سەیری پرۆشەری یادەکەی تێکۆشەری دێرین سەرکەوت مامە قالەم کرد، پۆلێک شەمعم بە دەوری پەروانەی ( مام قادر مەجید) مامە قالە بینی. هاتبووم بۆ یادی خۆشناوی خۆشیادی تێکۆشەرێکی دێرین کە جگە لە خەبات و رەنجی پێشمەرگایەتی بیستبووم کۆمەڵایەتی و هونەرمەندەکان لێی مەمنوون بوون، ساڵی پار چەند هونەرمەندی رۆژهەڵات و تارانی هاتنە راگەیاندن و باسی فێستێڤاڵێکی هونەریان کرد لە چەمچەماڵ کە باشیان هەڵسوڕاندبوو . لە شاری ئەنفال رێوشوێنی تەداروکی گەورە نییە مەگەر ئەوە نەبێ لۆجستی ئیدارە و جوامێری لێک بدرێن. ناوی کاک سەرکەوتیان لەم نێوەندە هێنا .
برای چوار شەهید و کوڕی باوکێک، مام قادر، کە هەر لە سەرەتاوە رێگە پێشکەوتوو و ئاوەدانەکەی کوردایەتی هەڵبژارد و تێکۆشەری باڵی مەکتەبی سیاسیی بوو.
ماڵێکی شەهیدپەروەر کە بە دوو وەجبە چوار کوڕیان بە خاکی کوردستان بەخشی دووانیان ساڵی ١٩٨٦ و دوانی تریان ساڵی ١٩٨٨
دیاردەی باخی شەهادەت هەر لە حزبی شەهیداندا شەوق و رەونەقی هەیە.
ئەم باخچە خوێنینەی پڕ لە گوڵ و لالەی سوور باخەوانێکی دێرین و کابانێکی بەسەبری هەبوو .. باوکێک مەشهوری گشت ناو شوان و نیشتەنی وەفا و قوربانیدان ، دایکێکیان هەبوو گوایە گوتویەتی چۆن خەڵک بە پێڵاوەوە بەسەر ئەم خاک و خۆڵەدا دێن و دەچن کە ئەم هەموو خوێنە و ئەم هەموو قوربانییەی بۆ دراوە؟
بەڵام لە چلەی سەرکەوتی خۆشناو و خۆش روودا هەر کەسوکاری شەهید و ئەنفال و هەر گیانبازانی هاورێی پێشمەرگایەتی ئەم عەگیدە لەوێ نەبوون. بەڵکو بیرەوەری چل رۆژ ئەدگاری کۆمەڵایەتی چین و توێژەکانی شاریشی کەمەندکێش کردبوو. یاد قەرەباڵەغ و چڕ و پڕ بوو.
جەماوەرێکی شەهید دۆست و شەهیدپەروەر دەوری یادگاری حزبی شەهیدانی دابوو کە هەر ئەوە لە ڕاسان و لە لێقەومانی میللیدا بە کەڵکی یەکێتییەکەمان دێن.
ئەمە نهێنی نە شکانی ئەم کریستاڵە جوانەی خەبات و کوردایەتییە، نهێنی گەشانەوەی ژیلەمۆی یەکێتی و شۆڕشی نوێییە کە دوای پێکوتەیەکی کاتی و پاشەکشێیەکی کورت خایەن وا بە بۆنەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە تێهەڵدەچێتەوە وەک چۆن دوای نسکۆ دەربڕینی شۆرشگێڕی گوتی ؛
ئەی هەڤاڵی بێسەر و شوێن )
رەنگی ئاسۆ نیشتۆتە خوێن
دوای نووچدان و هەڵەنگوتن
(وا خەڵكی دیسان دەبزوێن
وا بوژاوەتەوە کە نەبەردی تازەی گەرەکە دوای نەبەردی بردنەوەی دیموکراسییەکەی کەرکوک.
چەمچەماڵ لەرووی جوگرافیشەوە ناوەڕاستە لەنێوان کەرکوکێکی سەرکەوتوو و براوە و هەرێمێکی روو لە بردنەوە و روو لە گەشانەوەی دوای دەیەیەک لە پێکوتە. هونەری گەورە لە بردنەوەی ئەمجارەدایە . بۆچی بەرەی نیشتمانپەروەری لە نیکاراگوا دوای پاشەکشێی کاتی توانی ڕا بێتەوە و لە شوێنی تر ئەم ئەزموونە دووبارە نەبێتەوە؟
یەکێتیی بەم خەزینە گەورەی شەهادەت و شەهامەت و شەهیدپەروەری ، بەم سەرمایە مەعنەویەی رابردوو کە وزەن بۆ داهاتووش دێتەوە مەیدانی نەبەردی. هەر کەسە و هەر لایەنە بە مایە و خەرجی خۆیەوە دێتە ناو گەمەکەوە. یەکێتیی ئەم مایە و خەزینە مەزنەی هەیە و ئیتر بۆ دوا رۆژیش بێ سەرمایە و دەستوپێ سپی نییە. زۆر هاتن و هاشوهوشیان کرد و هیچیان بە هیچ نەکرد تەنها کات و توانا و وزە و سەرمایەی میللەتیان بە فیرۆ دا، ئیتر بۆ گۆڕانکاری گەورە یەکێتیی خۆی هاتۆتەوە کایە و فێڵ و فەرەجی دەورانی هەڵبژاردن نایخوات .
یەکێتیی هەر باسی رابردووتان بۆ ناکات ئەگەرچی کەمن ئەم رابردووە دەوڵەمەندەی یەکێتیی هەیە ، بەڵکو یەکێتیی بەڵێنی دوا رۆژیش دەدات کە لەسەر خاکی کوردستان نەک لە هەسارەکانی تر گرەو دەباتەوە.
سەرکەوتن و رزگارییەک بە خوێنی گەشی دەیان بنەماڵەی وەک بنەماڵەی کاک قادر مەجید بەدی هاتبێت مەرکەب و کاغەزی دەنگدان زۆر بە ئاسانی دەیپارێزێت.
بابەتی زیاتر