ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئاواییەکان لەسەردەمی شاخ
( ١٩٨١-١٩٨٨)
نەوزاد عەلی ئەحمەد
کۆنفرانسی یەک-ی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە ساڵی ١٩٨١ بەسترا، بریاریدا بۆ بەڕیوەبردنی ئەو گوندو شارۆچکەو ناوچانەی ئازادکراون ئیدارەیەکی مەدەنی دابمەزرێنێت و خەڵکی ناوچەکان لەرێگای هەڵبژاردندا نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. کۆمەڵەو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو پێکهاتە مەدەنیەیان بە " ئەنجومەنی ئاواییەکان" ناودێر کرد، پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکان ساڵی ١٩٨١ دەستیپێکردو هەر گوندو ناوچەیەک کە ئازاد کرابوو لە رێگای هەڵبژاردن یاخود بە تەوافوقی ئەنجومەنیان بۆ خۆیان هەڵدەبژارد.
بۆ ناسین و وەرگرتنی زانیاری پێویست وا دەقی ئەم نامیلکەیەتان پێشکەش دەکەم: "ئاوردانەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاواییەکان" لە نووسینی جەمال" حاکم جەمال". ئەگەر چی ئەم نامیلکەیە تەنیا بریتیە لە ١١ لاپەرە. بەڵام زانیاری وردی سەبارەت بە ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئاواییەکان تێدایە. نووسەر بابەتەکەی بەسەر ئەم ناونیشانەدا دابەشکردووە. ریشەی مێژوویی ئەنجومەنی ئاواییەکان. هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان. چاودێری کارەکانی ئەنجومەن. وەزعی یاسایی ئەنجومەنەکان. دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاواییەکان. نامیلکەی "ئاوڕدانەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاواییەکان ساڵی ١٩٨٤، دەزگای راگەیاندنی یەکێتیی شۆڕشگێرانی کوردستان چاپ و بڵاویکردۆتەوە و بریتیە لە ٩ لاپەڕە. پێش ئەوەی دەقی کتێبەکە بخوێننەوە پێمخۆشە کورتەیەک سەبارەت بە ژیانی نووسەر بزانن.
-جمال الدین محمد امین ناسراو بە حاکم جەمالە سوور لە ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی شێخ شێروان سەر بەناحیەی قوشتەپە لە هەولێر لە دایک بووە.
-قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئازادی تەواو دەکات و پاشان ناوەندی لە خوێندنگای سەلاحەددین تەواو دەکات، هەر لە قۆناغی ناوەندیدا پەیوەندی دەکات بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان، هەر لەم قۆناغەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چەندین بڵاو کراوەی نهێنی هۆشیاریی بڵاودەکەنەوە، لەماوەی قۆناغی خوێندنی دواناوەندیدا گفتوگۆی نێوان شۆڕش و حکومەت دەستپێدەکات لەم ماوەیەدا شەهید لە نامیلکەیەکدا هەڵوێستی رەخنەیی خۆی بەرامبەر ئەم گفتوگۆیە دەردەبڕێت، دیارە هەڵوێستی شەهید جێگای قبوڵکردنی سەرکردایەتی سیاسی کورد نەبووە، بۆیە لەساڵی١٩٧٣ دەستگیری دەکەن، بۆ ماوەی(٤) مانگ لە بەندیخانەی (ڕایات) دەبێ کە ئەو کاتە لە قۆناغی چواری دوا ناوەندیدا بووە.
-لە١٩٧٤لەگەڵ بنەماڵەکەی لە چۆمان نیشتەجێ دەبن، لەگەڵ خێزانەکەی بەشداری شۆڕش دەکا تا هەرەسی ١٩٧٥ پاشان لەگەڵ بنەماڵەکەی روو دەکەنە ئێران، لەوێ لە قوتابخانە دەخوێنێ و فێری زمانی فارسی دەبێت و شارەزایەکی باش پەیدا دەکات لە ئەدەب و شعری فارسی.
-پاش هەرەس و دوای گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لە ١٩٧٥درێژە بەخوێندن دەدات و قۆناغی دواناوەندی بە پلەی باش تەواو دەکات و لە کۆلیجی یاسا لە بەغدا وەردەگیرێت، لەقۆناغی زانکۆ پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان. لەپاڵ خوێندنی زانکۆ لە پەیمانگای بەریتانی لە بەغدا دەست بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەکات.
-دوای تەواوی کردنی کۆلیجی یاسا لە ساڵی ١٩٨١ڕوودەکاتە شاخ و دەبێت بە پێشمەرگەو بەسیفەتی حاکمی شۆڕش لە دادگای شۆڕش لە گوندی زەڵێ دەستبەکار دەبێت. لەشاخدا کۆمەڵێک وتارو دوو نامیلکە بڵاو دەکاتەوە بە تایبەتی ئەو کاتە مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسین قسەی لەسەر دەکرا، هەروەها یارمەتیەکی زۆری کۆمیتە جەماوەریەکانیدا لە دروستکردنی (ئەنجومەنی ئاواییەکان)دا.
-لەساڵی ١٩٨٣ پاش ئەوەی مەڵبەندی هەولێر پێکدەهێنرێت لەگوندی بالیسان بووەتە حاکمی سنووری تیپی بەڕانەتی.
- لەساڵی ١٩٨٤ دەنێردرێ بۆ مەڵبەندی(٤) لە گوندی سماقوڵی، لەگفتوگۆی شۆڕش و رژێم ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێ و بۆ ماوەیەکی کەم پاش تێچوونی دانووستاندنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی(هیران)و (نازەنین).
-لەڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ بەهەمان نەفەسی شاخ بەشداری دەکات، پاش کۆڕەو، لەشەقڵاوە دەبێت بە سەرۆکی دادگای شۆڕش و بەشداریەکی چالاک و بەرچاو دەبینێ لەبەستنی کۆنگرەی نووسەرانی کورد لە شارۆچکەی شەقڵاوە.
-دوای ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و بەژداری لە دەرکردنی رۆژنامەی(کوردستانی نوێ) دەکات، کە یەکەم رۆژنامەی رۆژانەی کوردییە لە دوای ڕاپەڕین، لەپاشان بە تەنها توانی ڕۆژنامەیەک دەربکا بەناوی(مافناس) کە(٤) ژمارەی لێدەر چووەر.
-لەهاوینی١٩٩٢ دەستی تیرۆر دەگاتە حاکم جەمال و لە هەولێر تیرۆری دەکەن.
-چەندین دانراو و نووسینی لەدوای خۆی بەجێهێشت بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕووداوەکانی کوردستان زۆربەیان لەناوچوون. دەقی نامیلکەی( ئاوڕدانەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاواییەکان)کە حاکم جەمال لەساڵی١٩٨٤دا نوسیویەتی:
ئاووڕدانەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاواییەکان
جەمال
دوو سێ ساڵە شۆڕشی نوێی کوردستان بەرابەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەزموونێکی دیموکراتیانەی دیکەی وەک کردەیەکی شۆڕشگێڕانەو جەماوەری خستووەتە کۆڕی کارکردن و بایەخ پێدان، ئەویش دامەزراندن و پشتگیریکردنی بەردەوام و تەواوی ئەنجومەنی ئاواییەکانە لەناوچە رزگارکراو و نیمچە رزگارکراوەکانی کوردستانی عێراق.
لەدایکبوونی ئەنجومەنی ئاواییەکان دەورێکی کاریگەردەبینێ لە چەسپاندن و گەشەپێدانی ژیانی دیموکراتی لە کۆمەڵی کوردەواری، ئەنجومەن جەماوەری خەڵک فێر دەکەن چۆن لێ رابێن خۆیان حکومڕانی خۆیان بکەن و خۆیان ئازادانە نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بێ دەستێوەردانی ئەملاو ئەولا بەشیوەیەکی رێک کاروباری ناوخۆی خۆیان رابپەڕێنن، بێ ئەوەی لایەنی دیکە کوێخایەتییان بەسەرەوە بکات و خۆی هەڵبقورتێنێتە پەیوەندییە تایبەتییەکانیان.
ئەنجومەنی ئاواییەکان فێرگەیەکی سەرەتایین بۆ پەروەردەکردنی سیاسی جەماوەرو ئامادەکردنیان بەشێوەیەکی وەها ببنە شایستەی ئەوەی لەدوا ڕۆژدا سەرکردایەتی جەماوەرێکی فراوانتر و هۆشیار تر بکەن.
دیسان ئەنجومەنەکان بەحوکمی سروشتە دیموکراتیەکەیان خەڵک فێری ژیانی دیموکراتی دەکەن و هۆشیاریان دەکاتەوە کە بە مەیل و هەوای دیکتاتوریزم قایل نەبن و داوای دیموکراتییەت بکەن. ئێمە خاتر جەم و دڵنیاین کە لەپاشەڕۆژدا ئەنجومەنی ئاواییەکان دەبنە پاڵپشتێکی سیاسی و جەماوەری ئەوتۆ بۆ شۆڕشەکەمان کە سەروەرییەکەی بۆ پێشەنگە ژیرەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەمێنێتەوە.
ئەمە لەرووی سیاسیەوە هەرچی لەرووی کارگێڕیەوە، لەدایکبوونی ئەنجومەنەکان لەکوردستاندا سەرەڕای ئەوەی رۆتینی ئیداری دادەبەزێنێ، بیرۆکراتیەتیش لەیەخەی کۆمەڵانی خەڵکی ئاواییەکانی کوردستان دەکاتەوە، ئەو بڕیارە عەمەلی و مەیدانیانەی ئەنجومەنەکان دەریدەکەن لە سروشتی کۆمەڵایەتی مەڵبەندەکانیان سەرچاوە دەگرێ، دیارە هەر خەڵکی دێهاتەکان خۆیان زیاتر شارەزای کاروباری خۆیانن، خۆیان بەرژەوەندی و زیانی خۆیان لە خەڵکی دیکە باشتر دەزانن، عەرەب گوتووەیە: "اهل الدار ادری بما فیها"
ریشەی مێژوویی ئەنجوومەنی ئاواییەکان
دوای ئەوەی هێزەکانی بەرهەمهێنان لەقۆناغی کۆمۆنی بەراییدا پەرەیانسەندو مرۆڤ توانی بەهۆی هەندێ ئالەتی سادە و سەرەتاییەوە کشتوکاڵێکی سادە بکات و لە پاڵیشیەوە هەندێ گیانلەبەر بەخێو بکات و دەستبداتە شوانکارەیی، پێداویستی مرۆڤ بۆ رێک و تەباکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەریهەڵدا، واتە لەدوا دواییەکانی قۆناغی کۆمۆنی بەرایی، سەردەمی ئەوەی مرۆڤ فێری شوانکارەیی و کشتوکاڵێکی سادەبوو، کۆمەڵ کەوتە مروموی ئەوەی چۆن ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە تازەیە رێکبخات کە لەدایکبووی شێوە بەرهەمهێنانێکی نیمچە نوێ بوو.
لەکۆمەڵی شوانکارەیی و کشتوکاڵی سەرەتاییدا دوو یەکەی کۆمەڵایەتی سەرەکی هەبوون "تیرە" و "عەشیرەت" هەرتیرە و عەشیرەتێک "سەرۆک"یان"پیر"ێکیان بۆخۆیان هەڵدەبژارد بەپێی داب و نەریتی خۆیان، جێبەجێکردنی کاروباری ناوخۆیان پێدەسپارد بەڵام نە سەرۆک و نە پیر نە داکرا هەر بەتەنها کاروباری تیرە و عەشیرەتەکەیان رابپەڕێنن بۆیە ئەنجومەنێکیان پێکدەهێنا بەپێی چەند خاسیەت و مەرجێکی سەردەمی خۆیان و چەند کەسانێکی ژیر و دونیا دیدە و کارەمەی کۆمەڵ تیایدا کاریان دەکرد، بڕیارەکانی ئەو ئەنجومەنە بەپێی داب و نەریتی باوی ئەو کۆمەڵە دەردەکرا.
پێ بە پێی قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵ دیارە شێوە و ناوەڕۆکی ئەو ئەنجومەنەش گۆڕانیان بەسەرداهاتووە لە کوردستانی خۆماندا سەردەم قۆناغی هەرەسهێنانی دەرەبەگایەتی و نەشونماکردنی پەیوەندی بۆرجوازیە، بۆیە ئێمە رووی باسەکەمان دەکەینە ئەم قۆناغە مێژووییە.
دوای ئاشبەتاڵەکەی(١٩٧٥) یەکێتیی نیشیتیمانی وەک پێویستییەکی مێژوویی و مەوزوعی هاتە مەیدانی خەباتێکی سیاسی-چەکدارانەی سەخت ە دژوار، خەباتێکی نوێ، شۆڕشێکی نوێ لەناوەرۆک و شێوەدا، دوای ئەوەی بەخوێنی رۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی گەلەکەمان ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی عێراق ئازاد کراو دەسەڵاتی مەرکەزی نەیتوانی بەسەر کاروباری حوکمرانیان رابگات، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کەوتە مروموی ئەوەی ژیانێکی دیموکراتیانە بۆ جەماوەری خەڵکی گوندەکانی کوردستان فەراهەم بکات، راسترین و زیندوترین شێوەش بۆ دابینکردنی ئەم ژیانە دیموکراتییە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاواییەکانە.
هەروەک ئاشکرایە ئەنجومەنی ئاواییەکان شیوەیەکی نوێی دەسەڵاتن لە کوردستان، دەسەڵاتیش لەهەرشوێن و کاتێکدا بەهۆی چەند رێگایەکەوە سەپێنراوە:
١-رێگەی هەڵبژاردن(الانتخاب).
٢-رێگەی میراتگری (الوراثة).
٣-رێگەی هەڵبژاردنی خۆی (الاختیار الذاتی)
٤-رێگەی شۆڕش یان کودەتا ( الثورة- الانقلاب).
لەدایکبونی ئەنجومەنی ئاواییەکان لە کوردستاندا ئەگەرچی لەدایکبونی هەل و مەرجێکی مەوزوعی باری گوندە رزگارکراوەکانی کوردستانە. واتە دوای کۆتای هاتنی دەسەڵاتی مەرکەزی و پچڕانی گوندەکان لەڕووی کارگێرییەوە لەناحیەو قەزاکانی کوردستان، بزوتنەوەی شۆڕشی کوردستان بەڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەسەڵاتی ئەو شوێنانەی بە ئەستۆوە گرت و حاکمیەتی شۆڕشی لەو ئاوییانەدا سەپاند، کەچی لەدایکبونی ئەم ئەنجومەنانە بەتەواوی ناکەوێتە ناو خانەی هیچ کام لەم ڕێگایانەی لەسەرەوە دەست نیشانمان کردن تەنها ڕێگەی(هەڵبژاردن) نەبێت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان:
ئەسڵی مێژووی هەڵبژاردن بۆ هەر سەردەمێک بگەڕێتەوە ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆتە تەقلیدێکی دیموکراتیانەی زیندووی ئەوتۆ کە دابینکردنی دیموکراتییە بەبێ هەڵبژاردنێکی ئازادانە دابین نابێ. هەڵبژاردن ڕێگەی گەیشتنی فەرمانڕەوایانە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەو کەسانەی هەڵیان دەبژێرن بۆ ئەم مەبەستە. هەڵبژاردن مافی هەموو کەسێکە لەکۆمەڵدا، هەموو تاکێکی کۆمەڵ چ نێر و چ مێ مافی ئەوەی هەیە خۆی هەڵبژێرێت و خەڵکیش هەڵبژێرێ بەبێ جیاوازی، لەهەمانکاتدا بۆی هەیە ئەم مافەی خۆی بەکارنەهێنێت و فەرامۆشی بکات. سەبارەت بەئاواییەکانی کوردستان، لەبەر ئەو بارودۆخە نائاساییەی کوردستانی تێدا دەژیا نەتوانرا داب و دەستوورو رێورەسمەکانی هەڵبژاردن پەیڕەو بکرێت، جا هۆیەکە ئەمنی بوبێ یان سیاسی یان هۆی هونەری.
بەهەرحاڵ ئەنجومەنی ئاواییەکانی کوردستان بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی سەرپێیی لەدایکبون، ئەم هەڵبژاردنە سەرپێییە بووە هۆی ئەوەی کەم و کووڕییەکی زۆری لێ پەیدا ببێ، ئێمە لێرەدا هەندێ کەم و کووڕی بنەڕەتی دەستنیشان دەکەین و پێشنیاریش دەکەین سەرکردایەتی شۆڕش و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان چاویان پێدا بخشێنێتەوەو هەرچی زوترە هەوڵبدا چارەیان بکات:
١-کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی بەشداریەکی تەواوی ئەم هەڵبژاردنە بکەن لەبەر چەند هۆیەکی جۆراوجۆر.
٢-ئافرەتی کورد کە گوایە نیوەی کۆمەڵی کوردەوارییە سەبارەت بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا هیچ شوێنێکیان لەم ئەنجومەنانە داگیر نەکردووە، یان هەر ئەوەتە مافی خۆ هەڵبژاردنیان نەدراوەتێ.
٣-لەهەندێ لەئاواییەکاندا لێپرسراوانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان خۆیان ئەنجومەنەکانیان هەڵبژاردووەو گوێیان نەداوەتە رێو رەسمی دیموکراتیانە.
٤-هەڵبژاردنی ئەنجومەن لەهەندێ شوێندا بەپێی واقعێکی کۆن پەیڕەو کراوە، واتە بەپێی بەرەباب وتیرە، بۆ نمونە لەگوندێکدا (٥) بەرەباب هەیە، بۆ هەر بەرەبابێک نوێنەرێک، لە زۆر شوێندا واهەڵکەوتووە نوێنەری ئەو بەرەبابە کابرایەکی خاوەن نفوز یان دەرەبەگ بووە.
٥-لەهەندێ شوێندا هەڵبژاردن زۆر سەرپێیی بووە و بەهۆی لیستی ئاراستە کراو"القائمة الموجة" بووە، بۆ نمونە لەلایەن دەسەڵاتی شۆڕشەوە چەند کەسێک دیاریکراون بۆ ئەندامێتی ئەنجومەن، ناوەکان لەبەردەم خەڵکی گوندەکە خۆێنراونەتەوە، ئەوانیش مۆریان کردووە.
٦-ئیعتباراتی سیاسی لەهەندێ شوێن دەوری خۆی بینیوە لەکاتێکدا ئەنجومەن شانەیەکی سیاسی نیە، بەڵکو دەزگایەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتییە.
چاودێریکارەکانی ئەنجومەن:
بۆ چاودێریکردنی کاری هەریەکەیەکی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی سێ جۆرە لایەن هەن بەوکارە رادەگەن:
١-چاودێریکردنی سیاسی.
٢-چاودێریکردنی ئیداری.
٣-چاودێریکردنی دادوەری(دادگاکان).
ئەنجومەنی ئاواییەکان ئەگەرچی لەکاروباریاندا سەربەخۆن و خۆیان بەسەر ئیش و کاری دێهاتەکان رادەگەن و بەرپرسیارن لە بڕیارەکانیان، بەڵام دەسەڵاتێکی باڵای ئەوتۆ نین بڕیارەکانیان نەکەوێتە بەرحوکمی سانسۆری هیچ دەسەڵاتێکی دیکە، چونکە ئەنجومەنەکان هەرچەندە لەخەڵکانێکی لێزان و کارامە پێکهاتبن، رەنگە لەبڕیارو کاروباریاندا توشی هەڵە ببن، یان ئەوەتا کێشەو گیروگرفتی واهەن لەسنوری دەسەڵاتی ئەوان تێپەڕ دەکات، وەک هەندێ مەسەلەی یاسایی یان هونەری یان شەرعی، بۆیە دەبێت دەزگایەک لەسەروی ئەوانەوە هەبێت چاودێری بڕیارو ئیشەکانیان بکات.
لەناوچە رزگارکراوەکاندا بەشی کاروباری کۆمەڵایەتی سەر بە مەڵبەندەکانی کوردستان و بەتایبەتی دادگای شۆڕش ئەم چاودێریەیان بە ئەستۆوە گرتووە، شێواز وایە ئەگەر ئەنجومەن توشی گرێ کوێرەیەک ببێ کادیرانی جەماوەر یارمەتیان دەدەن بۆ چارەسەر کردنیان، ئەگەر لەسنوری دەسەڵاتی ئەوانیشدا نەبوو دادگای شۆڕش دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێ.
دادگاکانی شۆڕش وەک مەبدەئێکی گشتی بۆیان هەیە بڕیارەکانی ئەنجومەن هەڵ بوەشێننەوەو بڕیاری لەبارتر دەربکەن لەم ڕووەشەوە راوێژ بە ئەنجومەنیش دەکەن. بەڵام ئەنجومەنەکان ناتوانن بەبێ هۆی جددی بڕیاری دادگاکانی شۆڕش جێبەجێ نەکەن، ئەگەر ململانێ لەنێوان ئەنجومەن و دادگا پەیدابوو هەردوولا پێکەوە بڕیارێکی لەبارتر دەردەکەن.
لێرە دەمانەوێ لەبیر خۆمانی نەبەینەوە کە لەبەر بێتوانایی و بڕوا بەخۆ نەبوونی هەندێ لە ئەنجومەنەکان خەڵک سکاڵاو داواکانیان یەکسەر دەبەنە بەردەم دادگای شۆڕش ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک:
١-ئەنجومەنەکان لەبەر هەندێک هۆی کۆمەڵایەتی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی سکاڵاو داواکانیان سەیر ناکەن، ئەوانیش ناچارن داواکانیان ببەنە بەردەم دادگا.
٢-ئەنجومەنەکان لەبەر ئەوەی خاوەنی هێزێکی ماددی ئەوتۆ نین خەڵک ناچار بکەن گوێڕایەڵی بڕیارەکانیان بن، بۆیە نەخۆیان و نە خەڵکی دیکە باوەڕیان بە بڕیارەکانیان نیە.
٣-ئەنجومەنەکان لە زۆر شوێندا کەمتەرخەمی دەکەن لەجێبەجێ کردنی کاروباری خەڵکی دێیەکان لەبەر هۆی جۆراوجۆر. سەرەڕای ئەوەش دادگانی شۆڕشیش هەندێ جار بڕیار لەمەسەلەیەک دەدەن بێئەوەی گوێ بدەنە راو بۆچوونی ئەنجومەن، واتە زۆرجار دادگاکان حوکمی خۆیان بەسەر ئەنجومەنەکاندا دەسەپێنن.
ئێمە داوا لە دادگاکانی شۆڕش دەکەین لە پشگیریکردنی ئەنجومەنەکان درێغی نەکەن.
لەوانەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێ کە جۆری چاودێری ئەنجومەنەکان لە کوردستانی ئێمەدا سانسۆری دادگاکانە، واتە جۆری چاودێری دادوەرییە (الرقابة القضائیة).
وەزعی یاسایی ئەنجومەنەکان
ئەنجومەنی ئاواییەکان یەکەیەکی کۆمەڵایەتی رێکخراون، لە کۆمەڵە کەسانێک پێکهاتوون بۆ بەدی هێنانی مەبەستێکی دیاریکراو.
بۆیە وەزعی یاسایی ئەم ئەنجومەنانە بەوە دیاریدەکرێت کە خاوەنی کەسایەتیەکی مەعنەوین(شخصیة معنویة).
کەسی مەعنەوی پێکهاتووە لە تەرخانکردنی کۆمەڵە داراییەک یان کۆبوونەوەی کۆمەڵە کەسێکی ڕاستەقینە بۆ بەدیهێنانی مەبەستێکی دیاریکراو کەسایەتییەکی یاسایی هەیە واتە وجودێکی یاسایی هەیە و دەتوانێت ببێتە لایەنێک لە پەیوەندییە یاساییەکاندا.
ئەنجومەنەکان هەرچەندە لە کەسانی ئاسایی پێکهاتوون بەڵام لە رووی یاساییەوە کەسانی ئیعتیبارین، واتە یاسا وەزعێکی وای بۆ خوڵقاندوون بە هەموو ئەوانەی ئەنجومەنەکەیان پێکهێناوە بە تاکە کەسێک بژمێردرێن ئەویش کەسی مەعنەوییە.
ئێمە ئەمانەوێ لیرەدا بەدرێژی باسی ئەم مەتڵەبە بکەین بە ئومێدین لە دەرفەتێکدا بە تێرو تەسەلی دەربارەی قسان بکەین، بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێین:
ئەنجومەنی ئاواییەکانە کەسانی مەعنەوین ئەو مافە یاساییانەیان هەیە کە کەسە مەعنەویەکانی دیکە هەیانە، وە دەتوانن ببنە لایەنێک لە پەیوەندییە یاساییەکان، بەڵام (ئیمتیازاتی دەسەڵاتی گشتی)یان نیە، چونکە خاوەنی مافی بنەڕەتی نین و لە ژێرچاودێری دەسەڵاتێکی گشتیدان کە دەسەڵات و حاکمیەتی شۆڕشی کوردستانە.
دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاواییەکان
لە هەموو کۆمەڵێکدا چ گەورە چ بچوک چ نوێ چ کۆن کۆمەڵە کەسانێکی خاوەن دەسەڵاتی وەها هەن جڵەوی فەرمانڕەوایی بەدەست دەگرن و بەپێی ئەم شوێنەیان حکومڕانی خەڵکی دیکە دەکەن. ئەم دەسەڵاتگرتنە دەستە یان بەهۆی هێز یان زیرەکی ئەم کۆمەڵە کەسانەوەیە، یاخود بەهۆی هێزی ئابووریانە واتە "دەسەڵات بریتییە لە تواناو مافی سەپاندنی ئیرادەی کەسێک یان چەند کەسانێک بەسەر کەسانی دیکە وناچارکردنیان بە ئیلتیزامکردن بەو فرمانانەی ئەوان دەریدەکەن هەر لە ڕێگەی زۆر لێکردنیش بێت".
لە کوردستاندا ئەنجومەنەکان تواناو مافی سەپاندنی چەند کەسێکی دێهاتەکانن بەسەر خەڵکی دێهاتەکانیان، خەڵکی دێهاتەکان چ بەخواهشت و چ بەزۆر دەبێ مل بۆ بڕیارەکانیان بدەن چونکە ئەنجومەنەکان لەدایکبونی شەرعیەتی شۆڕشگێرانەن، چ لەرووی سەرچاوەی دەسەڵات کە کۆمەڵێ خەڵکن، وە چ لەرووی مومارەسە کە مومارەسەکەیان دیموکراتیانەیە وە چ لە رووی جۆری گواستنەوەی ئەم دەسەڵاتە کە نەمیراتگری نەهەڵبژاردنی خۆی و زەبرو زەنگ دەوری تێدا دەبینێت. لەدوایدا راستییەک هەیە دەبێ فەرامۆشی نەکەین ئەویش ئەوەیە کە هەموو دەسەڵاتێک دەربڕی بەرژەوەندی و ویستی دەستە یان چینێکی دیارکراوی کۆمەڵە، ئەنجومەنەکانی کوردستانیش لەم راستییە بەدەرنین، ئەنجومەنەکان دەربڕی بەرژەوەندی و قازانجی توێژو چینە زەحمەتکێشەکانی کوردستانن.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەکانی کۆبونەوەی فراوانی کادیرانی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانە لە گوندی خەتی لەبارەی ئەنجومەنی ئاواییەکانەوە:
ئەنجومەنی ئاواییەکان:
١-چەسپاندن و پشتگرتنی ئەنجومەنی ئاواییەکان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانیان.
٢-پێویستە ئەنجومەنەکان بەوپەڕی سەربەستیەوە هەڵبژێرێن و سەربەخۆییان بپارێزرێت، هەروەها پێویستە کە هەڤاڵانی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان لەناو جوتیاراندا ئەندام و دۆست و لایەنگرەکانمان هان بدەن بۆئەوەی جوتیارە هەژارو زەحمەت کێشە هۆشیارەکان هەڵبژێرن و دەسەڵات بگرنە دەست لە ئەنجومەنەکان.
٣-هەوڵدان بۆ نەهێشتنی گیانی عەشیرەتگەری و بەرەبابی ناوچەگەری لەناو ئەنجومەنەکاندا.
٤-هەوڵبدرێت بۆ پێکهاتنی ئەنجومەنی ئاوایی لەسەر ئاستی بەرزتر لە گوند و ناوچە جیا جیاکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکان.
٥-هەوڵبدرێت بۆ ئەنجومەنی ئاواییەکان بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان بەپێی ئەو ئەندازەیەی بۆیان دەڕەخسێ.
٦-هەوڵدان بۆ دانانی ئەنجومەنەکان لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکان و لەسەر ئاستی نیشتیمان.
٧-یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان هەوڵبدات بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکان ووشیار بکاتەوە و رایانبهێنێ لەسەر ڕاپەڕاندنی کارەکانی خۆیان.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری کەلتور وەرگیراوە کە لە ژمارە (٦)ی ئایاری ٢٠١٢ بڵابووەتەوە