بیری عەلو عەنتەر، دەکەوێتە سنووری قەزای تەلەعفەر، هەروەک پێشی دەگوترێ بیری کۆتران (الحمام)، چاڵێکی گەورەیە، لە سەرەتای دروستبوونییەوە تائێستا پێی نەزانراوە، بەڵام شارەزایانی جیۆلۆجی لەکاتی سەردانیاندا بۆ ئەو شوێنە، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای ئەوەی دەستیان بەسەر سنووری شەنگالدا گرت، ئەو چاڵەیان بۆ تاوانی جینۆسایدکردنی خەڵکی مەدەنی ئێزدییەکانی سنوورەکە بەکارهێنا.
بیری عەلو عەنتەر دەکەوێتە رۆژئاوای گوندی «بڵک قوت» بە دووری دوو کیلۆمەتر، لەلای رۆژئاواشەوە بە دووری یەک کیلۆمەتر لە رێگای سەرەکی نێوان تەلەعفەر و عەیازییە دوورە، سێ کیلۆمەتر لە چیای ساسان و شەش کیلۆمەتر لە ناحیەی عەیازیی سەر بە قەزای تەلەعفەرەوە دوورە، چاڵەکە (بیری عەلو عەنتەر) پێنج کیلۆمەتر لە قەزای تەلەعفەر دوورە و 65 کم لە سەنتەری پارێزگای نەینەواوە دوورە.
چاڵەکە بە گوێرەی شارەزایان و ئەوانەی لەو سنوورەدا دەژین، قووڵییەکەی 32 مەتر دەبێ و رووبەرێکی فراوانی گرتووە کە تیرەکەی نزیکەی 2000 مەتر دەبێت، لە هەندێک شوێندا بەهۆی رووخانی بەرزییەکەی بۆ 12 مەتر کەمبووەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی قووڵی ئەو چاڵە لەنێوان 12 بۆ 32 مەتردا دەبێت، ئەو لایەی کە تیرۆرستانی داعش بەکاریانهێناوە بۆ کۆمەڵکوژی قووڵییەکەیەتی و نزیکەی 32 مەتر.
دوای ئەوەی گروپی تیرۆریستی داعش ساڵی 2014 دەستیان بەسەر سنووری شنگال و دەشتی نەینەوادا گرت، ئەو چاڵەیان کردە دۆزەخی مەرگی سەدان خەڵکی مەدەنی ئەو سنوورە، چەندان کەسیان هەڵدایە ناو ئەو چاڵەوە.
ئەو چاڵە چۆن دۆزرایەوە؟
بە حوکمی ئەوەی چاڵەکە لە نزیک قەزای تەلەعفەر و چەند گوندێکی سنوورەکەیە، خەڵکی ناوچەکە زانیارییان لەسەر ئەو چاڵە هەبوو و دەیانزانی کە داعش تاوانی تێدا کردووە، دوای رزگارکردنی سنوورەکە لە دەستی چەکدارانی داعش، پشتبەستوو بە زانیاریی شایەتحاڵەکان، ئیدارەی سنوورەکە لەسەر داوای کەسوکاری قوربانیانی دەستی داعش داوایانکرد بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنە بکرێت.
لە 18/1/2018 بۆ یەکەمجار تیمی تایبەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەر بە فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدانی عیراق بۆ گەڕان و کنەکردن سەردانی ئەو شوێنەیان کرد، بەڵام لەبەرئەوەی شوێنەکە ئارام نەبوو نەیانتوانی دەستبەکاربن.
بۆ جاری دووەم لە 18/1/2021 جارێکی دیکە تیمەکان سەردانی ئەو شوێنەیان کرد، بەڵام بەهۆی قووڵی و دوورەدەستی نەیانتوانی بچنە خوارەوەی چاڵەکە، لەبەر ئەوەی قووڵییەکەی 32 مەترە.
لە 9/11/2021 تیمی تایبەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە مەبەستی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی ناو چاڵی عەلو عەنتەر پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کرد، بۆ ئەوەی بەپێی بڕگەی شەش بتوانن دەست بە هەڵدانەوە و هەڵگرتنەوەی رووفاتەکان بکەن، ئەوەش پێویستی بەوە بوو لیژنەیەک بە سەرپەرشتی قازی و ئەو لایەنانەی بەپێی یاسای ژمارە پێنج-ی 2006 دیاریکراوە پێکبهێنرێت، لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی کەیسەکە رەنگێکی نێودەوڵەتی وەربگرێ پەیوەندی بە تیمی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد ـ UNITIAD)ەوە کرا، تاکو ئەوانیش ئامادە بن و داوایان لە رێکخراوی ICMP کرد، ئەوانیش ئامادەبن.
وەک هەنگاوی یەکەم لە 4/5/2022 تیمی تایبەت چواردەوری چاڵەکەی سیم کرد، بە مەبەستی دەستکردن بە هەڵگرتنەوەی رووفاتی قوربانییان و بە هاوکاریی یونیتاد توانرا نزیکترین شوێنی چاڵەکە دیاری بکرێت کە بەرزییەکەی 12 مەتر دەبوو، تا پلەکانی لێ دابنرێت، بەڵام دواتر هەروەک بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زیا کەریم ئەلساعدی پێی گوتین، نەدەکرا ئەو هەموو کارمەندە بە پلەکاندا بچنە خوارەوە، لەبەرئەوە بیرمان لەوە کردەوە کە ئەسکەلە دابمەزرێنین.
زیا کەریم ئەلساعدی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، 21/5/2024 تیمەکانمان کە پێکهاتبوو لە نوێنەری پزیشکی دادوەری وەزارەتی تەندروستی عیراق و شارەزایانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بە ئامادەبوونی هەردوو رێکخراوی نێودەوڵەتی یونیتاد و ئای سی ئێم پی، دەستکرا بە هەڵگرتنەوەی رووفاتی قوربانییان، بەڵام بەهۆی زۆریی رووفاتەکان لە لایەک و لە لایەکی دیکە پێدەچوو کە تیرۆرستانی داعش بە چەند قۆناغێک و لە چەند کاتێکی جیاوازدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدابێ، لەبەرئەوەی ئەوەی بەدیمان کرد رووفاتەکان ببوونە چەند چینێک و هەندێکیان مۆمیا ببوون لەناو قوڕدا.
لەبەرئەوە ئێمەش تیمەکانمان دابەشکرد و کارەکانمان کردە چەند قۆناغێک، رۆژی 27 ـ7 تاکو 8ـ8/2024 توانیمان بگەینە رووفاتەکان دوای ئەوەی خۆڵ و خاشاکی سەریمان پاککردەوە.
زیا کەریم ئەلساعدی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، گوتی: بە پێنج قۆناغ توانیمان رووفاتی 180 قوربانی پەیکەری تەواو B و 54 پەیکەری ناتەواو کە پێی دەگۆترێت BP، بەم شێوەیە دەربهێنرێت:
قۆناغی یەکەم: 31 حاڵەتی تەواو B، 11 حاڵەتیBP و 11 حاڵەتی بەڵگەی تاوان.
قۆناغی دووەم: 125 حاڵەتی تەواو B، 25 حاڵەتیBP و 39 حاڵەتی بەڵگەی تاوان.
قۆناغی سێیەم: 3 حاڵەتی تەواو B، 10 حاڵەتی BP.
قۆناغی چوارەم: 8 حاڵەتی تەواو B، 6 حاڵەتیBP و 2 حاڵەتی بەڵگەی تاوان.
قۆناغی پێنجەم: 13 حاڵەتی تەواو B، 2 حاڵەتیBP و 3 حاڵەتی بەڵگەی تاوان.
ئەمەش چیرۆکێکی دیکەیی تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
بابەتی زیاتر