جینۆسایدی كورد، لە باشووری كوردستان (عیراق) چەندین وێستگەی جۆراوجۆری بەخۆوە بینیوە، بەعس وەك پارتی فەرمانڕەوای عیراق لە ساڵی 1963 تا 2003 گەورەترین بەرپرسیارێتی تاوانەكانی جینۆسایدی دژ بە گەلی كوردی دەکەوێتە ئەستۆ، ئێمە لێرەدا ناتوانین هەموو وێستگەكانی ئەم تاوانە و تەواوی وردەكاری و لایەنە جیاجیاكانی روون بكەینەوە، بەڵكو دەكرێ‌ تەنها ئاماژە بە ناوی تاوانەكان بكەین، بۆ نموونە (تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ‌، تاوانی جینۆسایدی بارزانییەكان، تاوانی جینۆسایدی ئۆردوگای زێوە، تاوانی جینۆساید و كیمیابارانی هەڵەبجە، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، تاوانی راگواستن لە سنووری بەدرە و مەندەلی و خانەقین تا دەگاتە خورماتوو، كەركوك و مەخمور و شنگال و دەوروبەری)  لەناو ئەم تاوانانەدا، تاوانی جینۆسایدی (كوردانی فەیلی) یەكێكە لە دڕاندانەترین تاوانەكان كە رژێمی بەعسی فەرمانڕەوای لەگۆڕنراو، لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆی لە 1963 بۆ 2003 و بە دیاریكراوی لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ئەنجامیداوە.
 بە دروستی لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی بیستدا، رژێمی بەعس شاڵاوی كۆمەڵكوژیی فەیلییەكانی دەستیپێكرد و لەوکاتەدا 40 هەزار خێزانی كوردی فەیلی بۆ ئێران راگوێزران، ساڵی 1980 بەپێی بڕیاری ژمارە 666 وەزیری ناوخۆی رژێمی بەعس، فەرمانی وڵاتبەدەركردنی كوردە فەیلییەكان لە فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆی رژێمی بەعسدا هاتبوو: ئەو ئێرانییانەی لە وڵاتدان و رەگەزنامەی عیراقییان نییە، هەروەها ئەوانەش كە مامەڵەیان كردووە و بڕیاریان لەبارەوە بۆ دەرنەچووە دەردەكرێن.
لە هەمانكاتدا بڕیارەكەی حكومەتی بەعس ئەوەشی تێدابوو: لاوانی كوردی فەیلی لە تەمەنی 18 تا 28 ساڵ، بگیرێن و لە بەندیخانەی پارێزگاكاندا تا ماوەیەكی نادیار دەستبەسەر بكرێن. بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆی رژێمی بەعس ئەوەشی دووپات كردووەتەوە: هەر كەسێك لەو كوردانەی ئاودیوی ئێران دەكرێن، ئەگەر هەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێبكرێت. واتا بكوژرێن و ئەمەش لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەدا بە روونی هاتووە.
 رۆژی 26/2/1981 لە رۆژنامەی سەورەی زمانحاڵی رژێمی بەعس (سەدام حوسێن) لەبارەی كوردە فەیلییەكانەوە دەڵێت:‌ ئەم توێژە لە عیراق ریشەكێش بكەن، تاوەكو خاك و هەوای عیراق پیس نەكەن و خوێنی عیراقیش پیس نەكەن، كاتێك لە رێگەی ژن و ژنخوازییەوە خوێنیان تێكەڵی خوێنی عیراقییەكان دەبێت.
سەرنجدان و وردبوونەوە لەم قسەیەی (سەدام) سەرۆكی رژێمی بەعس، بەسن بۆئەوەی تێبگەین كە شۆڤێنیەت و رادەی رەگەزپەرستی بیركرنەوەی حزبی بەعس و سەرۆك و سەركردە و حكومەتەكەی لە عیراق تا چ رادەیەك دژ بە مرۆڤ و هاوكات لە هەوڵی ئەوەدا بووە لە ناویان ببات، بە تایبەت ئەوانەی جیاوازبوون لەگەڵی و پێچەوانەی بەعس بیریان دەكردەوە، بەپێی زانیارییە بەردەستكەوتووەكان، پێش ساڵی 2003 زیاتر لە 200 هەزار کەس لە دانیشتووانی عیراق ئاوارە، یان راوەدووی ئێران نراون، 65 %ی ئەو ژمارەیە لە كوردی فەیلی بوون، تائێستاش زۆرێكیان لەو وڵاتە ماونەتەوە، ئەمە جگەلەوەی لە ماوەی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا هەزاران كوردی فەیلی زیندانیكراون و لە سێدارە دراون و كۆمەڵكوژ كراون، سەرچاوەی دیکەش هەیە و جەختدەکاتەوە کە ساڵی 1971، 40 هەزار خێزانی كوردی فەیلی كە ژمارەیان  180 هەزار كەس دەبوون، دەستگیرا بە سەر موڵك و ماڵ و سامانیاندا و ئاودیوی ئێران كران، هەروەها 300 هەزار كوردی دیکەی فەیلی ساڵی 1980 ئاودیوی ئێران كران بە بیانووی ئەوەی ئەوانە بە رەچەڵەك ئێرانین، لە كۆی ئەم 300 هەزار فەیلییە 15 هەزار گەنجیان لێ بێسەروشوێن كردن، تائێستا چارەنووسیان دیارنییە و بەڵگەش هەیە کە چەکی کیمیاییان لەسەر تاقیکراوەتەوە و کۆمەڵکوژکراون،  ژێدەر و ئاماری دیکەش زۆرن كە ژمارەی وەدەرنانی كوردە فەیلییەكان لە عیراق و زیندانیكردن و كوشتن و زەوتكردنی سەروەت و سامانیان و بێسەروشوێن كردنیان، بە چەند هەزار كەس هەژمار دەكەن، بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستی ئێمەدان، ئەوەشی كە سەرچاوە و بەڵگەنامەكان بۆ ئێمەیان ساغكردووەتەوە 380 هەزار كوردی فەیلی رووبەڕووی قڕكردن و جینۆسایدكردن بوونەتەوە و ئاسەوارەكانیشی تائێستا ماون و بۆ چەندین دەیەی دیکەش هەردەمێنن.
 لە راپۆرتی دەستەی پارێزەرانی دۆسێی فەیلییەکان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، هەرچی زانیاریی و وردەكارییە تایبەت بە راگواستن و دەركردن و زیندانیكردن تادەگاتە جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان وەك خۆی و لە ئاستی پێویستدا هاتووە و خراوەتەڕوو، ناوەرۆكی ئەم راپۆرتەی دەستەی پارێزەرانی بەرگریكاریش لە دۆسێكە، وا دەكات لە ئاكامدا دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق دۆسێی فەیلییەكان وەك تاوانی جینۆساید بناسێنێ‌ و بڕیاری لەبارەوە بدات.
 راپۆرتەکە بەڕوونی ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە دەکات: «سڕینەوەی ناسنامە و راگواستنی كوردە فەیلییەکان بۆ ئێران، دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەیان، بێسەروشوێنكردن و لەسێدارەدانی گەنجانی كوردی فەیلی، بێسەروشوێنكردنی 15 هەزار گەنجی فەیلی کە تا ئەم ساتەوەختەش چارەنووسیان نادیارە. بە پشتبەستن بە 34 بەڵگەنامەی دام و دەزگا (ئیداری، سەربازی، هەواڵگری، ئەمنی و حزبی)یەكانی رژێمی بەعسی لە گۆڕنراو، ئەو چوار راستییەی سەرەوە سەلمێنراوە و خراوەتە بەردەست سەرۆكایەتیی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، هەروەك 8شایەتحاڵ لە دادگا بە بەڵگەی تەواو قسەیان بۆ دەستەی پارێزەران و دادگا كردووە و بە رەوانی تاوانی جینۆسایدی فەیلییەكانیان سەلماندووە، ئەمە جگە لە سەدان بەڵگەنامەی دیکە کە لێرەدا بواری باسکردنیان نییە.
 گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوون دۆسێی كۆمەڵكوژ (جینۆساید) كردنی كوردی فەیلی لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، لە دوای رووخانی بەعس  ساڵی 2003 بووە یەكێك لە دۆسێ گرنگ و پڕ بایەخەكان، یەكەم هەنگاو بە ئاراستەی گەڕانەوەی ماف بۆ كوردە فەیلییەکانی راگوێزراو بۆ ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە، لە ساڵی 2006 یاسای رەگەزنامەی عیراقی، بڕیاری ژمارە 666ی هەڵوەشاندەوە و پوچەڵكردەوە، ئەم بڕیارە مافی هاووڵاتیبوونی بە كوردی فەیلی لە عیراقدا نەدەدا، ئەمەش هەنگاوێكی ئەرێنی بوو بۆ وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتیبوون لەلایەن زۆربەی ئەو كوردە فەیلییانەی ئەم مافەیان بەپێی بڕیاری ناوبراو لێزەوتكرابوو، لەگەڵ ئەمانەشدا دۆسێی تاوانی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، یەکێک بوو لە دۆسێ ئاڵۆزەکان لە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق، ئەنجام بڕیاری پێویستی وەک تاوانی جینۆساید لەبارەوە دراو سەرباری ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکرابوون بڕیاریان لەسەردرا، سەدان تۆمەتبار هەن لە دۆسێکەدا هێشتا دەستگیر نەکراون!
 بەپێی ئەو پشكنین و سەرنج و خوێندنەوانەی لەبارەی جینۆسایدی فەیلییەکانەوە کراون و بەردەستن، پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:
 یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، سەبارەت بە دۆسێی جینۆسایدی كوردە فەیلییەکان، بە بڕیارێك حكومەتی عیراق پابەند بكات بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بڕیارەكەی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، بۆ:
 أ‌- بە رەسمی داوای لێبوردن لە كوردە فەیلییەکان بكات سەبارەت بەو تاوانەی بەرامبەریان کراوە، وەك: میراتگرەوەی حكومەتی پێشووی عیراق.
ب‌- حكومەتی عیراق بە رەسمی قەرەبووی تەواوی زیانە ئابوورییەكانی بەركەوتووانی تاوانەكە بكاتەوە و بۆ ئەمەش بە رەسمی رایبگەیەنێ‌ و بەرپرسیاریتی خۆی جێبەجێبكات.
ت‌- تەواوی ئەوانەی بەشداربوون لە تاوانەكەدا شوێن و جێگەیان بدۆزرێتەوە و بە ئاشكرا دادگایی بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
پ‌- لە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، شوێن و جێگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كوردە فەیلییەکان بدۆزرێنەوە و هەڵبدرێنەوە و گۆڕستان و مۆنۆمێنتی شیاو و شایستەیان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان بۆ دروستبكرێت‌.
دووەم: ناوەندێكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و دۆكیۆمێنتكردن و ئەرشیفكردن، لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان بكرێتەوە و توانای دارایی و مرۆیی و زانسی و ئەكادیمی و ئەزموونی كاركردنی پێویستی بخرێتە بەردەست.
 سێیەم: تەواوی شەهید و قوربانییەكانی جینۆسایدی فەیلییەكان بە رەسمی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە تۆماربكرێن و سوودمەند بكرێن لە ئیمتیازاتەكانی قوربانیانی جینۆساید و شەهیدان.
 چوارەم: سیمبولی جینۆسایدی كوردە فەیلییەکان لە عیراق و كوردستان (بەغداد - هەولێر) دروستبكرێن، بە شێوەیەكی شایستە.
 پێنجەم: لەسەر ئاستی ئەوروپا و خۆرئاوا، وڵاتانی هەرێمایەتی و دراوسێی عیراق، عیراق و كوردستان هەوڵی ناساندنی تاوانی جینۆسایدی كوردە فەیلییەکان بدەن.
 شەشەم: هەوڵی جددی بدرێ‌، بۆئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردی فەیلی لە عیراق و ئێران و كوردستان بەهێزبكرێ‌ و بكرێنە بەشێك لە هەوڵەكانی ناساندنی تاوانی جینۆساید لە دژیان.
دوا سەرنج سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی هێرش و پەلامار بۆ سەر كوردە فەیلییەکان، رای جیاواز هەیە، یان راستر ئەوەیە بڵێین ئەوان بەردەوام لە بەردەم هێرش و پەلاماردابوون و ستەمیان لێكراوە، بەڵام هەم كوردە فەیلییەکان خۆیان و هەمیش بەڵگەنامەكان و سەرچاوەكان ئەوە دەسەلمێنن، لە رۆژی 7-4-1980 بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عیراق (بەعس)، سەدان بازرگانی كوردی فەیلی لە هۆڵی شەعب، بە پاساوی پێدانی مۆڵەتی هاوردەكردنی كەلوپەلی نوێ‌ كۆدەكرێنەوە، ژمارەیان نزیكەی 900 بازرگان بوون و 400 بازرگانی كوردی فەیلی تێدابووە، سەرەتای مەراسیمەكە بە وتەیەكی تەها یاسین رەمەزان كە بارگاوی بوو بە رەگەزپەرستی كرایەوە و هەر لەوێدا بڕیاردرا هەموو بازرگانە كوردە فەیلییەكان لە دەرگای پشتەوە بكرێنە دەرەوە و دوای كردنە دەرەوەیان، راستەوخۆ كۆمەڵێك پاسیان بۆ ئامادەكردبوون و بەرەو سنووری نێوان (عیراق - ئێران) یان بردن، ئەوان هیچیان پێنەبوو تەنیا ناسنامەكانیان و سویچی ئۆتۆمبێلەكانیان نەبێ‌، ئەم بازرگانانە و نزیكەی 500 هەزار كوردی فەیلی لەبەر رۆشنایی بڕیاری ژمارە 666 كە لە 7-5-1980 دەركران، لە رۆژنامە رەسمییەکانی عیراق بڵاوكرایەوە، لە نیشتمانی خۆیان دەركران و ناسنامەی هاونیشتمانییان لێسەندرایەوە و هەرچی سەروەت و سامانیان بوو دەستی بەسەرداگیرا، راستە بڕیارەكە 7-5-1980 دەرچووە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە 7-4-1980 رۆژی یادەوەری تاوانی جینۆساید و وەدەرنان و ستەمكردنە لە كوردە فەیلییەکان لە عیراقدا، چونكە وەك ئاماژەمان پێكرد لەم رۆژەدا 400 گەورە بازرگانی كوردی فەیلی ناسنامەی هاونیشتمانی بوونیان لێدەسەنرێتەوە و رەوانەی ئێران دەكرێن.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved