دکتۆر رەغد ساڵح هەدلە
دکتۆرا لە بواری مێژوی پەیوەندی نێودەوڵەتان
لەوەتەی مرۆڤ لەسەر روی زەمین پەیدا بوە چەندەها شێوەی ململانێ و بەربەرەکانێتی بەخۆوە دیوە چ لەنێوان خۆی و ژینگەی دەوروبەردا بێ و چ لەنێوان خۆی و هاوڕەگەزەکانی خۆیدا بووبێ و هەمیشە دەبوایە روبەڕوی ئەم رووداوانە ببێتەوە و بە چەشنێک لێیان دەرچێ کە بەرژەوەندی و بەردەوامبونی خۆی پێ دابین بکات، پاشان کار گەیشتە ئەو رادەیەی کە دەبوایە بەرژەوەندیی خێزانەکەی و پاشان خێڵەکەی و پاشانیش وڵاتەکەی دابین بکات. ئەمەش ئا ئەمەیە کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێ قەیران یان تەنگەژە Grisis .
لەڕوی زمانەوانییەوە وشەی قەیران یان تەنگژە بەمانای تەنگانە یان دۆخی گرژو پڕ کێشەو ناخۆشی دێ. بەڵام وەک دەستەواژە، وشەکە قۆناغێکی گۆڕانە لەڕەوڕەوەی روداوەکانداو هەروەها بەمانای ناسەقامگیری و نا ئارامی و گۆڕان یاخود مانای هەنگاونان بەرەو گۆڕانێکی یەکلاکەرەوە و بنەڕەتی دێت.
پێناسەیەکی تریش وای بۆ دەچێ کە قەیران خاڵێکی وەرچەرخانە لەهەمو شتێکداو گۆڕانیش تێیدا شتێکی یەکجارەکییە ئەویش یا بەرەو چاکتر یان بەرەو خراپتر، یاخود قەیرانێکی پێشکەوتوی ململانێیە. هەندێ کەسی تریش وای پێناسە کردوە کە قەیران قۆناغی بەلوتکە گەیشتنی گرژیی پەیوەندییەکانە لەژینگەیەکی ستراتیجیی خۆماڵی یان ناوچەیی یان نێودەوڵەتیدا بەجۆرێک کە لایەنەکانی پەیوەندییەکە زۆر لە جەنگ نزیک دەبنەوە.
داهێنانی دەستەواژەی قەیران بۆ بیری یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە و مەبەست لەو دەستەواژەیە خاڵی وەرچەرخان بوو لە نەخۆشییە مەترسیدارو کوشندەکاندا کە سەرەنجامەکەیان مردنی مسۆگەر دەبو یان چاکبونەوەی تەواوو یەکجارەکی.
سەبارە بەواتاکانی قەیران لەبواری نێودەوڵەتاندا، دیارە مەبەست لەواژەی(International Crisis) ئەو دۆخەیە کە تێیدا هەلومەرجێک لەنێوان دوو لایەنی نێودەوڵەتی لە ئارادایەو ئەو هەلومەرجەش شک و گومان زاڵ بێ بەسەریدا و هەروەها ئەم ماوەیە زەمەنییە دەگرێتەوە کە بەڕێژە کورتە بەڵام پڕ فشاری نائاسایی یە لەسەر دروسکەرانی بڕیارو تەنانەت دەشێ لەو ماوەیەدا شەڕیش هەڵبگیرسێ و شەڕەکەش سەرەنجامی سامناک و ترسناکی لێ بکەوێتەوە.
لە دوو دەی دوایی سەدەی رابردوودا، سێ چەمک سەبارەت بە چارەسەرکردنی ماهیەتی قەیران لە گۆڕاێدا بوو کە ئەمانە بوون:
١-چەمکێکی پشت ئەستور بەتیۆریی سیستمەکان.
ئەم چەمکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەسیستمی سیاسی نێودەوڵەتان و قەیران لەچوارچێوەی ئەوەی کەپێی دەگوترێت قەیرانی نێودەوڵەتی، کار لە یەکتری دەکەن ئەویش لەسەر بنچینەی روخسارو کارلێکەکانی قەیرانەکەو وای بۆ دەچێ کە قەیران قۆناغێکی گواستنەوەیە لە نێوان شەڕو ئاشتیدا و زۆربەی قەیرانەکانیش بەبێ پەنا بردنە بەر بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە کە قەیرانەکە تێوەی گلاندووە، دەپوکێنەوەو مەرج نیە هەمو جار قەیرانە نێودەوڵەتییەکان هەرچەند مەترسیدار و هەڕەشە بن جەنگ و پێکادانیان لێ بکەوێتەوە.
لایەنگرانی خوێندنگەی سیستمەکان پێناسەی گرنگیان سەبارەت بە قەیرانی نێودەوڵەتی پێشکەش کردووە و پێیان وایە پەیوەندییەکی کارلێک ئاسا لەنێوان قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیریی سیستمی سیاسیی نێودەڵەتان هەیەو چەند سیستمی نێودەوڵەتان بەڕێژەی باشتر پەی بەڕاستییەکانی بباو باشتر سەرودەر لە چۆنێتی ئاڵووێر و گۆڕانیان دەر بکات. ئەوەندەش چاکتر دەتوانرێ ئامادەکاریی پێشوەخت و ئیجرائاتی کاراو کاریگەر بۆ خۆپاراستن و راستکردنەوەی هەڵەکان ساز بکرێت، لەکاتێکدا ئەگەر ئەم پەی بردنە نەبێ، توانای شتێکی واش لە گۆڕیدا نابێ و ئەوسا شۆکە کتوپڕو پڕتاوو ناپێشبینکراوەکان ئاسەواری خاپورکەر و ماڵوێرانکار لەسەر پارسەنگی سیستمە نێودەوڵەتییەکە بەجێ دەهێڵێن.
٢-چەمکێکی پشت ئەستور بە میتۆدی دروستکردنی بڕیار لایەنگرانی ئەم بیروڕایە لەو بڕوایەدان کە قەیرانی نێودەوڵەتی دۆخەکە هەڕەشە لەلایەنە بەشدارەکانی قەیرانەکە دەکاو ئەم دۆخە ئاسەواری گرنگ لەسەر ئەو لایەنانە بەجێ دێڵێ. لایەنگرانی ئەم چەمکە پێیان وایە پێناسەی قەیران پشت بەروخساری دەرەکیی نابەستێ بەڵکو گرنگترین شت کە چەمکەکە لە پێناسە کردنی ماناو تایبەتمەندییەکانی قەیرانی نێودەوڵەتیدا جەختیان لەسەر دەکات، پێویستیی بونی هەندێ توخمە کەدەبێ دروستکەرانی بڕیار پەیان پێ ببەن. توخمەکانی قەیرانیش بریتین لەو کردارو کردەوە ناپێشبینیکراوانەی کەنەیارەکە هانایان بۆ دەباو پەی بردن بەبونی مەترسییەکی گەورە و پەی بردن بەکاتی دیاریکراوی دروسکردنی بڕیارو وەڵامدانەوەو پەی بردن بە سەرەنجامە خراپەکانی وەڵام نەداوەنەوە.
٣- چەمکی گۆڕاوی گشتگیری قەیران
لایەنگرانی چەمکی گۆراوی گشتگیر لە پێناسەکردنی قەیرانی نێودەوڵەتیدا هەوڵیاندا هەردوو چەمکی سیستمەکان و دروستکردنی بڕیار تێکەڵاوی یەکتری بکەن و وا بکەن لەگەڵ یەکتیدا بگونجێن و لەم بارەیەوە قەیرانیان وا پێناسە کرد کە دۆخێکە چوار هەلومەرج هاوتەریبە لەگەڵیدا کە لەگەڵ پێداویستییەکانیدا دەگونجێن و بریتین لەمانە:١- گۆڕانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکیی قەیرانە نێودەوڵەتییەکە،٢-هەڕەشەکردن لەبەها بنچینەیی یەکانی ئەمڕۆ و ئایندە،٣-ئەگەری رودانی کردەوەی سوپایی کە ئەمەش ئەگەرێکی زۆر بەهێزە،٤-دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ وەڵامدانەوە، جگە لەوەی کەتەواوی هەلومەرجەکە بەڕونی لەبەرچاوی بەرزترین ئاستی دروستکەرانی بڕیاردایە.
دیاریکردنی چەمکی قەیرانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی ورد بەپێی سێ چەمکە ناوبراوەکە هەڵوێستێکی یەکجارەکیی کتوپڕە کە زادەی پەرەسەندنی ناکۆکی و ناتەبایی یەکەیەو لەهەمان کاتدا قۆناغی پێشکەوتوی ململانێی نێوان لایەنەکانی قەیرانەکەیە، چ قەیرانەکە ئاشکرا بێ چ شاراوە،چ کتوپڕبێ چ کۆن و چ زادەی هۆشیاری و بەئەنقەست بێ و چ بەبێ نەخشەکێشان بێ، قۆناغێکە چەندین هۆکاری بابەتی و خۆیی رۆڵیان هەیە لەڕودان و پێشکەوتن و پەرەپێدانیدا.
دووم: هۆکانی قەیرانی نێودەوڵەتی
چەمکی قەیرانی نێودەوڵەتی زۆرجار تێکەڵ بە چەمکی ململانێی نێودەوڵەتی دەبێ و شێواوییەک لەبەکارهێنانی هەردو چەمک پێکدێنێت. بەڵام لەراستیدا چەمکی ململانێی نێودەوڵەتی مانای خۆی هەیەو جیاوازە. لەمانای قەیرانی نێودەوڵەتی. ململانێی نێودەوڵەتی هەلومەرجێکە زادەی جیاوازیی ئامانج و بەرژەوەندییە نەتەوەیی یەکانەو بەچەند مەسەلەیەکی ترەوە گرێدراوە وەک سنوری جوگرافی و ژمارەی لایەنە بەشدارەکان و قەوارەی داهاتەکان و تایبەتمەندیی وێرانکەرانەیان و ئامانجەکانی دەوڵەت لەو ململانێیە.
هەندێ کەسی تریش وەهای بۆ دەچن کە ململانێی نێودەوڵەتان پێکدادانی ویست و هێزی دوو نەیار یان زیاتر لەچەند نەیارێکەو ئامانجی هەریەکێ لەلایەنەکانی ئەم ململانێییە وێرانکردنی ئەوی ترە چ بەشێوەیەکی یەکجارەکی و تەواوو چ بەشێوەیەکی نیوەناچڵ بەڕادەیەک کەویستی خۆی بەسەر لایەنەکەی تردا بسەپێنێ و بەمجۆرە دەتوانێ کۆتایی یەک بەپێی ئامانج و مەبەستەکانی خۆی بۆ ململانێکە بدۆزێتەوە. هەروەها هەندێ کەسی تر وای دادەنێن کە ململانێی نێودەوڵەتان گوزارشت لەتێکچونی توخمەکانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکیی لایەنەکانی قەیرانەکە دەکا بەڕادەیەک دەبێ بەمایەی هەڕەشەکردن لەبەهاو ئامانجە سەرەکییەکانی دەوڵەت و لەوانەشە تێکچونەکە بگاتە ئەندازەیەک کە هێزی سوپایی ی بەتەواوی تێدا بەکار بهێنرێ و کاتێکی کەمیش بۆ دەرکردنی هەندێ بڕیاری یەکلاکەرەوە هەبێ سەبارەت بەتێکچونی بارودۆخەکەو سەرهەڵدانی هەڕەشە مەترسیدارەکە. لەکاتێکدا چەمکی قەیرانی نێودەوڵەتی بەمانای ئەو دۆخە دێ کە دەرهاوێشتەی گڕسەندنی ململانێی نێوان دو دەوڵەت یان زیاترە، ئەویش لەبەر ئەوەی کەیەکێ لەلایەنەکانی هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگیی ستراتیجیی بە قازانجی خۆی دەداو ئەمەش وا لێک دەدرێتەوە کە هەڕەشەیەکی گەوهەرییە بۆ سەر بەهاو بەرژەوەندییەکانی ئەو نەیارەی کەروو لەبەرپەرچدانەوە دەکا. ئەم دۆخە بۆ ماوەیەکی کورت و دیاریکراو درێژە دەکێشێ. لەوانەیە لەو ماوەیەدا لایەنەکانی هانا ببنە بەر بەکارهێنانی هێزی سوپایی و زۆربەی جاریش قەیرانەکە بە پەسەندکردنی چەند سەرەنجامێکی گرنگ کە کاریگەری لەسەر سیستمی گشتی نێودەوڵەتان بەجێ دەهێڵێت، کۆتایی ی دێ.
بەکورتی: دەتوانین بڵێین قەیرانی نێودەوڵەتی بریتییە لە قۆناغە ناسک و یەکلاکەرەوەکەی ململانێی نێودەوڵەتان کەتێیدا ململانێکە توندوتیژو هەڵکشاوتر و مەترسیدارتر دەبێ، ئەمەش قۆناغە باڵاکەی ململانێکەیە کەلەوانەیە بەهانا بردن بۆ بەکارهێنانی هیز و زەبروزەنگ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئامانج و بەها باڵاکان، بەلایەکدا بکەوێت.
قەیرانی نێودەوڵتی هۆی جیاوازی هەیە بەڵام ئەم هۆیە جیاوازە تەنها رەنگدانەوەی یەک دۆخی بنچینەیی یە ئەویش پەیوەندیی قەیرانەکە بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە زیندووەکانەوە. بۆ نمونە، داگیرکردن خۆی لەخۆیدا سەرچاوەیەکی بنەڕەتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پێکدێنێ چونکە دەرفەتێکی زۆر سەرهەڵدانی زەبروزەنگی چەکدار لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا یان لەوڵاتە ژێردەستەکاندا دەڕەخسێنێ.
هەروەها کێشەکانی سنور و داواکردنی هەرێمەکان مایەی وروژاندنی چەندین تەنگژەی مەترسیدارو جەنگن. هەوڵدانی دەوڵەتانیش بۆ گۆڕینی دۆخی دیفاکتۆ، واتە ئەو دۆخەی کە لەئارادایە، بەیەکێ لەهۆکانی سەرهەڵدانی قەیرانی نێودەوڵەتی دادەنرێن. لێرە مەبەست لە گۆڕینی دیفاکتۆ بەدەست هێنانی دەسکەوتی ستراتیجیی تازەیە بەقازانجی ئەو دەوڵەتەی کە هەوڵەکە دەدا.
جگە لەمانە، هەروەها هۆکانی گرژی و قەیرانی نێودەوڵەتی لەوەدایە کە دەوڵەتان هەوڵی بەدی هێنانی بەرژەوەندیی ئابوریی خۆیان بدەن بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی تر و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە ئەمانیش بە نۆرەی خۆیان سەرگەرمی بەدی هێنان و پاراستنی بەرژەوەندیی ی نەتەوەیی خۆیانن. ئەو چەمکەش کەپێی دەوترێ ((پێکەوە هەڵنەکردنی بەرژەوەندییەکان)) یەکێکە لەهۆکانی دیکەی پەیدابونی قەیرانی نێودەوڵەتی. گرفتی ناسەقامگیریی سیاسی ناوخۆیی هەر دەوڵەتێکیش کارێکی وا دەکات ئەو دەوڵەتە نەتوانێ نەرمی بنوێنێ و دەسپێشخەر بێ کەزۆر جار هانی دەدا روو لە هەندەران بکات و قەیرانێک بوروژێنێ یاخود جەنگێک هەڵبگرسێنێ بەمەبەستی دەستەمۆکردنی گیروگرفتەکانی ململانێی ناوخۆیی و بۆ تۆکمەکردنی بەرەی ناوخۆ.
سێیەم:شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی
قەیرانی نێودەوڵەتی دۆخێکی پڕ شک و گومانە تا ئەندازەیەکی زۆرو دەرفەتێکی زۆری تێدایە بۆ گێچەڵ و کارەسات. بۆیە هەندێ کەس قەیرانەکە لەڕووی مەترسییەوە بەدیاردەی جەنگ دەشوبهێنن و تەنانەت هیچ جیاوازییەک لەنێوان قەیران و جەنگدا نابینن.
هەڵسەنگاندنی هەڕەشەو مەترسییەکانی قەیرانی نێودەوڵەتی لەدەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاوازە و هەڵبژاردنی شێوەی هەڵسوکەوت کردنیش لەگەڵ قەیراندا جیاوازە بەڵام سەرەڕای هەمو شتێ سێ شێوەی هەڵسوکەوت هەیە کە دەتوانرێ بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی پیادە بکرێ. ئەو سێ شێوەیەش بریتین لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە و هەڵپەساردنی و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
چارەسەرکردن بەمانای تاوتوێ کردنی هەمو دورایی یە جیاوازەکانی قەیرانەکەو دۆزینەوەی رێگە چارەی لەبار و یەکجارەکی بۆ هۆکانی قەیرانەکەو فاکتەرەکانی هەڵکشانی دێ. هەڵپەساردنیش بەمانای هێشتنەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکە لەدۆخێکی دیاریکراودا دێ و هەروەها بەو مانایە دێ کە هەوڵ بدرێ کاریگەریی قەیرانەکە لەدەرەوەی چوارچێوەی کاریگەریی راستەوخۆی قەیرانەکە بۆ سەر بەها و ئامانجەکانی دەوڵەت بهێڵدرێتەوە. مامەڵەکردنیش لەگەڵ قەیرانەکەدا بەو مانایە دێ کە وەک دۆخێک سەیر بکرێ کە شیاوی بەکارهێنان و سود لێ وەرگرتنە بەمەبەستی بەدەست هێنانی قازانج و بەرژەوەندی ئەگەرچی مایەی هەڕەشەشە بۆ دەوڵەت.
بەڕێوەبردنی قەیران (Crisis Management) بەمانای سەرکردایەتی و ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵ کردنی فاکتەرە گۆڕاوەکانی قەیرانەکە دێ و هەروەها بەو مانایەش دێ کە ئەو فاکتەرە گۆڕانە بەڕێوە ببرێن و بەچەشنێك وێنا بکرێن کە دەرفەت بدەنە بەڕێوەبەری قەیرانەکە بتوانێ بەو رێچکەیەی لێخوڕی کە دەیەوێ پێیدا بچێ تاکو قەیرانەکە بەو کۆتایی و سەرئەنجامە بگات کە ئامانجەکانی خۆی پێ بێنێتە دی و بەرژەوەندییەکانی پێ بپارێزێت.
چەمکی بەڕێوەبردنی قەیران جیاوازە لە چەمکی چارەسەرکردنی قەیران چونکە لەکاتێکدا چەمکی چارەسەرکردنی قەیران بریتی دەبێ لە کۆتایی هێنان بە قەیران بەبێ سودوەرگرتن لە دەرفەت کەیەکێکە لە ڕوخسارەکانی قەیران، بەڕێوەبردنی قەیران بریتی دەبێ لە هەوڵدانی دروستکەرانی بڕیاری هەر لایەک بۆ بەکارهێنانی گوشار بەشێوەیەکی نەرم و نیان و دانایانە بەپێی پێداویستییەکانی دۆخەکە یاخود بریتی دەبێ لە هەوڵدانیان بۆ پێکەوە ژیان و رێککەوتن بەبێ ئەوەی خەرجی و زیانێکی زۆر بکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتەکانیان.
بەرێوەبردنی قەیران بەو مانایە دێت کە هەوڵدانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی نێودەوڵەتیدا و کارکردن بۆ ئاراستە کردن و بەڕێوەبردنی بەجۆرێک کە بەڕێوەبەری قەیرانەکە ئەو ئامانج و بەرژەوەندییانە بەدی بێنێ کەپێی وایە کە زۆر لەو ئامانج و بەرژەوەندییانە زۆرترن کە هەڵپەساردنی قەیرانەکە یاخود چارەسەرکردنی بەیەکجاری بۆی دابین دەکەن.
لەهەموو ئەوەی کەباس کرا دەردەکەوێ کەبەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی مانای هێشتنەوەی قەیرانەکە و هەوڵدان بۆ گەیاندنی بۆ ئاستێک کە زۆرترین ئامانج و بەرژەوەندیی زیندو بۆ دروستکەری بڕیار بەدەست بێنێ، دەبەخشێ. لێرەدا ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەرشانی بەڕێوەبەری قەیران کەدەبێ بڕیار لەسەر بەرژەوەندیی دەوڵەتەکەی بداو ئەو بەرژەوەندییانەش بپارێزێ، جا ئەگەر لێرەدا توانی بەبێ هانا بردن بۆ جەنگ چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزێتەوە، ئەوا ئەم خۆلادانە لە جەنگ بەو مانایە دێت کە بڕیاری لەسەر ئەو شێوازی کارکردنە داوە کە بەدی هێنانی ئەم کارەی پێ جێبەجێ دەکات.
چوارەم: ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی
شێوازەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی کە ئامرازەکانی قەیرانەکەی تێدا دێتە بەکارهاتن، دەکرێ بەسەر سێ جۆرەوە دابەش بکرێ کە ئەمانەن:
١-شێوازی دپلۆماسیی وەک هەوڵی ناوبژیوانی، وتووێژ،بردنی کێشەکان بۆ بەردەم رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەیی یەکان.
٢-شێوازی یاسایی ی وەک دادوەری و دادگای نێودەوڵەتی.
٣-شێوازی بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێز.
ئەو ئامرازانەی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی نێودەوڵەتی بەکار دەهێنرێن چەردەیەک ئامرازن کە هەندێکیان ئامرازی ساتوسەودان مایەی گوشارن و ئەو جموجوڵانە دەگرێتەوە کە دەوڵەت بۆ گوشار خستنەسەر نەیارەکەی بەکاریان دێنێ تاکو ناچاری بکات بەداخوازییەکانی رازی بێ. هەندێکی تریش ئامرازی ساتوسەودای مایەی سازاندن و ئەم جموجۆڵانە دەگرێتەوە کە بەهۆیانەوە دەوڵەت گوزارشت لەویست و ئارەزوی خۆی دەکات و نیشانی دەدا کە زیاتر بەلای خەفەکردنی قەیرانەکەدا دادەشکێنێ و حەز دەکا بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی مامناوەندی بگەیەنێ.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری سیاسەتی نێودەوڵەتان وەرگیراوە، ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٩
بابەتی زیاتر