نووسین: دکتۆر مهدی جەباریان
وەرگێڕان: میهران عەبدوڵڵا محەمەد

سۆسیالیزم سیستەمێکی ئابووری و سیاسییە، لەسەر بنەمای خاوەندارێتی بەکۆمەڵ، هاوبەش یان گشتێتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دامەزراوە. ئەو ئامرازانەی بەرهەمهێنان بریتین لە ئامێر و ئامراز و کارگەکان کە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا بەکاردەهێنرێن. واتە ئەو ئەو ئامرازانەی بۆ دابینکردنی ڕاستەوخۆی پێداویستییەکانی مرۆڤە. سۆسیالیزم بە پێچەوانەی سەرمایەداری کە خاوەن کارەکان ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکەن و پارە بە کرێکاران دەدەن بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە، سۆسیالیزم بە خەیاڵی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی هاوبەش لەنێوان چینی کرێکاردا خۆی ئاراستە دەکات.
لە سیستەمێکی تەواو سۆسیالیستیدا، هەموو بڕیارەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە شێوەیەکی دەستەجەمعی دەدرێت، کە لەلایەن پلاندانەری ناوەندی یان دەزگایەکی حکومییەوە ئاراستە دەکرێت. بەڵام هاوکاری کرێکاران جۆرێکە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی. سیستەمی سۆسیالیستی مەیلی ئەوەیان هەیە سیستەمی خۆشگوزەرانی و تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەبێت، بەجۆرێک خەڵک پشت بە حکومەت دەبەستن بۆ هەموو شتێک لە خۆراکەوە تا چاودێری تەندروستی. حکومەت بڕی بەرهەمهێنان و نرخی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە دیاری دەکات. سۆسیالیستەکان پێیان وایە کە خاوەندارێتی هاوبەش لە سەرچاوەکان و پلاندانانی ناوەندی، دابەشکردنی یەکسانتر لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر دابین دەکات.

خاڵە سەرەکییەکان سەبارەت بە سۆسیالیزم
• سۆسیالیزم سیستەمێکی ئابووری و سیاسییە، لەسەر بنەمای خاوەندارێتی بەکۆمەڵ لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە.
• هەموو بڕیارە یاساییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، لەلایەن حکومەتەوە لە سیستمێکی سۆسیالیستیدا دەدرێت. هەروەها حکومەت هەموو ئاستەکانی بەرهەمهێنان و نرخ دیاری دەکات و هەموو شتێک لە خۆراکەوە تا چاودێری تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین دەکات.
• لایەنگرانی سۆسیالیزم پێیان وایە کە ئەمە دەبێتە هۆی دابەشکردنی یەکسانتر لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر.
• ئایدیاڵەکانی سۆسیالیست بریتین لە بەرهەمهێنان بۆ بەکارهێنان نەک بۆ قازانج. دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و سەرچاوە ماددییەکان لەنێوان هەموو خەڵکدا؛ ئیدی لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی کێبڕکێ نییە و دەستڕاگەیشتن بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەخۆڕاییە.
• سەرمایەداری باوەڕی بە خاوەندارێتی تایبەت و ئامانجی گەیاندنی قازانج بە زۆرترین ئاست، دژایەتی سۆسیالیزم دەکات.

سۆسیالیزم مانای چییە؟
خاوەندارێتی هاوبەش لە سۆسیالیزمدا ڕەنگە لە ڕێگەی حکومەتی تەکنۆکراتی، ئۆلیگارشی، تۆتالیتاری، دیموکراسی، یان تەنانەت حوکمڕانی ئارەزوومەندانە بێت. نموونەیەکی مێژوویی دیار لە وڵاتێکی سۆسیالیستی، هەرچەندە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام یەکێتی پێشووی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەت (U.S.S.R.)ە، کە بە یەکێتی سۆڤیەت ناسراوە. بەهۆی ناکۆکییە کردارییەکانی و خراپی پێشینەی سۆسیالیزم، هەندێکجار بە سیستەمێکی یۆتۆپیایی یان خەیاڵی ناودەبرێت، هەرچەندە لایەنگرانی مۆدێرن پێیان وایە کە دەتوانێت کار بکات ئەگەر تەنها بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت. ئەوان دەڵێن سۆسیالیزم یەکسانی دروست دەکات و ئاسایش دابین دەکات- کرێی کرێکار، لەو بڕە کاتەوە دێت، کە کاردەکات نەک بەهای ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت- لەکاتێکدا سەرمایەداری کرێکاران بۆ بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکان بەکاردەهێنێت.
ئایدیاڵی سۆسیالیستییەکان بریتییە لە بەرهەمهێنان بۆ بەکارهێنان نەک بۆ قازانج. دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و سەرچاوە ماددییەکان لەنێوان هەموو خەڵکدا؛ لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی کێبڕکێی نییە و دەستڕاگەیشتنی بەخۆڕایی بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان. یان وەک دروشمێکی کۆنی سۆسیالیستی باسی دەکات، "لە هەریەکەیانەوە بەپێی توانا، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی".
لە کاتێکدا لایەنگرانی سۆسیالیزم داوای خاوەندارێتی بەکۆمەڵ یان هاوبەشی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکەن، بەڵام بەو مانایە نییە کە خاوەندارێتی تایبەت لە موڵک و ماڵی کەسیدا نییە. بەم شێوەیە کۆمپانیا و کارگەکان لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا هاوبەش دەبن، بەڵام تاک و خێزانەکان هێشتا خاوەنی کەلوپەلی تایبەتی خۆیان دەبوون.

کورتە مێژوویەکی سۆسیالیزم
سۆسیالیزم وەک سیستەمێکی سەرچاوەی هاوبەش و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین شارستانییەتە مرۆڤایەتییەکان. زۆرجار کۆمەڵگە خێڵەکییەکان بۆ بەرژەوەندی گشتی کاردەکەن، تاکوو پێکەوە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک و پێداویستییەکی پێویست بۆ هەموو دانیشتووان دابین بکەن. کشتوکاڵی بەکۆمەڵ هەزاران ساڵ بەردەوام بوو. ئەمەش لە زۆر شوێندا جۆرێک لە سیستەمی فیوداڵی جێگەی گرتەوە، کە بەهۆیەوە ئەرستۆکراسی زەویدار (سەروەر) حوکمڕانی بەسەر جووتیاران (ژێردەستە)دا دەکرد، کە بەبێ ئەوەی خاوەنی زەوی خۆیان بن، لە سەر زەوییەکانیان کاریان دەکرد.
ڕەگ و ڕیشەی فیکری سۆسیالیزم دەگەڕێتەوە بۆ "کۆمار"ی ئەفلاتون، کە تێیدا باسی کۆمەڵگەیەکی بەکۆمەڵ دەکات. دوای چەند سەدەیەک، "یۆتۆپیا"کەی تۆماس مۆر، لە وێنەیەکی دوورگەیەکی خەیاڵیدا، کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین و کاردەکەن، بیرۆکەکانی ئەفلاتونی دووبارە کردەوە. بەڵام سۆسیالیزم وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ شۆڕشی پیشەسازی، کە گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ بەریتانیا و باقی جیهان هێنایە ئاراوە. لە کاتێکدا پیشەسازییەکان بە هێزی ئەو کرێکارانەی وا زیاتر لە هەژاریدا دەژیان، دەوڵەمەند دەبوون. سۆسیالیزم وەک بەدیلێک بۆ سەرمایەداری سەریهەڵدا، کە دەتوانێت ژیانی چینی کرێکار باشتر بکات.
سۆسیالیزمی مۆدێرن لە دژی زیادەڕەوی و خراپ بەکارهێنانی تاکگەرایی لیبڕاڵ و سەرمایەداری گەشەی کرد. لە سەردەمی ئابوورییە سەرەتاییەکانی سەرمایەداری لە کۆتایی سەدەی ١٨ و ١٩، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرهەمهێنانی پیشەسازیی خێرا و گەشەی ئابووری تێکەڵاویان بە خێراییەکی بەرچاو ئەزموون کرد. هەندێک تاک و خێزان بە خێرایی دەوڵەمەند بوون، هەندێکی تریش کەوتنە هەژاری و نایەکسانی داهات و نیگەرانی کۆمەڵایەتی دیکەی بەرهەم هێنا.
بەناوبانگترین بیرمەندانی سەرەتایی سۆسیالیستی بریتی بوون لە "ڕۆبەرت ئۆین' و "هێنری دی سانت سیمۆن" و دواتر "کارل مارکس" و پاشان "ڤلادیمێر لینین". بە پلەی یەکەم لینین بوو کە بیرۆکەی سۆسیالیستەکانی پێشووتری وردتر کردەوە و یارمەتی گەیاندنی پلانی سۆسیالیستی دا بۆ ئاستی نیشتمانی لە دوای شۆڕشی بەلشەفیکی ساڵی ١٩١٧ لە ڕوسیا.
دوابەدوای شکستی پلاندانانی ناوەندی سۆسیالیستی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و چینی بارگاوی بە هزری ماو، لە ماوەی سەدەی بیستەمدا، زۆرێک لە سۆسیالیستەکانی مۆدێرن خۆیان بە سیستەمێکی چاودێری و دووبارە دابەشکردنەوەیەکی بەرز  کە هەندێکجار بە سۆسیالیزمی بازاڕ یان سۆسیالیزمی دیموکراتیک ناودەبرێت خۆیان رێکخست.

سۆسیالیزم بەرامبەر سەرمایەداری
ئابووری سەرمایەداری (کە ئەمڕۆ زۆرجار هاوواتای بازاڕی ئازاد یان ئابووری بازاڕن) و ئابووری سۆسیالیستی لەسەر بنەمای ژێرخانە لۆژیکییەکانی خاوەندارێتی و پێکهاتەی بەرهەمهێنان جیاوازن. سۆسیالیستەکان و ئابووریناسانی بازاڕی ئازاد مەیلیان هەیە لەسەر ئابووری بنەڕەتی، بۆ نموونە چوارچێوەی دابینکردن و داواکاری بگەنە ڕێکەوتن، لە هەمان کاتدا لەسەر گونجاندنە ئەرێنییەکەی و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی کاڵاکان ناکۆکن.
زۆرجار لە ڕووی کاراییەوە سۆسیالیزم و سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بەسەر دوو پرسی سەرەکیدا دابەش دەبن: مافی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان. لە ئابووریی سەرمایەداریدا تاک و کارگە تایبەتەکان خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن و مافی ئەوەیان هەیە قازانجیان لێ بکەن. مافی خاوەندارێتی تایبەت زۆر بە جددی وەرگیراوە و هەموو شتێک دەگرێتەوە. لە ئابوورییەکی تەواو سۆسیالیستیدا، کۆمەڵ خاوەندارێتی و کۆنترۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکات. موڵکی کەسی ڕێگەپێدراوە، بەڵام لە شێوەی کاڵای بەکاربەردا. خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە و گواستنەوەی گشتی لەلایەن حکومەتەوە بەخۆڕایی بەڕێوەدەبرێن و لەڕێگەی باجەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت.
لە ئابووری سۆسیالیستیدا، بەرپرسانی حکومی کە بە پلاندانەری ناوەندی ناسراون، دەتوانن ڕەفتاری بەرهەمهێنەران، بەکاربەران، پاشەکەوتکەران، قەرزوەرگران و وەبەرهێنەران کۆنتڕۆڵ بکەن. لە ئابووری بازاڕی ئازاددا بازرگانی خۆبەخشانە یان نایاساییە جێبەجێ دەکرێت. هەرچەندە ئەمە پێویست نییە – زۆر ڕێگە هەیە بۆ هەماهەنگیکردنی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵگەرایی بەبێ کۆنترۆڵی زاڵ و لەدەستدانی سەربەخۆی کەسی.
ئابوورییەکانی بازاڕ پشت بە کردارە جیاکراوەکانی تاکەکان دەبەستن بۆ دیاریکردنی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکاربردن. بڕیارەکان سەبارەت بە چی و کەی و چۆن بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی تایبەت لە ڕێگەی سیستەمێکی نرخەوە کە خۆ پەرەپێدراوە، هاوئاهەنگ دەکرێن، کە نرخەکان بە یاساکانی دابینکردن و داواکاری دیاری دەکرێن. لایەنگران دەڵێن کە نرخی بازاڕ بە ئازادی دەسوڕێتەوە و سەرچاوەکان ئاراستەی کارامەترین ئامانجەکانیان دەکەن. قازانج هاندەدرێت و بەرهەمهێنانی داهاتوو دەباتە پێشەوە.
ئابوورییە سۆسیالیستییەکان پشت بە حکومەت یان سەندیکای کرێکاران دەبەستن بۆ هاندانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن. بەکارهێنان ڕێک دەخرێت، بەڵام هێشتا بەشێکی بۆ تاکەکان جێهێڵراوە. حکومەت دیاری دەکات کە چۆن سەرچاوە سەرەتاییەکان بەکاربهێنرێت و باج لەسەر سامان دادەنرێت سەبارەت بە هەوڵەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی داهات. بیرمەندانی ئابووری سۆسیالیستی زۆرێک لە چالاکییە ئابوورییە تایبەتەکان بە ناعەقڵانی دەزانن، وەک ئاربیتراژ (ئاربیتراژ: Arbitrage  واتە:  کڕین و فرۆشتنی ئەو سەروەت و سامان، کە لە یەک کاتدا لە بازاڕە جیاوازەکاندا بە مەبەستی قازانج لە جیاوازی نرخەکان، ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت. بۆ نمونە نرخی کتێبێک لە کتێبفرۆشی ١٠ دۆلار بێت، بەڵام هەمان کتێب لە کتێبفرۆشی دیکەدا بە ١٥ دۆلار دەفرۆشرێت. ئەگەر کتێبەکەت بە ١٠ دۆلار بکڕیت و بتوانی بە ١٥ دۆلار بیفرۆشیت، ئەوا ٥ دۆلار قازانجت کردووە.)
 چونکە بەکاربردن یان "بەکارهێنان"ی دەستبەجێ بەرهەم ناهێنن. بەڵام مارکس سەرمایەداری بە پڕ لە دژایەتی و ململانێی چینایەتی و کێبڕکێی خۆ تێکدەر دەبینی. لە ئەنجامدا ئەو پێی وابوو سۆسیالیزم هەنگاوی لۆژیکی داهاتووە لە ئابووری سیاسی مرۆڤدا.

سۆسیالیزم بەرامبەر کۆمۆنیزم
کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم ئەو زاراوانەن کە ئاماژەن بۆ دوو قوتابخانەی بیرکردنەوەی چەپ. هەردووکیان دژی سەرمایەدارین، بەڵام سۆسیالیزم بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ "مانیفێستی کۆمۆنیست"، کە نامیلکەیەکە، لە ساڵی ١٨٤٨ی کارل مارکس و فریدریش ئەنگڵس نووسویانە. ئەمانە هەردووکیان فەلسەفەی ئابوورین کە پشتگیری لە خاوەندارێتی گشتی دەکەن، بەتایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئاڵوگۆڕی کاڵا لە کۆمەڵگەیەکدا. هەردوو فەلسەفەکە دژایەتی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد دەکەن، کە بە گوتەی ئەوان کرێکاران ئیستغلال دەکرێن و بۆشایییەکی فراوانتر لەنێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دروست دەکات.
بەڵام جیاوازی لەنێوان سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدا هەیە. لە ڕاستیدا کۆمۆنیزم دەتوانرێت بە مۆدێلێکی توندتر و گشتگیرتر لە سۆسیالیزم هەژمار بکرێت. لە کۆمۆنیزمدا هەموو موڵک و ماڵێک هاوبەشە. خاوەندارێتی تایبەت لە سۆسیالیزمدا نییە، تاکەکان هێشتا دەتوانن خاوەنی موڵکی تایبەت بن. کارل مارکس پێشبینی کردبوو کە ڕاپەڕینێکی توندوتیژی کرێکاری دژ بە چینی ناوەڕاست و باڵا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی کۆمۆنیستی، لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان مەیلیان بۆ گۆڕینی گۆڕان و چاکسازی بەبێ ڕووخانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زاڵ.
پرسیارە باوەکان
ئایا وڵاتێک دەتوانێت هەم سۆسیالیستی و هەم سەرمایەداری بێت؟ لەکاتێکدا سۆسیالیزم و سەرمایەداری بە شێوەیەکی تەواو دژ بەیەک دەردەکەون، بەڵام زۆربەی ئابوورییە سەرمایەدارییەکانی ئەمڕۆ، لایەنی سۆسیالیستییان هەیە. توخمەکانی ئابووری بازاڕ و ئابووری سۆسیالیستی دەتوانرێت لە ئابوورییەکی تێکەڵدا کۆبکرێنەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی وڵاتانی مۆدێرن بە سیستەمێکی ئابووری تێکەڵاو کاردەکەن. هەم حکومەت و هەم کەسانی تایبەت کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردن هەیە.
وڵاتانی سۆسیالیستی کامەن؟
ئەمڕۆ زۆر بە کەمی وڵاتان لە سۆسیالیزمی پاک نزیک دەبنەوە. ڕەنگە چین دیارترین نموونە بێت، حکومەتێکی کۆمۆنیستی بە شێوەیەکی کاریگەر زۆرێک لە پیشەسازییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی بە نیشتمانی کردووە. کۆمپانیا دەوڵەتییەکان تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئابووری چینن، هەرچەندە چەند هەنگاوێک بەرەو سەرمایەداری و ئازادکردن رۆیشتووە و هەندێک ناوچەی ئابوورییان دروستکردووە (بۆ نموونە لە شەنگەهای) کە کۆمپانیا تایبەتەکان دەتوانن پێکەوە بژین و قازانج بکەن. ئێستا بازرگانییە تایبەتەکان زیاتر لە نیوەی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی چین و زۆربەی هەناردەکردنەکانی چین بەرهەمدەهێنن.
دوای شۆڕشی کۆمۆنیستی لە ساڵی ١٩٥٩ و سەرهەڵدانی فیدڵ کاسترۆ وەک سەرکردەی کوبا، لە ئابوورییەکی سۆسیالیستی مارکسی-لینینی نزیک بووەوە. بەڵام دوای مردنی کاسترۆ، کوباش هەندێک ئازادکردنی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ٢٠١٩ کوباییەکان دەنگیان بە دەستوورێکی نوێ دا، کە مافی خاوەندارێتی تایبەت و دەستڕاگەیشتنێکی زیاتری بە بازاڕە ئازادەکان بەخشی، لە هەمان کاتدا سیستەمی سیاسی سۆسیالیستییان پاراست.
دوا ئابووری سۆسیالیستی مارکسی-لینینی کە ماوەتەوە و هیچ چاکسازییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئابووری کۆریای باکورە. کۆریای باکوور تاکو ئێستاش بە دیکتاتۆرییەکی کۆمۆنیستی و ئابوورییەکی فەرماندەیی داخراو بەڕێوەدەبرێت، کە بە پلانی وردی ناوەندی بەڕێوەدەبرێت. لائۆس کە وڵاتێکی دیکەی ئاسیایە، هەروەها وڵاتێکی سۆسیالیستییە، بەڵام لە کۆریای باکوور کراوەترە.

ئایا سۆسیالیزم باشترە لە سەرمایەداری؟
ئەم پرسیارە مشتومڕێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایە. سەرمایەداری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەورەترین بەرزبوونەوەی سەروەت و سامان و ستانداردەکانی ژیانی لەگەڵ داهێنان بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام سەرمایەداری کە بە هۆی کێبڕکێی توندەوە بۆ قازانج و پشکی بازاڕ، بە هۆکاری زیادبوونی نایەکسانی سامان و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نامۆبوون و ئیستغلالکردن و نەهامەتییەکانی چینی کرێکاریش تاوانبار کراوە. لە لایەکی دیکەوە سۆسیالیزم بە گەڕانەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ چینی کرێکار بەڵێنی یەکسانی دەدات. بەم کارە نایەکسانی سامان زۆر کەم دەبێتەوە و کۆمەڵگە بە گشتی ڕەنگە گەشە بکات. بەڵام خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و ڕکابەری کەمتر، ڕەنگە ڕێگری لە داهێنان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بکات. جگە لەوەش، خەڵک بەگشتی هۆشیارن بەرامبەر وازهێنان لە ئازادی کەسی (هەرچەندە ڕەنگە بۆ چاکەی گەورەتر بێت) چونکە حکومەتەکان هەڵبژاردنی بەرهەمهێنان و بەکاربردن ئاراستە دەکەن.
سەرچاوە:
https://jabbarian.com/what-is-socialism/
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved