هاوار نەسرەدین*
پێشەکی
بیرکردنەوە لە زمان وەک دیاردەیەکی مرۆیی و ئامڕازێک بۆ پەیوەندی و لەیەکتێگەیشتن، بابەتی فەلسەفەی زمانە. هەروەها دانانی زمان وەک دیاردەیەکی مرۆیی، دەروازە بۆ پرسیاری چییەتیی زمان و توانای ڕۆنانی وشە و ڕستە، ئاوەڵادەکات. هاوکات پرسی واتا لە چوارچێوەی وشە و ڕستەدا، بابەتێکی گرنگی فەلسەفەی زمانە.
لەم سۆنگەیەوە فەلسەفەی زمان لە چوارچێوەی قۆناغی فەلسەفەی هاوچەرخ، جەخت لەوە دەکاتەوە زمان دیاردەیەکی مرۆییە و مرۆڤ بۆ لێکتێگەیشتن و گەیاندنی بۆچوون و ڕاز و نیاز لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دایهێناوە. بۆ گەیاندنی مەبەستەکان، سەرەتا سوود لە دەنگ و پاشان نیشانە، یان سیمبول وەرگیراوە. هەروەها ناوەڕۆکی دەنگ و نیشانە، بریتییە لە ناو و کردار. شت و شمەکەکانی دەوروبەری مرۆڤ ناویانلێنراوە.
سەرەتا
مرۆڤ لە ناو جیهان و بووندا، بەرانبەر شمەک و گۆڕانکارییەکان بونەوەرێکی سەرسام و حەپەساوە. هەروەها شمەکەکانی دەوروبەر سەرنجی رادەکێشن و کاریتێدەکەن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بەوە هەیە ناو لە شتەکان بنێت و باسیانبکات. هەروەها پەیوەندیی نێوان شمەکەکان، وەک (جوڵە و بزوتن، گۆڕان، گەشە، بەریەککەوتن و... هتد)ی شمەکەکان واتایان هەیە. مرۆڤ بۆ وێناکردنی ئەو پەیوەندییانە، هێما و نیشانەی دەنگی و ڕوخسارەکی ڕۆدەنێت وەک دەنگ و پیت.
کەواتە مرۆڤ جیهانێکی لۆجیکی، یان هزریی تایبەت بە خۆی هەیە و لە بەرانبەر جیهانی واقعیدا دایناوە. جیهانی واقعی، یان جیهانی دەوروبەر بریتییە لە جیهانی شمەک و شتەکان و ڕوداو و پەیوەندییەکان. زمانیش رایەڵەی نێوان ئەو دوو جیهانەیە. واتە مرۆڤ لە ڕێی زمانەوە جیهانی هزریی خۆی بە جیهانی واقعەوە دەبەستێت.
دیاریکردنی دوو جیهان (جیهانی هزریی مرۆڤ/ خود لەگەڵ جیهانی واقیع/بابەت)، لە مێژووی فەلسەفەدا پێشینەی هەیە و دەیان فەیلەسووف لە چوارچێوەی تەلارە فەلسەفییەکەیاندا، لایان لەو پرسە کردووەتەوە، بەڵام لە فەلسەفەی هاوچەرخ و لەمەڕ فەلسەفەی زمان، هیچ کەسێک هێندەی لودڤیک ڤتگنشتاین (١٨٩٩-١٩٥١) بە چڕی نەپەرژاوەتەسەر ئەو بابەتە. وێڕای ئەوەی ڤتگنشتاین یەکێکە لە فەیلەسووفە گەورەکانی لۆجیک، هاوکات بۆچوونەکانی لەمەڕ زمان، بنەمایەکی پتەوی فەلسەفەی زمانیان داڕشت. هاوکات بەها و ڕووبەرێکی گەورە دەبەخشێتە زمان. بە ئاشکرا دەیگوت سنووری زمانەکەم، سنووری جیهانەکەم دەستنیشاندەکات. بە واتایەکی تر: فراوانیی زمان، ئاماژەیە بۆ فروانیی بیرکردنەوە و ئاشنابوون بە جیهانی ڕاستەقینە.
١. زمان؛ ڕایەڵەی نێوان هزر و جیهان
لە دیدی ڤتگنشتاین فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی زمان بە تایبەتی، ئەوە نییە چەند دەستەواژەیەکی فەلسەفی دابڕێژێت و ڕۆبنرێت بۆئەوەی بخرێتەناو زمانەوە، بەڵکو بریتییە لە ڕونکردنەوەی دەستەواژەکان. بەو پێیەی دەستەواژەکان لەبەرگیراوەی واقیعین و لە هزردا نەخشاون، شرۆڤەکردنی ئەو دوو جیهانە، پێویستییە.
لە فەلسەفەی ڤتگنشتایندا حەقیقەت، یان ڕاستەقینە بریتییە لە خودی جیهان نەک حەقیقەت شمەک و شت بێت. بۆیە دوو چەمک، وەک چەمکی بنەڕەتی لەو فەلسەفەیەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەوانیش وێنەی جیهان و وێنەی لۆجیکییە. پەیوەندیی نێوان ئەو دوو چەمکە پەیوەستە بە بابەتەکانی هزر و زمانەوە، ئەوانیش لە مێشکدا وێنادەکرێن و ڕێسا و قانونەکانیان لە هزردایە. ئەو لێکدانەوەیە فەلسەفەی ڤتگنشتاین دەکاتە فەلسەفەیەکی پەتی و ئەبستراکت و لە فەلسەفەی ڕیئالیستی، یان واقیعی دووریدەخاتەوە. ئەوەیش ئاڵۆزییەک لە شرۆڤەکردندا دەهێنێتەئاراوە.
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان هزر و زمان، یان لۆجیک و جیهانی دەوروبەردا هەیە. بەو پێیەی مرۆڤ بونەوەرێکی ژیرە، لە ژیری و هزرەوە بەرهەمی تر دەکەوێتەوە. هزر و بیرکردنەوەیش تایبەتمەندییەکی بەرچاوی مرۆڤە. بیرکردنەوە وەک چالاکییەکی ئاڵۆز و هەمەڕەنگ، هەروەها بیرکردنەوە وەک پڕۆسەیەکی مرۆیی، پێویستی بە ئامڕازێکە بۆئەوەی هەست و خواست و ڕاز و نیاز و خولیای خۆی پێدەرببڕێت. تا لەو ڕێیەوە ئامانج و ئاواتی خۆی بەوانی تر بگەیەنێت. ئەو ئامڕازەیش لە زمان بەولاوە شتێکی تر نییە. زمان ئەو ئامڕازەیە، کە ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەردەبڕێت، زمان وێنەیەکی واقیع و دەوروبەرە و لە هزردا خەت و خاڵی داوە. کەواتە زمان لە خۆیدا جیهانێکی ڕێکوپێکە و لە ئەرک و ڕوخسار و ناوەڕۆکدا، سەربەخۆییەکی ئەوتۆی هەیە. واتە زمان لەبەرگیراوەی جیهانی واقیعە و سەرەتا لە هزردا جێکەوتبووە. دواتر لە ڕێی وشە و دەستەواژەوە دەردەبڕدرێت.
پەیوەندیی نێوان زمان و واقیع
جیهانی واقیع، لە شمەک و شتی جۆربەجۆر پێکهاتووە و پەیوەندیی تایبەتی لە نێوانیاندا هەیە. ئەو جیهانە دەبێتە کەرەستەیەک بۆئەوەی زمان بتوانێت لە هزردا وێنەیبکات و پاشان دەریانببڕێت. کەواتە لە نێوان جیهانی زمان و جیهانی واقیعدا، هەم پەیوەندییەکی پتەو هەم پەیوەندییەکی لەبەرگیراوە هەیە. چۆن زمان لە دەستەواژە و گوزارە و وشە پێکهاتووە، بەو جۆرە جیهانی دەوروبەر و واقعیش بریتییە لە شمەک و ئەو کەرەستانەی واقعیان لێدەکەوێتەوە. هەروەها چۆن جیهانی دەرەوە و دەرەهەست هەیە، بە هەمان شێوە لە هزری مرۆڤدا جیهانێکی تر هەیە، کە ناوی بۆ شمەکەکان و پەیوەندییەکانیان دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە: ڕۆژهەڵات دەستەواژەیەکە لە جیهانی واقیعدا هەیە، بەڵام لە هزری مرۆڤدا وێنەکەی چەسپیوە و دەزانێت ڕۆژهەڵات، بریتییە لە هەڵهاتنی ڕۆژ لە کاتێکی دیاریکراودا. هەروەها زەوی و خۆر لە جیهانی واقیعدان، لەو پەیوەندی و جوڵەیەی لە نێوان زەوی و خۆردا دەکەوێتەوە، دەمێک دروستدەبێت و دڕ بە تاریکی دەدات و پێیدەڵیین ڕۆژهەڵات. چەمکی کاتی دەمەوبەیان شمەکێک نییە لە واقیعدا هەبێت، بەڵکو لە پەیوەندیی نێوان شمەکەکانی ترەوە دەکەوێتەوە و مرۆڤ پێیدەزانێت و ناویلێناوە.
بۆیە شیکردنەوەی پێکهاتەکانی زمان، بەشێکی گرنگی فەلسەفەی زمانە. ئەوانەیش خۆیان لەو ڕودان و قەومانانەی لە واقیعدا هەن، دەبینێتەوە. ڕودان (چالاکییە مرۆییەکان) و قەومانەکان (چالاکییە سروشتییەکان) لە ڕێی هەستەکانەوە دەگەنە هزری مرۆڤ و پاشان لە ڕێی زمانەوە دەردەبڕدرێن.
بەو پێیە دەربڕین، یان دەستەواژە (گوزارە: عیبارة) و وشە، وێنەی ڕاستەقینەی واقیعن و لە ڕێی هەستەکانەوە گەیشتوونەتە مرۆڤ. بۆیە لێکۆڵینەوە لە زمان، لێکۆڵینەوەیە لە واقیع. تێگەیشتن لە زمان، هەمان تێگەیشتنە لە واقیع. هەروەها زمان بە دەستەواژە و دەنگەوە، وێنەی جیهانی واقیع دەردەبڕێت. ئەگەر ئەو دەنگ و دەستەواژانە شیبکرێنەوە، ئەوا وێنەیەکی ڕاستەقینەی جیهانی واقیع دەستگیردەبێت. لەم سۆنگەیەوەیە، ئەو دەربڕینەی ڤتگنشتاین واتادارتردەبێت، کە دەڵێت: "سنووری زمانەکەم، سنووری جیهانەکەم دیار و دەستنیشاندەکات". زمان بریتییە لە وێنە و ناولێنانی جیهان. ناو وێنەی ڕاستەوخۆی شمەک و شتی دەوروبەر نییە، بەڵکو دەستەواژە لە ڕێی وێنە و نواندنەوە دەتوانێت واتایەکی پوختەتر لەمەڕ شمەک و جیهان بگوازێتەوە. وێنە لە خۆیدا ئەو پەیوەندییەیە کە بەش و پێکهاتەکانی بابەتەکە پێکەوە دەبەستێتەوە و لە هزردا دەنەخشێت، بەڵام ناو سیمبولێکی سادە و ساکارە، ڕاست و ناڕاستییەکەی یەکلاناکرێتەوە. بۆیە ناو هێندەی دەستەواژە بایەخی لۆجیکی و فەلسەفی نییە. پێگەی ناو لە ناو زمانی ڕۆژانە و ڕێزماندا گەورەترە.
٢. واتا و دەلالەت
لە سنووری فەلسەفەی زماندا، پرسی واتا و دەلالەت، پرسێکە ڕووبەرێکی فراوانی گرتووە و بەردەوام جێی بایەخ بووە. ئەگەر لێیوردببینەوە، تێکڕای پێکهێنەرەکانی زمان لە واتا و دەلالەت بەولاوە، شتێکی تر نین. هەروەها جگە لە فەلسەفە، هیچ بوارێک ناتوانێت لە چییەتیی چەمکی واتا و دەلالەت بکۆڵێتەوە و پێناسەیانبکاتەوە. ڕاستە واتا و دەلالەت لە زمان و زانست و تەنانەت بیرکاریدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام واتای چەمکیی (واتا و دەلالەت) چییە و چۆن پێناسەدەکرێنەوە؟ زمان پێویستە یان واتای هەبێت یان دەلالەت لە شتێک بکات، بەڵام خودی واتا و دەلالەت چین؟ لەو سۆنگەیەوە، فەلسەفەی هاوچەرخ پەرژاوەتەسەر شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە پرسی واتا و دەلالەت. لە فەلسەفەی هاوچەرخیشدا و ئەوەی پەیوەندی بە فەلسەفەی زمانەوە هەبێت، هیچ کەسێک هێندەی گۆتلۆب فرێگە (١٨٤٨-١٩٢٥) فەیلەسووفی دیاری ئەڵمانی، نەپەرژاوەتەسەر چەمکی واتا و دەلالەت لە ناو زمان و فەلسەفەی زماندا.
لقەکانی زمان لە سۆنگەی فەلسەفەی زمانەوە
زمان وەک ئامڕازی دەربڕین لە سێ لقی سەرەکی پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە: ڕێزمان، دەروونزانی، لۆجیک. واتە ڕێزمان بە ڕێسا و قانوونەکانی ڕۆنانی وشە و ڕستەوە، دەروون بە پاڵنەر و هاندان و یادگە و هەستەوەرەکانی پشت هاتنەگۆ و پەیڤینەوە، لۆجیکیش بە بنەما بنەڕەتییەکانی هزر و بیرکردنەوەوە خەریکن. واتە ئەو وشە و دەستەواژانە پێش دەربڕین لە هزر و بیرکردنەوەوە دەکەونەوە؛ بەشدارن لە ڕۆنان و پێکهێنانی ئەو بابەتەی ئێستا بە زمان ناویدەنێین.
لە ڕاستیدا ڕێزمان بابەتی فەلسەفەی زمان نییە و بە بواری لێکۆڵینەوەی خۆی نایژمێرێت، بەڵام هەردوو لقەکەی تری زمان واتە دەروونزانی و لۆجیک، کێڵگەی لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی زمانن. لۆجیک و دەروونزانی دوو بواری سەربەخۆ و لێکجیاوازن، چونکە دەروونزانی لە ناوەڕۆکی دیاردەکانی هزر دەکۆڵێتەوە، بەڵام لۆجیک سەربەخۆیی خۆی هەیە و لە ڕوخساری بنەماکانی هزر دەکۆڵێتەوە. پێکهاتە تایبەتییەکانی زمان کە هزر دەردەبڕن، دەکاتە پاوانی لێکۆڵینەوەی خۆی. ئەو پێکهاتەیەیش بریتییە لە (دەستەواژە: عبارة). دەستەواژەیش لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ لە بنەماکانی هزرەوە کەوتووەتەوە و پاشان لە ڕێی زمانەوە دەربڕدراوە، لە توانادا هەیە دروست و نادروستییەکەی پشتڕاستبکرێتەوە. واتە دەستەواژە ئەو کەرەستە سەرەکییەیە، کە توانای گواستنەوەی واتای هەیە. هەرچەندە دەستەواژە لە ڕووکەشدا لە پیت و وشە و ڕستە و ئامڕازەکانی ڕێزمان پێکهاتووە، بەڵام لە کرۆکدا واتایەک لە هزرەوە دەگەیەنێت.
واتا و دەلالەت
لە سنوور و چوارچێوەی بابەتی واتا و دەلالەتدا، کە گۆتلۆب فرێگە وروژاندوویەتی، دەستەواژە شیکاری و لێکدراوەکان لە زماندا لە یەکتر جیادەکرێنەوە. دەستەواژە شیکارییەکان پێش_ئەزموونین و پێش ئەوەی ئەزموونبکرێن، ڕۆنراون. هەروەها هیچ زانیارییەکی نوێ بەدەستەوەنادەن و پێویستناکات لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا (واقیع) بەرواردبکرێت، چونکە هەر لە خۆیدا، پاساوی دروستییەکەی هەڵگرتووە و بە زانستە ئەزموونییەکان یەکلانابنەوە. وەک (بازنە خڕە، ژمارە بێکۆتایە)، بەڵام دەستەواژە لێکدراوەکان، بە پێچەوانەوە ئاسۆ و ڕووبەری زانین فراواندەکەن و وێنەیەکی دروستی واقیع دەگوازنەوە. پێویستی بە زانستێکی ئەزموونییە بۆئەوەی دروستییەکەی ساغبکرێتەوە. وەک (ئەستێرەی ئاسمان، کەوی کوردستان). هەر یەکێک لەم دوو دەستەواژە لێکدراوەیە، دەتوانرێت بە ئەزموون و زانست دروستی و نادروستییەکەیان ساغ و پشتڕاستبکرێتەوە، بەڵام دەستەواژە شیکارییەکان، دروستییەکەیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە و پێش ئەوەی ئەزموونبکرێن، ئەنجامەکەیان بەدەستەوەداوە، چونکە پێش ئەوەی مرۆڤ پێوەرێکی هەبێت، بازنە هەر خڕ بووە. پاشان لە شیکردنەوەیاندا دابەشدەبێت بۆ چێوە و تیرە و نیوتیرە. بۆیە لە زمانی کوردیدا، بەو دەستەواژانە دەگوترێت شیکاری.
واتا: ئەو بیرۆکەیەیە کە لە هزردایە و لە ڕێی زمانەوە دەردەبڕدرێت و دەدرێتەپاڵ وشە و ناو، بەڵام دەلالەت ئەو شمەکەیە کە ناوەکە ئاماژەی بۆ دەکات. لە هەر جێیەک دوکەڵ بینرا، دەلالەتە بۆ هەبوونی ئاگر، یان لە هەر جێیەک هەست بە تەڕایی کرا، ئاماژەیە بۆ هەبوونی ئاو. بۆ ڕونکردنەوەی پرسی واتا و دەلالەت، دەستەواژەی (ئەستێرەی دەمەوبەیان) و (ئەستێرەی ئێواران) بە نموونە دەهێنینەوە. لەو نموونەیەدا، ناو (ئەستێرە) بەکارهاتووە، هاوکات لە خۆیدا دوو دەلالەتیش نێشاندەدات. ئەستێرە ناوێکی ڕوون و دیارە، بەڵام دەلالەتەکان بریتین لە ئێوارە و بەیانیان. بۆیە ناو لە دەلالەت جیاوازە. ئەستێرەیەک کە بەیانیان دەردەکەوێت، ئاماژەیە بۆ کاتی بەیانیان. هەمان ئەستێرە کە ئێواران دەردەکەوێت، ئاماژەیە بۆ کاتی ئێوارە. کەواتە ناو لە خۆیدا واتا و دەلالەتی هەیە.
بەو جۆرە هەموو دەستەواژەیەکی پڕواتا و بەسوود، واتا و دەلالەتی هەیە. بۆیە زمان لە سۆنگەی پرسی واتا و دەلالەتەوە، سێ ڕەهەندی هەیە، ئەوانیش بریتین لە:
١. ئاستی هێما، یان نیشانە (symbol) و پێکهاتە و ڕوخسار: دەنگ و پیت لەخۆدەگرێت، کە یان زمانی پێدەردەبڕدرێت یان پێیدەنوسرێت. لە بنەمادا، وێنەیەکی دەرەکییە بۆ وێنە هزرییەکە داهێنراوە.
٢. واتا: هزر و بیری زمان دەگرێتەوە، بە سیمبول دەردەبڕدرێت.
٣. دەلالەت: لایەنی شمەکی و شت لە ناو زماندا نیشاندەدات. ئەو دەستەواژانەن کە ئاماژەدەدەن بەو شت و شمەکانەی لە دەرەوەی زمان و لە جیهانی دەرەوەن. هەموو ناو و دەستەواژەیەک، واتا و دەلالەتی هەیە. ئەگەر ناوەکە واتای هەبێت و دەلالەتی نەبێت، ئەوە لە ناوێکی پووچ بەولاوە شتێکی تر نابێت. هەروەها ئەگەر دەستەواژە ناوی هەبێت و دەلالەتی نەبێت، بە دەستەواژەی ڕاستەقینە ناژمێردرێت. کەواتە ناو دوو ئەرکی هەیە؛ واتایەک دەردەبڕێت و دەلالەتێک نیشاندەدات.
ئەنجام
مەبەستەکانی پشت دیاردەی زمان، کەرستەی لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی زمانن. هەروەها زمان ئامڕازێکی هەڕەمەکی نییە و لە خۆڕا نەهاتووەتەگۆڕێ، بەڵکو توندوتۆڵ بەستراوە بە توانا و ئاستی هزریی مرۆڤەوە. تا مرۆڤ بیرنەکاتەوە ناتوانێت بێتەگۆ و قسەبکات. ئەوەش زمان دەکاتە تایبەتمەندییەکی مرۆیی. هەر لەو سۆنگەیەوە، هزری مرۆڤ لە ڕێی هەستەکانەوە ژمارەیەک داتا و دراوە دەهێنێت و کەڵەکەیدەکات. ئەو داتا و دراوەیانە وێنەی جیهانی دەرەوەن و لە هزردا دەنەخشێن و زمان لەو وێنانەوە هەڵدەقوڵێت. کەواتە سنووری جیهان و ئەزموونکردنی جیهان چەندە فراوان بێت، زمانیش هێندە فراوان و هەمەڕەنگ و فرەچەشن دەبێت. فرەوێنەیی جیهان دوای درککردن و پەیپێبردن، لە فرەوێنەیی زماندا ڕەنگدەداتەوە. بۆیە فرەیی وشە لە گەنجینەی هەر زمانێک، ئاماژەیە بۆ فراوانیی ڕوانین و فراوانیی جیهانی ئاخێوەرانی ئەو زمانە.
ئاخێوەرانی هەموو زمانێک، وێنەیەکی واتاداری شمەک و جیهان بۆ هزریان دەگوازنەوە. بۆیە کاتێک ئەو وێنەیە دەبێتە دەربڕین و دەستەواژە، پێویستە واتا و دەلالەتی هەبێت. زمان لە دەمی ڕۆناندا، تەنیا ناوی لە شتەکان نەناوە بۆئەوەی واتاکەیان بگوازێتەوە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان شمەکەکانیش جێی بایەخ بووە و گرنگیپێداون. بۆیە لە زماندا، دەلالەت ڕەهەندی مادیی جیهانی دەرەکی نییە، بەڵکو بریتییە لە بەریەککەوتن و پەیوەندیی نێوان شمەک و شت. واتا و دەلالەت پێکەوە، زمان دەوڵەمەند و بەپێز بەسووددەکەن. ئەوەیش وایکردووە، فەلسەفە و لۆجیکی زمان، گرنگیی تایبەت بە شیکردنەوە و ڕاڤە و لێکدانەوەی ئەو دوو چەمکە بدەن. هەروەتر دەستەواژە لە خۆیدا واتا و دەلالەتی هەیە، دەستەواژەکان لە هەندەکدا وەک دەستەواژە دەردەکەون، بەڵام لە پاڵ یەکدا، دەبنە زمانێکی تەواو. بە واتایەکی تر: هەموو زمانێکی پوخت و ڕێکوپێک، لە کۆمەڵێک دەستەواژە پیکهاتووە. فەلسەفەی زمان بنەمای ڕۆنانی دەستەواژە و واتا و دەلالەتەکان دەدۆزێتەوە و لۆجیکییانە شییاندەکاتەوە.
بە سەرەنجدان لە زمانی کوردی، دەردەکەوێت هزری کوردی چۆن و چەندە توانیویەتی لە جیهانی واقیع تێبگات، لەبەرئەوەی جیهانی واقیع بۆ کورد، سنووری سروشت و ستایشی سروشت بووە، زمانەکەیش پڕە لە دەستەواژە و دەلالەتی سروشتی. دەربڕین و دەستەواژەکان لە هۆنراوە و سترانەوە بیگرە تا چیرۆکەکان، دەلالەتی سروشتی تێناپەڕێنن. تەنانەت وێنای بونەوەرە ئەفسانەیی و خەیاڵییەکان لە هزری مرۆڤی کورد، هەمان لێکدانەوەی جیهانە سروشتییەکەی خۆین. هاوکات بە هۆی ڕەنگاڵەی سروشتەوە، زمانی کوردی خاوەنی گەنجینەیەکی زۆری وشەیە.
سەرچاوە
١. توێژینەوەیەکی لۆجیکی فەلسەفەیی (تراکتاتۆس): لودڤیگ ڤتگنیشتاین/ وەرگێڕانی د. حەمید عەزیز، سلێمانی - جەمال عیرفان، ٢٠١٥، چاپی یەکەم.
٢. فەلسەفەی سەردەم لە ئەوروپا: د. حەمید عەزیز، هەولێر - کتێبخانەی ئاوێر، ٢٠١٣، چاپی یەکەم.
٣. فلسفهی زبان: ویلیام آلستون/ ترجمه: احمدرضا جلیلی، احمد ایرانمنش، تهران – سهروردی، ١٣٨١، چاپ اول.
٤. درآمدی بر فلسفه معاصر غرب: آنتونی آپیا/ ترجمە: حسین واله، تهران - گام نو، ١٣٨٨، چاپ.
*
بەکالۆریۆس لە بەشی فەلسەفە، زانکۆی سەڵاحەدین
ماستەر لە فەلسەفەی مۆدێرن، زانکۆی شەهید بەهەشتی_ تاران
کاندیدای دکتۆرا، فەلسەفەی نوێ، زانکۆی راپەڕین
توێژەر لە بۆردی هۆشیار_ مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ک)
بابەتی زیاتر