پ.ی.د.لوقمان رەئوف

 فەلسەفەی پەروەردە لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە و گرنگی بە لێکۆڵینەوە لە پرەنسیپ و بنەما و ئەو بیرۆکانە دەدات، کە پەروەردە ئاڕاستە دەکەن، هەروەها ئامانج و شێوازەکانی دیاریی دەکەن، بەهۆشیەوە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی فێربوون و پەرەپێدان و گۆڕانی کەسایەتی تاکەکان هەیە. 
فەلسەفەی پەروەردە، پەیوەندیی بە پێناسەکردنی ئامانجە بنەڕەتییەکانی پەروەردەوە هەیە، چ بە بنەمادانانی بەها ئەخلاقییەکان بێت، یان ئامادەکردنی تاکەکان بۆ ژیانی پیشەیی، پەرەپێدانی داهێنان، یان گەیشتن بە گەشەکردنی کەسی، بەم پێیەش بێت بریتییە لە هۆکارێک بۆ جێبەجێکردنی بیری فەلسەفی لەسەر پرۆسەی پەروەردە، بۆیە چالاکییەکی رێکخراوی هزریە، لەپێناو بەهێزکردنی پرۆسەی فێرکاری.
تەوەرەکانی فەلسەفەی پەروەردە: 
بەگشتی فەلسەفەی پەروەردە چەند تەوەرێکی هەیە، لەوانە:
 1- ئامانجە پەروەردەییەکان: بریتین لە تێگەیشتن لە ئامانجە خوازراوەکانی پەروەردە، ئیدی تاکەکەسی بێت(وەک بەدیهێنانی خود و پەرەپێدانی کارامەییەکان) یان کۆمەڵایەتی(وەک بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشدارییکردن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە).
 2- سروشتی فێربوون وانەوتنەوە: کار لەسەر ئەوە دەکات، کە چۆن فێربوون روودەدات و پەیوەندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز و شێوازی فێرکردنی کاریگەری و جێکەوتی چییە. 
 3- بەها و پێوەرەکان: فەلسەفەی پەروەردە بە پێی ئەو بەها کەلتوری و کۆمەڵایەتیانەی کۆمەڵگە لەبەردەستیاندایەو ئەوەی پێویستە بیزانێت دیاریی دەکرێت، وەک رێزگرتن لە مافی کەسانی دیکە، هاووڵاتیبوون و بیرکردنەوەی رەخنەیی..هتد.
 4- سروشتی مەعریفە: بەدوای ماهیەتی مەعریفەوەیە، بەوەی پێویستە فێرخواز چ زانستێکی پێشکەشی بکرێت، لەم سۆنگەیەوە دەبێت مەعریفە و زانین سەرنجی لەسەر کارامەیی پراکتیکی، زانستی تیۆری، ئاکار و بەهاکان بێت، یان تێکەڵەیەک لە هەموویان.

گرنگی فەلسەفەی پەروەردە 
بێگومان فەلسەفەی پەروەردە گرنگە، چونکە دیدێکی هەمەلایەنە و گشتگیر و تەواوە، سەبارەت بە ماهیەتی پەروەردە و ئامانجەکانی دەخاتەڕوو، جگەلەمەش یارمەتیدەرە لە داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی کە لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و تاکدا بگونجێت، هەروەها بەشدارە لە پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و شێوازی پەروەردەیی کە هاوسەنگ و هاوتابن لەگەڵ پێشکەوتن و پێشهاتەکانی سەردەمدا.
بەگشتی ئامانجی فەلسەفەی پەروەردە، لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی قووڵە لەو بنەما تیۆرییانەی، کە پاڵپشت و رێنوێنی پڕۆسەی پەروەردە دەکەن، هەروەها هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بنچینەییانە بداتەوە، کە پێویستە پەروەردەی لەسەر بڕوات، لەگەڵ ئەمەشدا چۆن دەتوانێت بەشدار بێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر و دروستکردنی تاکی بە توانا و خاوەن زانیاری.

جۆن دیوی و فەلسەفەی پەروەردە
دیوی یەکێكە لە فەیلەسوفە ئەمریکییەکان (1829-1952) کە لە بواری(فەلسەفەی پەروەردە) کاریکردووەو لە زانکۆی(جونزهانز) دکتۆرای لەفەلسەفەدا وەرگرتووە، بەهۆی پێشنیارە فەلسەفییەکانیەوە، بە فەیلەسوفی شۆڕشگێر دەناسرێت، سەرەتای شۆڕشەکەش بە دامەزراندنی خوێندنگەی ئەزمونگەری (تجریبی) و جێبەجێکردنی تیۆرە پەروەردەییەکەی دەستپێدەکات، بۆئەوەی رادەی سەرکەوتنی لە سیستەمی پراگماتیدا دەربکەوێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە رەتکردنەوەی رێگەی کۆن لە فێربووندا، کە لەسەر تەلقین و لەبەرکردن وەستا بوو، ئەو کارە گرنگانەی دیوی لەم بوارەدا کردنی بریتین لە(سروشتی مرۆڤایەتی و رەفتاری مرۆیی، پەیامێك لە فەسەفەی پەروەردەی نوێ، تاکگەرایی رابردوو و ئێستا، دیموکراسی و پەروەردە، خوێندنگەو کۆمەڵگە. کارامەیی پەروەردە...هتد) لە کۆی بەرهەمەکانیدا هەوڵی ئەوەی داوە ئەوە بسەلمێنێت، کە تیۆرە کۆنەکان ئیفلاسیان کردووە، هەربۆیە سیستەمێکی پەروەردەیی پراگماتی پراکتیکی خستەڕوو، ئەم سیستمەش نوێکراوەتەوە بە نوێکردنەوەی واقیعی و کۆمەڵایەتی و کارامەیی مرۆیی.
دیوی پێیوایە(فەلسەفە بریتییە لە پەروەردەی کارامەییەکان و لەڕێگەی کارامەیی و لە پێناو کارامەییدا، دیوی،1954، 12)، هەروەها فەلسەفە پراگماتییەکەی دیوی پێکهاتەیەکی کردووە لەنێوان کارامەیی مرۆیی لەگەڵ بیری پەروەردەیی، چونکە پێیوایە فەلسەفە بریتییە لەجێبەجێکردنی پراکتیکی بیرەکان.
لەڕاستیدا لە نێوان فەلسەفە و پەروەردەدا پەیوەندیەکی بەهێز هەیە، فەلسەفە لایەنەتیۆریەکە دەگرێتەوە، بەڵام پەروەردە لایەنە دینامیکیە کارامەیەکەی بیری فەلسەفە دەگرێتەوە، چونکە فەلسەفە تیۆرەکان دیاریدەکات کە بەسوودن، بەڵام پەروەردە کار بۆجێبەجێکردنیان دەکات(جدیری،2004:ل227) جگەلەوەش (فەلسەفەی پەروەردە پەیوەستە بە مرۆڤ خۆیەوە، بەوپێیەی کائنێكی زیندویی هۆشیارەو لە ژیاندا پێویستی پێیەتی. هادی، فلسفة 2022: 1015) لەم روانگەشەوە جۆن دیوی پێیوایە(پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان کارامەیی پراکتیکی و واقیعی و پەروەردەدا هەیە.دیوی.1946. 3039)، هەربۆیە لای دیوی تەنها مرۆڤ سوود لەدەوروبەر وەرناگرێ، بەڵکو سوود لەو جێکەوتانەش وەردەگرێت، کە ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی بەجێیهێشتووە لەسەر تاکەکان، واتە پرۆسەیەکی دوولایەنە و دووسەرەیە. 
پەروەردە ئامرازێكە بۆ درێژەدان بە ژیان لە سەرجەم لایەنەکاندا، چونکە هەموو لایەنەکان پێویستیان بە رێکخستنەوە هەیە بەشێوەیەکی دروست، چونکە هەمیشە لە ژیاندا پەیوەندی بەردەوام هەیە و بەهۆشیەوە کاریگەریی و جێکەوت هەیە، بەهۆی گواستنەوەیان لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر، واتە گواستنەوەی کارامەییەکان، بەمەش پەیوەندییەکان بە بەهێزی و بەردەوامی دەمێننەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدایە، کە مرۆڤێکی کارامە و بەتوانای زانستی و کۆمەڵایەتی بوونیادبنرێت، لەپێناو ئایندەیەکی گەشدا، بەوپێیەی لای دیوی ئێستا گرنگە، بەڵام ئایندە گرنگترە بۆ هێنانەدی تایبەتمەندیی ژیان بۆ مرۆڤەکان، ئەمەش پەروەردەو گەشە دەهێنێتە دی. 
لەمبارەوە دیوی دەڵێت:(گەشە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانە و پەروەردە زۆر پێویستە بۆ بەردەوامی، جدیری،2004. 228) بەمەش(گەشە پرۆسەیەکی پەروەردەییە و پەروەردەش پرۆسەی گەشەیە، جون دیوی، الدیموقراطیة والتربیة،ص1).
فەلسەفەی پەروەردە لای جۆن دیوی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە، کە پەروەردە دەبێت ئەزموونێکی یەکگرتوو بێت لەگەڵ ژیاندا، نەک تەنها پرۆسەی گواستنەوەی زانست بێت. دیوی پێیوایە پەروەردە پرۆسەیەکی کارلێکی و گەشەسەندنی بەردەوامە، هەروەها پێیوایە دەبێت فێرخواز چەقی پرۆسەی پەروەردەیی بێت، بۆیە فەلسەفەی پەروەردەیی لای دیوی لە کۆمەڵێک بنەمای سەرەکیدا کورتدەکەینەوە:
1 - فێربوون لە رێگەی ئەزموونەوە: دیوی پێیوایە پەروەردەی باش لە رێگەی ئەزموونی راستەوخۆوە روو دەدات، چونکە فێرخواز لە رێگەی پراکتیک و ئەزموونەوە لە ژینگەکانی نزیک لە ژیانی راستەقینەی خۆیان فێردەبن، بۆیە دیوی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە فێربوونی پراکتیکی تێگەیشتن باشتر دەکات و یارمەتی بونیادنانی زانست دەدات.
2 - پەروەردە وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی: دیوی پێیوایە پەروەردە کارلێکێکی کۆمەڵایەتییە، هەروەها پێویستە فێرخواز لە رێگەی هاوکاری و بەشدارییکردن لەگەڵ کەسانی دیکەوە فێربێت و پێویستە ژینگەیەکی فێربوونی بۆ بڕەخسێنرێت کە رێگە بە فێرخواز بدات پەرە بە توانا کۆمەڵایەتی و هاوبەشەکانیان بدەن.
3 - فێربوون لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە: دیوی پشت بە میتۆدۆلۆژیای بیرکردنەوەی رەخنەیی دەبەستێت، کە پێویستە فێرخوازفێری شیکردنەوەی کێشەکان بێت و بە شێوەیەکی داهێنەرانە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، چونکە پێیوایە چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشدارە لە پەرەپێدانی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ.
4 - پەروەردە لەپێناو دیموکراسیدا: دیوی پێیوایە پەروەردە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئامادەکردنی تاکەکان، بەمەبەستی بەشدارییکردنی کاریگەر لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا، بۆیە پێویستە پەروەردە بەها دیموکراسییەکان لە فێرخواز دا پەرەپێبدات، وەک ئازادی رادەربڕین، پرۆسەی پەروەردە، هاوکاری و بەرپرسیارێتییە بەرامبەر کۆمەڵگە.
5 - گرنگیدان بە جیاوازی تاکەکەسی: دیوی جەخت لەسەر گرنگی رەچاوکردنی جیاوازی تاکەکەسی نێوان فێرخواز دەکاتەوە، هەروەها دابینکردنی پەروەردەیەک کە لەگەڵ پێداویستی و بەرژەوەندیی هەر فێرخوازێکدا بگونجێت، چونکە ئەمە یارمەتیان دەدات بە باشی پەرە بە تواناکانیان بدەن.
6 - پەیوەندیی قوتابخانە و کۆمەڵگە: دیوی پێیوایە قوتابخانە دەبێت بەشێک بێت لە کۆمەڵگە، بەمانایەکی تر، رەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی بێت. لەسەر پرۆگرامەکانیشە بابەتەکانی پەیوەستبن بە ژیانی رۆژانەی فێرخواز و ئەو تەحەددایانەی کە رووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە. هەروەها پێویستە ژینگەیەک دابین بکات کە یارمەتی قوتابیان بدات بۆ بەدەستهێنانی لێهاتوویی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی گیانی هاوکاری و هاووڵاتیبوون.
7 - پەروەردە وەک گەشەسەندنی بەردەوام: دیوی پێیوایە پەروەردە پرۆسەیەکی بەردەوامی گەشەکردنە، کە دەبێت تاکەکان فێری ئەوە بن، کە چۆن بەردەوام بن لە فێربوون بە درێژایی ژیان، هەروەها ئەو کەرەستانەیان بۆ دابینبکرێت، کە وایان لێدەکات توانای ئەو کارەیان هەبێت.دیوی بەم بنەمایانە، ئامانجیەتی پەروەردە بکاتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی گەشەی کەسی و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و توانای کارکردنی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی کاریگەر. 
لای دیوی دوو جۆر پەروەردە هەیە، یەکێکیان پەروەردەی بێ مەبەست، کە خۆی لەو پەروەردەیەدا دەبینێتەوە کە لە ژیاندا بەدەستی دەهێنێت، واتە(ئەو شتانەی کە لە ژیاندا نەوەکان بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەوە لەنێوان کۆمەڵگەیەکدا دەیگوێزنەوە، دیوی.6.1946) واتە ئەو شتانەی کە بەشێوەیەکی نەستی و بەهۆی کۆمەڵگە و بەریەککەوتنەکان، لەنێوان نەوەکان و کۆمەڵگەکەدا دەگوێزێتەوە، یان وەردەگرێت.
ئەمەش لە رابردوودا زیاتر کاریگەری و رۆڵی هەبووە، چونکە کۆمەڵگەکە دواکەوتوو بووەو هۆکارەکانی فێرکردن یان نەبوون، یان لاواز بوون، بۆیە پرۆسەکە سروشتی و لەخۆوەیی بووە(عشوائي. دیوی،8.1946) ئەمەش زیاتر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا کاریگەر و رۆڵی هەبووە، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە هەر بەردەوام بێت، ئەوا ترس دروستدەکات، بۆیە بەبێ پلان و کار و توێژینەوە...هتد وادەکات رەفتار و کردارە نێگەتیفەکانیش، ببنە بەشێك لە پرۆسەی پەروەردەکردن.
جۆری دووەم پەروەردەی مەبەستدارە، کە مەبەست لەو پەروەردەیە، کە ئەوە بۆ تاك و کۆمەڵگە دیاریی دەکات، کە چی باش و خراپە، یان بەسوود و بێسوودە، ئەمەش لەڕێگەی زانست و خوێندنەوە دەبێت، دیوی دەڵێت:(فێرکردنی منداڵان بە پەروەردەی مەبەستدار، خوێندنەوەی کتێب و زانیاری...هتد، بۆئەوەی رێگەی جۆرێك لە پەروەردەی جیاواز بهێنێتە گۆڕێ، چونکە ئەم جۆرەیان بەزانین و ناسینی دەروونی کەسەکە و خواستی کۆمەڵگەیە، بۆیە پەروەردەی مەبەستدار بەرهەمی دەرونناسی و کۆمەڵناسییە. الاهواني.41.1987)
بالو جیرالدیلی( Ghiraldelli) فەیلەسوفی پەروەردەیی پێیوایە سەدەکانی(19-20) سێ شۆڕشی پەروەردەیی بەخۆوە دیوە، لە شۆڕشی یەکەمیاندا پەروەردە زانستێکە لە زانستەکان و لەسەر دەستی(جۆن هێربرت John Herbart) بووە. لە شۆڕشی دووەمدا پەروەردە پەیوەست بووە بە کێشەی ژیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەوەو لەسەر دەستی (جۆن دیوی John dewy) بووە، لە شۆڕشی سێیەمدا پەروەردە دەبووە کارێکی سیاسی و ئامانجی هێنانەدی ئازادی و دیموکراسییە و لەسەردەستی(باولو فریری)بووە، بەمەش تیۆری پەروەردەیی لەسەردەستی فرێری گەیشتە قۆناغی کۆتایی خۆی لە مێژوودا، کە قۆناغی نوێگەری بوو لە پەروەردەدا لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم شۆڕشی چوارەم لە پەروەردەدا هەڵگیرسا، کە شۆڕشی پۆست مۆدێرنە، جیرالدیلی ئاماژە بەوە دەکات کە دوو کتێب کڵپەی شۆڕشی چوارەمیان داگیرساند، کتێبی(دۆخی پۆست مۆدێرنە)ی(فرانسوا لیوتار Lyotard) لە ساڵی (1984) و کتێبی (فەلسەفە و ئاوێنەی سروشت)ی(ریچارد روتی Rorty)ە لە ساڵی (1797). جیراالدینی دەڵێت: ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم کتێبانە هاتبن بۆئەوەی پێمان بڵێن هێربرن و دیۆی و فریدی هەڵە بوون، بەڵكو بۆ ئەوە هاتوون پێمان بڵێن کە تۆڕی پەروەردە زیاتر ئازاد و کراوەبن، (CGHIRALDE lll, 2000) بڕوانە (موسی.103.2023).

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved