مەریوان ئەحمەد لاوە



کەسێکى دیارى ناو هێزى پێشمەرگە بوو، لەلاى هاوڕێکانى خۆشەویست و تا دوا ئەندازە بەوەفا بووە. خۆشەویستى گوندنشینان بووە، سەرکردایەتى "یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان" هەرئەرکێکیان پێ بسپاردایە بەوریایی و گورجوگۆڵییەوە رایدەپەڕاند. یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانى کە پێکەوە بەشدارى چەندین داستان و شەڕیان کردووە، دەڵێت:
"هیچ کاتێک ئەوەم لێ نەبیستووە کارێکیان پێ سپاردبێ و ئەم وتبێتى نایکەم، تێبینى و رەخنەى هەبوو ئەگەر بەنابەدڵیش بوایە هەر دەیکرد، چونکە بە ئەرکى شۆڕشى ئەزانى.."
ئەبوبەکر حسێن، هاوڕێی کۆچکرد و باس لە چالاکییەکى ناوشار دەکات کە پێکەوە ئەنجامیانداوە، کاک ئەبوبەکر دەڵێ:
"شەوێک هاتینە سەرشار ئەمجارەیان بۆ چالاکى نەبوو، دەبوایە لە ماڵێک بماینایەتەوە، بێ ئەوەى بیەڵین مەفرەزەکە بزانێ جگە لە پێشمەرگەیەک، ئەو پێشمەرگەیەش نەیدەزانى لەچ ماڵێک دەمێنینەوە هەرئەوەندەمان پێووت بڵاوە بە پێشمەرگەکان بکاو ئەویشمان بەرەو ماڵەکە بەجێهێشت، چووینە ناو ماڵەکە ئەو پێشمەرگەیە هەموویانى ئاگادار کردبۆوە و لەڕێی گوندى قڕگەوە رۆیشتنەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان. دواى چالاکییەک لەناوشاردا و لەڕێی کەسێکى باوەڕپێکراو کە لەناو رێکخستنەکاندا کارى دەکرد، ویستمان جواب بنێرین بۆ مەفرەزەکە فڵان شەو بێنەوەسەر شار و لەگەڵیاندا بڕۆینەوە، کەچى نامەیەکیدا بە کاک حەمە عەلى کە لە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانى ئەوکاتەوە نووسرابوو، داواى چالاکییەکى تریان لێکردین، کە لە خوێندنەوەى تەواوبوو بەپێکەنینەوە روویکردە من و وتى:
"تا نەماندەن بەکوشت دەست هەڵناگرن.."
من ئەم چالاکییەى کە هێشتا نەخشەمان بۆ دانەنابوو زۆرم پێ قورسبوو، فەرقى پێکردم، شەوێکى تریش ماینەوە بۆ بەیانییەکەى کە بەخەبەرهاتم کاک حەمە عەلى لەوێ نەبوو بە خاوەن ماڵەکەم وت:
"حەمە عەلى لە کوێیە؟
وتى:
"منیش نازانم زوو دەرچووە و قسەشى نەکردووە بزانم بۆ کوێ ئەچێ..!"
کەوتمە گومانەوە، وەکو ئەوە وابوو لەسەر ئاگربم، خۆم گرت تالای دەمەونیوەڕۆ و هەرنەهاتەوە زۆر بێ تاقەت بووم، راستە خاوەنى ماڵەکە جێی متمانەبوو، بەڵام گومانیش تاوان نییە، خاوەن ماڵەکە بەپەلە خۆی کرد بەژووردا و وتم:
"چی بووە وا شڵەژاوى.."
گومانى ئەوەم کرد گەڕەک بپشکنن، وتى:
"لە بازاڕ قڵیشاوەتەوە و خەڵکیان زۆر گرتووە.."
دەستبەجێ رامکرد لەژێر سەرینەکەما دەمانچەکە دەربێنم دەمانچە نەبوو، هاوارم کرد کوا دەمانچەکەم خاوەن ماڵەکە شۆک بوو بوو منیش گومانی ئەوەم لێکرد حەمە عەلى دابێ بەگرت و خەبەرى لەمنیش دابێ و دەمانچەکەى لێ شاردبمەوە، ئەوەى راستی بێ کەمێک عەزێتیشمدا، بەپەلە ماڵەکەم بەجێهێشت، ماڵى خوشکێکم لە گەڕەکى تووی مەلیک بوو بەپەلە چووم بۆ ئەوێ، بەهۆى ئەوەى حەمە عەلى ماڵى ئەو خوشکەمى پێ ئەزانى، کاتێکمزانى لای ئێوارە ئەو و خاوەن ماڵەکە بە تەکسی یەکێک لە کەسە نزیکەکانى خۆیان هاتنەبەردەرگا و هەواڵى منیان پرسى بەپەلە چوومەدەرەوەو کاک حەمە عەلى ئەوەندە پێکەنى تواناى چاک و چۆنى نەبوو لەگەڵمدا بیکات، وتى:
"سەرکەوە ئەمشەو مەفرەزەکە دێن و ئەڕۆینەوە.."
قسەى کاک حەمە عەلى بۆ من سەنەد بوو، چووینەوە بۆ هەمان ماڵ و راستى کارەکەى بۆ گێڕامەوە، کاتێک نامەى فەرماندەکەى بەدەستگەیشت کە داواى کارێکمان لێ دەکات، فەرقى بەمن کردبوو چالاکى دووەمم پێ قورسە بەیانى زوو دەمانچەکەى من دەباو خۆیشى دەمانچەى پێبوو، دەوروبەرى نیوەڕۆ چالاکییەکە بەتەنیا ئەنجامدەداو لە منیش وایە خاوەن ماڵەکە دەمانچەکەى بردووە و کاک حەمە عەلى داوە بەدەمەوە و هاتۆتەسەر سەرەى من، دوایی زۆر داواى لێبووردنم لێکرد و هەر ئەو شەوە کە کاک حەمە عەلى رێکیخستبوو مەفرەزەکە هاتنەسەرشار و لەگەڵیاندا رۆیشتینەوە.
ئەم قارەمانە لە خۆبوردووە ئەوەندە چالاک بووە بە یەکێک لە قارەمانان و شارەزایانى چالاکى سەرشار ئەناسرا، کەم شەقام و گەڕەک هەیە ئەم چالاکى جیاجیاى تیادا بە ئەنجامنەگەیاندبێ بەتایبەتى شەقام و کۆڵانەکانى ناو شارى سلێمانى شاهیدى بۆ ئەم کەسە جەربەزەیە دەدەن، گەڕەکى ئازادى و دارۆغا و تووى مەلیک و ئیبراهیم پاشا و خەبات ئەو جێگایانە بوون کە حەمە عەلى بەرزنجە سەدان چالاکى تیایاندا بەئەنجامگەیاندووە.
یەکێکیتر لە هاوڕێکانى باس لە چرکەساتێک دەکات کە لە گەڕەکى .... چالاکییەک ئەنجامدەدەن و یەکێک لە خۆفرۆشەکان بەسزاى گەل و شۆڕش دەگەیەنن، بەڵام ئەفسووس یەکێک لە هاوڕێکانیان بە سەختى برینداردەبێ. عەبدولڕەحمان فەتاح، باسى ئەو چالاکییەمان بەمشێوەیە بۆ دەگێڕێتەوە:
"زستانى ساڵى ١٩٨٠ و دواى ئەوەى لەڕێی رێکخستنەکانەوە زانیاریان پێداین خۆفرۆش...... لە ماڵەوەیە. شەو لە دواى سەعات ٨ى شەوەوە و لە گوندى قڕگەوە دابەزین بۆ شوێنى مەبەست، کە چووینە سەر ماڵەکە کاک حەمە عەلى رەحمەتى تکاى زۆری لێکردن کە خۆى تەسلیم بکا بۆ ئەوەى کەسیتر بەهۆى ئەوەوە تیانەچێت، بەڵام ئەو گوێی پێنەداو ناچاربووین شتێک بکەین، کاک حەمە عەلى وتى: دیارە ئەم خۆفرۆشە خۆى تەسلیم ناکا. پێیووتین: بەهیچ شێوەیەک نابێ زەرەر بەکەسى ناو ئەم ماڵە بگات ئەو تاوانبار و خۆفرۆشە باقى خێزانەکەیان بڵێنچى؟ کە شەڕە تەقە دروستبوو شێر ئاسا دەرگاى حەوشەى شکان و دوو سێ سەڵێی کرد بەو ژوورەیا کە ئەو تەقەى لە ئێمە ئەکرد، دواى شەڕێکى چەند دەقیقەیی بە سزامان گەیاند و بەداخەوە یەکێک لە پێشمەرگەکان بە سەختى برینداربوو، لە ماوەى ئەو شەڕەدا قووەت خاسەکان لەسەر رێی گەڕانەوەمان بۆسەیان بۆ دانابووین، دیسان لەوێش کەوتینە شەڕەوەو زۆر ناڕەحەت بووین دوو سێ پێشمەرگەى تریشمان بە سووکى برینداربوون، کاک حەمە عەلى هاوارى لێکردین یان دەبێ هەموومان بمرین یان دەبێ بریندارەکە دەرکەین بریندارەکە لەوکاتەیا بەسەرشانى منەوەبوو باوەڕتان هەبێ کاک حەمە عەلى لە پێشمەوەبوو، بەڕاکردن و بە تەقەوە کون بەکون رایدەکرد بەشوێن قووەت خاسەکاندا منیش شتێکى وام پێ نەئەکرا ئەو تفەنگەکەى لێ سەندبووم بەهەردوو تفەنگەکە تەقەى ئەکرد، خۆشبەختانە کەمین شکا و کە گەیشتینە کارێزى وەستا شەریف دنیا زۆر ساردبوو گەیشتینە سەرکانى کارێزەکە پێیووتم ئادەى بریندارەکە دانێ بزانم گولەکە لە کوێیداوە کە دامنا و تەماشاى برینەکەى کرد بۆ ئەوەى ورەى بریندارەکە بێنێتەوە سەرخۆى بەپێکەنینەوە پێیووتین ئەى لە .... حیز خۆ فیشەکەکە تیغى کردووە، لەڕاستیدا ئەو بۆ ورەى بریندارەکەو ئێمە وایووت ئەگینا برینەکەى سەخت بوو، بەهەرحاڵێک بوو گەیشتینەوە ناوچە ئازادکراوەکان. بریندارەکەش دواى ماوەیەک ناچاربوو لەبەر برینەکەى خۆى تەسلیم بکاتەوە و خۆشبەختانە ئەو پێشمەرگەیە تائێستا ماوە و لە ئەوروپا دەژى.."
ئەو دوو هاوڕێیەى جەخت لەوە دەکەنەوە بێت و باس لەو چالاکیانە بکرێ کە کاک حەمە عەلى بەشداری تیایاندا کردووە بە چاوپێکەوتنێک و دوان تەواو نابێ و ئاخیان بۆ ئەوە هەڵدەکێشا کە پێشمەرگەیەکى بە ئەخلاق و هاوڕێ پەرست و پاکیان لە دەستدا.   
"عەلى حەمە حەمە ئەمین سالم" ناسراو بە حەمە عەلى بەرزنجەیی، لە ساڵى (١٩٥٧) لە بەرزنجە و لە خێزانێکى جووتیارى شۆڕشگێڕ لە دایکبووە، قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە بەرزنجە تەواوکردووە (٢٩/٦/١٩٧٧) پەیوەندى بەشۆڕشى نوێی گەلى کوردستانەوە کردووە، سەرەتا لە خەلەکان و لەلاى فەرماندەى شەهید "غەفور ئاغجەلەرى" پێشمەرگە بووە.
دواى (١٠) رۆژبوون بەپێشمەرگە دایک و باوکى زیندانى ئەکرێ، باوکى حەمەى مەلا حەمە ئەمین و دایکى "ئامینەى حەمەلاو" لە بەرزنجە دەستگیر دەکرێن و بەرەو سلێمانى دەبرێن و لەوێش نایانهێڵنەوە و بەرە نوگرە سەلمان دەبرێن، ساڵێک و شەش مانگ لە نوگرە سەلمان دەهێڵرێنەوە بۆ ئەوەى کوڕەکەیان ناچاربکەن دەست لە پێشمەرگایەتى هەڵبگرێ، ئەو راگرتنە کار لەورەى حەمە عەلى و باوک و دایکى ناکات. کۆچکردو بەشدارى چەندین شەڕ و داستانى کردووە هەر لە کارەساتى هەکارییەوە تا شەڕەکانى قیادە مۆقەتە و چالاکى ناوشارى هەشتاکان و لە چەندین شەڕى قورسیشدا بەشدارى ئەکات وەک داستانى رزگارى، قەیوان ماوەت و شەڕەکانى بەرزنجە.
بەهۆى ئەو وریایی و ئازایەتییەوە کە هەیبووە پلەکانى پێشمەرگایەتى دەبڕێ هەر لە فەرماندەى مەفرەزەوە تا کەرت و جێگرى تیپ و دواتر دەکرێتە فەرماندەى تیپى (٣٣)ى سلێمانى. گیانشاد بەشدارى شەڕەکانى پێش ئەنفال و دواى ئەنفالى کردووە و دواتر چووەتە رۆژهەڵاتى کوردستان و ساڵى (١٩٨٨- ١٩٩٠) چەند مانگێک بە پارتیزانى گەڕاوەتەوە ناوچە چۆڵکراوەکانى شارباژێڕ، ساڵى (١٩٩١) بەشدارى راپەرینى کردووە.
لەگەڵ یەکەمین هەڵبژاردن و دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا و دواتر لە ساڵى (١٩٩٤) چووەتە خولى ئەفسەرانەوەو دوا پلەى لیوا بووە و خزمەتێکى زۆرى بە کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان کردووە و سەرۆکى لیژنەى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى شارباژێڕ بووە، مخابن لە رۆژى (١/٨/٢٠١٨) گیانى بە کورد و کوردستان و هاوسەر و کچە تاقانەکەیی و هەر چوار کوڕەکەى بەخشى.
سڵاو لە گیانى بێگەردى "حەمە عەلى بەرزنجی" کە هەموو تەمەنى خۆى پێشکەش بە میللەتەکەى و "یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان" کرد.
      
* هەردوو پێشمەرگەى دێرین بەمەرجێ یادەوەرییەکانى خۆیان لەگەڵ گیانشاد کاک "حەمە عەلى بەرزنجەیی" بۆ گێڕامەوە کە ناویان نەهێنرێت، بۆ هەردووکیان ناوى خوازراوم بۆدانان و هەریەکەیانم کرد بە ئەبوبەکر حسێن و عەبدولڕەحمان فەتاح.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved