دواى دەستگیرکردنى شەهید"دلێر فایەق عەلى" برایان، دەزگا سەرکوتکەرەکانى رژێمى بەعس بەوەش دەستهەڵناگرن و رۆژێک کە دەکاتە(٢٣/١٢/١٩٨٥) هەڵدەکوتنەسەر ماڵیان و لەوکاتەدا دایک و هەرسێ کچەکەى لەماڵ دەبن، میهراکۆى تەمەن(١٢) ساڵ و شەهلاى تەمەن(١١) ساڵ وشەوبۆى تەمەن(٦) ساڵ..
دواى بردنیان بۆ ئەمنە سوورەکە و ئەمنە کۆنەکە و سجنى سەرەوە و حامیەى سلێمانى، دواجار لە گرتووخانەى شارى سەماوە و لەگەڵ چەندین زیندانی هاوشاریتردا لەناو رەزالەتى و کارەساتدا رۆژ بەڕێدەکەن.
میهراکۆ باسى ئەو چرکەساتەمان بۆ دەکات کە شەهید دلێرى براى دەخەنەناو ئۆتومبێلەکەوەو دەستگیرى دەکەن، ئەو دەڵێ:
"قەت ئەوکاتەمان بیرناچێتەوە کە شەهید دلێریان خستەناو ئۆتومبێلەکەوە، سەریان داخست و بەپاڵ فڕێیاندایە ناویەوە، دایکم چوو بەحساب نەیەڵێت بیبەن، یەکێک لەوان عەزێتى دایکمیدا و شەقى زۆرلێدا.."
ئەوەشى بۆ گێڕاینەوە کاتێک کە دەستگیر دەکرێن تا دوو مانگیش کەس نازانێ لەچ بەندینخانەیەکدان، باسى ناخۆشی و رەزالەتییەکانى زیندانمان بۆ دەگێڕێتەوە و کاتێکیش بەلێبووردنى گشتى و لە(٢٠/٩/١٩٨٨) ئازاد دەکرێن، رژێم دەستیان لێ هەڵناگرێ و پێیاندەڵێ: قابیلى ئەوەنین لەشاردا بژین و دەبێت بچنە ئۆردوگا زۆرملێکان و ئەوانیش ناچاردەبن بچنە ئۆردوگاى زۆرەملێی باینجان.
ناخۆشترین کات کە تائێستاش برینێکە بەسەر دڵى هەریەکێکى ئەو خێزانەوە، دایکیان تا کۆچی دوایی دەکات بەتەماى ئەوەیە رۆژێک دلێرەکەى بێتەوە بۆ ماڵێ و ئەو هەر چاوەڕێ و ئەم هەرناگاتەجێ، دواجار بەدەردى شێرپەنجەى جگەر سەردەنێتەوە، میهراکۆ دەڵێ:
"کەم ژەمى نانخواردن هەبووە بەشى دلێرى جیانەکردبێتەوە، دەیووت دێتەوە، شەو دەنگى سەگوەڕ بهاتایە و درەنگیش بووایە دەچووەدەرەوە بزانی کێیە وا سەگ پێی دەوەڕێ، ئەیووت نەک دلێر بێت.."
بەداخەوە شەهید دلێر گۆڕ بزرە، رۆژێک ئەمنى سەرچنار دەنێرن بەشوێن کاک فایەق-ى باوکیاندا و(٨٠) دیناری لێدەسێنن حەقى ئەو گوللانەى بەجەستەى دلێرەوەیانداوە و وەفاتنامەکە دەدەنەدەستى و پێیدەڵێن بەهیچ شێوەیەک بەتەماى تەرمى کوڕەکەی نەبێ و ئەوەش وەفاتنامەکەى. کاتێک سەرنج لە وەفاتنامەکە دەدەن رۆژى لە دایکبوونى دلێرى برایان دەستکارى کردووە و لە(١٩٧٠)وە کردوویانە بە(١٩٦٦) بۆ ئەوەى بەهەر نرخێک بووە گولەبارانى بکەن.
میهراکۆ، رووداوى زۆر ناخۆش و پڕ لەکارەساتمان لەم چاوپێکەوتنەدا بۆ دەگێڕێتەوە..
بابەتی زیاتر