محەمەد حەمە تەقی
سەرچاوە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان (نەوت، غاز، ئاو)، زیاد لە پێویستی ناوخۆن، بەڵام هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تا نووسینی ئەم بابەتە سودمەند نەبوون لەو سەرچاوە سروشتیانە، بەپێچەوانەوە بەردەوام یان ناوە ناوە قەیرانی نەوت و غاز و قەیرانی ئاو، لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا سەرهەڵدەدات، ڕەنگە قەیرانی نەوت و غاز بگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکاری ناوخۆ و دەرەکی و نەشارەزایی حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردن و بەگەڕخستنی ئەو دوو سەرچاوەیە، بەڵام قەیرانی ئاو بۆ؟
ئاو پێویستییەکی سەرەکی ژیان و کێشەیەکی گەورەی ئەم سەردەمە و داهاتووە، ئاو سەرچاوەیەکی سروشتی پڕ بایەخە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤ و تەواوی زیندەوەرانەوە، ئاو ڕەگەزێکی سەرەکی ئاوەدانی و گەشەسەندنە، تەواوی شارستانیەتییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە کەناری ڕوبارەکاندا دروستبوون، لەکوێ ئاو هەبووبێت ژیان و ئاوەدانی هەبووە، گەڕان بەدوای ئاودا گەڕان بووە بەدوای ژیان و ئاسودەیدا.
کەم ئاوی بەدوای خۆیدا، هەژاری و بێ کاری و برسێتی دێنێ، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتای کوشندە، کەم ئاوی دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەکی گەورە لە ڕووی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ئابوری و سیاسی.
ئاو لە ڕووی فیزیاییەوە بەوە پێناسە دەکرێت، کە شلەیەکی بێ ڕەنگی بێ تامی بێ بۆنە، پێکهاتەی کیمیاوی ئاو بریتییە لە H2O واتە هەر گەردێک ئاو لە دوو گەردیلە هایدرۆجین و گەردیلەیەک ئۆکسجین پێکدێت، ئەم پێناسانە بۆ ئاوی پاکە، نەک ئاوێک شتی کەی تێکەڵاو بووبێت، ئەو زانستەشی لە ئاو دەکۆڵێتەوە پێیدەوترێت هایدرۆلۆجی، ئەمانە بابەتی زانستیی ڕووتن، پەیوەندی بەم نووسینەی ئێمەوە نیە، ئێمە لە ڕەهەندی جیاوازەوە لە گرنگی ئاو دەدوێین.
بەهۆی زیاد بوونی دانیشتوان و گەشەسەندنی چالاکیە ئابوریەکانەوە، گرنگی ئاو و لێکەوتە و كێشەکانی بەردەوام لە هەڵکشاندایە، کەم چالاکی مرۆڤ هەیە کە ئاو ڕەگەزێکی سەرەکی نەبێت تێیدا، هەر بۆیە لە ئاستی باڵادا گفتوگۆ لەسەر دەرامەتی ئاو دەکرێت، ئاو وەک داهاتێکی ئابوری و سەرچاوەیەکی بنەڕەتی ژیان، کار لەسەر پەیوەندی نێوان وڵاتان دەکات، "ڕێکخراوی وێنسکۆ لە ڕاپۆرتی کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ٤٧٪ی دانیشتوانی گۆی زەوی توشی قەیرانێکی سەختی کەم ئاوی دەبن"[1]. بەداخەوە ئێمە کاتێک هەست بە گرنگی ئاو دەکەین، کە ئاو لە ماڵ و گەڕەکەکانمان بڕابێت و بێ ئاو بین، لێرەوە هەست بەوە دەکەین کە کێشەی بێ ئاوی چەند کێشەیەکی سەخت و دژوارە، چەند گەورە و کاریگەرە، هەست بەوە دەکەین، کە ئاو لە ژیانی ڕۆژانەماندا چ بەهایەکی مەزنی هەیە، بەڵام لەڕاستیدا کێشەی کەم ئاوی تەنها لە ماڵ و کۆڵان و گەڕەکەکاندا بچوک ناکرێتەوە، ئاو ڕەهەندی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەهەندی جۆر بەجۆری هەیە، بوونی ئاو هێزێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە و بۆ دەوڵەت و حکومڕانی، بە پێچەوانەوە کەم ئاوی یان نەبوونی ئاو دەوڵەت و حکومڕانی لاواز دەکات و کۆمەڵگە شپرزەدەکات.
سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەژاری و دواکەوتوویی وڵاتانی ئەفەریقا بە پلەی یەکەم دەگەڕیتەوە بۆ کەم ئاوی، دیاردەی بەبیابان بوون و قاتوقڕی و کۆچی بەلێشاو لە (گوندەوە بۆ شارەکان یان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر)، بەشێکی زۆری ئەم دیاردانە هۆکارەکەی کەم ئاوییە، یان وەک دەوترێت کێشەی وشکەساڵیە.
کێشەی ئاو کێشەیەکی کۆنە، لە ئێستادا کێشەکە قوڵتر بووەتەوە، بەدڵنیاییەوە لە ئایندەدا ئاو دەبێت بەکێشەیەکی گەورەی جیهانی و کێشەیەکی لە پێشینە دەبێت، کێشەیەک دەبێت گەورەتر لە کێشەی وزە و کێشەکانی نەوت و غاز، گەورەتر لە کێشەی تیرۆر و چەکی کۆکوژ، بەتایبەتی بەهۆی زۆر بوونی دانیشتوان و فراوان بوونی کارگە و پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤەوە بۆ ئاو.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن تەکنەلۆجیا، توێژینەوەی ورد لەسەر داهاتی ئاو و بڕی پێویستی ئاوی ڕۆژانە بۆ تاک و بڕی پێویستی ئاو بۆ جۆرەکانی کشتوکاڵ و ڕووەک دەکرێت، هەر بەپێی ئەو توێژینەوانە، هەر مرۆڤێک ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی ١٧٥ لیتر ئاو هەیە، دیارە ئەم بڕەش بەپێی کۆمەڵگە و بەپێی دانیشتوانی شار و گوند دەگۆڕێت، تاکی شارنشین بڕی ئاوی زیاتر بەکار دەهێنێت. هەر بەپێی توێژینەوەکان، نزیکەی ٨٠٪ی ئاوی بەکارهاتوو لە پڕۆژەکانی کشتوکاڵدا خەرج دەبێت.
ئاو لە زۆر ڕەهەندی جیاوازەوە کار لەسەر کۆمەڵگە و حکومڕانی دادەنێت، لەوانە:
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی/ لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ فێری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە تا ئەمڕۆ، خێڵە کۆچەرییەکان بە دوای سەرچاوەکانی لەوەڕ و سەرچاوەکانی ئاودا لە کۆچی بەردەوامدا بوون، ئاو کۆچەرییەکانی لەسەر کانییەک یان جۆگەیەک کۆکردووەتەوە، بەهەمان شێوە گوند نشینەکان لە سەر کانییەک یان جۆگەیەک گوندەکانیان بنیات ناوە، ئەم کۆبوونەوەیە ئەگەر لە دەوری بیرە ئاوێک یان جۆگەیەکیش بووبێت، بووەتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەتین لە نێوان ئەو کۆمەڵگە بچوکانەدا، گەرچی هەندێکجاریش لەسەر بەشە ئاو یان نۆرە ئاوێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرژی تێکەوتووە، بەڵام هەمیشە سەرچاوەی زۆریی ئاو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی لە ئاستێکی باشدا هێشتووەتەوە، ئاو ڕەگەزێکی سەرەکی کۆکردنەوەی خێزانەکان بووە لە نزیک یەکتر، کۆبوونەوە و گەشت و گوزاری بە کۆمەڵ لە نزیک کانیاوێک یان ڕووبارێک یان سەرچاوەیەکی دیاریکراوی ئاوەوە تاکەکانی کۆمەڵگەی زیاتر لەیەکتر نزیک کردووەتەوە. ئاو بە زۆر ڕێگە و بە زۆر شێوازی جۆراوجۆر مرۆڤەکان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییان بۆ دروستدەکات، وەک لە کارە هەرەوەزیە کشتوکاڵیەکان و گەشت و سەیران لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاو، یان لە ڕاوەماسی و زۆر بواری تردا.
ڕەهەندی ئابووری/ هەموو سێکتەرەکانی وەبەرهێنانی گەشتوگوزار و پیشەسازی و کشتوکاڵیی بە هەموو لقەکانی ڕووەکی و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ماسی و پەلەوەر، بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاو ناتوانرێت بەردەوام بێت و گەشە بکات، ئاو لە هەندێ پیشەسازی وەک کارگەکانی دروستکردنی شەربەت و پاککەرەوە و دروستکردنی بلۆک و خشت، ڕاستەوخۆ بەشداری دروستکردنی بەرهەمەکە دەکات، لە هەندێ کارگە و پیشەسازی ئاسن و مەڕمەڕ و چیمەنتۆ، بەشداری ساردکردنەوەی ئامێرەکان دەکات، وەک چۆن بۆ ساردکردنەوەی ئۆتۆمبیلەکانمان پێویستمان بە ئاوە. سامانی ماسی کە خۆراکێکی سەرەکی مرۆڤە، پێویستی بە سەرچاوەیەکی گەورەی ئاو هەیە، ئاسایشی خۆراک بنەمایەکی سەرەکی ئاسایشی نەتەوەییە بەبێ سەرچاوەی ئاوی پێویست، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک مەحاڵە.
بەهۆی بوونی بڕێکی باشی نەوت و غاز و داهاتی گومرگەکانەوە، نە حکومەتی هەرێم و نەدەسەڵاتی کوردی، هەستیان بەگرنگی ئەم سامانە سروشتییەی ئاو نەکردووە، سامانی ئاو تا ئاستێکی بەرچاو پشتگوێ خراوە، گرنگی گەورە بە بواری نەوت و غاز دەدرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیا حیزبی و جیهانیەکانەوە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بەردەوام لە فراوان بووندایە، ڕەنگە هۆیەکی سادە لەپشت ئەم بێ بەها کردنەی سامانی ئاوەوەبێت، هۆیەکەش ئەوەیە غاز و نەوت ڕاستەوخۆ دەچنە بازاڕاوە و دەکرێن بە پارە، بەڵام ئاو دەبێت بچێتە پڕۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتیارییەکانەوە و دواتر بەرهەمەکەی بخرێتە بازاڕاوە، واتە داهاتی ئابوری ئاو، وەک نەوت و غاز ڕاستەوخۆ ناخرێتە سەر ژمارەی بانکی و ناچێتە گیرفانەوە.
ڕەهەندی سیاسی/ یەکیک لە بناماکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پاراستنی ئاسایشی ئاوە، بوونی ئاو هێزێکی گەورەی حکومڕانی و ئارامییە، کەمی یان نەبوونی ئاو کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لەوانە زیاد بوونی دیاردەی کۆچکردن و بڵاوبوونەوەی برسێتی و بێ کاری، ئەم دیاردانە زۆرجار سنورەکان دەبەزێنێت و نائارامی ناوچەیی دروستدەکات، یان کۆمەڵگە و حکومەت ناچاردەکات بۆ بەدەستهێنانی ئاو سازش بۆ ڕژێم و دەوڵەتانی دەوروبەر بکات و بکەوێتە ژێر جێبەجێکردنی هەندێ مەرجی قورسەوە، بەمەش سەروەری دەسەڵات و کۆمەڵگە بەتاڵ دەبنەوە، شتێک نامێنێ بەناوی شکۆی نەتەوەیی و حکومڕانی.
لە جیهاندا، کێشە و ململانێ ناوچەیی و هەرێمایەتییەکان لەسەر بەشە ئاوی ڕوبارەکان کەم نییە، وەک کێشەکانی نێوان ئەسیوپیا و سودان و میسر لەسەر ئاوی ڕوباری نیل، تورکیا و سوریا، تورکیا و عێراق، ئەردەن و ئیسرائیل و دەیان کێشەی تر، کە هەندێکیان تا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی سەری کێشاوە.
ڕەهەندی سەربازی/ سامانی ئاو دەتوانرێت وەک سامانی نەوت و غاز لە ململانێکاندا بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە هاوبەشن لە ڕووبار و سەرچاوە ئاویەکاندا، وەک تورکیا و سوریا و عێراق، یان ئوردن و سوریا و فەلەستین، میسر و سودان و چەندین وڵات و ناوچەی تر لە جیهاندا، بەگرتنەوە یان بەردانەوە و تەقاندنەوەی بەنداوەکان.
لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا، (شط العرب) بەربەستێکی سروشتی گرنگ بوو، بۆ پاراستنی شاری بەسرە لە هێرش و پەلاماری سوپای ئێران و داگیرکردنی ئەو شارە، گەرچی تەکنەلۆجیای سەربازی لەمڕۆدا زۆر پێشکەوتووەو دەتوانێت بەربەستەکان تێپەڕێنێت، بەڵام لە زۆر ئاستی سەربازیدا، ڕوبارەکان بەربەستێکی سروشتین بۆ ڕێگری لە پەلامار و هێرشی دوژمن، تەنانەت لە شڵاوەکانی ئەنفالدا ڕژێمی عیراقی بۆ ڕێگرتن لە هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان پەنای بۆ بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان برد.
ڕەهەندی ژینگەیی/ ئاو کەرەسەیەکی سەرەکی و سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی ژینگەیەک، کە ئارامی و ئاسودەیی دابینبکات، ژینگەیەک کە ڕێژەیەکی تەواو ئۆکسجین بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات، ژینگەیەکی پڕ لە سەوزایی، ئەم سەوزاییەش پێویستی بە بڕێکی باش لە ئاو هەیە، ئاو دیاردەی بە بیانبوون ناهێڵێت یان زۆر کەمی دەکاتەوە، ژینگە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و دەروونی مرۆڤ هەیە، مرۆڤی ناوچەی بیابان کە لە ژینگەیەکی وشک و کەم ئاودا ژیان دەگوزەرێنن، زیاتر توندڕەو و دەمارگیرن، بە پێچەوانەوە مرۆڤی ناوچە سەوز و ئاوەدانەکان، زیاتر بە ئارام و کراوەترن.
چۆنێتی دابینکردنی سەرچاوەی ئاو:
سروشت خۆی سەچاوەکانی ئاوی بەشێوەی کانی و چەم و ڕوبار ڕێکخستووە، بەڵام ئەم سەرچاوانە بە ڕێکی و بە هەمان ڕێژە لە هەموو جیهاندا وەک یەک دابەش نەبوون، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە بوون یان نە بوونی سەرچاوەکانی ئاودا، پێویستییە بەردەوامەکانی مرۆڤ بە ئاو لەلایەک، لافاو و وشکە ساڵی و کەم ئاوی لەلایەکی ترەوە، زۆر لە مێژە هانی مرۆڤی داوە بۆ دەستبەسەراگرتن و ڕامکردنی جوڵەی ئاو و کۆکردنەوەی، باوترین ڕێگە بۆ دەستگرتن بەسەر ڕێژەیەکی بەرچاوی ئاو، دروستکردنی بەنداوە لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەکان، بەمەبەستی گلدانەوەی بڕی پێویستی ئاو، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زۆر وڵات ڕوباریان نیە، سەرچاوەی ئاوی سروشتی ژێرزەوی و سەرزەوییان نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە و كەڵکی دروستکردنی بەنداوی نیە، وەک وڵاتانی کەنداو بۆ نمونە، بۆیە ناچار ئەو وڵاتانە بیریان لە ڕێگەی نا ئاسایی کردوەتەوە بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست، هەرچەندە ئەو ڕیگایانەش هەم پێویستی بەتەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و کەسی شارەزا هەیە، هەم تێچوویەکی زۆریشی دەوێت و زۆرجار ڕوبەرێکی فراوانیش داگیردەکات، ئەمە جگە لەوەی کاریگەری خراپیشی لەسەر تێکچوونی ژینگە دەبێت.
ئەو ڕێگا نا ئاساییانەش وەک شیرینکردنی ئاو، ڕیسایکلینی ئاوی بەکارهاتوو، بارانی دەستکرد، لێدانی بیری گەورە لەو ناوچانەی کە بڕێکی زۆر ئاوی ژێر زەوی تیا کۆبووەتەوە و بەستنەوەی بەیەکەوە، وەک ئەوەی لیبیا لەسەدەی ڕابردوودا کردی و ناوی لێنا (ڕوباری مەزن).
وڵاتانی (سعودیە، ئیمارات، کوێت ...هتد) بۆ پەیداکردنی ئاوی خواردنەوە چەند ڕێگەیەکیان گرتۆتەبەر، وەک: دروستکردنی دامەزراوەی گەورە گەورە بۆ شیرینکردنی ئاوی کەنداو گەرچی خەرجیەکی زۆری تێدەچێت و ڕووبەرێکی فراوان داگیردەکات، ڕەنگە ئەو خەرجیە زۆرە بۆ وڵاتانی دەوڵەمەندی وەک وڵاتانی کەنداوە، کێشەیەکی زۆر گەورە نەبێت. بەڵام ئەم دامەزراوانە بەهۆی فراوانییانەوە لەکاتی جەنگ و ململانێکادا بەئاسانی بە ئامانج دەگیرێن. ڕێگەیەکی تری پەیداکردنی ئاو، گواستنەوەی ئاوە لەڕێگەی کەشتیەوە، بە هەمان میکانیزمی گواستنەوەی نەوت، بەشێک لە وڵاتانی کەنداو لە ئێران یان لە وڵاتانی ترەوە ئاویان بەکەشتی دەگواستەوە، کوێتیەکان ساڵانێکی زۆر لە (شط العرب) ەوە بە کەشتی ئاویان دەگوێزایەوە.
لیبیا بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی ڕۆژانە، بەهۆی پڕۆژەیەکەوە ئاو لە بیابانەکانی باشورەوە هەڵدەگۆزێ و بە شێوەی لوولەکێشی دەیگوێزێتەوە بۆ پایتەخت و شارەکانی کەنار دەریای سپی، ئەم پڕۆژەیەش ناوی ڕووباری مەزنی لێنرا و درێژیەکەی نزیکەی (٦٦٧کم)ە. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دەستیپێکرد و پاش چەند ساڵێک تەواوکرا، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، حکومەتی لیبیا بوجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخانکرد، تەواوی بوجەکەش حکومەتی لیبیا خۆی دابینیکرد، بەبێ هاوکاری لایەنی دەرەکی.
وڵاتی میسر، بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست، جگە لە ڕوباری نیل، بڕێکی باشی ئاو لەڕێگەی ڕیسایکلینەوە دابین دەکات، ئەم ڕیسایکلینە لە زۆر وڵاتانی تریش وەک مەغریب و ئیسرائیل و سوریا و .. هتد، چووەتە بواری کارکردنەوە، بەڵام پەیداکردنی سەرچاوەی ئاو لە ڕێگەی بارانی دەستکردەوە هێشتا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەم شێوە نائاساییەی دابینکردنی ئاو، هەندێ کێشەی ژینگەیی دروستدەکات، وەک دروستکردنی بۆن و گۆڕینی ڕێژەی ترشێتی( ph )ی زەوی.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا وڵاتێکە زۆرترین داهاتی ئاوی هەیە، کە داهاتی ساڵانەی تاک نزیک دەبێتەوە لە (٢٠٠٠) مەتر سێجا، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا تورکیا گەورەترین سەرمایەگوزاری لەبەرهەمهێنانی ئاودا کردووە، پڕۆژەی گاپ (پڕۆژەی مەزنی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ GAP ( کە لە ٢٢ بەنداو و ١٩ پڕۆژەی وەبەرهێنانی کارەبا پێکدێت، لەسەر هەردوو ڕووباری دجلە و فورات و لقەکانی ئە دوو ڕوبارە، تورکیا لەڕێگای ئەم پڕۆژەوە جگە لە سودە ئابوری و ژینگەییە ڕاستەوخۆکەی، دەتوانێت چەند ئامانجێکی تریش بەدەست بهێنێت، لەوانە:
١- دەتوانێت ئاو وەک کاڵایەکی بازرگانی بفرۆشێت بە وڵاتانی سوریا، عێراق، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، بەمەش ساڵانە داهاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، تورکۆت ئۆزال بیرۆکەی هێڵی ئاشتی هێنایە کایەوە، بەپێی ئەو بیرۆکەیە، وەک چۆن وڵاتانی کەنداو نەوت دەفرۆشن بەهەمان شێوە تورکیاش لە ڕێگەی دوو بۆڕییەوە کە ناوی نابوون هێڵی ئاشتی، ئاو بە ئوردون و ئیسرائیل و کوێت و سعودیە (وڵاتانی کەنداو) بفرۆشێت، بەڵام بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ئەم بیرۆکەیە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
٢- وەک چەکێک بەرامبەر سوریاو عێراق بەکاریدەهێنێت، بەتایبەتی تورکیا لەسەد ساڵی ڕابردوودا چاوی بڕیوەتە خاکی ئەم دوو وڵاتە و بەبەشێک لەخاکی خۆی دەزانێت.
٣- ئەو ناوچەیەی ئەم پڕۆژە گەورەیەی لەسەر بنیاتنراوە، بەشێکە لە خاکی باکوری کوردستان، کە ڕووبەرەکەی بە سەدان کم٢ مەزەندە دەکرێت، ئەم ناوچەیە دادەماڵێت لە خەڵکە ڕەسەنەکەیی و دەیانگوێزێتەوە بۆ ناوچەکانی تری تورکیا (تورکیای نوێ تاڕادەیەک دانی بەبوونی نەتەوەی کوردا ناوە، دەڵێت چەند ملیۆن کوردێک ''بەشاردنەوەی ژمارەی ڕاستی'' کورد لە تورکیادا هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئەمڕۆ تورکیا نایەوێت دانی پێدابنێت مەسەلەی خاکە، تورکیا نایەوێت بڵێت کورد خاوەنی بستە خاکێکە و وشەی کوردستان نەک لە تورکیا، لەدەرەوەی تورکیاش قبوڵ ناکات).
ئەم نمونانەی تورکیا و لیبیا و کەنداوم بۆیە هێنایەوە تا تێبگەین کە ئاو چەند سامانێکی گەورە و گرنگە، چەند کاریگەری لە سەر کۆمەڵگە و ئاسایش و حکومڕانی دادەنێت.
کوردستان و کێشە بەردەوامەکانی کەم ئاوی:
لە ڕاستیدا کوردستان کێشەی کەم ئاویی نییە تەنانەت لە ساڵانی کەم بارانیشدا، داهاتی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا جگە لە تورکیا، لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاترە، لە کوردستان وەک چۆن کێشەی پەروەردە و تەندروستی و کێشەی کشتوکاڵ و مووچە و زۆر کێشەیتر هەیە، بە هەمان شێوە بەهۆی کەمتەرخەمی یان لێنەزانی حکومڕانیەوە کێشەی کەم ئاوی هەیە. حکومەتی هەرێم کێشەی نالەباری یان نەزانی ئیدارەدانی ئاوی هەیە، ئەمەش بووە بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی کەم ئاوی، هەر لە هەلێری پایتەختەوە تا زۆر لە شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان بەردەوام یان ناوە ناوە بەدەست کەم ئاوییەوە دەناڵێنێت، تەنانەت لەساڵانی زۆر بارانیشدا.
هەر بە چاوخشاندنێک بەناوی گوندەکانی کوردستاندا، تێدەگەین چەند سەرچاوەی ئاوی شیرین لە کوردستاندا هەیە، کە زۆر لە گوندەکان پێشگری کانی بە ناوەکانیانەوە هەیە وەک کانی ماسی، کانی سارد، کانی هەنجیر، کانی پانکە و هانە[2]ی دن و هانەی قوڵی هەورامان و دەیان ناوی تر.
داهاتی ساڵانەی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی بەفر و باران و جۆگە و ڕووبارەکانەوە نزیکە لە (٤٥) ملیار مەتر سێجا، ئەم ژمارەیە بەپێی ساڵ دەگۆڕێت، لە ساڵانی باراناویدا بەرزدەبێتەوە بۆ سەروو ٥٠ ملیار مەتر سێجا، لە ساڵانی کەم ئاوی و بێ بارانیدا دادەبەزێت بۆ نزیکەی ٣٥-٤٠ ملیار مەتر سێجا، لە کاتێکدا هەموو هەرێمی کوردستان بۆ ئاوی ماڵان و کارگەو کشتوکاڵ، پێویستی بە کەمتر لە (١٨) ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە.
بۆ دەربازبوون لە کێشەی کەم ئاوی، لە پێناو ڕێگە گرتن لە قاتوقڕی و کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی بێ ئاوییەوە، حکومەت و هاووڵاتیان دەتوانن ڕێگەی خێراو کەم خەرجی بگرنەبەر، ئەویش بە:
یەکەم/ دروستکردنی چاڵی گەورە (بۆند) لە چواردەوری شارو شارۆچکە و گوندەکان، ئەم چاڵانە لە سەر ڕێڕەوی ئاوی باراناو دروستبکرێت، بۆ ئەوەی لەوەرزی باران باریندا ڕێژەکی باش لە ئاوی باراناو گل بدەنەوە، ئەم چاڵانە کە لە شێوەی حەوزی گەورە دروستدەکرێت، ئەم سودانەی دەبێت:
ڕێژەیەکی باشی ئاو لە چاڵەکاندا کۆدەبێتەوە، کە دەتوانرێت لە وەرزی هاویندا بۆ ماوەیەک سودی لێ وەربگیرێت، بە تایبەتی لەلادێکان بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵی وەرزی.
هاوکار دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، ئەمەش سودی هەیە بۆ کانی و کارێز و بیری ناوچەکە و لە وشکبوون دەیانپارێزیت.
کرداری ڕاماڵینی خاک کەمدەکاتەوە، لە زۆر شوێنی کوردستان بەهۆی ئاوی باراناوەوە تەنها بەردە ڕەقەکە ماوەتەوە، خاک و خۆڵە بەپیتەکە باراناو ڕایماڵوە بۆ دەرەوەی سنوری کوردستان.
دەتوانرێت لە چواردەوری ئەو حەوزە ئاوانە نەمام بنێژرێت، کە هەم جوانی دەبەخشێت بە ناوچەکە، هەم دەبێتە هۆی دروستبوونی کەش و هەوایەکی خۆش و لەبار.
لە سەردەمی کۆندا لە سەر تاوێر و بەرد چاڵیان هەڵکەندووە و ئاویان تیا کۆکردووەتەوە بۆ وەرزی هاوین، بەتایبەتی لە قەڵاکاندا، دروستکردنی ئەم چاڵانە، دەتوانرێت وەک کەلتوورێکی لێ بکرێت و خەڵکی لە نزیک پڕۆژە و مەزراکانیان دروستی بکەن، لێرەدا تەنها پێویستی بە ڕێنمایی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت بۆ دیاریکردنی شوێن و ڕووبەری حەوزەکە، ئەگەر حکومەت یان ڕێکخراوێک بتوانێت وەک هاندان هاوکارییان بکات، ئەوا کارەکە باشتر و خێراتر بەڕێوە دەچێت.
دووەم/ دەبێت حکومەت چاودێرییەکی توند بخاتە سەر کارگە و ماڵان و شوێنە گشتییەکان، لەڕووی بە فیڕۆدانی ئاوەوە، وەک سەیارە شتنی بەردەرگاو لێچوونی بەردەوامی ئاو و شکاندنی بۆڕیەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ مەبەستی تایبەتی.
سێێەم/ هەموو ئەو قەدپاڵ و ناوچانەی کە ڕووتەنین، بەتایبەتی لە گەرمیان و نزیک شار و شارۆچکەکان، هەڵمەتی نەمام ناشتنیان بۆ بکرێت و ڕێگەی بە بیانبانبوونیان لێبگیرێت، دەتوانرێت سود لەو جۆرەی نەمام وەربگیرێت کە بەرگەی گەرمای زۆر و کەم ئاوی دەگرن، وەک زەیتون و فستق و قەزوان و بەڕوو ... هتد. ئەم کارە دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگە و دروستکردنی کەشیكی خۆش و جوان، لە هەمان کاتدا کرداری ڕاماڵین کەم دەکاتەوە.
چوارەم/ پاراستنی جۆگە و ڕوبار و سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوون، لەمڕۆدا بەهۆی پاشەڕۆی کارگە و ئاوەڕۆی ماڵانەوە، کە ڕاستەوخۆ دەرژێتە ڕوبار و سەرچاوەکانی ئاوەوە، بڕێکی زۆر لەو ئاوانە بەکەڵكی بەکارهێنان نایەت، بە پێچەوانەوە زیانی کوشندەی لەسەر ژیانی مرۆڤ و سامانی ماسی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە.
سەرەڕای ئەم ڕێوشوێنە خێرایانە، حکومەتی هەرێم دەبێت بەرنامەی چڕ و وردی هەبێت بۆ دروستکردنی بەنداو و فراوانکردن تۆڕەکانی ئاودێری، دەنا لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆری خاكی هەرێمی کوردستان دەبێت بەبیابان و حکومەتی هەرێم لە پێناو بەدەستهێنانی بڕێک ئاودا ناچاری ملکەچکردن دەبێت بۆ هەموو خواستێکی وڵاتانی دراوسێ.
بەهۆی گۆڕانەکانی کەش و هەواوە دیاردەی بەبیابان بوون خێرا بووە، بەڵام بەبیابان کردن بەهۆی کەم تەرخەمی دەسەڵات و بڕیاری سیاسییەوەیە، بە بیابان بوون و بە بیابان کردن دوو کردەی جیاوازن، بۆ نمونە دەشتی کۆیە و دەشتی گەرمیان بە بڕیارێکی سیاسی، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حیزبی بەعسەوە دەرچوو، کراوە بە بیابان، رێگریکرا لە دروستکردنی بەنداو و ڕاکێشانی تۆڕی ئاودێری لە زێی بچوکەوە بۆ دەشتی کۆیە و لە ڕوباری سیروانەوە بۆ قوڵایی گەرمیان، بەبیانوی ئەوەی لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا (وەک خۆیان دەیانوت) بارانی پێویست هەیە، بڕیارەکە بەڕوونی دەڵێت: دەبێت ئاوی کۆکراوەی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور بڕوات، ئەمە بڕیارێکی سیاسی شۆفێنی ڕژێمێکی داگیرکەری کوردستان بوو، کە دەیویست لەو ڕێگەوە بەشێک لە خاکی کوردستان بکات بە بیابان و خەڵکی کوردستان لە زێدی خۆی دابڕێت.
لە ئێستاشدا دەشتی هەولێر و دەشتی شەمامک و بەڕانەتی و دەشتی کەندیناوا، بەهۆی کەم تەرخەمی حکومەتی هەرێمەوە هەر وەک دەشتی کۆیە و گەرمیان، خەرێکە دەبێت بە بیابان، دەنا زۆر بە ئاسانی و بە تێچوویەکی زۆر کەم دەتوانرێت لە زێی گەورەوە، بە پڕۆژەیەکی ئاودێری هەموو ئەو سنورە ببوژێتەوە و مەترسی بە بیابان بوونی لە سەر نەمێنێت.
تەنانەت هەر لە ڕێی ڕاکێشانی بۆڕی ئاوەوە، دەتوانرێت ئاو لە زێی گەورەوە بۆ هەولێری پایتەخت و لە زێی بچوکەوە بۆ هەردوو شارۆچکەی چەمچەماڵ و شۆڕش دابینبکرێت، لەکاتێکدا نە دووری هەولێر و زێی گەورە لە ٣٠کم تێدەپەڕێت، نە دووری چەمچەماڵ و شۆڕش لە زێی بچوکەوە لە ٣٥ کم تێدەپەڕێت، بەڵام درێژی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠کم زیاتر تێدەپەڕێت، کە حکومەتی هەرێم لە ماوەیەکی پێوانەیدا بۆڕیەکەی ڕاکێشا.
واتە ویست و ئیرادە هەبێت دەتوانرێت کار بکرێت، هیچ کاتێک دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری هێندەی ڕاکێشانی بۆڕی نەوت، خەرجی و شارەزایی ناوێت، هێندەش سەرئێشە و مشتومڕ لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیدا دروست ناکات.
گەرچی خەڵکی کوردستان وەک پێویست سودیان لەو سامانە گەورەیەی نەوت و غاز نەبینی کە لە کوردستاندا هەیە، بەڵام دەبێت سامانی ئاو تازووە چارەسەر بکرێت و بەدەردی ئەوان نەچێت، هەر لە ژیانی ڕۆژانەوە تا سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و ژینگە، بەبێ بوونی ئاو کەلاوەیەکی وێرانەیە و هیچیتر.
[1] سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سەرچاوەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، ل٣
[2] هانە بەزاراوەی هەورامی ، واتە کانی .
بابەتی زیاتر