یەکێتی نەتەوەیی پڕۆژەیەکە پێویستی بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی هەمووان هەیەو لەو ڕێگەیەوە بەدەست دەهێنرێت ، واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەردەوام ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکەنەوە کە یەکێتی نەتەوەیی، لە ئەزموونی گەلاندا دەرکەوتووە شتێک نیە خۆڕسکانە بەدی بێت، بەڵکو پرۆژەیەکە دەبێت بە چەمک و پرەنسیپی فیکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتووری دروست بکرێت و دابمەزرێت.
دەتوانین بڵێین نە وتارە ئاکاریەکان و نە سروودی نەتەوەیی و نە فەزای جوگرافیای هاوبەش و نە ڕابردووی شکۆمەندی هاوبەش و نەبەها کولتووری و کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان ناتوانن یەکێتییەکی نەتەوەیی بەهێز و تۆکمە بنیات بنێن ئەگەر ئەم توخمە گرنگانە بە پڕۆژەیەک پشتیوانی نەکرێن کە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی هەمووانی لەسەر نەبێت، ئەو پڕۆژەیە دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە هاوبەشییەکی کاریگەر دروست بکات لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی تەواو و پاراستنی ماف و کەرامەتی هەمووان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە دامەزراندن و بەڕێوەبردن و سیاسەتدا بەدی بهێنێت.
چەمکی هاوڵاتیبوون بنەمای بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی:
یەکێتی نەتەوەیی و هەستکردن بە سەربەخۆیی و شکۆمەندی تاکەکانی ووڵات بەندە بەچەمکی (هاوڵاتیبوونی تەواو بە ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانەوە) هیچ شتێک وەک چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوونی تەواو، یەکێتی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی ناپارێزێت. لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانرێت بە زۆر و زۆرەملێ، گوێڕایەڵی بسەپێنرێت. به ڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا، له غیابی دادپەروەری و یه کسانییدا، دڵسۆزی و وەفاداری و خۆ بەختکردن و خۆشەویستی و یەکێتی نەتەویی بەدی نایەت. سیستەمی سیاسی: سیستەمی سیاسی بە پلەی یەکەم بەرپرسیارێتی گەیشتن بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکێتی نەتەوەیی لە ئەستۆدایە، سروشتی سیستەمی سیاسی و فۆڕمی بەڕێوەبردن و سیاسەتەکانی ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕن، چ ئەرێنی و چ نەرێنی، لە بەدیهێنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئەمەش لە ڕێگەی بنیاتنان و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی بەها و بەرژەوەندیە باڵاکان و ناسنامەی هەموو هاووڵاتیان بکات و پێداویستییەکانیان دابین بکات و ئارەزووەکانیان بەدیبهێنێت و بەرزترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوانیاندا دەستەبەر بکات، ئەمەش هەنگاوە ڕاستەکەیە بۆ قووڵکردنەوەی هەستی دڵسۆزی وخۆبەختکردن و گەیشتن بەیەکێتی نەتەوەیی، بەپێچەوانەوە ئەزموونی فەرمان ڕەوا تاکڕەو عینادەکان لە مێژوویی، دوور و نزیک، بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە نوێنەرایەتی کورتترین ڕێگای دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا و دەوڵەتەکان دەکەن، سیاسەتی ئێستای پارتی دیموکرات نمونەیەکی بەرجەستەیە.
گفتوگۆی لایەنەکان:
گفتوگۆ وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی پێویستە، چونکە دیالۆگ لەگەڵ هەر لایەنێک نیشانەی داننانە بە بوونی ئەو حزبە و خواستی پەیوەندیکردنە لەگەڵیدا. گفتوگۆ، وەک پرەنسیپ و میتۆد و ئامرازێک، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و ساڕێژکردنی برینەکان و چالاککردنی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا، پێویستە. جگە لەوەش، گفتوگۆ شێوازێکی چارەنووسسازە بۆ دەستنیشانکردنی زەمینەی هاوبەش و بەها بنەڕەتییەکانی پێکەوەژیان، جگە لەوەش میکانیزمێکی ژیانییە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە دێوەزمەی تاکڕەوی و ململانێی ناڕەوا.
کۆتایی:
یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی چەقی سەرەکییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگاریەکان، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، بە تایبەت لە ژێر دەسەڵاتە تاکڕەوەکاندا کە پشت بە ڕەوایەتی توندوتیژی و زۆرەملێ دەبەستن و بە عەقڵیەتی هەژموون و نەهێشتنی ئەویتر بەڕێوەدەچن. هەروەک چۆن ئێستا لە شێوازی فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە ئەم شێوازەش لە فەرمان ڕەوایی تەنیا ئەو شتانە بەرهەم دەهێنێت کە ئاشتی و پێکەوەژیان تێکدەدات و ئاستی گرژی بەرز دەکاتەوە و یەکگرتوویی ناوخۆیی لاواز دەکات. له م ساته هەستیارەدا که هه ڕێمی کوردستان پێیدا تێده په ڕێت، و ئه و پێشهاته مه ترسیدار و خێرایانه ی که ناوچەکە یبەگشتی گرتۆتەوە، ئه وەی پێویسته ، زیاتر پابه ندبوونه به یه کێتی نەتەوەیی و بنەما نەتەوەییەکان تا ئەو ڕادەیەی دەست بەپەتی هاوپەیمانی و یەک ڕێزیەوە بگرین لە بەرامبەر هەموو جۆرە دابەشبوون و پارچەپارچەبوونێکدا بوەستین، دەتوانین ئەو کابوسە لاببەین کە لەسەر سنگی گەلەکەمانە ، و ئایندەیەکی باشتر بۆ وڵاتەکەمان دروست بکەین و خاکەکەمان و گەلەکەمان هەر ئەوەی لێمان دەوێت و بانگەوازەکەی (سەرۆک بافڵ) یش بۆ یەکێتی نەتەوەیی ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە کە یەکێتی خاوەندارێتی ڕاستەقینەی پرسە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکان دەکات.