رۆبێرت ئۆلسۆن
وەرگێرانی؛ رەفعەت مورادی
ئەم کتێبە کە ٣٠٠ لاپەڕەی لەخۆ گرتووە و لە لایەن رەفعەت مورادی لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی. تەوەری سەرکی ئەم کتێبە پرسی کوردە، واتە ئاستەنگەکانی بەردەم بزوتنەوەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێران و تورکیا. هەر لەو چوارچێوەیەدا رەهەندە جیاوازەکانی پرسی کورد لە هەموو کوردستاندا شرۆڤە دەکات.
کتێبەکە لە هەشت بەشی دەوڵەمەند پێک دێت. نوسەر هەر لەسەردەمی شێخ مەحمود و دامەزراندنی شانشینی کوردستان، هەتا دەگات بە کۆماری مەهاباد و دواتر شەڕی کەنداوی یەکەم و دواتر هەتا ساڵی ١٩٩٧ و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری عێراق تاوتوێ دەکات.
نوسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا کە تەرخانی کردووە بۆ رۆژگارەکانی جەنگی یەکەمی جیهان، لەو باوەڕەدایە کە لەو کاتەدا کۆدەنگییەکی ئەوروپی هەبووە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی. هۆکاری ئەو کۆدەنگییە لە بۆچوونی نوسەردا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  کە ئەوروپییەکان بە تایبەت ئینگلیز ویستویانە لە رێگای ئەو دەوڵەتە کوردییەوە بتوانن بەربەستێک لە نێوان سنوری تورکەکانی ئەنادۆڵ و ئاسیای ناوەند و قەوقاز و ئازەربایجان دروست بکەن. جگە لەوەش بە نیاز بوون دەوڵەتێکی کوردی بۆ جیاکردنەوەی تورکیای ناسیۆنالیست و کۆماری ئازەربایجان دروست بکەن. هۆکاری سێیەمیش ئەوە بووە کە بتوانن دیوارێک لە نێوان تورکیا و تورکەکانی ئێران دروست بکەن. بە کورتی نوسەر لەو باوەڕەدایە کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بۆ وڵاتانی دراوسێی تورکیا و روسیا و وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت فەرەنسا و بەریتانیا، دەرفەتێک  بوو بۆ لاوازکردن و گوشار لەسەر تورکیا و ئێران لە رێگای  وروژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی و بەرپاکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد.
هەر لەو بەشەدا نوسەر زەمینەی تیۆریی و پرسی کورد لە تورکیا لە روانگەی مێژووییەوە شیدەکاتەوە. نوسەر لەو باوەڕەدایە لە جەنگی یەکەمی جیهانەوە هەتا ساتەوەختی نوسینی کتێبەکەی  پرسی کورد فاکتەرێکی گرنگ بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران. تێزی سەرەکی ئەم نوسینە لەسەر ئەوەیە کە هاوسەنگیی گشتی مۆدێلێکە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و تورکیادا پەیڕەوی کراوە. لەم سۆنگەیەوە پرس و کێشەی کورد رۆڵێکی یەکجار گرنگی گێڕاوە لەو مۆدێلەدا و هەر لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە شوێنی دیار و سەرەکی هەبووە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی تورکیا و پاش شەڕی کەنداویش لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێراندا بە هەمان شێوە رۆڵی سەرەکی هەبووە. لە رەهەندە مێژووییەکەشدا رەشەکوژەی کوردانی دەرسیم لە ساڵەکانی ١٩٣٠-١٩٣٨ بە نمونە دێنێتەوە و وەک جینۆساید ناودێری دەکات.
لە بەشی دووەمی کتێبەدا پرسی کورد لە ئێران دێنێتەگۆ. نوسەر لەو باوەڕەدایە  ئەزمونی کورد لە ئیران لەگەڵ ئەو ئەزمونەی ئیمپراتۆریای عوسمانی جیاواز بوو. عوسمانییەکان لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ١٥١٤ لەگەڵ کوردەکان ساز و تەبا بوون، ئەمەش بە زیانی سەفەوییەکان و دواتریش قاجارییەکان دەکەوتەوە، بۆیە ئاراستەی سیاسی خۆیان گۆڕی و کەوتنە دژایەتی و لەناوبردنی ئیمارەتە کوردییەکان. لەم بەشەدا نوسەر ئاماژە بۆ شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری (١٨٨٠-١٨٨١) دەکات و لەو باوەڕەدایە کە ئەو شۆڕشە ناسیۆنالیستی نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو هۆزە کوردییەکانی ئەم ودیو سنورو ئەو دیو سنوری گرتبۆوە، گرنگی و بایەخی تایبەتی هەبووە. دوازدە هەزار سەربازی ئێرانی لە دامرکاندنەوەی ئەم شۆڕشەدا خرانە گەڕ. هەروەها باسی شۆڕشی سمکۆ دەکات و بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەم شۆڕشە رەهەندێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی هەبووە، هەرچەندە لە رواڵەتدا لەگەڵ شۆڕشی عەشایرەکان هیچ جیاوازی نەبووە.
نوسەر لەو باوەڕەدایەدا هەتا ساتەوەختی نوسینی ئەو کتێبەش نیگەرانییە جیۆپۆلیتیک و جیوستراتیژییەکانی تورکیا و ئێران لە ساڵی ١٩٢٠ بەدواوە بە رادەیەک  بەرین و جیدی بوو کە هیچکام لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون بە هۆی پاڵپشتییان بۆ رێکخراو یان حزب و بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کورد بەرژەوەندییە گەورە جیۆپۆلیتکەکانیان بخەنە بەردەم هەڕەشە و مەترسی. تەنانەت کاتێک لە دەیەی ١٩٩٠ دەرکەوت کە تاران و عێراق و ئەوروپییەکان  پشتگیری پەکەکە دەکەن و لە بەرامبەریشدا تورکیا پاڵپشتی موجاهیدینی خەلقی دەکرد لە عیراق و لە ناوخۆی تورکیا، بەڵام دیسان هەردوو لا پاساویان هەبوو بۆ ئەو کارە و نەیان دەهێشت زیادەڕۆیی تێدا بکرێت.
ئەم کتێبە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ خوێنەری کورد و هەموو بەشەکانی بە بەڵگەی مێژوویی بەهێز دەوڵەمەند کردووە.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved