هاوار  نەسرەدین*



کتێبی (کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: جەلال تاڵەبانی)، یەکێکە لە کتێبە بەناوبانگەکانی مام جەلال و لە ساڵانی شەستەکاندا بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی. یەکەمجار لە ساڵی 1969 لە بەغدا و دووەمجار لەساڵی 1971 لە بەیروت بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەساڵی 2025 لەلایەن (سەرکەوت جەلیل)ەوە کراوە بە کوردی و بۆردی هۆشیاریی لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی (ی.ن.ک) لەچوارچێوەی پڕۆژەی کۆبەرهەمەکانی مام جەلال دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
تێکڕا کتێبەکە 457 لاپەڕەیە. بێجگە لە وتەیەکی پێویست، نووسەر کتێبەکەی خۆی بەسەر پێنج بەشدا دابەشکردووە. هەر بەشێکی بۆ تاوتوێکردنی پرسێک تەرخان کردووە. هاوکات نووسەر هەوڵیداوە چەند لایەن و رەهەندێکی نەتەوەیی و سیاسی و کەلتوری و مێژوویی و رووناکبیری و ئەدەبی گەلی کورد بناسێنێت و بۆچوونەکانی خۆی بە بەڵگەوە بخاتەڕوو.

کورد کێیە؟
نووسەر بەشی یەکەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بە مێژووی کورد و بەشەکەی ناوناوە چەردەیەک لە مێژووی گەلی کورد. لێرەدا بە شێوەی مێژوویی رووداوەکان و خەباتی گەلی کورد باس دەکات. ئاماژە بە رەهەندی سیاسی و ئەدەبی و رووناکبیرییەکانی پێگەیشتنی هزری نەتەوەیی لەناو کورددا دەدات. پاشان نووسەر دەپەرژێتە سەر باسی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورد. لێرەدا تیشک دەخاتەسەر ئەو هۆکارە سیاسی و مێژووییانەی کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی دروست کردووە. بۆ ئەمەش ژمارەیەک بەڵگە دەخاتەڕوو. دواتر لە چوارچێوەی بەشێکی تردا بە ناوی شۆڕشی نیشتمانیی رزگاریخوازیی کوردی، رۆڵی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە خەباتی گەلی کورددا باس دەکات و ئاراستە و پاساوە سیاسییەکانی پارتە کوردییەکان دەخاتەڕوو.
نووسەر بەشێکی تایبەت بۆ هۆکار و پاساوی هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک پێشڕەوی تێکۆشانی گەلی کورد تەرخان دەکات. ئاشکرایە لێرەدا مەبەست لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئەوکاتەیە، واتە ساڵی 1969، کە خودی نووسەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو پارتە بووە. لەم بەشەدا ئاماژە بە رۆڵی پێشەنگایەتی پارتی لە خەباتی نیشتمانی دەدات و تیشک دەخاتەسەر رەهەندە پێشکەوتنخوازییەکانی پارتی و مەیلی سۆسیالیزم لەناو پارتەکەدا، کە دواتر ئەم رەهەندە بڕایە باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

وەسفی زیادە، یان ناشیرینکردنی کورد
لە سەرەتاوە نووسەر هۆکار و مەبەستی نووسینەوەی کتێبەکە روون دەکاتەوە، بە راشکاوانە ئاماژە بەوە دەدات: هەرکاتێک باس لە کورد دەکرێ، بۆچوونەکان، یان پەسن و وەسفی زێدەڕۆیانەیە، یان ناوزڕاندن و ناشیرینکردنن. بۆیە نووسەر دەکۆشێ بابەتیانە قسە لەبارەی کوردەوە بکات و ئەو تەپۆتۆزەی کە لە وشەی کوردەوە ئاڵاوە بتەکێنێ. هەروەها هۆکاری ئەو زێدەڕۆیی و ناوزڕاندنانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بۆچوونێکی کۆنەپارێز و چەقبەستوو، کە ئامانجیان ناشیرینکردنی کوردە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن و بزووتنەوەی کوردایەتی پێشکەوتنخوازی پێ ناشیرین بکەن. لە لایەکی ترەوە هەوڵدەدات نەتەوەکانی دەوروبەر لە مەبەست و ئامانجی پێشکەوتنخوازنەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئاگادار بکاتەوە. هەر لەو سۆنگەیەوە، نووسەر ئاماژە بەوە دەدات لە چوارچێوەی کۆبوونەوە سیاسی و دانوستانەکانی خۆیدا، سیاسەتمەدارە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب بە سڵ و پارێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسێیەی کورددا کردووە. لەو سەردەمەی ئەم کتێبەی تێدا نووسراوە، دەسەڵاتی ناوەندی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە (عیراق، تورکیا، ئێران و سوریا) بە توندی نکۆڵییان لە هەبوونی نەتەوەی کورد دەکرد. تورکیا کوردی وەک «تورکی شاخاوی» پێناسە دەکرد، رژێمە شۆڤێنییەکانی عیراق و سوریا وەک کۆچەر سەیریان دەکرد و ئێرانیش دۆزەکەی لە چوارچێوەی چەند خێڵێکی ناڕێکخراودا کورت دەکردەوە. مام جەلال بە بەڵگەی مێژوویی و زمانیی دەیسەلمێنێت کە کورد نەتەوەیەکی رەسەن و سەربەخۆیە و خاکی کوردستان یەکەیەکی جوگرافی مێژووییە، نەک ناوێکی دەستکرد و داهێنراوی ژمارەیەک حزب و رێکخراوی سیاسی.

کورد نەتەوەیە و کوردستان نیشتمانەکەیەتی
نووسەر لەم کتێبەدا کاریگەریی تیۆرییە زانستییەکانی سەردەمی خۆی لەمەڕ نەتەوەوە بەسەردا زاڵە و سەبارەت بە پێناسەی نەتەوە، دەڵێت بۆ ئەوەی کۆمەڵە خەڵکێک ببنە نەتەوە دەبێت خاوەنی خاک، زمان، مێژوو، ئابووری و هەستی هاوبەش بن. ئەو بە پیشاندانی دێرینی زمان و پێگەی جوگرافی کوردستان، بنەمای ماددی و فیکری ئەم نەتەوەیە دەخاتەڕوو. لە چەند بەشێکی جیاوازدا دەپەرژێتە سەر باسکردنی هەبوونی کورد، مێژووی کورد و جوگرافیای کوردستان. پاشان ئاماژە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات وەک زمانێکی سەربەخۆ و بەهێز، کە توانای داهێنانی دەقی ئەدەبیی باڵای هەیە. کاتێک مام جەلال ئاماژە بە شاعیرانی کلاسیکی وەک ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، نالی، مەولەوی و شێخ رەزا و...هتد دەدات، دەیەوێت بڵێت کە هۆشیاریی نەتەوەیی کورد، شتێکی نوێ و هاوردەکراو نییە. کاتێک ئەحمەدی خانی لە «مەم و زین»دا باسی بێدەوڵەتی و پێویستیی یەکگرتنی کورد دەکات، یان کاتێک حاجی قادر باسی رۆڵی زانست و خوێندەواریی دەکات بۆ رزگاری، ئەوە بەڵگەیە کە رووناکبیران و شاعیرانی کورد پێشەنگی بیرکردنەوەی سیاسی بوون و کەلتوری کوردی هەمیشە هەڵگری پەیامی رزگاریخوازی بووە.
 
کێشەکە لەوەدایە کورد نەیتوانیوە بەرەی دۆست و دوژمن بە دروستی جیا بکاتەوە، ئەمەش وایکردووە تووشی دابڕانی سیاسی ببێت

خێڵ جێی حزب ناگرێتەوە
یەکێک لە بەهێزترین بەشەکانی کتێبەکە، ئەو بەشەیە کە نووسەر شیکردنەوەیەکی واقیعی و زانستی بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان دەکات. لێرەدا جیاکارییەکی روون لەنێوان (خەباتی خێڵەکی و دەرەبەگی) و (خەباتی پێشکەوتنخوازانە)دا دەکات. مام جەلال پێی وایە جووڵانەوە و خەباتی دەرەبەگی و خێڵەکی زیانی گەورەی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی گەیاندووە. دەرەبەگ (ئاغا)، یان سەرۆک خێڵ، کاتێک چەک هەڵدەگرێت، ئامانجی رزگاری نەتەوە نییە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەتی، کە ئەویش لە پاراستنی زەویوزار، نفوزی خێڵەکی و مانەوەی جووتیاران لەژێر دەستی خۆیاندا کورت دەکەنەوە. ئەم جۆرە جووڵانەوانە، واتە جوڵانەوەی خێڵەکیانە لە کوردستان خاوەنی ئاسۆیەکی سیاسی روون نیین و بە ئاسانی تووشی شکست دەبن. چونکە دەرەبەگەکان ئامادەبوون لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سازش بکەن ئەگەر حکومەت بەڵێنی پاراستنی دەسەڵاتەکەیانی پێبدانایە. کاتێک بزووتنەوەی کورد بەرەو مۆدێرنبوون و حیزبایەتی پێشکەوتنخوازنە چوو، زۆرێک لە ئاغا و سەرۆک خێڵەکان، ئەوەیان بە مەترسی بۆ سەر نفوزی خۆیان دەبینی، بۆیە روویان کردە بەغدا و بوونە چەکداری رژێم بۆ لێدان لە شۆڕش. لەلایەکی تریشەوە رکابەریی نێوان خێڵەکان وای کرد، رق و کینەی ناوخۆیی بخەنە پێش دۆزی نەتەوەییەوە.

حزبی مۆدێرن، کورد رزگار دەکات
خەباتی پێشکەوتنخوازانە و کوردایەتی و حزبایەتی مۆدێرن لە دیدی مام جەلال دا، لەسەر بنەمای فیکر و هۆشیاریی دادەمەزرێت. خەباتێکیشە کە تێیدا چینی کرێکار، جووتیاران و رۆشنبیران دەبنە بڕبڕەی پشتی شۆڕش. ئامانجی ئەم خەباتە تەنیا دەرکردنی داگیرکەر نییە، بەڵکو گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەی کۆمەڵگەیە بەرەو یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
هەر لەم سۆنگەیەوە مام جەلال دەپەڕژێتە سەر باسکردنی چەمکی (گۆشەگیریی نەتەوەیی) و وەک کێشەیەکی گەورەی هاوچەرخی بزووتنەوەی کورد دەستنیشانی دەکات. ئەو پێی وایە کێشەکە لەوەدایە کورد نەیتوانیوە بەرەی دۆست و دوژمن بە دروستی جیا بکاتەوە، ئەمەش وایکردووە تووشی دابڕانی سیاسی ببێت. هاوکات بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی نەتەوەپەرستییەکی کوێرانەوە کە هەموو جیهان و هەموو گەلانی دەوروبەر بە دوژمن بزانین. هەوڵدەدات بە پێی بارودۆخی فیکری و سیاسی ئەو سەردەمە، بەرەی دوژمنان دیار و دەستنیشان بکات، ئەوانیش بریتین لە:
1. رژێمە کۆنەپەرست و شۆڤێنییەکان:  ئەوانەی مافی کورد رەت دەکەنەوە و کورد وەک کۆمەڵێک خێڵ و خەڵکی دواکەوتوو دەناسێنن.
2. ئیمپریالیزمی جیهانی: دەوڵەتە زلهێزەکان کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی نەوت و ئابووری خۆیان مامەڵە بە دۆزی کوردەوە دەکەن و هەمیشە لە پشتەوە خەنجەر لە کورد دەدەن.
3. کـــــۆنـــــەپـــــەرســـتـــی ناوخۆیی: دەرەبەگ و لایەنە ناوخۆییە بەرژەوەندییخوازەکان، کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی بچووكی خۆیان ئامادەن دەستبەرداری پرسی گەل و نەتەوەکە ببن. هەروەها هیچ ئاسۆیەکی روون و دووری نەتەوایەتییان نییە.
هەر لەو ڕوانگەیەوە و بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە نەتەوەییە، مام جەلال دوو هێڵی سەرەکی پێشنیاز دەکات، کە هێڵێکیان ناوخۆیی و ئەوی دیکەشیان دەرەکییە. هەر بۆیە لە ئاستی ناوخۆییدا کە مەبەست لێی بریتییە لە پشتبەستن بە جەماوەر. نووسەر پێی وایە شۆڕش کاتێک لە گۆشەگیریی رزگاری دەبێت کە لە شەڕێکی چەکداری بچووک و تەسکی شاخاوییەوە بگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێکی هۆشیارانەی درێژخایەن، کە تێیدا هەموو جەماوەری کوردستان خۆیان بە خاوەنی بزانن. چونکە جەماوەر قەڵایەکە کە هەرگیز گۆشەگیر نابێت و بە رەوتی ئاسایی خۆیدا دەڕوات. لێرەدا نووسەر نکۆڵی لەوە دەکات کە خۆدانەپاڵ زلهێز و حکومەتێکی کۆنەپارێز بتوانێت مافە نەتەوەییەکانی کورد لە کوردستان دەستەبەر و مسۆگەر بکات. لە ئاستەکەی تردا کە بریتییە لە ئاستی دەرەکی و مەبەست لێی تێکۆشانی هاوبەشی نەتەوەکانە. ئەمە یەکێکە لە تێزە گرنگەکانی مام جەلال، چونکە پێی وایە نابێت کورد گەلانی عەرەب، تورک و فارس بە دوژمن بزانێت، بەڵکو دەبێت جیاکاریی بکات لەنێوان رژێمە سەرکوتکەرەکان و گەلانی بندەست. هەر بۆیە رێگەیەکی دەرچوون لە گۆشەگیری، بریتییە لە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە چەپ، دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی عەرەب و ئێرانی و تورک. چونکە ئازادیی کورد و بەدەستهێنانی مافەکانی، بەستراوەتەوە بە دیمۆکراتیزەبوونی بەغدا و تاران و ئەنقەرەوە.

مەرج نییە هەموو حزبێک شۆڕشگێڕ بێ
مام جەلال لە کتێبەکەیدا مێژووی حیزبایەتی لە کوردستان دەپشکنێت و ڕەوتە سیاسییەکان بەپێی پاشخانی کۆمەڵایەتییان دابەشدەکات و کەموکوڕییەکانیان دەخاتەڕوو. ئاماژە بە رەوتە تەقلیدییەکان دەدات و پێی وایە ئەم رەوتە ئەوانەن کە لەژێر کاریگەریی سەرکردایەتییەکی تاکەکەسی، دەرەبەگایەتی، یان خێڵەکیدا بوون. ئەم رەوتانە بەهۆی نەخۆشیی ناوچەگەرایی و نەبوونی فیکرێکی رێکخراو و مۆدێرنەوە، نەیانتوانیوە دۆزی کورد بگەیەننە کەناری ئارامی و زۆرجار پاشەکشەیان بە شۆڕش کردووە.
رەوتە بۆرژوا و نەتەوەپەرستە بەرتەسکەکانیش هەرچەندە ئەم رەوتە لە خێڵ لە پێشتر بوون، بەڵام بەهۆی تێڕوانینی حزبیی بەرتەسک و نەتەوەپەرستییەکی سۆزدارانەوە، نەیانتوانیوە تێگەیشتنێکی دروستیان بۆ هاوسەنگی هێزەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی هەبێت. ئەوان لایەنی فیکری و پەروەردەی کادرانیان پشتگوێ خستووە و شۆڕشیان لە چوارچێوەی پەرستنی کەسایەتیدا کورت دەکردەوە.
مام جەلال پێداگری دەکات کە سەردەمی شۆڕشی بێ فیکر کۆتایی هاتووە. بۆ سەرکەوتن، کورد پێویستی بە مۆدێلێکی نوێ لە حزب هەیە کە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەک بێت، ئەوانەش بریتین لە حزبێک کە پشت بە ئایدۆلۆژیایەکی زانستی و پێشکەوتنخواز ببەستێت و نوێنەرایەتی راستەقینەی چینە زەحمەتکێشەکان بکات. هەروەها ئامرازی هۆشیارکردنەوەی سیاسی خەڵک و هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی بێت، نەک تەنیا ئامێری شەڕکردن. باوەڕیشی بە دیموکراسی ناوخۆیی و دامەزراوەیی هەبێت.

رزگارکردنی کوردستان و ئازادیی مرۆڤی کورد
لە کۆتا بەشی کتێبەکەدا لەژێر ناونیشانی (نەتەوەی کورد بەرەو کوێ؟) مام جەلال دیدگایەکی ستراتیژی بۆ داهاتووی کورد دەخاتەڕوو، چەندین پرسی هەستیار شرۆڤە دەکات و تێزێکی گرنگ دەهێنێتە ئاراوە. باس لەوە دەکات کە چیتر ناتوانرێت پرسی رزگارکردنی خاک لە پرسی ئازادکردنی مرۆڤی کورد جیا بکرێتەوە. رزگاریی راستەقینە تەنیا ئەوە نییە کە حاکمێکی عەرەب، یان تورک بڕوات و حاکمێکی کورد لە جێگەی دانیشێت، بەڵکو پێویستە لە ناوخۆی کوردستاندا دادی کۆمەڵایەتی بچەسپێت. چونکە ناکرێت مرۆڤی کورد لە ژێر دروشمی نەتەوەییدا، لەلایەن ئاغا و سەرمایەدارە کۆنەپەرستەکانەوە بچەوسێنرێتەوە. هەروابێتەوە ئازادیی نەتەوەیی و ئازادیی کۆمەڵایەتی هاوتەریب و تەواکەری یەکترن.
نووسەر پێی وایە داهاتووی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە سێ چەمکی سەرەکیدا کورت دەبێتەوە کە نابێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە، یەکەم رزگارییە لەژێردەستەیی و داگیرکاری دەرەکی. دووەم دیموکراسییە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان و بنیاتنانی دامەزراوەی مۆدێرن. هەرچی سێیەمیشە بریتییە لە هێنانە ئارای سیستمێکی سۆشیالیزمانە لەپێناو نەهێشتنی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی راستەقینە.
لە راستیدا کتێبی (کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد)، هەوڵێکی چڕی مێژوویی و تیۆرییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی کاردانەوەی سۆزداری و گەیشتن بە قۆناغی خەباتی سیاسی. نووسەر لەم بەرهەمەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی کورد تەنیا بە هەست و سۆز بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە رێکخستنێکی سیاسی روون و پێشکەوتوو هەیە و بە راشکاوی مەرجی سەرکەوتن دەبەستێتەوە بە بوونی ئەقڵێکی سیاسی رێکخراوەوە و دەڵێت: سەرکەوتنی شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەیی کوردی، پێویستی بە حزبێکی پێشڕەوی خاوەن تیۆرییەکی زانستی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ هەیە. هەروەها شۆڕش نابێت تەنیا هەڵچوونێکی کاتی و بێبەرنامە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای هێزی جەماوەر و خواستی بەردەوامبوون بنیات بنرێت، چونکە مەرجی خەبات پشت بەستنە بە هێزی گەل و جەماوەر و هێنانەدی خواستەکانیان، نەک هەڵچوونێکی سیاسی و بەرژەوەندیی تەسکی کەسیی. نووسەر داوا دەکات کورد لە چوارچێوەی سۆز و هەڵچوونی کاتی بێتە دەرەوە و بەرەو ستراتیژێکی درێژخایەن هەنگاو بنێت چونکە گۆڕانکارییە گەورەکان پێویستییان بە نەفەسێکی درێژ و تێگەیشتن لە یاساکانی کۆمەڵگە هەیە.

*خوێندکاری دکتۆرای فەلسەفە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved