پۆپۆلیزم (Populism) یان )خەڵکگەرایی، عەوامگەرایی، یاخود جەماورچێتی) لە وشەی لاتینی «پۆپۆلۆس» ەوە هاتووە كە بە واتای جەماوەر یاخود خەڵک دێت. رەنگە سادەترین پێناسە بۆ پۆپۆلیزم ئەو باوەڕە بێت كە سیاسەتەكانی حكومەت بە ئیرادەی خەڵک (جەماوەر) یەكلایی بكرێتەوە، نەك لەلایەن كۆمەڵێك كەسی دەستەبژێرەوە قۆرغ بکرێت. پۆپۆلیزم  ڕێباز و تێگەشتنێکە لە سیاسەت کە جەخت لە بیرۆکەی گەل دەکاتەوە، ئەم ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە وا پیشاندەدات کە لە بەرەی گەلە دژ بە بەرەی نوخبەکان یاخود دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە، کە تەنها رێژەیەکی یەکجار کەمی کۆمەڵگەن و بەسەر هەموو جومگەکانی بڕیار و دەسەڵات و بەڕێوەبردندا زاڵن. پۆپۆلیستەکان جەخت لەسەر گەل دەکەنەوە بەردەوام و لە هەموو شوێنێکدا لەم خاڵەدا هاوبەشن. ئەوان گەل وەکو هێزێکی ئەخلاقی (پاقژ و پاک و بێگەرد) ناو دەبەن و ئەوان دەخەنە بەردەم دژبەرەکەیان کە نوخبەیەکن لە ناو دەسەڵات بە (گەندەڵ و مشەخۆر و بێ رەوشت) ناویان دەبەن.
پۆپۆلیزم دیاردەیەکی کۆنە و تازە نییە. یەكەمین بزووتنەوەی پۆپۆلیستی كە لە مێژوودا ناوی دەبرێت، ئەو گروپەی ناو ئەنجومەنی پیرانی رۆمایە، ئەندامەكانی ئەم گروپە بڕوایان بە جوڵاندن و ئاڵۆسکاندنی جەماوەر و وروژاندنیان هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانن بڕیارەکانی خۆیان تێپەڕێنن و لە رێگای ریفراندۆمەوە خۆیان بەسەر ئەنجومەنی پیراندا بسەپێنن. هەندێک لە مێژوونوسان دەڵێن لە سەدەی پێنجەمی پێش لەدایکبوونی عیسا لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەریهەڵداوە.
لە سەردەمی نوێدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا سەریهەڵدا، کاتێک کە پارتی گەل لە پێناو دانیشتوانی گوندەکان و جوتیاراندا  بە توندی خەباتی دەکرد. لە هەمان ماوەشدا لە روسیا بزووتنەوەی نارۆدنیک پەیدا بوو کە بە پۆپۆلیست ناودێر کراوە، هەرچەندە ناوەرۆکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیان تەواو جیاواز بووە.
لە وڵاتانی عەرەبیدا رەنگە باشترین نمونەی پۆپۆلیزم بە جەمال عەبدولناسر بهێنینەوە. ناوبراو سەرکردەیەکی کاریزمای عەرەبی بوو کە تەنها بە دروشم و خەیاڵپڵاوی خەڵکێکی یەکجار زۆری لە دنیای عەرەبدا  لە دەوری خۆی ئاڵاندبوو، بەبێ ئەوەی بتوانیت یەک دروشم و بەڵێنی خۆی بباتەسەر.
لە دوای هەزارەی سێیەمیش پۆپۆلیزم لە زۆر جێگای دنیادا بوژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. پەیدابوونی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمەریکا (٢٠١٦) و ریفراندۆمی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (بریکست) لەهەمان ساڵدا، هەروەها سەرکەوتنی حزبی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا لە ٢٠١٧، برەوێکی یەکجار زۆری بە پۆپۆلیزمدا. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠١٥دا ٦٧١ جار وشەی پۆپۆلیزمی بەکار هێناوە، لە ساڵی ٢٠١٦ دا ١٣٩٩ جار. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ دا ١٥٥ وتاری زانستی بە ناونیشانی پۆپۆلیزم نوسراوە، لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەم ژمارەیە فڕیوە بۆ ٣٣٢ وتار.
پێناسەیەک کە زۆرجار لە ئاستی باڵا بەکاردەهێنرێت لە پسپۆڕی سیاسیی  هۆڵەندی؛ کاس مودێ (Cas Mudde) ەوە وەرگیراوە. ئەم پێناسەیە رەنگە گونجاوترین پێناسە و شیکردنەوە بێت بۆ دیاردەی پۆپۆلیزم، کە دەکرێت لەم خەسڵەتە هاوبەشانەدا کورتی بکەینەوە:
١- بێزاری لە دامەزراوەی حزب و دەوڵەت و رەتکردنەوەی دەسەڵات (نوخبەی حزبی).
٢- گەل سەنتەرە و دەبێت بەردەوام بگەڕێینەوە بۆ ئیرادەی گەل (تاکتیکی کار).
٣- سەرکردەی کاریزما (وەک فریادڕەسێک).
٤- دروشمی قەبە و بەڵێنی قەبە (لە جیاتی پرۆگرام و ستراتیژی سیاسی)
٥- رەتکردنەوەی سیاسەتی نوێنەرایەتی (تاکە حزب و تاکە سەرۆک).
٦- رەتکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن. (کاتێک بەدەسەڵات دەگات)
لەمەو پاش و لە ناواخنی باسەکەماندا ئەو شەش خاڵەی سەرەوە  بە تەواوی بەرجەستە دەبن و بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لە هەموو  دنیادا بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان هەرچەندە لەچەند سیفەتێکدا وەک کۆپی کراوی یەکتر وان و لە چەند سیفەتێکی دیکەشدا تەواو دوورن لە یەکتری، بەڵام لە ئەنجامدا هەموویان وەکو میوەی (سێو) ن، هەرچەندە رەنگیان جیاواز بێت بەڵام هەمان تام و بۆنیان هەیە.
چۆن پۆپۆلیزم دەناسینەوە:
کاتێک باسی پۆپۆلیزم دەکەین، دەبێت بزانین باس لە بابەتێکی ئاڵۆز و بگۆڕ دەکەین. لە هەر جوگرافیایەکدا و لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا بە گوێرەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاستی پێگەیشتوویی و  پێشکەوتوویی سەرخانەکەی، دەرکەوتنی پۆپۆلیزم جیاواز دەبێت. لە راستیدا پۆپۆلیزم ماسکی زۆرە، بەڵام هەڵدانەوە و لابردنی ئەو ماسکانە زۆر لەوە ئاسانترن کە پێشبینی دەکەین، چونکە ناسینەوەی کەسی پۆپۆلیست و رێکخراوی پۆپۆلیست و گوتاری سیاسی پۆپۆلیستانە کارێکی هێندە ئاستەم نییە. لێرەدا بە کورت و پوختی ناسنامەی تەواوی پۆپۆلیزم دەخەینە بەرچاو:
یەکەم- دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر دوو بلۆکدا:
 کۆمەڵگا دابەش دەکات بەسەر دوو بلۆکی یەکسان و دژ بەیەک ئەوانیش (گەلێکی پاک و بێگەرد) و (نوخبەیەکی گەندەڵ). ئەو پۆڵێن کردنەی کۆمەڵگە بە دوو بەرەی دژ بەیەک و  ئەو رەنگکردنەی کۆمەڵگە بە رەش و سپی گەمەیەکی مەترسیدارە، کە پۆپۆلیستەکان بە هۆشیارییەوە ئەنجامی دەدەن ئەویش دروستکردنی نوخبەیەکی سیاسی ئەڵتەرناتیڤە لە ناو جەماوەر و عەوامەکەی خۆیان. ئەو نوخبەیەی کە ئەوان دروستی دەکەن و دەیخەنە ناو حکومەتەکانەوە (بە تایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە)، جا ئایا لە ناو حکومەتدا بەشدار بن یاخود ئۆپۆزیسیۆن بن، نوخبەیەکی عەوامن و وەک سەرتوێژی پۆپۆلیست وان و لە نزمترین ئاستەکاندا ململانێی سیاسی دەکەن و بەهەمان شێوە و بە مەبەست ململانێی سیاسی شۆڕ دەکەنەوە بۆ سەر شەقام. ئەم نوخبە عەوامە کە خۆی لە بنەڕەتا لە شەقامەوە لە دایک دەبێت و هەر لە شەقامیشەوە خۆی دەناسێنێت و بە زەبری شەقام دەچێتە نێو پەرلەمان و حکومەتەوە، دەبێت بەردەوام هەر لەسەر شەقامەوە مومارەسەی سیاسی بکات، ئەمەش وادەکات هەموو پرسە هەستیارەکان تێکەڵ بکرێن و کۆمەڵگە لە نێو گێژاوی تەنگەژە سیاسییەکاندا ئەوەندەی تر نوقم بکرێت.
دووەم-  مێگەل گەرایی:
پۆپۆلیستەکان لەسەر پێناسەی گەل ناکۆکن و هەرگیز یەک پێناسەیان بۆ گەل نەبووە. چەمکی گەل بە گوێرەی شەبەنگەی پۆپۆلیزم نوێنەرایەتی دەکات دەگۆڕێت. بۆ نمونە پۆپۆلیستە راستڕەوەکان جۆرە خەڵکێک پەسەند دەکەن و چەپەکانیش جۆرێکی تر، هەروەها حزبە ئایینیەکان و فاشیست و رەگەزپەرستەکانیش جۆرێکی تر.
پۆپۆلیستەکان کاتێک گەل دەکەنە سەنتەری هەموو جووڵە و دروشمەکانی خۆیان، هەنگاوێکی مەترسیدار دەنێن بەرەو نزمکردنەوەی ئاستی ململانێ سیاسییەکان و پەلکیشکردنی بۆ سەرجادە، چونکە لە راستیدا ئەوان هەموو گوتارەکانیان ئاراستەی خەڵکی عەوام و سادە دەکەن، هەر لەبەر ئەوەشە زۆر جار دەتوانن ئەو خەڵکە فریو بدەن و دەنگێکی زۆر کۆبکەنەوە.
سێیەم - پۆپۆلیزم و دیموکراسی:
لە دیموکراسیدا ناکرێت تەنانەت زۆرینە وەک هەموو گەل لێکبدرێتەوە، زۆرینەی پەرلەمان ناتوانێت بە ناوی هەموو گەلەوە قسە بکات، بەڵام حزبی پۆپۆلیست رێک بە پێچەوانەوەیە، هەمیشە  بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵک و گەل دەکات. ئەو زۆرینەیەی کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن لە راستیدا بەشێکە لە گەل، بەڵام لە گوتار و دیسکۆرسی سیاسی و پروپاگەندەیی و ئیعلامی پۆپۆلیستەکاندا ئەو بەشە (هەموو) گەلە.
چوارەم- پۆپۆلیزم و راژیۆنالیزم (ئەقلانییەت):
پێناسەی هەرە سادە بۆ راژیۆنالیزم ئەوەیە کە ئەقڵ سەرچاوەی سەرەکی مەعریفە بێت. بەڵام داخۆ  دەتوانین پۆپۆلیزم لە خانەی ئەقڵانییەتدا ناودێر بکەین؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر چونکە پۆپۆلیزم دژی ئەقڵانییەتە، لە زۆرترین حاڵەتەکانی خۆیدا پشت بە خرۆشانی سۆز و عاتیفەی خەڵک و وروژاندنێکی ئامانجدار دەبەستێت. ئەمەش وادەکات لە ژێر دەرەنجامەکانی بارێکی دەرونیی کورتخایەندا بڕیارو کاردانەوەی خراپ بەرهەم بێنێت. لێرەدا بۆ شیکردنەوەی پۆپۆلیزم پرسیارێکی گرنگ دەکەین: ئایا پۆپۆلیزم لەسەر بنەمای داخوازییەکانی گەل بنیات دەنرێت یاخود لەسەر بنەمای شکستی حکومەتەکان؟ لێرەدا ئەقڵانی بوون و نەبوونی پۆپۆلیستەکان بەدیار دەکەوێت، چونکە لەبنەڕەتا پۆپۆلیستەکان وەک و دۆ و دۆشاو ئەو دوو پرسە تێکەڵ دەکەن و ژاوە ژاوێکی لێدروست دەکەن مەگەر هەر خۆیان سەری لێدەربکەن.
پێنجەم- پۆپۆلیزم و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەی کاریزما :
پۆپۆلیزم بەسەر زۆرێک لە شەبەنگە سیاسییەکاندا دابەش دەبێت لە چەپەوە هەتا  راست و ناوەڕاستیش دەگرێتەوە. لە راستیدا بە گوێرەی هەر جوگرافیایەک پۆپۆلیزم نمایشی جیاواز دەکات، دەکرێت لە کۆمەڵگەی هەرە دواکەوتوو یاخود بە پێچەوانەوە هەرە پێشکەوتوودا دەرکەوێت. دەکرێت پۆپۆلیزمێکیش هەبێت هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی نەبێت، بەڵکو تەواو عەدەمی بێت، نمونەی ئەوەش زۆرن وەکو بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەکە لە ئیتالیا، هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئەتۆی نییە پەیڕەوی بکات.
هەندێ لە بیرمەندانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە پۆپۆلیزم بزووتنەوە یاخود رێبازێکی سیاسی نییە، بەڵکو شێواز و رەفتاری سیاسییە لەبەر ئەوە زۆربەی جارەکان ئایدیۆلۆژیایەکی سەرەکی دەبێتە هاوبەشی پۆپۆلیزم، بۆ نمونە ناسیۆنالیزم، سۆشیالیزم، فاشیزم. پۆپۆلیستە راستڕەوەکان رەگەز پەرستی و دژایەتی کۆچبەران و بێگانە دەکەنە باشترین کەرەستە بۆ پروپاگەندەی خۆیان، لە کاتێکدا پۆپۆلیستە چەپەکان پرسی چینایەتی و دۆخی ئابوری دەکەنە کەرەستەی خۆیان.
هەر دوو بەرەکەی پۆپۆلیزم چ راستڕەوەکان یاخود چەپڕەوەکان، پێویستیان بە سەرکردەیەک هەیە کە بتوانێت ئەو دروشم و هاشوهوشانە بە زمانێکی ئاسان و پاراو تەرجەمە بکات و بیگەیەنێت بە عەوامەکە. تەماشا کەن، لە هەموو جیهاندا بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان هەمیشە سەرکردەیەکی کاریزما دروست دەکەن، زۆرێک لە بیرمەندانی سیاسی لەو باوەڕەدان دروستکردنی سەرکردەی پۆپۆلیست کارێکی حەتمیە بۆ ئەو جۆرە بزوتنەوانە.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved