رێکەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
بەرایی:
ناکرێت مێژووی دەوڵەتی تورکیا بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژووی جەهەپە بنوسرێتەوە، جەهەپە لەسەر نەخشەی سیاسی تورکیا تەنانەت لەوپەڕی لاوازی و بێهیزی خۆشیدا، بەیەکێک لە پارتە گرنگ و دەستڕۆیشتووەکانی تورکیا هەژمار دەکرێت. گەرچی لەمڕۆی دەسەڵاتی ئاکەپەدا جەهەپە بەیەکێک لە سەرسەخترین ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بە رەوتی ئیسلامی سیاسی ناسراوە، بەڵام هاوتای زۆرێک لە هاوکێشەو رەگەزەکانی نێو هاوکێشە ئاڵوز و لێکئالۆسکاوەکانی تورکیا، جەهەپەش گۆڕانکاری بەسەر هێز و تواناو گوتارو تەنانەت پێگەشی لەنێو دامەزراوەی دەوڵەتی قوڵدا هاتووە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی مارتی ٢٠٢٤ نەخشەی سیاسی تورکیای گۆڕی. بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ٢٢ ساڵەی ئاک پارتیدا زۆرینەی دەنگی لەدەستدا. جەهەپە ٣٧.٧٪ ی دەنگەکانی هێنا و ئاک پارتیش ٣٥.٥٪. بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا جەهەپە بە قورسی دێتەوە ناو گۆڕەپانی ململانێ و دەبێتەوە بە یەکەم پارتی وڵات.
جەهەپە وەک زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا رووبەڕووی چەندین هەڵکشان و داکشان بۆتەوە، رەنگە سکانداڵی ئاشکرا بوونی پەیوەندی سێکسی دەنیزبایکال و پاشان دەستلەکارکێشانەوەی بە ناچاری لە سەرۆکایەتی ئەو پارتەو هاتنە کایەی کەمال کڵچدار ئۆغلو، دواتریش شکستی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بەرامبەر بە ئەردۆغان لە حوزەیرانی ٢٠٢٣  چڵەپۆپەی ئەو داکشانە بێت کە دووچاری ئەو پارتە هاتووە، لەم نوسینەدا هەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی خێرا خوێندنەوەیەک بۆ ئەم پارتە گرنگەی سەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا بکەین، زیاتریش ئاماژە بۆ رۆڵی گرنگی کەسایەتییەکانی ناو ئەو پارتە دەکەین، کە دواجار و لە کۆنگرەی یەکەمی سەدەی دووەمی حزب لە نۆڤێمبەری ٢٠٢٣ ئوزێل کرا بە سەرۆکی حزب.
سەرۆکی تازەی حزب چ جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی جەهەپەدا دەکات؟ روئیای سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەو حزبە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟ داخۆ سەرۆکی نوێ دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی تورکیا یاخود ئەکرام ئیمام ئۆغلو کاندید دەکات بۆ سەرۆکایەتی (لە تورکیا وا باوە کە سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبول وەک سەرۆک کۆماری داهاتووی وڵات تەماشا بکرێت).
جەهەپە وەک یەکەم پارتی سیاسی:-
پارتی گەلی کۆماری لە ٩-٩-١٩٢٣ لە لایەن موستەفا کەمال(Mustafa Kemal Atatürk) ناسراو بە باوکی تورکان(ئەتاتورک) دامەزراوە، سەرەتای دامەزراندنی لەژێر ناوی تیمی گەل، خەڵق فیرقەسی (Halk Firkasi ) بوو، پاشان لە ساڵی ١٩٢٤ ناوەکەی گۆڕا بۆ تیمی گەلیی کۆماری ، جمهوریەت خەڵق فیرقەسی (Cumhuriyet Halk Firkasi)و لە ساڵی ١٩٣٥ ناوەکەی بە تەواوی بوو بە پارتی گەلی کۆماری؛ جمهوریەت خەڵک پارتیسی (Cumhuriyet Halk partisi). لۆگۆی ئەم حزبە شەش تیشکی تێدایە کە بە تورکی بە ئاڵتی ئلکەسنی(altı ilkesini) ناودەبرێن، سەرەتا لە ساڵی ١٩٢٧ چوارتیشک بوون کەوەک چوار باوەڕو بنەمای سەرەکی کۆماری تورکیا ناودەبران، ئەو چوار باوەڕەش بریتیبوون لە کۆمار، گەل، نەتەوە، سیکولاریزم، ساڵی ١٩٣٥ دەوڵەت و شوڕشی بۆ زیاد کران و بوون بە شەش تیشک.
بەو حزبە هەژمار دەکرێت کە لەلایەن سەرکردەی یەکەمی پارتەکەوە موستەفا کەمال جگە لە سەربەخۆیی بۆ تورکیا، کۆمارێکی نوێ ی دروستکرد و دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی و خەلیفەی کۆتایی پێهێنا و یەکیەتی نەتەوەیی وڵاتی بەرجەستەکرد. گەورەترین گۆڕانکاری و چاکسازی لە بوارەکانی یاساو پەروەردە هێنایە گۆڕی و وڵاتی بەرەو پیشەسازی بوون بردو ئابوری نەتەوەییشی بەشێوەیەکی بەرچاو پێشخست ، هەر ئەم پارتەش بوو کە خۆی پرۆسەی دیموکراسیەتی لە تورکیا پێشخست و لە ساڵی ١٩٤٦دا فرە حزبیشی داهێنا پاش ئەوەی تەنها خۆی تاکە حزبی وڵات بوو.
بە درێژایی چل ساڵ چەندین کەس بوونەتە کەسی یەکەمی ئەم پارتە، پاش موستەفا کەمال، لەوانەش عیصمەت ئینونو  Ismet Inönü، بولەنت ئەجەویدBülent Ecevit. پاش کودەتای ١٢ی سێپتێمبەری ١٩٨٠ ئەم پارتە وەک هەموو پارتەکانی دیکەی تورکیا چالاکییەکانی قەدەغەکران، هەر لە ژێر کاریگەری ئەو کودەتایەدا بوو کە ئەم پارتە لە ناوەراستی هەشتاکانی سەدەی پێشوودا بوو بە دوو کەرتەوە کە ئەوانیش حزبی چەپی دیموکرات بوو بە رابەری بولەنت ئەجەوید و پارتی گەلی دیموکراتی بە رابەری ئەرداڵ ئینۆنۆ Erdal Inönü ( کەبێگومان ئەمە کوڕی عیصمەت ئینۆنۆ بوو). لە ساڵی ١٩٩٢ پارتی گەلی کۆماری کۆنگرەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پارتەکەی گرێداو لە کۆنگرەی ناوبراودا دەنیز بایکال ٦٧٩ دەنگی بەدەستهینا بەرامبەر بە ٤٥٢ دەنگ بۆ رکەبەرەکەی (ئیرول تۆنجیر)، بەمجۆرە بایکال بوو بە سەرۆکی چوارەمی ئەم پارتە.
سەرباری ئەوەی کە ئەم حزبە لە ساڵی ١٩٤٦ خۆی دەستپێشخەری هینانە کایەی فرە حزبی لە تورکیادا کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ لەبەردەم پارتی دیموکرات بە رابەری عەدنان مەندەریس توشی شکست بوو بۆیە لە ساڵی ١٩٥٠ هەتا ١٩٦٠ لە ئۆپۆزیسیۆندا مایەوە ، لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ توانی بەرێژەی ١١% دەنگەکان مسۆگەر بکات و ٤٩ کورسی بەدەستبێنێت بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٩ توشی شکستێکی قوڵ هات و تەنها ٨%ی دەنگەکانی هێنا و لە دەرەوەی پەرلەمان مایەوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە دەنیز بایکال دەستلەکارکیشانەوەی خۆی راگەیاند بەڵام ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ئەوەی سەرکردایەتی پارتەکە بکات لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤێمبەری ٢٠٠٢ دیسانەوە گەڕایەوە.
سێ کەسایەتی گرنگ هەن کە لە مێژووی نزیک و هاوچەرخی ئەم پارتەدا بە تایبەت پاش سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پارتەکە لە ساڵی ١٩٩٢، ئەم سێ  کەسایەتیە سێ ناوی گرنگن لە مێژووی جەهەپەدا ، کە هەریەکەیان خاوەنی هزرو بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی و لە رەسمکردنی تانوپۆکانی سیاسەتی تورکیادا نەخشی دەستیان بەدیدەکرێت...
دەنیز بایکاڵ Deniz Baykal:-
بایکال لە رۆژی ٢٠-٧-١٩٣٨ لە شاری ئەنتالیا لە خێزانێکی هەژار لە دایک بووە، باوکی فەرمانبەرێکی ئاسایی بووە لە یەکێک لە فەرمانگاکانی حکومەت. ساڵی ١٩٥٩  کۆلێژی مافی لە زانکۆی ئەنکەرە تەواو کردووە و خویندنی دکتۆراشی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنکەرە  تەواوکردووە، لە ئەمەریکا بۆ ماوەی دووسال مامۆستای زانستە سیاسیەکان  بووە لە زانکۆکاکانی کۆلۆمبیاو بارکلی. هەر لە سەردەمی لاوییەوە لە بزوتنەوە چەپەکاندا بووە، ئەو رێکخەری یەکێک لە خۆپشاندانەکان بووە دژی عەدنان مەندەریس و پارتی دیموکرات، ئەمە سەرەتاکانی سیاسەتکردنی ئەو بووە، ساڵی ١٩٧٣ بۆ یەکەم جار خۆی هەڵبژاردووە و بووە بە ئەندام پەرلەمان ساڵی ١٩٧٤ بووە بە وەزیری دارایی، ساڵی ١٩٧٨ بووە بە وەزیری کاروباری وزە. ساڵی ١٩٩٥ بوو بە  جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە...
رۆژی ٧ مانگی مەی ساڵی ٢٠١٠ ئەو رۆژە بوو کە تیایدا بایکاڵ وەک کەسایەتییەکی سیاسی لەسێدارە درا، ئەم لە سێدارەدرانەی بایکاڵ فیزیکی نەبوو، بەڵکو رۆحی بوو، رۆژنامەی (وقت) ی تورکیا کە ناسراوە بە لایەنگیری لە ئیسلامی سیاسی چەندین کرتەی ڤیدیۆیی لە پێگەی ئەلکترۆنی خۆیدا بڵاو کردەوە، لەم بەڵگەنامە ڤیدیۆییەدا دەنیز بایکاڵ لەبارێکی سێکسی نەشیاودایە لەگەڵ پەرلەمانتارێکی هەمان پارتەکەی خۆی بە ناوی نەسرین بایتورک ، کە پێدەچێت بە کامیرای نهینی وێنەکە گیرابێت، هەرچەندە دەنیز بایکاڵ ئەردۆگانی بەم کارە تۆمەتبار کرد، چونکە خودی بایکال لە توندترین دژەکانی ئەردۆگان بوو،دەرخستنی کرتە ڤیدیۆییەکانیش لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆمێک بوو بۆ ئەنجامدانی گۆڕان لە دەستوردا  بەڵام هەندێک لە چاودێران لەوباوەڕەدان کە هاوڕیکانی لە هەمان پارتەکەی خۆی بۆ کۆتایی هێنان و سڕینەوەی سیاسیانەی بایکاڵ ئەم کارەیان کردبێت. بەمجۆرە کاروانی بایکال لە سیاسەتدا کە ٣٧ ساڵی خایاند کۆتایی هات. بایکاڵ لە شوباتی ٢٠٢٣ دا  کۆچی دوایی کرد.
کەمال کڵچدار ئۆغلو Kemal Kılıçdaroğlu :-
لەدایک بووی ١٧ی دیسیمبەری ١٩٤٨ ، بە رەگەز کوردەو لە عەلەویەکانی دێرسیمە باوکی یەکێک بووە لەوانەی کە لە شۆڕشی دەرسیمدا (١٩٣٧-١٩٣٩) بەشداری کردووە، بەڵام خۆی شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە ناکات، بەڵکو وەک بنەڕەتی تورکمان خۆی ناساندووە، بە منداڵی و لاوی دەست فرۆشی کردووە بۆ ئەوەی ژیانی خۆی مسۆگەر بکات؛ لە زانکۆی ئەنکەرە ( غازی) کۆلێژی ئابوری خویندووە، ساڵی ١٩٧١ لە وەزارەتی دارایی کاری کردووە و پاشان بۆ بەشداریکردن لە هەندێک خولی شارەزا بوون رەوانەی فەرەنسا کراوەو پاش گەڕانەوەی لە هەمان وەزارەت کاری کردووەو پلەی بەرزبۆتەوە، کاتێک تۆرکوت ئۆزال وەزیری دارایی بوو، كڵچدار ئۆغلۆ لە نزیکی ئەو کاری کردووە.لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ئەستەنبول بوو بە ئەندام پەرلەمان و هەتا ساڵی ٢٠١٥ هەر لە پەرلەمانی تورکیا مایەوە و وەک سەرۆکی فراکسیۆنی حزب کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٠ بە کۆی دەنگ بوو بە سەرۆکی حزب و لە مانگی ئۆگستۆسی ٢٠١٢دا بوو بە جێگری رێکخراوی سوشیالیست ئەنتەرناسیۆنال. ئەم پیاوە بەر لەوەی ناوی زۆر بڵاو بێت، چەندین دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا کرد بە تایبەت لەناو پارتی دادو گەشەپێدان کە دووان لەوانی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد. ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ کەسایەتی کڵچدار ئۆغلو بکەین ئەوە دەبێت ئاماژە بەو شکستانە بکەین کە لە ژیانی سیاسی خۆیدا بەسەریدا هاتووە:
- ساڵی ٢٠٠٩ خۆی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ و بەرامبەر بە قەدیر تۆباش کە سەر بە ئاک پارتی بوو، راوەستایەوە. هەرچەندە کلچدار ئۆغلۆ توانیبووی چەندین گەندەڵی ئەو کەسە ئاشکرا بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی خوارد لە بەرامبەریدا.
- ساڵی ٢٠٢٢ توانی شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆن کۆبکاتەوە (حزبی باش واتە ئیی پارتی/مەراڵ ئەکشنار، پارتی ئایندە/ ئەحمەد داود ئۆغلو، دیموکراسی و پێشکەوتن/ علی باباجان، سەعادەت/ تمل کرم الله ئۆغلو، پارتی دیموکرات/ گول تەکین ئویساڵ) و سەرکردایەتییان بکات. ئەم پارتانە لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە و پاشخانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی جیاوازیان هەبوو، نەیانتوانی بەرامبەر بە ئاک پارتی بەردێک بخەنە سەر بەردێک. لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و بردنەوەی ئەردۆغان ئەو هاوپەیمانییە هەڵوەشایەوە.
- لە مانگی مەی ٢٠٢٣ کلچدار ئۆغلۆ کە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەرامبەر بە ئەردۆغان کاندید کردبوو، دیسانەوە شکستی خوارد. ئەمە شکستەیان ئەوەندە قوڵ بوو کە وەک دوا بزمار بوو لە تابوتی سیاسی ناوبراو.
تیپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو حزبە و باهۆزی ریفۆرم و گۆڕانکاری بوونە هۆکاری ئەوەی کە نەوەی لاوی حزبەکە بە توندی داوای پێداچوونەوە بە سەرتاپای حزبەکەدا بکەن. یەکەمین ریفۆرم و پێداچوونەوەش بە یەکەم کۆنگرەی دوای سەدەمین ساڵ لە نۆڤێمبەری ٢٠٢٣ دەستیپێکرد. کلچدار ئۆغلۆ دوای ١٣ ساڵ لە سەرۆکایەتی حزب لابرا. کاتێک کەمال کلچدار ئۆغلو بوو بە سەرۆکی پارتی جەهەپە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست لە ژێر تایتڵی ( کەمالێکی نوێ هیوایەکی نوێ بە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەبەخشێت )، ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە سەرۆکی نوێی پارتی جەهەپە، بە شێوازێکی نوێ و بە بیرێکی نوێوە رەوتی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوە دەبات. بەڵام رەوتی روداوەکان پێچەوانەی ئەمەیان سەلماند.

ئوزگور ئوزێل Özgür Özel
لە دایک بووی ٢١/٩/١٩٧٤ رەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ مەسەدۆنیای باکور و  سالۆنیکی یۆنان.جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلیی کۆماری بووە لە ساڵی ٢٠١٥.  کۆلێژی دەرمانسازی خوێندووە. ساڵی ٢٠١١ لەسەر بازنەی شاری مانیسا بووە بە ئەندام پەرلەمان. ساڵی ١٩٩٩ لە کەرتی دەمانسازی کاری کردووە. لە کۆنگرەی هەژدەیەمی حزبدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزب. ناوی ئوزگور ئۆزیل لە دوای کارەساتی کانە خەڵوزی سۆما لە ساڵی ٢٠١٤ کەوتە ناو ناوانەوە، ئەو پێشتر وەکو ئەندام پەرلەمان سەردانی ئەو شوێنەی کردبوو، هۆشداری دابوو بە داڕمانی کانەکە ئەگەر چاکسازی تێدا نەکرێت. ئەوە بوو داخوازییەکەی جێبەجێ نەکرا و کارەساتەکە دوای دوو هەفتە رویدا و ٣٠١ کرێکار گیانیان لەدەستدا.
ئوزگور ئوزێل بە حوکمی ئەوەی ماوەیەکی درێژ لە پەرلەمانی وڵاتدا بووە و وەک جێگری سەرۆک فراکسیۆن و وەک سەرۆک فراکسیۆنیش کارەکتەرێکی دیاری ناو حزب بووە، بۆیە لە ململانێی دەسەڵاتدا لەگەڵ کلچدار ئۆغلۆ یەکێک بوو لە بەهێزترین کارەکتەرەکانی ناو حزب و سەرەنجام وەکو لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد لە لە کۆنگرەی ٣٨ی حزبدا لە ٢٠٢٣ بوو بە سەرۆکی حزب.
سەرۆکی تازەی حزب لەبەردەم چەندین ئالنگاری بەهێزدایە، چونکە ئەو بۆتە سەرکردەی حزبێک کە لە مێژوودا خۆی بە خاوەنی تورکیا دەزانێت، کەچی لە واقعدا خەریکە تەواو نامۆ دەبێت بە تورکیا. ئالنگاری هەرە بەهێزیش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە چۆن بتوانێت میراتییەکی یەکجار زۆر لە شکست بگۆڕێت بۆ سەرکەوتن و هەستانەوە. زۆر دەمێکە و بە دیاریکراویش لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئاک پارتییەوە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا (جەهەپە و هاوپەیمانەکانی) خرابوونە دەرەوەی گۆڕەپانەکە. لە بواری سیاسی و فیکری و تەنانەت شەقامیشەوە دووچاری شکستێکی زۆر هاتبوون. هەموو کار و چالاکییەکانیان لە دانانی چەپکە گوڵ و دەمەقاڵەی ناو تویتەر (ئێکس) قەتیس مابوو. میکانیزمی کارکردنی ئاک پارتی زۆر لەوەی ئەوان باشتر بوو بە تایبەت لە ئاوەڵاکردنی بازاڕەکانی تورکیا لەبەردەم بازاڕەکانی دنیادا (لیبرالیزمی جیهانی)، بەڵام جەهەپە نەک هیچ پرۆژەیەکی نەبوو بەڵکو سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی حزب بوو.
دەتوانین بێژین سەردەمی ئوزگور ئوزیل تەواو سەردەمێكی جیاواز و نوێیە بۆ جەهەپە. سەرکردەی لاو دەخوازێت بەرگێکی جیاواز بکاتە بەر حزب و لە دنیای خەیاڵپڵاوی و خۆ بادان بە میراتی و مێژووەوە، پلی بگرێت و بیهێنێتەوە ناو دنیای واقع و تێکەڵ بە خەڵک و شەقامی بکاتەوە. بۆیە ئوزیل گۆڕانکاری بنەڕەتی لە جەهەپە دەستپێکردووە، کە دەتوانین لەم خاڵانەدا کورتی بکەینەوە:
١- جەهەپە کە خۆی بە حزبێكی سیاسیی سۆشیال دیموکرات  و عەلمانی دەزانێت، لەو باوەڕەدایە کە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و بوونی پەیوەندییەکی دبلۆماسی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بناغەی سەرەکییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. بۆیە گرێدانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بە گرنگ دەزانێت. هەروەها دەستهەڵگرتن لە پشتیوانی و ناردنی چەک بۆ سیراج لە لیبیا، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەو وڵاتە و بەردەوام بوونی شەڕ.
٢- ئەردۆغان و ئاک پارتی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ جیهان شێواندووە. ئەم خاڵە لە وتارەکانی ئوزگور ئوزیل رەنگی داوەتەوە بۆیە بوونی پەیوەندییەکی باش و ئاسایی لەگەڵ ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ بە گرنگ دەزانێ. هەروەها خوازیاری ئەوەیە کە بڕواتە ناو پرۆگرامی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی شەڕکەر لە جۆری ئێف-٣٥ دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٩ تورکیای لەو بەرنامەیە دەرکرد ئەوەش بە پاساوی ئەوەی کە تورکیا سیستەمی دژە رۆکێتی روسیای کڕیوە لە جۆری  ئێس ٤٠٠.
٣- ئوزگور ئۆزیل هاوشێوەی ئەردۆغان خوازیاری ئەنجامدانی گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە دەستور. بۆ ئەو مەبەستە بە باشی زانی سەرەتا لەگەڵ ئاک پارتی و خودی ئەردۆغان دانوستان بکات. بەرلەوەی ئۆزیل لەگەڵ ئەردۆگان دانوستان بکات، پەیوەندی بە هەموو سەرکردە کۆنەکانی جەهەپەوە کرد و بۆچوون و پێشنیازەکانی ئەوانی وەرگرت. گۆڕانکاری لە دەستوری وڵات پێویستی بە ٣/٤ ی دەنگی پەرلەمان دەبێت. جەهەپەش گۆڕانکاری لە دەستوردا پێباشە بەڵام بێگومان ئەو ئامانج و نەخشەی جیاوازی هەیە، بە تایبەت کە ئەردۆگان خوازیارە دیسانەوە مانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی کۆمار مسۆگەر بکات. دانوستانەکان لەگەڵ ئەردۆغان هیچ دەرەنجامێکی لێنەکەوتەوە.
هزرو ئایدۆلۆژیای جەهەپە:-
هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان بۆ کرد، ئەم پارتە لە لایەن کەمال ئەتاتورکەوە بنیاتنراوە، کەواتە شتێکی ئاساییە کە ئەم پارتە هەمیشە خۆی بە خاوەنی سەرەکی هەموو سەروەرییەکانی دەوڵەتی تورک بزانێت. سوپا رۆڵیکی زۆر گرنگ و سەرەکی دەگێڕێت لە تورکیا، هەرچەندە لەمڕۆدا پارتی دادو گەشەپیدان توانیویەتی تاڕادەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵی ئەو دامەزراوەیە بگرێتەوە دەستی خۆی، بەڵام لە سەردەمانی پێشوودا قسەی یەکەم و کۆتایی بۆ دامەزراوەی سوپا بوو لە تورکیا. بۆیە لە ژیانی سیاسی تورکیادا سوپا رۆڵێکی زۆرگرنگی گێڕاوەو هەمیشە خۆی بە پارێزەرو دەمڕاستی دەوڵەت زانیوە، بە مافی خۆی زانیوە کە هەمیشە بارودۆخەکان راست بکاتەوەو کارتەکانی ماڵی تورکی سەرلەنوێ لەسەر بنەمای عەقیدەیی خۆی رێکبخاتەوە و هەموو کاتێک بەگونجاو بزانێت بۆ دەستپێشخەری سەربازی، ئەگەر رەوڕەوەکانی وڵات لەسەر هێڵێ سکیولاریزم بەرەو هەڵدێر ببرێن. هەر بۆیە دەبینین ئەم پارتە لە کاتی خۆیدا هەمیشە لایەنگری هەڵوێستی ژەنراڵەکانی دەوڵەت بووە و هەمیشە لایەنگری کودەتاکانیان بووە بەڵکو لەوەش زیاتر هەمیشە خۆی بە باسکی سیاسی کودەتاکان زانیوە و پێکەوە لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی خۆیان بە میراتگری بۆماوەکانی موستەفا کەمال زانیوە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە سکیولاریزم هەمیشە رێبازو فەلسەفەو ئاکارو بنەمای کاری ئەم پارتە بێت. ساڵی ١٩٤٦ جەهەپە گەورەترین سەروەرییەکانی خۆی لە مێژووی تورکیادا تۆمارکرد و دەستپێشخەری فرە حزبی لە تورکیادا کرد.  ساڵی ١٩٥٠ لەبەردەم پارتی دیموکرات بە رابەری عەدنان مەندەریس توشی شکست بوو کەچی ئەم شکستەی بە گیانێکی دیموکراسیانە قبوڵکرد و لە ساڵی ١٩٥٠ هەتا ١٩٦٠ لە ئۆپۆزیسیۆندا مایەوە، ئەم رەفتارەی ئەو پارتە بووە هۆکاری ئەوەی کە تورکیا لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا لە نێوان پارتەکانیدا گرفتێکی ئەوتۆی نەبیت.
تەنها بوونە ئۆپۆزیسیۆن و قبوڵکردنی شکستی هەڵبژاردن مۆدێلی نوێ ی کاری سیاسی نەبوو کە جەهەپە لە تورکیا دایهێنا، بەڵکو لەوەش زیاتر کاتێک کە خۆی لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بوو پێشەنگ بووە لە پێدانی رواڵەتێکی دامەزراوەیی و موئەسەساتی بە ئۆپۆزیسیۆن و رژێمێکی پەرلەمانی دیموکراسی بە وڵات بەخشی. جەهەپە لە تەواوی مێژووی خۆیدا پارتێک بووە کە خێرا توانیویەتی گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا و درەوەی تورکیا بخوێنێتەوە، لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، کاتێک کە رەوتی چەپ و مارکسیزم بەخێرایی لە ناو تورکیادا گەشەی دەسەند، جەهەپە نەیویست بکەوێتە پشت لافاوی جەماوەر بەڵکو دیسان خۆی خستەوە پێشەوەو گوتاری خۆی لەگەڵ رەوتی جەماوەرو شەقامدا دەگۆڕی. چەپی ناوەڕاستی هەڵبژارد و لە ئەنجامدانی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی دەستی باڵای هەبوو، هەر بۆیەش لێرەوە لە حزبی دەوڵەتەوە خۆی گۆڕی بۆ حزبی گەل  و لە حزبی رژێمەوە بۆ حزبی گۆڕان. بنەمای دیموکراسی کۆمەڵایەتی (سۆشیال دیموکراسی) هەڵبژاردو لە بنەما جیهانییەکانی دیموکراسی کۆمەڵایەتیدا واتە (ئازادی، یەکسانی، هاوکاری، کارکردن، کاراکردنی دیموکراسیەت) خۆی تۆکمەکرد، وێرای هەنگاونان بەرەو بەدیهێنان و رەخساندنی رەفاهیەتی کۆمەڵایەتی لەسەر مۆدیلی ئەوروپی لەم چوارچێوەیەدا بوو بە ئەندام لە رێکخراوی سوشیال دیموکراتی جیهان وپارتە سوشیالیستەکانی ئەوروپا.
دیارە ئەم شێوە پێشڤەچوونەی جەهەپە، شانبەشانی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆو دەرەوە بەبێ هەڵەو کێماسی و تەنانەت شکست و نسکۆش نابێت، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەکو تورکیا کە نەک هاوکێشە سیاسییەکان وەک رەوشی هەوا خێرا ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بەڵکو پێگەی ستراتیژی و هاوپەیمانی تورکیا لەگەڵ خۆرئاواو ئەو هەموو گرفت و کێشانەی ناوخۆی تورکیا و ئەو هەموو دوژمنایەتیانەی دەوڵەتی تورکیا لەگەل دراوسێکانیدا، هەمیشە وایانکردووە کە هیچ پارتێکی سیاسی نەتوانێت بەبێ هەڵخلیسکان و نوچدان تەمەنی خۆی بەڕێبکات، بە تایبەت پارتێکی وەک جەهەپە کە لەمڕۆدا تەمەنی لە سەد ساڵ تێپەڕ دەبێت و کۆنترین پارتی سیاسی تورکیایە. ئوزگور ئوزێل لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەو فریادڕەسە ناو دەبرێت کە دەتوانێت جەهەپە لە هەموو تەنگەژەکانی رزگار بکات، ئەو دەخوازیت جەهەپە سەرلەنوێ رۆحێک تازەی بەبەردا بێتەوە، لە هەندێک لە وتەکانی خۆیدا ئاماژە بۆ پارتی گەلی کۆماری نوێ دەکات، پێداگرتنی ئەم کەسە لەسەر وشەی نوێ واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم پارتە سیکولاریستە کەمالیستە دەخوازێ خۆی لەگەڵ واقعی نوێدا تازە بکاتە لە دوو ئاراستەدا یەکەم لەگەڵ ناوخۆی خۆیدا دووەم لەگەڵ دەرەوەیدا. لە سەردەمی کڵچدار ئۆغلۆدا یەکێک لە کارەکانی ناوبراو دوورخستنەوەی ئەو کەس و سەرکردانە بوون کە لایەنگری کەمالیزم توندڕەو  بوون لە ناو پارتەکەیدا و بە نزیک لە باڵی سەربازیەوە ناسرابوون هەروەها داوای لێپرسینەوەی لە ژەنراڵە کودەتاچیەکان دەکرد وێرای جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە زەمەنی کودەتای سەربازی بەسەرچووە. لە سەردەمی ئۆزێلدا گۆڕانکارییەکان فراوانتر دەبن. ململانێکانی ناوچەکە و جیهان زۆر زیاتر قوڵ بوونەتەوە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیای جەهپە دەبێت ئیستێک لەسەر چەند پرسێکی گرنگ لەمەڕ ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی تورکیا بکەین:
جەهەپە و مەسەلەی کورد
بەرلەهەموو شت راستیەکی زۆر گرنگ هەیە کە ئەویش ئەوەیە جەهەپە لە مێژودا خۆی بوو کە شوناسی کوردی قەدەغەکرد. لە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەدا ئەم پارتە بوو کە بنەماکانی شۆڤێنیزم و نەتەوە پەرستی لە تورکیادا چەسپاند. لێرەدا بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئەم پارتە لەمەڕ مەسەلەی کورد بزانین ئەوە دەبێت لە دوو بەشی جیاوازدا ئەم هەڵسەنگاندنە بکەین یەکەم تایبەتە بە پرسی کورد لە باکوری کوردستان واتە لە ناوخۆی تورکیا، دووەمیش تایبەت بە پرسی کورد لە باشوری کوردستان و هەڵویستی ئەم پارتە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.  
جەهەپە بە درێژایی مێژووی خۆی هەڵوێستی راڕاو دووفاقی هەبووە بەرامبەر بە پرسی کورد بە گشتی و پرسی باکوری کوردستان بە تایبەتی. ئەندامانی جەهەپە لە پاش کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بەشی هەرە زۆریان چونە نێو پارتی سۆشیالیستی خەلک SHP ، ئەم پارتە بۆ یەکەمجار بوو لە میژووی خۆیدا راپۆرتێک بۆ حکومەت بەرزبکاتەوەو داوای ئەوە بکات کە شوناسی کوردی قبوڵ بکرێت، ئەم خاڵە بووە هۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری کورد لەو رۆژگارەدا بچنە ریزەکانی ئەو پارتە. بەڵام بە سەرنجدان لە هەڵوێستە بەردەوامەکانی ئەم پارتە بەتایبەت ئەو کاتانەی کە خۆی لە دەرەوەی دەسەڵاتە هەست بەوە دەکەین ئەم پارتە بەردەوام وەک تاکیتیک و کارتی فشار لە قازانجی سیاسی خۆیدا ئەم کەیسە دەوروژێنێت. بۆیە دەبینین لە کاتێک خۆی لە دەسەڵاتە هیچ هەنگاوێکی پۆزەتیف بۆ چارەسەری پرسی کورد هەڵناگرێت، کەچی کاتێک دەکەوێتە دەرەوەی دەسەڵات ئۆباڵی هەموو فیاسکۆکانی خۆشی دەخاتە ملی ئەوانی تر.
ئەو رۆژەی کە پرۆژەی کرانەوەی کورد خرایە پەرلەمان، جەهەپە زۆر بە توندی دژی وەستایەوەو بەخیانەت ناویان برد ئەردۆگان داوای دەکرد کە شەڕو خوێن رشتن کۆتایی بێت، کەچی ئونور ئۆیمەن جێگری ئەوسای دەنیزبایکاڵ زۆر بە توندی لە دژی ئەردۆگان هەلویستی نواند و لەمبارەوە گوتی(ئەردۆگان هەمیشە ئەتاتورکمان بۆ دەکات بە نمونە باشە من دەپرسم ئەتاتورک کاتێک رووبەڕووی یاخیبوونەکەی شێخ سەعیدی پیران وەستا داوایکرد باخوێن نەڕژێت؟ ئایا کاتێک راپەڕینی دەرسیمی لەناو برد گوتی باخوێن و فرمیسک نەڕژێت؟).
بەرامبەر بە پرسی کورد لە باکوری کوردستان زۆر جار هەڵوێستی جەهەپە لە پارتێکی فاشستی وەک مەهەپەوە نزیکتر بووە وەک لە پارتی دادو گەشەپێدان. چەندین جار بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە پرسی کورد لە ئارادا نیە، بەڵکو پرسی تیرۆر و پەکەکە هەیە. ئەم هەڵوێستانەی جەهەپەش هەرگیز لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیەت و سۆشیال دیموکرات یەکانگیر نەبووە. لە کۆنگرەی ٢٤ی رێکخراوی سوشیالیست ئەنتەرناسیۆنال کە لە مانگی ئۆگستۆسی ٢٠١٢ گرێدرا، پارتی جەهەپە بوو کە دژی پێشنیازی کورد سەبارەت بە مافی چارەنوسی گەلی کورد وەستایەوە، کاتێک بەڕێز کاک بەختیار کە بە نوێنەری یەکیەتی نیشتیمانی کوردستانی ئەندام لەم رێکخراوە لەوێ بوو، وەڵامی لێدوانە توندەکانی جەهەپەی دایەوە، ئەو پارتە کۆبوونەوەکانی بەجێهێشت.
هەڵوێستە شۆڤێنیستیەکانی جەهەپە لەمەڕ پرسی کورد گەشتۆتە حاڵەتیک کە پارلەمانتاری سەر بە ئاکەپە محەمەد ئەردەم، ئاماژەی بەوە کرد  جەهەپە لەم قۆناخەی دواییدا سیاسەتێکی یەکجار مەترسیدار لە بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکات و لێدوانەکانی ئەم دوایەی بەرپرسانی جەهەپە تورکیا بەرەو هەڵدێرێکی تاریک دەبەن.
محەمەد ئەردەم وتی" ئاکەپە هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا دەدات، بەڵام جەهەپە بە پێچەوانەوە هەوڵ بۆ قووڵتر و ئاڵۆزتر کردنی پرسی کورد دەدات.
لە لایەکی دیکەوە ئەم پارلەمانتارەی ئاکەپە باسی وتەکانی پارلەمانتاری جەهەپە لە پارلەمانی تورکیایش کرد کە وتبووی " بۆ کەس نییە باسی یەکسانی تورک و کورد لە تورکیا بکات و وتی" ئەم وتە یەک لە دوایەکانەی بەرپرسانی جەهەپە نیشانەیەکی زۆر مەترسیدارن بۆ شەڕی کورد و تورک. خودی كەمال کڵیچدار ئوغڵو لە یەکێک لە وتەکانی خۆی لە نێو پەرلەمانی تورکیادا راشکاوانە باسی زمانی كوردی و مافی پەروەردە بە زمانی كوردی كرد و گوتی: بە هیچ شێوەیەك نابێت لە توركیا بێجگە لە زمانی توركی زمانێكی دیكە ببێتە زمانی پەروەردە، چوونكە ئەمە بە پێچەوانەی دەستووری بنەڕەتی توركیایە.
ئەم هەڵوێستانەی جەهەپە بوونە هۆکاری ئەوەی کە رۆژ لە دوای رۆژ جەماوەری ئەم پارتە لە نێو هەرێمە کوردییەکاندا روو لە دابەزین بکات، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٧ دا زۆربەی دەنگەکانی خۆی لە هەرێمە کوردیەکان لە دەستدا. تەنها لەو هەرێمانەدا دەنگی ماوە کە تەژین لە نەژاد پەرستەکانی تورک.
لە هەڵوێستیدا بەرامبەر بە باشوری کوردستان ئەم حزبە نەیتوانیوە بنەما سەرەکییەکانی خۆی لانی کەم وەک حزبێکی سوشیال دیموکرات بەرامبەر باشوری کوردستان هەڵوێست بنوێنێت کە لە ئێستادا هەرێمێکی فیدراڵی سەر بە دەوڵەتی عێراقەو بەپێ ی دەستوری عێراقی هەرێمێکی خاوەن سەروەرییە. بە پێچەوانەوە ئەم حزبە زۆرجار زیاتر لە پارتە ئیسلامی و راستڕەوەکانی تورکیا بگرە زیاتر لە مەهەپە هەڵوێستی توند و ناسیۆنالیست و شۆڤێنییانەی بەرامبەر بە خەڵک و پارت و سەرکردە سیاسیەکانی باشوری کوردستان نواندووە. پاش دەرکردنی هێزەکانی عێراق بەهۆی راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ هێزەکانی هاوپەیمان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی پرۆڤاید کۆمفۆرت Operation Provide Comfort دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری هێڵی ٣٦بەناوی ناوچەی دژە فڕین(No Fly Zone) ئەم حزبە هەر راستەوخۆ پاش ئەوەی سەرلەنوێ بە رابەرایەتی دەنیزبایکاڵ خۆی دروستکردووە، هیچ دوودڵ نەبوو لە تۆمەتبارکردنی حکومەتی ئەو دەمە کە کوالیسیۆنێکی هاوبەشی نێوان پارتی رێگای راست و نیشتیمانی دایک بوو. گرنگترین ئەو خاڵانەشی کە ئەم حزبە هاوتای زۆرێک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا لە دژی بەکارهێنانی بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک(Incirlik Hava Üssü )ی تورکیا بوون لە لایەن ئەمەریکاو پاراستنی باشوری کوردستان لە لایەن هێزی هاوپەیمانەکانەوە ئەم خاڵانە بوون:-
یەکەم- بەهۆی ئەم هێزەوە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەبێتە دیفاکتۆ کە بەهۆیەوە عێراق بە تەواوی دابەش دەبێت.
دووەم- ئەم ناوچەیە سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات و نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندیش لەو شوێنانە بۆتە هۆی بەهێز بوونی هێزە چەکدارەکانی کورد و جەنگاوەرەکانی پەکەکە.
سێیەم- دامەزراندنی ئەو ناوچەیە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە پەیوەندییە سروشتیەکانی نێوان تورکیا و عێراق لاوازبێت، ئەمەش بە پلەی یەکەم بە زیانی دەوڵەتی تورکیایە.
چوارەم- بوونی هێزێکی بێگانە لە سەرخاکی تورکیا پێشیلکاری سەروەرییەکانی تورکیایە.
بایکاڵ هەمیشە ئەوەی دووپاتدەکردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی تورکیا و باکوری عێراق پێشبخرێت. دەبێت رێگا بەوە بدرێت کە سالانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری ئەو هەرێمە بهێنرێنە تورکیا و لەوێ بخوێنن، دیارە ئامانجی ئەم کارانەشی ئەوە بووە کە نەوەیەک بە خواستی خۆیان پەروەردە بکەن، تەنانەت لە چەندین بۆنەدا جەختیان لە توانەوەی لەسەرخۆی ئەو ناوچەیە دەکرد لە ناو تورکیادا کە خۆیان بە تورکی بە پرۆسەی ئەسمیلاسیۆن واتە توانەوە ناوی دەبەن.
دەنیز بایکاڵی کۆنە سەرکردەی جەهەپە، خوازیاری ئەوە بوو خۆی لە کورد نزیک بکاتەوە ، بۆیە لە ریگای کەناڵە تایبەتەکانی خۆیەوە، وەڵامی بۆ سەرۆک جەلال تالەبانی نارد کە بەڵکو بە فەرمی وەک سەرۆکی عێراق داوەتی بکات بەڵکو لەو رێگایەوە بتوانێت کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ کوردا دروست بکات، کەمال کڵچدار ئۆغلوش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ کاتێک ململانێ لە نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و تورکیا توند بۆوە، لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە فەرمی بانگهێشتی عێراق کرا.
جەهەپە هەتا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ناناسێت و هەر بە حکومەتی هەرێمی باکوری عێراق ناوی دەبات، بۆیە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی لەمڕۆدا لە نێوان حکومەتی کوردستان و جەهەپەدا نیە. هەروەها سەرەکیترین داخوازی جەهەپە لە باشوری کوردستان ئەوەیە کە ئەوان هەڵوێستیان بەرامبەر بە پەکەکە هاوتای هەڵوێستی تورکیا بێت، واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی دەسەڵات بەرامبەر بە پەکەکە بچنە یەک سەنگەری هاوبەشەوە، رەتکردنەوەی بەردەوامی ئەم داخوایە لە لایەن کوردەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە جەهەپە بەردەوام دژایەتی پارتە کوردیەکانی باشوری کوردستانیش بکەن و تەنانەت لە نێو گفتوگۆکانی پەرلەمانیشدا سوکایەتیان پێبکەن.
دژایەتی کردنی جەهەپە بۆ کورد و نەتەوەی کورد لەمڕۆدا و لە سەردەمی ئوزگور ئوزیل خاو بۆتەوە، ئەندامە کوردەکانی ناو جەهەپە لە خولەکانی پێشووداچەندین جار جەختیان لەوە دەکردەوە  کە لە ماوەی رابردوودا،  گووشاری زۆریان لەسەربووە و دەیان جار، لە لایەن ئۆرگانەکانی ئەو حیزبەکەوە هۆشداریان پێدراوە تا هێڵە سوورەکانی جەهەپە نەبەزێنن. لە رابووردوودا لە ناو خودی پارتەکەدا دژایەتی لە نێوان باڵی توندڕەوی کەمالیستەکان و  باڵە میانڕەوەکانی ناو جەهەپە لەلایەک و ئەندامە کوردەکانی ناو ئەو پارتە لە لایەکی دیکە زۆر بەزەقی هەستیپێدەکرا. هەر لە سەرەتاکانی مانگی ژانیوەی ساڵی ٢٠١٢ بوو کە سالح فوراتی بە رەچەڵەک کوردی ناو جەهەپەو ئەندام پەرلەمان لەبەر سوکایەتی کردنی ئەو پارتە بە نەتەوەی کورد وازی لەو پارتە هێنا، هەندێک لە ئەندامانی پارتەکە خودی کەمال کڵچدار ئۆغلویان بە نەرمونیانی لەگەڵ کوردەکان تۆمەتبار دەکرد چونکە خۆشی بە بنەڕەت کوردە، بەڵام لەمڕۆدا دۆخەکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. لەمڕۆدا لانی کەم ئەگەر جەهەپە و کوردەکان (دەم پارتی) بە دۆست و هاوپەیمان نەزانین ئەوە لانی کەم ئاستی دوژمنایەتی تا سنورێکی باش کەمی کردووە، یاخود بەرەو نەمان چووە.
دووەم:- جەهەپە و ئیسلامی سیاسی لە تورکیا
جەهەپە ئەندازیاری مێژوویی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و سکیولاریزەکردنی تورکیاو دوورخستنەوەی هەموو رواڵەتێکی ئیسلامی بوو لە کۆمەڵگای تورکیدا. لەمڕۆدا لەگەڵ بەرتەسکبوونەوەی ئایدۆلۆژیای کەمالی لە تورکیاو لاوازبوونی دەسەڵات و نفوزی دامەزراوەکانی، بەتایبەت باسکی سەربازی، سیکۆلاریستەکانیش هاوشانی ئیسلامیەکان داوای تازەکردنەوەی کەمالیزم و راستکردنەوەی ئاراستەکەی دەکەن، ئەمەش بەئاشکرا دەرکەوت کاتیک کە پارتی گەلی کۆماری بەرگری لە خوێندکارانی باڵاپۆشکرد وێرای وەرگرتنی چەندین کەسی کۆنزەرڤاتیف لە ریزەکانی خۆیدا. لەمڕۆدا گوتاری جەەپە بەرامبەر بە ئیسلام  گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە.  هەندێک لە سەرکردەکانیان لە شاشەی تەلەفیزۆنەکانەوە دەردەکەون کاتیک نویژی هەینی دەکەن و بەشداری لە ئاهەنگەکانی لەدایک بوونی پیغەمبەر دەکەن، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کەمالیزمی ئەمڕۆ لە دیدی جەهەپە دەبیت کەمالیزمی باوەڕدارو بە ئیمان بێت نەک بێ ئیمان بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە بتوانن لە تورکیای نوێدا جێگەیان لەق نەبێت. شەڕی دەستەویەخەی جەهەپە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا تەنها لەوەدا نەبووە کە پارتە ئیسلامییەکان یەک لەدوای یەک بداتە دادگاو قەدەغەی بوونیان بکات، بەڵکو لەچک وەک سیمبوڵێک، سیمبوڵ بۆ ئاینی ئیسلام و سێمبوڵ بۆ گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی، هەمیشە ئەو بەرەیە بووە کە جەهەپە لێبڕاوانە کاری تێدا کردووە.
کێشەی لەچک لە تورکیا زۆر کۆنە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٩ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا نەجمەدین ئەربەکان وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لە شاری قۆنیە دەرکەوت و هەزارەها ژنی لەچک بەسەر لە ئاهەنگەکانیدا بەشدار بوون. ئەربەکان سەرەتا پارتی سیستەمی نیشتیمانی دروستکرد بەڵام ئەم پارتە هەر زوو لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٧١ بە دژایەتیکردنی دەستوری دەوڵەت و راوەستانی لەپشت بڵاوبوونەوەی دیاردەی لەچک تۆمەتباری کرد. لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٦ ئەربەکان پارتی رەفای دروستکردبوو، ئەم پارتە بە زۆرینەی دەنگەکان سەرکەوت و ئەربەکان بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیرانێک کە ژنەکەی لەچک بەسەر بێت، بۆیە لە رۆژی ٢٨-٢-١٩٩٧ لە نامە بەناوبانگەکەی دەزگای سەربازی وڵاتدا لەژێر هەڕەشەی ئەنجامدانی کودەتا ئەربەکان حکومەتی هەڵوەشاندەوەو پاشان حزبی رەفاش قەدەغەکراو لە شوێنی ئەو پارتی فەزیلە دروستکرا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٧ پارتی فەزیلە توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا کچێکی لەچک بەسەر بەناوی مەروە قاوقچی بنێرێتە نێو پەرلەمان، لەگەڵ چونە ژورەوەیدا بۆ پەرلەمان کەوتە بەر جنیودان و تەپڵ لێدانی و گاڵتەپێکردنی ئەندامانی سکیولاریست و ماوەیان نەدا سویندی یاسایی بخوات. لەوەش زیاتر دادگای دەستوری وڵات لە رۆژی ٢١-٩-١٩٩٩ رەگەزنامەی تورکی لێ سەند و لە رۆژی ٢٢-٦-٢٠٠١ پارتەکەشی قەدەغەکرد و پاشان لە شوێنی ئەو هەریەکە لە عەبدولا گویل و رەجب تەیب ئەردۆگان پارتی دادو گەشەپێدانیان دامەزراند، ئەم پارتە کە هەتا ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا بەڕێوە دەبات لە هەڵبژاردنەکانی ٣-١١-٢٠٠٢ تورکیا و هەموو دنیاشی لەگەڵ خۆیدا هەژاند و لە کۆی ٥٥٠ کورسی توانی ٣٦٥ مسۆگەر بکات و بەتەنیا خۆی حکومەت دروست بکات.  سەردەمی سەرۆکایەتی ئەحمەد نەجدەت سیزار(٢٠٠٠-٢٠٠٧) دژایەتی کردنی سەرپۆشی ئیسلامی گەیشتە ئەوپەڕی کاتیک کە بە مەرسومێکی کۆماری قەدەغەی بەشداری کردنی هەموو هاوسەرو کچانی وەزیرو کاربەدەستانی حکومەتی کرد لە کۆشکی کۆماریدا ئەگەر سەرپۆش بەسەربن. بەڵام لە رۆژی ٢٨-٨-٢٠٠٧ عەبدوڵا گویل لەگەڵ ژنە سەرپۆش بەسەرەکەیدا هاتە کۆشکەوەو بوو بە سەرۆک.
لەهەموو ئەم هەنگاوانەدا جەهەپە رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی خەسلەتی سکیولاریزمی دەوڵەتداو خودی دەنیزبایکاڵ بەیەکێک لە دوژمنە بەهێزو سەرسەختەکانی ئەردۆگان هەژمار دەکرا.
یەکەم گۆڕانکاری نەرم بەرامبەر بە سەرپۆشی ئیسلامی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا بوو کاتێک دەنیزبایکاڵ خۆی سەرۆکی حزب بوو بۆ یەکەمجار ئەوە قبوڵ کرا کە ئافرەتی سەرپۆش بەسەر بکرێتە ئەندامی پارتەکە، لەوەش زیاتر خۆی میدالی شکۆمەندی تایبەت بە حزبی بەخشی بە هەندێک لە سەرپۆش لەسەرەکانی ناو پارتەکەی. لە مانگی ئۆگستۆسی ٢٠١٠ هەڵویستی ئەم پارتە بەرامبەر بە لەچک یاخود جلوبەرگی ئیسلامی گۆڕا، تەنانەت کەمال کڵچدار ئۆغلۆ لۆمەی ئەردۆگانی دەکرد کە هەتا ئیستا نەیتوانیوە گرفتی سەرپۆشی ئیسلامی چارەسەر بکات. لە وتارەکەیدا لەم بارەوە دەڵێت( بەڵێن دەدەم کە پارتی گەلی کۆماری پۆشینی حیجاب و بەرگی ئیسلامی بۆ هەرکەسێک کە بخوازێت ئازاد بکات، ئەردۆگان بەچاوی خۆی دەبینێت ئێمە لەوشتەدا کە ئەو نەیتوانی سەرکەوێت سەرکەوتن بەدەست دێنین)، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر هەمان ئەو حزبە خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە رێگای بەرزکردنەوەی سکاڵا بۆ دادگا رێگای لە ئەردۆگان دەگرت کە بەهۆی هەموارکردنی بڕگەکانی دەستور کە لە پەرلەمانی وڵات بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕینرا، ماوەی نەدا بە ئەردۆگان ئەو گرفتە چارەسەر بکات، لە ئەنجامدا دادگاش بە بەڵگەی ناکۆکی لەگەڵ بنەماکانی سکیولاریزم ئەم سکالایەی پەسەند کرد.
سێیەم:- جەهەپە و بەهاری عەرەبی
ئەو پارتەی کە هەر خۆی هۆکاری ئەو دابڕنە مێژووییە بوو لە نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبیدا، نزیکەی پازدە ساڵە گوتاری خۆی لەو بارەوە ئاوەژوو کردۆتەوە. ئەمەش بێگومان یەکگرتنەوەیە لەگەڵ  پارتی دادو گەشپیدان لەم خاڵەدا کە بە ئاشتبوونەوەی مێژوویی تورکیا لەگەڵ چواردەورە ئیسلامی و عەرەبییەکەی خۆیدا ناوی براوە. ئەمە بژاردەکانی دەوڵەتی تورکیایە کە  ئێستا تەنها پارتی دەسەڵاتدار کارەکتەری سەرەکی نیە لە رەسمکردنیدا.
ئەم حزبە لە رۆژەکانی ٢٨-٢٩ ئاپرلی ٢٠١٢ کۆنگرەی گۆڕینی وەرزەکانی لە ئەستەنبوڵ ساز کرد ، ئەم حزبە کە بە قەڵای سکیولاریزم و دامەزراوەی سەربازی تورکیا ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەم گرد بوونەوەیەی بۆ سەرۆک و کەسایەتی و پەرلەمانتارانی رەوتە ئیسلامییەکانی چەندین وڵاتانی بەهاری عەرەبی سازکردبوو. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم کۆنگرەیەدا چەندین کەسایەتی دیاری ئیخوانی و سەلەفی ئامادە بوون لەسەرو هەمووشیانەوە ئیخوانەکانی میسر. ئامادە بوونی تەوەکل کرمان و ئەو پێشوازییەگەرمەی کە لە ئامادەبووان کرا نیشانەی گۆڕانکاری بۆچوونەکانی ئەم پارتە بوون بەرامبەر بە رەوتە ئیسلامییەکان.
سەرۆکی ئەو دەمەی پارتی جەهەپە وتاری کۆنگرەی خوێندەوە،  تیایدا بە ئاشکرا هەست بە گۆڕانکاری بیروبۆچوونەکانی ئەم پارتە دەکرا بەرامبەر بە چواردەورە عەرەبی و ئیسلامییەکانی تورکیا، دەتوانین لەم وتارەوە دوو خاڵی گرنگ وەک دەرەنجام پەسەند بکەین :-
یەکەم- خواستی ئەو پارتەی نیشاندا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیانە.
دووەم- لایەنگری حزبەکەی بۆ بەهاری عەرەبی و لابردنی دیکاتۆرەکان دووپات کردووە.
جێگای بایەخ و سەرنجە کە ئەم پارتە بەرامبەر بە دۆخی سوریا و بەهاری عەرەبی لەو وڵاتە، بە بەراورد لەگەڵ هەڵوێستیدا بەرامبەر بە لیبیاو تونس و میسر، هەڵوێستی جیاوازە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە پرسی کورد لە سوریا بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی یەکجار گەورەو گرنگ خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و پرسەکەش زیاتر بەهۆی پەیەدەیە، ئەو پارتەی کە هاوشیوە یاخود لقی خۆرئاوای هەمان ئەو پارتەیە کە جەهەپە بە تیرۆرستی ناو دەبات (پەکەکە). وێرای ئەمەش جەهەپە ترسی ئەوەی هەیە کێشەو ململانێکانی ناوخۆی سوریا بپەڕێتەوە بۆ ئەو دیو سنورەکانی تورکیا. کەمال کڵچدار ئۆغلۆ سەرۆکی ئەو دەمەی پارتی جەهەپە حکومەتی تورکیاو ئەردۆگان بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر روداوەکانی سوریا، لەوانەش پڕچەککردنی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو ناردنی جەنگاوەر لە سنورەکانی تورکیاوە بۆ ناو سوریا. ئەمە وێرای ئەوەی کە بە توندی جەهەپەو بەدەپە پێکەوە دژی بڕیاری ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنور وەستان کە لە پەرلەمانی تورکیا لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ خرایە دەنگدانەوە. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە چەند بۆمبێک لە سوریاوە ئاراستەی تورکیا کران و بووە ئاکامی کوشتنی ٥ کەسی سڤیل ، هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە لە مانگی مارسی ٢٠١٣دا نێرژەیەکی جەهەپە سەردانی ئەسەدی کردو لەگەڵیدا کۆبوونەوە، بێگومان ئەم کارەی جەهەپە بە توندی درایە بەر رەخنەی پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە.
ئەمڕۆی جەهەپە:
وەک لە پێشەکی ئەم نوسینەدا ئاماژەمان بۆ کرد، یەکەمین زەنگی شکستی ئاک پارتی و سەرکەوتنی جەهەپە لە سەردەمی ئۆزێل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیاوە لێدرا. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ی مارتی ٢٠٢٤ نەخشەی سیاسی تورکیای گۆڕی. بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ٢٢ ساڵەی ئاک پارتیدا زۆرینەی دەنگی لەدەستدا. جەهەپە ٣٧.٧٪ ی دەنگەکانی هێنا و ئاک پارتیش ٣٥.٥٪. بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا جەهەپە بە قورسی دێتەوە ناو گۆڕەپانی ململانێ و دەبێتەوە بە یەکەم پارتی وڵات.
ئەم سەرکەوتنەی جەهەپە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە تورکیا لەبەردەم گۆڕانکاری ریشەیدایە. بۆ یەکەم جارە لە دوای ٢٢ ساڵ کە خودی ئەردۆگان و ئاک پارتیش هەرگیز بە هێندەی ئەمڕۆ پێگەیان لاواز نەبووە. بەهێندی لاواز بوونی پێگەی ئەردۆگان، جەهەپەش بەهێز و تۆکمەتر بووە و گۆڕانکاری ریشەیی لە ستراتیژ و بیرکردنەوەی حزبەکەدا هاتۆتە ئاراوە.
سەرەتا گرنگە ئەم چەند خاڵە بخەینە روو:
یەکەم- سەردەمی کڵچدار ئۆغلۆ لە ناو جەهەپەدا کۆتایی هاتووە. جەهەپە لەمڕۆدا تەواو جیاواز لە قۆناغەکانی پێشوو رەفتار دەکات.
دووەم- سەرۆکی تازەی حزب لە نەوەی کادرە پێشکەوتووە لاوەکانی حزبە. روئیا و ستراتیژی تایبەت بە خۆی هەیە. گوتاری سیاسی و فەلسەفەی حزبی جەهەپە دەباتە قۆناغێکی نوێ کە تەواو جیاواز و دژبەر دەبێت بەرامبەر بە رێکار و ستراتیژەکانی ئاک پارتی.
سێیەم- لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بۆیە بە توندی ناوەندێتی ناو حزب پەیڕەو دەکات و جەمسەرگیری و دەستەگەرایی بە قازانجی خۆی وەگەڕ دەخات. ئۆزێل بە نیاز نیە رێگا خۆش بکات بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول (ئەکرەم ئیمام ئۆغلو) خۆی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی داهاتوو ئامادە بکات (ئەگەر هەڵبژاردنەکە پێش نەخرێت ئەوە لە ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت).

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved