای شۆڕشگێڕیی بوەوە لە پێناوی سودی چینێکی سەردەست و چاوچنۆکدا، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ١٨٤٨ واتا ئەو مێژووەی، کە یەکەم بزاوتی شۆڕشی سیاسیی سەربەخۆی چینی  کرێکار سازدرا تیایدا. بۆیە دەڵێم: فەلسەفە نوێیە ناعەقڵانییە بەهێزەکان گەشەیانکرد، کە پێگەیان بەهێزو تووندبوو، وەستانەوەشیان بەهێز بوو لە سەدەی بیستدا، تا لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا گەیشتە لوتکە، بۆیە کەوتە بەرپەرچدانەوەی کەلەپوری رۆشنگەریی و سنوردارکردنی لە گەیشتی بە ریزەکانی جەماوەر. سەرمایەداریی بەرپرسە لەو سنووردارێتی کردنە، سەرمایەداریی سودی لە بیری رۆشنگەری کرد، بەڵام بێ ئەوەی بیگوێزێتەوە بۆ هێزە شۆڕشگێڕییە کرێکارییەکەی.
٥-بیرکردنەوەی زانستییانە بە حوکمی پێکهاتە ناوەخنییەکەی دەکەوێتە بەریەککەوتن و وەستانەوە بەرانبەر هەموو بڕوا دینیی و فەلسەفییەکاندا. بە بڕوا رۆشنگەرێتییەکەشییەوە، کە بنەمایەکی بناغەیی پێکدەهێنێت بۆی، بەڵام بەریەککەوتن و وەسانەوەی لە بەرانبەر بڕوا رۆشنگەرێتییەکەیدا یەکلاکەرەوە نییە، زیاتر لە گرژبوونەوەوە نزیکە، وەک لە یەکلایی کردنەوەوە. پێویستە ئەوەش بزانیین، کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بڕوای رۆشنگەرێتی پاراستن و بەرگریکردنی زانستە لە ئایدۆلۆجیای ناعەقڵانی. بۆیە بە پێوەندییەکی  رەخنەگرانە ئەم ئەرکەی خۆی جێبەجێ دەکات، دەستتێوەردەداتە نێوان ئەم دوو  لایەنەوە (زانست و ئایدۆلۆجیا) زانست و بڕواکەی یەکتری بە رەخنەگرتن دەپارێزن. ئەمەش پێوەییەکی دروستە بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێش چوونییان. ئەمە دەربارەی بڕوای رۆشنگەرێتیی، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە بڕواکانی ترەوە هەیە، بە تایبەتی ئەو بڕوا دینییە گشتگیرییەی، کە هەڵگری دیدێکی کۆنی سەدەکانی ناوەڕاستییان هەیە. پێکدادان و بەرپەرچدانەوەی یەکتریی روودەدات لە نێوانی زانستی  رۆشنگەرێتی و ناعەقڵانیەتیی دینی و فەلسەفییدا. لەبەر ئەم چەند هۆیە:
*لەبەر ئەوەی بڕواکە گشتگیرەو هەموو دەسەڵاتێک جگە لە دەسەڵاتی خۆی رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا زانست ملکەچ ناکات بۆ هیچ دەسەڵاتێکی مەعریفی جگە لە دەسەڵاتە ناوەکییەکەی خۆی، دەسەڵاتە عەقڵییە زانستییە رەهەندئامێزە تیۆریی و ئەزموون گەرییەکەی خۆی نەبێت. زانست هەموو دەسەڵاتێکی زانیاریی نهێنیی و سەلەفی و گومان هەڵنەگرێک بەرپەرچ دەداتەوە و قبووڵی ناکات، بەڵکو داندەنێت بە دەسەڵاتێکی سیستەماتیکدا (مەنهەجی). بۆیە بەریەککەوتن و بەرانبەر وەستانەوەیەکی تووند دروست دەبێت لەنێوانییاندا.
*لەبەر ئەوەی خۆی رادەستی هیچ بیرێک ناکات، هەرچەندە پیرۆزیش بێت، بێ ئەوەی نەیخاتە ژێر  راڤە کردنێکی تیۆریزەکاریی و  لۆجیکیی و تاقیکردنەوەیەکی وردبین و بەردەوامی زانستییانەوە، یان ئەبێت بیرێکی باسکراو و قسە لەسەر کراوێکی قووڵی بۆ کرابێت، لەسەر بنەمایەکی لۆجیکیی ئەزموون گەرییانەی پتەو، یان ئەوەتا فڕێ دەدرێت بۆ دەرەوەی خەسڵەتە زیندووە بنەڕەتییەکەی.
*لەبەر ئەوەی سروشت بەو مانایەی، کە دروستکراوێکی رووتە، قبووڵ ناکات، بەو واتایەی، کە گوزارشتێک بێت لە خودێک یان لۆجیکێکی تاک لایەن، بەڵکو زانست وا سەیری سروشت دەکات، کە قەوارەیەکی ماددی سەربەخۆیە، کە دەکەوێتە ژێر یاساو پرنسیپگەلێکی بابەتییانەوە و  رووخساری لەگەڵ ناوەخنییدا جێبەجێ ناکرێت. هەروەها زانست دانانی مرۆڤ لە دەرەوەی سروشتیش قبوڵ ناکات، بەڵکو بە بەشێک لە سروشتی دادەنێت، بەڵام فەلسەفەو ناعەقڵانیەتیی دینی بە پێجەوانەی ئەم تێڕوانینەوەن.
*لەبەر ئەوەی بڕوای بەوە نییە، کە زانیاری لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، بەڵکو کردەو دەستکردو ئەزموونی مرۆڤە زاناو زانستگەرەکانە، کە پسپۆڕ بوون لە بەکارهێنانی ئامڕازگەلێکی زۆردا تا گەیشتوون بە مەعریفەو زانست. بە پێچەوانەی نا عەقڵانییەتی دینەوە، کە مەعریفە دەگێڕنەوە بۆ ئاسمان.
٦- کاریگەرییە پێویستییەکانی بیری زانستی، لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، لە پێوندییەکانی پەرەپێدان و تازەگەرێتیدا روون و ئاشکرا دەبێت. هەڵبەت مەبەستمان لە تازەرگەرێتی نوێ کردنەوەیەکی بەردەوامە لە بنکەی بەرهەمهێنان و بونیادنان و گەشەی پێوەندییەکانی بەو جۆرەی، کە توانست و کاراییە نوێکانی بەرزبکاتەوەو بیگەیەنێتە باڵا. هەوڵدان بۆ تازەگەرێتی  بەم مانایە خەسڵەتێکی کرۆکییە لە خەسڵەتەکانی سەرمایەداریی نوێ. ناوەندە سەرمایەدارە گەورەکان هەوڵی تازەگەرێتی دەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە پێگەکانی خۆی لە پڕۆسەی نمایشکردنی کاڵاکانی و مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتن و پاراستنی سود و قازانجەکانی لە بازارەکانی جیهاندا، بەڵام لایەنەکانی دەرەوەی (دەرەوەی ناوەندی سەرمایەداریی)، ئەگەر بە شێوەیەکی رووکەشیش بێت هەوڵدەدات بۆ قۆرخکردنی پێگەکان، هەرچەندە پێگەیەکی سادە و ساکار بێت، لە بازاڕی جیهانیدا و سنووردار کرابێت و پەراوێز خرا بێت. بۆیە هەوڵدان بۆ تازەگەرێتی گشتیی و گشتگیر و جیهانگیرە. ئەم جۆرە لە هەوڵی سەرمایەداریی بۆ گەشەو سود وەرگرتن و تازەگەرێتی، مرۆڤ و هێزی مرۆڤ دەکەن بە بەشێک لە کاڵاو لەسەر بەهای بازاڕدا وەک هەر کاڵایەکی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەڵبەت ئەم بۆ گونجانەش زیاتر لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە مرۆڤ ئەوەندە هوشیارییا نییە، کە خۆیان لەو نمایشکردنە سەرمایەدارییە رزگار بکەن لە بازاڕەکاندا. بۆیە هەموو هەوڵەکانی سەرمایەداریی زۆرجار دەبێت بەهۆی کارەساتی مرۆیی و دواکەوتوویەتیی و داڕووخان و ماڵ وێرانی. ئەم جۆرەی تازەگەرێتی سەرمایەداریی چەند بە رووکەش جوان و شاکارە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ناچێتە راژەی بەرزبوونەوەی بەهای مرۆیی مرۆڤەکانەوە.
پێوستە ئەو راستییە بزانیین، کە تازەگەرێتی سەرمایەداریی و پێشکەوتنەکانی لە سەدەی شازدەوە تا سەدەی نۆزدە، لە راژەیەکی راستەوخۆی هۆشیارکردنەوەی مرۆڤەکاندا بوو، لە هەوڵی ئەوەدا بوو، کە بەها مرۆییەکان و ئازادییەکان بەرجەستە بکات و بینکات بە مەبەست و ئامانج. زۆرێک لە خەباتی زاناکان و فەیلەسووفان لەو سەردەمەدا ئەمەیان بە پراکتیزە کرد. وەک جیۆر دانۆ برۆنۆ، کە مهدانەی دا بە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بەوەی، کە گەردوون و دروستبوونی گەردون خەسڵەتێکی ماددی هەیە و ئەم خەسڵەتەش پێمان دەڵێت ترسێک نییە بۆ نەمان و فەوتانی ئەم گەردوونە. گالیلۆش، باوکی فیزیای نوێ، بە دانایی و زاناییە بلیمەتییەکانی ساختەکاریی دامەزراوە دینییەکابی خستەڕوو.
ڤۆلتێریش، دەستکەوتە زانستییە شۆڕشگێڕییەتییەکانی نیوتنی گواستەوە بۆ شەقامەکانی فەرەنسا بۆ ئامادەکردن و بەرپاکردنی شۆڕشی فەرەنسی. لەم  بوارەشدا نابێت دیدرۆمان بیربچیت، کە فەرهەنگێکی بەناوبانگی پێکهێنا، کە بریتی بوو لە حەڤدە بەرگ لە ماوەی بیست ساڵدا کاری تیاکرد بۆ بەرجەستە کردنی بڕوای رۆشنگەرێتی و لە پێناوی بەرزکردنەوەی هوشیاریی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای فەرەنسیدا تا ئاستێکی بەرزی بەرەنگاربوونەوە بۆ ئەفسانەو خەیاڵ و دەقە دینییەکان. ئەگەر بەرزبوونەوەی ئەم هوشیارییە کۆمەڵایەتییە نەبووایە ئەوروپا ئەم پێشکەوتنە گەورەو بازدانانەی بەخۆیەوە نەدەبینی، کە تا هەنووکە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتە داخراوەکان کەمێک نەبێت لە زانایان و  هۆشیاران کۆمەڵگا بەگشتی ئەو هۆشیارییەی بە خۆیەوە نەبینیوە.
٧- بیری زانستی، بیرێکی رەخنە گرانەیە لە کرۆکیدا، بەڵام کارایی و کاریگەریی زانستی سروشتی وەک کارایی و کاریگەریی زانستی کۆمەڵایەتی نییە. زانستی سروشتی، بە رەخنەگرتنێکی بەردەوام مەعریفەیەک بەرهەمدەهێنێت، کە پێوەندی بابەتەکەی خۆیەوە هەیە. واتا زانستی سروشتی بە رەخنەگرتن لە بابەتەکەی خودی خۆی بابەتی نوێ بەرهەم دەهێنێت. هەمیشە زانستی سروشتی دەکەوێتە ژێر ئەو بیرەی، کە بەرهەمی دەهێنێت و دەیخاتە ژێر ئەزموون و تاقیکردنەوەوە. ئەم بیرانە شیکار دەکات و تیۆ رێزەی دەکات بۆ پراکتیزەکردنی، بەمەش دەردەکەوێت تا چ ئاستێک گونجاوە و دەتوانرێت جێبەجێبکرێت، بەڵام زانستی کۆمەڵایەتی، زۆر لەمە زیاتر دەڕوات. لەبەر ئەوەی ئەمیش بەشێکە لە بابەتەکەی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا بابەتەکەی پێدراو نییە، بەڵکو دروسکراوێکی مێژوویی مرۆڤەکانە، بە بەهاو پێوەری مرۆیی هەڵدەسەنگێنرێت. کەواتە باسکردن و قسە کردن لەسەری مرۆییانەیە. بۆیە راستیینە لەم بوارەدا تەنیا بابەتێکی پێدراو نییە، بەڵکو ئامانجێکە، کە مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات و دەخوازێت بەرجەستەی بکات. دیسان زانستی کۆمەڵایەتی، بابەتێک بەرهەم ناهێنێت لەسەر بابەتەکەی خۆی و لە خۆییدا، بەڵکو لە گۆڕینی بابەتەکەی خۆیدا بابەتێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت. واتە تەنیان بە رەخنەگرتن لە بابەتەکەی خۆی مەعریفەیەک بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو لە پرۆسەی گۆرانی بابەتەکەیدا بە رەخنەگرتن مەعریفەیەکی نوێ بەرهەم دێنێت. واتە توخم و رەگەز ساختەو  و نامۆکان و شاراوەکان لە بابەتەکەی خۆی لا دەبات و بابەتەکەی خۆی پاک دەکاتەوە. زانستی کۆمەڵایەتی، لە دەرەوەی هوشیاری چینی شۆڕشگێڕدا بابەتێک نییە، کە کاری لەسەر بکرێت بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگای مرۆیی، بەڵکو پێویستە ئەو زانستە کۆمەڵایەتییە لە هوشیاریی چینی شۆڕشگێڕدا بەرجەستەکراو بێت. بۆیە بە تەنیا فەلسەفە بەرجەستە ناکرێت لە ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ئاستی تیۆرییدا.

ئەم بابەتە لەژمارە ٢١ی گۆڤاری کەوانە وەرگیراوە کە ٢٠١٣ بڵاوبووەتەوە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved