سڵاو...
بوارێکم بدەن قسەتان لەگەڵ بکەم، نەک وەک سەرۆکی حزبێک بەڵکو وەکو رەفیقێک. هەڵبژاردن بەڕێوەیە، هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ بۆ کوردستان و بۆ ژیانی هەر هەمووتان.
دەزانم هەندێکتان زۆر بێزارن لە پرۆسەی سیاسی بەگشتی، لە روویەکیشەوە ناهەقتان نییە، بەڵام من دەمەوێت چەند پەیامێکم هەیە پێتان بگەیەنم، ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەڵبژاردنەکانی تر نییە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی ئێوە دەخوات، دەنگی ئێوە ون نابێت. لەم هەڵبژاردنەدا دوو حزب هەیە، کە بتوانێت بەڕاستی کاریگەریی هەبێت لەسەر ژیانتان، حزبێک تاقیکرایەوە، چەند ساڵە سەرۆک وەزیران لای حزبێکە، چەند ساڵە وەزارەتە ئەساسییەکان لەلای حزبێکە، یەک پرسیار لە خۆتان بکەن، سەیری ماڵ و منداڵتان بکەن، رازین بە حوکمڕانیی ئەو حزبە؟ توانیوێتی وەکو پێویست بەرگریی لە مافەکانتان بکات لە بەغدا؟ توانیوێتی وەکو پێویست خاکی پیرۆزی کوردستان بپارێزێت؟ یان ئەو خاکە کە ئەو هەموو خوێنەمان بۆ رشت تا رزگاری بکەین لە دیکتاتۆر، ئەو خاکە ئێستا دەفرۆشن، بۆ گیرفانیان، بە دوژمنی کورد و کوردستان.
بۆ ناهێڵن مووچە بێت لە بەغداوە؟
ئێوە دەبێت هەست بە ئەمان بکەن، نەک وەکو ئەمڕۆ درۆنی 50 وڵات بەسەرماندا دەفڕێت، ئەو هەموو هاووڵاتی و ئەو هەموو گەنجانە رۆژبەڕۆژ لەم وڵاتە دەکوژرێن، کەس قسە ناکات، هەموو تەرکیزی ئەو حزبەی کە ئێستا حوکمڕانە لەم کوردستانە، لەسەر گیرفانی خۆیەتی، با راشکاوبین، خەڵک مووچەی نییە، بەغدا دەیەوێت مووچە بنێرێت، ناهێڵن بینێرێت، بۆ؟ چونکە پارەکە دەبێت بچێتە ناو بانکی ئەوان، لە بانکی ئەوانەوە دابەش بکرێت، ئەمە گاڵتەکردنە بە ژیانی خەڵک.
دەزانن کوردستان لەبەر چاوی وڵاتان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی چەند ئازیز بوو؟ باسیان دەکردین، دادگای ئێمە جیاواز بوو، حکومەتی ئێمە جیاواز بوو، خەڵک بۆی هەبوو قسە بکات، رای جیاوازی هەبێت، ئێستا کێ ئەوێرێت رای جیاوازی هەبێت هەڤاڵان؟ ئێستا ئاکتیڤیستمان هەیە، نووسەرمان هەیە دەگیرێن، چونکە وتارێک دەنووسن، یان پۆستێک لە سۆشیال میدیا دەنووسن، دەکرێن بە تیرۆریست و حوکم دەدرێن!
ئەمڕۆ یەکێتی بەهێز و یەکدەنگە
ئەگەر دەتانەوێت گۆڕانکاریی راستەقینە بکەن، 20/10 دەرفەتە، دەنگ بدەن بەو حزبەی کە دەتوانێت کوردستان رێکبخاتەوە، کە ژیانی ئێوە باش بکات.
پێتان ناڵێم یەکێتی هەڵەی نەکردووە، بەڵێ یەکێتی زۆر گرفتی هەبووە، وەکو هەموو ماڵێک خوانەکردە کە باوکی نامێنێت، ئەو ماڵە تووشی کێشە دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە، ئەمڕۆ یەکێتی بەهێزە، ئەمڕۆ یەکێتی یەک دەنگە.
یەکەمین شت کە ئێمە بیکەین ئەوەیە، کە کوردستان بە یەک چاو دەبینین.. خەڵکی هەرچی شارێک بیت جیاوازیی نابینین، لە زاخۆوە تا خانەقین هەمووتان کوردن و هەموومان بەیەکەوە دەبین. خزمەت بە هەموو کوردستان دەکەین، جیاوازیی ناهێڵین لەنێوان شارەکان.
دەنگ بدەن بەوەی کە دەڵێت شتێک دەکات و دەیکات... مەجالێک بدەن بە من وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم یەکێتییە تازەیە، سێ ساڵە وایە، بەم سێ ساڵە کەممان نەکردووە، ئەو قانونی هەڵبژاردنە دروست نەبوو، پێمان وتبوون وەکو کراسێک دورابوو بۆ کەسێک، وتمان دەیگۆڕین، کردمان، پێموتن: کەرکوک سەوز دەکەینەوە، کردمان.
بەرامبەر هەموو نەیارەکانمان بەرامبەر چەند وڵاتی نێودەوڵەتی، پێموتن مەحاڵە، پارێزگار دەگەڕێنینەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ کورد، بۆ ئێوە، کردمان.
یەکێتی وەکو زەمانی مام جەلالی لێهاتووەتەوە
پەیامێکیشم هەیە بۆ یەکێتییەکان، بۆ ماڵە شەهیدەکانمان، بۆ کەمئەندامەکانمان، بۆ زیندانییە سیاسییەکانمان، بۆ پێشمەرگە ئازاکانمان، ئەمە یەکێتییەکەیە کە ئێوە داواتان کردووە، یەکێتییەکی یەکڕیز، یەکێتییەکی بەهێز، یەکێتییەک کە بەرامبەر نەیارەکان و دوژمنەکانی کوردستان دەوەستێت بە تاقی تەنیا، یەکێتییەک کە ئەمڕۆ دەنگی ئەو دەخوات لە بەغدا، یەکێتییەک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان وەکو زەمانی مام جەلالی لێهاتووەتەوە، یەکێتییەک کە پشت و پەناتان دەبێت، دەبێ دەنگ بدەن بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنێکی دا، جێبەجێی دەکات، یەکێتی هی ئێوەیە، یەکێتی لەگەڵ ئێوە دەبێت، هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت ئەم حوکمڕانییە سەقەتە رێکبخاتەوە. هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەس.
سەرچاوە کوردستانی نوێ.