شۆڕش
وشەی شۆڕش بەو جۆرەی کە واتاکەی وەکو ئێستا واتای شۆڕش بدات، زۆر کۆن نییە. بنەڕەتی وشەکە بە فەرەنسی، ریڤۆلیسیۆ (Revolucion) دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیازدەیەم. لە زمانی ئینگلیزیشدا (ریڤۆلیوشن- Revolution) دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی چواردەیەم. پێشتر وشەکە واتای بزوتنەوەی ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانی دەدا. بۆ یەکەم جار وشەکە بە واتای شۆڕش بەکارهێنرابێت لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەیەم بوو، کاتێک لە ساڵی ١٦٨٨ لابردنی جەیمسی دووەم و دانانی ولیامی سێیەم بە شۆڕش ناوبرا. لەو کاتە بەدواوە ئیتر وشەی ریڤۆلیوشن بە تەواوی واتای شۆڕشی دەبەخشی.
لەمڕۆدا وشەی شۆڕش بە مانای وەرچەرخان یاخود گۆڕانکاری گەورە دێت لە ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگادا. شۆڕش بریتییە لە وەرچەرخانێکی جەوهەری و خێرا، کە سیستەمێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێنێتە ئاراوە و بەهۆیەوە وڵاتێک یاخود چینێک یاخود پێکهاتە ئەتنی و ئایینییەکان گۆڕانکاری ریشەییان بەسەردا دێت.
بە شێوەیەکی گشتی شۆڕش لە رەهەندە سیاسییەکەوە، لە رێگای جەماوەرێکی خرۆشاوەوە دێتە ئاراوە کە ئامڕازی نا دامەزراوەیی (خۆپیشاندان، مانگرتن، یاخیبوون، ئاشوب) بەکار دەهێنن و دەیانەوێت دۆخی ئەمێستاکە بگۆڕن بە دۆخێک کە تەواو جیاواز بێت لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. چەمکی شۆڕش لە سۆنگەی ئابوری و تەکنەلۆژییەوە دەکرێت تەماشا بکرێت، بۆ نمونە کاتێک دەگوترێت: (شۆڕشی کشتوکاڵی، شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی تەکنەلۆژی). تەماشا کردنی شۆڕش لە سۆنگەی جیاوازەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەڕاستی شۆڕش قۆناغێکی تازە دەهێنێتە ئاراوە، کە تەواو جیاوازە لە قۆناغی پێشتر و سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگە بەهۆی ئەو شۆڕشەوە دەگۆڕردرێن.
ژێرخان و سەرخان چین؟
ژێرخان و سەرخانی هەر کۆمەڵگەیەک بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابوریی هەر کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن.
ژێرخانی کۆمەڵگە دەکرێت بە دوو بەشەوە:
آ- بنکەی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان: بریتییە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەرهەم. هەروەها جۆری ریزبەندی لە نێوان کۆمەڵگە و شمەک و کاڵادا.
ب- بنکەی ئابوری بەرهەمهێنان: بریتییە لە هێزەکانی بەرهەمهێنان (کرێکار، تەکنەلۆژیا، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کارگەکان، خامەکان).
سەرخانی کۆمەڵگە:
بریتین لەو کەرەسە مەعنەویانەی کە پاشکۆ یاخود دەرهاویشتەی ژێرخانن وەکو (ئایین، یاسا، هونەر، کەلتوری کۆمەڵگە). ئەم ئامراز و کەرەستانە هەمیشە بەخواستی دەسەڵاتدار و لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەخرێنە خزمەتەوە.
سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگا وابەستەی یەکترن و یەکتر تەواو دەکەن. کەواتە ئەگەر تەماشای کۆمەڵگەیەک یاخود وڵاتێک بکەین ئەوە بە بنکە و بناغەکەی ژێرخانەکەیەتی و ئەوەی لە سەرەوە یاخود لە دەرەوە بەدیار دەکەوێت سەرخانەکەیەتی و هەردوکیان پێکەوە بونیادی کۆمەڵایەتی (سۆسیۆلۆژی) کۆمەڵگەیەک دروست دەکەن.
شۆڕش و دەسەڵاتی سیاسی:
پرسی گواستنەوەی دەسەڵات، یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکانی شۆڕش، چونکە لە قۆناغی یەکەمی شۆڕشدا لولەی تفەنگەکان شەرعیەت دەبەخشن بە دەسەڵاتی نوێ، بەڵام لە قۆناغی دواتردا دەبێت لولەی تفەنگ داگیرێت و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی تازە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا ببەسترێت.
ئەنیسکلۆپیدیای کۆمەڵناسی شۆڕش بەمجۆرە پێناسە دەکات: هاتنە ئارای گۆڕانکاریی ریشەیی لە بونیادی کۆمەڵگەدا. ئەو گۆڕانکارییانە کۆمەڵگە لە رووی رواڵەتی و جەوهەرییەوە دەگوێزێتەوە بۆ شێوازێکی تازەی ئەوتۆ کە لەگەڵ بیروباوەڕ و بەها و ئایدیۆلۆژیا و ئامانجی شۆڕشەکەدا بگونجێت. دەکرێت شۆڕش توند و تیژ و خوێناوی بێت، هەروەها دەکرێت بە ئاشتی و بەبێ خوێن رشتن بێت. دەکرێت شۆڕش زۆر خێرا و کتوپڕ بێت، هەروەها دەکرێت هێواش و لەسەر خۆ بێت.
شۆڕش و کودەتا:
کودەتا زیاتر زەبری چەک لە لایەن دەستەیەک پلەداری سەربازییەوە ئەنجام دەدرێت و سیستەمی سیاسی بە زۆری چەک لادەبەن، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ گەل. کودەتا دەسەڵات لە گروپێکی کەمەوە دەگوێزێتەوە بۆ گروپێکی دیکەی کەم کە پێشتر هەمان ئەو گروپانە پێکەوە بوون یاخود لانی کەم هاوشێوە بوون. زۆربەی کودەتاکان تەنها ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتیدا دەکەن، دەنا سیستەمی سیاسی وەک خۆی دەمێنێتەوە. کودەتا گۆڕانکاری دەسەڵاتە لە سەرەوە، لە کاتێکدا شۆڕش گۆڕانکاری دەسەڵاتە لە خوارەوە بۆ سەرەوە و گەل رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت.
شۆڕش و راپەڕین:
شۆڕش پرۆسەیەکە سەری گرتووە و تەواو بووە، واتە شۆڕش پەیوەندی لەگەڵ رابوردوودا دەپچڕێنێت و ئەمڕۆیەکی جیاواز دەخولقێنێت. زۆرجار راپەڕین درێژماوە دەبێت و ساڵانێکی درێژ دەخایەنیت و سەرەنجام شۆڕش بەرهەم دێنێت. (شۆڕشی فەرەنسا ١٨٣٠ بە نمونە). دەکرێت راپەڕین شکست بخوات و کۆتایی پێبێت و سیستەمی سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام کە شۆڕش کرا، ئیتر قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات و لاپەڕەیەکی تازەی مێژوو هەڵدەدرێتەوە.
خەسڵەتەکانی شۆڕش:
بۆ دیاریکردنی سیفەت و خەسڵەتەکانی شۆڕش پێویستە بزانین شۆڕش چ جۆرە ناکۆکیەک چارەسەر دەکات. پرۆگرام و ستراتیژی چییە بۆ فۆرمەلە کردنێکی تازەی کۆمەڵایەتی. کامە چینی کۆمەڵگا دەبێتە پێشەنگی شۆڕش و کامە چینی کۆمەڵگا لە دەسەڵات لادەبرێت. بە ناسینەوەی خەسلەتەکانی شۆڕش دەتوانین جۆری شۆڕشەکە پۆڵێن و ریز بەند بکەین. زۆربەی شۆڕشەکان (سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان) لەم خاڵانەدا هاوبەشن:
یەکەم- زۆرینەی کۆمەڵگە لە دژی کەمینەیەکی دەسەڵات ئەنجامی دەدەن. کەمینەی دەسەڵات بەر لە شۆڕش دەست بەسەر هەموو جومگە ئابوری و سیاسی و سەربازییەکاندا دەگرێت. ناڕەزایی و بێزاری کۆمەڵگە دەگرێتەوە و حاڵەتێکی تەقینەوە دێتە ئاراوە و رەنگە روداوێکی بچوک ببێتە هۆکاری تەقینەوەیەکی گەورە.
دووەم- ئەو گۆڕانکاریانەی کە شۆڕش دروستیان دەکات، ریشەیی و رادیکالین و هیچ چارەسەرێکی ریفۆرمخوازانە لە خۆ ناگرێت.
سێیەم- شۆڕش گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، لە گەڵ خۆیدا هەموو بونیادە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگۆڕێت و قۆناغێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە کە لەوەی پێش خۆی ناچێت.
چوارەم- یەکێک لە خەسلەتە دیارەکانی شۆڕش ئەوەیە کە زۆر جار بە خێرایی دەتەنێتەوە و چەندین وڵات پێکەوە دەگرێتەوە.
پێنجەم- زۆرجار حزبێک یاخود رێکخراوێکی سیاسی دەبێتە پێشەنگی شۆڕش و سەرکردایەتی دەکات، زۆرجاریش کەسایەتییەکی کاریزما دەبێتە رابەر و بزوێنەری شۆڕش.
قۆناغەکانی شۆڕش:
زۆرجار شۆڕش بە چوار قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم- پەکخستنی ئەرکە کارگێڕی و ئەمنی و سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەت و لێکترازاندنی هەموو دامەزراوەکانی.
دووەم- قۆناغی راگوزەر، کە تیایدا شۆڕش هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بسەپێنێت. لەم قۆناغەدا زۆر جار ئاشوب و یاخیبوونی لایەنگرانی دەسەڵاتی کۆن دێتە ئاراوە.
سێیەم- شۆڕش بە مەنزڵی خۆی دەگات و ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت و نەیارەکانی خۆی لەناو دەبات و دەسەڵاتی فیعلی بە دەستەوە دەگرێت.
چوارەم- پارێزگاریکردن لە جۆش و خروشی خەڵک و هاندانی بەردەوامی لە پێناو پاراستنی شۆڕش و رێگرتن لە شکست خواردنی. لەم قۆناغەدا شۆڕش باسکی خۆی توند دەکاتەوە و دەسەڵاتی خۆی جێگیر دەکات و هەندێ جاریش هاوپەیمانی و کێبەرکێ دروست دەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین پلە و پۆست لە لایەن گروپ و حزب و رێکخراوە جیاوازەکانەوە کە هەموویان خۆیان بە خاوەنی سەروەرییەکانی شۆڕش لە قەڵەم دەدەن.
لە زانستی کۆمەڵناسیدا (سۆسیۆلۆژی) پۆڵێن کردنی جیاواز هەیە بۆ شۆڕشەکان، بۆ نمونە ئەلێکس دو تۆکفیل (Alexis de Tocqueville) ئاماژە بۆ جۆرێک لە شۆڕش دەکات کە زۆر کتوپڕ و خوێناوییە و نەک سیستەمێکی سیاسی تازە دروست دەکات، بەڵکو سەرتا پای کۆمەڵگەش دەگۆڕێت. لە بەرامبەریشدا ئاماژە بۆ شۆڕشێکی دیکەی درێژخایەن دەکات کە زۆر هێواشە و بۆ چەسپاندنی بنەماکانی پێویستی بەوەیە کە چەندان نەوە بەشدار بن تیایدا.
ئەو پۆڵێن کردنانەی شۆڕش هەندێ جارمۆرکێکی ئایدیۆلۆژی هەیە. بۆ نمونە مارکسیزم پشت بە دیدگای ماتەریالزمی مێژوویی دەبەستێت، بۆیە لە گۆڕ بۆچوونی ئەوان شۆڕشەکان بەمجۆرە پۆڵێن دەکرێن: (شۆڕشەکانی پێش قۆناغی سەرمایەداری، بورژوایی پێشوەختە، بۆرژوازی، بۆرژوازی دیموکراسی، پرۆلیتاریا، سۆشیالیزم). کارل مارکس و فریدک ئنگلس لە ژێر کاریگەری شۆڕشەکانی بەهاری ئەوروپا ١٨٤٨ مانیفێستی کۆمۆنیستیان بڵاو کردەوە. لەو مانیفێستەدا شۆڕش بە ئەنجامێکی حەتمی ململانێی چینایەتی دەزانن و دەڵێن (مێژووی هەموو مرۆڤایەتی هەتا ئەمڕۆ بریتی بووە لە مێژووی ململانێی چینایەتی).
کۆمەڵناسی ئەمەریکی، چارلز تیللی (Charles Tilly) کە توێژەرێکی تایبەتی بواری شۆڕشەکانە، پۆڵێنکردنێکی دیکە دەکات بۆ شۆڕش. ئەو پێی وایە کە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان (کودەتا و شۆڕش و جەنگی ناوخۆ. هەروەها هەندێ شۆڕش بە کە کاریگەری یەکجار گەورە بەسەر هەموو دنیاوە بەجێدێڵێت بە شۆڕشی گەورە ناو دەبات (بە نمونە شۆڕشی فەرەنسا ١٧٨٩).
مارک کاتز (Mark N Katz) پرۆفیسۆری تایبەتی بواری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی فێرجینیا، شەش فۆرمی جیاوازی شۆڕش پۆڵێن دەکات: شۆڕشی لادێ، شۆڕشی شارستانی، کودەتا، شۆڕش لە سەرەوە (وەک ئەوەی ماو تسیتۆنگ لە چین)، شۆڕش لە دەرەوە (روخانی ئەڵمانیای نازی لە ١٩٤٨، شۆڕش بە کامڵبوونی قۆناغ وەک ئەوەی ژمارەیەک دەوڵەت خۆڕسکانە بوون بە ئیسلامی).
بابەتی زیاتر