لە سەدەی بیستەمەوە سیاسەت یەكێكە لە وشە خراپ و بەدناوەكانی دنیای ئێمە، وەك هەڕەشە و پلاندانان بۆ خراپەكاری و خۆ ئامادەكردن بۆ زیانگەیاندن بە خەڵك و كۆمەڵگە وێناكراوە، هەندێکیش لەوانەشی كە كاری سیاسییان كردووە، وەك دز و جەردە و درۆزن و ناپاك وێناكراون، بەم پێیە هەم سیاسەت و هەم سیاسییەكان وا وێناكراون كە ئامادەن لەپێناوی گەیشتن بە سوود و قازانجی خۆیان، هەموو بەها مۆرییەكان بخەنە ژێرپێوە، سوود و قازانجی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بخەنە سەروو بەرژەوەندیی گشتییەوە.
بەشێوەیەكی گشتی لە یۆنانی كۆنەوە تا ئەمڕۆ مرۆڤ هەستی بەوەكردووە كە سیاسەت دەشێت ببێتە پیشەیەكی ناشیرین، ببێت بە دەردێكی ترسناك و كۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا نەخۆش بكات، بەڵام لەسەردەمی ئەفڵاتوونەوە تا ئەمڕۆ، ئەوانەی سەرقاڵی كاری فیكرین لە هەوڵی دۆزینەوەی ئامراز و رێگەچارەی جیاوازدان بۆئەوەی سیاسەت نەبێتە دەرد و ژینگەی كۆمەڵایەتی نەخۆش بكات، بەڵكو سیاسەت بكەنە چالاكییەكی بەسوود و ببێتە بنیاتنەری كۆمەڵگەیەكی هێمن و بەختەوەر و دادپەروەر و ئاسایش بەرقەرار ببێت.
كەواتە سیاسەت هەم دەتوانێت خراپەكار بێت هەم چاكەكار، هەم ئارامی دروستبكات هەم جەنگ، هەم خۆشەویستی هەم بوغز و رق و كینە، هەم ببێتە بەختەوەری هەم بەدبەختی.
هەربۆیە ئەو شتەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن باڵێكی دەستڕۆیشتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كرا، دەكرێت بڵێین سیاسەت بوو بە مانا خراپەكەی، چونكە ئەو رووداوە لێوانلێو بوو لە فێڵ و تەڵەكەبازی، لەجیاتی بەختەوەری، پەژارەی كۆمەڵایەتی لێكەوەتەوە و دووبەرەكی زیاتری بەدوایخۆیدا هێنا.
زۆرجار لە فكری سیاسیدا سیاسەت بەستراوەتەوە بە بەختەوەرییەوە، بە مانایەك لە ماناكان فیكری لیبراڵی و ماركسی و سۆشیالیستیش سیاسەت گرێدراوە بە بەختەوەریی كۆمەڵگەوە، بەڵام ئەو شتەی پارتی كردی بەدبەختیی لەگەڵ خۆیدا هێنا، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەستیان لەسەر دڵیان بوو ئەو هەنگاوە شەڕ و ئاژاوەی لێنەكەوێتەوە، جارێكی تر تووشی بەدبەختی و ماڵوێرانی و دەربەدەری نەبن، دەركەوت ئەوان خەمی تێكچوونی دۆخی هەرێمی كوردستانیان نییە، بەتایبەت كە ناوچەكە لە لێواری تەقینەوەدایە.
لە یۆنانی كۆندا، پرسیاری سەرەكی سیاسەت بریتی بووە لەوەی چۆن بەختەوەرترین شار» دروست بكەین، لە دنیای مۆدێرندا پرسیاری سەرەكی سیاسەت بریتییە لەوەی چۆن «باشترین سیستمی سیاسی دروستبكەین، بەڵام ئەو شتەی ئەوان كردیان تێكدانی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو، رەواجی دا بە دیاردەی ناشیرنی كڕین و گوشاركردن لەسەر پەرلەمانتاران، ئاماژەیەكی روونی شكستێنانە لەبەردەم سەرەتاییترین گەمەی سیاسی كە حكومڕانییە لەسەر بنەمای شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەنگی هاووڵاتیان.
لە سیاسەتدا، شكست و سەركەوتنی هەر كارێك بە دەرەنجام و لێكەوتەكانی هەڵدەسەنگێنرێت. پارتی دوێنێ ئەو هەنگاوەی نا كە خۆی بە گونجاوی زانی، بەڵام بۆئەوەی بزانین ئەم هەنگاوە تا چەند دروست بووە، دەبێت چاوەڕێی دەرەنجام و لێكەوتەكانی بین.
لە سیاسەتدا تەنها ئەوە گرنگ نییە ئەمڕۆ چیت بەدەستهێناوە؟، گرنگتر لەوە ئەوەیە سبەی چۆن دەتوانیت ئەو دەستكەوتە بپارێزیت، لە دنیای سیاسیدا هەموو سەركەوتنێكی تاكتیكی بە مانای سەركەوتنی ستراتیژی نییە، دەكرێت شەڕەكە ببەیتەوە، بەڵام جەنگەكە بدۆڕێنیت.
بابەتی زیاتر