خەلیل عەبدوڵڵا
پێشەکی
لە دوای جەنگی یەکەمی جیهاندا چەند ڕێککەوتننامە و پەیماننامەیەک ئیمزاکران کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە هەبوو. یەکێک لەو پەیماننامانە، پەیماننامەی سێڤەر بوو کە لە ڕۆژی (١٠)ی ئابی ١٩٢٠ لە نێوان حکومەتی سوڵتانی عوسمانی و نوێنەرانی دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئەرمینیا، بەلجیکا، یۆنان، پورتوگال، ڕۆمانیا، سربیا، کروات، حیجاز و چیکۆسلۆڤاکیا ئیمزا کرا، کە لە چەند بەندێکیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە مەسەلەی کورد کردووە.
سێڤەر بە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنرێت کە بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو لە بەندەکانی (٦٢، ٦٣، ٦٤)دا ئاماژەی بە مەسەلەی کورد کردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە تورکیا هەموو ناوچە کوردنشینەکانی لەدەست دەدا کە مەبەست لێی کوردستانی تورکیایە. هەر بەپێی پەیماننامەی سێڤەر مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابین کرابوو، دواتر مافی سەربەخۆیی پێ بدرێت لە حاڵەتێکدا کە گەلی کورد داوای بکات و کۆمەڵەی گەلان پەسەندی بکات و تورکیای لێ ئاگادار بکاتەوە. بۆ جێبەجێکردنی، ئەو کاتە هاوپەیمانان ڕێگر نابن لە لکاندنی کوردستانی باشوور بەو دەوڵەتە کوردییەی پێشنیاز کرابوو.
کەچی پەیمانی لۆزان لە (٢٤)ی تەممووزی (١٩٢٣)دا هەموو مافەکانی گەلی کوردستانی دووتوێی پەیمانی سێڤەری پێشێلکرد و مەسەلەی گەلی کوردستانی لە مەسەلەیەکی دانپێدانراوی یاسای نێودەوڵەتییەوە هێنایەوە بۆ خاڵی سەرەتا و کردییەوە بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی. ئیدی لەو کاتەوە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە سەیر دەکرێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.
ئەو نەخشەڕێگایەی کە لۆزان کێشاویەتی بۆ بەرهەستبوونی دابەشکردنی کوردستان و هێشتنەوەی بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی، هێشتا بەرقەرارە و گەلی کوردستان وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو کەسێک مافی یاسایی خۆیەتی بە مافی چارەنووسی خۆی بگات و دەوڵەتی خۆی پێکبهێنێت، بەمەرجێک پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بگرێتەوە. بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو مەسەلەیە، بە پێویستمان زانی تیشک بخەینە سەر شوێنی کورد لە دەستووری دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، سوریا و عێراقدا.
یەکەم: پێگەی کورد لە دەستوورەکانی تورکیادا
دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەوڵەتی تورکیا دامەزرا. ئەم دەوڵەتە تا ئێستا سێ جار دەستووری داناوە، ئەوانیش: دەستووری یەکەم کە لە ساڵی ١٩٢٤ دانرا و لە ساڵی ١٩٣٧ هەموار کرا. دەستوورەکانی دیکەش هەر یەکەیان لە دوای کودەتایەکی سەربازی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٨٢ دانراون.
به شێوەیەکی گشتی، هەر سێ دەستوورەکە تەنها دانیان بە گەلی تورکدا ناوە و نکۆڵییان لە بوونی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناو تورکیادا کردووە. بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر پێگەی کورد لە دەستووری تورکیادا، بە پێویستی دەزانم شوێنی کورد لە دەستووری ١٩٨٢دا ڕوون بکەمەوە کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت. ئەم دەستوورە لە ١٧٧ ماددە پێکهاتووە.
لە دیباجەی ئەو دەستوورەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها هاووڵاتیی تورک مافی گوزەراندنی ژیانێکی ئاسوودەی هەیە لەژێر سایەی ڕۆشنبیریی تورکیدا. لەو دیباجەیەدا تەنها ئەو مافە بە هاووڵاتیی تورک دراوە و نکۆڵی لە بوونی هاووڵاتیانی نەتەوەکانی دیکە کراوە، بەوەش تەنها مافی هاووڵاتیبوون بە گەلی تورک دراوە.
لەو دەستوورەدا کۆسپێک دانراوە کە سێ ماددەی یەکەمی نابێت بگۆڕدرێت یاخود هەموار بکرێت. لە ماددەی سێی ئەو دەستوورەدا هاتووە کە دەوڵەتی تورکیا پێکدێت لە یەک نەتەوە لە یەک قەوارەدا، بەوەش بە ئاشکرا نکۆڵی لە بوونی گەلی کورد و هەموو گەل و پێکهاتەکانی تری ناو تورکیا دەکات.
لە ماددەی پێنجی دەستوورەکەدا باسی ئەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی دەوڵەت، دەستەبەرکردنی سەلامەتی و سەربەخۆیی نەتەوەی تورکە، ئەوەش بە مانای پاراستنی مافی نەتەوەی تورک و فەرامۆشکردنی مافی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە دێت.
لە ماددەی شەشی دەستووردا هاتووە کە سەروەری بۆ نەتەوەی تورکە، بەوەش بە مانای پێشێلکردن و فەرامۆشکردنی سەروەری نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە دێت.
ماددەکانی حەوت و نۆی دەستوورەکە، دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەریی بۆ نەتەوەی تورک قۆرخ و قەتیس کردووە و نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی لەو مافانە بێبەش کردووە.
لە ماددەی چواردەی دەستووردا هاتووە کە نابێت ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی دەستوور بەکاربێت بۆ پارچەپارچەکردنی دەوڵەت و نەتەوە یاخود هەڕەشە لە بوونی دەوڵەتی تورک و کۆمارەکەی بکات. ئەم ماددەیە دژی گەلی کورد و نەتەوەکانی ترە بۆ ئەوەی داوای مافی سەربەخۆیی و جیابوونەوە نەکەن.
لە ماددەی بیست و هەشتی دەستوورەکەدا هاتووە کە چاپەمەنی ئازادە و نابێت چاودێری بکرێت، کەچی لە ماددەی بیست و شەشدا هاتووە کە نابێت چاپەمەنی بە زمانە قەدەغەکراوەکان دەربچێت. ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە چاپەمەنییەکان تەنها بە زمانی تورکی دەبێت و ڕێگە بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە نادرێت، چونکە تەنها زمانی تورکی لە دەستووردا زمانی فەرمییە و زمانەکانی تر ڕێگەپێنەدراو و قەدەغەکراون.
سێیەم: پێگەی کورد لە دەستوورەکانی سوریادا
لە ساڵانی (١٩٢٠ - ١٩٧٣) چەندین دەستوور لە سوریادا دانراون، بەڵام لە هەموو ئەو دەستوورانەدا هیچ ماددە و بڕگەیەک بەدی ناکەیت کە دانی بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لەو وڵاتەدا نابێت. دەستووری ساڵی ١٩٧٣ کە دوا دەستوورە و سەرباری ئەوەی کە چەند جارێک هەموار کراوە، بەڵام تا ئێستا کاری پێدەکرێت.
با بزانین ئەم دەستوورە چۆن سەیری گەلی کوردی لەو وڵاتەدا کردووە؟
ماددەی یەکی دەستوورەکە سێ خاڵی لەخۆگرتووە. لە خاڵی یەکەمدا ناوی وڵات بە "کۆماری عەرەبیی سوریا" هاتووە، ئەوەش بە مانای ناساندنی ئەو وڵاتەیە وەک وڵاتێکی عەرەبی کە گوایە لە یەک نەتەوە پێکدێت، کە ئەویش نەتەوەی عەرەبە. بەوەش بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا نکۆڵی لە بوونی گەلی کورد کردووە. لە بەشێکی تری ئەم خاڵەدا باسی ئەوە کراوە کە ناکرێت دەستبەرداری هیچ بەشێک لە خاکی ئەو دەوڵەتە بکرێت، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ڕێگە بە هیچ گەلێک نادرێت کە داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە بکات، ئەوەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە دژی گەلی کورد لەو وڵاتەدا داڕێژراوە. لە خاڵەکانی دوو و سێی ماددەی یەکدا ئاماژە بەوە کراوە کە خاک و گەلی سوریا بەشێکن لە نیشتمان و نەتەوەی عەرەب، ئەوەش بە مانای نکۆڵیکردن دێت لە خاک و نەتەوەی کورد، بەڵکو بە بەشێک لە نیشتمان و نەتەوەی عەرەب لەقەڵەمی داون.
ماددەی چواری دەستوورەکە تەنها زمانی عەرەبیی بە زمانی فەرمی ناسیوە، ئەوەش بە مانای نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی دێت.
ماددەی هەشت، حیزبی بەعسی بە حیزبی سەرکردەی کۆمەڵگا و دەوڵەت داناوە، کە بە مانای بەرهەستکردنی سیستمی تاکحیزبی دێت کە دژ بە بنەماکانی دیموکراسی و فرەیییە.
ماددەی هەشتا و سێی دەستوورەکە، مەرجی ئەوەی بۆ پاڵێوراوی سەرۆک کۆمار داناوە کە دەبێت عەرەب بێت. ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیبوونە.
بەپێی بڕگەی یەکی ماددەی هەشتا و چوار، سەرکردایەتیی حیزبی بەعس پاڵێوراوی سەرۆک کۆمار بۆ ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) پێشنیاز دەکات. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە بێجگە لەوەی کە دەبێت پاڵێوراوی سەرۆک کۆمار عەرەب بێت، دەبێت سەر بە حیزبی بەعسی دەسەڵاتداریش بێت، ئەوەش بە مانای ئەوەیە هیچ نەتەوە و حیزبێکی تر ناتوانێت پاڵێوراوی هەبێت بۆ ئەو پۆستە.
چوارەم: پێگەی کورد لە دەستوورەکانی عێراقدا
بە پێویستی دەزانین، ئەگەر بە شێوەیەکی خێرا و ڕاگوزەریش بێت، چاوێک بە دەستوورەکانی پێشووی عێراقدا بخشێنین و بزانین لەو دەستوورانەدا تا چ ڕادەیەک دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا نراوە.
١- قانونی بنچینەیی ساڵی ١٩٢٥:
ئەمە یەکەم دەستووری هەمیشەیی عێراقە، کە بە قانونی بنچینەیی ساڵی ١٩٢٥ ناسراوە. ئەم دەستوورە لە سەردەمی پاشایەتی و لەژێر سایەی ئینتیدابی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ عێراق نووسراوە، کە ئەو کاتە هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەی لەخۆ گرتبوو، هێشتا کێشەی ویلایەتی مووسڵ یەکلا نەکرابووەوە. تا ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، کار بەو دەستوورە کراوە.
ئەگەر بە وردی سەیری هەر ١٢٥ ماددەکەی ئەو دەستوورە بکەین، دەبینین بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە ناو و مافەکانی گەلی کوردستان نەکردووە. ئەگەر پاساوی ئەوەش ئەوە بێت کە ئەو دەستوورە لە کاتێکدا نووسراوە کە عێراق تەنها هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەی لەخۆ گرتبوو و هێشتا کێشەی ویلایەتی مووسڵ یەکلا نەکرابووەوە و هەرێمی کوردستان نەخرابووە سەر دەوڵەتی عێراق، ئەگەر ئەو پاساوە تا ئەو کاتە ڕاست بێت، دواتر ڕەوایەتی نامێنێت، چونکە دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان خرایە سەر عێراق، کۆمەڵەی گەلان داوایکرد ئیدارەیەکی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان دروست بکرێت و زمانی کوردی زمانی فەرمی ئەو ناوچانە بێت و زەمانەتی مافی کەمینەکان بکرێت. کەچی سەرباری ئەو داوایانەی کۆمەڵەی گەلان و دوای ئەوەی دوو جار ئەو دەستوورە هەموار کرا، کەچی دوای ئەو هەموارکردنانەش، هیچ مافێکی کورد لەو دەستوورەدا جێی نەکرایەوە.
٢- دەستووری کاتیی ساڵی ١٩٥٨:
ئەم دەستوورە لە ٣٠ ماددە پێکهاتووە و یەکەم دەستووری کاتیی سەردەمی کۆمارییە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم دەستوورە لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەلایەن (حوسێن جەمیل)ی یاساناسی عەرەبەوە دانراوە.
ئەوەی لەم دەستوورەدا بە خاڵی ئیجابی بۆ کورد لەقەڵەم دەدرێت ئەوەیە کە دانی بەوەدا ناوە کە کورد و عەرەب لە وڵاتی عێراقدا هاوبەشن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە عێراقدا و وەک کەمینە سەیر نەکراوە. سەرباری ئەو خاڵە ئیجابییە، خاڵێکی دیکەی سلبی ئەو دەستوورە بایەخی ئەو خاڵە ئیجابییەی کەمکردووەتەوە کە دەڵێت: "عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب". ئەم خاڵە گەلی کورد و گەلەکانی تر وەک عەرەب سەیر دەکات و بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەب لەقەڵەمیان دەدات. ئەمەش زوڵمێکی گەورەیە لە کورد و نەتەوەکانی تر، چونکە ئەو نەتەوانە نەتەوەی سەربەخۆن و سەر بە هیچ نەتەوەیەکی تر نین، ئەمە بێجگە لەوەی کە کورد خاوەن خاکی لەمێژینەی خۆیەتی.
٣/ دەستووری ٢٢ی نیسانی ١٩٦٤ و دەستووری ٢٩ی نیسانی ١٩٦٤:
ئەم دوو دەستوورە هەردووکیان لە ماوەی هەفتەیەکدا نووسراون. هەردوو دەستوورەکە بە شێوەیەکی تەمومژاوی باسی کوردیان کردووە و پاشەکشەیان لە دەستووری ساڵی ١٩٥٨ کردووەتەوە، بێجگە لەوەی جەختیان کردووەتەوە کە گەلی عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.
٤/ دەستووری کاتیی ساڵی ١٩٦٨:
ئەم دەستوورە لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی حیزبی بەعسدا دانراوە. ئەم دەستوورەش بە هەمان تێڕوانینی ناڕوونی هەردوو دەستووری ساڵی ١٩٦٤ سەیری مەسەلەی کوردی کردووە و بیری شۆڤێنیی عەرەبی قووڵتر کردووەتەوە و عێراقی بە دەوڵەتێکی عەرەبی لەقەڵەم داوە، تەنها زمانی عەرەبیشی بە زمانی فەرمی ناسیوە.
٥/ دەستووری کاتیی ساڵی ١٩٧٠:
ئەم دەستوورە لە دوای ئیمزاکردنی بەیانی ئازار دەرکرا و بە هەموارکردنی دەستووری ساڵی ١٩٦٨ دادەنرێت. لەم دەستوورەدا سەبارەت بە مافەکانی کورد ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:
١- عێراق لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکدێت.
٢- بەلەبەرچاوگرتنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی چارەسەر دەکرێت.
٣- زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا لە ناوچەی بەناو ئۆتۆنۆمی، زمانی فەرمییە.
سەرباری ئەو سێ خاڵە ئیجابییە، چەندین خاڵی تری سلبی ئەو دەستوورە بایەخی ئەو خاڵانە کەم دەکاتەوە، ئەوانیش ئەمانەن:
١- عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب.
٢- عێراق یەکپارچەیە و دەستبەرداری هیچ بەشێک لە خاکەکەی ناکرێت.
سەرباری ئەو خاڵە ئیجابییانەی لە دەستووری ساڵی ١٩٧٠دا هاتووە، کەچی لە سایەی ئەو دەستوورەدا ڕژێمی بەغدا سیاسەتە دزێوەکانی تەعریب، تەهجیر، تەرحیل، تەبعیس و توانەوەی لە دژی گەلی کوردستان پەیڕەو کردووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی کە ئەم گەلە ئەنفال بکات و چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی بەکاربهێنێت. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەرچەندە لەو دەستوورەدا باسی هەندێک لە مافەکانی گەلی کورد کراوە، بەڵام لە واقیع و جێبەجێکردندا ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوورەوە کاری کردووە.
٦/ یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە لە ٢٠٠٤:
ئەم یاسایە وەک دەستوورێکی کاتی وابوو، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، لەلایەن نوێنەرانی گەلانی عێراقەوە گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە و لە ٨ی ئازاری ٢٠٠٤دا دەرچووە.
ئەم یاسایە بەوە لە دەستوورەکانی دیکەی عێراق جیا دەکرێتەوە کە لەلایەن نوێنەرانی زۆربەی پێکهاتەکانی عێراقەوە دانرا، بۆیە یەکەمجاریش لە مێژووی داڕشتنی دەستوورەکانی عێراقدا نوێنەرانی گەلی کوردستان بەشداریی کاریگەرییان لە دانان و داڕشتنی ئەو یاسایەدا کرد و بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردیان لەو یاسایەدا جێگیر کرد.
بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین بڵێین یاسای بەڕێوەبردن لە هەموو دەستوورەکانی پێش خۆی باشتر و شارستانیترە. ئەم یاسایە چەندین خاڵی ئیجابی سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان لەخۆ گرتووە، لەوانە:
ئەم یاسایە وەک دەستوورەکانی پێشوو، لەلایەن کەسێک یاخود حیزب و لایەنێک بە تەنها دانەنراوە، بەڵکو نوێنەرانی زۆربەی پێکهاتەکانی عێراق بەشدارییان لە دانان و داڕشتنیدا کردووە.
ئەم یاسایە سیستمی حوکمرانی عێراقی لە دەوڵەتێکی مەرکەزییەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی، دیموکراتی، فرەیی، پەرلەمانی.