(کۆمەڵە وتار)
وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ڕەسول ئیبراهیم
پێشەکی ئەکادیمیا
ئەم نامیلکەیە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە لەلایەن چەند نووسەر و ڕووناکبیری پێشکەوتووی عەرەب لە ساڵانی ١٩٦٣ - ١٩٦٥ نووسراون. پێشەکی دەقە عەرەبییەکەی ئەم نامیلکەیە بە ناوی "دۆستانی گەلی کورد لە وڵاتانی عەرەب" نووسراوە و لە ساڵی ١٩٦٥دا بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەو وتارە ڕۆژنامەوانیانە گوزارشتن لە ڕووداو و هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەو کاتی ڕژێمی بەعسی عەرەب لە عێراق و ڕەوشی شۆڕشی کورد، و هەڵوێستی بوێرانەی نوخبەیەک لە نووسەرانی پێشکەوتووخوازی عەرەب لەو سەردەمەدا کە لەژێر کاریگەری بیری سۆسیالیستیدا نووسراون.
سەرباری بوونی ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی لە ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەدا بەتایبەتیش لە وڵاتی لوبنان بڵاوکراونەتەوە، کە ناوەندی دەنگی ناڕەزایانەی عەرەب بووە بۆ پشتگیری لە دۆزی کورد و دۆزە ڕەواکانی دنیای عەرەب، ئەو وتارانە لە کاتی خۆیدا زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوون بۆ سەرانی فەرمانڕەوایانی عێراق. بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەک هەر دەستیان لە سیاسەتی شۆڤێنیانەیان هەڵنەگرت لەبەرامبەر دۆزی کورد، بەڵکو قۆناغ لە دوای قۆناغ توندوتیژانەتر ڕووبەڕووی خواست و ویستە ڕەواکانی گەلی کوردستان بوونەوە تا گەیاندییە سیاسەتی سوتماککردنی خاک و پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کورد. لە ڕەوتی مێژووی عێراقدا، بەعسیزم لە پڕۆسەی توندوتیژیدا نامرۆڤانەترین سیاسەتی قڕکردنی تۆمارکرد، هەر ئەو سیاسەتە شۆڤێنیانەیەش ئەو ڕژێمەی پێچایەوە و بۆ دواجار خستییە زبڵدانی مێژووەوە.
ئەوەی لە شەستەکاندا بەشێک لەو ڕووناکبیرە عەرەبانە بۆ کوردیان پێشنیار کردبوو، ئەمڕۆ بە زیادەوە وەدەستهاتووە. ئەوە ماوە دونیای عەرەب بەگشتی و عێراق بەتایبەتی گەلی کوردستان بخەنە بەردەم ڕاپرسییەکی ئازادانەی ئارەزوومەندانەوە لەوەی لەگەڵ عێراق بمێننەوە یا دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن، وەک ئەوەی لە بۆچوونی محەمەد نێلنەقاشدا هاتووە لە یەکێک لە وتارەکانی ئەم نامیلکەیەدا.
سەرپەرشتیار
پێشەکی وەرگێڕ
ئەوەی لە مرۆڤدا دەگوزەرێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کوردستان و عێراقدا دووبارەبوونەوەی قۆناغەکانی ڕابردووە. ڕەنگە نەگەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و خۆدزینەوە و پێشێلکردنی تەنانەت ئەو بەندە یاساییانەش کە لە دەستووری عێراقدا لەمبارەیەوە دانراون، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرا بێت. ئەوە سەرباری کێشەی داهات و نەوت و هێزەکانی پێشمەرگە و دەیان کێشەی دی کە هەر بەشێکی ئەو داخوازیانەی کورد بوون لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا بوونە هۆی ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی سیاسی کورد و بەغدا. ئەگەرچی لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی، هێز یان دەسەڵاتی نوێ بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بە کورد داوە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتگیری کورد بۆ خۆی، بەڵام هەر زوو دوای بەهێزبوونی پێگەی لە دەسەڵاتدا، نەک هەر پشتی لە داواکارییەکانی کورد کردووە بەڵکو جوڵانەوەکەشیانی بە دەستی بێگانە و داگیرکەران و "ئیسرائیلی دووەم" ناوبردووە و بۆ لەناوبردنیشی سڵیان لە هیچ ڕێگەیەکی خراپ نەکردووەتەوە.
بۆیە ئەو بارودۆخەی کورد پێیدا تێپەڕبووە لە چەند هۆکارێک بەدەر نەبووە، لەوانە:
لاوازی دیپلۆماسیەتی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان کە زۆرجار باسی لێوەکراوە و دەکرێت. خۆشبڕوایی بە بەڵێنەکانی سەرانی دەسەڵاتی ناوەند و نەبوونی گەرەنتی جێبەجێکردنیان. یان بێبەڵێنی دەسەڵاتی ناوەند و نەبوونی مەینی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بەکارهێنانی ئەو دۆزە لە ململانێ ناوخۆییەکانی عێراق و ناوچەکەدا. ڕۆڵی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی ناوچەکە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و کوردستان، بە واتایەکی دی بەکارهێنانی دۆزی کورد لە بەرژەوەندی باڵادەستی و هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابووری خۆیان لە ناوچەکەدا. ئەمەش نیشان دەدات کە عێراق بووەتە مەیدانی ململانێی بەرژەوەندی گشتی وڵاتان. هەموو ئەو بارودۆخانەش ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە کە ئەمەش خەسڵەتی بەردەوامی و خولی زانستی مێژووە.
بۆ گەلی عەرەبی بەڕێز و بەخشندە
دەوڵەتی عێراق بەو سنوورە سیاسییە جوگرافییە دەوترێت کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە جەستەی دەوڵەتی عوسمانی جیاکرایەوە و دامەزرا. هەر سێ ویلایەتی بەغدا، بەسرە و موووسڵی گرتەخۆ، بەو هۆیەوەش بەشێکی کوردستان بە دانیشتووانەکەیەوە کە کورد بوون کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتەوە، بە بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کۆمەڵەی گەلان کە تایبەت بوون بە مافەکانی گەلی کورد لە پێدانی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا.
بەڵام ئەو سیاسەتەی کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پەیڕەویان کرد، پێچەوانەی خواستەکانی کورد بوو، بەو هۆیەوەش نەیانتوانی کورد بە پێدانی مافە ڕەواکانی قایل بکەن. ئەو ماوەیەش کە نزیکەی نیو سەدە درێژەی کێشا، شێوازی جیاجیای لە پەیوەندی نێوان کورد و حکومەتەکانی عێراقی بەخۆوە بینیوە؛ ململانێی سیاسی و هەندێ جاریش بەیەکدادانی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویداوە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەمارگیرانە لەلایەن ئەو حکومەتانەوە بەرامبەر بە داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد، لەکاتێکدا بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لیژنەیەکی سەر بە کۆمەڵەی گەلان پێشکەشی کردبوو، دان بە مافەکانی کورددا نرابوو.
ئەوانەی بە جوداخواز ناویان دەبەن، نیوە لە کێشەکەیان تێنەگەیشتوون
چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا لەسەر سێ بنەما دەبێت: پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری عێراقدا. یان بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووس لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. وە یان ڕەخساندن و بەرقەرارکردنی دیموکراسی.
له ڕاستیدا لەلایەن ناوەندە پەرلەمانی و فەرمییەکانەوە گرنگییەکی زۆر بە ڕووداوەکانی عێراق دەدرێت (ناوەندی پەرلەمانی مەبەست وڵاتانی عەرەبە) و ڕێگرتن لە خوێنڕشتن لە عێراقدا و ڕەخساندنی کەشێکی دیموکراسیانە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا بە پێویست دەزانێ؛ شادبوونی هەر ڕەگەزێک بە مافی خۆی لەسەر بنەمای تێگەیشتن و سوودگەیاندن بە یەکێتی نیشتمانی لەبری پەنابردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ بەکارهێنانی هێز و هەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆیان بەرامبەر بە کورد لە باکووری عێراقدا.
بۆ نموونە لەم بارەیەوە، موحسین سەلیم نوێنەری بەیرووت لە پەرلەمانی لوبنان لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بارودۆخی عێراق و داواکارییە ڕەواکانی کورد وتوویەتی:
"من لە دوو ڕووەوە سەەیری کێشەکە دەکەم؛ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان کورد و عەرەب لە لایەک، لە ڕوانگەی بارودۆخی لوبنانەوە بە ئاراستەی پێدانی مافی چارەنووس لە چوارچێوەی عێراقدا بە گەلی کورد لە لایەکی ترەوە، واتە داننان بە نیمچە سەربەخۆیی خۆیان."
بەڕاستی داواکارییەکانی کورد لە عێراقدا پەیوەستە بە دیموکراسییەوە وەک هەر گەلێکی دی کە مافی چارەنووسی هەیە، ئەمەش بنەمایەکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریان لەسەر داوە و هەموو دەوڵەتە ئەندامەکانی لەسەری ڕێککەوتوون. سیاسەتی دەرەوەی لوبنانیش لەسەر ئەم پرەنسیپە بیناکراوە و هەرواش بۆ کێشەکە دەڕوانێ. داواکاری کوردیش بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی عێراقدا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ داواکاری هەر گەلێکی دی کە داوای هەمان ماف دەکات نییە.
ڕۆژنامەی (نداء) - بەرواری ١٥ی حوزەیرانی ١٩٦٣ی زاینی
کوردەکان دەخوازن لەسەر شێوازی لوبنان چارەسەری کێشەکەیان بکرێت
شیکارییەکی دادپەروەرانەی دۆزی کورد لە عێراق
نووسینی: جوبران حایک
پێشتر میشال حلوەی هاوڕێم زنجیرە وتارێکی لە ئەوروپا لەسەر کێشەی کورد بڵاوکردەوە. لەو گەشتەی دواییمدا بۆ ئەوروپا، بەهۆی بینینی سەرکردەکان و نوێنەری خوێندکارانی کورد کە خەریکی بەستنی کۆنگرە بوون لە شاری میونشن، لە ناوەڕۆک و ڕاستی کێشەکە تێگەیشتم. بۆیە لێرەدا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەم: کێشەی کورد چییە؟ یان بە واتایەکی دی ناوەڕۆکی دۆزی کورد لە عێراقدا چییە؟ ئایا کۆتاییهێنان بە شۆڕشی کورد جێگای ئومێدە؟
له ڕاستیدا نووسین و سەرچاوەی زۆر لەسەر کێشەی کورد نووسراون. لێرەدا نامانەوێ بگەڕێینەوە بۆ بنچینەی مێژووی کێشەکە، بەڵکو ڕاکێشانی سۆزی عەرەب و جیهانە بەلای شۆڕشگێڕانی کورد لە باکووری عێراقدا، و ڕەواندنەوەی ئەو هەواڵ و بۆچوونانەیە کە پێیان وایە کورد لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەورەدایە کە بەشەکانی نیشتمانی کوردان لە تورکیا، عێراق، ئێران، سووریا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بگرێتەوە. هێشتا خەڵک ئەوەیان لەبیر نەچووە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمدا، لە تەنها کوردستانی ئێران بە سەرکردایەتی قازی محەمەد کۆمارێکیان دامەزراند کە لە چەند مانگێک زیاتر درێژەی نەکێشا و بە لەسێدارەدانی سەرۆکەکەی کۆتایی پێهات. ئەمجارەیان دۆزی کورد ئەهوەنتر و ئاسانترە و ئەوەندە ئاڵۆز نییە چارەسەر نەکرێت، بەڵکو پەیوەستە بە لەیەکگەیشتن و دادپەروەری و پاراستنی مافی یەکتری.
نەک دەوڵەتی سەربەخۆ
سەرنجمدا لەو ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن لیژنەی بەرگریکردن لە گەلی کورد لە ئەوروپا بڵاوکرانەوە، کە چۆن ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە لە دەزگاکانی هەواڵی جیهانەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا لە باکووری عێراق بڵاودەکرانەوە. لە ڕاستیدا کورد داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووری عێراقدا ناکەن و بۆ ئەوەش هەوڵ نادەن؛ ئەوان خواستی جوداخوازییان نییە هەروەک هەندێ پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن، وەک چۆن بەعسییەکان و شۆڤێنییە عەرەبەکان بە "شعووبی" ناویان دەبەن. ئایا ئەمە سووکایەتی یان شۆڕەیییە؟
ئەوان عەرەب نین
کوردەکانی عێراق موسڵمانن بەڵام عەرەب نین، ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە و بابەتی گفتوگۆ لەسەرکردن نییە، نابێت لە داننان بەو ڕاستییەدا خۆ بدزرێتەوە. پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە دۆزی کورد ئەمڕۆ و داهاتووش کێشەیەکە پەیوەندی بە ژیان و بژیوییەوە هەیە، بەر لەوەی کێشەی ڕەگەزی بێت. فەرامۆشکردنیان لە سەردەمە جیاوازەکاندا ناچاری کردوون داوای مافەکانی خۆیان بکەن، لەوانەش حوکمی زاتی، لەکاتێکدا کوردستانی عێراق ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی زۆر و زەوەندەی سروشتی، بەڵام گەلی کورد کەوتووەتە ژێرباری برسییەتی. بۆچی دەسەڵاتێکی خۆجێیی کوردی سەرپەرشتی بەرزکردنەوەی ئاستی بژیوی کورد نەکات؟
کۆی ئەو داواکارییانە لەو بیرخەرەوەیەدا هاتوون کە نوێنەرانی کورد لە (٢ی نیسانی ١٩٦٣ز) پێشکەش بە حکومەتی عێراقیان کردن (لەسەرکردەکانی کودەتای ٨ی شوبات)، کە کرانە بنەمای گفتوگۆی نێوانیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد. لە لێدوانی سەرکردەکانی کوردیشەوە بە ئاشکرا خراونەتە ڕوو، کە داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناکەن و نایانەوێ کوردستان لە بەشەکانی دی عێراق داببڕن، بەڵکو داوای دادگەری و یەکسانی دەکەن؛ داوا دەکەن لە چوارچێوەی عێراقدا دان بە بوونیان دابنرێت و ڕێز لە هەبوونیان بگیرێت. هەروەک کۆلۆنێل جەلال تاڵەبانی دەربارەی داخوازییەکانی کورد وتوویەتی:
"ئێمە پێشوازی لە چارەسەرکردنی کێشەکەمان دەکەین لەسەر هەمان شێوازی لوبنان، یان یەکێتی فیدراڵی لە ئەڵمانیا، یان هەر ڕێگەیەکی دادگەرانەی دی."
بەدیاریکراوی کوردەکانی عێراق داوای چی دەکەن؟
ئەوان چاویان لە پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی عێراق نییە، داوای وەزارەتی دەرهەکی و کارە دیپلۆماسییە گەورەکان و پۆستی نوێنەرایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناکەن؛ نە داوای دامەزراندنی لەشکری تایبەتی کوردی و مافی لێدانی دراوی خۆیان دەکەن، هەتا سەرپەرشتیکردنی نەوت کە لە نیشتمانی خۆیان دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت داوای ناکەن و دەیانەوێت ئەمەش لەژێر سەرپەرشتی و دەسەڵاتی ناوەندیدا بێت.