بەریەککەوتنە ستراتیژییە هەرێمایەتییەکانی ئەمجارە، تەوەرە سەرەکییەکانی بریتیین لە ئیسرائیل لە لایەک و لە بەرامبەریدا هەریەکە لە ستراتیژی عەرەبی، ستراتیژی ئێرانی، ستراتیژی تورکی.
ستراتیژی عەرەبی
لە پەیوەندیدا بە ستراتیژی عەرەبییەوە، بە هۆی بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە وڵاتانی کەنداو و شکستی بەرچاوی بەرەی مقاوەمەی حماس - حزبوڵا لە فەلەستین و لوبنان و غیابی کاردانەوەیەکی عەرەبی بە گشتی، ئەم بەریەککەوتنە لە دۆخی ئێستایدا لەسەر هێڵی ساردە.
لە پەیوەندیدا بە ستراتیژی ئێرانییەوە، بە هۆی ئەوەی کە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی ژێربەژێر هەیە، بۆ رێگری لە هەڵکشانی بەریەککەوتنی ئیسرائیل - ئێران و بەهۆی ئەوەی ئێران بە ئاسانی ناتوانێت بچێتە ژێر هەڵکشانێکی بەرفراوانتری بەریەککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و زیاتر پشتی بە بەریەککەوتنی ناڕاستەوخۆ و کاردانەوەی سنوورداری راستەوخۆیە و ئیسرائیلیش بە هەمان لۆژیک مامەڵە دەکات، تاکو بە پشتیوانی نێودەوڵەتی ئێران لە دوژمنێکی ستراتیژییەوە بگۆڕێت بۆ دۆستێکی ستراتیژی، ئەم بەریەککەوتنە هەنگاوێک لە دوای بەریەککەوتنی ستراتیژی ئیسرائیل عەرەبییەوەیە، لەسەر هەمان هێڵی سارد.
لەپەیوەندیدا بەستراتیژی تورکییەوە
بە هۆی ئەو تێڕوانینە فراوانخوازییەی تورکیا، کە راستەوخۆ رێگریی دەکات لە بەردەم پڕۆژەی ئاشتی ئیبراهیمی ئیسرائیلیدا، کە بە ماندێتی سەدە ناسراوە، گەرمترین وێستگەی بەریەککەوتنی ستراتیژیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە و سەرەکیترین خاڵی لاواز لە ستراتیژی تورکیدا پرسی کوردە، چونکە لەسەر ئاستی داگیرکاری هەرێمایەتی، پرسی کورد جگە لە بەرەی خیانەتی کوردستانی هیچ هێز و لایەنێکی دیکەی کوردی بوونی نییە، کە خزمەت بەو خواستە بکات، کە ئەم پرسە وەک خاڵی لاوازی ستراتیژی تورکی نەهێڵێتەوە، بۆیە بە ناچاری و لە ترسی لە دەستچوونی بە دەستییەوە، گەڕانەوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، تاکیکی کورد دەکاتە بەرنامەی رۆژەڤ و بە دەستپێک بە گەڕانەوە بۆ ئیمرالی دەست بە هەنگاو دەکات، بەڵام لە دواین لێدوانی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیلیدا، دەسەڵاتی ئەنقەرە وەک بکوژی کورد دەناسرێت، واتە ئەوەی بە ناوی پرۆسەی ئاشتییەوە ئەنقەرە باسی دەکات، جگە لە کوشتنی کورد هیچیتر نییە، ئەنقەرەش بۆ رێگری کورد لە هاتنەکایە بە رۆژەڤی سیاسیی و ستراتیژیی خۆیەوە، لە یەکەم کاردانەوەیدا هێرش و پەلامارەکانی بۆسەر باشوور و خۆرئاوا، بەرفراوان کرد تاکو کورد بەرەو ناچاری بەرێت، بەرەو دەستپێکی گفتوگۆکانی پرسی چارەسەری، بەڵام وەک ئەوەی کە خۆی دەیخوازێت نەک وەک ئەوەی کە سروشتی چارەسەری راستەقینەو ستراتیژی رێبەرایەتی رەوا دەیخوازێ!.
هەنگاوەکانی کورد بۆ پتەوکردنی هاوبەشیی سیاسی
لەولاشەوە هەنگاوەکانی کورد بەرەو پتەوبوونی هاوبەشیی سیاسی فیدرالی عیراقی، گرفتێکی دیکەی بەردەم ئەم پرۆسەیەی ئەنقەرەیە، هەرچی ئێرانیشە ئێستا لەبەریەککەوتنێکی تۆخی وادا نییە لەگەڵ کورد، کە دەرفەتی راکێشانی جەمسەرە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بداتە دەست ئەنقەرەو هەرچی خۆرئاوای کوردستانیشە، لە دۆخێکدایە کە جگە لە فشار لە سەریان ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی رامکردنیان لەگەڵدا بکات.
بۆیە ئێستا پرسی کورد لە هەموو کات زیاتر جێی مەترسییە لەسەر ئەنقەرە، بۆیە لە لایەک ترسی لە دەستچوونی ئەم پرسەی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە، وەک جاران پرسی کورد لە چێوە هەرێمایەتییەکەیدا نەماوەتەوە، کە خاڵی هاوبەشی کۆکردنەوەیان بێت بۆ دژایەتیکردنی و دواجار لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش چەنێک ستراتیژی ئێرانی و تورکی بەردەوام هەڕەشە بوون لەسەریەکتر هێندەو زیاتر هەڕەشە بوون لەسەر ستراتیژی عەرەبی و ئێستا بە دیاریکراوی ستراتیژی تورکی هەڕەشەشە بۆسەر ئیسرائیل، بۆیە لە رووبەڕووبوونەوەیدا، هەم ئیسرائیل و هەم عەرەب و هەم ئێرانیش گەر ببێتە هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسرائیل، ئەوا پێکەوە دەبنە جەمسەرگەلێکی هاوبەش، لە رووبەڕووبوونەوەی ستراتیژی تورکیدا و ئەوەش کە پێویستە حزوری هەبێت لەم نێوەندەدا ستراتیژی کوردستانییە، بەرەیەکی بە جیا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی خۆیان و گوتاریان رێکخەن و لەسەر ئاستی کوردستانیش رێبەرایەتییەکی هاوبەشی بۆ پێکبێنن، تا بتوانن هاوسەنگی هەڵکردنی ئەو جەمسەرانە مەیسەرکەن، لەگەڵ پرسە کوردستانییەکەدا، بە پێچەوانەوە چوونەوە و بردنەوەی بە نێو هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتییەکەدا، چاوەڕوانکراوە، پرسی کورد بەرێتەوە چوار گۆشەی یەکەمی خۆی و تاکە شتێک کە بۆی بمێنێتەوە، دەستپێکردنەوەبێت لە ئەی رەقیبەوە!.