رەحمان عەلی سۆفی رەشید

ئاسان نییە بەوردی کاتی سەرهەڵدانی چەمکی مافی چارەی خۆنوسین دیاری بکرێ، بەڵام ئەم چەمکە بەکردەوە بۆ ئەو قۆناغە  دەگەڕێتەوە، کەتێیدا جیهان لەسیستمی  کۆنی دەرەبەگایەتییەوە بەرەو سیستمی بورژوازیی مۆدێرن و پشتبەستوو بە بەهاکانی تاکگەرایی و پەیوەندی سەرمایەداری هەنگاوی دەنا.  ئەم چەمکە لەوەتەی پەیدا بووە، بە بەردەوامی گۆڕاوەو پەرەی سەندووەو هەروەها پەیوەندیشی بەو خوێندگە فیکری وسیاسییە مۆدێرنانەوە هەبووە، کە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسانیان داوە  باسکردنی مافی چارەی خۆنووسین  پێش دانانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکردنێکی  سیاسی بوو.  یاسای نێودەوڵەتیی گشتیش لەم مەسەلەیەدا هیچ رێسای تایبەتی نەبووە، چونکە بیرۆکەی دروستبوونی  دەوڵەتان لەسەدەکانی رابردوودا لەگەڵ ئەم یاسایەدا ناگونجێن و لەسەدەی ١٧و ١٨دا زۆرتر قسە لەسەر نەتەوەکان بوو. لەم مەسەلەیەدا  دەبوایە دەوڵەتان  لەگەڵ بیرۆکەی نەتەوەدا هاوجووت بن . مافی چارەی خۆنووسین چەمکێکی لاستیکییە، ناواخنەکەی جێی زۆر پرنسیپ وبنەماو مافی تێدا دەبێتەوە پرۆژەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەدەمبرتن ئۆکس خرایە بەرچاو، مافی چارەنووسی تێدا نەبوو. بەڵام لەسەرداوای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ئەم مەسەلەیە باس کراو پاشان هەر چوار دەوڵەتەکەی یەکێتیی سۆڤێت و بریتانیاو فەرەنسا و ئەمریکا لە سەر ئەوە رێککەوتن، کە مەسەلەی مافی چآرەی خۆنووسین لەکۆنگرەی سان فرانسیسکۆ وتووێژی لەسەر بکرێ،بەڵام تا ئەو کاتە ماناو ناوەڕۆکی  رون نەبوو.
پێشکەشکردنی پرۆژەکە لەلایەن هەر چوار دەوڵەتەکەوە، ئەگەچی رێککەوتن  لەسەر ناوەڕۆکی نەکرابوو، ئەم پرنسیپە گرنگەی کردە بەشێک لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی تەمومژاوی باسی مافی چارەی خۆنوسینی گەلانی کردووە لەدەستوری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هێشتنەوەی دەقەکە بەتەمومژی  نەبووە هۆی  دانانی سنور بۆ ململانێ لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، بگرە بەپێچەوانەوە، گەرم وگوڕتری کرد. ئەگەرچی لەکاتی جیاوازیی تێگەیشتن لەپرنسیپەکانی پەیماننامەی  نەتەوە یەکگرتووەکان، نابێ هیچ دەوڵەتێک لەخۆیەوە تەفسیر بۆ ماددەکان بدۆزێتەوە، بەڵکو مەرجەعیەتەکە دەبێ هەر بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان بێت. بەڵام دروستبونی کێشە لەسەر شێوەی تێگەیشتن  لەمانای مافی چارەی خۆنووسین لەنێوان هێزەکانی جیهاندا گەیشتە ئەوپەڕەکەی. مافی چارەی خۆ نووسین لە لیبرالیزمدا بەو واتایە دێت کە گەلانی پێشکەتوو مافی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەیە. لە مارکسیزمیش  بەو مانایە دێت، کە چینی پرۆلیتاریا مافی هەیە وێنای ئایندەی گەلانی ژێڕ دەستە بکات، نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەهای بۆ دەچێ، کەمافی چارەی خۆنووسین نەهێشتنی کۆلۆنیالیزمی کۆن و دەستوەرنەدانی زلهێزەکانە لەکاروباری هێزە بچوکەکان، رێکخراوەکانی جیهانی سێش پێیان وایە مافی چارەی خۆنووسین کۆتاییهێنانە بەشێوازە تازەکانی کۆڵۆنیالیزمی ئابوری و رۆشنبیری.
گەلانی ستەمدیدەش لەو بڕوایەدان کەمافی چارەی خۆنووسین مافی دیاریکردنی  ئایندەی سیاسییە بەشێوەیەکی ئازاد بە مافی جیابوونەوەشەوە، گەلانی سەردەستیش  وەهای لێ دەڕوانن، کەمافی پاراستنی سەردارێتی دەوڵەت و بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و  ئابوری و کەلتوریی  دەوڵەتە  پێشکەوتووەکانە، سەرباری رێگرتن لە دەستوەردانی  دەرەکی لەکاروباری ناوخۆییان. لەبەر ئەوە ئەوانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان بایەخیان بەم مافە داوە، هەوڵیان داوە ناوەڕۆکەکەی دیاری بکەن. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کەئەم مافە هەمیشە لەپەرەسەندێکی  بەردەوامدا بێت و لەڕەوتی رێسای  یاسای  نێودەوڵەتاندا  باشترو رۆشنتر دەرکەوێت. پەرەسەندنی ناوەڕۆکی  مافی چارەی خۆنوسین  لە ڕووی ئایدۆلۆژی وسیاسییەوە تەمومژیی ناوەڕۆکی مافی چارەی خۆنوسین لەپەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵسوکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و کەمتەرخەمی نییە، واتە زادەی  گوێپێنەدان و کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی  کەچارەنووسی جیهانیان لەبەردەستدا بووە،رای جیاوازیان  دەربارەی ئەو رژێمە هەبووە، کەپاش کۆتاهاتنی شەڕی دووەمی جیهان دێتە ئاراوەو هەروەها رای  جیاوازشیان دەربارەی  مافی چارەی خۆنووسین بەشێوەیەکی گشتی هەبووە.
دەوڵەتە سەرمایەدارەکان بەسەرکردایەتیی  ئەمریکا  کەخاوەنی بەهای  لیبرالە، دەیانویست چەمک و بەهاکانیان بەپێی تێڕوانین و ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندییەکانی خۆیان گلۆبالیزە بکەن، دەوڵەتە سۆسیالیستەکانیش بەسەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت دەیانویست چەمک و بنەماو بەهاکانیان بەگوێرەی نۆڕین و ئایدۆیۆلۆژیا  مارکسیستی و بەرژەوەندییەکانیان گلۆبالیزە بکەن. کەواتە  پەیماننامە  نەتەوە  یەکگرتووەکان  لەکەش و هەوایەکدا پەسەند کراوە، کەدەوڵەتە زلهێزەکان هەر یەکەیان تەنها بیری لەبەرژەوەندیی خۆی دەکردەوە. دەبێ ئەوەشمان لەیاد بێ کە ئەگەر ئەو بەڵێنانە نەبوونایە، کەئەو دەوڵەتانە لەکاتی جەنگی دووەمی جیهاندا بنیادیان نابوو، دەرفەت نەدەبوو  دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و دەوڵەتە سۆسیالیستەکان پێکەوە پەیماننامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دابنێن. ئەم بەڵێنانە زەمینەیەکی فیکری و میدیاییان بۆ هاندانی گەلان بۆ بەرپەرچدانەوەی نازیزم و فاشیزم دروست کردو وەهایان کرد ئەو گەلانە هیوا لەسەر سەرکەوتنی بەرەی دیموکراسی هەڵبچنن. کەواتە لەهەلومەرجێکی وادا دەبوایە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەک بەرژەوەندیی دەوڵەتە گەورەکان دابین بکات ولەلایەکی ترەوە هەندێ لەهیواو ئاواتی گەلان و مرۆڤ بەدی بهێنێ، بەتایبەتی سەبارەت بەمافی مرۆڤ و گەلان. چاکترین  بەڵگەی ئەو لێک دورکەوتنەوەو دووبەرەکیە ،شەڕی ساردە، کەپاش لەدایکبونی پەیماننامەکە بەچەند ساڵێکی کەم هەڵایسا. دیراسەکردنی مافی چارەی خۆنووسین لەڕوانگەی لیبرالیزم و مارکسیزمەوە سودی بۆ مافە چۆن ناو یاسای  نێودەوڵەتیی  گشتیی هاوچەرخدا باسکراوە؟

مافی چارەی خۆنوسین لەبیری لیبرالدا
ئەوقۆناغەی کەمافی چارەی خۆنوسین بەڕاستی تێیدا جێبەجێ کرا، قۆناغی شۆڕشە دیموکرات و رزگاریخوازەکان بوو، کە بوونە مایەی رزگار کردنی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان. رابەری ئەم شۆڕشانە وەک شۆڕشی ئەمریکاو شۆڕشی فەرەنسا لیبرالەکان بوون،کەچەردەیەک بەهاو چەمکیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا.
ئەم بەهاو چەمکە لیبرالییانە زۆر دەوڵەمەند و ئاڵۆزن و وای بۆ دەچن کە  مرۆڤ بەو زیرەکییەی هەیەتی، دەتوانێ گیروگرفتەکانی دەستنیشآن بکات وچارەسەریشی بۆ بدۆزێتەوە و هەروەها دەتوانێ بەشێوەیەکی بەردەوام و رێکوپێک و ئامانجدار بارودۆخ و گوزەرانی خۆی چاکتر بکات بەپێچەوانەی بیروباوەڕی پارێزگارانەوە، کەپێێ باشە واقیع لەڕێی گۆڕینی بارودۆخەکەوە بگۆڕێت.

کەلەپوری لیبرالیزم لەچەندان بەهاو چەمکی جیاواز پێکدێ کەدەکری ئاوەها پۆلین بکرێن و بەسەر چەند بوارێکدا دابەش بکرێن:
بواری ماف وئازادییە کەسییەکان کەچەند مەسەلەیەک دەگرێتەوە وەک لێبوردەی شۆڕشی فەرەنسا تەکانێکی زۆری بەخەباتی گەلان و مەسەلەی مافی چارەی خۆ نووسین بەتایبەی  لێبوردەیی ئاینی، ئازادی رادەربڕین، ئازادیی بیروباوەڕو بیرکردنەوە، ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوەو ئازادیی مۆڵکێتیی تایبەت.
بواری سیاسی، لەوانە حوکمی دەستوورو پەرلەمان و فرەیی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بوونی هاوسەنگی وگەرەنتیی دەستووری سەبارەت بەهەڵسوڕانی دەسەڵاتی راپەڕاندن. بواری سیاسی، لەوانە دەوڵەتی یاسا، سەربەخۆیی دادوەری، یەکسانیی یاسایی هاوڵاتییان و دانانی یاسای یەکسانی بۆ هەمووان.
بواری ئابووری و دارایی، لەوانە ئابواریی بازاڕ، بازرگانیی ئازاد، بودجەی هاوسەنگ و سیستمی دارایی ژیرانە. بواری  ئیدارەی وخزمەتگوزارییە مەدەنییەکان، لەوانە پیویستیی گۆڕینی سیستمی تابعیەتی کەسی و دەرەبەگیی  کۆن بە  سیستمێکی مۆدێرن لەسەر بنەمای شارەزایی و پیتۆڵی وبەهرەو لێزانی
 چەمکی مافی چارەی  خۆنووسین  لەبیری لیبرالیدا بەو مانایە دێت، کەدەبێ حکومەت مل بۆ ئیردەی گەل کەچ بکات نەک بۆ ئیرادەی تاکی دەسەڵاتدار.  شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەرەنسا لەسەر ئاستی ناوخۆو ئاستی دەرەوەرە دەنگدانەوەی روخسارەکانی مافی چارەی خۆنووسین بوون.
لەسەر ئاستی ناوخۆ دێکۆمێنتی سەربەخۆبوونی ئەمریکا  کەجیفرسۆن  رایگەیاند، دەڵێ خەڵکی بەئازادی لەدایک  بوون ولەمافدا ئازادو یەکسان دەمێننەوە.  یاسا تەعبیر لەئیرادەی گشتیی دەوڵەت دەکاو هەموو هاووڵاتییان ئەو مافەیان هەیە، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە شدار بن لەدروستکردنی ئەم ئیرادەیە و پێویستە لەسەر هەموو رێکخستنە سیاسییەکان مافە سروشتییەکانی مرۆڤ بپارێزن.
لەسەر ئاستی دەرەوە،  دیکۆمێنتەکە دەڵێ یەکێ لە سروشتەکانی رووداو مرۆییەکان، پێویستی شکاندنی ئەو کۆت بەندە سیاسییەیە، کەنەتەوەیەک بەنەتەوەیەکی ترەوە دەبەستێتەوە تاکو ئەو نەتەوەیە بتوانێ مافە یەکسانەکانی لەناو گەلانی جیهاندا وەدەست بێنێ. شۆڕشی فەرەنساش شۆڕشێك بوو لەدژی ستەمکارە لۆکالەکان،واتە ئەم شۆڕشە مافی  چارەی خۆنووسینی ناوخۆیی پراکتیزە کرد، بەڵام لەگەڵ خۆیدا  گەرای مافی چارەی خۆنوسینی گەلانی دانا، ئەویش کاتێک پشتگیریی لەچەمکەکانی ئازادی و یەکسانی و سەروەریی گەل و قەدەغە کردنی داگیرکردنی کردو بانگەشەی بۆ وەکیەکیی گەلان کرد. کۆمەڵەی فەرەنسا لەمەرسومی رۆژی ١٩ی نۆڤەمبەری ١٧٩٢بەناوی  گەلی فەرەنساوە ئەمەی راگەیاند: کەیارمەتیی هەموو ئەو گەلانە دەکات کەعەودالی بەدەستهێنانی ئەو ئازادییەن، کەلێێان سەندراوەو داوا لە کاربەدەستانی  دەوڵەت دەکا فەرمانی پێویست بۆ پێشکەشکردنی کۆمەک و یارمەتی بۆ ئەو گەلانە دەر بکەن و بەرگری لەو هاوڵاتییانە بکەن. کەزیانیان  بەرکەوتووە یاخود لەڕەوتی خەباتدا لەپێناوی مەسەلەی ئازادیدا زیانیان  لێ دەکەوێ. لەژێر ئاسەواری ریکلام وپرۆپاگەندەکانی ئەم دوو شۆڕشەدا، چەندان شۆڕشی نەتەوەخواز لەسەرانسەری ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەمدا هەڵایسان، بەتایبەتی لەنیوەی دووەمی ئەو سەدەیە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٨٤٨-١٨٧١ . بۆ تەگەرەدان لەدەستێوەردانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەکاروباری دەوڵەتانی ئەمریکای باشور باش بەدەستهێنانی سەربەخۆبوون لەماوی١٨١٠-١٨٢٥ سەرۆکی ئەمریکا مۆنرۆ لەساڵی ١٨٢٣دا لەلێدوانێکدا رایگەیاند کە دەوڵەتانی ئەمریکای باشوور مافی چارەی خۆنووسینیان هەیەو بەڵێنی دا کەپشتگیریی سوپایی و مەعنەوی پێشکەش بەحکومەتەکانی ئەو دەوڵەتانە دەکات .
لەسەر ئاستی کۆنفرەنسە نێودەوڵەتییەکان، داخوازییەکانی ئیتالییەکان و  ئەڵمانەکان و پۆلەندییەکان وهەنگارییەکان سەبارەت بەمافی چارەی خۆنوسین  لەکۆنفرەنسی  ساڵی ١٨١٥ی ڤیەننا پاش کۆتاییهاتنی جەنگەکانی ناپلێۆن، لەلایەن دەوڵەتە ئەوروپییە پارێزگارەکانەوە زۆر بەتوندی وەڵام درانەوە . لەکۆنفرەنسی ساڵی ١٨٨٥ی بەرلینیش دەوڵەتە بەشدارەکان نەیانویست بەیانی کۆتایی کۆنفرەنسەکە هیچ شتێکی دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین تێدا بێ و دژی ئەوە راوەستان، کەمافەکە بکرێتە مافێکی جیهانی، چونکە زۆربەیان  لەئەفریقا چەندان وڵاتیان داگیر کردبوو، بۆیە پرنسیپەکەیان پشتگوێ خست لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهان دیسان لیبرالەکان و سۆسیالیستەکان  ئەم  پرنسپەیان  بەئاشکرا  وروژاند و ئەمەش مافی چارەی خۆنووسینی بۆ پێشەو برد. لەم بوارەدا فاکتەرێکی گرنگ هەبوو. کەهەم لیبرالەکانی هاندا پشتگیریی مافەکە بکەن هەم سۆسیالیستەکان، ئەویش پەرەسەندنی کاریگەریی مەسەلە نەتەوەییەکانە لەسەر بەرژەوەندیی زلهێزەکان.
ئیتر لەوساوە پرنسیپی مافی چارەی خۆنووسین بووە یەکێ لەبنەما بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سەرۆکی  ئەمریکا وودرۆ وێلسن ١٨٥٦-١٩٢٥ لەوتاری رۆژی ٣ی نیسانی ١٩١٧دا کەئاراستەی کۆنگرێسی کردبوو، وتی بەلای منەوە پەسەندە کەدەوڵەتان رێککەون لەسەر قبوڵکردنی مافی چارەی خۆنووسین و
پراکتیزەکردنی لەسەرتاسەری جیهاندا، بەجۆرێک کەهیچ گەلێک گەلێکی تر ناچار نەکات پەیڕەوەی لەسیاسەتی خۆی بدات. دەوڵەتە هاوپەیمانەکان دانیشتوانی هەرێمە ناتورکییەکانی دەوڵەتی عوسمانی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و هەروەها بۆ بەرپەرچدانەوەی پروپاگەندەی شۆڕشگێڕانەی بەلشەفێکەکان لەڕۆژهەڵاتدا، رایگەیاند کە ئەوان بۆیە روویان لەجەنگ کردووە، تاکو مافی چآرەی خۆنووسین بدەن بەگەلانی ئیمپراتۆرییەتی نەمسا هەنگاریا و ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی ئەمە لەڕووی پڕوپاگەندەوە. بەکردەوە هێزە لیبرالییە براوەکانی شەڕ (بەتایبەتی بریتانیا وفەرەنسا) بەڵێنەکانی خۆیان نەبردە سەر. لەکۆنفرەنسی ساڵی ١٩١٩ی ئاشتی پاریس و پاش کشآنەوەی ئەمریکا لەپرۆسەی داڕشتنی سیستمێکی نوێ بۆ جیهانی پاش جەنگ ،هەر یەک لە بەریتانیا و فەرەنسا بەئارەزووی خۆیان سنوری سیاسی نێوان دەوڵەتە کۆنەکان و دەوڵەتە تازەکانیان بەبێ  پرسکردن  بەدانیشتوانی ناوچە سنورییەکان کێشاو خۆیان ئەو سنورەیان بەسەر دەەوڵەتان و گەلاندا سەپاند، کەخۆیان گەرەکیانە. براوەکان بۆ چاوبەستەکی هانایان بردە بەروروژاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان وبەبێ گوێدانە مافی گەلان و دەوڵەتان، چەند دەوڵەت و چەند قەوارەیەکی سیاسیان پێکهێنا .
هاوپەیمانەکان مافی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییان تەنها بەهەندێ گەلانی ئەوروپا  بەخشی لەم مەسەلەیەدا سەردانی هەریەک لە بریتانیا وفەرەنسا بڕیاری  دامەزراندنی چەند دەوڵەتێکی تازەیان وا پاساودا، کەگوایە ئەمە بەپێوادانی مافی چارەی خۆنووسین کراوە، کەچی لەهەمان کاتدا چەند کۆسپ وتەگەرەیان خستە بەردەم ئاوات و ئامانجی نەتەوەیی چەندان گەلی نائەوروپی و وایان کرد ئەو گەلانە بەئاوارت خۆیان نەگەن.هاوپەیمانان بۆ پاراستنیبەرژەوەندییەکانیان وایان کرد کۆنفرەنسی پاریس مەسەلەی مافی سیاسیی گەلانی چەندان وڵاتی وەک هیندستان و میسرو ئیرلاندو  هەرێمی ئەلسا تاوتوێ نەکات. بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ویلسن و راوێژکارەکەی، کۆلۆنیل هاوس ، هەوڵیاندا پەیماننامەی کۆمەڵەی گەلان بەتەنیشت ئەو دەقەی کەباسی دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆبونی سیاسی ئەندامانی کۆمەڵەی گەلان دەکا، دەقێکی تریشی هەبێ باسی مافی چارەی خۆنووسین بکات. ئەو دەقەی کە بۆ ماددەی دەیەمی پەیماننامەی کۆمەڵەی گەلان پێشنیار کرابوو، دەیانویست  بەو جۆرە بێ، کەدەشێ بەڕەزامەندیی کۆمەڵەی گەلان هەندێ هەموارکردنی ناوچەیی بێتە ئاراوە، کەجووت بێ لەگەڵ  گۆڕانی بارودۆخ و ئامانجە نەتەوەییەکان بەگوێرەی پرنسیپی مافی چارەی خۆنووسین بەڵام ئەم پێشنیارە لەبەر فشارو گوشارەکان سەری نەگرت. بۆیە ماددەی دەیەم بەهیچ شێوەیەک باسی مافی چاری خۆنووسینی نەکرد وەک ویلسن دەیویست و ئەمەش دەری خست کەپرنسیپی یەکپارچەیی خاک کەوتۆتە پێش ئاواتە نەتەوەییەکان.

مافی چارەی خۆنووسین لەبیری مارکسیزم دا
چەمکەکانی مارکسیزم دەگەڕێنەوە سەر لیبرالیزمی کلاسیکی و بۆچوەنەکەی وایە کەمرۆڤایەتی دەتوانێ بەتێگەشتنی یاسا زانستییەکانی رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری ، پێشکەوتن بەدەست بهێنێ. بەڵام بەلای مار کسیزمەوە ئازادیی تاک نابێتە بناغەی ئەو کۆمەڵگا نموییەی کەخۆی دەیەوێ، چونکە بەلای مارکسیزمەوە ئازادیی تاک کەسەرمایەداری باوەڕی  پێیەتی، بەشێوەیەکی  تەنگەبەر چینایەتییەو زۆرتر لەخزمەتی بەرژەوەند ییەکانی کەمینە بورژوازییەکە دایەو ئەو ئازادییە ناتوانێ روخساری چینایەتی لەخۆی دابماڵێ و ئەم روخسارەش لەکۆمەڵگای سۆسیالیستیش هەردەمێنێ، چونکە بەرژەوەندیی زۆرینە رەنجدەرەکەوە هەیە. پراکتیزەکردنی ئەم ئازادییە تەنها لەسایەی کۆمۆنیزمدا بەدروستی و تەواوی دێتەدی، گوایە لەکۆمۆنیزمدا هیچ ئەنگێزەیەکی چینایەتی لەبواری  کۆمەڵایەتی و  ئابووری وسیاسیدا نامێنێ. بەمجۆرە، مارکسیزم بیرۆکە لیبرالییەکەی تایبەت بەمافە سروشتییە یەکسانەکانی لەمەیدانی سیاسەت و یاسا دوور خستەوە و بردی بەلای مەیدانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا. مارکسیزم مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی چارەسەر کرد، بەڵام لەچوار چێوە گشتییەکەی ململانێی چینایەتی و شۆڕشی سۆسیالیستی پرۆلیتاریدا. یەکەم ئاماژە لەنووسینە مارکسیستییەکاندا بۆ پرنسیپی مافی چارەی خۆنووسین لەو بەیاننامەدایە، کەساڵی ١٨٩٦ کۆنگرەی سۆسیالیستی جیهانیی یەکێتیی کرێکاران دەری کردووە. ئەمە لەسەرئاستی کەسەکان، تیۆریسینە بەراییەکانی مارکسیزم وەک مارکس و ئەنگلس مافی جیابونەوەو مافی چارەی خۆنووسینی هەندێ لەگەلانی ئەورپا  کرد، بەڵام ئەم پشگیریکردنە بۆ هەموو گەلانی ئەورووپا نەبووە و هەروەها بۆ گەلانی ئاسیا و ئەفریقیاش نەبوو .

ئەم بابەتە لە گۆڤاری کەلتور وەرگیراوە، ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١١

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved