هەموو بوارێکی مەعریفی، لە فەلسەفە و زانستە سروشتییەکان و زانستە مرۆییەکان و ئایین و هونەر و ئەدەب و تەسەوف، لە بنەڕەتدا لە زاراوە پێکدێن، واتە بۆ تێگەیشتن لێیان و سودوەرگرتن و بەدواداچوونیاندا بەر لە هەر شتێک، یان هاوڕێ بە هەر هەنگاوێک، پێویستمان بە ئاشنابوون بەو زاراوانە دەبێت، کە وەک هەمیشە دێنە ڕێگامان. دەتوانین بە گوزارشتێکی دیکە بڵێین: زانینی زاراوەکان بەردی بناغەی شارەزابوونی ڕاستەقینەیە سەبارەت بە سەرجەم کایە جوداکانی مەعریفە.
کەم نین ئەو زاراوانەی بەردەوام لە خوێندنەوەدا دێنە ڕێگامان، یان بەکاریاندەهێنین و، لە مانا و مەغزا و مەبەستەکانیان حاڵی نین، تەنانەت دەشێت بە هەڵەش لێیان تێبگەین، بەڵکو هەندێکجار تەنیا وەک دووبارەکردنەوە، یان تێگەیشتنێکی ڕووکەش و تاکڕەهەند، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. ناکرێت نووسەرانیش ئەم زاراوانە لەکاتی بەکارهێنانیاندا ڕوون بکەنەوە، کە ئەمە کارێکی نەکردەیە، بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوە کە پێویستە خوێنەران بۆ خۆیان بەدوای ئەو زاراوانەدا بچن و بایەخیان پێ بدەن و، لەم ڕووەوە باکگراوەندی خۆیانیان هەبێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە هەر یەکێک لە ئێمە خاوەنی چەند فەرهەنگێکی تایبەت بە ڕوونکردنەوەی ئەمجۆرە زاراوانە بێت و، هاوشێوەی فەرهەنگی وشە، بەردەوام بگەڕێتەوە سەریان و لێیان دانەبڕێت و فەرامۆشیان نەکات.
بۆنمونە ئاماژە بەم چەند چەمکە دەدەین



ئەتنۆگرافیا
Ethnography
 ئەتنۆگرافیا زانستێکی کۆمەڵایەتییە کە بارودۆخی گەلان وەسف دەکات و, لە شێوازەکانیان دەکۆڵێتەوە. لەگەڵ دیاردە ماددییە جیاوازەکانی، چالاکییەکان لە دەزگاکانیاندا و, دابونەریتەکانیان، وەک شێوازی خواردن و خواردنەوە و پۆشاک و هیترش. ئەتنۆگرافیا لقێکە لە لقەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە عەرەبی (علم خصائص الشعوب) واتە: زانستی تایبەتمەندییەکانی گەلان، ئەم زانستەش بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەنترۆپۆلۆجی و ئیتنۆلۆجی و لە تەک ئەواندا کاردەکات.
ئیسکاتۆلۆجی (علم الآخرة: دوارۆژناسی یان قیامەتناسی).
Eschatology
 بابەتی زانستی ڕۆژی دوایی، بریتییە لە گەڕان بەدوای ئەو مەسەلانەدا کە پەیوەستن بە کۆتاییهاتنی جیهان و چارەنووسی مرۆڤ، لە مردن و زیندووبوونەوە و، لێپرسینەوە و، بەهەشت و دۆزەخ.
ئەپستمۆلۆژیا
Epistemology

ئەپستمۆلۆژیا لە دوو وشە پێکهاتووە: یەکێکیان ئەپستیما  (Episteme) بە مانای (زانست) دێت، ئەوی دیکەشیان لۆگۆس (Logos) کە بریتیە لە تیۆر یان لێکۆڵینەوە. کەواتە مانای ئەپستمۆلۆژیا (تیۆری زانستەکان)ە، یان فەلسەفەی زانستەکان، مەبەستم لێکۆڵینەوەیە لە پرنسیپەکانی زانستەکان و، گریمانەکانیان و، ئەنجامەکانیان، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بە جۆرێک کە ڕیشە لۆژیکی و، بەها بابەتییەکانیان، ئاشکرا بکات. هەروەها ئەپستمۆلۆژیا، بەمانای (تیۆری معرفە) یان (زانستی معرفە)ش دێت. لقێکیشە لە لقە سەرەکیەکانی فەلسەفە کە لە سروشت و تێڕوانینی معرفە و زانستەکان دەکۆڵێتەوە.

ئاتیزم (ئاتەییزم) Atheism
ئاتیزم Atheism لە وشەی (Atheos) یۆنانییەوە وەرگیراوە، واتا نکووڵیکردن لە بوونی خوداوەند. بە عەرەبی (الإلحاد) یان (الدهرية). ئەمەش تێڕوانینێکی فەلسەفییە و، لە مانا گشتی و باوەکەیدا نکووڵی لەبوونی خواوەندێک دەکات، لە دەرەوەی ئەقڵی بەشەری، خواوەندێک ئەم دونیایەی خەلق کردبێت و حوکمی بکات، بەڵام ئەم وشەیە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دروستبوونی ئایینە تاکخوداییەکان یان  مۆنۆتیزم. لە مێژوودا ئەم زاراوەیە مانای چەشناوچەشنی لەخۆگرتووە و بۆ ماوەیەکی زۆر فیکری بەشەریی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام هەموو جارێک ئەم مانایانە هەڵگری بارگەیەکی نێگەتیڤ (سەلبی و نەرێنی) نین. بۆ نموونە بەشێک لە ئاتیزم لە مێژوودا نکووڵی لە بوون یان نەبوونی خواوەند ناکات، بەڵکو نکووڵی لەوە دەکات خواوەند حوکمی هەموو دونیا بکات و، ژیان و چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکات، یان باوەڕی بە ئایین هەیە، بەڵام نکووڵی لە بوونی خواوەند دەکات، وەک ئایینی بودیزم.
سەرچاوەکان:-
١) الدكتور جميل صليبا، المعجم الفلسفي، منشورات ذوي القربى، ١٣٨٥، الجزء الأول، ص .٣٦.
 ٢) البروفيسور دينكن ميشيل، معجم علم الاجتماع، ترجمة د. إحسان محمد الحسن، منشورات وزارة الثقافة والإعلام - الجمهورية العراقية، ١٩٨٠، ص ١٣٠.
٣) د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئەکادیمیای کوردی، ٢٠٢٥، ل ٥٠-٥١.

 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved