وشەی فێمێنیزم (feminism) وشەیەکی لاتینیەو بە (femina) بەکارهاتووە بۆ مانای ژن (women) بەکارهاتووە و دواتر لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (feminine) بەکارهاتوە ولەفەرەنسیشدا (feminisme) و (feminine) بەکارهاتوە.
بزوتنەوەی فێمێنیزم بزوتنەوەیەکی رۆژئاواییە ولە سەرەتاشدا بە بزوتنەوەی ڕزگارکردنی ژن بەکارهاتووە و کار لەسەر نەهێشتنی جیاوازی نێوان ژن و پیاودا دەکات و کارکردنی ژنانە بەبێ گوێدانە رەهەندی بیری فەلسەفی پیاوانە، یاخود ڕێکخراوێکی بیریە وڕێگەیەکی پاڵنەرە بۆ بەرژەوەندی ژنان و کار بۆ فراوانی دەسەڵات و مافەکانی ژنان دەکات . هەرچی (لویز توبان)ە لە بارەی ژنانی کەنەداوە هەندێک دورتر دەڕوات و دەڵێت '' فێمێنیزم بریتییە لە داماڵینی وەعی (لە سەرەتادا تاک پاشان گشتی) لە پێناو دروستکردنی شۆڕشێک دژی هاوسەنگی هێزی ڕەگەزی و نەهێشتنی پەراوێزخستنی تەواوی ژنان لە ساتێکی مێژویی دیاریکراودا''.
هەندێکی تر پێیانوایە (ژنان ، پیاوان) فێمێنیزم پەرچەکردارێکی نێگەتیڤە لە دژی ڕەگەزی بەرامبەر، ئەمەش زیادەڕۆیی، یان لادانە لە بیرکردنەوە ، یان ڕەوشی ئەو ژنانەی کە شەڕ لە دژی پیاوان و کۆمەڵگەو دەزگاکانی دەکات.
بزوتنەوەی فێمێنیزمی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی گۆڕانکارییەو ئامانجی لەناوبردنی هەموو ئەو شتە هەڵەو باوانەیە کە لە کۆمەڵگەدا هەن و بەهۆیانەوە ژنی پەراوێز خستووە و لەم ڕێگەیەشەوە دەتوانێت ژن و بارەکەی بکاتە بارێکی کارا لە کۆمەڵگەدا.
مێژووی بزوتنەوەی فێمێنیزم
لە بارەی مێژووی سەرهەڵدانی فێمێنیزمەوە بۆچونی جیاواز هەیە، هەندێک پێیانوایە سەرەتای ئەم بزوتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (١٨) و سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی، شولامین فایرستۆن لە ساڵی (١٩٧٠) دا پێیوایە '' دەسەڵاتی نێرینە کۆنترین و سەخترین دەسەڵاتە لە جیهاندا'' سیمۆن دی بوڤوار لە ساڵی (١٩٤٩) ئەوەی خستۆتە روو کە (کۆمەڵگەی رۆژئاوا کۆمەڵگەیەکی پیاو سالارانەیە ، چونکە دەسەڵاتی ئیداری بەدەست پیاوەوەیە و پێویستە چەمکی (ئەوی تر) بسڕینەوە'' ، یاخود (لە سەدەی نۆزدەوە سەریهەڵداوە و لە رابردودا ژن وەک مرۆڤێکی نەفام و رەگەزێکی سروشتی سەیر کراوە، کە بە رەگەزێکی مردوو دانراوە، هەندێکی ترپێیانوایە سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی (مافەکانی ژن) ی (مێری وڵستۆن) پاشانیش کتێبی (لە کۆتدانی ژنان)ی جۆن ستیوار مێل کە لە ساڵی ١٨٦٩ دا نوسیویەتی.
بەڵام بۆچونی تر هەیە کۆنتر لەو مێژووە و (کرستینا دوپیزان) پێیوایە لە سەدەی (١٥)دا سەریهەڵداوە ، هەروەها (سۆزان گریفین و ئاندرێ میشێل) پێیان وایە هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە ئەم کارە هەبووە.
لە بارەی مافی دەنگدانەوە لە ساڵی (١٨٦٣)داو لە نیوزلەند ژنان مافی دەنگدانیان هەبووەو لەم ڕوانگەشەوە و لە وڵاتانی ئەوروپا لە ساڵانی ١٩٧١ بە وڵاتی سویسرا کۆتای بەو ڕێگرییە هێنراوە، لە ناوهەموو ئەم مێژوانەشدا، جەخت لەسەر سەرەتاکانی سەدەی (١٨) وەک بزوتنەوەی فێمێنیزمی دەکرێتەوە، چونکە ژن لەو سەردەمەدا لە ژێر زەبرو زەنگ و چەوسانەوەیەکی خراپدا بوون، لەگەڵ هاتنی (جۆن لۆک)یش دا بیری لیبراڵی گەشەی کردو کاری لەسەر ئەوە کرد ،کە پێویستە ژن خاوەنی مافی (سیاسی و مەدەنی) خۆی بێت.
فێمێنیزم لە مێژووی کوردیشدا لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لە کاتی شۆڕشی شێخ محەمەد و ژنانی وەک عادیلە خانم و حەپسە خانی نەقیب پێشتریش مەستورە خانم و ماە شەرەفخان... چەندین ژنی ترلە کوردستاندا توانیویانە ئەو هاوسەنگیانە بپاریزن و ئەوە بخەنە ڕوو کە ژن لە کوردستاندا لە ناو کایەو هاوکێشە سیاسی و مەدەنیەکاندا ڕۆڵیان هەیە، هەرچەندە شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم کاریگەری لەسەر چالاکی فێمێنیزمی لە هەموو جیهاندا هەبووە ،ئەمە جگە لە دەسەڵاتە دکتاتۆریەکانی وەک فاشیزم و ناشیزم، بەڵام بارودۆخی کوردستان زۆر لەمە خراپتر بوو.
بزوتنەوەو شەپۆلەکانی فێمێنیزم
تیۆری فێمێنیزم ئامانجی تێگەیشتنە لە جیاوازی ڕەگەزی و ئەو نایەکسانییەی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا هەیە، چونکە هەر کاتێک تاک لەوە گەیشتبێت کە جیاوازی ڕەگەزی لە ڕووە بایەلۆژەکەدایە ، ئەوا پێویست ناکات بیر لە یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز بکاتەوە، یان هەندێک لە فێمێنیستەکان پێیان وایە کە تیۆرەکانی فێمێنیزم جەخت لەسەر باشترکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان دەکەنەوە، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی کە جیاکاری ڕەگەزی دروستدەکات و پیاو سالاری لە کۆمەڵگەدا دەهێنێتە ئاراوە، جگە لەمانەش فێمێنیستەکان دەیانەوێ لە ڕێی تیۆرەکانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی دەسەلات بکەن، کە کاریگەری لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان هەیە و کەسانێک بە خراپ کەڵک لە حاڵەتەکان وەردەگرن.
لەبەر ئەوەی فێمێنیزم بە چەند شەپۆل و سەردەمێکی مێژوییدا دابەشکراوە، چەندین جۆرو شێوەی نوێی فێمێنیزم بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان لە قۆناغە جیاجیاکاندا دەرکەوتوون، یان دەتوانێت بڵێین فێمێنیزم دابەشدەبێت بەسەر چەند شەپۆلێکدا:-
١ – شەپۆلی هۆشیارکردنەوە ( فێمێنیزمی لیبراڵ) : ئەو شەپۆلەیە کە هەوڵیداوە لایەنی هۆشیاری خەڵکی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو، یان نێر و مێ و پاراستنی ئەرک و ماف و یەکسانی لە نێوان ئەم دوانەدا بخرێتە روو، بەوەی کار لەسەر ئەوە کراوە کە ژن ئاستی هۆشیاری خۆی بەرزبکاتەوە و ببێتە ڕێگر لەو نایەکسانیە و دەرچون لەو کۆت و بەندانەی کە بۆ ژن دروستبوون. ئەمانە بزوتنەوەی سیاسی حیزبی لیبڕاڵ بوون، هەر ئاڕاستەیەکیان گرتبێت بەو ئامانجە بووە کە خزمەت بە ئامانجەکانی ژنان بکات ، لە هەمانکاتیشدا زۆر جەختیان لەسەر کارکردنی ژنان کردوەتەوە و کاریگەریشیان هەبووە. دەتوانین فێمینزیمی لیبراڵ لە چوارچێوەی ئازادکردنی ژناندا تەماشا بکەین بە ئامانجی ئەوە نا کە لە رووی فیکر و بیرکردنەوە ئازاد بن، بەڵکو بە ئامانجی ئەوەی کە ئازاد بن بێنە دەرەوەی ماڵ و لە ناو زنیجرەی بەها لیبراڵەکاندا جێگەی خۆیان بکەنەوە. بە کورتی بە ئاسانی بتوانن نیوەی کۆمەڵگە بهێننە نێو بازاڕی ئازادی کارکردن و ئازادی مامەڵەکردن بە جەستەوە.
لە مێژووی جیهاندا ئەم شەپۆلە لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەدەی (١٨) و هاتنە ئارای چالاکەوان لە بواری فێمێنیزمی و دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئەم دۆزە.
لە مێژووی فێمێنیزمی کوردیدا ئەم شەپۆلە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی و رۆمانتیکی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەبینرێت و کار لەسەر بەهێزکردنی هۆشیاری ژنان کراوە و هەوڵدراوە لە دۆزی یەکسانی ژن و پیاو و ڕۆڵی ژن هۆشیارو بەئاگا بهێنرێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم شەپۆلە لە ئەوروپادا کاری بۆ باشکردنی گوزەرانی ژنان دەکرد ، لە ڕوانگەی یاسایی و تەندروستی و فێرکردن و بەشداری سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژنان بە گشتی، واتە داوای مافە دروستەکانی دەکرد و داوای بزوتنەوەی جەماوەری ژنانی دەکرد، چونکە تەنها داوای ئەو شتانە دەکرا کە لەسەری ڕێکەوتبوون ، یان لەگەڵ بارەکەدا دەگونجا . لە پێشکەوتنی دنیا و سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمۆنیوکەیشن ئەم جۆرە لە فێمینیزم گەشەی زیاتری کرد و شان بە شانی بزوتنەوەی تاک گەرایی (ئیندیڤیدیۆالیزەیشن) داکۆکی لە سەربەخۆیی ژنان دەکرد و وەکو تاکێک کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی و بڕیارە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و خاوەنی موڵک و ماڵی خۆی بێت پێگەی دەدایێ. ئەم جۆرە لە فێمینزیم گەیشتە قۆناغی تاکڕەوی. هەرچەندە لەسەر فێمێنیزمی تاکڕەو قسەو بیری جیاوازی لەسەرەو هەندیک بە جۆرێک لە ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە ژن لێکیدەدەنەوە و هەندێکجار دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی کەسی بەرامبەر.
٢- بزوتنەوەی فێمێنیزمی کۆمۆنیست:
ئەمانە بزوتنەوەی ژنانەی چەپ بوون و بەرگریان لە بیری مارکسی دەکرد و دەیانویست هەوڵەکانیان لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای مارکسیدا بێت و ژنی فێمینیست ژنێکی کۆمۆنیست و مارکسی بێت، چونکە تەنها لەو چوارچێوەیەدایە کە ژنان بە تەواوی ئازاد دەبن.
ئەم بزوتنەوەیە خۆی لە چەند بنەمایەکدا دەبینێتەوە :
ا- ژنان مرۆڤن و لە بەرامبەر پیاودا هەوڵدەدەن و پیاو هەر مافێکی هەبێت ئەمیش هەیبێت. بۆیە پێویستە ئازاد بێت لە هەموو ئەو شتانەی کە هەڵیان دەبژێرێت. ژنیەتی ڕێگرنییە لەو کارانەی کە پیاو دەیکات ، ئەمیش بیکات. بۆ نمونە پرۆلیتاریای ژن هەیە و پرۆلیتاریای پیاو هەیە. نابیت ژنەکە دوو جۆر چەوساندنەوەی لەسەر بێت، لەبەر ئەوەی کە ژنە.
ب- دەبێت ژن ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی بیر و باوەڕی خۆیدا. نابێت پاشکۆی بیروباوەڕی مێرد و براو نێرەکانی دیکەی خێزاندا بێت. ژنی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیات دەنێت.
ج- پێویستە هەلو مەرجی گونجاو دابین بکرێت بۆ ئەوەی ژن خاوەنی ئابوریی خۆی بێت، پێویستە کاربکات و بەرهەمهێنبێت، چونکە ئەو ژنەی کە کار دەکات هەست بە بەهای کۆمەڵایەتی و ژنایەتی خۆی زیاتر دەکات.
٣- بزوتنەوەی فێمێنیزمی بوونگەرایی: ئەمانە سەر بە قوتابخانە بوونگەراییەکەی سیمۆن دیبۆڤوار بوون، بۆڤوار لە نێو ژنە ڕۆشنبیرەکانی ئەو کاتەدا یەکەم کەسیان بوو کە فیکری فێمێنیزمی لە هەموویان زیاتر پەرەپێدا، بەڵام لە هەمووشیان زیاتر بەکاریهێنا بۆ باوەڕەکانی خۆی کە بیرێکی زیاتر گروپگەری بوو نەک گشتگیر.
بوونگەرایی (وجودییەت) بریتییە لە فەلسەفەیەکی ئەزمونگەری کەسی و تاکی و فەلسەفەی گومان و رەفزکردنە، پێش ڕازیبوون و دڵنیابوون. سارتەر ڕابەری ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ دڵخوازەکەی (سیمون دی بوفوار)ی خاوەن کتێبی (ڕەگەزی تر)، کە بانگەشەی ژن دەکات بۆ شۆڕش و یاخی بوون لە واقیع. پێویستە جیهان ژن و پیاوی بە یەکسانی تێدا بژی. ئەگەر ژنان وەک پیاوان کار بکەن، ئەوا لە بارودۆخی یەکساندا دەبێت هەمان شایستە و موچەیان هەبێت. لەمەڕحاڵەتی سێکس، بڕوای بە ئازادی تەواو هەیە، لە هیچ حاڵەتێکدا کاری سێکسی بە کارێکی لەشفرۆشی دانانرێت، هاوسەر ئازادە لە پەیوەندیەکان و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیریەکەو دایکایەتیش ئازادە.
٤- فێمێنیزمی ڕادیکاڵی: ڕادیکاڵەکان لەو باوەڕەدان ژن و پیاو بەبێ سەیرکردنی سیاقی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی هەردووکیان لە ئاستێکی یەکساندان، چونکە پەیوەندیەکانیان لەسەر هێزی دەست و بیری هەردوولا بەرهەمهاتووە و کاری لەسەردەکرێت. کاریان بۆ ئەوە دەکرد، ئەو جیاوازییە ڕەگەزی وجێندەرییەی لە نێوانیاندا هەیە نەمێنێت.
ئەمانە بەو شێوەیە گوزارشتیان لە ڕەگەزی نێر دەکرد کە سەری هەرەمەکەیە و دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر سەرمایەداریدا، بەو پییە کە ئەمانە جیاوازی دەکەن لەو سزایانەی کە بەسەر ئافرەتاندا دەچەسپێنراو هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بە تەواوی بنبڕی بکەن و سەر لە نوێ کۆمەڵگە دابڕێژنەوە و چارەسەری کێشەکانی بکەن ، چونکە پێیان وابوو چەوسانەوەی ژن جەوهەری چەوسانەوەکانی دیکەیەو نمونەی هەموو چەوسانەوەکانە، تەنانەت پێیان وایە لەشفرۆش (سێکسفرۆش) ئەو کارە بە ئیرادەی خۆی ناکات، بەڵکو قوربانییەکی کۆمەڵگەیەو بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆو بە زۆر ئەو کارەی پێدەکرێت.
لایەنگرانی ئەم رەوتە داوای گۆڕانی بنەڕەتی پەیوەندیەکانی نێرومێیان دەکرد لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا. بە شێوازێک کە دەسەڵاتی باوکایەتی نەمێنێت و تا ڕادەی گەیشتن بە ئاستێکی یەکسان کە پێیدەوترێت: بە جێندەرکردنی کۆمەڵگە (genderization of society). فێمێنیزمی ڕادیکاڵی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم دەستیپێکرد، ئەم گروپە پیاوان بە بەرپرسی چەوسانەوەی ئافرەتان دەزانن وئەم توندوتیژیانەی کە دووچاری ژنان دەبنەوە، هۆکاری پیاوە، لەم ڕوانگەیەوە داوای نەمانی پۆلێنبەندی ڕەگەز دەکەن.
لە ناو ئەم بزوتنەوە ڕادیکاڵەدا بیروبۆچونی توند خرانەڕوو، کە دواتر بە بیروبۆچونی ڕادیکاڵی لادەر ناسران و کاریان لەسەر ئەوە بوو کە پێکەوە ژیانی رەگەز رەت بکەنەوە و شەڕ لەدژی پیاو بەرپا بکەن. بەهۆی ئەم بیرکردنەوەیەوە دروشمی (پیاو چینێکی دژ و دوژمنە) و (شەڕی نیوان دوو رەگەز) بەرزکرایەوە. بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو دروشمانەوە چەندی لێکەوتەی خراپ هاتنە ئاراوە:
١ - ئاڵۆزییەکی خراپ لە نێوان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ژن و پیاودا بە تایبەتی پەیوەندی سێکسی دروستبوو.
٢ – رەخنەگرتن لە دروستکردنی خێزان، بەو پێیەی کە دەزگای خێزان دەزگایەکی داپلۆسێنەرە بۆ ژن، بۆیە خێزان و هاوسەرگیری ڕەفز دەکەن.
٣- پێویستە پەیوەندی ئازادو ئازادی سێکسی هەبێت، ئوگست بیبڵ بیرمەندی ئەڵمانی دەڵێت: "تێرکردنی غەریزەی سێکسی مەسەلەیەکی کەسییەو پێویستە وەک غەریزەکانی تری مرۆڤ تێربکرێت و کەس بۆی نییە محاسەبەی ئەم بکات لەبەردەم خەڵکی تردا".
٤ – رەتکردنەوەی دەسەڵاتی باوک لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی باوکایەتی .
٥ –ژن دوای پرۆسەی هاوسەرگیری دەبێتە موڵکی پیاو و پاشناوی پیاوەکەی هەڵدەگرێت و هەموو شتەکانی ڕابردووی خۆی لە دەستدەدات، بەمەش کەسایەتی ژن لە نێو دەچێت.
٦ – ژن پاشای جەستەی خۆیەتی ( your body is your own )، جەستەی ژن موڵکی ژن خۆیەتی.
شەپۆلی یەکەمی فێمێنیزم جموجۆڵێکی پڕ چالاک و خاوەن ئامانج لە نێوان ساڵانی (١٨٦٠ – ١٩٢٠) دەسیپێکردوە و ئەم جموجۆڵەش لە پێناوی بەدەستهێنانی مافی سیاسی و یاسایی بووە، بەوەی لە ڕێگەی یاساوە مافەکانی دەستەبەر بکەن، Betty friedam دەڵێت ( شەپۆلی یەکەمی فێمێنیزم بۆ ئەوانەی کە لە ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبوون، مێژوویەکی مردووە، چونکە بەهۆی بەدەست هێنانی تەواوی مافەکانیان لە ئەمەریکا بووەتە مێژوویەکی مردوو).
کەوایە فێمێنیزم لە ئەوروپادا لە شەپۆلی یەکەمدا کە شەپۆلی تاکی و چاکسازی بوو، دوای ئەم هەنگاوە گەڕان بوو بە دوای بەدەستهێنانی مافی بەرامبەریدا و لە شەپۆلی دووەمدا داواکاری ئازادی ژنان و ڕۆڵگێڕانە.
لە ڕاستیدا بزوتنەوەی فێمێنیزم لە هەر وڵاتەو مێژوو و قۆناغ وڕەنگدانەوەی خۆی هەیە، بۆ نمونە شوپۆلی دووەمی فێمێنیزم لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٠ دەستپێدەکات و لە فەڕەنساش لە دوای شۆڕشی خوێندکاریەوە سەریهەڵدا، کە لە پاریس و لە ساڵی ١٩٦٨ دا ڕویداوە و لە هەمان ساڵیشدا یەکەمین گروپی ژنان دروستبوو.
پێنجەم- فێمێنیزمی سۆسیالیستی:
ئەم تیۆرە جەخت لەسەر گیانی تاکەکەسی و ژیانی گشتی ژن دەکاتەوە و پێی وایە هەتا کۆتایی بە کێشە کلتوری وئابووریەکانی ژنان نەیەت کۆتای بە کێشەی ژنان نایەت. واتا ئەم تیۆرە تێکەڵەیەکە ڕەخنەگر لە فکری فێمێنیزمی مارکسی و رادیکاڵ، چونکە مارکس پێیوایە سیستمی سەرمایەداری چەوسانەوەی ژنی لە هەناودایەو، پێیوایە کە سەرکەوتوو نەبووە لە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان سیستمی باوکسالاری و چینایەتیدا، بەڵام سیستمی سۆسیالیستی هاوکاری یاسای بێبەرامبەری پێشکەشکردووە و ژنیش لێی بێبەشنەبووە.
شەشەم:- فێمێنیزمی ماتریاڵی:-
ئەم چەمکە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٥ دا لە لایەن (کرستن دلڤین) بەکارهات، کە جەخت لەسەر لایەنی ئابووری ژن دەکاتەوەو ، دەیەوێ لەچوارچێوەی کاری ماڵی دەریبهێنێت و خۆی کاربکات، کە ئەوکاتیش دەستی لە نێو گیرفانی خۆیدا دەبێت و چاوی لە کەسی بەرامبەر نابێت.
حەوتەم:- فێمێنیزمی جوداخواز
ئەم جۆرەیان پێچەوانەی ئەوەی پێشووە، پێی وایە لەبەر ئەوەی جیاوازییەکانی نێرو مێ چارەسەر نییە، بڕوایان بە سێکس لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا نییە،
سەرەتا ئەم بۆچوونە لە ساڵی ١٩٦٧ لە لایەن پرۆفیسۆری بەشی ئیتک لە ئەمریکا دەرکەوت وهەر ئەویش ڕێکخراوێکی دامەزراند بە ناوی شانەی ١٦، بەڵام کاریگەری نابوو لە نێو بزوتنەوەی فێمێنیستیەکاندا و وەکو خۆی مایەوە،بەڵام پاش ماوەیەک هەندی کەسانی میانڕەو سەرهەڵئەدەن کە پێیانوایە پیاوان ناتوانن پێشنیاری باش بۆ کێشەی ژنان بکەن، هەر پێشنیارێکیش کە کردیان ئەواپیاو سالارانە دەبێت، لێرەوە لەگەڵ ژناندا کەوتنە کارکردن بۆ ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان و خێزانێک کە تەنها لە ژن پێکهاتبێت و کار لەگەڵ پیاودا نەکات، یان بۆ هەمیشە بە سەڵتی و بێ هاوسەرایەتی بمێنێتەوە.
هەشتەم:- فێمینیزمی پۆستمۆدێرن:-
ئەم تیۆرە یەکەمجار لەلایەن فەیلەسوفێکی ئەمریکیەوە بەکارهێنرا کە لە تیۆرەکەیدا ڕەخنە لە سیمۆن دی بۆڤوار و میشێل فۆکۆ و فەیلەسوفی فەرەنسایی (لاکان) دەگرێت، کە پێیوایە ئەمانە جیاکاریان لە نێوان بایۆلۆژیاو جێندەردا دروستکردووە، چونکە ئەو لەو کتێبەیدا جەخت لەسەر چەمکی سێکس و زمان دەکاتەوە و پێیوایە سێکس خۆی لە ستراکچەوە زمانەوانیەکاندا بنیادنراوە، هەروەها پێوایە سەرجەم ژنان ئەزموونی ڕێگەیەکی ژنانەی هاوبەس دەگرن و هەموو ژنانیش خۆیان لە شانی پیاودا دەبیننەوە.
سەرچاوە: بزوتنەوەی فیمینیزم، دەزگای ئایدیا، نامیلکەی ژمارە ١٨، ئامادەکردنی کۆمەڵێک نوسەر.