سیاسەتی راگواستنی کورد لە کورستانی عیراقدا
چیا
سەرەتا
سێ کوچکەی تەرحیل*، تەعریب وتەبعیس سێ مەترسیی گەورەن کە هەڕەشە لەبوونی نەتەوایەتی ی نەتەوەی کورد دەکەن لە کوردستانی عێراقدا، هەروەک سێ پایەن سیاسەتی شۆڤێنیانەو رەگەز پەرستانەی رژێمی بەعسیان لەسەر وەستاوە.
وەنەبێ ئەم سیاسەتە لە ئەنجامی بڕیارێکی سەرپێی یی یا تاکتیکی یەوە هاتبێ، بەڵکو بەقوڵی لەبیروبۆچوون و لێکدانەوەی بەعسدا رەگی خۆی داکوتاوەو قوڵاییەکی ستراتیجی هەیە کەڕووی لە تواندنەوەی نەتەوەی کوردە لە کوردستانی عێراقدا لەبۆتەی نەتەوەی عەرەبدا و سڕینەوەی دوا شوێنەواری کوردستانی بوونی ئەم پارچەیەی نیشتمانەکەمان کە بەزۆرو بەپێ ی نەخشەیەکی ئیمپریالیستانە بە عێراقەوە لکێنراە.
دیارە لە ووڵاتانی دنیادا دوو جۆر یا دوو شێوەی راگواستن بەرچاو دەکەوێ بەمەبەستی کۆکردنەوەی گوند و لادێ کان:
بەشێکە لە کتێبی( سێکوچکەی بەعسیان: تەعرین،تەرحیل،تەعبیس) کەساڵی١٩٨٧لەلایەن دەزگای رۆشنبیریی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە..
یەکێکیان: کۆکردنەوەی ئەو گوند و لادێ یانە بەمەبەستێکی ئابوری- کۆمەڵایەتی و شارستانێتی یە تا مرۆڤ و زەوی بەجۆرێ کار لەیەکتری بکەن، هەم بەباشترین شێوە زەوی رەنێو بهێنرێ و هەم بەرزترین ئاستی گوزەرانیش دابین بکرێ واتە راگواستن شێوەیەکی ئارەزومەندانە بەخۆوە دەگرێ کە لەپێناوی پەرەپێدانی ناوچە دواکەوتوەکان و گشت وڵاتەکەدایە. بەڵام لێرەشدا چەند فاکتەرێک رۆڵی خۆیان دەگێڕن:
١-دەبێ گوندنشینەکان رۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی پەرەپێدانی لادێ دا بگێڕن .
٢-دەبێ دەستێوەردانی حکومەت لەسەر داخوازی خەڵک بێ نەک بە پێچەوانەوە.
٣- دەبێ توخمە بنچینەیی یەکانی پەرەپێدان هی هەمان ناوچە بن.
واتە کۆکردنەوە و گرد کردنەوەی گوند و لادێ کان دەبێ لەشوێنێک بێ نزیک بەزەوی و زاری مەزراکانیان بێ، جۆری خانوبەرە و ژیانیشیان لەگەڵ ئاستی گەشەکردنیان و سایکۆلۆجی خەڵکەکەدا بگونجێ، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی پەرەپێدانی گشت وڵات و زیادکردنی داهاتی نەتەوەیی دا رۆڵێکی بەرچاوو گرنگیان هەبێت و پەیتا پەیتا هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی گشتی ژیانیان بدرێ.
دووەمیان: راگواستنی زۆرە ملێیە کە ڕژێمە داگیرکەرە کۆلۆنیالیست و زەوتکەرەکانی مافی مرۆڤایەتی دژی گەلانی رزگاریخواز بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی:
-دانیشتوانی ناوچە جۆراوجۆر و گرنگەکان لەهێزە شۆڕشگێڕە چەکدارەکان دور بخەنەوە و لەشوێنێکدا کۆیان بکەنەوە کە لە شێوەی گرتوخانەدایە، تا هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکانیاندا بمێننەوە.
-لەبواری بەرهەم هێنان دووریان بخەنەوە و بیانکەنە هێزێکی بەرخۆر تا:
*لەلایەکەوە نەتوانن بژێوو پێداویستیەکانی شۆڕشگێرەکان دابین بکەن.
*لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی لە دەرفەتی شیاو و گونجاوودا چەکداریان بکەن و بەگژ شۆڕشگێڕەکانیاندا بکەنەوە.
ئاشکرایە کە ڕاگواستنی گوند و لادێ کانی کوردستان بۆ جۆری دوەمی ڕاگواستنەکە دەگەڕێتەوە.
تاقی کردنەوە و تەجروبەکانی جوڵانەوەی ڕزگاری ی نیشتمانی و شۆڕشەکانی گەلانی دنیا گەلێ نموونەمان دەخاتە بەرچاو کە چۆن دەوڵەتە داگیرکەر و کۆلۆنیالیستەکان بەسەدان و هەزاران گوندی گەلانی ژێر دەستە و داگیرکراویان راگواستوە و رەزو باخ و بێستانەکانیان سوتاندون و کارێز و کانیاوەکانیان کوێر کردۆتەوە.
-لەسییەکانی ئەم سەدەیەدا فاشیەکانی ئیتالیا زیاتر لە ٨٠هەزار کەسیان لەدانیشتوانی لیبیا راگواست و لە ئوردوگا- گرتوخانەکانیان خزاندن کە خەڵک پێ یان دەووت- (ئۆردوگاکانی مردن).
-لەدوای ساڵی ١٩٥٧ەوە فەرەنسا هەموو خاکی جەزائیری کردە چەند چوار گۆشەیەک و دانیشتوانەکەی لەو چەند چوار گۆشەیەدا کۆکردەوە و نیشتەجێ یان کردن.
-لەساڵی ١٩٦٣وە ئەمریکا بەپێی نەخشەیەکی وورد و بەر فراوان زیاتر لە ٢/٣ی دانیشتوانی ڤێتنامی خوارووی لە ١٦ هەزار گوند کۆکردەوە کە ناویان نابوو( گوندی ستراتیجی)-هەروەها نازیەکانی ئەڵمانیاش لەجەنگی دووەمی جیهاندا هەر شوێنێکیان دەگرت خەڵکەکەیان رادەگواست و لەشوێنێکی ترا کۆیان دەکردەوە و گوند و شارە داگیرکراوەکانیشیان دەکردە قەرەبروت.
-بەهەمان شێوە بەعسیەکانی عیراق زۆربەی ناوچە گرنگەکانی کوردستانیان راگواستوەو زۆربەی دانیشتوانیان لەو شوێنانەدا کۆکردۆتەوە کە ناویان ناوە( گوندی هاوچەرخ) و کوردیش ناوی ناوە: ئۆردوگای زۆرە ملێ.
بەڵام ئەگەر سیاسەتی ئیتالیاو فەرەنسا ئەمریکا لە ڕاگواستنی گوند و. لادێ کانی ووڵاتە داگیرکراوەکاندا روو لەمەبەستێکی سوپایی رووت بووبێ بۆئەوەی تەنگ بەشۆڕشگێڕە چەککدارەکان هەڵبچنن و جەماوەریان لێ دوور بخەنەوە، ئەوا راگواستنی گوند و لادێ کانی کوردستان لەلایەن بەعسەوە لایەنێکی تریشی هەیە کە ئەویش لایەنی نەتەوەیی-شۆڤێنی یە، تابتوانن کورد لە عیراقدا لەقاڵب بدەن و بەشێنەیی لەبۆتەی نەتەوەیی عەرەبدا بیتوێننەوە. هەر بۆیە ئەم سیاسەتە روو لە:
-راگواستنی هەموو ناوچەکانی سەرسنوری کوردستان و کۆکردنەوەی دانیشتوانەکەیەتی لە ئۆردۆگا زۆرە ملێکاندا.
-کۆچ پێ کردنی هەموو ئەو ناوچانەی عیراق بەتەوەرەی ستراتیجی یان دەزانێ بۆ پارێزگاری کردنی عێراق لەمەترسیەکانی دەرەوە ناوەوە و پەرەوازەکردن و دەربەدەرکردنی دانیشتوانەکەی و بەعەرەب کردنی ئەو ناوچانە.
-کۆچ پێ کردنی زۆربەی ناوچە نەوتاویی یەکانی کوردستانی عیراق و دەرکردن و پەرەوازەکردنی دانیشتوانەکەی و بەعەرەب کردنی ئەو ناوچانە.
-دەرکردنی هەموو ئەو کوردانەی تۆمەتی ئێرانی بوونیان داونەتە پاڵ، کە لەشارو شارۆچکەکانی عێراقدا نیشتەجێن وەک: بەغدا،بەسرە،عەممارە،حەی،و هەندێ لەو کوردانەی لەناوچەکانی بەدرە، مەندەلی،شارەبان، خانەقین، لەسەر خاکی مێژوویی خۆیان نیشتەجێ بوون. ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی کوردە فەیلی یەکانی گرتۆتەوە، کە لە ساڵی١٩٦٨-١٩٨٢ زیاتر لە(٢٠٠) هەزار کەسیان لێ تەسفیر کراوە و دەست بەسەر خانوو و ماڵ و سەرمایەیاندا گیراوە.
-راگواستنی هەموو ئەو ناوچانەی جەنگی عیراق-ئێرانی لێ نزیک بۆتەوە و پەرەوازە کردنی دانیشوانەکەی.
-سیاسەتی بەسوتماک کردنی خاکی کوردستان و راگواستنی سەدان گوند لەقوڵایی کوردستانی عیراقدا و تەخت و کاول کردنی گوندەکەو پەرەوازەکردنی دانیشتوانەکەی.
دیارە ئەم هەموو راگوێزان و ئازاردانە، ئەم هەموو خۆ ماندو کردن و پارەوپول خەرج کردنەی حکومەت... ئەم هەموو هێزی کارو خێر و سامان لە کیس چونە هەروا بەخۆڕایی نەبوو، بەڵکو هەمووی بەگوێرەی نەخشەو پلان و ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی:
١-نەخشەی دیموگرافی عێراق تێک بدەن و سەرلەنوێ ئەم نەخشەیە بەگوێرەی بیروبۆچوون و لێدانەوەی کاربەدەستان دابڕێژنەوە تا کورد و رێژەی کورد لە عێراقدا کەم بکەنەوە و لە ئەنجامدا وەک کەمە نەتەوەیەک لەڕوانگەیەکی شۆڤێنیانەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن.
٢- مەسەلەی کورد، وەک مەسەلەی گەلێکی رزگاریخواز، بەعس هەمیشە مەترسیی جیابوونەوەی لێ کردووە و لەبەرنامە و پلانی خۆی دا شوێنێکی تایبەتی بۆ داناوە.((رژێمی بەعس خۆی بۆچون و تێگەیشتنی تایبەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی گەلی کورد لەکوردستانی عێراقدا (ئەویش تەخت کردنی کێشەی کوردە بەتواندنەوەی کورد لەبۆتەی نەتەوایەتی عەرابدا-نوسەر). هەرگیز ئەم بۆچونەی لەئاستی داخوازییە رەواکانی گەلی کورددا نەبوەو سروشتی چینایەتی و شێوەی پێکهاتنی فکری بەعسیش ئەو گەشەکردن و گۆڕانەی لێ رەچاو ناکرێ کەببێتە ئاستی ئەو داخوازیانە. ئەمە جگە لەوەی کە بەعس داخوازیەکانی ئێستای گەلی کورد بەهەنگاوێک ئەزانێت بۆ جیابوونەوە هەر بۆیە لە ئێستاوە و بەهەموو شێوەیەک هەوڵ ئەدەن و ئەوەی لەتوانایاندایە ئەیکەن لەبێبەش کردنی گەلی کورد و شێواندنی روخساری کوردستان و بەبۆچونی خۆیان بەم هەنگاوەیان پێداویستیەکانی جیابوونەوە لەبار ئەبەن)).
سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێی کورد پایەیەکی گرنگی لە داڕشتنی هێڵە گشتی یەکانی ئەمنی ستراتیجی ی عێراقدا گرتووە هەربۆیە کاتێ لەساڵی١٩٦٣دا بەعسییەکان بۆ ماوەیەکی کەم رکێفی دەسەڵاتی سیاسی یان گرتەدەست، دەسبەجێ دەستیان کرد بەراگواستن و بەعەرەب کردنی ناوچە نەوتایەکانی کەرکوک و هەولێر و گەلێ ناوچەی تریش بەر ئەم شاڵاوە کەوتن. کاتێ بۆ جاری دووەمیش، لەتەموزی١٩٦٨دا، دەسەڵاتی سیاسی یان کەوتە دەست بەشێوەیەکی هەمەلایی تر، قوڵتر، بەرفراوانتر و جددیتر کەوتنە داڕشتنی نەخشەو پلانی راگواستنی ناوچە کوردنشینەکان. بۆ ئەم مەبەستەش دەیان ملیار دیناریان خەرج کرد.
جالەبەر ئەوەی: تەرحیل و تەعریب و تەبعیس نەک هەرسێ مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانین بەڵکو سێ مەسەلەن کە چارەنوسی گەلەکەمان و جوڵانەوەکەی و گۆڕان و گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی فەرهەنگی.... کۆمەڵەکەمانی پێوە بەندە پێویستە بایەخێکی تایبەتی پێ بدەین تا رۆڵەکانی گەلەکەمان و حزب و رێکخراوە سیاسی یەکانی لەئاستی ئەو مەترسی یە ترسناکەدا هۆشیارو بەئاگابن. هەرچەندە هێڵە گشتی یەکانی هەموو جۆرەکانی راگواستن و ئەو پرەنسیپ و سەرەتایانەی رژێم لەڕاگواستنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا لەبەرچاوی گرتووە، هەرهەموویان لەو خاڵانەی کە لەسەرەوەدا باسکرا یەکدەگرنەوە بەڵام بەمەبەستی زانستی و لەپێناوی باشتر روونکردنەوە و دەست نیشانکردنی ناوچە جیاجیاکان و ئەو هۆ و سۆنگانەی لە پشت راگواستنی هەریەکێ لەو ناوچانەوەیە، هەموو ئەو ناوچانەمان پۆل پۆل کردووە و هەریەکێک بەجیا باسی لێوە دەکەین.
بەڵام پێداویستیەکانی لێکۆڵینەوە کە وا دەخوازێ، بەر لەباسکردنی جۆرەکانی راگواستن و ناوچەکانی، سنووری کوردستانی عیراق دەست نیشان بکرێ تا روونتر شوێنە راگوازراوەکان و رێژەی ئەو رووبەرەی بەر راگواستن کەوتووە دیاری بکرێ.
سنورەکانی کوردستانی عێراق
آ-یەکێک لەو کێشە ئاڵۆزانەی لەسەرەتای پەیدابوونی مرۆڤایەتی یەوە رووبەرووی گەلان و ووڵاتانی جیهان بۆتەوە، کێشەو گیروگرفتی بۆ دروست کردون،
توشی جەنگ و پێکادانی کردون کێشەی سنوور بووە. هەر لەخێڵە سەرەتایی یەکانەوە تا دروست بوون و پەیدابوونی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان و ئینجا پەیدابوونی دەوڵەتانی نوێ، ئەم کێشەیە پێ بەپێ ی ئەو گۆڕان و گەشەکردنانە هاتووە، هەمیشەیش لەگەڵ خۆی دا گیروگرفتی هێناوە، چونکە یەکێک لەو فاکتەرانەی بڕیاردەری داڕشتنی سنوور بووە. هێزی سوپایی و لەشکری ئەو گەل و نەتەوانە بووە. ئەو گەل و نەتەوانەی خاوەن هێزێکی مرۆیی و سوپایی گەورە بوون بەزەبری چەک و کوشتار خاکی گەلانی تریان دابڕیوە و بە بەشێک لەخاکی مێژوویی خۆیان لەقەڵەمیان داوە.
مەسەلەی دیاری کردنی سنوور و قایل بوون بەو بەشە خاکەی لەسەر زەمین بەر گەلێک یا نەتەوەیەک کەوتوە، نەک هەر لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی ستراتیجێکی پەلاماردەرانەیان هەبوەو هەیە، یا ئەو دەوڵەتانەی چەند نەتەوەیەکیان تێدایەو چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی تێدا نەکراوە، جێگای مشت و مڕ و لێدوان و کێشەو گیروگرفت بووە، بەڵکو لەو دەوڵەتانەشدا کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی کراوە ئەم کێشەیە کەم تا زۆرێک بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە و ناو بەناو بۆتە هۆی لەبەریەک راچوون و توندوتیژبوونی پەیوەندی نێوان ئەو گەلانەی لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا دەژین یا لەچەند دەوڵەتێکدا هاوسنورن. دیارە دیاریکردنی سنوری کوردستانی عیراق، دیاریکردنی ئەو مەڵبەندانەی بەخاکی مێژوویی کورد دادەنرێن و هەزاران ساڵە کورد نیشتەجێ یەتی، هەمیشە گیروگرفتی بۆ کورد دروست کردوە، چونکە هەمیشە هەوڵی گۆڕینی واقعی مێژوویی و جوگرافیی کوردستان و سڕینەوەی شوێنەواری کوردستانی بوونی ناوچەکانی یەکێک بووە لە ئەرکە سەرەکی یەکانی رژێمە داگیرکەرە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ناسیونالیستە ڕەگەز پەرستەکانی عەرەب، بەتایبەتی چونکە کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی و لەشکرو سوپای تایبەت بەخۆی نەبووە، بۆیە ئێمە لێرەدا بەر لەدیاریکردنی سنووری کوردستانی عێراق پەنا دەبەینە بەر راوبۆچونی جوگرافی زانە عەرەبی و بیانیەکان تا بزانین لەبارەی جوگرافیای کوردستانەوە چ راو هەڵوێستێکیان هەبوە.
جوگرافی زانی عەرەب (شاکر خصباك) لەکتێبەکەیدا(الکراد و المسآلة الکوردیة) لەبارەی جوگرافیای کوردستانەوە نوسیوێتی:" ووشەی کوردستان وەکو زاراوەیەکی جوگرافی بۆ یەکەمین جار لەسەدەی١٢ی زایینی داو، لەسەردەمی سەلجوقیەکاندا بەکار هاتووە، کاتێ سوڵتان(سنجەر) بەشی رۆژئاوای هەرێمی شاخەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی سلیمان شای خزمی، ئەو ناوچانەش هەموو ئەو شوێنانەی دەگرتەوە کە دەکەوتنە نێوان ئازەربایجان و لوڕستان(سنە، دینەوەر، هەمەدان، کرماشان هتد) سەرباری ئەو ناوچانەی رۆژئاوای چیای زاگرۆس وەکو(شارەزوور و کۆیە). زاراوە شارەزوریش لەکۆندا بۆ ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و قەزای خانەقین و مەندەلی و شارەبان بەکار هاتووە. ئەو زاراوەیە لە بەڵگە رەسمی یەکانی سەردەمی عوسمانیەکانیشدا بەکار هاتووە.
مێژوونوسی بەناوبانگی روسی یش، نیکیتین لە کتێبەکەیدا ( الاکراد) لەبارەی جوگرافیای کوردستانەوە دەڵێت:"کوردستان چەند ولایەتێک دەگرێتەوە کە زنجیرەی چیای زاگرۆسیان لەنێواندایە، ولایەتەکانی هەمەدان و دیدنەوەر و کرماشان دەکەونە رۆژهەڵاتی ئەو زنجیرەیە، لەرۆژئاوایشی دا ویلایەتی شارەزور و شنگار، پایتەختەکەشی قەڵای (بەهار)بوو.
مێژوونوسی بەناوبانگی عەرەبی عیراق عەبدولرەزاق حەسەنی لەکتێبەکەیدا( تاریخ العراق السیاسی) دەڵێ:" کوردەکان لەعیراقدا لەو شارو گوندانەدا نیشتەجێن کە بەهێڵێکی راست لەسنوری ئێران-عیراق رادەست پێ دەکا، لەچیای حەمرین ڕا تا چیای شنگار درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە بەسنوری عیراق-تورکیا-سوریەوە دەیبەستێتەوە"
وو. ئار. هایش لە کتێبەکەیدا (سنتان فی کردستان) دەڵێت:" بەشێوەیەکی گشتی، هەموو ئەو زەویانەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دیجلە و باکوری ئەو هێڵەی لەمەندەلی یەوە تا گەیشتنی زێی بچوکەوە، بەو روبارە درێژ دەبێتەوە، نیشتمانی کوردەکانەو گرنگترینی دوو مەڵبەند کە دەکەوێتە باشووری زێ ی بچوکەوە، کەرکوک و سلێمانی یە. شاری یەکەم، وەکو هەولێڕ، دانیشتوانی تورکیشی تێدایە، بەڵام ئەوی دیکەیان بەتەواوەتی کوردنشینە، هەردووکیشیان مەرکەزی یەکەیەکی سیاسین".
مێجەر ئەدموندزیش لە کتێبەکەیدا (کورد و تورک و عەرەب) دەڵێت:"کوردستان بەسەر تورکیا و عێراق و ئێراندا دابەش کراوە، چەند چوکڵەیەکیشی لە سوریا و یەکێتی سۆڤێتدا هەیە. سنورەکانی باکوری بەهێڵێکدا دەڕوا کە بە ئەریڤان و ئەرزەرۆم و ئەرزنجاندا تێدەپەڕێ، ئینجا بەشێوەیەکی کەوانەیی لەمەراشەوە بەرەو حەلەب خوار دەبێتەوە و لە باشوری رۆژئاواش را بەدرێژایی ی بناری ئەو چیایانەی بەرۆخەکانی دیجلە دەگەنەوە درێژ دەبێتەوە، ئینجا دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دیجلەوە و زۆری لێ دورناکەوێتەوە و لە هێڵی چیای حەمرینەوە تا دەگاتە خاڵێک لەسەر سنوری عیراقی-ئێرانی لەنزیک شاری مەندەلی درێژ دەبێتەوە".
هەروەها دکتور فازل حسێن لە کتێبەکەی دا (مشکلة الموصل) نوسیویەتی:"لیژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتی موسل گەڕایەوە بۆ هەموو ئەو نوسینانەی کە مێژوونوس و جوگرافی زانەکانی عەرەب نوسی بویان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەو نەخشانەی عەرەب و سەدان نەخشەی ئەوروپایی کە لە نێوان سەدەکانی ١٦و٢٠دا کێشرابوون. هەروەها سەیری ئەو کتێبانەشیان کرد کە گەڕیدەکان نوسی بویان لەگەڵ ئەو سەرچاوە جوگرافیانەی کە لە کۆنەوە لە قوتابخانە ئامادەییەکانی عەرەبی میسر دەخوێندران، تا گەیشتنە ئەو سەرەنجامەی کەسێ ناوچەی دیار هەبووە-عیراقی عەرەبی جزیرە و کوردستان. سنوری جوگرافی عیراق لەباکورەوە لە هیت و تکریت یان چیای حەمرین تێپەڕ ناکات، هەروەکو چۆن پێش شەپۆلی ئەقوامی عەرەبی بەرەو باشوری عیراق، شاری کەرکوک لەلایەن کوردەکانەوە دروستکراوە و نیشتمانی گوتی یەکان بووە.
هەروەها دکتور شاکر خسباک لە کتێبەکەی دا (الاکراد) دەڵێ: هەروەها کوردە لۆرەکان لەهەردوو لیوای عەممارەو کوتدا بڵاوبونەتەوە، هەروەک ژمارەیەکی زۆریشیان لە بەغداو بەسرە و هەموو شارەکانی تردا دەژین".
هەموو ئەو راو بۆچونانەی ئەو زاناو گەڕیدەو جوگرافی زانانە سەبارەت بەدیاریکردنی ناوچەکانی کوردستانی عیراق لە چەند خاڵێکدا یەکانگیر دەبنەوە:
١-هەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە باکوری چیای حەمرین، ناوچەی کوردستانە.
٢-هەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە رۆژهەڵاتی دیجلە لەو شوێنەوە کە چیای حەمرین دیجلە دەبڕێ تا دەگاتە شاری موسڵ، ناوچەی کوردستانە.
٣-هەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە باکورو باکوری رۆژئاوای شاری موسڵ، واتە ناوچەکانی شنگار و تەلەعفەر و زمار، ناوچەی کوردستانە.
٤-قەزاکانی خانەقین و مەندەلی و ئەو ناحیە و ناوچانەی سەر بەو قەزایانەن هەموو ناوچەی کوردستانە.
بەڵام ئەوەی بەرچاو دەکەوێت پشتگوێ خستنی ناوچەی بەدرەو زڕباتیەو جەسانە کە بەشێکە لەناوچەی پشتگۆ و درێژبونەوەیەکی سروشتی ناوچەی لوڕی بچوکی کوردستانی ئێرانە*.
بەسێوەیەکی گشتی کوردستانی عیراق یا کوردستانی باشور دەکەوێتە ناوەڕاست و باکوری رۆژهەڵات و باکوری عیراق و هەموو ئەو خاکە دەگرێتەوە کە بەهێڵێکی راست لەسنوری عیراق-ئێرانەوە بەرەو رۆژئاوا دەکشێ تا دەگاتە خواروی جەسان، لەوێوە هاوڕێک لەگەڵ سنوری عیراق-ئێران بەروەو رۆژئاوای بەلەدروز و شارەبان(مقدادیە) دەڕوا و لەوێش را بەرەو چیای حەمرین هەڵدەکشێ ئینجا بەرەو باکوری رۆژئاوا لەگەڵ زنجیرە چیای حەمریندا دەڕوا تا دەگاتە فەتحە.
لەفەتحەڕا لەگەڵ روباری دیجلە بەرەو سەر هەڵدەکشێ، هەموو ئەو زەویانەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتیەوە بەر کوردستان و هەموو ئەو زەویانەش کە لە رۆژئاوایەتی بەر ناوچەی عەرەبی عیراق دەکەوێ، تا دەگاتە سەری شاری موسڵ. لەسەر و موسڵیشەوە هێڵێکی راست روو لەباشوری رۆژئاوا دەکات و بەخوار تەلەعفەردا تێ دەپەرێت تا دەگاتە ١٠ کیلۆمەتری باکوری شاری(بەعاج) ئینجا بەهێڵێکی راست بەرەو رۆژئاوا دەڕوات و لەگەڵ سنوری عیراق-سوریادا یەک دەگرێتەوە.
پێوانەی خاکی کوردستانی عیراق دەگاتە٨٦ هەزار کیلۆ مەتری چوارگۆشە، واتە:٦٢ ، ١٩٪ی خاکی عیراق پێک دێنێت، و زیاتر لە ٣٦٦٨٤ کیلۆمەتری چوارگۆشەی بەر شاڵاوی راگواستن کەوتوە کە دەکاتە ٦٦ ، ٤٢٪ی خاکی کوردستانی عیراق.
*ناوچەکانی لۆڕی بچوک بریتین لە: پشکۆ، پیشکۆلەک، کەلهوڕو باڵاگرێوە کە بەشێک لەوناوچەی پشتکو کەوتۆتە عیراقەوە باقی بەشەکانی تری ناوچەی لوڕی بچوک کەوتونەتە کوردستانی ئێرانەوە.
رێژەی سەدی ناوچە کوردیەکان لەچاو کوردستانی عیراقدا
رێژەی سەدی ناوچە کوردیەکان لەپارێزگاکاندا
روبەری ناوچەکوردیەکان لەبارێزگاکاندا بەکم٢
روبەرەکەی بەکم٢
-کوردستانی عیراق لەروی ئیداری-سیاسی یەوە بەسەر دوو ناوچەدا دابەش کراوە:
یەکەم:ناوچەی ئۆتۆنۆمیدار.
دووەم:ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی مەرکەزی دایە.
یەکەم: ناوچەی ئۆتۆنۆمیدار
ئەوناوچەیە کەبەگوێرەی یاسای ئۆتۆنۆمی لە ١١/٣/١٩٧٤دا دیاریکراوە و پارێزگاکانی هەولێر،سلێمانی و دهۆک دەگرێتەوە کەروبەرەکەی دەگاتە ٣٦٣٤٧کم٢. بەو پێ یە ناوچەی ئۆتۆنۆمیدار٢٦، ٤٢٪ی خاکی کوردستانی عیراق پێک دەهێنێ و ٧٤، ٧٥٪ی لێ دابڕاوە بۆ دەسەڵاتی مەرکەزی.
لەکۆی ٣٦٣٤٧کم٢ زیاتر لە ١٣١٠٠کم٢ بەر شاڵاوی راگواستن کەوتووە یا بەواتایەکی تر ٠٤، ٣٦٪ی ناوچە ئۆتۆنۆمیدار راگوێزراوە، بەمجۆرە تەنها ٢٣٢٤٧کم٢ بەکردەوە لەسەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی یە.
بابەتی زیاتر