لەم نوسینەدا و لەمیانەى پرسی پێکەوەژیانی گەلان و گروپە جیاوازەکان لە عێراق لە ڕوانگەیەکی فکرى و سیاسییەوە، و پەیوەندیی بە داهاتووی سەقامگیریی وڵاتەوە هەڵوەستەدەکەین، لەم ڕێگەیەوە دەمانەوێت ئەوە نیشانبدەین کە بەشی زۆریی هۆکارەکانى قەیران لە عێراق نەک تەنیا بەهۆی ململانێی سیاسی، بەڵکو لە نەبوونی پڕۆژەیەکی فەلسەفی هاوبەش بۆ چۆنیەتی پێکەوەبوون و پێکەوەژیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە تێزەى سەرەکی نوسینەکەمان ئەوەیە کە سەقامگیری بەردەوام لە عێراقدا بەندە بە گواستنەوە لە (پێکەوەژیانێکی ناچارییەوە) بۆ (پێکەوەژیانێکی ویست و ئیرادە)، ئەمەش پێویستی بە بنیاتنانی متمانەی کۆمەڵایەتی، ئیعترافکردن بە بەرامبەر، قبوڵکردن و ڕێزگرتنى ئەویتری جیاواز، و دامەزراندنی دادپەروەرییەکی پێکهاتەیی – ستراکچەریی هەیە.
سەرەتا پێویستە قەیرانی عێراق وەک قەیرانێکی فەلسەفی ببینین، عێراق لە دوای (٢٠٠٣)ەوە زیاتر وەک نمونەیەکی کلاسیکی دەوڵەتی فرە-نەتەوە و فرە-ئایینی شکستخواردوو دەناسرێت. شەڕی ناوخۆیی، توندوتیژی تائیفی، گەندەڵی پێکهاتەیی، و ناسەقامگیری بەردەوام، وایکردووە زۆرێک لە شرۆڤەکارییە سیاسییەکان تەنیا سەرنج بدەنە سەر پرسەکانی دەسەڵات، دابەشکردنی سەروەت، و دەستێوەردانی دەرەکی. بەڵام ڕەگی قەیرانەکە قوڵترە، واتا قەیرانێکی فەلسەفییە سەبارەت بەم پرسیارە بنەڕەتییە: چۆن لە عیراقدا پێکهاتە جیاوازەکان لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە یەکتری و بەشێوەى ئاشتیانە و بەپێودانگى دیموکراسیەتى جڤاکى و سیاسی، یەکترى قبوڵدەکەن و بەیەکەوە دەژین؟. ئەم پرسیارە کە لە بنەڕەتدا هی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی وەک عێراقدا کە پێکهاتەکانی لە مێژوویەکی پڕ لە ستەم و بێمتمانەیی دوولایەنەوە هەڵکەوتوون، پێویستی بە ڕوانینێکی چڕ و قوڵی تیۆری هەیە. بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەش دەبێت سەرنج بخەینە سەر بنەما فەلسەفییەکانی پێکەوەژیان لە (ناچاری)یەوە بۆ (ئیرادە)، واتا لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پێکەوەژیان تەنیا مانای نەبوونی شەڕ یان پێکەوە نیشتەجێبوون لەسەر یەک خاک نییە. ئەمە ئاستێکی نزمی پێکەوەژیانی ناچارییە کە لەلایەن هێزی دەرەکی یان سەرکوتکەری ناوخۆییەوە دەپارێزرێت، پێکەوەژیانی ڕاستەقینە پێویستی بە (ئیرادەی پێکەوەبوونى ئازادانە و ئارەزوومەندانە) هەیە، کە تێیدا لایەنە جیاوازەکان بە ویست و ئیرادەی خۆیان بڕیار لەسەر پێکهاتنی کۆمەڵگەیەکی هاوبەش دەدەن.
ئەم چەمکە دەتوانرێت بە تیۆری (پەیمانى کۆمەڵایەتی) ڕوونبکرێتەوە. ژان ژاک ڕوسۆ باس لەوە دەکات کە دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ئازادانەی ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ پێکهێنانی (ئیرادەی گشتی) دادەمەزرێت. لە چوارچێوەی عێراقدا، گرفتەکە ئەوەیە کە هیچ کاتێک (ئیرادەی گشتی)یەکی ڕاستەقینە لە نێوان کورد، عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەدا نەبووە، بەڵکو ئەوەی هەبووە بریتی بووە لە ڕێککەوتنی سیاسی کاتی و زۆرەملێ کە زیاتر لە ترس و پێویستییەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆیە، پرۆژەی سەقامگیری درێژخایەن پێویستی بە ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە کە لە بنەڕەتدا پەسەندکراوی هەموو پێکهاتەکان بێت، ئەمەش پێویستى بە گەشەپێدانى ئەخلاقی پێکەوەژیان، دانپێدانانى یەکتری و هەمەلایەنە، ڕێزگرتنى جیاوازییەکان، و متمانە و یەکتر قبوڵکردن هەیە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پێکەوەژیان پرسیارێکی قوڵی ئەخلاقی دروست دەکات، ئەویش: پەیوەندی من لەگەڵ ئەوی ترى لەمن جیاواز چۆنە؟ ئێمانوێل لیڤیناس (Emmanuel Levinas) ى فەیلەسوف جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (ڕووی ئەوی تر) داوایەکی ئەخلاقی لە من دەکات کە ناتوانم پشتگوێی بخەم. ئەم ڕوانگەیە لە عێراقدا زۆر پەیوەندیدارە بە کێشەی تائیفی و نەتەوەیی، لە عێراقدا لە بنەڕەتدا کێشەی داننەنان هەیە، گرووپەکان یەکتری وەک (ئەوی تر) دەبینن، بەڵام نەک وەک داوایەکی ئەخلاقی، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ناسنامە و بوونی خۆیان، واتا ئەوی ترى دوژمن و قبوڵنەکراو. ئەمەش تەنیا لەڕێگەى دانپێدانانەوە دەتواندرێت تێپەڕێندرێت. لێرەدا، چەمکی (دانپێدانان) کە فەیلەسوفى قوتابخانەى فرانکفۆرت ئاکسێل هۆنێث (Axel Honneth) پەرەی پێداوە، وەک کلیلی چارەسەرى دۆزەکەمان دەردەکەوێت. بە بڕوای هۆنێث، دانپێدانانى بەرامبەر لە سێ ئاستدا ڕوودەدات: خۆشەویستی (پەیوەندی سۆزداری و مرۆیی)، ماف (دانپێدانانى یاسایی وەک هاووڵاتییەکی یەکسان)، و ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتی (بەشداری و بەها کەلتورییەکان). بەڵام لە عێراقدا، ئەم سێ ئاستە هیچ ئامادەبوونێکى ئەوتۆیان نییە.
لەئاستى خۆشەویستى و سۆزدا ئەوەى بوونى هەیە سۆزى دەمارگیرانەى نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینى و تائیفییە، و ئاستی (مافی هاووڵاتیبوون بە شێوەیەکی یەکسان) ڕەچاو نەکراوە و پشکپشکێنی تائیفی جێگەی یەکسانیی یاسایی گرتووەتەوە، هەروەها ئاستی ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتی و بەها کەلتوری و نەتەوەیی گرووپەکەمینەکان لەلایەن گروپە باڵادەستەکانەوە بە تەواوی دانی پێدا نەنراوە و هەمیشە بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات بینراون. بۆیە، بنیاتنانەوەی پێکەوەژیان لە عێراقدا پێویستی بە شۆڕشێکی ئەخلاقی و فەلسەفی هەیە کە تێیدا هەموو گرووپێک ئامادەیی دانپێدانان بە مافی بوون، جیاوازی، و بەشداری یەکسانی (ئەوی تر)دا هەبێت.
هاوکات لەتەک ڕەهەندە فەلسەفییەکەوە، ئەم باسە پێویستى بەسەرنجدان لەڕەهەندێکى سیاسیشەوە هەیە، واتا بوونى تیۆرێکی سیاسی بۆ وەرچەرخاندنى عیراق لە دەوڵەتی ناوەندگەراوە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی-هاوبەش. لە ڕوانگەی سیاسییەوە، پرسیاری سەقامگیری عێراق پرسیارێکە لەسەر سروشتی دەوڵەت. بە درێژایی مێژوو، عێراق بە دەوڵەتی ناوەندگەرا (Centralized State) حوکمڕانی کراوە، کە تێیدا بەغدا وەک سەنتەری ڕەهای دەسەڵات و سامان و حومڕانی مامەڵەی کردووە. ئەم مۆدێلە کە لە فەلسەفەی سیاسییدا دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی (دەوڵەتی لیڤیاسانی)ی تۆماس هۆبز، گریمانەی ئەوە دەکات کە دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندیی پێویستە بۆ ڕێگری لە شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان. بەڵام لە واقیعی عێراقدا، ئەم دەوڵەتە بەهێزە ناوەندییە نەک سەقامگیری بەرهەم نەهێنا، بەڵکو بووە سەرچاوەی ستەم و بێمتمانەیی قوڵ. سەقامگیری بە مانای ڕاستەقینە پێویستى بە وەرچەرخانى عیراقە لە دەوڵەتى هۆبزییەوە کە قوربانى بە ئازادییەکان دەدات، بەرەو دەوڵەتى هاوبەش و پێکەوەژیانى پێکهاتەکان، واتا عێراق پێویستی بە گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی هەیە لە فەلسەفەی دەوڵەتداریدا بەرەو مۆدێلی دەوڵەتی فیدراڵی-هاوبەش. ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای تیۆری (دیموکراسی ڕێککەوتن)ی ئارێند لیپهارت(Arend Lijphart) دادەمەزرێت، کە جەختدەکاتەوە لەسەر هاوبەشی دەسەڵات لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا. خۆبەڕێوەبەری بۆ گرووپە نەتەوەیی و کەلتورییەکان. یەکسانی سیاسی لە پێکهاتنی دامەزراوە حکومییەکاندا. مافی ڤیتۆی کەمینەکان لە پرسە چارەنووسسازەکاندا. ئەوەى جێسەرنجە کە لە تیۆرەکەى لیپهارتدا تێبینی بکرێت، ئەم مۆدێلە داواى سڕینەوە و ئاسیمیلەکردن و لەناوچوونی ناسنامە جیاوازەکان ناکات، بەڵکو جیاوازییەکان وەک ڕاستییەکی پێکهاتەیی دەبینێت و هەوڵدەدات لە ڕێگەی هاوبەشیکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتەوە بیانخاتە خزمەت دەستەبەربوونى سەقامگیری، نەک ببنە هۆکاری تێکدان و نائارامى.
یەکێک لەپرسەکانى تری گرێدراو بە پێکەوەژیان و سەقامگیرییەوە پەیوەستە بە چەمکی دادپەروەری لە کۆمەڵگە فرە-نەتەوەییەکاندا، واتا قەیرانی عێراق قەیرانێکی دادپەروەریشە. بیردۆزی دادپەروەری وەک (دادپەروەری وەک بەریەککەوتنى مافەکان )ی جۆن ڕۆڵز(John Rawls) ڕەنگە بەس نەبێت، چونکە ئەم بیردۆزە بۆ کۆمەڵگە یەکڕەنگەکان (کە جیاوازییەکان تیایاندا قوڵ و توندوتیژانە نین) دیزاینکراوە. عێراق زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە لەمیانەى تیۆری (دادپەروەری پێکهاتەیی)ەوە شرۆڤەبکرێت، واتە دادپەروەرییەک کە نەک تەنیا لە نێوان تاکەکاندا، بەڵکو لە نێوان گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانیشدا پەیوەندی دادپەروەرانە دەستەبەر بکات. ئەمە واتای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانە سروشتییەکان، بەشداری سیاسی هاوسەنگ، مافی پەرەپێدانی کەلتور و زمانی نەتەوەیی. دادپەروەری پێکهاتەیی تەنیا بەوە دێتە دی کە عێراق دان بە فرە-نەتەوەییبوونی خۆیدا بنێت و لە سیاسەت و یاساکانیدا ئەم ڕاستییە بهێنێتە بەرچاو و بچەسپینێت، ئەمەش پێویستى بە متمانەى کۆمەڵایەتى هەیە.
متمانەی کۆمەڵایەتی وەک بەردی بناغەی سەقامگیری دەتوانێت لە عیراقدا بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەو فریادڕەسەبێت کە عیراق بەرەو ئارامى کەمەندکێش بکات و خاڵى وەرچەرخان بێت، چونکە هیچ سیستەمێکی سیاسی بەبێ متمانەی کۆمەڵایەتی سەقامگیر نابێت. فەیلەسوف و کۆمەڵناسانى وەک فرانسیس فوکویاما (Francis Fukuyama) و ڕۆبێرت پێتنام (Robert Putnam) جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە متمانە (پایەی شارستانییەت)ە و پێویستە بۆ هاوکاری کۆمەڵایەتی. بەڵام وەک دەبینین لە عێراقدا، متمانەی نێوان گرووپەکان بە توندی وێران بووە، بەهۆی مێژووی ستەم و پاکتاوی (ئەنفال، هەڵەبجە، سەرکوتکردنی شۆڕشی شیعە و کورد). شەڕی ناوخۆیی تائیفی بەتایبەت لەم سەردەمە و لەساڵەکانى (٢٠٠٦-٢٠٠٨). چیرۆکە سیاسییە دژبەرییەکان کە یەکتری وەک دوژمن و هەڕەشە دەبینن. گێڕانەوە و بنیاتنانەوە یان دەستەبەرکردنى ئەو متمانە کۆمەڵایەتییەش پڕۆژەیەکی درێژخایەن و قورسە، کە پێویستی بە کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێکار هەیە، وەک دادپەروەری گواستنەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ئازار و ستەمەکانی ڕابردوو، گێڕانەوەى چیرۆکە هاوبەشە مێژووییەکان کە دان بە ئازارەکانی هەموو لایەکدا بنێن و برایەتى نێوان پێکهاتەکان و هاوسۆزیان زیاد و پتەوبکات، پڕۆژەی ئابووری هاوبەش کە بەرژەوەندی بەرجەستەی هاوبەش دروست بکات، هاوکات پرۆسەى پەروەردە و گوتارى ئایینیش بەرەو ئاراستەى قبوڵکردنى جیاوازییەکان و ڕێزگرتن لەفرەیی ببرێن. بەڵام ئەوەى ئێستا دەیبینین تەنیا بوونى هەرێمێکى فیدرالە بۆ بەشێک لەپێکهاتەى کورد و ئەویش تەنیا دەمامکێکى سیاسییە بۆ پشکپشکێنەى تائیفی و دەسەڵاتخوازى، بۆیە لەم مۆدێلەى عیراقدا دەبینین کە فیدرالیزم تەنیا دەبێتە میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان نوخبە دەسەڵاتخوازەکاندا، نەک بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هاوبەش.
لەدەرەوەى ئەو ڕوانینە فەلسەفیەوە، دیدێکى پراگماتییانە هەیە کە ئەم شرۆڤە فەلسەفییە بە ئایداڵیستی و دوور لە واقیعی عێراق دەبینێت، و پێیوایە دۆخى عیراق وەک دۆخێکى بەرئەنجامى هەندێک پرس و بابەتی ترە، وەک: دەستێوەردانی دەرەکی، ئێران، تورکیا و ئەمریکا هەریەکەیان پشتیوانى لایەنێک دەکەن و ڕێگری لە دروستبوونی ئیرادەیەکی گشتی و سەربەخۆ دەکەن. هەروەها ئابووری بەرخۆری و پشت بەستن بە نەوت وا دەکات نوخبە دەسەڵاتدارەکان پێویستیان بە ڕەزامەندی گەل نەبێت، ئەمەش ڕێککەوتن و پەیمانی کۆمەڵایەتی بێمانا دەکات. و کەلتوری سیاسی ناتەندروست و عەقڵیەتى خێڵەکی، تائیفی، و گەندەڵی پێکهاتەییش بەربەستێکی گەورەن. وێڕای ئەو خاڵە نێگەتیڤانە، بەڵام دەرفەتی گەورە و مەزنیش هەن، وەک: بوونى نەوەی نوێ یان نەوەى زێت، گەنجانی عێراق کە زۆرینەی دانیشتووان پێکدێنن، زیاتر لە ناسنامەی تائیفی دوورن و خواستیان لەسەر خزمەتگوزاری، کار، و ژیانێکی ئاساییە. هاوکات بوونى ڕێککەوتنی سیاسی ئەگەرچی بەجۆرێک لەجۆرەکان کاتی و تەنکن، بەڵام ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەریدەخات کە توانای گفتوگۆ و هاوبەشیکردنی دەسەڵات هەیە، ئەگەر بەرژەوەندی هاوبەش هەبێت. وێڕای ئەو دەرفەتانەش کە جۆرێک لە وەڵامگۆی کاتى و سادەن، بەڵام لە قوڵایی ستراتیژى عیراقدا هەندێک هەنگاوى ترى گرنگ هەن کە پێویستە هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت ئەوانیش وەڵامگۆی فەلسەفی و کەلتورین چونکە داهاتووی سەقامگیری لە عێراقدا بەندە بە توانای وڵات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفییە بنەڕەتییەکەی پێکەوەژیان. ئەمەش تەنیا بە چاکسازی سیاسی یان ڕێککەوتنی ئابووری بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە پرۆژەیەکی فەلسەفی-ڕۆشنبیری نوێ هەیە کە لەم بابەتانەدا بەرجەستە دەبێت: وەرچەرخانى دەوڵەت لە دەوڵەتی ئەمنی و دەوڵەتی تائیفیەوە بۆ دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی یەکسان کە ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەکان وەک سامانێکی دەوڵەمەندکەر ببیندرێن نەوەک مەترسی و هەڕەشە. بنیاتنانی متمانە لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە، دادپەروەری پێکهاتەیی بۆ دابەشکردنی سامان و دەسەڵات لە ئێستا و داهاتوودا. دامەزراندنی ئیرادەی گشتی هاوبەش لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسی ڕاستەقینە و ئازاد کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بە یەکسانی بەشداربن. قوڵکردنەوەى پێکەوەژیان لەڕێگەى پەروەردە و ناوەندەکانى فێرکردنەوە، واتا بونیادنانى سیستمێکی پەروەردەیی کە بەهاکانی ڕێزگرتن و دانپێدانانى بەرامبەر لە منداڵییەوە لە زیهنیەت و بیرکردنەوەى تاکەکاندا بچێنێت، ئەمەش وادەکات عێراق بەرەو پێکەوەژیانی ویست و ئیرادە هەنگاو بنێت، کە دەبێتە هۆی سەقامگیری ڕاستەقینە، ئەگەرنا وڵات لە پێکەوەژیانی ناچارییدا دەمێنێتەوە، کە وڵات بەرەو توندوتیژی بێکۆتا و نائارامیی درێژخایەن و ترسناک دەبات، هەرچەندە بڕیارەکە لە دەستی خودی عێراقییەکاندایە، بەڵام پێویستی بە ڕابەرایەتییەکی ئازا و ڕۆشنبیرییەکی فەلسەفی قوڵ و ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە هەیە.
(جەبار ئەحمەد) مامۆستاى فەلسەفەى سیاسی لە کۆلێژى زانستەسیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانى.