لە دۆخی هەنووکەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە بەرۆکی سیاسەت و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی گرتووە، بریتییە لە ململانێی نەتەوەیی و ململانێی ئایینی و مەزهەبی. زۆرجار چەمکی «نیشتمانپەروەری» بە شێوەیەکی بەرتەسک و لەو سۆنگەیەوە پێناسە دەکرێتەوە. واتە لەسەر بنەمای هاوخوێنی، هاوزمان، یان هاوئایینی پێناسە دەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی ئەوانی تر و دروستبوونی گرژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها ئەو رەهەندە بەرتەسکە، کاریگەریی دەکاتە سەر جێبەجێکردنی دەستوور و بڕگە قانوونییەکانی وڵات. لەکاتێکدا فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ؛ چەمکێکی زۆر گرنگ و مۆدێرن دەخاتەڕوو کە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی قەیرانە سیاسییەکان جێگرەوەیەکی نایابە، ئەویش چەمکی نیشتمانپەروەریی دەستوورییە.
نیشـــــــــــتمانپەروەریی دەســــتووری بریتییە لەو بیرۆکەیەی پێداگری لە وابەستەیی و خۆشەویستیی هاووڵاتییان بۆ وڵاتەکەیان دەکاتەوە، نەک لەسەر بنەمای نەتەوە، خوێن، یان مێژوویەکی هاوبەشی ئەفسانەیی، بەڵکو لەسەر بنەمای دڵسۆزیی بۆ ئەو بەها دیموکراسی و مافە مرۆییانەی کە لە دەستووری وڵاتەکەیاندا چەسپاوە. واتە ئەوەی کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە، رێزگرتنە لە قانوون و بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی، نەک خوێن و بنەوان و رەچەڵەکی هاوبەش یان شەڕکردن لە یەک سەنگەر و خەبات لەپێناو یەک مەبەستدا.
"نیشتمانپەروەری دەستووریی بژاردەیەکی باشە بۆ عیراقی فرەنەتەوە و فرەزمان،
بەڵام وا دیارە کێبڕکێی سیاسی لەسەر بنەمای بەهێزیی و لاوازییە.
ئەوەش تۆڵەکردنەوە و پەراوێزخستنی گەورەی لێ دەکەوێتەوە"
فەیلەسووفی ئەڵمانی، یۆرگن هابەرماس (1929-2026) لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەم چەمکەی کردە تیۆرییەکی فەلسەفی و دواتر لە سیاسەتی کردەیی ئەوروپا و ئەڵمانیادا رەنگیدایەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە، سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا مافی هاووڵاتێتی دەبەخشێتە ئەو ئاوارە و کۆچەرانەی روو لە وڵاتەکەیان دەکەن، بە مەرجێک بیسەلمێنن لێوەشاوەیی هاووڵاتیبوونیان هەیە.
لە بنەڕەتدا هابەرماس ئەم چەمکەی وەک وەڵامێک بۆ قەیرانی شوناس لە ئەڵمانیای دوای جەنگی دووەمی جیهانیی داڕشت. دوای ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوێرانە و رەگەزپەرستیی نازییەکان، ئەڵمانیا و بەشێک لە ئەوروپای وێران کرد، هابەرماس پێی وابوو چیتر ئەڵمانییەکان ناتوانن بەو شێوە تەقلیدییە شانازی بە مێژوو و نەتەوەکەیانەوە بکەن. بۆیە پێویستە شوناسێکی نوێ دروست بکرێت. مەبەستیشی ئەوە بوو کە هاووڵاتییان لەبری ئەوەی بڵێن: وڵاتەکەم خۆش دەوێت چونکە خوێن و رەگەزم هی ئەو وڵاتەیە، بڵێن وڵاتەکەم خۆش دەوێت چونکە دەستوورەکەی رێز لە شکۆی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین و مافەکانی کەمینەکان دەگرێت.
ئەمڕۆ ئەم مەبەستە زۆر فراوانتر بووە و بووەتە بنەمایەک بۆ پێکەوەژیان لە کۆمەڵگە فرەڕەنگ و فرەنەتەوەکاندا، چونکە ئەگەر کۆمەڵگەیەک لە چەندین نەتەوە و ئایینی جیاواز پێکبێت، مەحاڵە هەموویان لەسەر یەک مێژوو یان یەک زمان کۆبکرێنەوە، بەڵام دەتوانرێت هەموویان لەسەر دەستوورێکی دادپەروەرانە کۆبکرێتەوە و کار بۆ ئەوە بکرێت، هەمووان خۆیان بە خاوەنی وڵاتەکە بزانن.
هەرچەندە چەمکی نیشتمانپەروەری دەستووریی بژاردەیەکی باشە بۆ عیراقی فرەنەتەوە و فرەزمان...هتد، بەڵام وا دیارە ئەم لایەنە لەبەرچاو نەگیراوە. هەروەها کێبڕکێی سیاسی لەسەر بنەمای بەهێزیی و لاوازییە. ئەوەش تۆڵەکردنەوە و پەراوێزخستنی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.