عەباس عەبدولڕەزاق
بۆچی ئێستا؟
دوای ئەم هەموو ساڵە، بۆچی ئێستا دەست دەکەم بە خوێندنەوەیەکی «فەلسەفی ـ سۆسیۆلۆژی» بۆ ئەم کتێبەی «تەها سلێمان»؟ ئەم پرسیارە پێش ئەوەی پرسیاری خوێنەربێت، پرسیاری خۆمە و 10 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەوکاتەی کە نووسەر بە وردی ئەو بەڵگانەی کۆکردەوە و رێکیخستوون و لەکتێبێکی شایستەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، بەڵام ئەوەی ئێستا هانیدام بۆ گەڕانەوە بۆ ئەم دەقانە، تەنیا هۆکاری کەسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە.
من وەک نووسەر و فیلمسازێکی خەڵکی گەرمەسێر (خانەقین)، شایەتی زیندووی بەشێک لەو تراژیدیایانەم کە بە ئەنفال ناسراون، بەشداربوونم لە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و شایەتیدانم لە دادگاکان سەبارەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانم زیادکردووە و گەڕانەوەشم بۆ ئەم کتێبە، لە هەمانکاتدا، هەوڵێکە بۆئەوەی ئەنفال لە بازنەی دروشمە سیاسییە موجەڕەدەکان رزگار بکرێت و ببێتە بابەتێکی نوێی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ.
لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای عیراق ساڵی 2006 بە رەسمی دانی بەوەدا نا کە ئەنفال جینۆساید بووە، بەڵام ئەم دانپێدانانە تائێستا لە چوارچێوەی سیمبولی و رەسمی تێنەپەڕیوە، حکومەتی فیدراڵی عیراق هێشتا خۆی لە زۆرێک لە ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکان نەخستووەتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی و جێبەجێکردنەوە لە ئاست (پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بە قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال گەیشتووە، دابینکردنی مافە دارایییەکان و گەڕاندنەوەی دۆخی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییە بە عەرەبکراوەکان بۆ دۆخی سروشتی خۆیان، هێشتا بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکراون).
لەو ناوچانەی کە ساڵانێک بوونە مەیدانی سیاسەتی گۆڕینی ناسنامە و بە عەرەبکردن، ئاسەوار و کاریگەریی ئەو سیاسەتانە هێشتا زیندوون، ئەگەر دانپێدانان بە جینۆساید لەگەڵ بەرپرسیاریی یاسایی و ئابووری و سیاسی نەبێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە ببێتە تەنیا کردارێکی رەمزی و بێ ناوەڕۆک. لێرەوەیە کە پرۆسەی (کارکردن لەسەر یادەوەری) واتای خۆی دەدۆزێتەوە، چونکە یادەوەری، ئەگەر لە ئاستی دەق و وتاردا بمێنێتەوە و نەگۆڕدرێت بۆ دادپەروەری و چارەسەری سیاسی، ناتوانێت برینە مێژووییەکان چاکبکاتەوە.
لە هەمانکاتدا، ئەنفال نابێت تەنیا وەک لۆکاڵی کوردی بخوێنرێتەوە، ئەم تاوانە پێویستی بەوەیە بگوازرێتەوە بۆ زمانی جیهانی؛ زمانی فەلسەفە، یاسا و مافی مرۆڤ. بۆیە هەوڵی ئامادەکردن و وەشانێکی عەرەبی بۆ ئەم خوێندنەوەیە، تەنیا کاری وەرگێڕان نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆئەوەی ئەنفال بکەوێتە ناو گفتوگۆی جیهانی جینۆسایدناسی، لە تەنیشت هۆلۆکۆست و رواندا و کامبۆدیا و تەواوی تاوانەکانی دیکەی دنیادا.
ئەگەر بیرەوەرییەک بە دۆسێیەکی زیندوو نەگۆڕدرێت، ئەگەر دەوڵەت بەرپرسیاری خۆی لە بەرامبەر قوربانیان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان وەرنەگرێت، مەترسی ئەوە هەیە کە مێژوو، جارێکی تر، لەژێر بارودۆخێکی نوێدا، خۆی دووبارە بکاتەوە واتە دووبارەبوونەوەی تاوانەکە هەمیشە مەترسییە لە پێشماندا.
تێبینییەکی ببلیۆگرافی پێش هەرشتێک
کتێبی (جینۆسایدی کورد.. تاوانی ئەنفال)ی تەها سلێمان، لە 534 لاپەڕەدا، بەشێوەیەک رێکخراوە لەنێوان چوار جۆری نووسیندا، چاپی یەکەم 2016 نووسینی تیۆری - چەمکی (پێناسەی جینۆساید، مێژووی چەمکەکە، بڕیاری ژمارە 260ی نەتەوە یەکگرتووەکان)، نووسینی مێژوویی - بەڵگەنامەیی (هەشت قۆناغی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، 7-2-1988 تا 6-9-1988)، نووسینی یاسایی - دادگایی (دۆسێی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، 2006، لیستی 423 تۆمەتبار و ناوی 258 تۆمەتباری دیاریکراو)، لە کۆتاییدا، بەشێکی گەورە بۆ شایەتحاڵ و دەق و وێنە تەرخانکراوە، ئەم فرەڕەهەندییە بۆ خۆی دەبێتە هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کتێبە شوێنێکی تایبەت لە کتێبخانەی ئەنفالناسیدا وەربگرێت و بە واتایەکی تر. کتێبەکە نە تەنیا بەڵگەنامەیە و نە تەنیا شایەتییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ رێکخستنی هەردووکیان لەژێر یەک بنەمای زانستیدا. ئەمە خۆی دەکاتە خاڵی سەرەکی هەر خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و پرسیارەکە نابێتە ئەوەی ئایا ئەنفال جینۆسایدە یان نا؟ کە کتێبەکە وەڵامی داوەتەوە، بەڵکو دەبێتە ئەم بەڵگانە، ئەم ژمارانە، ئەم شایەتییانە، چۆن دەگۆڕدرێن بۆ تێگەیشتنێکی فەلسەفی - سۆسیۆلۆژی لە شێوازی بوونی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی لەناوبەرەوە؟
لە دروشمەوە بۆ گوتار و پرسیارێکی پێشوەختە
نووسەر لە پێشەکیدا پرسیارێکی بنەڕەتی دەکات، یان دادەنێت کە دەبێتە پەنجەرە بۆ هەموو خوێندنەوەیەکی فەلسەفی: ئایا کورد توانیویەتی لە رێگەی (بەعس ناسییەوە) ئەنفال و باکگراوەندی مەترسییەکانی بناسێت و بیخاتە ژێر جەدەل و گفتوگۆوە؟ یان تائێستاش ئەنفال لەناو چوارچێوەی گوتاری کوردیدا لە بازنەی دروشمێکی سیاسی موجەڕەد نەچووەتە دەرەوە؟ ئەم پرسیارە بۆ خۆی جۆرێکە لە شیکاری فینۆمینۆلۆژیانە: چۆن رووداوێک کە لەڕووی یاسایی و ئامارییەوە بە تەواوی ناسراوە و بەڵگەشی بۆ سەلماندنی هەیە دەتوانێت لە هەمانکاتدا لە ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا بە نەناسراوی بمێنێتەوە؟ ئەمە دیاردەیەکە کە وەک «پۆل ریکۆر» ناویلێناوە «فەرامۆشکاری چاک» (loubli actif)؛ واتە لەبیرچوونەوە کە بەهۆی زۆر شایەتحاڵ و زۆر بەڵگە نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی چیرۆکی - فکری کە بەڵگەکان تێیدا بگۆڕدرێن بۆ مانا. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئەو چوارچێوەیە، بەڵام وەک لە خوارەوە باسی دەکەین چوارچێوەکەی زۆرتر یاسایی - بەڵگەنامەییە وەک لە فەلسەفی.
چوارچێوەی چەمکی: لە لێمکین بۆ فایرشتاین
چەمکی جینۆساید، وەک نووسەریش لە سەرەتای کتێبەکەدا وردیکردووەتەوە، لە ساڵی 1948 لە رێگەی بڕیاری ژمارە (260)ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فۆرمی یاسایی وەرگرتووە، بەڵام رەگەزەکانی (وەک رافائیل لێمکین لە ساڵی 1944دا دایڕشتبوون) لە دوو تەوەری سەرەکیدا کۆدەبنەوە: کوشتنی جەستەیی (genos-cide بە واتای وشەیی) و لەناوبردنی بنیاتی کۆمەڵگە وەک کۆمەڵگە. لێمکین بە ئاشکرا جیاوازی دەکات لەنێوان کوشتنی تاکەکەسەکان و لەناوبردنی پاڵنەری هاوئاهەنگ بۆ لەناوبردنی بنەماکانی ژیانی نەتەوەیی گروپەکان. ئەمە بۆ ئەنفال گرنگە، چونکە کتێبەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد لە رێگەی سەرژمێریی گوندە رووخاوەکانەوە (وەک نموونەی 42 گوند) و دیاریکردنی ئۆردوگاکانی زۆرەملێ، هەر ئەم دوو رەهەندە، واتە لەناوبردنی بنیاتی کۆمەڵگە، بەرجەستە دەکات: ئامانج تەنیا کوشتنی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی شێوازی ژیانی گوندنشینی کوردی، لە شوێن و زمان و کشتوکاڵ و رەوابوونی مافی نیشتەجێبوونەوە. لێرەدا دەتوانین قسەکانی نووسەر بخەینە بەرامبەر تیۆری زیاتری هاوچەرخی وەک ئەوەی دانیێل فایرشتاین، کە جینۆساید بە «تەکنۆلۆژیای دەسەڵات» (tecnología de poder) دەناسێنێت، واتە شێوازێکی بەرنامەڕێژکراوی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیی لەنێوانی هەشت قۆناغەکەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال کە کتێبەکە بەوردی باسی دەکات و رێکیخستووە، لەم روانگەیەوە دەتوانرێت وەک نموونەیەکی کلاسیکی ئەو «تەکنۆلۆژیایە» بخوێنرێتەوە: هەر قۆناغێک شوێنی جوگرافی و شێوازی گوندی تایبەت بە خۆی هەبوو، واتە بەرنامەڕێژییەکی بیرۆکراتی بۆ لەناوبردن، نەک تەنیا شەڕێکی بێسنوور.
خوێندنەوەیەکی فەلسەفی
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە، پشتبەستنە بە ئامار و لیستی ناوەکان: (423 تۆمەتبار، 258 ناوی دیاریکراو، ژمارەی گوند بە گوند، ژمارەی قوربانییان بە هۆزەوە». ئەم شێوازە بۆ خۆی دەبێتە دۆزینەوەیەکی فەلسەفی گرنگ ئەگەر بە چاوی جۆرجۆ ئاگامبێنەوە لێی بڕوانین. ئاگامبێن لە کتێبی «هومۆ ساکەر»دا باس لە دیاردەیەک دەکات کە پێی دەڵێت «ژیانی رووت»، ئەو جۆرە بوونەوەرێتییەی مرۆڤ کە لە هەموو مافێکی سیاسی و یاسایی توند دەکرێتەوە و دەگۆڕدرێت بۆ تەنیا ئامانجی ژێردەستەیی، لەم روانگەیەوە لیستی ناوەکان و ژمارەکان لە کتێبەکەی تەها سلێماندا، دووجار مانایان هەیە: یەکەم وەک بەڵگەنامەی یاسایی بۆ سزادانی تاوانباران، دووەم (کە کەمتر ئاماژەی پێدراوە) وەک نیشانەی ئەو پرۆسەیەی کە بەهۆیەوە مرۆڤی کورد لە «کەسێک بە ناو و شوێن و ژیان»ەوە گۆڕدرا بۆ ژمارەیەک لە ناو لیستی قوربانیان. کتێبەکە بە دانانەوەی ناوەکان دووبارە هەوڵی «کەسایەتیدانەوە» بە قوربانییەکان دەدات (کارێکی ئەخلاقیی گرنگ)، بەڵام لە هەمانکاتدا، بەبێ ئاگاداری تیۆری، خۆی دەخاتە ناو هەمان لۆژیکی ژمارەکردنەوە کە دەوڵەتی بەعس بۆ رێکخستنی کوشتن بەکاریهێنابوو، ئەمە ناکۆکییەکی بنەڕەتییە کە هەموو نووسینێکی دۆکیۆمێنتاری جینۆساید تووشی دەبێت: چۆن مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی لە رێگەی هەمان تەکنیکی ژمارەکردنەوە کە دەسەڵات بۆ لەناوبردنی بەکاریهێنا؟
رووی کەسی تر و شایەتی: لێڤیناس
بەشەکانی کۆتایی کتێبەکە کە تایبەتن بە «شایەتحاڵ» و وتەی تۆمەتباران، دەگەڕێنەوە بۆ کێشەیەکی فەلسەفی تری بنەڕەتی «پەیوەندیی نێوان شایەت و گوێگر». ئیمانوێل لێڤیناس بەرپرسیارێتی ئەخلاقی وەک شتێک دەبینێت کە پێش هەر بیرکردنەوەیەکی تیۆری دێت لە ساتی چاوپێکەوتن لەگەڵ «رووی کەسی تر»دا. کاتێک کتێبەکە شایەتحاڵیی زیندووەکان دەخاتەڕوو، خوێنەر ناخرێتە بەردەم ئامارێک، بەڵکو دەخرێتە بەردەم روویەک، رووی ئەو دایک و باوکانەی «تا لەژیاندابوون بە حەسرەتی ئەوەبوون بە خوشک و براکانیان شادببنەوە»، وەک نووسەر لە پێشکەشکردنی کتێبەکەیدا دەنووسێت، لەم روانگەیەوە، بەشی شایەتحاڵی کتێبەکە خۆی لە ئاستی فەلسەفییەوە بەرزتر لە بەشی ئامار دەوەستێت، چونکە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بۆ خوێنەر دروست دەکات کە ژمارە بە تەنیا ناتوانێت دروستیبکات، ئەمە وا دەکات کتێبەکە بەبێ ئەوەی ئاماژەی راستەوخۆی بۆ فەلسەفەی لێڤیناس هەبێت، بەکردەوە دوو ژانری جیاواز لەخۆدەگرێت: ژانری «یاسایی - بەڵگەنامەیی» کە کەسایەتی دەگۆڕێتەوە بۆ داتا و ژانری «شایەتی-ئەخلاقی» کە داتا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەسایەتی.
یادەوەری و لەبیرچوونەوە، ریکۆر
پۆل ریکۆر لە کتێبی «یادەوەری، مێژوو، لەبیرچوونەوە»دا جیاوازی دەکات لەنێوان «یادەوەری بریندار» و «یادەوەری لە چاڵکراو »، هەروەها لەنێوان کارکردنی سۆگ و کارکردنی یادەوەری. کتێبەکەی «تەها سلێمان»، بە پێشکەشکردنی خۆی بۆ «قوربانییانی تاوانی ئەنفال، بە هاوڕێکانی منداڵێتی» و بە ناوهێنانی تاکەکەسی منداڵانی ئەنفالکراو، خۆی دەخاتە ناو ئەو تەوەرەی ریکۆر پێی دەڵێت «کارکردنی یادەوەری» واتە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئازاری تاکی نەگونجاو بۆ یادەوەرییەکی هاوبەشی گونجاو کە دەتوانرێت لە دواڕۆژدا لەگەڵی بژی، بەڵام لێرەدا کتێبەکە کێشەیەکی هەمیشەیی ئەنفالناسی کوردی دەردەخات: نووسەر خۆی بە روونی دەنووسێت کە «ئەنفال هێشتا لە بازنەی دروشمێکی سیاسی موجەڕەددا ماوەتەوە»، واتە بە زمانی ریکۆر، «کارکردنی یادەوەری» تاڕادەیەک لە ئاستی نەتەوەیی وەستاوەتەوە و نەگەیشتووەتە ئاستی «کارکردنی سۆگ» کە رێگە بە کۆمەڵگە بدات لە ناخۆشی رابردوو دەربازبێت بەبێ لەبیرکردنی. ئەمە بۆ خۆی بابەتێکی گرنگە بۆ لێکۆڵینەوەی داهاتوو: بۆچی، سەرەڕای بوونی هەموو ئەم بەڵگە و ئامارە، ئەنفال هێشتا نەگۆڕاوە بۆ بابەتێکی نێودەوڵەتی- تیۆری وەک هۆلۆکۆست، یان روواندا؟
خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی، بیرۆکراسیی کوشتار: بائومان و بەعس
زیگمونت بائومان لە کتێبی «مۆدێرنیتی و هۆلۆکۆست»دا ئاماژە بەوە دەدات کە جینۆسایدی هاوچەرخ نەک بەرهەمی شێتیێتی یان کابووسی سیستمە، بەڵکو بەرهەمی بیرۆکراسییەکی راسیۆنالە کە کارایی و کاتکورتی و پلاندانان بەرجەستە دەکات. کتێبەکە بە ریزکردنی هەشت قۆناغی ئەنفال بە دوای یەکتریدا، لەگەڵ دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان بەعس بە موستەشار و ئامری سریە و ئامر مەفرەزە تایبەتەکان، بەکردەوە دیمەنێکی روون لەم بیرۆکراسییە دەخاتەڕوو، ئەنفال نەبوو بە توندوتیژیی خۆڕسکانە، بەڵکو بوو بە پرۆژەیەکی بەڕێوەبردنی، خاوەن ژمارە و ناو و رێکەوتی رەسمی، بەشێوەیەک کە کارگوزاری «ئۆردوگا زۆرەملییەکان» تەنانەت لەڕووی زمانیشەوە لە زمانی کارگێڕی بەکارهاتووە، نەک زمانی توندوتیژی. ئەمە بە هەمانشێوەی ئارینت لە باسکردنی مانای «مۆداڵیێتی خراپە» بۆ ئایشمان پرسیارێک لەبەردەم خوێنەر دادەنێت: ئایا ئەو تاوانبارانەی ناویان لە لیستەکەدایە، بریتین لە کەسانی دژە-مرۆیی تایبەت؟، یان بریتین لە کارگوزارانی سیستمێک کە هەر کەسێکی تر لە جێی ئەوان دابنرێت، هەمان ئەرکی جێبەجێ دەکرد؟ کتێبەکە خۆی وەڵامی روونی ئەم پرسیارە ناداتەوە، بەڵام داتاکانی بۆ خوێندنەوەیەکی ئارینتیانە زۆر گونجاون.
حزبی بەعس وەک ئایدیۆلۆژیای بنیاتی
لە بەشێکی سەرەکیدا، نووسەر بەشێوەیەکی تایبەت دەچێتە سەر شیکردنەوەی حزبی بەعس و ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری، وەک ئەو بنەمایە کە بۆ فراوانکردنی خۆی، ئەنفال و کیمیابارانی وەک کەرەستە بەکارهێنا، لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، ئەمە دەگونجێت لەگەڵ ئەوەی هانا ئارێنت لە کتێبی «رەگەزەکانی توتالیتاریزم»دا باسی لێوە دەکات: کۆمەڵگەی توتالیتاری پێویستی بە «دوژمنی نەتەوەیی-رەگەزی» هەیە کە بەردەوام لە بیر و پلاندا بمێنێتەوە بۆ شەرعییەتدان هەموو کردارێک، تەنانەت ئەگەر دوژمنەکە هیچ مەترسییەکی راستەقینەی نەبێت. حزبی بەعس، لە پێناوی پرۆژەی «تعریب»ی ناوچە جوگرافییەکان و لادانی هەرشتێک لەڕووی نەتەوایەتییەوە جیاواز بێت، کوردی خستە پۆلی «رەگەزی دوژمنکارییەوە». ئەمە روونکەرەوەی بۆچی «ئایین و ئەنفال» دەبێتە بابەتێکی تایبەت لە کتێبەکەدا، چونکە ئایدیۆلۆژیای بەعس، لە پێناسەکردنی «دوژمن» دا، تەنیا بۆ رەگەز نەوەستا، بەڵکو دیاردەی ئایینی و کۆمەڵایەتیشی خستە ژێر پرسیارەوە.
گوند وەک یەکەی بنیاتی لەناوبردن
لەڕووی سۆسیۆلۆژیای گوندنشینییەوە، تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی کتێبەکە ئەوەیە کە یەکەی شیکردنەوەکە نەک تاک، بەڵکو گوندە. ئامارەکانی گوندی بەرکەوتووی ئەنفال و لیستی گوندە کۆمەڵکوژکراوەکان (وەک نموونەی 42 گوند)، پیشانمان دەدەن کە دەسەڵاتی بەعس، گوندی وەک یەکەی بنیاتی کۆمەڵایەتی کوردی دەناسییەوە و لەناوی برد، نەک تەنیا تاکی مرۆڤ. ئەمە بەکردەوە دووچاری دەبینەوە لەگەڵ ئەو بنەمایەی کۆمەڵناسانی جینۆساید وەک هێلن فاین باسی کردووە: جینۆساید، جیاواز لە کوشتاری بەکۆمەڵ، ئامانجی «کۆمەڵگە وەک کۆمەڵگە» دەگرێتەوە، واتە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کاروانی زانیاری نەوە بۆ نەوە، شوێنی نیشتەجێبوون و ژینگە. کاتێک گوندێک بە تەواوی دەسڕدرێتەوە، ئەوەی لەناودەچێت تەنیا ماڵ و کەرەستە نییە، بەڵکو تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتوری شوێنیشە کە بە دەیان ساڵ پێویستی بە دروستبوونەوە هەیە ئەگەر بتوانرێت.
لایەنی یاسایی وەک بەشێک لە شیکردنەوەی «سۆسیۆلۆژی-فەلسەفی»
لە بەشی تایبەت بە دۆسێی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال لە دادگا، لە کتێبەکەدا کە باسی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقی ساڵی 2006 و شەست و سێ کۆبوونەوەکەی تایبەت بە تاوانەکە دەکات، گرنگییەکی زیاتر لە تەنیا راپۆرتی یاسایی هەیە، لەڕووی فەلسەفەی یاساوە، دادگاییکردنی جینۆساید بریتییە لە هەوڵێک بۆ گۆڕینی توندوتیژیی نایاسایی (لە واتای بنیاتی) بۆ زمانی یاسا. کاتێک دادگا بڕیاری خۆی دەدات کە لە هەر هەشت قۆناغی ئەنفالدا «تاوانی جینۆساید، دژی مرۆیی و جەنگ» ئەنجامدراوە، ئەمە نەک تەنیا کارێکی یاسایی، بەڵکو کردارێکی سیمبولی گرنگە کە دەوڵەتی عیراق (کە خۆی تاوانبار بوو) بریتییە لە ناچاربوونی خۆی بۆ دانپێدانان بەو راستییەی کە خۆی هەوڵیدا بیشارێتەوە، بەڵام وەک کتێبەکە خۆی ئاماژەی پێدەدات، پشتگیریی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانەکانی بەریتانیا، نەرویج، سوید، بەلجیکا، کۆریای باکوور و هۆڵەندا هێشتا لە ئاستی «نیمچە رەسمی» ماوەتەوە، ئەمە جۆرێکی تایبەتی «داواکاریی ناتەواو» لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروستدەکات، کە فەیلەسوفانی وەک لینچی هارتمان و بێسکۆویتز باسیان لێوە کردووە: ئاسۆیەکی «بەشێوەی نیمچە رەسمی» کە کاردانەوەیەکی دژوار لەسەر مانای عەدالەت بۆ قوربانیان دەبێت «عەدالەتی نیوەکارە»، هەر وەک لەبیرچوونەوەی نیوەکارە.
جینۆسایدی هاوچەرخ نەک بەرهەمی شێتیێتی یان کابووسی سیستمە، بەڵکو بەرهەمی بیرۆکراسییەکی راسیۆنالە کە کارایی و کاتکورتی و پلاندانان بەرجەستە دەکات
کۆتایی و ئەرکی ئایندە
کتێبەکە بەپێی وتەی نووسەر لە پێشەکیدا، وەک «دڵۆپێک لە دەریای تاوانەکان» ناوبراوە واتە هەوڵێکی داکۆکیکارانەیە بۆ کۆکردنەوەی راستی، نەک بەرهەمێکی تەواو فەلسەفی، بەڵام دەقەکە خۆی، بە بنیاتی داتا و شایەتحاڵ و ریزبەندیی یاساییەوە، دەرگای فراوانی بۆ خوێندنەوەی فەلسەفی - سۆسیۆلۆژی کردووەتەوە، ئەرکی ئێستا و داهاتوو، وەک نووسەریش لە پێشەکیدا داوای دەکات، بریتییە لە گواستنەوەی ئەم زانیارییە بۆ «زمانێکی زیندووی جیهان»، واتە خستنیەتی بۆ ناو گفتوگۆی جیهانی جینۆسایدناسی لە تەنیشت هۆلۆکۆست و روواندا و کامبۆدیا. ئەم گواستنەوەیە بەبێ چوارچێوەیەکی تیۆری چوارچێوەیەک کە لێمکین و ئارێنت و بائومان و ئاگامبێن و لێڤیناس و ریکۆر تێکەڵ دەکات لەگەڵ داتای دیاریکراوی ئەنفال بەئاسانی نابێت، لەم روانگەیەوە، کتێبی «جینۆسایدی کورد.. تاوانی ئەنفال» دەبێتە بنەما، نەک کۆتایی، ماددەیەکی خاوی دەوڵەمەند کە لە چاوەڕوانیی خوێندنەوەی فەلسەفی - سۆسیۆلۆژی دایە کە خۆی جارێکی تر بگۆڕێت بۆ گوتارێکی فکری بەرز و کاریگەر، لەبری ئەوەی تەنیا لە بازنەی دروشمی سیاسیدا بمێنێتەوە کە نووسەر خۆیشی لێی دەترسێت.
سەرچاوەی سەرەکی
تەها سلێمان، جینۆسایدی کورد.. تاوانی ئەنفال (نووسین، دۆکیۆمێنت، زانیاری)، چاپی یەکەم،2016.
سەرچاوە تیۆری و فەلسەفییەکان
Raphael Lemkin, Axis Rule in Occupied Europe: Laws of Occupation, Analysis of Government, Proposals for Redress, Carnegie Endowment for International Peace, 1944.
United Nations General Assembly, Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, Resolution 260 (III) A, 9 December 1948.
Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism, Harcourt Brace, 1951.
Hannah Arendt, Eichmann in Jerusalem: A Report on the Banality of Evil, Viking Press, 1963.
Zygmunt Bauman, Modernity and the Holocaust, Cornell University Press, 1989.
Giorgio Agamben, Homo Sacer: Sovereign Power and Bare Life, trans. Daniel Heller-Roazen, Stanford University Press, 1998.
Emmanuel Levinas, Totality and Infinity: An Essay on Exteriority, trans. Alphonso Lingis, Duquesne University Press, 1969.
Paul Ricœur, Memory, History, Forgetting, trans. Kathleen Blamey & David Pellauer, University of Chicago Press, 2004.
Daniel Feierstein, Genocide as Social Practice: Reorganizing Society under the Nazis and Argentina›s Military Juntas, Rutgers University Press, 2014.
Helen Fein, Genocide: A Sociological Perspective, Sage Publications, 1993.
تێبینی
ئاماژەکان بۆ رووداوەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق (2006) و پشتگیری پەرلەمانەکانی بەریتانیا، نەرویج، سوید، بەلجیکا، کۆریای باشوور و هۆڵەندا، لە خودی کتێبی سەرچاوەی سەرەکییەوە وەرگیراون (لاپەڕەکانی پێشەکی)، نەک لە سەرچاوەیەکی دووەمدا.