دۆخی سوریا لە روانگەی ئێرانەوە

راپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە دۆخی سوریا لە روانگەی راگەیاندن و شرۆڤەکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە:
ئامادەکردنی: دیجیتاڵ میدیای بۆردی هۆشیاری
ئێران و روخانی ئەسەد:
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وتارەێکدا کە ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش ئەکرا، بەشێک لە خەڵکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی شۆک کرد: نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە ئەوەی لە سوریا ڕوویدا بەرهەمی پلانێکی هاوبەشی ئەمریکی و زایۆنیستییە.
بەبێ ئەوەی بە تایبەتی ناوی وڵاتێک بخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتێکی دراوسێی سوریا ڕۆڵێکی ئاشکرای لەم ڕووەوە هەیە و دەگێڕێت".
محەممەد جەواد زەریف، جێگری ستراتیجی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی سەر بە ڕێکخراوی بەسیج، باسی لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە "قەیرانی سوریا بە داخەوە ڕوونە".
لە کاتێکدا شرۆڤەکاران شکستەکانی ئێران لە لوبنان و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا بە پیی پێگەی ستراتیجی  ناوچەیی تاران، بە نیشانەی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی دەزانن، عەلی خامنەیی لە وتارەکەیدا ئەم بابەتەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، "هەرچییەک بەسەر بەرەی بەرخۆداندا بێت و ڕووبەڕووی هە دۆخێک بکرێتەوە، بەهێزتر دەبێت."
ئەمە لە کاتێکدا بوو هاوپەیمانی نەیارانی ڕژێمی ئەسەد بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریری شام کە لقی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە بوو لە سوریا، بە دەستبەسەرداگرتنی شارە جۆربەجۆرەکانی سوریا لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا کۆتایی بە دەسەڵاتی پێنج دەیەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

لە دوای گەیشتنی ئەو گرووپە بۆ دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران زاراوەکانی خۆیان گۆڕی و لە جیاتی وشەی "تیرۆریست و تەکفیری" کە پێش ئەوە زۆرجار لە تەلەفزیۆنی ئێراندا بەکاردەهێنران، دەربڕینەکانی وەک "چەکدارەکان" یان "گرووپە چەکدارەکان"یان بەکارهێناوە.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە وتارێکیتریدا، فەتحکەرانی نوێی پایتەختی سوریای بە "داگیرکەر" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئامانجەکانیان جیاوازە. بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا "هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات"، وتی: "کات نیشان دەدات کە هیچ کام لەم ئامانجانە بەدی ناهێنرێت".
ڕێبەری تەمەن ٨٦ ساڵەی ئێران کە قسەی کۆتایی لەسەر هەموو بڕیارە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی هەیە، زیادی کرد: ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا لە لایەن گەنجە بە پەرۆشەکانی سوریاوە ئازاد دەکرێن. عەلی خامنەیی زیادی کرد: ئەمریکا لە لایەن بەرەی خۆڕاگرییەوە لە ناوچەکە دەردەکرێ.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ڕووخانی بنەماڵەی ئەسەد، کە نیو سەدە بە مشتێکی ئاسنین حوکمڕانی سووریایان کرد، گورزێکی سەختە بۆ ئێران کە وەبەرهێنانی سیاسی و دارایی و سەربازی لەم وڵاتەدا کردووە، بەڵام ئێستا بەرژەوەندییەکانی لە مەترسیدایە.
ڕووخانی ئەسەد لە سوریا تا چەند سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتیی تەسنیم، (ئاژانسی هەواڵی تەسنیم - یەکێک لە میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران) مەنسوور بەراتی، لێکۆڵەری پرسەکانی ئیسرائیل، لێکەوتەکانی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە سوریا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی تاوتوێ کردووە، پێی وایە ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەمەریکا و تورکیاوە لەو پێشهاتە ئاگادار کرایەوە و لێی بێدەنگ بوو، چونکە سوودە کورتخایەنەکانی ئەم گواستنەوەیە زۆر بەرچاوە.
بەڵام لە لایەکی ترەوە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم پرۆسەیە بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە یان نا؟  دەڵێت: دەبێت مەودای کورتخایەن لە گەشەسەندنی درێژخایەن جیا بکەینەوە.
لە کورتخایەندا پرۆسەی گەشەپێدان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا دەگونجێت، ئەمەش دەتوانرێت بە دوو شێوە شیبکرێتەوە؛ یەکەم: پێکهێنانی "بۆشایی دەسەڵات" لە سوریادا ڕاستەوخۆ سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە و ئەم ڕژێمە دەتوانێت لە هەلومەرجی قەیرانی سیاسی و ململانێی ناوخۆی سوریا هێرش بکاتە سەر ناوچەی زیاتر و دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ناسەقامگیری بۆ ناوچەکانی دیکە و بۆ ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێکی گروپە سوریاییەکان بۆ ئەم ناوچەیە لە داهاتوودا.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە دوور مەودا ئەم پێشهاتانە دەتوانن لە کۆتاییدا زیان بە زایۆنیستەکان بگەیەنن؛ ئەگەر حکومەتێکی یەکگرتوو لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەم وڵاتەدا پێکبهێنرێت، شاهیدی ئەوە دەبین کە بەشە دژە ئیسرائیلییەکانی ئایدۆلۆژیای حکومەتی نوێ، کە ڕەگ و ڕیشەی ئیخوانیان هەیە، وردە وردە چالاک دەبن و هەڵوێستێکی بەهێزیان دەبێت دژی ئیسرائیل.

سوریا دوای ئەسەد؛ هەڕەشەیەکی تووندتر دەبێت بۆ سەر ئیسرائیل:
محەممەد هادیفەر لە شرۆڤەیەکی ئاژانسی کورد پرێسی ئێرانیدا ئاماژە بە ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد و سەرەتای سەردەمی دوای ئەسەد دەکات و دەڵیت سووریا بووەتە گۆڕەپانی بەرژەوەندییە دژ بەیەک و ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان. ئەم پێشهاتانە کە پەیوەستن بە زیادبوونی کاریگەریی گروپە سەلەفیەکان لە لایەک و بوونی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لە لایەکی دیکەوە، دەتوانن مەترسییەکی جددیتر لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن.
ڕەنگە لەم بارودۆخەی ئێستادا قبوڵکردنی ئەم بانگەشەیە قورس بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە ناوچەییەکان و سروشتی ئایدیۆلۆژیای فەتحکەرانی دیمەشق، هەروەها پێگەی جیۆپۆلەتیکی سوریا، کە وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە سوریای دوای بەشار ئەسەد، ئیسرائیل نابێت هەست بە ئارامی بکات.
 
هادیفەر ئاماژە بەوە دەکات دوای ٥٤ ساڵ حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد، حکومەتی بەعسی سوریا لە ١٧ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەبێ هیچ بەرگریکردنێکی ئەوتۆ، دەسەڵاتی ڕادەستی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کرد. لە ماوەی ١٣ ساڵی گرژییە خوێناوییە نێوخۆییەکاندا، چەندین جار حکومەتی ووڵات هێنرایە لێواری داڕمان، بەڵام بەهۆی پێگەی ستراتیژی و ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا، هەر بەپێوە وەستابوو.
ئەکتەرەکانی سەر شانۆ:
ئەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی سوریا کە هەریەکەیان ستراتیژی جیاوازیان هەیە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لەم پێشهاتانەدا هەبووە:
١. ڕووسیا
ڕووسیا وەک گەورەترین لایەنگری حکومەتی سوریا، ئەم وڵاتەی وەک هێڵی پێشەوەی دژ بە هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینی. ڕووسیا تەنانەت دوای شەڕی ساردیش بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا پاراست. سیستەمی سیاسی سوریا بە تێکەڵەیەک لە ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و ناسیۆنالیستی، تا ڕووخانی ئەسەد لە ژێر پشتیوانی مۆسکۆدا مایەوە.

٢. ئێران
ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا دووەمین هاوپەیمانی سوریا بووە، ئەم وڵاتە تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە لە شەڕی عێراق و ئێراندا لە پاڵ ئێران وەستابوو، لە دوای ئەسەدی باوکەوە چاوەڕوان دەکرا ئەسەدی کوڕ چاکسازیی سیاسی دەستپێبکات، بەڵام نەیکرد. گێژەڵوکەی بەهاری عەرەبی هاتە ئاراو باهۆزەکان رویان لە سوریاش کرد، بەڵام بەهۆی ڕۆڵی هاوسەنگکردنی لە ڕۆژئاوای ئاسیادا لە سەر پێ مایەوە. دوای بەهاری عەرەبی، ستراتیژی ئێران لە سوریا لەسەر پاراستنی هێڵی پێشەوەی بەرەی خۆڕاگری بوو، ئەسەدی کوڕیش ئەم تێڕوانینەی بەکارهێنا، بە لووت بەرزانە ئەم ئاسایشەی بەهۆی دەسەڵاتەکەیەوە دەزانی، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بە بیانووی جۆراوجۆر هێرشی کردە سەر نەیارەکانی و وردە وردە خۆی لە بەرەی بەرخۆدان دوور خستەوە و کاتێک لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر نزیک بووەوە، ئامادەکارییەکان بۆکۆتایی پێهاتنی دەستی پێکرد.

٣. تورکیا
ستراتیژی تورکیا لە سوریا لەسەر بنەمای بیرۆکەی عوسمانیزم و بەهێزکردنی قووڵایی ستراتیژی لە ڕۆژئاوای ئاسیا دامەزراوە. ئەم سیاسەتە بریتی بووە لە پاڵپشتیکردنی بەشێک لە بزووتنەوە تەکفیرییەکان، بەهێزکردنی بەشێک لە کورد (ئەنەکەسە و هێزی رۆژ) بە ئامانجی سەرکوتکردنی گرووپە کوردییەکانی دیکە (تەڤدەم و یەپەگە). سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان شلە و بە هەڵاوسان و دوودڵی  سیاسی بەناوبانگە.

٤. ئەمریکا
ستراتیژی ئەمریکا لە سوریا بریتی بووە لە دروستکردنی قەڵغانێکی ئەمنی بۆ ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی نفوزی ڕوسیا و سنووردارکردنی میحوەری بەرخۆدان بە سەرۆکایەتی ئێران.

٥. وڵاتانی ئەوروپا
ئەوروپا بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە مێژووییەکانی لە ناوچەکەدا، سوریا بە پێگەیەکی گرنگ دەزانێت بۆ خۆی و دەخوازێت کاریگەری هەبێت. لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت.

داهاتووی سوریا:
هەرچەندە داهاتووی سوریا لە دۆخێکی ناڕووندایە، بەڵام پێدەچێت بەم زووانە گرژییە سیاسییەکان لەنێو فەتحکەرانی بە وەکالەتدا دەستپێبکەن. ئیسرائیل، کە لەمەوبەر تەنها مامەڵەی لەگەڵ یەک حکومەتدا دەکرد، ئێستا فراوان بووە بۆ دەیان فیکر و ڕەوتی ئایدیۆلۆژی. ئیسرائیل زۆر نیگەرانە لە دەستڕاگەیشتنی ئەو گروپانە بە کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو، لەبەر ئەم هۆکارەش، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەترسیەکانی ئەم فەتحکەرانەی دیمەشق ژێرخانی سەربازی و بەرگری سوریا بە توندی دەکاتە ئامانج.
هەندێک لە شرۆڤەکاران و زلهێزەکان، ئیسرائیل بە براوەی ڕووخانی حکومەتی ئەسەد دەزانن، بەڵام بێ ئاگان لە سروشتی فیکریی گروپە سەلەفیەکان و بەرەی خۆڕاگری بە وابەستەی حکومەتی ئەسەد دەزانن. بەڵام ئەوە لەبەرچاو ناگرن کە بە گوێرەی عەقیدەی سەلەفییەکان و ئایەتەکانی قورئان، ئیسرائیل دوژمنی سەرەکیی ئەو ڕەوتانەیە، کە حوکمڕانی سوریا دەکەن. هەربۆیە هەر هێورکردنەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل دەبێتە هۆی جیابوونەوە لە نێوان فەتحکەرانی بە وەکالەت و شوێنکەوتووانی ئەوان.
کەوتنی ئەسەد دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی نوێ لە هاوکێشە ناوچەییەکان. گروپە سەلەفیەکان و میلیشیای بە وەکالەت، سەرەڕای ناکۆکی ناوخۆیی خۆیان، لە دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل هاوڕادەبن. لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەسەد، پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. سوریا لە دەوڵەتێکی مەرکەزییەوە بە پەیوەندییەکی کۆنتڕۆڵکراو لە گەڵ ئیسرائیل دەگۆڕدرێت بۆ ناوچەیەکی نائارام و پڕ لە ئەکتەری جۆراوجۆر و پێشبینی نەکراو.
بە هۆی پەیوەست بوونی گرووپە سەلەفیەکان بە بەشێک لە بەرەی خۆڕاگری، ڕۆڵی ئەوان لەم پێشهاتانەدا دیاری دەکرێت و تاران لە دوای ئەسەد هەوڵی پاراستنی کاریگەری خۆی لە سووریا دەدات. ئەم پرسە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هاوکاریکردنی بەرەی بەرخۆدان.
لە لایەکی دیکەوە تورکیا لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە باکووری سووریا، ڕەنگە ڕوو لە هاوپەیمانی ناجێگیر و کاتی لەگەڵ هەندێک گرووپی دژبەری ئەسەد بکات. ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانن ململانێی نوێ لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل دروست بکەن.
هۆکارەکانی شکستی یازدە ڕۆژەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد چین؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گرووپی نێودەوڵەتیی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە ڕووی لۆژیکی سەربازییەوە، هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە لێواری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب (کە ململانێکان لێیەوە دەستیپێکردووە) بوونی بەهێزی هەبووە. تاقمەکانی ئۆپۆزسیۆن باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی بەرەی مقاومە لەم ناوچەیەدا زیاتر لە ٣٠ بنکەیان هەبووە، بەڵام رەنگە ئەمە قەبە کرابێت. رەنگە بەرەی بەرخۆدان بەلایەنی کەمەوە لە ١٧ خاڵدا بنکەیان لەم ناوچەیەدا هەبوبێت. بێگومان دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم بنکانە لە ڕاستیدا بەقەد سەربازگەکان گەورە نەبوون. بەڵکو هەندێکیان لە ئاستی بازگەیەکدا بوون.
دوابەدوای شەڕی باشووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، زۆربەی ئەو هێزانە گەڕانەوە بۆ لوبنان و بۆشایی دەسەڵات لەم ناوچەیەدا دەرکەوت. پێشبینی دەکرا ئەم بۆشاییە لەلایەن سوپای سوریاوە پڕبکرێتەوە، بەڵام سوپای سوریا خۆش خەیاڵ بەو ئاگربەستەی کە هەبووە، رێوشوێنی پێویستی نەگرتە بەر، چونکە لە ماوەی ٥٦ مانگی ڕابردوودا ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا پارێزراو بوو.
کتوپڕ بارودۆخەکە بەشێوەیەکی جیاواز لە ئێوارەی هەینی گۆڕا و نیشانەکانی خیانەت یان مامەڵەکردن زیاتر دەرکەوتن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاسانی چوونە ناو شاری حەلەب.
هەروەها لەو سەروبەندەدا هەڵسوکەوتی لایەنە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات. لە پێش هەموویانەوە ڕووسیا. ئەو هەڵسوکەوتە نوێیە ئەو گومانە دەردەخات کە داخۆ لەم ڕووەوە روسیا ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیە کردووە یان نا؟
لەگەڵ ڕووخانی حەلەب، هەندێک پرسی بنەڕەتی لە یەک کاتدا دروست بوون. یەکەم: بەشێک لە کۆمەڵگای سوریا و بریکارەکانی حکومەتی سوریا، لەوانەش هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی سوریا، ئەگەری ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان بە جددیتر وەرگرت.
یەکێک لەو پرسە ڕەگ و ڕیشەی ئابووری بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئەم وڵاتەی خستبووە دۆخێکی داڕمانی ئابوورییەوە. بێکاری و هەژاری توندتر بووبوو و 80%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون.
بەڵام لە پارێزگای ئیدلب کە دەستەی تەحریر شام لێی بوو، سەرەڕای کێشە ئابوورییەکان، دۆخەکە باشتر بوو. بۆیە ئەم گروپە چەند جارێک باجیان زیاد کرد. زیادکردنی باج بۆ خۆی نیشانی دا کە کۆمەڵگا لەم پارێزگایە توانای زیاتری باجدانی هەیە.
پرسی دووەم کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕووخانی هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئەسەد، کێشەی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بوو. بە تایبەتی ڕۆڵی ڕووسیا لە پێکهێنانی ئەم نائومێدییە لە ڕادەبەدەر کاریگەر بووە.
مەسەلەی سێهەم نەبوونی هەوڵی جددی لەلایەن دیمەشقەوە بۆ دروستکردنی ڕوانگەی گەشەکردن و گەشەسەندن لەناو کۆمەڵگادا لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا. لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەم وڵاتە، تەنانەت  چەند ساڵێک دوای کۆتایی هاتنی ململانێیەکی سەربازی، لابردنی مین ئەنجام نەدراوە. ئیدی چۆن دەکرێت کۆمەڵگا بگات بە دیدگایەک بۆ باشترکردنی دۆخەکە و بەو خەونەوە چاوەڕێ بکات.

هاوپەیمانی ترسناکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریا شکست دەهێنێت:
بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێرش بۆ سەر سوریا دەرئەنجامی داڕشتنی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە. ئەم هاوپەیمانییە نەخوازراوە بە هۆی ناکۆکی ناوخۆیی و خۆڕاگری خەڵکی ناوچەکە شکست دەهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گرووپی سیاسەتی دەرەوەی ئیرنا، حەسەن هانیزادە، شارەزای پرسە نێودەوڵەتییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیرنا، لە شیکارییەک بۆ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە ئاماژەدان بە تاوانە بەربڵاوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە سوریا، غەززە و لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە  ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لاوازکردنی گروپەکانی بەرخۆدان و ناسەقامگیرکردنی پێکهاتە یاساییەکانی وڵاتانی ناوچەکەیە.
ئەم شارەزایە لە پرسە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاماژەدان بە بەڵگەی بەردەست و ڕۆڵی ناوەندە بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان، شکستی ئەم هاوپەیمانییەی بە دڵنیایی زانی و هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێبوونی بەڵێنە ئیلاهییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.
لەو چوارچێوەیەدا، ناوبراو دەڵێت: ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە؛ بەڵگە هەیە کە هێرش بۆ سەر سووریا بەشێک بووە لە پلانی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی..
هانیزادە ئاماژەی بەوەدا: ئەو خاڵەی کە پێویستە سەرنجی بدەین ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە، هەمیشە هەوڵی سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی داوە بە دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە و تیرۆر. لەو کاتەوە ئەم بابەتە بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی و  ناسەقامگیری بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
ئەم شارەزایە لە پرسە نێودەوڵەتییەکان درێژەی دا: لە ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی ڕووداوی ٧ی ئۆکتوبەر شاهیدی تاوانە بەرفراوانەکانی ڕژیمی زایۆنیستی بووین. ئەم تاوانانە کە ڕەهەندی مێژووییان هەیە، بریتین لە شەهیدکردنی زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس لە غەزە و کردەوەی دڕندانە لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە. لەم نێوەندەدا کۆلۆنیالیستەکانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنی، وەک ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەو تاوانانە بە کەڵک وەرگرتن لە پشتیوانی دارایی و چەک درێژەیان بە کارەکانیان داوە.
ناوبراو وتی: ژوورەکانی هزری ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکی و ئەوروپایی ڕۆڵیان له داڕشتن و ڕێنوێنی کردنی ئەو پێشهاتانەدا بینیوه و ڕژێمی زایۆنیش وەک جێبه جێکاری ئەو بەرنامانه، گرووپه کانی خۆڕاگری و پێکهاته یاساییه کانی وڵاتانی ناوچه که ی لاواز کردووه .

هانیزادە، بە ئاماژەدان بە رەهەندی شاراوەی پرۆگرامەکانیان،  بۆ نمونە بیانوی پشتیوانی لە دیموکراسی وەک پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەکانی حکومەتی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانییە ڕەشەی  لە ناوچەکەدا دروست بووە و دژی گەل و گروپە خۆڕاگرەکان و بزوتنەوەکانی ئازادی مامەڵە دەکات، بەپێی بەڵێنی خودا، لە کورتترین کاتدا دەشکێت.
ئەم شارەزایە لە پرسە نێودەوڵەتییەکان لەم چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند: لە سوریا هەرچەندە ڕەنگە ئەم کردەوانە بۆ هەندێک وەک دەستکەوت هەژمار بکرێن، بەڵام زۆری پێناچێت ناکۆکی نێوان گروپەکانی ئامادەبوو لەم وڵاتەدا ئاشکرا دەبێت و یەک دەخۆن. هەروەک ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی ئاماژەی پێکرد، تێپەڕبوونی کات ڕاستییەکان ڕوون دەکاتەوە. دوای ماوەیەکی کورت گەلی سوریا بە دوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت و تێدەگات کە ئەو نەهامەتی و بەڵایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە، هەلومەرجێکی زۆر سەختترو دژوارترینا لە چاو جاران بۆ دەخولقێنێت. لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا هانیزادە ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خودا دڵنیایە و زەمەن زۆر ڕاستی ئاشکرا دەکات.

ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و لێکەوتەکانی بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوانگەی شارەزایانی ئێرانی سەر ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ووڵاتی ئێران:
لە بەرامبەر تێڕوانین چاودێرانی سیاسی سەربە کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک لە پسپۆڕان و چاودێرانی ئێرانی شیکاری و تێڕوانینی خۆیان لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژانی کۆتایی و ڕووخانی دیمەشق نووسیوە، بۆیە لێرەدا ئاماژە بە تێڕوانینی ئەوانیش دەکەین:
"ساڵی ڕەشی بەرەی خۆڕاگری "
حەبیب حوسێنی فەرد، شرۆڤەکاری سیاسی:
ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی شۆک ئامێز بوو بۆ کۆماری ئیسلامی، ساڵی زەبری بنەڕەتی بوو، لە هەموو ئەو پایە دەسەڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا لە ژێر ناوی "بەرەی خۆڕاگری قووڵایی ستراتیژی "دا بنیاتنرابوو.
بۆ دروستکردنی ئەم بەرەیەش تێچوویەکی کەم سەرف نەکرا.  عەلی خامنەیی بە پشتبەستن بەو بەرەیە و هێزی مووشەکی و بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی سەیر بە دەسەڵاتی حکومەتەکەی سەرمەست بوو. وەهمی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام لە مێشک و قسەکانیدا ڕەنگی ئەدایەوە و بەتایبەتی "گۆڕەپان" بە واتای بوونی سەربازی ڕاستەوخۆ یان نوێنەرایەتی لە ناوچەکەدا کە سەرچاوە و خوڵقێنەری "میحوەری بەرخۆدان" بووە وەک فاکتەری گرنگ لە "هاوسەنگی هێز لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ئالنگاری دەسەڵات و هەژموونی ئەمریکای دەکرد لە ناوچەکەدا".

هێرشی کارەساتبارانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، لە ڕوانگەی خامەنەییەوە وەک جەنگێکی بێ ڕەکابەر بووە بۆ هێزی بەرەی خۆڕاگری. هەر بۆیەش بە تەواوی پشتیوانی لێکرد. ئەو ئەم کارەی وەک "خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی" لە ڕووبەڕووبوونەوەی "ڕژێمی زایۆنیستی" و هۆکاری "پشت شکاندنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە" ناساند. ئەم ڕووداوە، لە ڕاستیدا سەرەتای گورزێکی بنەڕەتی و لاوازبوونی توندی هێزی بەرەی بەرخۆدان بوو. ئەم "بەرەیە" دوای ئەو گورزە سەختانەی کە لە حەماس و حزبوڵڵا درا و لەگەڵ کەوتنی ئەسەد زیاتریش داڕما.
لە میانەی ئەو کردەوە و لێدوانە ئەرێنیانەی لەئێستادا لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە دەبینرێت و دەبیسترێت ئەوانەی وا بەسەر سوریادا زاڵن، بە ئاسانی دەتوانن گەشبینی دروست بکەن کە سوریای دوای ئەسەد بەبێ ناکۆکی و کێشە و گیر وگرفتی زۆرەوە بەرەو دیموکراسی و ئاشتی و سەقامگیری هەنگاو بنێت.
 بەڵام لە واقیعی بابەتەکەدا هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەم وڵاتە لە ڕادەبەدەر هەژارە و بەو هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینییە و بە بووونی جەماوەرێکی شەش ملیۆن پەنابەریەوە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دەربەدەر بوون، بگاتە کەناری ئارام. بە بوونی دیکتاتۆریەتێکی درێژخایەن و نەبوونی ئەزموون و کولتووری دیموکراسی و زاڵبوونی گروپەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن کە پەیڕەوی ئیسلامیزمی توندڕەو دەکەن؛ لە لایەک و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی وڵاتانی دراوسێ  لە لایەکتر، دەپرسین داخۆ ئەو وڵاتە دەتوانێت هەنگاوێک بەرەو ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بنێت و ڕووبەڕووی تەحەدای جددی نەبێتەوە؟!
هەموو ئەمانە لە شکستی گەورە و قەرەبوو نەکراوی سیاسەتی ناوچەیی، کە لەسەر بنەمای "گۆڕەپان و بەرەی خۆڕاگری و قووڵایی ستراتیژی" کۆماری ئیسلامی دامەزراون، کەم ناکەنەوە. دەکرێ بیر لەوە بکرێتەوە، کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و نوخبەی دەسەڵاتداری حکوومەت کاتێک چاوەڕوانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیان بەو خێراییە نەدەکرد، ئێستا لە شۆکێکی گەورەدان. بێدەنگی فەرمی تاران ئاماژەیە بۆ ئەم شۆک و سەرلێشێواوییە.
شکستی سیاسەتەکانی خامنەیی و ئەو گومانەی کە لەم شکستە لە دڵسۆزانی خامەنەیی و ڕانتخۆرانی سەرسەختی ویلایەتی فەقێ سەرهەڵدەدات، ئامرازێکی گونجاوترە بۆ چڕکردنەوەی ناکۆکی و گوشارەکانی ناوەوە و دەرەوەی حکومەت لەسەر نوخبەی سەرسەختی دەسەڵات و دەرفەتێکی نوێ و بێ وێنەیە بۆ دیموکراتیزە کردن و دەرهێنانی ئێران لەو یاسا و پێکهاتە و ڕێبازانەی کە ماوەی ٤٥ ساڵە وڵاتیان بەرەو داڕووخان و پاشەکشە بردووە.

شکستی عەقیدەی عەلی خامنەیی
فریشتە پزیشک، شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی:
بۆ ئەوەی باشتر لە کاریگەرییەکانی دۆخی سوریا تێبگەین، پێویستە لە چەند گۆشەنیگای جیهانی، ناوچەیی، ناوخۆیی و هەروەها لە ڕوانگەی ئێرانەوە لە دۆخەکە بکۆڵینەوە. هەرکام لەو ڕەهەندانە ئەو ئاڵۆزی و بەرژەوەندییە دژبەیەکانە نیشان دەدەن کە ڕاستی جیۆپۆلەتیکی سوریایان لە قاڵب داوە.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. بە زۆری ژمارەی دانیشتوانی کۆچبەرانی سووری و خواستی زیادکردنی نفوزی خۆی لە سوریا لە دژی ئێران. تورکیا ئێستا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە هێزە کوردییەکان سەرکوت بکات و بەشێک لە کۆچبەرە سوورییەکان بگەڕێنێتەوە. وڵاتانی عەرەبی کە ساڵانێکە هەوڵی کەمکردنەوەی نفوزی ئێران دەدەن لە سوریا، ڕەنگە ڕووخانی ئەسەد و حزبوڵڵا بە سەرکەوتنێکی ستراتیژی ببینن، بەڵام سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییەکان، یان ناسەقامگیرییە نوێیەکان دەتوانێ تەحەدایەک بێت بۆ ئەوانیش. هەرچەندە ئیسرائیل سوود لە لاوازی ئێران لە سوریا وەردەگرێت، بەڵام بۆ ئەم وڵاتە نیگەرانییە ئەمنییەکان بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییەکان لە دوای ئەسەد هێشتا هەر ماون.
بۆ ئێران پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە گورزێکی ترسناک دادەنرێت. لە دوو دەیەی ڕابردوودا عەقیدەی عەلی خامنەیی لەسەر ئەو پرەنسیپە دامەزرابوو کە، نابێ ڕێگە بدرێت دوژمن بچێتە ناو سنوورەکانەوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تەرکیز لەسەر دروستکردن و بەهێزکردنی میحوەری بەرخۆدان بووە لە وڵاتانی وەک عێراق ، سوریا، یەمەن و فەلەستین. ئەم ستراتیژە کە هاوڕێ بوو لەگەڵ وەبەرهێنانێکی گەورەی سەرچاوەی مرۆیی و ئابووری و سیاسی بۆ پشتیوانی لە حیزبوڵڵا و بەشار ئەسەد ، ئێستا ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە. ئەم شکستە پرسیاری جددی لەکن لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ورووژاندووە: "چارەنووسی ئەسەد و هێزەکانی خۆڕاگری تا چەند دەتوانێت ڕەنگدانەوەی داهاتووی خۆیان بێ؟".

لە ئەنجامی زیاتر لە دە ساڵ شەڕی ناوخۆ، ئابووری و کۆمەڵگەی مەدەنی سوریا بە تەواوی وێران بووە. ئەم شەڕە نەک هەر زیانێکی ئابووری بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو دابەشبوونی قووڵی لە کۆمەڵگەی سوریادا دروستکردووە. بەدووری نازانرێت ململانێی ساڵانێک بە چەند ڕۆژێک، هەفتەیەک یان چەند مانگێک چارەسەر ببێت.
بەڕاستی ئەمڕۆ زۆر کەس بە کەوتنی ئەسەد دڵخۆشن. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دووبەرەکی قووڵی نێوان گەلی سوریا یان ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان چارەسەر کراون. بیرکردنەوە لەوەی کە ئەمە دوا لاپەڕەی قەیرانی سوریایە و ڕووداوەکانی داهاتوو تەحەدای جددی و  بۆ ناوچەکەو دانیشتوانی سوریا لە گەڵ خۆی نەهێنێت بیر کردنەوەیەکی گەمژانەیە. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم تەحەددایانە، نەک تەنها چارەنووسی سوریا بەڵکو داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕیکخستنی جیهانیش دیاری دەکات.

مەترسی بۆ ئێران و دەرفەت بۆ ئیسرائیل:
عەلی مەعموری، شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:
کەوتنی خێرای دیمەشق بە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە، سوریای بەسەر سێ لایەنی سەرەکیدا دابەشکرد: یەکەم/هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ناوچەکانی ناوەڕاست و سنوورەکانی باکور و باشووریان کۆنترۆڵکردووە. دووەم/ هێزە کوردییەکان کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشت دەکرێن و ئەوانیش ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتیان کۆنترۆڵکردووە. سێیەم/ هێزە عەلەوییەکان کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنان هەیە، لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا جێگیرن. پێدەچێت ئەم دابەشبوونە ببێتە هۆی نائارامی و ململانێی ئایینی و نەتەوەیی.
گەورەترین کاریگەری ئەم پێشهاتانە لەسەر سیاسەتی ناوچەییە. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەبێتە هۆی پەکخستنی میحوەری ئێران – حزبوڵڵا – سوریا و کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها وڵات بەرەوڕووی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل دەبێتەوە. ئیسرائیل زۆرترین سوود لەم پێشهاتانە وەردەگرێت، چونکە دەتوانێت حزبوڵڵا لە سوریا جیابکاتەوە و تۆڕی پەیوەندییەکانی ئەو بەرەی بەرخۆدانەی کە بە سوریادا تێپەڕیوە بە تەواوی ببڕێت.
بۆ ئێران لەدەستدانی ئەسەد بە واتای گورزێکی سەختە لە تۆڕی دەسەڵاتی ناوچەیی ئەو وڵاتە، کە پێشتر بەهۆی لەدەستدانی حەماس و گورزی قورس لە حزبوڵڵا زیانی پێگەیشتبوو. ئەم دۆخە ئێران ناچار دەکات پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکانیدا بکات.
هەروەها ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، عێراق، ئوردن و لوبنان بەرەوڕووی هەڕەشەکانی وەک زیادبوونی توندوتیژی و لێشاوی پەنابەران و گرژییە مەزهەبییەکان دەکاتەوە. جگە لەوەش، ڕەنگە داڕمانی سوریا ببێتە هۆی ناسەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا و دابەشبوونی نەتەوەیی و ئایینی ڕەنگە ململانێکان گەورەتر بکات. پێدەچێت نەبوونی حکومەتێکی یەکگرتوو و دانپێدانراوی نێودەوڵەتی ببێتە هۆی بەردەوامبوونی ئابڵۆقەکان و خراپتربوونی قەیرانی ئابووری و مرۆیی لە سوریا.
لە ئەنجامدا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانکاریی گەورەی لە نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردووە، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر نفوزی ئێران و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئیسرائیل، هاوکات نائارامی ناوچەیی توندتر کردووە.

کۆماری ئیسلامی: نهێنی مانەوە و داڕمانی حکومەتی ئەسەد
شەهلا شەفیق، کۆمەڵناس
حکومەتەکەی بەشار ئەسەد وێڕای بانگەشەی عەلمانییەت، لەگەڵ حەماس، حزبوڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و گروپە جیهادییەکانی دیکە، یەکێک لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی "میحوەری خۆڕاگری" ئیسلامیی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بوو، کە کۆماری ئیسلامی تێیدا یاری کرد و بەردەوامیشی هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت. "پۆگرۆمی" (هێرشیکی تووندوتیژ دژی نەتەوەیەک بە ئامانجی لە ناو بردن، لێرەدا مەبەست نەتەوەیی جوولەکەیە) ٧ی ئۆکتۆبەر بە هەمان میحوەر بە ئیدیعای ڕاستکردنەوەی مافەکانی گەلی فەلەستین دیاری کرا، بەڵام جگە لە مردن و ئاوارەبوون هیچی تریان دەست نەکەوت. ئێستاش دوای لێدان لە دژی هێزە سەربازی-ئەمنیەکانی میحوەری بەرخۆدان، بینەری داڕمانی حکومەتی سوریاین. جێگای سەرنجە کە بەشار ئەسەد لە هەمان کاتدا پشتی بە سوپای پاسداران و حیزبوڵڵا بەستبوو بۆ سەرکوتی خوێناوی نەیارەکانی، لە دژی ئیسلامیزم و جیهادیزم خەباتی دەکرد بۆ ڕەوایەتیدان بەم سەرکوتکردنە. سیاسەتێک کە دواجار بوو بە هۆی کردنەوەی گۆڕەپانێک بۆ گەشەی ئیسلامییەکانی دژ بە حکومەتەکەی.
لەبیرمان نەچێت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئیسلامیزم ڕۆڵی لە گرووپە ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە و بەردەوامیشی هەیە. لە هەمان کاتدا ئامرازێکی کاریگەرە لە دەستی حکومەتە ڕکابەرەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە. بەڵام نموونە ڕوونەکانی ئەزموونی پراکتیکیی ئیسلامیزم، چ لە جۆری شیعە (کۆماری ئیسلامی) و چ لە جۆری سوننە (داعشی عێراقی و حەماس لە فەلەستین)، ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە ڕوون دەکەنەوە کە، ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکانی ئیسلامییەکان، چ سوننە یان شیعە، بەربەستی جدییە لە سەر ڕێگای دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەلایەن گەلانەوە کە ببێتە هۆی ئاشتی و خۆشگوزەرانی.

سەرهەڵدان و ڕووخانی حکومەتی بەعسی بنەماڵەی ئەسەد:
کامەران مەتین، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ساسێکس:

بەشێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لاوازبوونی لایەنگرانی سەرەکی سەربازی بوو لەوانەش ڕووسیا و ئێران و "میحوەری بەرخۆدان" بەتایبەتی حیزبوڵڵا.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕووسیا بە هۆی تێوەگلانی لە شەڕی ئۆکرانیا؛  ئێران و حیزبوڵڵا بە هۆی شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل، توانا و هێزی سەربازی خۆیان لە سووریاوە گواستەوە بۆ بەرەکانی ئۆکرانیا و لوبنان. گواستنەوەی فڕۆکەکانی ڕوسیا بۆ شەڕی ئۆکرانیا، هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردە و هێزەکانی حزبوڵڵا و هێرشە بێوچانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کاروانی چەک و پێداویستیە دابینکراوەکانی ئێران بۆ سوریا و لوبنان، سوپای ئەسەدی بەبێ پاراستنی دەرەکی بەجێهێشت.
لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی ئەسەد، تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆش، شەرعیەتی جەماوەری و بنکەی کۆمەڵایەتی لەدەست دابوو. توندوتیژی بێ سنووری حکوومەتی سووریا بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبی، پاڵپشتی جەماوەریی حکوومەتی بەعسی زیاتر لاواز کرد و زیاتر چارەنوسی خۆی بە پاڵپشتیی دەرەکیی ڕووسیا، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان گرێدا. قەیرانی ئابووری، گەندەڵی بەربڵاو، سەرکوتی سیستماتیک و نەبوونی نەرمی لە کارکردن لەگەڵ کورددا، ئەم وابەستەییەی توندتر کرد.
لەدەرەوەی ئەم هۆکارە کاتیانە، ڕووخانی خێرای حکومەتی ئەسەد ڕەگ و ڕیشەی لە لاوازی پێکهاتەیی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنی سوریادا هەیە.
دوای کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی لە ساڵی ١٩٤٦، عەلەوییەکان ڕێکخراوترین و کاریگەرترین کەمینە بوون لە ڕووی سیاسییەوە لە سوریا. ئەو کاریگەری و دەسەڵاتە بە ڕێژەیی لەگەڵ قورسایی دانیشتوانەکەیان لە سوریا، نەدەگونجا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دوای کودەتاکەی حافز ئەسەد لە ساڵی 1963، حکومەتی عەلەوی لەسەر دوو بناغەی سەرکوت و خنکاندنی سیاسی لە لایەک و سازانی چینایەتی لەگەڵ چینە گوندنشینەکانی سوریا کە زۆرینەیان سوننە بوون، دامەزرا. لە بەرامبەر دابینکردنی یارمەتییە ئابوورییەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، حکومەتی بەعس پشتیوانی پاسیڤی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی گوندنشینی سوریای بەدەستهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی دژە بەعس کە لە شارەکانی سوریا پەرەی سەندبوو. ئەم ڕێبازە هاوشێوەی سیاسەتی شای ئێران بوو لە سەردەمی چاکسازییەکانی زەویدا (اصلاح زراعی) بوو، کە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵکی گوندەکانی دەکرد لە دژی چینە ناڕازییەکانی شار کە دژایەتی ستەمی سیاسی پەهلەوییان دەکرد.
لەهەمان کاتدا حکومەتی بەعس سیاسەتی پێکهێنانی " پشتێنەی عەرەبی" لە کوردستانی سوریا جێبەجێکرد، رەگەز نامەیان لە دەیان هەزار کورد سەندەوە و موڵک و ماڵییان زەوت کردن. عەرەبی ناوچەکانی دیکەی گواستەوە بۆ خاڵە ستراتیژییەکانی کوردستان، بەمەبەستی سنووردارکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دیموکراسی کورد.
لە سەردەمی شەڕی سارد و بەهۆی پاڵپشتی ئابووری و سەربازیی یەکێتی سۆڤیەت بۆ بنەماڵەی ئەسەد، حکومەتی بەعس توانی هەستی چاوچنۆکی جوتیارانی سوری بۆ ژێردەستەکردنی چینە ناڕازییە شارلە سوریا بەکار بێنیت. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و کۆتایی هاتنی یارمەتییە ئابوورییەکانی سۆڤیەت، ئەم هاوکێشەیە نەیتوانی بەردەوام بێت. سیاسەتە نیمچە نیولیبراڵەکانی حکوومەتی ئەسەد، بە تایبەتکردن و بڕینی هاوکارییە حکومەتییەکان بۆ خەڵکی گوندەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە، بنکەی ناوخۆی حکوومەتی بەعسی لاواز کرد. سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچە گوندنشین و پەراوێزخراوەکانی باشووری سووریا، دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا تەماشا بکرێت.
لەو کاتەوە بەردەوامی حکومەتەکەی ئەسەد کە لەسەر بنەمای حکومەتێکی مەرکەزی و یەک ناسنامە و پاوانخواز بوو. زیاتر لە جاران پشتی بە سەرکوت و پشتیوانی دەرەکی بەستبوو. هەر ئەو هۆکارانەی کە بوونە سەرەتایەک بۆ ئەزمونی سەرهەڵدانی خەڵک و ڕووخانی حکوومەتی بەعسی بنەماڵەی ئەسەد، نیشانی دەدات کە حکوومەتە ناوەندگەرایی و تاک شوناسییەکان لە کۆمەڵگا فرە ناسنامەییەکاندا، بەبێ پشت بەستن بە سەرکوت و توندوتیژی، ناتوانن بژین. هەر فاکتەرێک کە توانای سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنیان لاواز بکات، دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئەوهەرەسەی کە ڕوویدا.  لە کۆمەڵگا فرە کولتوری و فرەنەتەوەییەکانی وەک سوریا، ئێران، تورکیا و لوبنان، تەنیا سیستەمێکی سیاسی، کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی فرەیی و لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی دیموکراسی و پێکهاتە کولتووری-زمانییە یەکسانەکان دامەزراوە، دەتوانێت کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراسی و هەروەها دادپەروەری کۆمەڵایەتی دروست بکات و بەردەوامی پێبدات و ئاشتەوایی ناوخۆیی مسۆگەر بکات .

کۆتایی نەرمی قارەمانانە لە کوێیە؟
عەلی سەدرزادە، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە ناتانیاهۆ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بەڵێنی بە جیهان دابوو، زۆر خێراتر لەوەی زۆرێک خەیاڵیان بۆ دەکرد، پێکهات. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، شەمەندەفەرەکە کەی دەگاتە تاران؟ ئەم شەمەندەفەرە پڕە لە تەکنۆلۆژیا و هێزی سەربازی.
شەمەندەفەرەکە چواردە مانگ لە ڕێگادا بوو. لە ٧ی تشرینی یەکەمدا غەززەی بەجێهێشت و لە سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٢٤ گەیشتە لوبنان. شەمەندەفەرەکەش هەر لەو ڕۆژەدا لە حەلەب بوو کە ئاگربەستێکی فشەڵ لە گۆڕێدا بوو. لەو کاتەوە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا گەیشتە شوێنی مەبەست، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ بەربەستێکی گەورە بێتەوە. هێشتا دیار نییە سەرنشینانی ئەم شەمەندەفەرە کێن و کێن ئەوانەی لە کابینەی شۆفێردا دانیشتوون. یەکێک لەوانە "ئەبو محەمەد جۆلانی"یە. بەڵام ئیتر بەو جۆرە ناوی خۆی نابات. ئەم ناوە ناوی نهێنی ئەو بوو کاتێک لە رێکخراوی قاعیدە بوو. لەوەتەی وەک فەرماندە گەیشتۆتە حەلەب، ناوی "ئەحمەد ئەلشەرع" ە، وەک لە بەڵگەنامەی لەدایک بوونیدا هاتووە و میلیشیاکانی ژێر سەرکردایەتی ئەویش هەیئەی تەحریرشامە. لەکاتی جێهێشتنی حەلەب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانێت هاوکاری ستراتیژی لەگەڵ ئێران هەبێت. پێدەچێت مۆدێلەکە  وەک حکومەتی تاڵیبان بێت لە ئەفغانستان. چونکە حکومەتی تاران بە باشی لەگەڵ تاڵیباندا دەگونجێت.
بەڵام جۆلانی تاکە شۆفێر نییە لە کابینەکەدا. هەندێک لە چاودێران دەڵێن تا ١٢٠ فەرماندە لەم کابینەیەدا بینراون. ڕیاز ئەسەعەد، فەرماندەی سوپای ئازادی سوریا، یەکێکە لە سەرکردە گرنگەکان. تا ئێستا هێزەکانی بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر سنووری سوریا و تورکیا چالاک بوون و سەرۆکی تورکیاش دابینکەری سەرەکی دارایی و چەکەکانیانە.
ئەسعەد، فەرماندەی ئەم سوپایە، بە پێچەوانەی جۆلانی، نەیارێکی ئاشکرای حکومەتی ئێرانە. ئەسعەد هاوکات لە گەڵ لە جۆلانیدا باسی لەوە کرد کە ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کارەساتە لە سوریا و تەنانەت داوای لە ئیسرائیل کرد لەگەڵی یەکبگرێت لە دژی ئێران.
ڕووخانی ئەسەد شەپۆلێکی بوومەلەرزەیە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی دەگۆڕێت. "میحوەری خۆڕاگری" کە مەچەکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی تارانە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بە کردەوە لەناوچوو کاتێک ئەسەد لە دیمەشق هەڵهات. تا ئێستا حاکمەکانی ئێران چی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە مانەوەیان، بەڵام ڕوونە کە ڕووبەڕووی قۆناغێکی زۆر سەخت بوونەتەوە.
عەلی خامنەیی جارێک وتی کە نەرم و نیانی قارەمانانە دەبێ ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەوەمان بێت. لە کاتێکی نە ئەوەندە دوور و درێژدا دەبینین کە کۆتایی ئەم نەرم بوونە قارەمانانە، بە تایبەت لە ناوخۆی وڵاتدا لە کوێ کۆتایی دێت.

بیرەوەری تاڵی تاوانەکانی سوپای پاسداران لە سوریا:
ئاراش جۆداکی، لێکۆڵەری فەلسەفە:
پێشهاتەکانی ئێستای سوریا دەتوانرێت لە دوو ڕوانگەوە سەیر بکرێت. یەکێکیان ئەوەیە کە چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە هەیە و دووەمیان ئەوەیە کە چ کاریگەرییەکی لەسەر پێشهاتەکانی ئێران هەیە.
ئەوەی لە سوریا ڕوویدا لە ڕاستیدا درێژەپێدەری ئەو شەڕە بوو کە حکومەتی سوریا لەگەڵ ئێران و ڕووسیا لە دژی نەیارەکانی دەستی پێکرد. لەم نێوانەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی لە عێراق ڕوویدا لە داهاتوودا لە سوریا ڕووبدات و وڵاتەکە لە نێوان هەرێمە کوردی و سوننە و شیعەکاندا دابەش ببێت؟
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ بڵێین لە وڵاتانی ئیسلامی جگە لە ئێران، هەر ڕاپەڕین و گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆتاییدا ئیسلامییەکان کارامەتر دەکات.
هەر گروپێکی توندئاژۆ کە دەسەڵات لەم وڵاتانەدا بگرێتە دەست، ڕەنگە سەرەتا لە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتدا بەشدار بێت، بەڵام دوای سەقامگیری، ڕووبەڕووی  ئیسرائیل دەبێتەوە.
ئێستا ئێران لە دەرەنجامی ململانێکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، کاریگەری خۆی له ناوچه که دا له ده ست داوە. لە ناو هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، خاڵی ئەرێنی نزمی مۆڕاڵی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانیەتی، بەڵام بەداخەوە هیچ ئۆپۆزسیۆنێک نییە کە بتوانێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێستا لە پێگەیەکی زۆر ناسکدایە، بەڵام ئەوەی گرنگە وڵاتانی دیکە چ ڕۆڵێک بە ئێران دەبەخشن.
لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ئەمریکا زۆر گرنگە، بەڵام بینیمان کە ترەمپ وتی نابێت ئەمریکا دەستوەردان لە سوریا بکات، هەروەک چۆن ئۆباما دەستوەردانی نەکرد. هەروەها پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە هەر حکومەتێک لە سوریا بچێتە سەر دەسەڵات، خەڵکی ئەوێ یادەوەرییەکی باشیان لە "تاوانەکانی سپای پاسدارانی ئێران" نییە.

"کۆتایی مێژوویی بەرەی بەرخۆدان"
ئەمیریحیا ئایەتوڵڵاهی، لێکۆڵەری فەلسەفەی سیاسی
ڕووخانی خێرا و کوت و پڕی سەرۆک کۆماری هەتا هەتای سوریا دوای سێزدە ساڵ لە یەکەمین ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی دژ بە بەشار ئەسەد لەلایەن کەسەوە چاوەڕوان نەدەکرا. ئەم داڕمانە سەرسوڕهێنەرە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە هەموو پرسە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی ڕابردوودا: سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە وڵاتانی وەک عێراق، میسر و سوریا، سەرهەڵدانی تیۆکراسی شیعە لە ئێران و هاوبەشی هەموو ئەم ڕەوتانە لە دژایەتی جوولەکەگەرایی و ئەمریکیگەرایی، رێبازی سیاسی ئەو رەوتانە بوو. لە نێو ئەزموونی ناسیونالیزمی عەرەبی، تەنیا میسر توانی ناسیۆنالیزمی شەڕانگێزی جەمال عەبدولناسر دوای دەیان ساڵ بکاتە سیاسەتێکی ناوچەیی ئاشتیخوازانە.
پێدەچێت دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە وا بیردەکرایەوە ئەمجارە شۆڕشێکی جیهانی بێت، کەمترین شت کە دەتوانرێت بگوترێ ئەوەیە کە سەرەڕای سەرکەوتنی پڕوپاگەندەیی حەماس و هاوپەیمانەکانی لە کاریگەریکردن لەسەر بیروڕای گشتیی جیهان، هاوسەنگی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی و بە شێوەیەکی کوشندە دژی ئەم پێشبینییە هەنگاوی ناوە. لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، سێبەری لەناوچوون بەسەر هەموو کەسایەتییە پێشەنگەکانی میحوەری بەرخۆدان و دامەزراوە و کەرەستە سەربازییەکاندا کەوت، ئێستا بارودۆخی سیاسییەکەشی بەرەو لاوازی دەچێت. ئاراستەکەی و چۆنیەتی کۆتایی هاتنی لەدەستی سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانییە نییە ئەو حکومەتانەی کە ئەسەدیان پاراست، هەریەکەیان بە دەستی خۆیان کەوتوونەتە ناو تاڵاوێکەوە لە فراوانخوازی خاکەوە (ڕووسیا و دەستدرێژی دژی ئۆکرانیا) تا دەگاتە یاریکردن بە شەڕی بە وەکالەت (کۆماری ئیسلامی و پلانی گەمارۆدانی ئیسرائیل بە هێزی بەکرێگیراو).

"ئێران: دۆڕاوی سەرەکی لە ڕووخانی ئەسەد"
ئەمین سۆرخابی، شرۆڤەکاری سیاسی

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و وێرانکردنی ژێرخانی لۆجستی و سەربازیی حزبوڵڵا و وێرانکردنی لوتکەی هەرەمی سەرکردایەتی و فەرماندە و کادرە ناوەڕاستەکانی و دواتر سەپاندنی ئاگربەستی یەکلایەنە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەسەر حزبوڵڵا، یەکێک لە گرنگترین چەکەکانی بە وەکالەتی ئێران لە ناوچەکە، کۆتایی پێهات.
بەڵام هێشتا مەترسی سوریا وەک بنکەی داهاتووی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەکرد. پێدەچێت ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر ئۆکرانیا و سوریا مامەڵەیەکی گەورەیان لەگەڵ ڕووسیا کردبێت. ڕوسیا هیوادارە بە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە ئۆکرانیا خاڵی زیاتر بەدەستبهێنێت بەهۆی پشتگیرینەکردنی بەشار ئەسەد. لە لایەکی دیکەوە تورکیا بە بیانووی هەڕەشەکردن لە کورد لە ڕۆژاڤا، بە یەکخستنی هێزەکانی دژبەری ئەسەد، لەوانەش پاشماوەی قاعیدە و داعش و ملیۆنان سووری لە چوارچێوەیبەرەی تەحریر لە سوریا کار دەکات. تورکیا هیوادارە بەر لە هاتنی ترامپ وەک وڵاتێکی کاریگەر و چارەنووسساز لە سوریا خۆی بەسەر ئەمریکادا بسەپێنێت. لە لایەکی دیکەوە قەیرانی ئابووریی سووریاش پەرەیسەند و گەیشتبووە ناو سوپای بەشار ئەسەد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ماوەی دە ڕۆژدا نەیارانی ئەسەد بەبێ هیچ ئاستەنگێک دیمەشقیان داگیرکرد و بەشار ئەسەدیان ناچار کرد هەڵبێت.

خەیاڵکردنی دیدێکی دیموکراسی بۆ سوریا لە دوای بەشار ئەسەد، گەمژانەیە، چونکە سوریای ئەمڕۆ سوریای ساڵی ٢٠١١ نییە. زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد تێکەڵەیەک لە توندڕەوی ئیسلامی و نیمچە میانڕەوەکانن کە بەشێوەیەکی کاتی بە چەسپی تورکیاوە پێکەوە بەستراون. هەروەها هێزە ئیسلامییەکان لەلایەن وڵاتانی ئیسلامی وەک تورکیا، سعودیە، ئیمارات و قەتەرەوە بەکرێ گیراون. لەمڕۆوە پێویستە پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە بەو وڵاتانەیان داوە. هاوپەیمانی کاتییان وردە وردە کاڵ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ناکۆکی و ململانێ.
بەڵام ئەوەی کە مسۆگەرە ئەوەیە هەموو ئەم گروپانە لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئێران. لە ڕاستیدا زەرەرمەندی سەرەکی ڕووخانی بەشار ئەسەد ئێرانە. ئێران کە تا ٧ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی بە وەکالەت لە بناگوێی ئیسرائیل ڕیز کردبوو. بەڵام ئێستا لەگەڵ لەدەستدانی سوریا، نۆرەی عێراق و لابردنی حەشدی شەعبییە. ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا دەیبینین ئەوەیە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. لە چەند مانگی داهاتوودا نەک هەر هەواڵێک لەبارەی هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو نابێتەوە، بەڵکو ئیسرائیل دەگاتە دراوسێیەتی ئێران.
پرسێک کە پێگەی ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لاواز دەکات. یان تەسلیم ببن و هەموو پێشمەرجەکانی ڕۆژئاوا قبوڵ بکەن یان پەنا بۆ مووشەکی بالیستیک و بۆمبی ئەتۆمی ببەن، بێگومان لەم نێوەندەدا ڕەنگە ڕوسیا هەمان شت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکات کە بەشار ئەسەدی کرد.

سەرچاوەکان:
/ایران/20241211-خامنه-ای-سقوط-اسد-با-طراحی-آمریکا-و-اسرائیل-و-نقش-یک-دولت-همسایه-سوریه-صورت-گرفت
www.tasnimnews.com/fa/news/1403/09/18/3215613/سقوط-اسد-در-سوریه-تا-چه-حد-به-نفع-اسرائیل-است
www.kurdpress.com/news/2778651/سوریه-پسا-اسد-تهدیدی-جدی-تر-برای-اسرائیل-محمد-هادیفر
/www.bbc.com/persian/articles/crl3kr8w1k2o
www.irna.ir/news/85689138/اتحاد-شوم-آمریکا-و-اسرائیل-در-سوریه-شکست-خواهد-خورد
www.tasnimnews.com/fa/news/1403/09/21/3217682/علل-وریشه-های-شکست-یازده-روزه-دولت-بشار-اسد-چه-بود
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved