سەرمایەی سیمبولی دەستەواژەیەكی نوێی زانستی كۆمەڵناسیی كەلتورییە، ئەم جۆرە سەرمایەیە سروشتی پێگەی كۆمەڵایەتی ‌و مەعنەوی تاك ‌و كۆمەڵگە ‌و دامەزراوەكان نیشان دەدات، پەیوەندیی بە سامان‌ و كەلوپەل‌ و سەرچاوەی ئابوورییەوە نییە، بەڵكو خۆی لە ناوبانگ‌ و شكۆ ‌و پێگەی كەلتوری ‌و كۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە.
كەسێك، یاخود دامەزراوەیەك، یاخود شارێك، هەرچەند پێگەیەكی ئابووریی بەهێزی نەبێت، بەڵام دەكرێت پێگەیەكی سیمبولی گەورەی هەبێت‌ و ئەو پێگەیەی لە دوای مێژوویەكی درێژی دەستكەوتی كەلتوری ‌و زانستی‌ و مرۆیی‌ و سیاسی بەدەستهێنا بێت.
لەوەوە بایەخی سەرمایەی سیمبولی وەك هێزێكی مەعنەوی‌ و كۆمەڵایەتیی دەردەكەوێت كە كاریگەریی لەسەر ئاكاری تاك ‌و بەستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ‌و بەهێزكردنی پێگەی كۆمەڵگە و شار ‌و دامەزراوەكان هەیە.
سەرمایەی سیمبولی كۆمەڵێك سەرچاوەی مەعنەوی ‌و كۆمەڵایەتییە كە تاك، یاخود گروپ یاخود دامەزراوە لە ئەنجامی داننان بە بەها ‌و پێگە ‌و ناوبانگی لەناو كۆمەڵگەدا بە دەستی دەهێنێت.
دەستەواژەی سەرمایەی سیمبولی مانایەكی فراوانی هەیە، ئەمانە دەگرێتەوە: (ناوبانگی باش ‌و رێزی كۆمەڵایەتی، پێگەی ئەكادیمی، ناوبانگی ئەدەبی‌ و هونەری، مێژوو و كەلەپوور ‌و یادگەی كۆمەڵ، ناسناو و خەڵات ‌و رێزلینان، دانپێدانانی نێودەوڵەتی ‌و دەستكەوتی شارستانی).
واتە سەرمایەی سیمبولی سامانێكی ناماددییە، كە پێگەیەكی مەعنەوی گەورە بە خاوەنەكەی دەبەخشێت‌ و بەشێوەیەكی سەربەخۆ دروست نابێت، بەڵكو لە رێگەی دانپێدانانی كۆمەڵگە بە بەهای تاك، یاخود گروپ، یاخود دامەزراوەوە پەیدا دەبێت.
بۆ یەكەمجار زانای كۆمەڵناسی فەرەنسی (پییر بۆردیۆ)، دەستەواژەی سەرمایەی سیمبولی بەكارهێنا‌ و لە چوارچێوەی تیۆری شێوەكانی سەرمایەدا گەشەی پێدا. بۆردیۆ رای وابوو لە كۆمەڵگەدا تەنیا پێشبڕكێی ئابووری نییە، بەڵكو چەندین جۆری دیكەی سەرمایە هەیە، لەوانە: سەرمایەی ئابووری، سەرمایەی كەلتوری، سەرمایەی كۆمەڵایەتی، سەرمایەی سیمبولی.
سەرمایەی سیمبولی چەند تایبەتمەندییەكی هەیە، لەوانە:
-دانپێدانانی كۆمەڵایەتی: بە تەنیا ناوبانگ بەس نییە، بەڵكو پێویستی بە دانپێدانانی كۆمەڵایەتی بە بەهای هەر دەستكەوت‌ و پێگەیەكدا هەیە.
-سروشتیی ناماددی: نابێ‌ بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە پارە بپێورێت، چونكە پەیوەستە بە متمانە ‌و رێز ‌و شكۆ‌ و ناوبانگەوە.
-كەڵەكەبوونی مێژوویی: لە دوای چەندین ساڵ لە دەستكەوت‌ و هەڵوێست دروست دەبێت.
-توانای گۆڕان: دەكرێت پێگەی كەلتوری ‌و زانستی بۆ دەرفەتی ئابووری، یاخود سیاسی، یاخود دبلۆماسی بگۆڕێت.
-كاریگەریی كۆمەڵایەتی: توانای كاریگەری ‌و قەناعەتپێهێنان ‌و متمانە بە تاك‌ و دامەزراوەكان دەبەخشێت.
سەرمایەی سیمبولی رۆڵی دیاری هەیە لە گەشەپێدانی كەلتوریدا، چونكە بەهای كۆمەڵگەكان تەنیا بە قەبارەی بەرهەمی ئابووری ناپێورێت، بەڵكو سامانی كەلتوری‌ و زانست‌ و داهێنان، پاشخانێكی سیمبولییە، ناسنامەی نیشتمانی ‌و پێگەی وڵاتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز دەكات، ئەویش لە رێگەی: (بڵاوكردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی ‌و هونەری، پشتیوانیی وەرگێڕان ‌و ئاڵوگۆڕی كەلتوری، بەستنی كۆنگرە‌ و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، پاراستنی كەلەپووری ماددی‌ و ناماددی، پشتیوانیی زانكۆكان‌ و سەنتەرەكانی توێژینەوە، بەخشینی خەڵاتی كەلتوری‌ و زانستی).
دروستكردنی سەرمایەی سیمبولی پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەیەكی ستراتیژیی درێژخایەن هەیە، ئەویش لە رێگەی ئەم میكانیزمانەوە دەبێت: (وەبەرهێنان لە كەلتور و زانستدا، هاندانی داهێنانی رۆشنبیری ‌و هونەری، دۆكیومێنتكردنی یادگەی مێژوویی‌ و پاراستنی، كۆمەكی توێژینەوەی زانستی ‌و دامەزراوە ئەكادیمییەكان، فەراهەمكردنی كەشی ئازادیی فیكر ‌و دەربڕین‌ و داهێنان، بایەخدان بە كەسایەتییە كەلتوری‌ و زانستییەكان، بەستنی پردی پەیوەندیی كەلتوریی نێودەوڵەتی، گۆڕینی كەلەپوور بۆ بەرنامەی كەلتوری‌ و فێركاریی بەردەوام).
سەرمایەی سیمبولی یەكێكە لە گرنگترین جۆرەكانی سەرمایە لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا، چونكە پاشخانی كەلتوری‌ و شارستانی گەر بپارێزرێت ‌و گەشەی پێبدرێت، بۆ نەوە لە دوای نەوە دەگوازرێتەوە ‌و بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرمایە‌ و سامانی ئابووری دەكرێت پاشەكشە بكات‌ و نەمێنێت. لەو روانگەیەوە پێویستە حكومەت‌ و دامەزراوەكان، كەلتور ‌و زانست ‌و كەلەپوور وەك وەبەرهێنانی ستراتیژیی سەرمایەی سیمبولی ببینن، چونكە  توانای گەلان تەنیا بە سامانی ئابووری ناپێورێت، بەڵكو سەرمایەی كەلتوری‌ و سیمبولی سەرمایەكی بەنرخە ‌و پێگەی گەلان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەهێز دەكات.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved