یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری
بۆردی هۆشیاری
چالاکی
ئەرشیف و مێژوو
ڕۆژمێرى ڕووداوە مێژووییەکانى (ی.ن.ک)
چاوپێکەوتننەکان
سەروەرییەکان
یادى شەهیدان
ئەلبوومى تێکۆشەران
دۆکیۆمێنتارى
بیروڕا
توێژینەوە
کتێبخانە
میدیا
چەمکناسی
هۆشیاری حیزبی
سەرەکی
یادى شەهیدان
جەمالی عەلی باپیر قەندیلێ لە تێکۆشان سەفینێ لە ورە
2024-08-21
ساڵی 1945 کۆرپەیەک لەناو ژیانی پڕ لەژان و کارەساتی کۆمەڵی کوردەواریدا، جەمال کوڕی عەلی باپیر لە دایکبوو.عەلی باپیر لەبەر هەژاری و دەستکورتی پەنای بردەبەر ژیانی مەژی و مەمرەی پۆلیسی و بەوجۆرە بنەماڵەکەی بەخێوکردووە..
جەمالی بەخێوکراوی ئەم بنەماڵە هەژارە لەگەڵ رۆژگاردا کەوتە گڕوگاڵ و گەورەبوون و ساڵی 1952 بەجلوبەرگی دڕاوی کوڕە پۆلیسێکی هەژارەوە چۆتە قوتابخانەیەکی شارە بەوەفاکەی سلێمانی. ئەم کەڵەپیاوەی کورد هەر لە منداڵییەوە گورج و گۆڵ و چوست و چالاک بووە، دەم بەپێکەنین و ئارەزووی گاڵتەو نوکتەو تەڵە مشکێنەی هەبووە. هەموو خولیاکانی لە بواری وەرزش و کوردایەتیدا بووە.
لەبەرئەوەی چینە هەژارەکەیی و نەتەوە زۆرلێکراوەکەی هەر لەکاتی لاوێتییەوە رایانکێشاوەتە کۆڕی خەبات. ئەوکاتانەی شەش حەوت ساڵان بووە خولیای وەرزشی هەبووە، بۆیە کۆڵانە تەسک و تروسکەکانی گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی بوونە گۆڕەپانی فوتبۆڵێنی و خولیا وەرزشییەکانی تری، یەکێکبوو لە ئەندامە چالاکەکانی دیدەوانی شاری سلێمانی لە هەموو سەفەری دیدەوانیانەی سلێمانی بەشداریکردووە.
جگە لەفوتبۆڵێن لەپێشبڕکێکانی راکردن بەتایبەت ماوەی دوورودرێژ دوو چەرخە سواری، لەڕێگەی وەرزشەوە تێکەڵاوی بزووتنەوەی کوردستان بووە، شەهید مامۆستا یاسینی وەرزشکار جگەلەوەی مامۆستای وەرزشی بووە، مامۆستای کوردایەتیشی بووە.
وەڵامێکی زیرەکانە
کوردایەتی و لە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە ساڵی 1959 لە دەزگاکانی بزووتنەوەی کاک فایەق قەساب هاندەری بووە بۆ رزگاریخوازیی کوردستانی داوە. ساڵی 1960 چۆتەناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەستپێکی جوڵانەوەی ئەیلول و بڵێسە و گڕ و کڵپەی خولیای شاخ بووە. ساڵی 1962 سەنگەری شاری گواستنەوە بۆ شاخ کاتێک تەمەنی حەڤدە ساڵی تەواونەکردبوو، لەبەرکەم تەمەنی لێپرسراوانی ئەوسای شۆڕش لەگەڵیدا خەریکبوون کە بگەڕێتەوە شار و خوێندن تەواوبکات، بەڵام شەهید جەمال وریایانە وەڵامی دابۆوە و پێیوتبوون:
"ئێوە چەند مافتان بەسەر کوردایەتی و کوردستانەوە هەیە منیش بەقەد ئێوە ئەو مافەم پێدەبڕێت."
ئیتر ئێوە بەچ هەقێک داوای ئەوەم لێدەکەن بەرگری لەمافی رەوای خۆم نەکەم!؟ ئەو وەڵامە زیرەکانەیە بەسبوو بۆ لێپرسراوانی ئەوسای شۆڕش کە دەستبەجێ لە پەلی شەهید مەجید شوانی(عەریف مەجید) سەرەتا وەک چایچییەک وەریبگرن و ئەویش بەشانازییەوە چایچێتی بەخزمەتزانی و درێغی نەکرد لە خزمەتکردنی برا پێشمەرگەکانیدا.
تاچەند مانگێک کارێکی ئەوتۆیان پێنەسپاردووە، بەڵام بەژیریی و لێهاتوویی، خۆی بۆ لێپرسراوەکانی سەلماند و لای شەهید مەجید شوانی پێشمەرگەیەکی گورج و گۆڵ و ئازاو چاونەترس بووە، شەهید جەمال نموونەی پێشمەرگەی خووڕەوشت بەرز و دەست و دەم و داوێن پاک بووە، لە زۆربەی هەرە زۆری نەبەردییەکانی ئەوکاتەی پێشمەرگە لەناوچەی شارباژێڕ و زۆربەی نەبەردییەکانی تری کوردستان هاوبەشیکردووە.
لە کۆتایی ساڵی 1962 لەگەڵ هێزێکی هەڵبژاردنی ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوکدا نێردرا بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگەکانی بادینان لەشەڕەکانی بازەگیر و ئەزمەڕ و مۆکەبە و لە شەڕەکانی پێنجوێندا بەشداریکردووە، هەر لەوسەردەمەوە خەباتی شۆڕشگێڕانەی گرتەبەر و بەشداری خەباتی قارەمانانەی گەلەکەمان بووە، لە دەیان نەبەردی قارەمانانەدا لە کەناری مردن گەڕاوەتەوە.
لەژیانی خوێندکاری و لەڕیزەکانی پارتیدا، وەک پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی زرنگی شۆڕشگێڕ بیری کردۆتەوەو هەردەم دژی تێگەیشتنە چەوت و ناڕاستەکانی خەڵکانی ناو شۆڕش بووە، بەهۆی ئەو هەڵوێستەشەوە، تووشی چەندین تەنگ و چەڵەمەو تەنگ پێهەڵچنین بۆتەوە، بەڵام هەرگیز کۆڵدان پێی نەوێراوەو بەرگەی گرتووە و لە ئەرک و فەرمانەکانیدا پشووی نەداوە.
کاتێک ناکۆکی کەوتەناو ریزەکانی کوردایەتی، شەهید جەمال لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی ساڵی 1964 چووە دیوی ئێران و لەگەڵ شەهید مەجید شوانی و شەهید عەزیز گەزەڵانی و هەندێ پێشمەرگەی دیکە لەسەر سنوور ماوەیەک وەک هێزی گەڕۆک، لەناوچەی ئالانی ئێران لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ و راودەنران، بەڵام بەلێهاتوویی و ئازایەتی خۆیان توانییان ئەرکە پێسپێردراوەکانی ئەو قۆناغەی خەبات بەباشی جێبەجێبکەن.
جەمال و تیپی شەهید کەمال سەلیم
ساڵی 1965 کە گەڕانەوە بۆ کوردستان، شەهید جەمال وەک پێشمەرگەیەک لەناوچەی ماوەت مایەوە، پاشان لەبەرچەند رووداوێک بەناچاری رۆیشتەوە بۆ سلێمانی و چووەوەبەر خوێندن لە قۆناغی ناوەندی، لە هەمانکاتدا پێشمەرگەیەکی لەسەرخۆ و سادەو دەم بەپێکەنینی باڵی مەکتەبی سیاسی(پ.د.ک) بووە.
لەگەڕانەوەی بۆ سلێمانی دوو تیپی وەرزشی لە گەڕەکەکانی ئیسکانی سەرو و ئیسکانی خوارو دامەزراند و وەکو براو مامۆستای وەرزشکارەکان ئیشەکانی بەڕێوەدەبرد، ساڵی 1966 داوایکرد تیپەکان بکرێنە یەک تیپ و لە کۆبوونەوەیەکیشدا لە یاریگای ئیسکان ستایشێکی باشی شەهید کەمال سەلیم میران دەکات وەکو پێشمەرگەیەکی ئازاو وەرزشەوانێکی لێهاتووی شاری سلێمانی. ئەو هەوڵەشی بۆئەوە بوو ناوی کەمال سەلیم بەنەمری بهێڵێتەوە. شەهید جەمال لەناو یاریگا فێرکارێکی لێهاتوو لە دەرەوەی یاریگاش هاوڕێی دڵسۆزی یاریزانەکان بووە، لەڕاکردنی 5000 مەتر و ماوە دوورودرێژدا زۆر بەتوانا بووە و هیلاکیش نەبووە، لەبەرئەوە دەوترا کە سپڵی نییە.
تیپی وەرزشی چوارچرا کە تیپی دووەمی کەمال سەلیم بوو، هەر شەهید جەمال ئەو ناوەی لێناو لە هەڵبژاردنی ناوی چوارچرا دوو مەبەستی هەبوو، یەکەم: لەبەرئەوەی تیپی کەمال سەلیم ئەندامەکانی زۆربوون بۆئەوەی لەکاتی خولەکاندا مافی یاریزان نەفەوتێ و هاوبەشی بکەن. دووەم: چوارچرا ئەو گۆڕەپانە پیرۆزەیە کە قازی محەمەدی پێشەوای لێ لە سێدارەدرا.
ساڵی 1968 بەبڕیاری سەرکردایەتی باڵی مەکتەبی سیاسی چووە دەورەیەکی تایبەتی مفەوزی پۆلیس و پاشان خوێندنی مفەوەزییەکەی لە کۆلێجی پۆلیس تەواوکردووە، ماوەیەک لە بەغدای پایتەخت مایەوەو لەهەرشارێک کە گوازرابێتەوە وەکو ملتەزمێک ئەرکەکانی کوردایەتی خستۆتەسەرو ئیشی رەسمییەوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی. لە پۆلیسی سلێمانی وەکو مفەوەزێکی وەرزش دەستبەکاربوو خەڵکێکی زۆری بۆ تیپی پۆلیسی سلێمانی پێگەیاندو پلەی باشیان لەسەرئاستی پارێزگا و وڵات بەدەستهێنا.
خۆیشی لە هەمانکاتدا یاریزانێکی بزێوی یانەی پۆلیس بوو کە مفەوەزێکی رۆح سووک و خۆشەویستی سلێمانی بوو، لەناو خەڵکدا رێزی تایبەتی لێدەنرا. رێبازی نوێ و دەربازبوون لە تەڵەی دوژمن کۆتایی شەستەکان و سەرەتای هەفتاکانی سەدەی رابردوو لەڕێگەی گۆڤاری رزگاری و باڵی مەکتەبی سیاسی ئاشنای بیروباوەڕی چەپ بوو یەکێکیش بوو لەو گەنجانەی باوەڕی تەواوی بەچەپ هەبوو لە دروستبوونی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان(مارکسی لینینی کوردستان) لە ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی ئەو کۆمەڵەیە وەرگیرا.
پاشان چەندین کەسی بۆ کۆمەڵە رێکخست کە زۆر بەهێمنی و زیرەکانە چالاکییەکانی بۆ خزمەتی کۆمەڵە پەرەپێدەدا کە بەیانی 11ی ئازار دەرچوو شەهید جەمال لەبەر مەیلی بەلای باڵی مەکتەبی سیاسیی دوورخرایەوە بۆ شاری حلە(بابل) ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوەو خەریکی رێکخستنی کۆمەڵە بوو. دیسان گواسترایەوە بۆ کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک، پاشان گواسترایەوە بۆ سلێمانی و وەکو مفەوەزێکی وەرزش چالاکییەکانی دەستپێکرد.
ئەو سەردەمە کۆمەڵە لە گەشەکردندابوو شەهید جەمال لە پیاوە چالاکەکانی رێکخستن بوو وریایانە نەیدەهێشت لەلایەن لایەنە نەیارەکانی کۆمەڵەوە هەست بەجموجۆڵی بکرێت، تا شەڕ لەنێوان سەرکردایەتی پارتی و رژێمی بەعسدا ساڵی 1974 دەستیپێکردەوە لەسەر رەزامەندی کۆمەڵە شەهید جەمال دیسان بۆوە میوانی شاخ، یەکێکبوو لەو پێشمەرگە کارامانەی ئەو سەردەمە، چونکە ئەزموونی زۆری هەبوو لە خەباتی پێشمەرگەیی.
داوای تێبینی و سەرنجی لێکرابوو بۆ چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی شۆڕش دەستنیشانکردنی پێویستییەکانی پێشمەرگەو شوێنە سەختەکان بۆ بنکەی نهێنی. لە شەڕەکانی شاخی زمناکۆ و حەوزی رواندوزدا جێدەستی دیاربوو چالاکی بەرچاوی هەبوو. هەربۆیە زیاد لە هەموو هاوڕێکانی و لە هێزی ئەزمەڕی ئەوسا کرایە سەر لق و لەلایەن سەرکردایەتی پارتییەوە خەڵات کرا تا هەرەس یەکێکبوو لە پێشمەرگە چالاکەکانی هێزی ئەزمەڕ و دوای هەرەس بەبڕیاری کۆمەڵە هاتەوە سلێمانی و دوورخرایەوە بۆ خوارووی عێراق.
لە مفەوەزی پۆلیس دەرکراو کرایە کارمەندی پۆستە و گەیاندنی شاری بەسرە، دیسان هۆشیارانە و لێهاتوانە دەستیکرد بەچالاکی رێکخراوەیی بۆ کۆمەڵە، دوابەدوای گیرانی سەرکردایەتی کۆمەڵە خاڵە شیهاب و هاوڕێکانی هەست بەجموجۆڵی شەهید جەمال کرا. لە پایزی 1975 لەلایەن دەزگاکانی ئەمنی سلێمانییەوە راونراو زۆر ئازایانە خۆی دەربازکرد، رۆژێک پیاوانی ئەمن بەدوایدا دەگەڕان لەخۆی دەپرسن ئەرێ ماڵی جەمالی عەلی باپیر نازانی؟ ئەویش بەبێ ئەوەی بترسێ و بشڵەژێ ئاماژە بۆ ماڵێک دەکات ئەمنەکانیش بەپرتاو بەرەو ماڵەکە دەڕۆن، شەهید جەمال بەڕاکردنە وەرزشکارییەکەی خۆی رزگاردەکات و دەچێتە ماڵی کاک کەمالی حەبێ لە گەڕەکی مەڵکەندی.
لێرەوە خەباتی ژێرزەمینی دەستپێدەکات لە ماڵەکانی کاک عومەر سەعید و کاک عومەر کڵاولار و ماڵی کاک ئاوات قارەمانی و ماڵی حەمە خڕەی دارتاش لە کانێسکان و ماڵی عەزیز ئیسماعیل لە گەڕەکی تووی مەلیک، رۆژانی خۆشاردنەوەی زۆر بێباکانە بەسەربرد و ئەرکەکانیشی ئەنجامدەدا بەبێ ئەوەی رۆژێک لەڕۆژان ناڕەزاییەک دەرببڕێ یان رەشبینی دایبگرێ.
دووبارە بەرەو چیا بەرەو خۆری شەهیدبوون
کە"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" دامەزرا شەهید جەمال کەوتە خۆئامادەکردن بۆ شۆڕشی چەکداریی و لە(١٩/٧/١٩٧٦) لەگەڵ کاک سالار عەزیز یەکەم دەستەی چەکداری دۆڵی جافایەتیان دروستکرد و ئەو چەکەی لەکاتی هەرەسدا شاردبوویەوە کردیەوە شانی و بۆوە بەپێشمەرگە گورج و گۆڵەکەی ساڵی 1962ی جاران و پاشتریش پێشمەرگەیەکی نوێ و بەبیروباوەڕێکی شۆڕشگێڕانە، دوای یەک رۆژ چەککردنە شان هەڵیکوتایە سەر رەبایەی(باوی زاوێ)ی دەشتی کارێزەو بەمەش یەکەمین فیشەکی شۆڕشی نوێ لەلولەی تفەنگەکەیەوە تەقی و چەند داگیرکەرێکی بەسزای گەل گەیاند و هەر لەوساڵەشدا بەسەختی برینداربوو.
شەهید جەمال یەکێکبوو لە کادیرە ئازاو چوست و چالاکەکانی هێزی پێشمەرگەی"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"و مامۆستای شەڕی پارتیزانی بوو لە دەیان نەبەردی گەورەو بچووکدا هاوبەشیکردووە، پیاوێکی خۆشەویستبوو لەوناوچانەی کاری لێکردووە، لەگەڵ پێشمەرگە بەسۆز و بەزەیی بووە هەڵسوکەوتی لەگەڵیاندا هاوڕێیانە و برایانە بووە لە سەرەتای بوونە پێشمەرگە لە شۆڕشی نوێ کرایە لێپرسراوی سەربازی ناوچەی ماوەت لەگەڵ شەهید ئەحمەد فەتحوڵڵا ئاغا کاریان پێکەوە دەکرد، ساڵی 1978 وەکو کادر و پێشمەرگە و وەک جێگری فەرماندەی هەرێم بەشداری کارەساتەکەی هەکاری کردووە و بەژیریی و ئازایەتی و چاوڕوونییەوە رابەری دەستەیەک پێشمەرگەی کردووە و سەرکەوتووانە گەڕانەوە بۆ بارەگای سەرکردایەتی لەقەندیل.
هەرئەوکاتە سەرکردایەتی یەکێتی لە قەندیل بۆ تەقدیری ئازایەتی پلەی فەرماندەی هەرێمی درایە و کرایە فەرماندەی هەرێمی چواری"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" هەروەها ئەندامی کۆنفرانسی مالیمۆس بووە کە(١/٥/١٩٨١) کە لەمالیمۆس بەسترا.
مەخابن لە(٢٠/٨/١٩٨١) لەگەڵ شەهیدان: حەسەن قارەمان و کاروان و ئیسماعیل گەورە دێیی و ئەنوەری عەبدوڵڵا مەلا ساڵح شەهیدکران و گەیشتنە کاروانی نەمران.
داناز عەبدولڕەحمان
بابەتی زیاتر
تەرمی ئارام یان دزی! ئێوارەیەکى کانوونى یەکەم
داستانى قەڵاسنج.. سەلماندى کە هەرگیز یەکێتى لە بننایەت
حەمە تیماری ئەفسانەكەی برزوت - بالۆسە