فه‌یلییه‌كان به‌شێكی گرنگی گه‌لی كوردن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر لوڕه‌كان، له چه‌ند هۆزێك پێكهاتوون، وەک: (له‌ك، لوڕ، مه‌لكشایی، ئه‌ركه‌وازیی، به‌ختیاری، كرده‌لی (كرده عه‌لی)، مالیمان، عەلی شیروان، شوهان، كلاوای قه‌یتول، ممسنی، كه‌لهور، زه‌نگه‌نه، كهكیلوله، خزل، لبوكریدی، زوری، باوه، كاكا، ریزه‌وه‌ند، ورمزیار، مه‌ختاوی، په‌نجیستون، زرگوش، سوره‌میری، میشخاص، بولی، جایرون، ئه‌لسدوسان، ئه‌ركەواز، بابی و هه‌بنی منی)، فه‌یلییه‌كان له پێش زایینه‌وه له ناوچه‌كان نیشته‌جێبوون، به جۆرێك له دیوی عیراقه‌وه له خۆرهه‌ڵاتی به‌غداد بۆ سنووری نێوان (عیراق _ ئێران)، مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌یان له ناوچه‌كانی (به‌عقوبه، شاره‌بان، قزلربات، گوڵاڵه (جه‌لەولا)، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، نه‌فتخانه، قزانیه، به‌دره وجه‌سان، كوت و حەی عه‌لی غه‌ربی) و له هه‌ندێک شوێنه‌كانی شاره‌كانی دیکەی وه‌ك (عەماره، زیقار و به‌غداد) نیشته‌جێبوون.
فه‌یلییه‌كان موسڵمانن و سه‌ر به مه‌زهه‌بی شیعه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردبوو به دێژایی مێژوو رووبه‌ڕووی جینۆساید‌كردن ببنه‌وه له ناوچه‌كانی خۆیان، به‌تایبه‌تی له ساڵی 1963 له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید بوونه‌وه، جینۆسایدكردنی فه‌یلییه‌كان له لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه به‌رده‌وام بوو به جۆرێك له ساڵی 1970 دا 40 هه‌زار فه‌یلی به‌بێ ره‌چاوکردنی ره‌گه‌ز و ته‌مه‌ن ده‌ستگیركران و ده‌ست به‌سه‌ر سه‌ره‌وه‌ت و ماڵ و داهاتیاندا گیرا و ناسنامه‌یان لێ وه‌رگیرایه‌وه، و ئاواره‌ی ئێران كران.
جه‌نگی عیراق – ئێران ساڵی -1980 1988 قۆناغێكی نوێ بوو له جینۆسایدكردنی فه‌یلییه‌كان، به‌جۆرێك كاره‌ساتبارترین قۆناغه‌كانی جینۆسایدكردنیان بوو، چونكه له‌م قۆناغه‌دا سه‌رجه‌م جۆره‌كانی جینۆساید تێیدا پراكتیزه كران.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عس له 10ی نیسانی 1980 بڕیارێكی نهێنی به ژماره (2884) ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كرد، بۆ جێبه‌جێكردنی له چه‌ندین بڕگه پیكهاتبوو ئه‌وانیش:
بڕگه‌ی یه‌كه‌م: هه‌موو ئێرانییه‌ك كه ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقییان نییه ده‌بێت رابگوێزرێن، ئه‌م بڕیاره ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه کە داوای ره‌گەزنامه‌یان كردووه، مه‌به‌ست لێی (كوردە فه‌یلییه‌كان)بوو.
بڕگه‌ی دووه‌م: هه‌ر خێزانێك رەگه‌زنامه‌ی عیراقی هه‌بێت و یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كەی له ده‌ره‌وه‌ی سنوور بێت، ئەوا هه‌مان رێنمایی ده‌یگرێته‌وه بۆ راگواستن، پێویسته ناسنامه‌یان لێ وه‌ربگێرێته‌وه.
بڕگه‌ی سێیه‌م: ئه‌و خێزانانه‌ی رێنماییه‌كان ده‌یانگرێته‌وه پێویسته له رێگەی كۆنسوڵی ئێرانه‌وه رابگوێزرێن، ئه‌گه‌ر نه‌كرا، پێویسته له رێگەی سنووره‌كانه‌وه رابگوێزرێن.
رژێمی بەعس به مه‌بەستی جینۆسایدكردنی فه‌یلییه‌كان له‌نێوان ساڵانی -1980 1988 چه‌ندین بڕیاری تایبه‌تی سه‌باره‌ت به راگواستن و له ناوبردنیان دەرکرد، ئه‌وانیش بریتیبوون له:
-1 بڕیاری ژماره (1468) له 14ی ئه‌یلولی 1980.
-2 بڕیاری ژماره (1610) له 23ی كانوونی یه‌كه‌می 1982.
-3 بڕیاری ژماره (1194) له 2ی تشرینی دووه‌می 1983.
-4 بڕیاری ژمارە (329) له 15ی ئازاری 1984.
-5 بڕیاری ژماره (456) له 15ی نیسانی 1984.
-6 بڕیاری ژماره (363) له 27ی نیسانی 1986.
-7 بڕیاری ژماره (722) له 15ی ئه‌یلولی 1987.
له ئه‌نجامی ده‌رچوونی ئه‌م بڕیارانه‌دا، فه‌یلییه‌كان رووبه‌ڕووی جینۆسایدێكی به به‌رنامه‌كراو بوونه‌وه، هه‌موو ئه‌مانە بوون به هۆكاری له‌ناوبردنیان، به ته‌واوی هه‌موو جۆره‌كانی جینۆسایدكردنیان رووبه‌ڕووكرایه‌وه، له‌وانه:
یه‌كه‌م: جیاكردنه‌وه‌ی فه‌یلییه‌كان به‌پێی ته‌مه‌ن له ره‌گه‌زی (نێر)، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌نێوان (14-60) ساڵدا بوو، بردنیان بۆ زیندانه‌كان و ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تەمەنیان (18) ساڵ به سه‌ره‌وه بوو ناچار ده‌كران ببن به سه‌رباز، یان له سێداره ده‌دران.
دووه‌م: رێگه‌گرتن له زۆربوونیان، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی پێنه‌دانی ره‌گه‌زنامه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیکەوە پیاوان هانده‌دران به ته‌ڵاقدانی خێزانه‌كانیان كه ته‌به‌عیه‌ی ئێرانین و پاداشتكردنیان به پاره، لێره‌دا مه‌به‌ستیان ئه‌و پیاوانه‌بوون هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ ژنە فه‌یلییه‌كاندا كردبوو.
سێیه‌م: ده‌ستگرتن به سه‌ر ماڵ و سامانی كورده فه‌یلییه‌كاندا له لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه، به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی، دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر پیاوانی حكومه‌تدا.
چواره‌م: ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له فه‌یلییه‌كان، له رێگەی راگواستنی زۆره‌ملێ بۆ ئێران، به جۆرێك له 65 ٪ کوردە فه‌یلییه‌كان ئاواره‌ی ئێران بوون، ئه‌مه‌ش هۆكار بوو بۆكه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌یان له عیراقدا.
پێنجه‌م: كوشتن و له‌ناوبردنی كورده فه‌یلییه‌كان، له‌وكاته‌دا به‌پێی به‌ڵگه رەسمییەکانی حكومه‌ت (380) هه‌زار كه‌سیان به‌بێ ره‌چاوكردنی ره‌گه‌ز و ته‌مه‌ن لێ كوژراو بێسه‌روشوێن كران، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بوو له كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره و پێگه‌یان له عیراقدا و كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانیان دروستكرد.
به شێوه‌یه‌كی گشتی فه‌یلییه‌كان له ماوه‌ی (1980-1988) رووبه‌ڕووی جینۆسایدێكی به به‌رنامه و پلان كرانه‌وه و راسته‌وخۆ له لایه‌ن رژێمی بەعسەوە جێبه‌جێده‌كرا، هه‌موو جۆره‌كانی جینۆسایدیان رووبه‌ڕووكرایه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ژیانی فه‌یلییه‌كان كرد، به شێوه‌یه‌ك بۆ چه‌ند ده‌یەیه‌كی دیکە ئاسه‌واری ده‌مێنێته‌وه.