ئامادەکردن - باهۆز ئاسۆ




ململانێ و جەنگی سێقۆڵی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل کە ئێستا لە قۆناغی ئاگربەستدایە، لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی جەنگەکانی مرۆڤایەتیدا نیشاندا و کۆمەڵێک چەکی نوێ هاتنە ناو جیهانی ململانێکانی مرۆڤەوە. لەم سەردەمەدا وڵاتانی زلهێز بۆ چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری و رێنمایی هێرشە ئاسمانییەکان، پشتیان بە تەکنۆلۆژیای وەک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەستووە و بوونەتە چاو و گوێیەکی گرنگ بۆ بە دەستهێنانی زانیاری و کۆنتڕۆڵی سەنگەر لە بەرەکانی جەنگدا، هەروەها دەتوانن مووشەک و تەقەمەنی هەڵبگرن و بە وردبینییەکی بەرزەوە ئامانجەکانیان بپێکن و بۆ چەندین سەعات لە ئاسماندا بە بەرزیی بفڕن، ئەمەش وایکردووە زۆر بەسوود بن و وەستاندنیان قورسبێت، سەرەڕای کاریگەریی بەهێزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەم جەنگە سێقۆڵییەدا. لەبەرامبەردا جۆرێکی نوێ لە سیستمی بەرگریی دژە ئاسمانی سەریهەڵداوە، بێدەنگ، نەبینراو و کوشندە، ئەم سیستمە لە رێگەی گەرمی و هەستەوەرەکانەوە شێوازێکی نوێی بەرگرییان دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێناوەتە ئاراوە، کە لە توانایدایە بەبێ ئاگادارکردنەوە لێیانبدەن و بەرپەرچیان بدەنەوە.
درۆن و سیستمی بەرگری
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، یان بە بەکارهێنانی سیستمی تایبەت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆیان دەفڕن، یەکێک لە بەناوبانگترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان فڕۆکەی MQ-9 Reaper-ی ئەمریکا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیHermes-900 -ی   ئیسرائیلە کە لەم جەنگەدا بەکارهاتوون، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، زیاتر بۆ هەواڵگری و چاودێری و سیخوڕی بەکاردەهێنرێن، لەبەرامبەردا ئێران شێوازێکی جیاوازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەرەپێداوە، ئەمیان لەبری بەکارهێنانی سیستمی رادار کە دەتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بکرێت، سەرنجی لەسەر کۆمەڵە سیستمێکی تایبەت بەخۆیەتی، کە ئەم سیستمانە سیگناڵ نانێرن تا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بزانێت کەوا مەترسیی لەسەرە. ئەم ستراتیژە زۆر گرنگە، چونکە لە جەنگی هاوچەرخدا، زۆرێک لە فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وەرگری ئاگادارکردنەوەی رادارییان هەیە، کە ئاگاداریان دەکەنەوە ئەگەر رادار شوێنیان بزانێت، بەڵام ئەگەر سیگناڵی رادار نەبێت، ئەوا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نازانێت مەترسیی لەسەرە. بیرۆکەکەی ئێران سادەیە، بەڵام کاریگەرە، سیستمی بەرگریی شاردراوە، بە بێدەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەستنیشان دەکات و بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرش دەکاتە سەری.
مووشەکی 358  
لە ناوەندی سیستمی بەرگری ئێراندا چەکێک هەیە بە ناوی مووشەکی 358، کە مووشەکێکی ئاسایی نییە. زۆربەی مووشەکەکان هەڵدەدرێن و راستەوخۆ ئامانجەکەیان دەپێکن، بەڵام مووشەکی 358 جیاوازە. رێگریکەرێکی بەهێزە و دەتوانێت بۆ ماوەیەک بە دەوری ناوچەیەکدا بفڕێت و بەدوای ئامانجەکەیدا بگەڕێت، بە بزوێنەرێکی بچووکی جێت کاردەکات، ئەمەش رێگەی پێدەدات زیاتر لە مووشەکێکی ئاسایی لە هەوادا بمێنێتەوە. مووشەکەکە دەتوانێت بە خێرایی نزیکەی 740 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بڕوات و دەتوانێت تا  دووری 100 کیلۆمەتر لە شوێنی هەڵدانییەوە بفڕێت بۆ دۆزینەوە و لێدانی ئامانجەکان. ئەمەش ناوچەیەکی فراوانی پێدەبەخشێت بۆ سوڕانەوە.
چۆن ئامانجەکەی دەدۆزێتەوە؟
مووشەکی 358 لەبری رادار هەستەوەری پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت، ئەم هەستەوەرانە دەتوانن گەرمی و سیگناڵە ئەلیکترۆنییە بچووکەکان و شێوەی تەنەکان لە هەوادا دەستنیشان بکەن، ئەمەش واتە دەتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات بە شاراوەیی بمێنێتەوە. کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەدۆزێتەوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەوڕووی دەڕوات و پێویستی بە رێنمایی بەردەوام نییە لە زەوییەوە. ئەمەش وادەکات خـــــــۆپاراستن، یان هەوڵدان بـۆ ســـــــەرلێشێواندنی مووشەکەکـە لەلایـــــــــــەن فڕۆکە بێفڕۆکــــــەوانەکەوە ئێجگار قورس بێت. لەبەرئـــــەوەی هیچ سیگناڵێکــــــی رادار نییە، رێبەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە چ ئەگەر ئۆتۆماتیکی بێت یان لە دوورەوە کەسێک بەڕێوەی ببات، ناتوانێت بزانێت چی هەڵە روویداوە.
سیستمی مەجید
یەکێکی تر لە سیستمە گرنگەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی مەجیدە. ئەمەش سیستمێکی بەرگریی گەڕۆکە کە دەتوانێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە خێرایی بجووڵێت، بە پێچەوانەی سیستمە ئاساییەکانەوە ئەمیش رادار بەکارناهێنێت، بەڵکو کامێرا و هەستەوەری گەرمی بەکاردەهێنێت، هەستەوەری گەرمی دەتوانن گەرمی دەستنیشان بکەن، وەک گەرمیی بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نزیک دەبێتەوە، سیستمەکە بە بەکارهێنانی ئەم هەستەوەرانە ئامانجەکەی لەسەر قفڵ دەکات و مووشەکێکی بۆ دەتەقێنێت کە دوای گەرما دەکەوێت، کە بە مووشەکی ژێر سووری رێنماییکراو ناسراوە، ئەم مووشەکانە دەتوانن زۆر بە خێرایی بڕۆن، کە نزیکە لە دوو هێندەی خێرایی دەنگ و دەتوانن لە ماوەی نزیکەی 15 چرکەدا ئــــــامانجەکەیان بپێکێن، ئەمەش کاتێکی زۆر کەم بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەدەسەت دەخات بۆئەوەی خۆی بپارێزێت.

کۆن بەڵام نوێ
مووشەکەکانی وەک مووشەکی R-73 و مووشەکی R-27T لە سەرەتادا بۆ فڕۆکەی جەنگی دروستکرابوون. ئێستا ئێران گۆڕانکاریی تێدا کردوون بۆئەوەی بتوانن لە زەوییەوە هەڵبدرێن، یان لەسەر گوێزەرەوەکانی وەک ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە جەنگییەکان دادەنرێت، کە ئەمەش وادەکات شوێنگۆڕکێ و شاردنەوەیان ئاسان بێت، ئەم مووشەکانە رێنمایی رێنیشاندانی بە گەرمی بەکاردەهێنن، واتە شوێن گەرمی دەکەون. ئەمەش رێگەیان پێدەدات بەبێ رادار شوێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدۆزنەوە، هەروەها توانای جموجۆڵکردنی بەهێزیان هەیە کە وایان لێدەکات کاریگەر بن لە بەرامبەر ئامانجە جووڵاوەکاندا.
چەن چینێک لە سیستمی بەرگری 
ئێران تەنیا پشت بە یەک سیستم نابەستێت. بەڵکو زۆرێک لە سیستمەکان کۆدەکاتەوە بۆ بەدەستخستنی تۆڕێکی بەرگری کە پێکەوە کاردەکەن و چەند چینێک لە بەرگری ئاسمانی دروست دەکەن، مووشەکی 358 لە مەودایەکی دوور و بەرز کاردەکات، دەتوانێت فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان ناچار بکات ئاراستە بگۆڕن، یان نزمتر بفڕن. کاتێکیش دێنە ئاستی فڕنێکی نزمتر، دەبنە ئامانجی سیستمی مەجید و مووشەکەکانی دیکەی سەر زەوی، ئەمەش چەندین چین لە مەترسی دروست دەکات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە سیستمێک رزگاری بێت، لەلایەن سیستمێکی دیکەوە دەکرێتە ئامانج. چونکە ئەم سیستمانە بێدەنگ و شاراوەن، زۆر سەختە نەخشەسازی، یان پێشبینیکردنیان بۆ بکرێت کە لە کوێدان، هەروەها یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی سیستمی ئێران جووڵەیە. سیستمی هەڵدانیان بە شێوەیەکە کە دەتوانن دوای تەقاندنیان بە خێرایی جموجۆڵ بکەن. ئەمەش وا دەکات دۆزینەوە و لەناوبردنیان قورس بێت.
 تێچوون
فاکتەرێکی گرنگی دیکە بریتییە لە تێچوون، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وەک MQ-9 Reaper نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. لەدەستدانی تەنانەت چەند دانەیەکیشیان زۆر گرانە. لە لایەکی دیکەوە، رێگریکەر و مووشەکە دەستکاریکراوەکانی ئێران زۆر هەرزانترن. ئەمەش ناهاوسەنگی تێچوون دروست دەکات. ئێران توانای لەدەستدانی زۆرێک لەوانی هەیە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن بە ئاسانی شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەدەستچووەکان پڕبکەنەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ژمارەیەکی کەم لە هێرشە سەرکەوتووەکان دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان هەبێت.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved