هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی یان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری جاچی بەهێزبێت یان لاواز ڕوبەڕوی قەیران دەبێتەوە هەندێک جار قەیرانەکان دروستکراون و هەندێک جاریش بەهۆی دۆخێکی نەخوازراوەوە دروست دەبن. ئێمە لێرەدا مەبەستمانە تیشک بخینە سەر ئەو قەیرانە سیاسیانەی کەوەک جەڵدەی مێشک ،پەیکەری دەسەڵات ئیفلیج دەکات .
 جەڵدە سیاسییەکان لە شێوەو فۆرم و سیمادا جۆراوجۆرن ، هەندێکیان بۆ سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەن یان بۆ بەبازاڕکردنی كاڵایەکی دیاریکراوە یان بۆ جێگیرکردنی دۆخێکی دیاریکراوە ، دەتوانین بڵێین هەندێکیان لە هەڵامەت و پەتای وەرزی دەچن ،دوای تەواوبوونی سوڕی ژیانی ڤایرۆسەکە ئەونیش کۆتاییان پێدێت ، بەڵام ئاسەوارو کاریگەریە نێگەتیڤەکانی بەردەوام بێت و بەشێوەیەکی ڕێژەی کاریگەری لەسەر جومگە هەستیارەکانی وڵات و ستایلی ژیانی گەل بەجێ دەهێڵێت بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەو دەسەڵات بەزیانێکی کەم لێی دەردەچن، بەڵام هەندێکی تریان لە جەڵدەی مێشک دەچێت، کە هەموو جەستە لە مەترسی گەورەدا دەهێڵێتەوە.  
مەترسی جەڵدەی سیاسی لەوەدایە دۆخێک دەهێنێتە پێشەوە سیستەمی حوکمڕانی و تیمەکەی تێکدەدات، بە جۆرێک دامەزراوە ئەمنییەکان و ڕای گشتی و میدیاکان و سەرمایەگوزاری و کایە جۆراو جۆرەکان لە جوڵەدەخات و ئیفلیجیان دەکات ، ئەم دۆخەش دەرئەنجامی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت وەک پەککەوتنی لەناکاوی حکومەت یان داڕمانی خێرای دارایی و بازاڕەکان و نەمانی متمانەی گەل بە سەرکردەکان و دروستبوونی پەشێوی یان بۆشایی دەسەڵات.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەڵدە سیاسییەکان پێویستیمان بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پلانی ستراتیژی هەیە، کەببێتە هۆی بەهێزکردنی یەکڕیزی گەل و بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی گشتی و بنیاتنانی گیانی یەکتر قبوڵکرن و پابەندبوەن بەبنەماکانی دادپەروەی لەڕێگەی پاراستن و پتەوکردنی دامەزراوە نیشتیمانییەکانەوە.
 دەتوانین بڵێین ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە (ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانییە) بۆ ڕێگریکردن لەئیفلیج بوون و داڕزانی جەستەی دامەزراوە نیشتیمانیەکان، جەستەی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی کوردستان پێویستی بەخوێنی نوێ و پاک هەیە تا لەڕێی شاخوێنبەرەکانیەوە بگاتە تەواوی پەیکەرەکەی، یان دەبێت، ڕاستکردنەوی ڕێڕەوی حوکمڕانی هەڵبژێرین ،یان دەبێت سەری لێبکرێتەوە و سەرێکی نوێی بۆ دابنرێت .  
گەل لەم دۆخە هەستیارەدا دەبێت یەکڕیزی خۆی بپارێزێت و هۆشیارانە پشتیوانی سیاسەتەکانی کاک بافڵ بکات بۆ ئەوەی بە خێرایی بچینەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینیە، چونکە رۆژ دوای ڕۆژ جەستەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرەو داخوران و داڕمان دەڕوات و قەیران دوای قەیران بەرۆکی هاونیشتیمانیان دەگرێت، و دۆخی کۆمەڵایەتی بەرەو شڵەژانی گشتی دەچێت. جەڵدەی سیاسی ڕێک ئەو ساتەوەختەیە کە دەسەڵات، یان دەسەڵاتی دەسەڵاتدار توانای بڕیاردان لەدەست دەدات ،کاتێکیش بڕیاردەدات بڕیارەکانی نەک قەیرانەکان چارەسەرناکات بەڵکو قوڵترو دژوارتری دەکات ، بڕیارەکانی لەگەڵ دەرچوونی هیچ بایەخ و بەهایەکیان نامێنیت ، بەواتایەکیتر گوتاری فەرمی دەسەڵات بە تەواوی متمانە لەدست دەدات و خاڵی دەبێت لەڕاستی و بەرەو تونێلێکی تاریک ڕێدەکات.
 لەزانستی سیاسیدا چارەسەری قەیران محال نییە بەڵکو مومکینە، بۆ زاڵبوون بەسەر جەڵدەی سیاسیدا، پێویستمان بەئازار شکێن نییە، بەڵکو پێویستمان بە چاکسازیی ڕیشەیی و بنچینەیی هەیە، لەدامەزراوە ئابوری و کارگێڕییەکاندا، پێویستمان بە گفتوگۆی ڕاستەقینەو بنیاتنەرانە و بێ دەمامکە، نەک بێدەنگی هەڵبژاردن ، بەتایبەت لەم دۆخە ترسناکەی کە هەرێمی پێدا تێپەڕدەبێت ،ئەمەش یەکڕیزی و هۆشیاری میللەتی دەوێت تا بەسەر جەڵدەی ئێستاو داهاتوودا زاڵبین ،ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت "سیاسەت بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت نەک بە بێدەنگی لە بەرامبەر نەخۆشییە ڕاستەقینەکاندا.
پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجەڵدەی سیاسی مردووە یان ووزەی هەستانەوەو ئیرادەی زاڵبوونی هەیە ، ئایا ئەوەی ئێستا ئەزموونی دەکەین تەنها قەیرانێکی سیاسی هەڵامەت ئاسایە؟ یان جەڵدەیەکی سیاسی کەمەرشکێنی ڕاستەقینەیە ؟ 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved