سەرمایەی كەلتوریی بریتییە لە كۆمەڵێك زانیاری‌ و شارەزایی ‌و توانای زمان‌ و بەها ‌و حەزی رۆشنبیری‌ و بەهرەی خوێندن ‌و پەروەردەییە، مرۆڤ  وەریدەگرێت، ئەوەش هاوكاریی بەهێزكردنی پێگەی مرۆڤ لەناو كۆمەڵگەدا دەكات.
پیێر بۆردیو زانای كۆمەڵناسی فەرەنسی، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست، بۆ یەكەمجار دەستەواژەی سەرمایەی كەلتوری بەكارهێنا ‌و رەخنەی لەو تیۆرییانە گرت كە سەركەوتنی كۆمەڵایەتی‌ و خوێندنی بەتەنها بە توانای تاكەوە دەبەستەوە. بۆردیو رای وابوو تاكەكان لە خاڵی سەرەتاوە بەشێوەیەكی یەكسان ناچنە دامەزراوە كۆمەڵایەتی ‌و پەروەردەییەكانەوە، چونكە هەندێكیان خاوەنی سەرمایەی كەلتوری ‌و زانیارین، ئەوەش وا دەكات سەركەوتوو بن، لەچاو ئەوانەی ئەو سەرمایانەیان نییە.
پیێر بۆردیو لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە پەیوەندیی خوێندن ‌و چینی كۆمەڵایەتی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی خوێندكارانی خێزانە رووناكبیرەكان لە قوتابخانە‌ و زانكۆ، زیرەكتر ‌و بەتواناترن ‌و دەرفەتی سەركەوتنیان زیاترە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو خوێندكارانە لە ژینگەیەكی خێزانیی رۆشنبیری ‌و هونەری پەروەردە بوون، هەر لە منداڵییەوە چاویان بە كتێب ‌و كتێبخانە ‌و ئامێرە هونەرییەكان كراوەتەوە.
پیێر بۆردیو سەرمایەی كەلتوری بۆ سێ‌ شێوە دابەشكرد، كە ئەمانەن:
1 - سەرمایەی كەلتوریی بەرجەستە: ئەو جۆرە سەرمایەیە لەناوەوەی مرۆڤدایە، كە ئەمانەن (زانیاری، شارەزایی، زمان، شێوازی بیركردنەوە، حەزی هونەریی، توانای رەخنە ‌و شیكاری، ئەزموونی رۆشنبیریی).
مرۆڤ ئەم جۆرە سەرمایەیە بە تێپەڕبوونی كات بەدەستدەهێنێت، ناتوانرێ‌ بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بگوازرێتەوە.
2 - سەرمایەی كەلتوریی بابەتی: ئەو جۆرە سەرمایەیە لەشێوەی شتەكان ‌و هۆكاری ماددی، وەك (كتێب، تابلۆی هونەری، دەستنووس، ئامێری میوزیك، كاری هونەری، كتێبخانە، بەڵگەنامەی مێژوویی)، خاوەندارێتیی ئەم شتانە بە مانای خاوەندارێتیی  تەواوی كەلتوریی نایەت، بەڵكو مرۆڤ  پێویستی بە زانیاری‌ و توانای رۆشنبیریی هەیە بۆ تێگەیشتن ‌و سوود لێوەرگرتنیان.
بۆ نموونە بوونی كتێبخانەیەكی گەورە لەماڵەوە، نرخێكی بەرزی كەلتوریی بۆ خاوەنەكەی نییە، ئەگەر بایەخ بەخوێندنەوە ‌و وەرگرتنی زانیاری نەدات.
3 - سەرمایەی كەلتوریی دامەزراوەیی: ئەو جۆرە سەرمایەیە، دامەزراوە فەرمییەكان دانیپێدادەنێن‌ و بەم شێوانە دەردەكەون (بڕوانامەی خوێندن، بڕوانامەی زانكۆ،  پلەی زانستیی، نازناوی ئەكادیمیی، توانای پیشەیی).
ئەم بڕوانامانە بە تاك دەبەخشرێت، وەك دانپێدانانێكی فەرمی بە توانا‌و زانیاریی كەسەكە‌، هاوكاریی دەكات بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی كار ‌و بەهێزبوونی پێگەی كۆمەڵایەتی.
خێزان بە گرنگترین دامەزراوە دادەنرێت كە رۆڵی دیاری هەیە لە دروستكردنی سەرمایەی كەلتوریی تاك، منداڵ لە ساڵەكانی سەرەتای تەمەنیدا زمان ‌و بەها ‌و شێوازی بیركردنەوە ‌و رەوشت ‌و ئاكاری لە ژینگەی خێزانەوە وەردەگرێت.
خێزانەكان بە پێی جیاوازیی ئاستی رووناكبیرییان، بابەتە رۆشنبیری ‌و هونەرییەكان بۆ منداڵەكانیان دابین دەكەن، هەندێ‌ لە خێزانەكان منداڵەكانیان هاندەدەن بۆ (خوێندنەوە، سەردانی كتێبخانە، بایەخدان بەهونەر، فێربوونی زمان، بایەخدان بە خوێندن). ئەو ژینگانە رۆڵی دیاریان لە دروستكردنی كەسایەتیی منداڵ‌ و متمانە بەخۆبوونی بۆ وەرگرتنی بابەتی كەلتوری ‌و زانستی ‌و بەردەوامبوون لە خوێندن هەیە، بەوەش خێزان رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە گواستنەوەی سەرمایەی كەلتوریی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر.
لەدوای خێزان، دامەزراوەی خوێندن لە هەموو قۆناغەكاندا، پەیوەندیی توندوتۆڵیان بە سەرمایەی كەلتورییەوە هەیە‌ و تەنها زانیاری ناگوازنەوە، بەڵكو شێوازی بیركردنەوە‌ و گەیاندن ‌و بەها كەلتورییەكان بەرجەستە دەكەن.
خوێندكاران جیاوازن لە رووی رێژەی سەرمایەی كەلتورییەوە، ئەوانەی لە خێزانی رووناكبیردا پەروەردە بوون، ئاستی رۆشنبیرییان بەرزە ‌و بەباشی لە پڕۆگرامەكانی خوێندن تێدەگەن ‌و دەربڕینی زمانیان باشترە ‌و بەشداری گفتۆگۆی وانەكان دەكەن‌ و توانای نووسینی زانستی ‌و مامەڵەكردنیان لەگەڵ كتێب ‌و سەرچاوە باشترە.
سەرمایەی كەلتوریی بەجیا لە سەرمایەی ئابووریی كار ناكات، بەڵكو پەیوەندیی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا هەیە، ئەو خێزانانەی باری داراییان باشە دەتوانن پێداویستیی منداڵەكان بەباشی دابین بكەن، لەوانە (شوێنی خوێندنی باش، كتێب ‌و سەرچاوەی زانستی، خولی راهێنان‌ و زمان، گەشتی وڵاتان بۆ ئاشنابوون بە كەلتوری گەلان، بەشداریی چالاكیی هونەری‌ و رۆشنبیری).
سەرمایەی كەلتوریی، بە تەواوی هاوشێوەی سەرمایەی ئابووری نییە، هەندێ‌ كەس سەرمایەی گەورەی ئابوورییان هەیە، بەڵام ئاستی رۆشنبیرییان بەرز نییە، هەندێ‌ كەسی تر داهاتیان سنوردارە، كەچی ئاستی رۆشنبیرییان بەرزە ‌و خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی كەلتورین، هەندێجار هێزی سەرمایەی كەلتوریی بۆ دەرفەتی ئابووری‌ و پیشەیی‌ و كۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.
سەرمایەی كەلتوریی رۆڵی دیاری هەیە لە بەرجەستەكردنی ناسنامەی تاك ‌و كۆمەڵ، ئەدەب ‌و هونەر ‌و كەلەپوور ‌و زمان، دەبنە گەشەپێدانی هۆشیاریی تاك ‌و كۆمەڵگە، لە كۆمەڵگە فرە نەتەوە‌و فرە زمان‌ و فرە كەلتورییەكاندا، وەبەرهێنانی كەلتوریی رۆڵی دیاری لە پاراستنی هەمەچەشنیی كەلتوریی ‌و پاراستنی زمانەكان‌ و نۆژەنكردنەوەی كەلەپوور ‌و بەهێزكردنی ناسنامەی نەتەوەیی‌ و نیشتمانیی دەبێت، ئەو كۆمەڵگەیەی میمۆری كەلتوریی دەپارێزێت، دەتوانێت مێژوو و ناسنامەی نیشتمانیی لە گۆڕانكارییە خێراكاندا بە بەهێزی بهێڵێتەوە.
سەرباری بایەخی زۆری سەرمایەی كەلتوریی، ئەم چەمكە رووبەڕووی چەند رەخنەیەك بۆتەوە، لەوانە گرنگیدانی زۆر بە رۆڵی خێزان ‌و چینی كۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بایەخی ئیرادەی تاك ‌و توانای زاڵبوونی بەسەر بارودۆخی كۆمەڵایەتی، ئەو رەخنەیە لە بایەخی چەمكی سەرمایەی كەلتوریی كەمناكاتەوە، ئەو چەمكە رۆڵی گرنگی هەیە لە تێگەیشتنی پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان ( كەلتور ‌و خوێندن ‌و دەسەڵات ‌و چینی كۆمەڵایەتی ‌و دەرفەتی ئابووری). چەمكی سەرمایەی كەلتوریی، ئەوە بە روونی نیشان دەدات كە كەلتور تەنها زانیاری ‌و بابەتێكی خۆشیبەخش نییە، بەڵكو سەرچاوەیەكی گرنگی كۆمەڵایەتییە كە كاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ‌ و كۆمەڵگە هەیە، هەموو بابەتە هونەری‌ و رۆشنبیرییەكان دەرفەتی زیاتر بە تاك دەدەن بۆ بەشداری‌ و سەركەوتن.
پیێر بۆردیۆی زانای كۆمەڵناسیی فەرەنسی، رۆڵی دیاری هەبوو لە گەشەپێدانی دەستەواژەی سەرمایەی كەلتوریی بەوەی كەلتوری پەیوەستكرد بە تەلاری كۆمەڵایەتی ‌و جیاوازی چینایەتی ‌و ئەوەی روونكردەوە كە سەرمایەی كەلتوریی  لەڕێی خێزان ‌و دامەزراوەكانی خوێندن ‌و پەروەردەوە كۆدەبێتەوە ‌و دەگوازرێتەوە.
لە سەردەمی جیهانگیری ‌و تەكنەلۆژیای نوێ ‌‌و زیرەكیی دەستكرد، بایەخی سەرمایەی كەلتوریی زیاتر بووە، لەبەرئەوەی كۆمەڵگە پێویستی بەو كەسانەیە كە خاوەنی زانیارین ‌و توانای بیركردنەوەی رەخنەیی ‌و داهێنان ‌و مامەڵەكردنیان لەگەڵ تەكنەلۆژیای نوێ‌ هەیە.
وەبەرهێنان لە خوێندن ‌و خوێندنەوە ‌و كتێبخانە ‌و هونەر ‌و ئەدەب ‌و كەلەپوور ‌و دامەزراوەی كەلتوریی، وەبەرهێنانێكی ستراتیژییە لە مرۆڤ ‌و كۆمەڵگە، چەند ئاستی سەرمایەی كەلتوری بەرز بێتەوە، توانای مرۆڤ ‌و كۆمەڵگە بۆ داهێنان ‌و گەشەپێدان‌ و پاراستنی ناسنامەی كەلتوریی‌ و نەتەوەیی‌ و نیشتمانی بەرزتر دەبێتەوە.
دامەزراوە كەلتورییەكانی وەك ( قوتابخانە‌، زانكۆ، كتێبخانەی گشتی، خانەی چاپ‌ و بڵاوكردنەوە، مۆزەخانە، شانۆ، سینەما، سەنتەری رۆشنبیری ‌و هونەری، دەزگای میدیا)، رۆڵی دیاریان هەیە لە دەوڵەمەندكردنی سەرمایەی كەلتوریی كۆمەڵگە. گرنگیی ئەو دامەزراوانە ئەو كاتە زیاتر دەبێ‌ كە بۆ هەموو هاووڵاتیان كراوە بن، نەك  تەنها بۆ گروپێكی كۆمەڵایەتیی دیاریكراو. ئەو دامەزراوە رۆشنبیری ‌و هونەرییانە وەبەرهێنان لە مرۆڤ‌ و كۆمەڵگە دەكەن، بەوەش خزمەتێكی ناوازە پێشكەش بە نەوەی ئێستا دەكەن ‌و وەك سامانێكی كەلتوری بۆ نەوەكانی داهاتوو دەگوازرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved