ئارام حسێن
ئه‌و رۆژه‌ی ده‌ستگیركرام (28/11/1986)بوو، یه‌كێك له رۆژه زۆر سارده‌كان بوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی قوتابخانه‌مدا كه ئه‌وكات له دووی ناوه‌ندی ده‌مانخوێند، به‌نیازبووین بچین بۆ قوتابخانه، دوو ته‌كسی له جۆری كراون به‌خێرایی له قه‌راغی جاده‌كه وه‌ستان و ئه‌وه‌نده‌ی بڵێیت یه‌ك و دوو به‌سه‌رماندا بارین، قوات خاسه‌یه‌ك كه جلی كوردی پۆشیبوو په‌لی هاوڕێكه‌می گرت و ویستی بیخاته ناو یه‌كێك له ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه، ده‌ستێك له یه‌كێك له ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و قوات خاسه‌یه كرد كه ده‌ستی به‌قۆڵییه‌وه بوو، به‌ده‌ست له‌قاندن تێیگه‌یاندن كه ئه‌و نییه‌و ئه‌مه‌یانه واتا من، به‌په‌له منیان خسته‌ناو یه‌كێك له ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌و هاوڕێكه‌میان ده‌ستبه‌جێ و هه‌ر له‌و جێگایه‌دا كه نزیكی خه‌سته‌خانه‌ی شیره‌كه بوو ئازاد كرد..
كاتێكیش بردمیانه ناو ته‌كسییه‌كه‌وه قه‌مسه‌ڵه‌كه‌میان له پشته‌وه هێناو ده‌م و چاویان پێداپۆشیم، ئیتر ئاگام له دنیای رۆشن نه‌ما! به‌هه‌ست ئاگام لێیان بوو كه لاپه‌ڕه به‌لاپه‌ڕه كتێب و ده‌فته‌ره‌كانم هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی بۆ شتێك بگه‌ڕێن، به‌ڕێكه‌وت لاپه‌ڕه‌كانی ده‌فته‌ری عه‌ره‌بیان هه‌ڵده‌دایه‌وه ئینشایه‌كی عه‌ره‌بی سه‌قه‌تم نووسیبوو كه له‌و ده‌مه‌داو له‌ژێر سایه‌ی دیكتاتۆرییه‌تدا ده‌بوایه به‌زۆر بینووسی به‌ناوی (الشهداء أكرم منا جميعا) كه چاویان چووه‌سه‌ر ئه‌و ئینشایه كه‌مێك پێكه‌نین و به عه‌ره‌بی وتیان شوهه‌دائی چی ئه‌مه ته‌نزیمه ته‌نزیم، ئیتر هه‌ر له‌و ساته پڕ له ترسه‌دا تێگه‌یشتم كه خه‌به‌ریان لێداوم و ده‌بێت له‌گه‌ڵ سات به‌ساتی كاره‌ساتدا بڕۆم و به‌هێز و وریابم.
پاش نیو سه‌عات زۆر‌و كه‌م، ئۆتۆمبێل راگیرا‌و دایان گرتم و ده‌ستكارا به‌قسه‌كردن به عه‌ره‌بی، تێگه‌یشتم كه وتیان:
"جوان چاوی بگره، ئه‌وه زیندانی تازه‌یه..؟"
وه‌كو كه‌سێكی كوێر قاچم له‌دوم نه‌ده‌هات، قادرمه‌ی تێكه‌وت و زۆرباش نه‌مده‌توانی به‌سه‌ر قادرمه‌كاندا رێبكه‌م، جارێ هه‌ر له‌سه‌ر قادرمه‌كان به بۆكس و شه‌ق تێم به‌ربوون، ده‌یانووت بۆ نازانیت بڕۆی، وه‌كو ئه‌وه‌ی چاوم به قه‌مسه‌ڵه‌كه‌م نه‌به‌سترابێته‌وه، كاتێكیش چاویان كردمه‌وه له ساڵۆنێكدا بووم پێنج كه‌س به‌و سه‌رمایه‌و به‌ڕوتی و به‌چاو به‌ستراویی و ده‌ست به‌كه‌له‌پچه‌وه‌و به‌چیچكانه‌وه‌و به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه ریز بووبوون. هه‌رچیم له‌به‌ردابوو پێیانداكه‌نیم و جله‌كانیان خسته‌ناو زه‌رفێكی نایلۆنی گه‌وره‌وه‌و وه‌كو ئه‌وان رووتبوومه‌وه، كه‌له‌پچه‌یان كردم و چاویان به‌ستم و بردمیانه ریزه‌وه.
كاتی ده‌وامی قوتابخانه‌م کاتژمێر(1)ی دوانیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێده‌كرد، وای بۆده‌چم له‌کاتژمێر(١٢:٣٠)دا، ده‌ستگیركرابێتم و ره‌نگه له‌کاتژمێر(١) یان (٣٠:١) به‌ڕووتی و چاوبه‌ستراوییه‌وه خۆم له‌ڕیزه‌كه‌دا بینییه‌وه. به‌وشێوه‌یه تا کاتژمێر(٢:00)ی شه‌و ئێمه به‌وشێوه‌یه ماینه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌داو له‌و هۆڵه سارده‌دا میزمان ده‌كرده ژێرخۆمان، هه‌ڵده‌له‌رزین، تا ده‌هات هاوار هاوار زۆرتر ده‌بوو، هه‌ركاتێك بتوویستایه دانیشی به‌كێبڵ تێت به‌رده‌بوون!
ئه‌وه‌نده‌مان سه‌رمابوو میزی زۆریشمان كردبووه ژێرخۆمان بۆنی به‌ساڵۆنه‌كه‌دا بڵاوبووبۆوه، ناچاربوون له‌به‌ربۆنی میزه‌كه‌و ئه‌و ناوه‌شی پیسكردبوو پێیانووتین نابێ میز بكه‌ن هه‌ركامێكتان میزی هاو پێمان بڵێن ده‌یبه‌ین بۆ ئاوده‌ستخانه، له‌یه‌كێك له‌جاره‌كاندا كه بردمیان بۆ ئاوده‌ستخانه‌كه له‌به‌رده‌می ئاوده‌ستخانه‌كه‌دا كه‌مێك په‌ڕۆكه‌ی سه‌رچاویان هه‌ڵبڕیم، به‌ڵام ده‌ستم هه‌ر به‌كه‌له‌پچه‌وه‌بوو له‌دواوه، به‌پاڵێك كردمیانه ژووره‌وه، سێ ئاوده‌ستخانه له‌ڕیزی یه‌كبوون، ویستم بچه‌مه یه‌كێك له ئاوده‌ستخانه‌كانه‌وه پیاوێكی سوور و سپی و كه‌مێك گۆشتن ماسیحه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌بوو سه‌یرێكی كردم و چووه لای ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئاوده‌ستخانه‌كه‌و گه‌ڕایه‌وه بۆلای من و پێی‌ووتم:
"كه‌ی هێنایانن..؟"
منیش وتم:
"ئه‌مڕۆ.."
به‌خێرایی و چاویشی هه‌ر له‌سه‌ر ده‌رگاكه بوو پێی‌ووتم:
"به‌وشێوه‌یه ئه‌تانهێڵنه‌وه تانیوه‌شه‌و دوایی ده‌تانبه‌ن بۆ ته‌عزیب، هیچ نییه ته‌عزیبه‌كه‌ی خۆ‌ت بگره‌و یه‌ك ته‌عزیب هیچ نه‌ڵێی ئیتر هیچ ناڵێی.."
به‌خێرایی كه‌له‌پچه‌كه‌ی گرتم و وتی بڕۆده‌ره‌وه. دوای هه‌فته‌یه‌ك به‌خزمه‌ت ئه‌م پاڵه‌وانه گه‌یشتم له ژووری ئیعترافنه‌كراوه‌كان، هه‌رئه‌ویش پێیوتم كه ئه‌و جێگایه ته‌واری سلێمانییه، دوای چه‌ند رۆژێك به‌جوانی بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌وكه‌سه مامۆستا "كه‌مال كوردی"یه، ئه‌و هه‌ر له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردندا مامۆستا نه‌بوو، له ئامۆژگاریی و به‌رگه‌گرتنی زینداندا مامۆستایه‌كی كارامه‌و به‌هه‌یبه‌ت و چاونه‌ترس بوو.
وه‌كو باسمكرد دوای ئه‌وه‌ی له ساڵۆنێكی درێژداو ده‌ست به‌كه‌له‌پچه‌وه هه‌فته‌یه‌كم ته‌واو كرد، كردیانم به‌ژووری ئیعترافنه‌كراوه‌كاندا، نه‌متوانی خۆم به‌پێوه‌ڕابگرم به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ری قاچمیان ته‌قاندبوو نزیكی ده‌رگاكه خۆم به‌دیواره‌كه‌داداو دانیشتم، چی ببینم كۆمه‌ڵێ كه‌سی به‌وره‌و چاونه‌ترس و به‌هێز و په‌لوپۆشكاوم بینی. هه‌ریه‌كه‌یان تووشی جۆره نه‌خۆشییه‌ك بووبوو، هه‌ندێكیان به‌ساردییه‌كه‌وه به‌خێرهاتنیان لێكردم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بمدوێنن، پاش كه‌مێك دانیشتن مامۆستا كه‌مال هاته‌لامه‌وه‌و بزه‌یه‌كی بۆ كردم و یه‌كدو زله‌ی پڕ له موحیبه‌تی كێشا به‌ڕوومه‌تماو ده‌ستی خسته‌ناو قژمه‌وه‌و قۆڵی هه‌ردوو كراسه‌كه‌م و هه‌ردوو ده‌رلنگی پانتۆڵه فشه‌كه‌می هه‌ڵبڕی و ته‌ماشای كردن و كراسه‌كه‌شی پێهه‌ڵبڕیم و به‌جوانی ته‌ماشای پشتمی كرد به‌تایبه‌تی سه‌رنجی قوڵبۆوه له‌سه‌ر برینه‌كه‌ی سه‌ری قاچم، چونكه برینێكی گه‌وره بوو و ئاسایی نه‌بوو، رووی وه‌رگێڕا بۆلای براده‌ران و وه‌كو ئه‌وه‌ی پێیانبڵێ لێ مه‌ترسن و سیناریۆ نییه، بزه‌یه‌كی زیاتری بۆ كردم و وتی:
"ئافه‌رم قاره‌مان به‌رگه‌ت گرت، ئه‌زانی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ هێنایانن هه‌موویان له ژووری ئیعترافكراوه‌كانن و به‌رگه‌یان نه‌گرت.."
ئیتر یه‌ك پارچه بووبووم به‌وره، ئازاری قاچ و قۆڵم بیرچۆوه، ئه‌مجاره‌شیان هاته‌وه قسه‌و پێیوتم:
"ئه‌وكاته‌ی ئێوه‌یان هێنا منیان بردبوو تا ئاوده‌ستخانه‌كه پاكه‌مه‌وه، به‌وانیشم وت به‌هێزبن و وریابن هیچ نه‌ڵێن، دیاره فه‌قیرانه به‌رگه‌یان نه‌گرتووه.."
پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كم تێپه‌ڕاند ئه‌وجا له‌وه تێگه‌یشتم تا مامۆستا كه‌مال ئۆكه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردم هیچ كه‌سێكیان له‌گه‌ڵمدا نه‌كرانه‌وه، پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وه‌م له ژووره‌كه‌دا، هه‌ركه‌سێكی تازه‌یان بهێنایه‌ته ژووره‌كه‌ی ئێمه تا مامۆستا كه‌مال په‌سه‌ندی نه‌كردایه هیچ زیندانییه‌ك له‌گه‌ڵیدا قوڵنه‌ده‌بۆوه.
زیندان پڕیه‌تی له رووداو و كاره‌ساتی ناخۆش، پڕه له قه‌له‌قی، پڕه له‌ترس.. زۆرجار پرسیارمان له‌یه‌كتر ده‌كرد یان له‌دڵی خۆماندا ئه‌و جۆره پرسیارانه‌مان ده‌هێناو ده‌برد، تۆ بڵێی ئه‌مجاره به‌رگه‌ی ئه‌و ته‌عزیبه بگرم؟ تۆ بڵێی ره‌میمان نه‌كه‌ن و سه‌رمان نه‌كه‌ن به‌په‌تا؟ به‌ڵام به‌ده‌ریش نه‌بوو له نوكته‌و لائیرادی نوكته خۆی ده‌كرد به‌ناوماناو زۆر پێده‌كه‌نین وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌سه‌رمنداهات.
تا ده‌هات برینه‌كه‌ی سه‌ری قاچم خراپتر ده‌بوو، چونكه هه‌موو ته‌عزیبێك له‌برینه‌كه‌ی سه‌ری قاچمیانده‌دا. ده‌یانزانی ئازاری زۆره ئه‌وان هه‌ر به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌بوون به‌هه‌ر شێوازێ بێت ئیعترافم پێ بكه‌ن، ئیتر وام لێهاتبوو كه ده‌یانبردین بۆ ئاوده‌ستخانه له‌دوای براده‌رانه‌وه به‌چوار چنگ ده‌ڕۆیشتم نه‌شیانده‌هێشت هه‌ڵمبگرن! یه‌كجار یه‌كێك له براده‌ران ویستی بمكاته كۆڵ به‌چوار كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی لێدا نیوه گیانیان كرد، كه‌چی ئه‌و لێدانه‌شی كرد به‌نوكته‌و به‌یه‌كێك له جه‌للاده‌كانی وت:
"ئه‌وه من به‌ڕۆژ ته‌عزیبی خۆم خوارد ئیتر شه‌و نه‌مبه‌نه‌وه با تێر بخه‌وم.."
هاوسه‌نگیم له ده‌ستدابوو نه‌مده‌توانی به‌پێوه بووه‌ستم له‌وه نزیك بووبۆوه ئاوساوییه‌كه‌ی سه‌ری قاچم به‌قه‌د سه‌رمی لێ بێت، زۆربه‌ی كات كه سه‌مونیان ده‌داینێ مامۆستا كه‌مال هه‌ریه‌كی تۆزێ ناوه سه‌موونی له براده‌ران كۆده‌كرده‌وه‌و ده‌یكرد به‌هه‌ویرو به‌له‌ته باتانییه‌كی ته‌نك برینه‌كه‌ی سه‌ری قاچمی ده‌به‌ست و ده‌یوت:
"له‌هیچ باشتره به‌شكوم ئه‌و ئاوساوییه‌ی نه‌مێنێ.."
رۆژێك كه سه‌موونیان هێنا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی ناوه سه‌موون بوو بۆمن كه گه‌یشته سه‌ره‌ی خۆم وتی بێنه تۆزێ ناوه سه‌موونم به‌رێ، وتم وه‌ڵا مامۆستا سه‌مونه‌كه‌م هه‌مووی خوارد، به‌پێكه‌نینه‌وه وتی:
"من رۆژانه سواڵی ناوه سه‌موونت بۆ ده‌كه‌م كه‌چی سه‌موونه‌كه‌ی خۆ‌ت هه‌مووی خواردووه، براده‌رانیش كه پێیانزانی زۆر پێكه‌نین و بۆ گاڵته وتیان بۆ ئه‌مجاره یه‌كه‌مجار له‌خۆیه‌وه ده‌ستپێبكه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌موونه‌كه نه‌خوا، براده‌ران زیاتر پێكه‌نین و وتیان:
"مامۆستا ناوه سه‌موونه‌كه‌مان به‌ره‌وه.."
مامۆستا كه‌مال كه چووه‌وه سه‌ر به‌تانییه‌كه‌ی و دانیشت، سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو ئه‌وه‌نده پێكه‌نی، روویتێكردم و وتی:
"یاڕه‌بی ئارام به‌مزوانه ده‌رتنه‌كه‌ن وه‌كو هه‌موو جارێ ده‌مانخه‌یته پێكه‌نین.."
یاده‌وه‌ریم له‌زیندانداو له‌گه‌ڵ براده‌ران و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا "كه‌مال كوردی"ی‌دا زۆره، رۆژانی زۆر ناخۆشم تێپه‌ڕاند وه‌كو هه‌موو زیندانییه‌كیتر، ئه‌وكات ته‌مه‌نم(17) ساڵ بوو له هه‌موویان بچووك تربووم، هه‌وڵمده‌دا به‌قسه‌ی خۆش به‌ڕێیكه‌ین.
سڵاو له گیانی هه‌میشه زیندو مامۆستا كه‌مالی قاره‌مان كه زۆرمانی پاراست له ئیعترافكردن، یه‌كێك له پاڵه‌وانه‌كانی زیندان بوو كه به‌ڕاوێژ و ئامۆژگارییه‌كانی ئه‌و دڵمان ئۆقره‌ی ده‌گرت و فریادڕه‌سێك بوو بۆخۆی. گۆڕت پڕ نووربێت شۆڕشگێڕه پشوو درێژه‌كه‌ی زیندان، رووڕه‌شی بۆ ئه‌و جاهیله تاریكپه‌رست و ترسنۆك و تاریكبینانه‌ی تۆی رۆشنفكر و تۆی خوڕه‌وشت به‌رزی ناو ریزه‌كانی"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" یان شه‌هید كرد كه له قه‌ڵه‌م و بیرێكی جوان و جانتای بنهه‌نگڵت به‌ولاوه هیچت پێ نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له خۆتی پێ بكه‌یت.
بابەتی زیاتر