ئارام حسێن
بەشى دووەم
"كاك جه‌بار فه‌رمانیش هاتبوو بۆ خواحافیزی. شه‌هید عه‌بدولڕه‌حیمی سهرتیپیشیان له‌گه‌ڵدابوو، چوار پێنج وڵاخیشیان ئاماده‌كردبوو، سهرلهبهیانییهكی تۆزێ دره‌نگ به‌ڕێكه‌وتین، چواركهسمان تا دوا قۆناغ لهوڵاخهكان دانه‌به‌زین د. فوئاد‌و د. كه‌مال و د. خه‌سره‌و من، له‌ڕاستیدا ده‌مزانی كاك جه‌بار فه‌رمان هه‌ر له‌وێوه خواحافیزیی ئه‌كات و ئه‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام به‌پێ له‌گه‌ڵماندا هات. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاك جه‌بار له گوڕی له‌شساغی و ته‌ندروستیدا بوو. هیچ زیادی پێوهنانێم، ئه‌گه‌ر بڵێم وه ئاسك و له پێشی پێشه‌وه به‌و به‌و كهژو كێوانه‌دا ههڵئهگهڕاو هه‌رچی ماندووبوونیشبێ پێوه‌ی دیارنه‌بوو".
رزگاربوون له چه‌وسانه‌وه‌و كۆششكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی بۆ كورد، یه‌كێك له ئاواته یه‌كه‌مینه‌كانی جه‌بار فه‌رمان بووه، به به‌رده‌وامی خه‌می گه‌وره‌ی بووه به‌چ شێوازێ و له‌ڕێی كام له رێكخراو حزبی سیاسییه‌وه بتوانێ كار بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ی بكات. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌و له گونده‌كه‌یدا"بان میل" هه‌ستێك و وزه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ كوردایه‌تی و خۆڕێكخستن له‌ڕێكخراوێكی پیشه‌یی به‌بۆن و بهرامی كوردبوون و هه‌وڵدان بۆ هۆشیاریی سیاسیی لای خه‌ڵكی گوند په‌ره‌یسه‌ندووه‌و بوون به‌پێشمه‌رگه بهشهرهفێكی گه‌وره‌یان زانیوه‌و له‌ڕێی كوردایه‌تیشدا شههیدیانداوه. كاتێكیش شۆڕشی ئه‌یلول پێده‌نێته لوتكه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیه‌وه، فه‌رمانیش وه‌كو هه‌ریه‌كێكی ئه‌و ناوچه‌یه چه‌كی مه‌ردایه‌تی و كوردایه‌تی چه‌كی جوڵانەوەی ئه‌یلول دهكاتهشانی، ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بهشۆڕی ئه‌یلوله‌وه بكات كه‌سێكی چالاكی بزوتنه‌وه خوێندكارییه‌كان بووه‌و له‌و رووه‌شه‌وه وزه‌یه‌كی زۆری بۆ گه‌شه‌كردنیان به‌كارهێناوه.
گیانگه‌ش، وه‌سفیه به‌نی وەیس ده‌ڵێت11:
"هەرلەتەمەنێكی زوودا كادیرێكی چالاكی بزوتنەوەی خوێندكاران بوو، لەدوای هەرەس دركی بەبوونی رێكخراوێكی شۆڕشگێڕ كردبوو بۆ رابەرایەتی كردنی شۆڕش و لەو رێگەیەوە مەودای هزرو تێگەشتنەكانی فراوانتر بكات بۆ گەیشتنە ئاوات و ئامانجی گەلەكەمان. كاك جەبار بەوەوە نەوەستا هەر لەمیانەی رێكخراوەكەیدا تێبكۆشێت، بەر لەهەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ بەپێویستیزانی سەنگەری پێشمەرگایەتی هەڵبژێرێ ئەمەش هەر لە خۆوە نەبووە، بەڵكو لە تێگەیشتنی قووڵی ئەوەوە بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە چەوتەكانی رژێمێكی داگیركەر كە بڕوای بەسادەترین مافی گەلی كورد نەبوو. لێرەشدا وریایی و لێوەشاوەیی كەسایەتی ئەو خۆدەنوێنێ بۆ رۆڵبینین وەكو كادیری رێكخستن و سیاسی و فەرماندەی پێشمەرگایەتی، دواتریش وەكو سەركردەیەكی قاڵبوی هەموو ئەو سەنگەرانە".
هاوڕێیه‌كی نزیكی، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌مان پێ‌نیشان ده‌دات كه فه‌رمان له‌پێناو خه‌باتكردن له‌پێناو رزگاریی و تێكۆشان، زه‌حمه‌تییه‌كی زۆری بینیوه‌و به‌شداره له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه كورد له باشووردا به‌ده‌ستیهێناوه. راشكاوانه دیوێكی تری ئه‌ومان ده‌خاته‌به‌رده‌ست كه هه‌موو كه‌سێكی ئاسایی تاده‌گاته‌وه به‌وكه‌سانه‌ی كه لێپرسراوێتی گه‌وره‌یان له ئاراسته‌كردنی حزب و خه‌ڵكدا هه‌یه، هه‌ڵه ده‌كه‌ن و گرنگ ئه‌وه‌یه كه چاكه و ده‌ستكه‌وت و خۆشویستنی خه‌ڵكیان زیاتر بێت له‌و هه‌ڵانه‌ی كه كردوویانه، هاوڕێ نزیكه‌كه‌ی ده‌ڵێت12:
"گەر بەویژدان سەیری خەباتی پڕ زەحمەت و تێكۆشانی جەبار بكەین و لەڕاستیەوە بڕوانین: فەزڵێكی ئێجگار گەورەی هەیە، لە دەستكەوتەكانی ئیمڕۆی شۆڕشەكەمان، كەسێكی خۆنەویست و دەستكراوەو بەخشندەبوو، هەمیشە لە میوانداریی و یارمەتیدانی كەسانی هەژارو دۆست و نزیكەكانی دابوو.. سەرباری ئەوەی كە رۆحی خۆی كردبووە قوربانی هاوڕێكانی و سەركەوتنەكانی بەتێكۆشان و ماندوبوونی ئەوان دەبینی.."
هه‌روا ده‌ڵێت13:
"هەرچەند وەك هەموو مرۆڤێكیتر بێ هەڵە نەبوو، بەڵام گەر بەتەرازوی ویژدان هەڵیسەنگێنین ئەوا حه‌سه‌ناتی فرە زیاترە لە سهیئاتی.. سەركەوتن و پێشەنگی جەبار فەرمان لەوەدابوو كە دەوروبەرو كەسانی هاوكارو هەڤاڵانی بڕوا‌و هیوای تەواویان پێ‌بوو.. مەخابن.. مەخابن..".
قاره‌مانێتی فه‌رمان له چالاكی پێشمه‌رگانه‌دا ئاسایی نه‌بوو، له‌باره‌ی بیروبڕوایهوه گه‌یشتبووه لوتكه، هه‌ركه‌سێك له تێكۆشانا بگاته ئه‌و ئاسته، ئیتر نه گیانی خۆی به‌لاوه گرنگ ده‌بێ و نهسڵیش له دو‌ژمنێك ده‌كاته‌وه چه‌ند به‌قه‌د ئه‌م به‌هێزو پشتبه‌ستووبێت به‌ته‌كنۆلۆژیای سه‌ربازی، هه‌ر ئه‌و جددییهتهشی بوو گه‌یاندیه ئه‌و ئاسته‌ی كه پله‌كانی به‌رپرسیارێتی ببڕێ و هه‌ركاتێك بهرپرسیارێتییهكیشی وه‌رگرتبێت كه‌مته‌رخه‌می له ئه‌ركه‌كانی سهرشانیدا نه‌كردووه‌و زۆر به‌زیاده‌وه ئه‌وه‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆی جێبه‌جێیكردووه.
د. ئه‌رسه‌لان بایز، ده‌ڵێت14:
"كاك جەبار، لەبواری پێشمەرگایەتی كە فەرماندەیەتی دەیان شەڕی گەورەی كرد. لە بواری لێپرسراوێتی سیاسیش بوو بە لێپرسراوی رێكخراوی كۆمەڵەو مەڵبەندی سلێمانی لە شۆڕش. هەموو پەنابەردو تاوێرەكانی كوردستان گەواهی قارەمانێتی بۆ دەدەن. دواتر بوو بە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەو ی.ن.ك پاشتریش ئەندامی مەكتەبی سیاسی. بەڵام چ ئەندامێك كەڵە ئەندام. هەموو سڵی لێدەكردەوە. هەر شەڕێك كاك جەبار وجودی لەوێ بوایە سەركەوتنی مسۆگەر بوو. دوای ئەنفالەكانیش بوو بەنوێنەری ی.ن.ك لە شاری ورمێ. ئینجا ئەندامی لیژنەی تەنفیزی بەرەی كوردستانی لە راژان".
"مەرج نییە هەموو ئازایەك ببێتە فەرماندە، چونكە فەرماندەیی بوون خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە كە دەبێت لەئازایەكدا هەبێت تاببێتە فەرماندە، لەم سۆنگەیەشەوە، بەبێ شك بردنی ئەم توانایە لەهەڤاڵ جەبار فەرماندا بەچوونەدەرەوەی دەستبەجێ پلەی رابەری سیاسی لە سنورەكانی ناوچەی دۆڵی جافایەتی پێدرا، ئەو لە بواری سیاسی‌دا كادیرێكی سیاسی وشیاربوو گۆشكراو بەبیروباوەڕی، ی.ن.ك. رۆژ بەرۆژ زیاتر قاڵ دەبوو لەشەڕەكانی دوژمن‌دا، بەجۆرێك ببووە جێگە سەرەنجی هەمووان، كرا بەلێپرسراوی عەسكەری مەڵبەند، ئیدی وردە وردە پلەكانی پێشمەرگایەتی و مەسئولی مەڵبەند و وەزیری پێشمەرگەو لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەریی، جێگری فەرماندەی گشتی بڕی كە لە هەموویاندا بەلێهاتوویی خۆی جێپەنجەی دیاربووە، ئەوەشی تایبەتە بەبواری شەڕە مەیدانییەكانییەوە، ئەوا هەموو فەرماندەو پێشمەرگەكانی كوردستان گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن كە هەڤاڵ جەبار فەرمان، لەپەلامارهكاندا پڵنگ ئاسابوو، هیچ كەس لەبەرەكانی شەڕدا هەنگاوی پێش ئەو نەدەكەوت، كە ئەمەش كاریگەریی دەروونی بەدیوی ئیجابیدا بۆسەر ورەی هێزەكان هەبوو، كە ناكرێت لەم چەند دێڕەدا باس لەهەموو ئازایەتی و قارەمانیەتی ئەو هەڤاڵە بكرێت15".
ئه‌مه وته‌ی فه‌رمانده "مەحمود سەنگاوی"یه، له‌سه‌ر جه‌بار فه‌رمان، ئه‌م فه‌رمانده‌یه بهویژدانهوهو له كانگای دڵ و راستییهكانهوه ئه‌و وتاره‌ی نووسیوه، به‌ڕوونی ئه‌وه‌ی تیادا خستووه‌ته‌ڕوو كه له شه‌ڕه‌كاندا هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه شانبه‌شانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ت به‌رێت! وه‌كو فه‌رمانده سه‌نگاوی باسی ده‌كات كۆی هه‌موو ئه‌و كرده‌وه جوان و ئازایهتیانهی له‌ودا كۆبووبۆوه له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ئه‌وه‌نده كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر وره‌ی پێشمه‌رگه، ئه‌و وره‌یه به‌ڕای ئه‌و گه‌یشتبووه راده‌یه‌ك كه كه‌م هێز هه‌بووبێت له‌به‌رده‌میاندا خۆی راگرتبێت! ئه‌و ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌یه‌ك به‌قه‌د گیانی خۆی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆشنه‌ویستبێت هه‌رگیز به‌وشێوه‌یه‌و شێرئاسا ههڵناكوتێتهسهر دوژمن.
زۆرن ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه جه‌بار فه‌رمان، فه‌رمانده‌یان بووه‌و تائێستا له‌ژیاندا ماون، كاتێك ده‌كه‌ونه‌سه‌ر باسكردنی یاده‌وه‌رییه‌كانیان له‌گه‌ڵیدا، جگه له ئازایه‌تی و ژیریی و وریایی و بهسۆزییهكهی ئه‌و، شتێكی تریان نییه تا بیگێڕنه‌وه، ئه‌وان ئه‌و لایه‌نه‌شی به‌بیرده‌هێننه‌وه كه چه‌نده كه‌سێكی دڵ نه‌رم و پڕ پڕ بووه له خۆشه‌ویستی، به‌رامبه‌ر به‌كه‌سی لاده‌رو ئاژاوه‌چی و لاواز وه‌ك به‌رد ره‌ق بووه، هیچ كاتێك كه‌سێكی خۆشنه‌ویستووه ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌رشانی وه‌كو خۆی جێبهجێنهكردبێ هه‌میشه خۆی له‌وكه‌سانه پاراستووه كه بێ به‌ڵێن و راڕابوون و نه‌یانتوانیوه له چركه‌ساتی پێویستدا بڕیار بده‌ن، به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌وان چه‌ندینجار لێیان بیستووه‌و وتوویه‌تی كه بڕیاردان هه‌ر له‌خۆوه نابێت بدرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌سه‌دا نه‌وه‌د ئه‌وه‌ت له‌لا ساغ نه‌بووبێته‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی كه به‌نیازیت بیده‌یت راسته! پێشمه‌رگه‌ی دێرین "پێشڕه‌و ئیسماعیل" كه له شاخ و شاردا ساڵانێكی زۆر پێشمه‌رگه بووه له ده‌سته‌كه‌ی ئه‌و، له نووسینێكیدا ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی فه‌رمان، ده‌ڵێت16:
"ساڵی ١٩٩٧ لە گرتنی كەپكی حەمەد ئاغا‌و دۆڵی ئالانەو، ئه‌وجا دۆڵی باڵەییان و پردە شاڵی و دەرگەڵەو قەسرێ لەگەڵیدابووم. ئەوەی شایانی باسە لە گرتنی كەپكی حەمەد ئاغا‌و دۆڵی ئالانە كاك جه‌بار بەهۆی خێرا رۆیشتن و گورج و گۆڵییەوە نەیهێشت هیچ پێشمەرگەیەك پێشی بكەوێت، بۆیە هەرگیز باوەڕم نەدەكرد رۆژێك لە رۆژان كاك جه‌بار بەنەخۆشی بمرێت، چونكە گیانی وەكو ئاسن وابوو".
پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی تر كه خۆی شاهیدی ئه‌و رۆژانه‌یه كه جه‌بار فه‌رمان، تیایدا وه‌ك پێشمه‌رگه‌و وه‌ك فه‌رمانده چ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌وه‌ی كه توانیویه‌تی شاڵاوی دوژمن بووه‌ستێنێ و بشكێنێ و سه‌ركه‌وتنیش مسۆگه‌ر بكات، ئه‌و ئه‌وه بیرده‌هێنێته‌وه هه‌ركاتێك باس له خۆڕاگریی دهسهتهیهك له سه‌ركرده‌كانی زیندان بكرێ به‌بێ ناوهێنانی ئه‌و ئه‌سته‌مه گێڕانه‌وه‌كه جێی شیاوی خۆی بگرێ! بێت و داستانه یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌كو خۆی بنووسرێته‌وه جێی فه‌رمان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه تا ئه‌و ئاسته‌ی كه هه‌موو كه‌سێك شانازی پێوه بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌دان سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه گیان له‌سه‌رده‌ستانه نه‌بوونایه هه‌رگیز یه‌كێتی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد.
پێشمه‌رگه‌ی دێرین و نووسه‌رو رووناكبیر"عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف" راستگۆیانه هه‌ندێ لایه‌نی به‌هێزی كه‌سایه‌تی جەبار فەرمان روونده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت17:
"جەبار فەرمان، ئەو پیاوەی كە باس لەزیندان و سێدارەی دەستەیەك لەسەركردەكانی شۆڕشی نوێ دەكرێت، هاوڕێیەتی و هەڵوێستی خۆڕاگرییمان بیردەكەوێتەوە، ئەو پیاوەی كە باس لەچالاكی و رێكخستن و مەفرەزە، كەرت، هەرێمی پێشمەرگەو گەشەكردنی شۆڕشی نوێ دەكرێ، كۆڵەپشتی پڕ لەبڵاوكراوەو نامیلكەی شانی ئەو، كۆبوونەوەو جەولەكانی دێ بەدێ و ورەو گیانی بەرخودانی ئەومان بیردەكەوێتەوە دیرۆكی ژیانی سیاسیی و پێشمەرگایەتیی ئەو، هەمیشە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە كە ئایا، ی.ن.ك، چۆن لەچەند ساڵێكی كەمی تەمەنیدا لە مەفرەزەیەكەوە بوو بەهەرێم و تیپ و مەڵبەند؟ ئەو سەردەمەی رژێمی بەعسی عەفلەقیش قووتی گەلی عێراقی دەكرد بەچەك و جبەخانەی سەربازیی و لەپێناوی توانەوەی كورد‌و شۆڕشەكەیدا، پەلاماری بەرفراوانی جەبهەیی و مونەزەم و مەدروسی چیاكانی كوردستانی دەداو، ئاگری شەڕی هەڵدەگیرساندو تەڕو وشكی پێكەوە دەسوتاند، قەڵغانی ئەو ئاگرەو فەرماندەی ئەو چیا‌و سەنگەرانە جەبار فەرمانمان وەبیردەهێنێتەوە."
به‌رده‌وام خاوه‌ن بڕیاری خۆی بووه، هه‌موو ئه‌و سیفاتانه‌ی ده‌بێت له سه‌ركرده‌و فهرماندهیهكدا هه‌بێت، له جه‌بار فه‌رماندا هه‌بوو، هه‌ربۆیه فه‌رمانده‌یه‌كی ژیر و ئازای لێده‌رچووبوو، لهجێیخۆیدا بڕیاریدهداو گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنیش باوه‌ڕبه‌خۆبوون و پڕبوون له ئایدیا‌و بڕیاری دروست و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردن له‌و ئه‌ركه‌ی له ئه‌ستۆدایه، كۆی هه‌موو ئه‌و سیفاتانه ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه‌ی زنجیرێك بوون كه ته‌واوی ژیانی سیاسیانه‌ی ئه‌و كهڵهمێردهیان پێكده‌هێنا، فه‌رمانده"مام رۆسته‌م" باس له‌وه ده‌كات كه كۆچكردو هه‌موو ئه‌و سیفاتانه‌ی تێدابووه كه ده‌بێت فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌یه‌ك تیایدابێت، ئه‌و ده‌ڵێت18:
"كاك جەبار فەرمان، یەكێكبوو لەلێپرسراوە باش و هەڵكەوتووەكانی ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەوكاتەوەی كە دەیناسم زۆرپێی سەرسام بووم، پیاوێكی ئازا‌و سەركەوتوو بوو، گرنگترین شتێك بەلای منەوە ئەوەبوو بەردەوام خاوەنی بڕیاری تایبەتی خۆی بوو لە هەموو مەسەلەكاندا بڕیاری گونجاوی هەبوو، كەمتەرخەمی لەڕاپەڕاندنی كارەكانیدا نەدەكردو بەپەلە ئەنجامیدەدان. كۆچی دواییشی زیانێكی گەورەبوو بۆ ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد".
هه‌ركارێك خزمه‌تی به‌تاكی كورد و نیشتمانه‌كه‌ی كردبێ، ده‌ستبه‌جێ رایپهڕاندووهو بردویهتیهپێشهوه، ئه‌وه‌نده چالاك بووه لهڕاپهڕاندنیاندا به‌جۆرێك گه‌شه‌ی پێداوه كه نه‌یهێشتووه هه‌نگاو به‌ره‌و دواوهبنێ، ژیانی پڕیه‌تی له كۆكارێك مه‌گه‌ر هه‌رخۆی ده‌ره‌قه‌تی هاتبێ، دواجار له چنینه‌وه‌ی ئهنجامهكانیشدا به‌رهه‌می باش و به‌سوودی لێكه‌وتۆته‌وه، سه‌رنج له‌و كارانه‌ش بدرێ كه ئه‌و له قۆناغه جیاجیاكاندا به ئهنجامیگهیاندون ئه‌وه‌ت لهلاساغدهبێتهوه كه بیر‌و هزری ئه‌وه‌نده فراوان بووه له‌هه‌ریه‌كێك له‌و كارانه‌شدا داهێنانی تێداكردووه. پرسیاركردن به‌كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وكاره‌ی ده‌ستیداوه‌تێ پێشی بخات، یه‌كێكبووه له‌و خاڵه بنچینه‌ییانه‌ی كه به‌رده‌وام ره‌وشتی ئه‌م تێكۆشهرهیان پێكهێناوه‌و هه‌ربۆیه به‌رده‌وام لهههڵكشاندابووه. هه‌ركه‌سێ له پڕۆژه‌كانی ئه‌مدا كاری كردبێ ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی له‌لا ساغبۆته‌وه، دژایه‌تیكردن و له‌ڕیشه‌وه هه‌ڵكێشانی كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌م و گه‌نده‌ڵ له ئه‌وله‌وییه‌تی یه‌كه‌می كاره‌كانی ئه‌م بووه، ئه‌و پێیوابووه تا ئه‌و دڕكانه به‌جه‌سته‌ی داهێنانه‌وه لێ نه‌كرێته‌وه زه‌حمه‌ته بتواندرێ هه‌م تاكی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ره‌وپێشه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ و هه‌م ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌شی به‌ده‌ستهاتوون پارێزگاریان لێ ناكرێ و رۆژێك دێت به‌ره‌و پووكانه‌وه‌و له‌ناوچوون ده‌چن! ئاوات كۆكه‌یی رۆژنامه‌نووس، ده‌ڵێت19:
"كاك جەبار وەك چۆن لەڕووی خوێندنەوە مامۆستابوو، كاتێك لە زیندان ئازادكرا‌و بوو بەپێشمەرگەو بینی كە رژێم قوتابخانەكانی لە هەندێك لە گوندەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا كشاندۆتەوە، لەو بوارەشداو لەو قۆناغەشدا رۆڵی خۆی گێڕا، هەم وەك مامۆستایەك نەیهێشت منداڵانی گوندەكان بێ مامۆستا بێت و خۆی وانەی دەوتەوە، هەمیش توانی مامۆستا‌و وانەبێژی دیكەش كۆبكاتەوەو بەتەنیشت ئەركی پێشمەرگایەتییەوە ئەركی پەروەردەو فێركردنیش بگرنە ئەستۆ."
په‌یوه‌ندی نێوان جه‌بار فه‌رمان و زۆرێك له سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست و باشبووه‌و زۆرێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ژیانی فه‌رمان بوون دانبه‌وه‌دا ده‌نێن كه پڕیبووه له وه‌فاو هاوڕێیانی خۆی خۆشویستووه‌و له پێناویان‌دا قوربانی زۆریداوه، ئه‌وه‌ی ئه‌وانی سه‌رسام كردووه ئه‌وه‌بووه، هیچ كاتێكیش په‌شیمان نه‌بووه له‌سه‌ر هاوڕێكانی رووبه‌ڕووی چ تانه‌وته‌شه‌ر و ره‌خنه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه، ئه‌و به‌جۆرێك به‌سه‌ربه‌رزی زانیوه‌و هه‌میشه پێیوتوون كه هاوڕێیه‌تی هه‌روا به‌ئاسانی دروست نابێ و له هه‌ڵوێست و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و له‌كاتی ناخۆشیدا سه‌نگی هاوڕێیه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌میشه كه‌سی دڵسۆز‌و پڕ له بیری پێشكه‌وتنخوازیی، به‌وه ده‌ناسرێته‌وه تاچه‌ند بیروباوه‌ڕ و رێبازهكهیی و نیشتمانه‌كه‌ی خۆشویستووه. ئه‌م نه‌ك هه‌ر دڵسۆز بووه بۆ بیر و رێباز و نیشتمانه‌كه‌ی و میلله‌ته‌كه‌ی خۆی خۆشویستووه، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك قوربانی زۆری بۆ داوه‌و نه‌ك هه‌ر هاوڕێكانی، ته‌نانه‌ت ته‌پۆڵكه و لوتكه و خاك و خۆڵی نیشتمانه‌كه‌ی گه‌واهی ئه‌و په‌رۆشی و خۆشویستنه‌ی ئه‌ون.
هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌دا كێشه‌ی هه‌بووه كه جددی نه‌بوون و ئه‌و ئه‌ركه‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆیان جێبه‌جێیان نه‌كردووه و كه‌مته‌رخه‌میان تێداكردووه. ئه‌و لێپرسراوێكی به‌دسپلین بووه‌و بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و لێپرسراوێتییه‌ی خراوهتهسهرشانی به‌زیاده‌وه جێبهجێیكردووهو له‌كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یدا شانبه‌شانی پێشمه‌رگه هه‌ڵمه‌تی بردووه‌و له خۆشی و ناخۆشییه‌كاندا له‌گه‌ڵیاندا بووه‌و سازكردنی كۆڕی ئه‌ده‌بی و ئاهه‌نگ و هه‌ڵپه‌ڕکێی پێخۆشبووه.
دڵسۆزی بۆ بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی و میلله‌ته‌كه‌ی و هاوڕێیانی، ئه‌وی گه‌یاندبووه ئه‌و ئاسته‌ی به‌تایبه‌تی كه‌سانی هاوشێوه‌ی خۆی زۆریان خۆشبووێ و هه‌ڵوێست و كار‌و كرده‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانده‌یه به‌رزبنرخێنن، هیچ كاتێك به‌گه‌واهی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه لێیه‌وه نزیكبوون، سه‌رباری ره‌خنه‌و تێبینییهكانی، هیچ كاتێك بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێیسپێردراوه نه‌یوتووه ناچم و نایكه‌م و بیانوهێنانه‌وه‌ی ریز نه‌كردووه.
یاد زیندو، سه‌رۆك "مام جه‌لال" له‌نامه‌یه‌كیدا بۆ جه‌بار فه‌رمان كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی(1987)و لە ئەرشیفی فه‌رماندا پارێزراوە، چۆنێتی مامەڵەی سه‌رۆك، مام جەلال، دەردەخات لەگەڵ ھاوڕێكانی و خودی فه‌رمان خۆیدا، چونكه به‌ڕێز سه‌رۆك، مام جه‌لال، خۆی سه‌ركرده و فه‌رمانده‌یه‌كی مه‌یدانی بووه و له مه‌یدانی سه‌ربازیی و سیاسی و فكریی و هه‌موو ئه‌و مه‌یدانانه‌دا قاڵ بوو بوو، زوو هه‌ستی به‌وه كردووه كه كام له‌و فه‌رماندانه زیاد له فه‌رمانده‌یه‌كی تر دڵسۆزن بۆ میلله‌ت و رێبازه‌كه‌یان.
نامه‌كه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی فه‌رمان و بیر و هزری هه‌ڤاڵ، مام جه‌لال، زۆرشتمان پێده‌ڵێ و له‌م نامه مێژووییه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌ڕێزیان چه‌نده هه‌ڤاڵه‌كانی خۆی خۆشویستووه‌و له هه‌مانكاتدا چه‌نده دیموكراتی بووه‌و له بڕیار و خوێندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ بارودۆخه‌كه ده‌رنه‌چووه. مام له نامه‌كه‌دا به‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌رزی و خۆشحاڵییه‌وه ده‌ڵێ كه مه‌كته‌بی سیاسی داوای لێ كردووم خۆم بنێرمه‌وه بۆ تاران، هه‌ر له نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه كه تۆش، مه‌به‌ستی له جه‌بار فه‌رمانه بنێرێتەوە ناوەوە. به‌ڕێز مام جه‌لال له‌نامه‌كه‌دا وردتر ده‌چێته‌ناو بڕیاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌و سه‌رباری ئه‌و نامه‌یه‌شی بهدهستیگهیشتووه لەگەڵ فەرهیدون عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی قسەی كردووه‌و فه‌ره‌یدونیش به مامی وتووه كه زۆركاریان بەكاك جەبار ھەیە.
گه‌وره‌یی و له‌خۆبوردویی به‌ڕێز"مام جه‌لال" له هه‌ڵوێسته‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، بڕوا به‌وه ناكرێ كه له هه‌موو ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رۆك، مام جه‌لال-دا، چركه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه كه بیروڕای له‌سه‌ر مه‌سه‌له جیاجیاكان شاردبێته‌وه‌و هه‌میشه راشكاو بووه‌و به‌ڕه‌شی وتووه ره‌ش و به‌سپی وتووه سپی، هه‌ربۆیه ده‌گاته خاڵێك له نامه‌كه‌دا كه به فه‌رمان بڵێت كه ئه‌و بە یەكێك لە خۆشەویسترین ھەڤاڵەكانی خۆی بزانێ. په‌یوه‌ندییه به‌تینه‌كه‌ی نێوانیان ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و راده‌یه‌ی كه بهیەكێك لە نزیكترین برایانی خۆی بزانێ و بەسەركردەیەكی باش و لێوەشاوەی شۆڕش و ته‌نانه‌ت"ی.ن.ك"یش و بە تێكۆشەرێكی نەبەزی بزانێ. دیوێكیتری نامه‌كه روونه و گومان له‌وه‌دا نییه كه له‌وه‌وپێش جا له‌سه‌ر هه‌رشتێك بووبێت به‌ڕێز"مام جه‌لال" رەخنە و گلەییهكانی زۆركه‌م بوون كه له فه‌رمانی هه‌بووه، وه‌ك رابه‌رێكی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و وه‌ك سكرتێری گشتی"ی.ن.ك" ئه‌وه به‌بیری فه‌رمان ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌و ره‌خنه و گلهییانهش ھەر بۆ گەشەپێدان و خەمڵاندنی خۆی بووە، لوتكه‌ی گه‌وره‌یی و هه‌ڵوێستی جوان و به‌رائه‌تی مام بۆ هه‌ڤاڵه‌كانی، ره‌وشتی جوان و پڕ له به‌رپرسیارێتی و پێشكه‌وتنخوازانه‌ی له‌دێڕێكی نامه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
بابەتی زیاتر