رێنیسانس لە بنەڕەتا وشەیەکی ئیتالییە (Rinascimento). بەو سەردەمە دەگوترێت کە رابوونێکی فەرهەنگی و روناکبیری ئەوروپای گرتەوە. بۆیە وشەکەش لە بنەڕەتا بە ئیتالی بەکار هاتووە، چونکە ئیتالیا و شاری فلۆرەنسا بە لانکەی لەدایک بوون و گەشەسەندنی رێنیسانس ئەژمار کراوە. سەردەمی رێنیسانس یاخود چاخی رابوون، ماوەی نێوان ١٣٠٠-١٧٠٠ زانین دەگرێتەوە. سەرەتا لە ئیتالیاوە دەستیپێکرد و دواتر هەموو ئەوروپای تەنی. مێژوونوسان لەو باوەڕەدان کە رێنیسانس زیاتر شۆڕشێکی فیکری و فەرهەنگییە، نەک قۆناغێک لە مێژووی ئەوروپا.
رێنیسانس لە ئیتالیاوە لە دایک بوو، چونکە لە سەدەی یازدەهەم بەدوواوە ئابوری ئیتالیا  بە تەواوی پشتی بە بازرگانی دەرەوە دەبەست. هەڵکەوتەی جیۆسیاسی ئیتالیا و بوونی گەلە کەشتی لە دەریای سپی ناوەڕاستدا ئەو رۆڵەی پێبەخشیبوو. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان دنیای رۆهەڵات و رۆژئاوا لە ترانزێت و لە ژێر سێبەری ئیتالیادا بوو. جگە لەوەش دەبێت بزانین کە پایتەختی بێزەنتییەکان لە ساڵی ١٤٥٣ لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر کرا و ناوەکەیان گۆڕی بۆ ئەستەمبول. بەشی هەرە زۆری زانا و بیرمەندەکان لە دوای ئەو داگیرکارییەی ئیسلامییەکان کۆچیان کرد بۆ قوڵایی ئەوروپا و زۆرینەش رۆشتن بۆ ئیتالیا.
ئەوروپا لە سەردەمی چاخە تاریکەکاندا، کەهەندێک جار بە سەدەکانی ناوەڕاست ناوی دەبریت (هەندێک لە مێژوو نوسان لەو باوەڕەدان چاخی تاریک هەتا سەدەی یازدە درێژ بۆتەوە)، لەژێر باری گرانی و دواکەوتوویی و تاریکی و نەزانیدا دەیناڵاند. لەو ماوەیە بەدواوە دۆزینەوە جوگرافییەکان، بزوتنەوەکانی ریفۆرمی ئایینی، سەرهەڵدانی شۆڕشی بورژوازی، پێشکەوتنی زانیاری و پیشەسازی..تاد، هەموو ئەمانە پێکەوە بوونە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی چاخێکی تازە کە بە رێنیسانس یاخود رابون ناوی دەبرێت. زاناکانی رێبازی هیومانیزم (مرۆڤایەتی)، سەرلەنوێ دیدگای فیکرییان داڕشتەوە. بیرمەندانی وەکو نیکۆڵا مەکیاڤیللی (Niccolò Machiavelli) و تۆماس مۆر (Thomas More)، سەرلەنوێ فیکری یۆنانی و رۆمانییان داڕشتەوە و خوێندنەوەیەکی تازەیان بۆ کرد و لە رێگایانەوە رەخنەیان ئاراستەی حکومەتە هاوچەرخەکان کرد. فەیلەسوفی سەردەمی رێنیسانس پیکۆ دێلا میراندۆلا (Pico della Mirandola) لە رێگای سەرلەنوێ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو تێکستانە گوتاری ئازادی بیرکردنەوە و کەرامەتی مرۆڤی هێنایە گۆڕێ. ئەمانە بوون بۆ یەکەمجار رێگایان خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی. بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی وەک پێداویستی قۆناغەکەدا بەشدارێکی کارابوو لە بەهێزبوونی چینی بورژوازی و دواتریش تۆکمە بوونی رژێمی سەرمایەداری (سەرمایەداری بازرگانی لەو قۆناغەدا)، ئەویش بەوەی کە تەواو بە پێچەوانەی کەنیسەی کاتۆلیکی رەفتاری کرد کە (حەرامکردن و قەدەغەکردنی سوو)ی کردبووە بنەمایەکی ئایینی، بەڵام ریفۆرم خوازان شەرعییەتیان بە کردەوەکانی بانک و سوو خواردن دەدا.
لێکەوتەکانی رێنیسانس:-
بزافی رێنیسانس بوونە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکی گرنگ و ریشەیی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی  و رۆشنبیری و سیاسی و ئابوری، کۆمەڵگەی ئەوروپا بگرێتەوە. رێنیسانس بیروباوەڕی کۆن و رزیوی سەدەکانی ناوەڕاستی هەڵتەکاند. پەردەی لەرووی پیاوانی ئایینی و کەنیسە هەڵماڵی. تەنها خوێندەوارەکانی سەر بە کەنیسە مافی ئەوەیان هەبوو باسی پرسەکانی دەسەڵات بکەن. تەنها ئەوانیش بوون مافی ئەوەیان هەبوو توخنی ئاین بکەون و بەدڵی خۆیان راڤە و لێکدانەوەی بۆ بکەن. فیکری سیاسی لە چوارچێوەی فیکری ئایینیدا بوو، بەند و یەخسیری کەنیسە بوو. بە تەشەنە سەندنی وەرگێڕان و جیاکردنەوەی زمانە نیشتمانییەکان لە زمانی لاتینی ئەو تەلیسمە شکا و نوسەران و بیرمەندان و زمانزانەکانی وڵاتیش ئیتر بۆیان هەبوو پرسی ئایین تاوتوێ بکەن.
ئەوەی ئەم شەرعییەتەی لە دەستی کەنیسە دەرهێنا مەکیاڤیللی بوو (Niccolo Machiavelli 1469-1527) کە توانی دەسەڵات لەگەڵ لاهوتی مەسیحی لەیەکتر جودا بکاتەوە. مەکیاڤیللی راشکاوانە لە نوسینەکانی خۆیدا بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەسەڵاتی سیاسی هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاق و ئایینەوە نییە و نابێت تێکەڵ بکرێن، بەڵکو ئەوەی کە دەبێت بە گرنگ و پارێزراو بمێنێتەوە خودی دەوڵەت خۆیەتی.
فراوان بوونی بزوتنەوەی ئەدەب و هونەر:
کە دەگوترێت رێنیسانس (رابوون)، ناکرێت راستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەو بزاڤە ئەدەبی و هونەرییە نەکرێت کە لەو سەردەمەدا تەشەنەی سەندبوو. بڵاو بوونەوەی ئەدەب و هونەر و مۆسیقا کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر وریابوونەوەی تاکی ئەوروپی و زیاتر رۆچوونی بە دنیای بیرکردنەوە و رەخنەدا. جگە لە بواری ئەدەبی، رێنیسانس کاریگەری فراوانی کردە سەر سیاسەت و زانست و ئایین و فەلسەفە. لە کۆتاییەکانی سەدەی پازدەیەمدا، وەرەقە و مۆنۆتایپ (پیتی دروستکراو لە ئاسن) داهێنران (پێشتر زانای ئەڵمانی گوتنبێرگ (Johannes Gutenberg 1393-1468) لە تەختە دروست کردبوون). ئەم داهێنانە رۆڵی گرنگی بینی لە بڵاوبوونەوەی کتێب، بە ژمارەی زۆر و چاپ و بەرگی جوان، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشکەوتنەکان زۆر هێواش بوون، رێنیسانس لە یەک کاتدا بە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بڵاو نەبۆوە.
بۆژاندنەوەی بازرگانی و گەشەسەندنی شارەکان:
شارەکان گەشەسەندنی باشیان بەخۆوە بینیبوو. جەنەوە، میلان، ڤینیسیا، فلۆرەنسا و پیزا، لە ریزبەندی ئەو شارانە بوون کە وێرای بوژاندنەوەی بازرگانی، دەسەڵاتی مەدەنی و شارستانی تیایاندا گەشەی سەندبوو. دەسەڵاتی دادوەری و پۆلیس و یاسادانان و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی تێدا دروست کرابوو. لە شارێکی وەکو فلۆرەنسا لە سەدەی چواردەهەمدا نزیکەی ٢٠٠ کارگە بە تەنها قوماشیان بەرهەم دەهێنا. هەر لەو ماوەیەدا گەورەترین بانک لەو شارەدا دامەزرا. پارەی زێڕ کە بە فلۆرین ناسراوە، بۆ یەکەمین جار لە فلۆرەنسا لە سکە درا و هەر بە ناوی فلۆرەنساشەوە ناوی نراوە فلۆرین.
زمانی نیشتمانیی یەکگرتوو:
پێشتر و بەر لە سەردەمی رێنیسانس، پیاوانی ئایینی زمانی نوسینیان بۆ خۆیان قۆرغ کردبوو. زمانی لاتینی تاکە زمان بوو کە لە هەمان کاتیشدا زمانێک بوو تەنها بەرجەستەی بواری ئایینی دەکرد. ئەوروپییە رۆشنگەر و بیرمەندەکان زۆر خێرا دەرکیان بەوە کرد کە دەبێت زمانی نیشتمانی ناوخۆ هەروڵاتێک بکرێتە زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد و هەموو رۆڵەکانی گەل بتوانن لە رێگای ئەو زمانەوە تێبگەن و ناواخنی بیرکردنەوە و مێشکیان دەرببڕن. لێرەوە زمان پەرەی سەند و ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیتالی و هۆڵەندی و ئیسپانی، بوونە زمانی ستانداردی ئەو وڵاتانە و شاڵاوێکی بەربڵاوی نوسین و وەرگێڕان هەموو وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە.
مرۆڤ لەسەردەمی رێنیسانسدا بوو بە خاوەنی ستاتۆیەکی جیاواز لە جاران. ئەو بۆ یەکەم جار بوو لە مێژوو وەک تاک بتوانێت بیربکاتەوە و رەفتار بنوێنێت. ژنان بۆ یەکەم جار بوو کە بەهرەمەند بن بە بەهاو نرخی ژن بوون، گۆرانی ژنان و سەماکردن و وەرزشی ژنان پەیدابوون. ئەندێشەی مرۆڤ بوون وەک شێوازێکی نوێ بۆ بیرکردنەوە هاتە گۆڕێ. ئەقڵیەتی مرۆڤ، کردەوەکانی، داهینانەکانی، بڕیارەکانی هەمووی جۆرێک لە مرۆڤ بوون و ئازاد بوونی لە خۆ گرت کە جاران نەدەبوو لە رێسا و یاساکانی کەنیسە لابدات.

زانست:
زانیارییە سروشتییەکان بازی زۆر گەورەیان هاویشت و بوژانەوە، هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە چینی بورژوازی تازە پێگەیشتوو سەرباری ئەوەی وەک پێداویستی بازاڕ و بازرگانیکردن زۆر پێویستیان بە داهێنانی زانستی بوو، دەیانویست لە رێگای داهێنانەکان و سەلماندنە زانستییەکانەوە سیستەمی دەرەبەگایەتی لە ناو بەرن. هەندێک لەو سەلماندنە زانستییانە بوونە هۆی لەرزاندنی دەسەڵاتی کەنیسە و سیستەمی دەرەبەگایەتی. بۆ نمونە کۆپەرنیکۆس (Nicolaus Copernicus 1473-1543) یەکەمین کەس بوو کە سەلماندی زەوی ئەستێرەیەکە و سەر بە کۆمەڵەی خۆرە و بە دەوری خۆر و بەدەوری خۆشیدا دەسوڕێتەوە. ئەم بۆچوونە لە دژی کەنیسە بوو کە لەو باوەڕەدا بوون خۆر چەقی گەردونە.  گالیلۆ (Galileo Galilei 1564-1642) و برونۆ (Giordano Bruno1548-1600) لە دوای ئەو بەهەمان شێوە سەلماندیان کە جگە لە کۆمەڵەی خۆر چەندان کۆمەڵی دیکە هەن و رەنگە لە چەندان شوێنی تری گەردون ژیان هەبێت.
هەڵوەشاندنەوەی دەرەبەگایەتی:
دەرەبەگایەتی ئەو سیستەمە ئابوورییە بوو کە پشتئەستور بە کەنیسە و دەسەڵاتی ئایینی رەوایەتی دەسەڵاتی وەرگرتبوو، لە بەرامبەریشدا دەرەبەگایەتی دەسەڵات و ئیمتیازی ئابوری و سیاسی بە کەنیسە بەخشیبوو.
بەشێکی زۆر لە دەرەبەگ و ئاغاکان لە جەنگی خاچپەرستەکاندا کوژران یاخود مردن. بەهۆی کز بوونی قازانج لە کەرتی کشتوکاڵ و برەو سەندنی بازرگانی، زۆرێک لە دەرەبەگەکان رویانکردە بازرگانی، بەوجۆرەش جوتیار و پاڵە و سەپان ئازاد بوون و کۆت و بەندی دەرەبەگایەتییان لەسەر نەما. بێگومان پەیدابوونی رژێمی پادشایەتی یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی ئەو سەردەمە. وێرای ئەمەش برەو سەندنی پیشەگەری و سەرهەڵدانی مانیفاکتورە بۆ خۆی بابەتێکی گرنگی دیکەیە کە لەو قۆناغەدا هاتە گۆڕێ. پیشەگەری وێرای ئەوەی بازاڕی بوژاندەوە، بووە هۆکاری فراوان بوونی شارەکان و فراوان بوونی ژمارەی دانیشتوانیش.
کەنیسەی کاتۆلیکی لەگەڵ سەرەتای سەدەی پازدە بەرەو لاوازبوون دەچوو، چەندین بزوتنەوە و رێبازی نوێ هاتنە گۆڕێ. مارتن لۆسەر (Martin Luther 1483-1546)ی ئەڵمانی کە خۆی قەشەیەکی ئایینی بوو رێبەرایەتی ریفۆرمی ئایینی دەکرد. ئەو بزوتنەوانە بەهۆی بڵاو بوونەوەی چاپەمەنی و وەرگێڕان توانیان دەسەڵات و پیرۆزی لە کەنیسە و پیاوانی ئایینی بسەننەوە و بانگەوازی گەڕانەوە بۆ خودی کتێبە پیرۆزەکان بکەن، خەڵک بۆ یەکەمین جار خۆیان راستەو خۆ کتێبی پیرۆزیان دەخوێندەوە و خۆیان تێگەیشتن و خوێندنەوەیان بۆ کرد.



 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved