ناسیۆنالیزم بە واتا نوێیەکەی لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم؛ لە داهێنانی ئەوروپیەکانە. واتاکەشی ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی بەگوێرەی سروشتی خۆی بەسەر نەتەوەکاندا دابەشبووە، ئەو نەتەوانەش لەڕێگەی چەندین تایبەتمەندی دیاریکراوەوە دەناسرێنەوە. هیچ حکومەتێکیش بە شەرعی لەقەڵەم نادرێت ئەگەر لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی دانەمەزرابێت.
بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بیری ناسیۆنالیزم؛ پێویستە بگەڕێنەوە دیدوبۆچوون و فکری فەلسەفی ئەوروپییەکان و زانینی چۆنیەتی سەرهەڵدانی فەلسەفەی ڕۆشنگەری کە لە سەدەی هەژدەدا لە ئەوروپا بڵاوبووەوە و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە گەردوون بە یاسایەکی جێگیر و چەسپاو فەرمانڕەوایی دەکرێت، کە یاسای سروشتییە. ئەو کۆمەڵگەیەش لەسەر بنەمای ئەو یاسایە ڕێکبخرێت؛ دەبێتە خاوەنی بەختەوەری؛ ئەوەش بەو مانایە نییە کە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا نییە بەڵام چەندین هۆکار و دیاردەی هاوبەش هەیە لەنێوان هەموواندا، کە زۆرتر لە جیاوازییەکانی نێوانیان مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایکبوون و مافی ژیان و ئازادی و بەدەستهێنانی بەختەوەرییان هەیە. بە واتایەکی تر مرۆڤەکان لەژێر کاریگەری دوو هۆکاردان، ئەوانیش بریتین لە (لەزەت و ئازار). چاکترین ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیش ئەوەیە، کە کەمترین ڕێژەی ئازار و زۆرترین ڕێژەی لەزەت بەدەست بهێنێت. لە دوو پرەنسیپیشەوە ئەنجامەکان بەدەستدێت.
دەوڵەت: لە کۆمەڵێک کەس پێکدێت، کە بەیەکەوە دەژین و باشترین ڕێگەچارەش دابینکردنی زۆرترین ڕێژەی خۆشگوزەرانی و بەختەوەرییە بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە. هەر ئەوەش پەیمان و ڕێککەوتننامەی کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤەکان یەکبخات و ماف و بەرپرسیاریەتی فەرمانڕەوا و فەرمان بەسەرکراو دیاری بکات.
بیروباوەڕی باو ئەوە بوو، پێویستە پاشای ڕۆشنگەر بارودۆخی ئابووری هاووڵاتیان ڕێکبخات و هەروەها پرۆسەی فێرکردن و ڕۆشنبیرکردن دابین بکات و سەرپەرشتی کاروباری تەندروستیان بکات. سەرەڕای دابینکردنی ئاسایش و دادپەروەری نێوانیان، ئەویش لەڕێگەی کۆمەڵێک یاسای دادپەروەرانە و هەروەها گرنگیدان بە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری دانیشتوان دەپێورێت.
لە ڕوانگەی ئەو لێکدانەوەیەشەوە (فریدرییکی گەورە) دەڵێت (پادشا خزمەتگوزاری یەکەمی دەوڵەتە) . هەر لەڕێگەی کۆمەڵێک نامەوە دەربارەی خۆشەویستی نیشتمانی دایک، فریدریک ئەوە ڕووندەکاتەوە کە خۆشەویستی نیشتمان هەستێکی ئەقڵانییە و لەو ڕێگەیەشەوە وەڵامی فەیلەسوفە ئەنکلۆپیدییەکان دەداتەوە، کە دەڵێن: (لەبەرئەوەی زەوی جێگەی نیشتەجێبوونی ڕەگەزی مرۆڤایەتییە و کەسی هۆشمەندیش ئەوەیە خۆی بە هاووڵاتی ئەو جیهانە بزانێت)، فریدریک لە وەڵامدا دەڵێت: مرۆڤەکان بە سروشت بران و پێویستە یەکتریان خۆشبوێت بەڵام ئەم خۆشەویستییە گشتییە بەو واتایە نییە کە ئەرکێکی پێویستر و گرنگتر پشتگوێ بخرێت ڕووە و کۆمەڵێکی تایبەت هەنگاو نەنێیت کە تاک تیایدا بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بەیەکەوە گرێدراون، خێر و خۆشی کۆمەڵگە و چاکەکان موڵکی سەرجەم تاکەکانیەتی، ئەگەر ڕاستەوخۆ هەست بەو پەیمانەش نەکەن، تاک بە نیشتمانی دایکەوە بە پەیوەندییەکی بەهێز بەستراوەتەوە. بە ڕادەیەک ناتوانێت خۆی لێ جیابکاتەوە، تاک لە بەختەوەری وڵاتەکەیدا پشکی هەیە ئەگەر ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی زیانێک بووەوە ئەو زیانە تاکەکانیش دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە ئەگەر هاووڵاتی بەختەوەر بوو دەوڵەتیش لەو بەختەوەرییە پشکێکی بەردەکەوێت، خۆشەویستی نیشتمان تەنها پرەنسیپێکی عەقڵانی نییە بەڵکو هەست و سۆزێکی ڕاستەقینە و یەکێتی پارچەکانی نیشتمانیش ڕاستەوخۆ هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە. دەوڵەتێک ئەگەر پارچەیەک لە خاکەکەی لەدەست بدات لاواز دەبێت و ئەو سەروەت و سامانەش لە دەستدەدات کە سوودی لێوەردەگرێت و تواناکانیشی کەمتر دەبنەوە لە یارمەتیدانی هاووڵاتیانی لەکاتی پێویستدا.
لەسەر ئەو بنەمایە یەکگرتوویی خاکی وڵات و وەلائی بۆ وڵات، لەسەر تواناکانی دەوەستێت لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، کەواتە بابەتەکە گۆڕینەوەی سوود و قازانجە لەنێوان هاووڵاتی و دەوڵەتدا.
گرنگی شۆڕشی فەڕەنسی لە توانا نوێیەکانیدا دەرکەوت لەڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئەو ئامانجانەشی گۆڕی کە پێویستبوو فەرمانڕەواکان کار بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی بکەن، ئەگەر هاووڵاتیان لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگەی سیاسی ڕازی نەبوون مافی ئەوەیان هەیە بیگۆڕن بۆ ئەو شێوەیەی دەیانەوێت، هەروەکو لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، کە سەروەری بۆ گەلە و هیچ تاکێک یان دەستەیەک ناتوانێت سەروەری پیادە بکات مەگەر گەل ڕێگەی پێدابن و هەڵقوڵاوی گەل بن، ئەمەش یەکەمین مەرجە بەبێ ئەو مەرجەش ئامانجە نەتەوەییەکان جێبەجێ نابن.
ناسیۆنالیزم هەروەکو وشە لاتینیەکە (Natio) ئاماژەی پێدەکات زۆر کۆنە و بە واتای (لەدایکبوون) یان ڕەگەز (عنصر) دێت، هەروەکو دەلالەت لە هۆز یان کۆبوونەوەیەک دەکات کە لەسەر بنەمای نزیکایەتی خوێن و یەکێتی زمان پێکهاتبێت. دەکرێت ئەو نزیکایەتییە واقیعی یان خەیاڵ بێت. هەروەها وشەی نەتەوە (Nation) لە زانکۆکانی سەدەی ناوەڕاستدا بۆ دابەشکردن و جیاکردنەوەی خوێندکاران بەکاردەهێنرا، بەمەبەستی دەنگدان بەگوێرەی شوێنی نیشتەجێبوونیان، نەتەوەکانی زانکۆی پاریس (فەرەنسا، نورماندی، بیکاردی، ئینگلتەرا)یی بوون. لەسنت ئەندروزدا: (فایف، لوتیان، ئانکس، وبریتون، لەفیانا، ئوسترالیا، سکسویا، بوهیمیا، هەنگاریا) بوون. ئەو خوێندکارانەی لەو هەرێمانەوە دەهاتن بەناوی هەرێمەکانیان یاخود نەتەوەکانیانەوە ناودەبران.
ناسیۆنالیزم: وەکو ناوێکی گشتی بۆ ئاماژە بە کۆمەڵێکی دیاریکراو بەکاردەهات. شاعیری ئینگلیزی ئەدمۆند سبنسر لە قەسیدەی شاژنی پەرییەکاندا لە کۆمەڵێک قەومی باڵندەکان دواوە (Nation sof fbirda) هەروەها بین جونسونی شاعیر دەڵێت (پزیشکەکان قەومێکی زیرەکن)، ساموئیل باتلەر ئاماژەی بە قەومی پارێزەران کردووە کە (قەومێکی ئاقڵن و بازرگانیەکەیان ناخەنە ژێر هەڕەشەی ململانێ و مەترسیەوە) .
لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەمدا فەیلەسوفی ئینگلیزی (دیڤید هیوم) تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزم بەم شێوەیە باسدەکات: (کۆمەڵێک لە تاکەکانن کە لە ڕێگەی هەڵسوکەوتەوە هەندێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە). هەروەها نووسەری فەڕەنسی (دیدرۆ) نەتەوەکانی ئالانسایکلەر بیدیای فەرەنسی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: (بەو ژمارە زۆرەی خەڵک دەوترێت کە لە ڕووبەرێکی دیاریکراوی وڵاتێکی دیاریکراودا دەژین کە سنورێکی دیاریکراویان هەیە و لەژێر دەسەڵاتی یەک حکومەتدان) . قەشە (سیز) بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: یەک شتە لەهەموو کات و شوێنێکدا.
وا باوە کە دەڵێن جوگرافیاش ناسیۆنالیزم دروستدەکات و سنوورە نەتەوەییەکان دیاریدەکات، بەریتانیا لە کیشوەری ئەوروپا دابڕاوە، ئەویش هۆکارێک بوو بۆ درووستبوونی ناسیۆنالیزمی ئینگلیزی، هەروەها ژاپۆن لە کیشوەری ئاسیا دابڕاوە و ناسیۆنالیزمی ژاپۆنی دروستکردووە. بەڵام وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەرێکی گەورەی لە ئەمریکای باکوور داگیرکردووە ئەوەش یارمەتیدەرێک بوو بۆ دروستکردنی ناسیۆنالیزمی ئەمریکی. بەڵام جوگرافیا بەتەنها ناتوانێت ئەوە شیبکاتەوە کە چۆن دوورگەی بەریتانیا دابەشبووە بەسەر چوار گەلدا. (ئینگلیزی، وێڵز، ئیرلەندی، سکوتلەندی) هەروەها جوگرافیا ناتونێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە بۆچی چوار گەلی جیاواز لە نیمچە دورگەی ئیبریادا دەژین (کەتەلۆنیا، باسک، پرتوگال، قشتالە). لەهەمان کاتدا وێکچونێکی زۆر دەبینین لەنێوان سوید و نەرویجدا لەلایەنی زمان و ڕەگەزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سنوورێکی سروشتی سیاسی لەنێوانیاندا هەیە. ئەمە و چەندین نموونەی تر کە هیچ جۆرە شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکی جوگرافیانەی بۆ ناکرێت .
ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرستی (Tpaciam) هەیە، زانایان لەسەر پێکهاتە مرۆییەکان و ڕەگەزەکانیان یەکگرتوو نین، کە لەکوێوە هاتوون و بنەماکەیان چییە؟ بەڵام لەسەر ئەوە کۆکن کە نەتەوە هاوچەرخەکان و نوێیەکان لە چەندین پێکهاتە و یەکە و ڕەگەزی جۆراوجۆر پێکدێت. پێکهاتەی مرۆیی لەسەردەمەکانی بەر لە مێژووەوە ئاوێتەبوون و ناتوانرێت یەکەیەکی پاک و بێگەرد بدۆزینەوە تەنها لەنێوان هۆزە وەحشیگەرەکاندا نەبێت. لەبارەی گەلانی ئەوروپی نوێوە، کە لە ئەڵمانەکان و ئینگلیز و ئیرلەندی و فەرەنسی و ئیتاڵییەکان و روسی پێکهاتوون، ئەوانەی لە کۆمەڵێک پێکهاتەی رەگەزی دژیەک پێکهاتوون وەکو درێژ و کورت و قەڵەو و لاواز و سوور و سپی و ئەسمەر و سەردرێژ و سەرخڕ... هتد، لەسەر ئەو پێودانگەی ئەو نەتەوەیەی لەسەر یەک سەرچاوە و بنەما و ڕەگەز و نزیکی خوێن پێکدێت شتێکی خەیاڵییە، بەڵام هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ درووستکردنی نەتەوە لە ڕێگەی پروپاگەندەکانەوە.
ئەو شتەی پێی دەڵێن ڕۆحی نەتەوە یان گەل (thsonal of the people) ئەو تیۆرەی کە دەڵێت: هەموو نەتەوەیەک خاوەنی زیهنیەتێکی بە کۆمەڵە (Group mind) هەروەها بەهرە و تایبەتمەندی و سیفاتێکی تایبەتیان هەیە. باوەڕیان بە ڕۆحی تاک نییە، روحی نەمر دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەکان.
نکۆڵی ناکرێت نەتەوەکان جیاوازییان هەیە لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان هەروەها جیاوازی لەدەرکەوتە و تایبەتمەندە نەتەوەییەکاندا، زانایانی دەرونناسی ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە کە مرۆڤەکان لە کۆبوونەوەکاندا جیاوازتر هەڵسوکەوت دەکەن بەراورد لەگەڵ هەڵسوکەوتی تاک بە تاکیان، ئەوان لەژێر پاڵەپەستۆیەکی گشتیدان هەر کە ئەو پاڵەپەستۆیەش نەما جیاوازی دەکەوێتە نێوانیانەوە بە واتایەکی دی: زیهینیەتێکی بەکۆمەڵ هەیە لە کۆمەڵەکەدا وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو هەڵسوکەوت دەکات جیاوازە لە زیهنیەتی تاکەکان، بەو واتایە ئەتوانین بڵێین بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی یان عەقڵیەتێکی نەتەوەیی هەیە و بەهێزێکی دەروونی لە قەڵەمدەدرێت و تاکەکانی کۆمەڵێکی نەتەوەیی ئاراستە دەکات رووە و کۆمەڵگەیەکی فکری و کارکردن. بەڵام ناتوانین زیهنیەت نەتەوەیی لە قەڵەم بدەین لەڕاستیدا زیهنیەتی نەتەوەیی جێگیر نییە و گۆڕاوە، زۆر لەو سیفەتانەی نەتەوەیەکی پێدەناسرێتەوە لەنەتەوەیەکی تردا هەیە، بۆ نموونە (شارل روون باکستن) لەسەر تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیی دەنوسێت و دەڵێت: (هەروەک و ئینگلیزەکان گرنگی دەدەدن بە ئازادی سیاسی، فەرەنسییەکان بەبێگەردی زانستی و نەرمونیانی، ئەڵمانییەکان بە پیشەسازی و وردەکاری و ڕێکخستن، ئیتاڵییەکان بە ڕەگەزی جوانی، فنلەندییەکان بەپێشکەوتنی دیموکراسی و سڕبەکان بە شیعر و ئیغریقییەکان بەسۆز بۆ ڕابردوو بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەو شتەی باکستن دەیڵێت ڕاست بێت، ئینگلیزەکان ئارەزوویان بۆ شیعر لە سڕبەکان کەمتر نییە، فنلەنداش لە ئینگلتەرا و سویسرا دیموکراسیتر نییە و ئەڵمانیەکانیش لە فەرەنسییەکان لەزانستدا بێگەردتر نین.
یۆنانیە کۆنەکان فەلسەفە و زانست و دیموکراسیەتیان داهێنا، رۆمانەکان جەنگاوەری بەهەڵمەتبوون و ئیمپراتۆریەتێکی فراوان و سیستمی دەوڵەت و دامەزراوەکانیان دروستکرد. بەڵام لە ڕۆژگارەکانی ئەمڕۆدا پێویستیان بەفێربوونی زانست و فەلسەفە و دیمکراسیەت هەیە لە ڕۆژئاواییەکانەوە، هەروەها ئیتاڵیەکانیش سیفەتە جەنگیەکانیان لەدەستداوە.
ناسیۆنالیزم تایبەتمەندییەکی شارستانییە و هۆکار بایەلۆژییەکان بەسەریدا جێبەجێناکرێت. هۆکاری کۆبوونەوەی نەتەوەیی و سیفەتەکانی نەتەوەیی دەکرێت لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانەوە بزانرێت نەک بایەلۆژی و ژینگە و جوگرافیا. لەنێوان سیفەتە شارستانیەکاندا (زمان) هۆکارێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە درووستکردنی ناسیۆنالیزمدا. زاناکانی ڕەگەزناسی دەڵێن: (هۆزە سەرەتاییەکان بەجیاوازی زمانەکانیان دەناسرانەوە، دوو هۆز نەبوو بەیەک زمان بدوێن، بەڵام هەتا لکاندن و یەکگرتنی هەردوو زمانی ئەنگلۆسەکسۆنی و نۆرماندی فەرەنسی رووی نەدا، زمانی نەتەوەیی ئینگلیزی دروست نەبوو. نەتەوەی فەرەنسی نەبوو، هەتا زمانی فرەنکی ئەڵمانی و زمانی غالیەکان پێکنەهات: بەو پێیە نەتەوە (کۆمەڵێک لەخەڵکن لەژێر سێبەری یەک یاسای گشتیدا دەژین و یەک ئەنجومەنی یاسا دانانیش نوێنەرایەتیان دەکات).
لێرەوە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت: لە وشەی (Nation) لەسەدەی حەڤدەیەمەوە لەلایەن یاسادانەر و نووسەرانەوە بەکارهاتووە بۆ دانیشتوانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بەچاوپؤشین لە یەکێتی زمان و رەگەز. هەر ئەم وەسفەشە بۆ ناسیۆنالیزم کە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆش رەزامەندی سەرجەم دەوڵەتانی لەسەرە. دانیشتوانی دانیمارک بەنەتەوەیەک دەژمێردرێن هەروەها دانیشتوانی ئیمپراتۆریەتی نەمسای مەجەری کە تێکەڵەیەکن لە کۆمەڵێک گەلی جیاواز لەسەدەی ڕابردوودا بە نەتەوەی نەمساوی ناودەبران. هەروەکو دانیشتوانی بەلجیکای خاوەن دووزمانی جیاواز. هەروەها سویسرای خاوەن سێ زمانی جیاواز.
لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستەواژەیەکی تایبەت بۆ ناسیۆنالیزم بەکاردەهات، پێی دەوترا (تەبەعیەتی قەومی) . (Nationality) بۆ ئاماژەیەک بەتەبەعیەتی ئەمریکی کە کۆمەڵێک لە دانیشتوان ملکەچی حوکمی دەستووری و یاساکانی حکومەتی فیدڕاڵین. بە واتای حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای جیاوازی بنەچە و زمانی ڕەسەنیان.
ئینتمای قەومی کە لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەکارهات کەمتر تەمومژاوییە لە نەتەوە و زۆرتریش بەکاردێت بۆ دەلالەت لە کۆمەڵێک لە خەڵکی کە یەک زمان بەکاردەهێنن، شانازی بەنەریتی هاوبەشەوە دەکەن و دەبن بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و تایبەتمەندی ڕووناکبیری. ئەوەش بەو واتایە دێت کە نەتەوە یان رەگەزێک بەبێ یەکەیەکی سیاسی یاخود بەبێ بوونی دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆیان .
بزوتنەوەی ناسیۆنالیزم (Nationalism) لەزمانە ئەوروپیەکاندا لەگەڵ دەرکەوتنی تەبەعیەتی قەومیدا سەریهەڵدا و چەندین واتای جیاوازی لەخۆگرت.
بە پلەی یەکەم: بەواتای بەردەوامبوونی میژوویەکی ڕاستەقینەیە، ئەویش بەدامەزراندنی یەکەیەکی سیاسی بۆ نەتەوە جیاوازەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
دووەم: بەواتای پرەنسیپ یان ئەو ئامانجە دێت، کە لەچوارچێوەی گەشەکردنی مێژوویی واقعدا خۆی دەبینێتەوە، بەو مانایەش دەلالەت لەبەهێزی هەستی نەتەوەیی و فەلسەفەی سیاسی دەکات بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی.
سێیەم: بزوتنەوەی نەتەوەیی بەواتای چالاکییەکانی حزبێکی سیاسی تایبەتمەند بەلکاندنی ڕێڕەوی مێژوویی و تیۆری و سیاسی. بەو واتایە دەتوانین بڵێین نەتەوەی ئیرلەندی یان نەتەوەی چینی هەن. وشەی نەتەوەیی بەکاردەهێنرێت بۆ دەلالەت لەوەی کە هەموو تاکێکی ئیرلەندی لەحزبێکی سیاسی نەتەوەیی ئیرلەندی یان چینیدایە.
چوارەم: دەلالەت لەو حاڵەتە زیهنییە دەکات کە لەنێوان ئەندامەکانی یەک نەتەوەدا هەیە و لەسەر دڵسۆزی و وەلا دروستبووە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی ئەو وەلائەی لەسەر هەموو وەلائەکانی ترەوەیە. شانازیکردن بە نەتەوە و بڕوابوون بەتایبەتمەندی و پەیامەکەی، بەشێکن لەو وەلائە نەتەوەییە. بەم واتایە (نەتەوە وەکو حاڵەتیکی زیهنی) ئەو جۆرەیە کە لە سەدەی بیستەمدا باوبوو، ئەم ناسیۆنالیزمە کار لەبیر و بۆچوونەکان دەکات و چۆنیەتی خۆگونجاندنی کارەکان لە بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیرییەکان دیاریدەکات، هەروەها لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکیدا.
ناسیۆنالیزم لکاندنی سۆزداری نوێیە دەچوێنرێتە دوو دیاردەی کۆن، ئەوانیش ئیتحادی نەتەوەیی (Nationality) و نیشتمانپەروەری (Patriotion) هەمیشە و بەردەوام قەوارە مرۆڤایەتییەکان هەبوون، هەروەکو مێژوونووس و زانایانی ڕەگەزناسی روونی دەکەنەوە و دەکرێت ناویان بنرێت نەتەوەکان. هەروەها خۆشەویستی نیشتمان و شوێنی لەدایکبوون هەیە کە زۆر کۆنە و پێی دەوترێت نیشتمانپەروەری، بەڵام ناسیۆنالیزمی هاوچەرخ دیاردەیەکی نوێ و گرنگ و کاریگەرە بەڕێژەیەک پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژی لەسەر بکرێت.
پێناسەی ئینتمای نەتەوەیی (Nationality): بەکۆمەڵێک کەس دەوترێت بەیەک زمان و دیالێکتی هاوشێوە لێکنزیک دەدوێن و شانازی بە نەریتە مێژوویی و هاوبەشەکانەوە دەکەن، کۆمەڵگەیەکی ڕووناکبیری تایبەتمەند پێکدەهێنن یاخود لەو باوەڕەدان پێکیدەهێنن. بەڵام ئەو بنەمایە یاخود بناغە میژووییەی ئەو کۆمەڵانە چییە؟ چی شتێک بڕیار لە ناسیۆنالیزمی دەدات بەشێوەیەکی گشتی و (گەلێک) لەیەکێکی تر جیادەکاتەوە؟ دەڵێن ئەو شتە گەلێک یان رەگەزێک لەوی دی جیادەکاتەوە سروشتی مرۆڤایەتییە، ئەوەش هەتا ڕادەیەک ڕاستە چونکە مرۆڤ بەسروشت خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بەشێوەی کۆمەڵ ژیاوە و کاریکردووە و جەنگاوە.
ناسیۆنالیزم بریتییە لە کۆمەڵە مرۆییەکان، بەڵام ئەوە تەنها کۆمەڵێک نییە کە مرۆڤی تێدا ژیاوە و کاری تێدا کردووە و شەڕی تێدا کردووە. چونکە چەندین کۆمەڵی ئابووری یان ئایینی لە دەرەوەی سنووردا هەن. هەستەکانی کۆمەڵە پڕۆتستانتییەکان یان کاسۆلیکییەکان کەمتر نییە لە هەست و سۆزی ناسیۆنالیزمی لای نەتەوەییەکان. هەروەها هەست و سۆزی سۆشیالیزمە ئابورییەکان کەمتر نییە لەو هەست و سۆزە ئایینی و نەتەوەییانەی لێی دواین. ئەمەش دەلالەت لەوە دەکات کە زمانی فەرەنسی دروست نەبوو تاکو نەتەوەی فەرەنسی سەریهەڵنەدا. هۆکاری پوکاندنەوە و نەمانی زمانەکەیان بوو، ئەم دیاردەیەش بەردەوام دەبێت. بەڵام رەخنەگرەکان ڕەخنەیان لە زمان گرتووە وەک هۆکارێک بۆ بڕیاردان لەسەر نەتەوە، لەو کارەشدا پشتیان بە نموونەی سویسرا بەستووە، کە بە سێ زمانی فەرمی دەدوێن (ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی)، هەروەها بەلجیکا کە دوو زمانی فەرمی تێدایە (فەرەنسی، هۆڵەندی) بەڵام رەخنەگرەکان جیاوازیان نەکردووە لەنێوان ناسیۆنالیزم و قەوارەی سیاسیدا. گەلی سویسری لە سێ نەتەوە پێکهاتووە لەیەک دەوڵەتدا، بەلجیکا لە دوو نەتەوە و یەک دەوڵەت پێکهاتوون بەهەمان شێوە لە دروستبوونی نەتەوەدا بوونی قەوارەیەکی سیاسی بەمەرج دانانرێت.
ناسیۆنالیزم جێگر و چەسپاو نییە، نەتەوەکان بەر لەدروستبوونیان بەچەندین تاقیکردنەوەی زۆردا تێپەڕیون، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی فکری ئەمریکی و هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان بەئینگلتەراوە دەبەستێتەوە و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی نەتەوەیەکی ئەمریکی تەواو. نەتەوەی پروسیا کە بەزمانی سلاڤی دەدوان بە درێژایی سەدەکان بوون بە نەتەوەیەکی ئەڵمانی و بەزمانی ئەڵمانی دەدوێن، ئینگلتەرا هەتا ئێستا نەیتوانیوە ویڵز و ئیرلەندی و سکوتلەندییەکان لە نەتەوەی ئینگلیزدا لەقاڵب بدا و بیانتوێنێتەوە. سەرەڕای هەوڵە زۆرەکان بۆ پتەوکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی هەستی یەک نەتەوەیی لەنێوان سەرجەم سویسری و بەلجیکیەکاندا، ئەو ڕاستییە حاشا هەلنەگرە هەر ماوە کە هاووڵاتییە سویسرییەکان لەهەست و سۆزی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریدا جیاوازییان نییە ئەویش بەجیاوازی زمانە ئەڵمانی و فەرەنسی و ئیتاڵییەکان.
ئێستا ڕوون و ئاشکرایە کە بۆچی زمان بووەتە هۆکارێکی سەرەکی لە دروستکردنی ناسیۆنالیزمدا، یەکێتی زمان دەبێتە هۆی یەکێتی بیرکردنەوە و یەکێتی عەقڵ و کۆمەڵێک دەستەواژە و بیروبۆچوون دروستدەکات کە بە بڵاوبوونەوەیان هەستی نەتەوەیی پێشدەکەوێت، سەرەڕای بەرژەوەندی هاوبەش، زاناکان دەڵێن ئەو کەسانەی زمانێکی تاک و جیاواز بەکاردەهێنن بێگانەن و لەوان جیاوازن، ئەو هەستەش لەنێوان هەموو نەتەوەکاندا دەبینرێت.
زمان هۆکارێکە بۆ دەربڕینی ئەو شتانەی لە دەرونی مرۆڤدان، بە بۆچوون و روانین و داهێنانەکانی نەتەوەییەوە. زمان بازنەی گرێدانی نێوان ڕابردوو و ئێستایە و دەنگی ئەو ساڵانەیە کە ڕابردوون و ڕادەبوورون و تابلۆکانی بیرکردنەوەی ڕابردوو و داهێنانەکانی دەخاتە ڕوو.
ئەوەش ڕوو و هۆکاری دووەم ڕامان دەکێشێت لەپێکهێنەرەکانی ناسیۆنالیزم کە ئەویش نەریتە مێژووییە هاوبەشەکانە، کە بە تایبەتمەندییەکی دەرکەوتوو سەرەکی سیفەتە بنچینەییەکانی ناسیۆنالیزمە. میژوو لە جەوهەرەکەیدا مرۆییە، مرۆڤیش هەستی کات و یادگارییەکانی پێبەخشراون، ڕووداوەکانی ڕابردووی ژیانی خۆی ئەوانەی بەر لەو هاتوون لە ڕابردوودا یاد دەکرێتەوە و پارێزگاری لەو بیروباوەڕانە دەکات لەمێژووی کۆمەڵە نەتەوەییەکەیدا کە بەیەک زمان دەدوێن و ئارەزووی ئاهەنگ گێڕانیان هەیە بە بیرەوەری پاڵەوانەکانیان و کارە نەمرەکانیان کە یادەوەرییە مێژووییەکان پاراستوونی و بوون بە بەشێک لەنەریتی نەتەوەیی. دەستگرتن و شانازیکردن بە نەریتە مێژوویەکانەوە مرۆڤ وا لێ دەکات دروشمێک دابنێت بۆ دەربڕینی ئەو نەریتانە، ئەویش بەشێوەی ئاڵا یان دروشمێک بۆ بوژاندنەوەی یادەوەرییە ئەفسانەییەکانی نەتەوە و چیرۆکەکانیان. ئالێرەدا مرۆڤ دەستبەرداری لایەنی زانستی دەبێت و لە جیهانی خەیاڵدا دەژی و یادەوەرییە نەتەوەییەکەی دەدۆزێتەوە. هەوڵدەدات شتێکی نەمر لەمێژووی کۆمەڵگاکەیدا بدۆزێتەوە، ئەوەش بە زیندووکردنەوەی نەریتە مێژووییە هاوبەشەکان کە لەنەتەوەکەیدا چڕ بووەتەوە، بەو شێوەیەش ئارامی دەرونی دەستدەکەوێت.
هۆکاری سێیەم لە ناسیۆنالیزمدا ئەو بڕوا باوەیە لەنێوان نەوەکانی یەک نەتەوەدا، ئەوان کۆمەڵگەیەکی شارستانی تایبەتمەند پێکدەهێنن، شتێکی سروشتییە هەموو نەتەوەیەک هەست بەوە بکات لەوانی تر جیاوازە و خاوەنی شارستانیەتیەکی تایبەتی و دەرکەوتووە بە دامەزراوە تایبەتییەکان و ڕووناکبیری و نەریت و هونەری تایبەت بەخۆی. لەگەڵ ئەوەدا کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هۆکارەکانی گەیاندن و هاتوچۆ خێرایە و بووەتە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە یەکێتی ڕووناکبیری لەجیهاندا، بەشێوەیەک ئەو شتەی نەتەوەیەکی لەوی دی جیادەکردەوە شتێکی کاریگەر نییە و هیچ بەهایەکی نییە بەگوێرەی ئەو هۆکارە هاوبەشانەی کە کۆمەڵێک نەتەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو نەتەوەیەک خۆی بەوە دەزانێت کە سەرچاوەی هەموو شتێکی گرانبەهایە لە شارستانیدا. ڕەنگە هەموو نەتەوەیەک وا بیربکاتەوە کە لەداهاتوودا هەمان گرنگی هەبێت.
هۆکاری چوارەم: ئاییەنە. ئایین هۆکارێکی سەرەکیە لەجیاوازی ڕووناکبیریدا بە تایبەت لە ڕابردوودا، بەشێوەیەک کە ئایین نەریتە کۆمەڵایەتی و بڕواکانی لەنێوان خەڵک و کۆمەڵەکاندا دروستکردووە بووەتە هۆکاری بەهێز بۆ دروستکردنی ناسیۆنالیزم. ئایین قەناعەتێکی دەرونی بەمرۆڤەکان بەخشیوە جۆرێک لە کەرامەت و ڕەزامەندی داوەتێ زۆرێک لە نەتەوەکان قەرزاری ئایینن. ئایینیش هۆکارێکی سەرەکییە لە دروستکردنی زۆربەی نەتەوەکاندا. بەڵام ناکرێت ئایین بەسیفەتێکی جیاکەرەوەی تایبەتمەندی بەردەوام دابنێین بۆ ناسیۆنالیزم .
هۆکاری پێنجەم: دامەزراوە سیاسیەکان هۆکارێکی گرنگ بوون لەگەڵاڵە بوون و پێکهێنانی ناسیۆنالیزمدا. لەهۆزە سەرەتاییەکاندا وەلائی هەمیشەیی بۆ سەرۆک هۆزو بەدروستکردن و سەرهەڵدانی شارەکانیش ئەو وەلائە لەسەرۆک هۆزەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەو یاسایەی سەرۆک دای دەنێت.
پاشان ئەو وەلائە گوێزرایەوە بۆ دامەزراوە سیاسیەکان لەدەوڵەتدا، ئەو دامەزراوانەی یاسا یاسا دەقی لەسەر داناون بەزۆری خێزانی فەرمانڕەوا هۆکارێکی گرێدان و پێگەیاندنی نێوان هۆزو بیرۆکەی دەوڵەتی سیاسی بوە. پاشان دەسەڵاتەکانی پاشا بە شێوەیەکی یەک لەدواییەک گوێزراوەتەوە بۆ دەوڵەت و حکومەت، لەو ڕێگەیەوە بیرۆکەی دەوڵەت وەلائی گەلانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەواتایەکی تر وەلائی گەلان بۆ دەوڵەت بوو.. لەزۆربەی حاڵەتەکاندا فراوانبوونی دەوڵەت بەڕێگەی فراوانخوازی بوەتە هۆی یەکخستنی هۆزەکان و کۆمەڵگاکان و سەپاندنی زمانێکی هاوبەش بەسەریاندا بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی یەکگرتوو وەلائەکەشی پێشکەش بەسیاسەتێکی گشتی هاوبەش بکات. بەو شێوەیە گەلی لاتینی ئیتاڵیایان کرد بەدەوڵەتێکی رۆمانی لاتینی.. نمونەی مێژووی هاوشێوە زۆرن لەسەدەکانی ناوەڕاست و هاوچەرخدا سیاسەت یارمەتی گۆڕین و گواستنەوەی زۆر لەکۆمەڵگە هۆزایەتیەکانی داوە لەگواستنەوەیان بۆ نەتەوە. گەشەکردنی نەتەوەی فەرەنسی و ئینگلیزی بەڵگەی ئەو ڕاستیەن. نەتەوەی ئینگلیزی گەشەی کردوو پێشکەوت کاتێک پاشاکانی ئینگلتەرا دەستیانکرد بەفراوانخوازی و هۆز و ناوچەکانیان خستەسەر حکومەتی ناوەندی، بەهەمانشێوە فەرەنساو ئیسپانیاو ئەوانیتر هەتاوەکو ئێستا توێژینەوە دەکەن لەخستنە ڕووی پێکهێنەرەکان و سیفەتەکانی، هەروەها خستنەرووی ئەوەی کەناسیۆنالیزم پشت ئەستوری زهنیەتی بەکۆمەڵ یاخود رۆحی نەمر یان نزیکایەتی خوێن و ڕەگەز یاخود جوگرافی نیە تەنها لەبوارە سنوردارەکاندا نەبێت، بەڵکو ناسیۆنالیزم پشت بەبنەمایەکی شارستانی دەبەستێت کە ئاماژە بە هەر کۆمەڵێک لەخەڵکی دەکات کە بەزمانێکی هاوبەش دەدوێن و شانازی بەنەریتێکی مێژوویی هاوبەش دەکەن و کۆمەڵگەیەکی شارستانی پێکدەهێنن کە ئایین و سیاسەت ڕۆڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت، بەڵام مەرج نیە ئەو ڕۆڵە هەتا هەتایە بەردەوام بێت.
نەتەوەکان بەگوێرەی ئەو پێناسانەی لەسەرەوە لێیان داوین لەسەردەمە کۆنەکانەوە هەبوون و مێژونووسان و زانایان توێژینەوەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، ئەوەش بەو واتایە نیە کە گەلێک لەسەرەتای بوونەوە هەبوبێت و هەتا هەتایەش هەر بمێنێتەوە .. ناسیۆنالیزم دەردەکەوێت و گەشەدەکات و حاڵەتی تێکدەچێت و لەناودەچێت و هەرەس دەهێنێت، زۆربەی گەلە ئەوروپیەکان دروستبوونیان نوێیە، زۆربەی نەتەوەکانی هندیە سورەکان ڕووەوە لەناوچوون و پوکانەوە دەچن.
نیشتمانپەروەری کە لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەناسیۆنالیزمەوە گرێدراوە لەلایەنی مێژووییەوە بەستراوەتەوە بە وەلائی مرۆڤ و خۆسەویستیەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خاکی لەدایکبوونیەوە (Territ patriq) لەسەر ئەو بنەمایەش بەدەگمەن هۆزە کۆچکەرەکان هەست بەنەتەوەیی نیشتمانپەروەری دەکەن هەروەکو مێژوونوسی بەناوبانگ (جیمس هرفی روستن) دەڵێت بەدەگمەن هۆزە کۆچکەرەکان لەزەمەنێکەوە بۆ یەکێکی تر هەست بەو سۆزە بەهێزەی کە با خاک یان دارو درەختەوە کە تیایدا یاخود لەژێریدا لەدایکبووە دەکەن. نیشتمانپەروەری نیشانەی ژیانی مەدەنیانە بوو لەکۆندا، بەڵام سەرجەم ئەو دانیشتوانەی نەدەگرتەوە کە لەیەک وڵاتدا نیشتەجێبوون و بەیەک زمان دەدوان. بەواتایەکی دی نیشتمانپەروەری خوێنی دەگرتەوە نەک نیشتمانپەروەریەتی نەتەوەیی. ئیغریقە کۆنەکان نیشتمانپەروەربوون بەڵام نەک بۆ سەرجەم وڵاتی یۆنان، بەڵکو نیشتمانپەروەری ئەسینی یان ئەسپارتەیی بوون ئەو کاتەس سەرجەم شارە یۆنانیەکانی تری دەگرتەوە. ئەو جۆرە نیشتمانپەروەریە کارێکی سروشتی بوو، چونکە مرۆڤ هەست بەجۆرێک ل پەیوەندی سۆزداری دەکات بەو خاکەی لێی لەدایکبووەو تێیدا گەورە بووە.. نیشتمانپەروەری بە تێپەڕبوونی ڕۆژگارەکان فراوانتر بوو کە لە خاکی لەدایکبوونەوە گەیشتە قەوارەی سیاسی ئەو وڵاتەی کەئەو هاونیشتمانیەی تێدایە. لە کۆندا دەوڵەتان بریتیبوون لە ئیمپراتۆریەتەکان کە لەژیر دەسەڵاتیدا چەندین گەلی لەخۆگرتبوو. وەلائیش تەنها بۆ کەسی ئیمپراتۆر یان سەرکردەی سەربازی فەرمانڕەوا یان سەرۆک بوو.
ئەو وەلائە بەزۆری دروستکراوو بوو کە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خاکی لەدایکبوونی. فەیلەسوفە پێشینەکان درکیان بەو دیاردەیە کردووە بە تایبەتی فەیلەسوفە یۆنانیەکان وتویانە کە ئەو دەوڵەتە نمونەییەی کە دەتوانین خۆشەویستی ڕاستەقینەی نیشتمانی تێدا بدۆزینەوە پێویستە بچووک و سنورداربێت، ڕەنگە ئەوەش هۆکاری ئەوە بێت کە ئیغریقیە پێشینەکان لەهەوڵی ئەوەدا نەبوون دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو دروست بکەن بۆ هەموو خاکی یۆنان، چونکە خۆشەویستی ڕاست و وەلائی ڕاستەقینە تەنها بۆ شارو حکومەتەکەی بوو، لەبەرئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەدەکانی ناوەراستدا دەگمەن بوو بۆیە بەدەگمەن نیشتمانپەروەری نەتەوەیی دەدۆزینەوە بەڵام لە سەردەمە نوێیەکاندا دوو جۆر لەعەقیدا دەبینرێت:
هەموو نەتەوەیەک دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەری پێکبهێنێت.
هەموو دەوڵەتێکی نەتەوەیی چاوەڕوانی وەلائی تەواوی هاوڵاتیانی بکات، هەروەها نیشتمانپەروەریەتی ڕاستگۆ ئەو بڕوایەی کەبە هیچ شتێک لەق نابێت بەوەی ئەو تایبەتمەندیەی نەتەوەکەی ئەو هەیەتی باڵادەستە بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا، هەروەها شانازی پێوەبکات و دواڕۆژێکی پرشنگداری بۆ بخوازێت، هەر ئەوەش ناسیۆنالیزمە کە دیاردەیەکی نوییە .
هەستی نەتەوەیی دیاردەیەکی پەروەردەیی و وەرگێڕاوەو دیاردەیەکی سروشتی نیە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی سروشتەوە ئەمەش پەیدا بوبێت. لەگەڵ ئەوەدا کە ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە هەمیشە هەندێک هەستی نەتەوەیی هەبووبێت بۆ یەکێتی زمان و مێژوو تایبەتمەندی و رووناکبیری کە وا لەکۆمەڵێک دەکات جیاواز بێت لە کۆمەڵەکانی تر، نەک تەنها لە سەردەمە نوێکاندا دەبینی تەڵقینی سەرجەم تاکەکانی گەل دەدرێت بە عەقیدە نەتەوەییەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، ناسیۆنالیزم یەکێتیەکی نموونەییە بۆ ڕێکخستنی سیاسیانەو تایبەتمەندا شارستانیەکان، پێویستە سەرجەم وەلائەکان بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی بێت. بەواتایەکی تر وەلائەکان بۆ دەوڵەتی نیشتمانپەروەری نەتەوەیی بێت هەر ئەو عەقیدەیەش جەوهەری ناسیۆنالیزمی نوێیە..بەو شێوەیەش نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بەیەکەوە گرێدران و دەستیگرت بەسەر سەرجەم ئەرکە مرۆییەکانداو هەموو وەلائێکی جەماوەری بۆ لای خۆی ڕاکێشاهەر ئەوەش بزووتنەوەی نەتەوایەتییە .
ناسیۆنالیزم لە سەدەی هەژدەدا
بۆچوونەکانی ڕۆسۆ وەک نمونەی گریمانکراو
فەلسەفەی ناسیۆنالیزم لەسەدەی هەژدەهەم و لە ناوەندێکی پێشکەوتنی فکریدا سەریهەڵدا کە دیاردەیەکی دەرکەوتووی ئەو سەردەمە بوو. سەدەی (١٨) سەدەی بریارە مەزنەکان بوو.. ئەوانیش خۆیان بە فەیلەسوفانی ڕۆشنگەر دەژمارد. لەبەر هێندەش سەدەکەیان سەدەی ڕۆشنگەر بوو ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکی فکری بوو، بەواتای دانانی ئەودیوی سروشت لەجیاتی سروشت، لاهوتیش بەزانستەکان، وە گریمانەی ئەوەی هەموو شتێکی مادی و فکری لە گەردووندا وەیاسایەکی جێگیرو چەسپاو باڵا دەستە و ئاڕاستەیان دەکات لەلایەکی ترەوە ڕۆشنگەری لەسەر باڵابوونی عەقڵی مرۆیی بنیاتنراوە بۆ دۆزینەوەی یاساکانی سروشتی بەهۆی عەقڵەوە بەواتای پێشکەوتنی خێراو گەیشتنی مرۆڤ بە پلەی کامڵبوون ،هەروەها رۆشنگەرەکان گرنگیان بە مافەکانی مرۆڤداو هەوڵیاندەدا لەپێناو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی چاکتردا .
لەژێر ڕۆشنایی ئەو بیرۆکەیە رۆشنگەرەکان ڕەخنەیەکی زۆروو تێکشکێنەرو لەهەمان کاتدا دروستکەریشیان ئاراستەی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینەکان دەکرد، ئەوانەی بەسەر پێوەرەکانی عەقڵ و لۆژیک هەروەها مافی مرۆڤدا جێبەجێ نەدەکران، هەروەها هاندەری پێشکەوتنی مرۆڤ و دابینکردنی مافەکانی تاک نە بوون وەهیچ سودێکیان بۆ مرۆڤایەتی نەبوو.
رۆشنگەرەکان دامەزراوە تەقلیدیەکانیان بە پێچەوانەی عەقڵ لە قەڵەم دەدا، هێرشیان دەکردە سەر زۆرداری و چەوساندنەوەو نایەکسانی و نەبوونی دادپەروەری ، داوایان لە فەرمانڕەواو دادپەروەرەکان دەکرد رۆشنگەربن و سیستمێکی نمونەیی چاکە خواز و چاکەکار لەحکومەتەکانیدا پەیڕەو جێبەجێبکەن جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە پێویستە حکومەت خێرو خۆشی فەرمان بەسەر داواکراوەکان بێت پیادەکردنی دیموکراسیەتێکی سیاسیانە لەسەر بنەمای یاسای سروشتی و مافە دەستورییەکان، هەروەها پیادەکردنی ئازادی تاکە کەسی بەمەرجێک ئازادی کەسانی تر پێشێل نەکرێت، لەو ئازادیانەش ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و کۆبونەوە و دامەزراندنی ڕێکخراوەو کۆمەڵە جیاوازەکان لەنێو ئەو کۆمەڵە دەرکەوتوەی فەیلەسوفە رۆشنگەرەکاندا ئابوری ناسەکانیان یاخود سروشت ناسەکانیان بانگەسەی ئازادی تاکەکەسی دەکرد .
هەروەها ئازادی موڵکایەتی و هەڵبژاردنی کار و بازرگانی بەبێ قەید و شەرت لەگەڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەکانی دژی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی رۆشنگەرەکان بەناوی عەقڵەوە بانگەشەی چاکسازیان دەکرد هەروەها بنەما گرنگەکانی چاکسازیان کە سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە داڕشت هەروەها بنەما گرنگەکانی چاکسازیان دەکرد، هەروەها بنەما گرنگەکانی چاکسازیان یاساکان و بەندینخانەکان و نەهێشتنی توندڕەوی و جێبەجێ کردنی سیاسەتی لێبوردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی .
لە چوارچێوەی ئەو بزوتنەوە فکرییەدا کۆمەڵێک عەقیدەی نەتەوەیی دەرکەوتن کە ڕۆشنگەرەکان هەستان بە ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی ، هەرچەندە ئەو فەیلەسوفانە بەگوێرەی میزاج و بارودۆخ و وڵاتەکانیان جیاوازیان هەبوو لە شیکردنەوەکانیاندا، بەڵام بەتێکڕای بەگیانی سەردەمی و رۆشنگەری و مرۆڤایەتی ناوداربوون .
ئەو فەلسەفە ناسیۆنالیزمیەش لەسەر بنەمای یاسای سروشتی دروستبوو بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی .
ناسیۆنالیزم بە مرۆڤایەتییەوە گرێدراو پاڵنەرەکەشی پاڵنەرێکی مرۆڤایەتیانەبوو چونکە خێر و خۆشی سەرجەم مرۆڤایەتی تێدابوو، هەروەها داواکردنی مافی گەلان و نەهێشتنی جەنگەکان سەریانهەڵدا ئەو جەنگانەی رق و کینەیان بەرهەم دەهێنا ناسیۆنالیزمی ئینسانی کە رۆشنگەرە لە پێشینەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد یەکێکە لە پرنسیپەکانی ناسیۆنالیزم کەلەسەدە نوێیەکاندا دەرکەوت و لەسەدەی هەژدەیەمشدا سەریهەڵداوە گەشەیکرد ،
لێرەدا ئاماژە بە نموونەی ئەو بیر و باوەڕە ناسیۆنالیزمە مرۆڤایەتیانە دەکەین کە لە ئەوروپادا دەرکەوت و میزاجی خاوەنەکەی و ئەو ناسیۆنالیزم و چینە دەخەنە ڕوو کە خاوەنەکەی بۆی دەگەڕێتەوە .
یەکەم ئینگلیزێکی ئۆرستۆکراتی و دووەم فەرەنسییەکی سەربەچینی بۆرژوازی بچوک و سێیەم لە ڕۆشنگەرە ئەڵمانەکانە .
(جان جاک رۆسۆ ١٧١٢ – ١٧٧٨)
بیریارێکی سیاسی بوو ، نەیتوانی ژیانی تایبەتی خۆی رێکبخات بەڵام کاریگەری هەبوو لەسەر ژیانی ملێۆنەها خەڵک رۆسۆ فەیلەسوفێکی ناسیۆنالیستی نەبوو چونکە لەسەر فەلسەفەی ناسیۆنالیزمی نەنوسیوە، بەڵام فەلسەفە سیاسیەکەی گرنگبوو. نووسینەکانی تریشی کۆمەڵێک دید و بۆ چوون لەخۆ دەگرێت کە ئەفکارە نەتەوەییەکانیشی تێدا ڕەنگی داوەتەوە کتێبی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) رۆسۆ کە تێیدا رونی دەکاتەوە (حکومەت بەر ئەنجامی ئەو پەیمانە ئازادەو ئارەزوو مەندانەیە لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکدا، هەروەها ڕەزامەندی ئازادانە و ئارەزوو مەندانەی نێوانیان . هەچ کاتێک ئەو گەڵە ویستی دەتوانێت بیگۆڕێت).
لێرەدا رۆسۆ بەڕوونی و ئاشکرایی پرەنسیپی سەروەری گەل و بنەمای دیموکراسیەتی نوێ رووندەکاتەوە. هەرچەندە هەموو ئەو بۆ چوونانە یاخود هەموویان لە جۆن لۆک و بیر یارانی ئینگلیزەوە وەرگیراوە، بەڵام رۆسۆ ئەدیبێکی درەوشاوە بوو کتێبەکەشی لەکاتی گونجاودا دەرکەوت رووناکبیرەکانی ئەوروپا بەتایبەت فەرەنسا بەدوای شێوازێکی لۆژیکدا دەگەڕان کە لە ڕێگەیەوە بتوانن چاکسازی لە حکومەت و کۆمەڵگەدا بکەن رۆسۆ پیاوێکی تۆباوی بوو لە دەربڕینەکاندا ، ئەو دەستەواژانەش فیکرەکانی لەخۆ نەدەگرت هێندەش خاوەن ئەقڵەکانی سەردەمی خۆی پێیان قبوڵ نەدەکرا. ڕۆسۆ دەستەواژەکانی ڕۆشنگەرەکانی بەکاردەهێنا لە دەوڵەتی سروشتی یاسای سروشتی و مافی سروشتی ئازادی و یەکسانی و تاک گەرایی مرۆڤایەتیدا کەنیسە و تیۆکراتی سویسری رەتدەکردەوە بۆیە بووە جێگەی سەرنج و ڕێزلێنان ، رۆشنگەرە هاوچەرخەکانی پشتیوانی ئەو بیرانەی رۆسۆیان دەکرد .
رۆسۆ بەتەواوی ئەو مەبەستەی خۆی شی نەکردۆتەوە سەبارەت بە (گەل)، گەل لە تێڕوانینی رۆسۆوە کۆمەڵێک خەڵکن لەهەر پارچەیەکی زەمینیدا نیشتەجێبن و لە چوارچێوەی هەرچ سیستمێکی حکومیدا بن ئەو گەلەش نەتەوەیەک پیکدەهێنێت یان نەتەوەیەکی ڕووناکبیری یان زمان سەرەڕای تەم و مژاوی ئەو خاڵە لای ڕۆسۆ بەڵام لەکاتی جێبەجێ کردندا بەڕوونی دەردەکەوێت چونکە ئەو گەلەی لەزمان و نەریتی مێژوویدا هاوبەشن خاوەنی هۆکارە پێویستییەکانن هەروەها جەختکردنەوە لە سەروەری گەل و دوشتە جێبەجێکردنی دیموکراسیەتێکی سیاسی،
بە چەندین شێوە ناسیۆنالیزم دەردەکەوێت بە یارمەتی دیموکراسیەتی سیاسی دەبێتە پاڵپشتێکی بەهیز بۆ زۆر ترین ژۆری ناسیۆنالیزمی گەلی، هەروەکو رۆسۆ جەخت لەسەر چۆنیەتی جۆری حکومەت دەکاتەوە لەلایەن گەلەوە هەروەها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش جەخت لەسەر مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان دەکاتەوە بۆیە دەکرێت بەشێوەیەکی لۆژیکی بەرئەنجامی تیۆرەکەی رۆسۆ والێکبدرێتەوە: کە گەل یان نەتەوە لە تاکە یەکسانەکان پێکدێن و لە ماف و ئەرکەکانیاندا یاەکسانن نەک چینە جیاکراوەکان. هەروەها لە کتێبی (ئەمیل)دا رۆسۆ لەدەرگای چەندین دەرگای بیری تری داوەو جەندین ئاوازی دیکەی خستۆتە سەر بیروبۆچونی رۆشنگەرەکان ئەوەش لەنیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدابوو هەروەکوو ڕۆمانسیەتی سروشتی سەرەتایی چونکە جوان و سەرنج راکێشە ئەو کارەش لە لوتکەی چیاکانی سویسرادا دەبینرێت کە بەفر دایپۆشیوە هەروەها لە شەپۆلەکانی دەریاچەی ژنێف و ..) بەو شێوە هندیە سورە سەرەتاییەکان لەپڕێکدا بوون بە نمونەیی زیندووی چاکەخوازی و سادەیی و شەرەف ئەو سیفەتانەی کە مرۆڤی سەرەتایی پێدەناسرێتەوە و بە شارستانیاتی کۆمەڵگەی پیشەسازی لەکەداروو پیس نەبووە رۆسۆ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دەکرێت چاکە لە لادێیەکاندا لەنێوان ملیۆنەها نەخوێندەوار بدۆزرێتەوە ئەوانەی نزیکترین لەدەوڵەتی سروشتییەوە ئەوانە ڕاستگۆ ترین بیمەکاریەکانی کۆمارن بەو شێوەیە ڕەش و ڕووتی کۆمەڵ دەوڵەت پێکدەهێنن کە هەوڵ دەدەن بۆ خێرو خۆشگوزەرانی گەل پێویستە پرۆسەی خوێندن سروشتی بێت و لەسەر بنەمای چاکە کاریە سەرەتاییەکان بێت بۆ کۆمار، لەو ڕێگەیەشەوە رۆسۆ توانیویەتی پرۆگرامی ڕووناکبیری و سۆزە هەڵچووەکانی دەربخات بیگەیەنێتە ئەو ناسیۆنالیزمەی لە زانیاریەکانەوە وەرگیراوە.
لەکتێبی تبتییەکان لەسەر حکومەتی پۆڵەندا (کە لەسەر داوای یەکێک لە خانە دانە پۆڵۆنیەکان لەساڵی ١٧٧٢ز دا نووسیویەتی)، رۆسۆ چەند ئامۆژگاری و ڕێنماییەک پێشکەش بە ناسیۆنالیزمی پۆلۆنی دەکات و تیایدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن گەل لە حاڵەتی پۆڵۆنیادا دەتوانێت ببێتە نەتەوەیەکی تەواو بۆ پارێزگاری کردن لەخۆی ، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە (دامەزراوە نەتەوەییەکان عەبقەریەتی گەلێک و کەسیەتی و زاوق و داب و نەریتەکانی پێک دەهێنێت، ئەو دامزراوانەش گەلێکی جیاواز لە گەلێکی تر دروستی دەکەن کە سروشتی خۆشەویستییەکی لە ڕادە بەدەر بە نیشتیمان دەباخشێت کە لەسەر بنەمای ئەو داب و نەریتانە دروست بووە ، کە ئەستەمە شوێن پێی هەڵبگیرێت و بگەیەنرێتەوە بنەمای سەر چاوە ڕەسەنەکەی) رۆسۆ وتەکانی ڕاستەوخۆ ئاراستەی پۆڵۆنییەکان دەکات وە دەڵێت :( ئێوە نازانن چۆن ڕێگا لە ڕووسەکان بگرن و قوتان نەدەن و لەجێگەی خۆیاندا ڕایان بگرن بەلای کەمەوە هەتا نەتانخۆن .
چاکەکاری هاوڵاتیان و شێلگێڕی نیشتیمان پەروەری ئەو شێوە تایبەتییەی کە دامەزراوە نەتەوەییەکان دەیبەخشنە قەبارە و گیانی نەتەوەیتان دەبێتە بەربەستی پاراستنیان و دەتوانێت بەردەوام بتان پارێزێت وە هیچ سوپایەکیش ناتوانێت لەناوتان بەرێت) .
رۆسۆ شێوازەکانی شێلگێڕی نەتەوەیی دیاری دەکات لەوانەش (پاداستی تایبەت بە پاڵەوانییە نەتەوەییەکان ، بەخشینی پلەو پایەی شەرەف مەندانە زیندوکردنەوەی نەریتە نەتەوەییەکان، پیادەکردنی یادە نەتەوەییەکان، خستنە ڕوو پیشاندانی چیرۆک و ئەفسانە نەتەوەییەکان و پاراستن و پارێزگاری کردن لە پشوە ئاییینی و نەتەوەییەکان کەخاڵکی دڵخۆس و ئارام دەکەن، باسترین شێوازیش پرۆسەی فێرکردن و ڕۆشنبیر کردنە کە شێوەی نەتەوەیی دەبەخشێتە گەل، منداڵ کاتێک چاوەکانی هەڵدێنێ پێویستە نیشتیمانی دایک ببینێ و پێویستە هەتا مردن جگە لەو هیچیتر نەبینێت ، پێویستە مداڵەکان فێربکرێن بە خۆشەویستی نیشتیمان و ئازادی و یاساکان ، چونکە پەروەردەی نەتەوەیی تەنها پیاوی ئازاد بەدەستی دەهێنێت هەروەها پێویستە خوێندن بەخۆڕایی بێت و پێویستە هاوڵاتی هەست بە ئەرکی نەتەوەی خۆی بکات وەکو سەربازێک و خۆی ڕابێنێت و ڕاهێنان بکات لەسەر پارێزگاریکردن لە نیشتیمانەکەی .
رۆسۆ ئەو بیرو بۆ چون و ئامۆژگاریانەی لە پرۆگرامێکدا کورتی کردۆتەوە بۆ بانگەشە کردنی نەتەوەیی کە ئەگەر پۆڵۆنییەکانیش سودی لێ وەر نەگرن هیچ گەلێکی تر دەتوانێت لێی سود مەد بێت بۆ دروست کردنی قەبارەی نەتەوەییان .
ناسیۆنالیزم لای رۆسۆ دیموکراسیەتە ، بە جەخت کردنەوەی لەسەر ڕەش و ڕوتانی گەل ، ئەو ناسیۆنالیزمەش لە جەوهەر و مەبەست و ئامانجەکانیدا ئینسانیە، رۆسۆ پاڵپشتی فراوانکردنی هیچ گەلێک ناکات لەسەر حسابی گەلانی تر لایەنی سۆزدارییەکەی کە لە نووسراوەکانیدا دەبینرێت قوڵایی مرۆڤایەتیەکەی دەردەخات .
رۆسۆ پیاوێکی شەریف و خاوەنی دڵێکی ناسک و مرۆڤانە بوو، دڵگران دەبوو کاتێک دەیبینی مرۆڤەکان لە دەوروبەریدا پێوەند کراون . بڕوای بەوە هەبوو کە ئەگەر مرۆڤەکان سەرنج بدەن و ئاگاداربن لەو شێوازانە کە لەنووسینەکانیدا خستویەتیە ڕوو دەتوانن پەیوەندیەکانیان بپسێنن و ئازاد بن . چەندین نموونەی زیندوو هەیە لەنێوان نەتەوەکاندا کە دەلالەت لە برایەتی مرۆڤایەتی دەکاتەوە و بەرهەمی سروشتی چاکەکانی کۆمارە.