گەر لە رابردوودا پرسی تیرۆر و رژێمی بەعس پاساوی نائارامی و هۆکاری ناسەقامگیری بووبێت لە سوریا، دەبوو دوای کۆتایهاتنی داعش و رووخانی بەعس لە سوریادا جۆرێک لە ئارامی و سەقامگیری بگەڕایەتەوە بۆ ئەو وڵاتە، بە پاساوی ئەوەی شۆڕشی سوریا ئامانجی خۆی پێکاوە و کۆتایی بەو پرسانە هاتووە کە لە پێناویدا شۆڕش هەڵگیرساوە!.

دوای کۆتاییهاتنی ئەسەد
بەڵام بە پێچەوانەوە رووداوەکانی دوای کۆتاییهاتنی ئەسەد و بەریەککەوتنە توندەکانی هێز و میلیشیا چەکدارەکانی ناو سوریا شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن!.
خوێندنەوەی ئەو دۆخەو تێگەشتن لە پاڵنەرەکانی، هۆکاری سەرەکین لە بینینێکی روونتری ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە.
کۆنگرەی عەقەبە بنەمای سەرەکی کۆتاییهاتنە بە رژێمی بەشار و بنەمای ئەو کۆنگرەیەش، بەخشینی گرەنتی بوو بەوەی کە بڕیار لەسەر ئایندەی سوریا بدرێتە دەست سورییەکان و تەواوی لایەنەکانی بەشداربووی کۆنگرەش ئەمەیان پەسەند کردووە!.

 
ئاخۆ پشتبەستنی کورد تەنها بە ئەمریکا هیچ گرەنتییەکی چارەسەری تیایە؟! ئەی لایەنەکانی دیکەی بەشداربووی کۆنگرەی عەقەبە، دەکەونە کوێی ئەم سەودایەوە؟!


هەژموونگەرایی سەربازیی تورکیا
بەڵام هەژموونگەرایی سەربازیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تورکیا بەسەر سوریادا وەک یەکێک لەجەمسەرەکانی دەستتێوەردان، وای دەبینێت کە سەرکەوتنی کۆتایی شۆڕشی سوریا تەنها لە رووخاندنی رژێمی بەعسدا نییە، بەڵکو لە کۆتاییهێنان بە پرسی کورد و نەمانی یەپەگەدایە لە سوریادا، وەک رەهەندێکی دیکەی پرسی تیرۆر.
هەربۆیە لەپاڵ نەگەیشتنی «هەتەشە» و «هەسەدە» بە چارەسەری، گەرچی رایەڵەیەک لە پەیوەندی دروستبووە بۆ لێکتێگەیشتن! بەڵام تورکیا بە هەموو توانایەوە سوپای بەناو نیشتمانی سوری، گروپەکانی عەمشات و حەمزات و ..هتد، ئاراستەی پێکدادان دەکات لەگەڵ هەسەدەدا بۆ یەکلاییکردنەوەی لە ناوبردنی!.
ئەم هەوڵەی تورکیا جگە لەوەی پێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی رێککەوتننامەی عەقەبەیە، لە هەمان کاتیشدا مایەی هاتنەگۆی ئاراستەیەکی دیکەشە لە تورکیادا، کە پێیوایە باشترە ئەم پرسە لەسەر ئاستی سیاسی سوریا یەکلابکرێتەوە، کە لە بەرامبەریدا رەوتی توندڕەوی تورکیا کۆک نییە لەسەری و رازی نییە بەوەی کە حکومەتە راگوزەرەکەی جۆلانی هیچی لە بارەیەوە هەبێت و بکات، ئەمەش واتا دیمەشق بە فشاری تورکیا بە ئاراستەی چارەسەرنەکردنی پرسی کورددا دەبرێت!.
بەڵام لەلایەنی کوردییەوە یەپەگە و هەسەدە بە فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بە ئاراستەی چارەسەریی پرسی کورددا دەبرێت!. گرفتی ئەم فشارکردنەش لەوەدایە کە نە دانیشتنی دووەمی عەقەبە بە دوای خۆیدا دەهێنێت بۆ تەواوکردنی کارەکانی لە گێڕانەوەی سەقامگیریدا بۆ سوریا و نە لێ دەگەڕێت ئەو هێز و پێکهاتە سوریانەش سەربەخۆ بگەنە پرسێکی چارەسەری سوری تەواو نیشتمانی!.

سەودایەکی تورکی ـ ئەمریکی
لەم سەروبەندەدا، بژاردەکان یان بەرەو تۆخبوونەوەی زیاتری بەریەککەوتنەکان دەچن وەک ئەوەی تورکیا خوازیارێتی، بەر لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ بە لایەکیدا بخات، یان ئەوەتا لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ پرسەکە بە سەودایەکی تورکی ـ ئەمریکی بەلایەکدا دەکەوێت!.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە :
ئەم سەودا ئەمریکی ـ تورکییە، ئەگەر لە بەرژەوەندی تورکیا بێت، ئەوا بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای بە ناو نیشتمانی سوریا و لە ناوبردنی هەسەدە کۆتایی دێت و تیایدا جۆلانی هەنگاوێک لە حاکمییەتی هەتەشە لە بەرژەوەندیی تورکیا دەچێتە بەرەوە لەو وڵاتەدا و گەر لە بەرژەوەندیی ئەمریکاش کۆتایی بێت پرسیارەکە ئەمە دەبێت:
 پرسی چارەسەری کورد تیایدا دەکەوێتە کوێی ئەو سەودایەی ئەمریکاوە؟!
ئاخۆ پشتبەستنی کورد تەنها بە ئەمریکا هیچ گرەنتییەکی چارەسەری تیایە؟!
دواجار ئەی لایەنەکانی دیکەی بەشداربووی کۆنگرەی عەقەبە، دەکەونە کوێی ئەم سەودایەوە؟!.
ئەی ئەو تیرۆرەی کە هەمیشە لە سوریاوە جێی هەڕەشە بووە لە سەریان بە کوێ دەگات؟!.

پرسی تیرۆر 
ئاخۆ کاتێک هاکان فیدان کە دەڵێت: دەبێت دیمەشق پرسی تیرۆر وەرگرێت و کەمپەکانی گیراوانی تیرۆر کۆنتڕۆڵ بکات و راگیراوانی تیرۆر رادەستی وڵاتانی خۆیان کاتەوە، ئەو مەترسییانە دەڕەوێنێتەوە کە هەیانە لە پرسی تیرۆر؟!. 
یان ئەو گومانەیان نامێنێت لە تورکیا کە پرسی تیرۆریان بۆ هەناردەکات؟! وەک فشارێک لە رازیکردنیان بە هەژموونگەرایی بەسەر سوریادا؟!.
یاخود ئەم تەقەلایەی تورکیا و ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەیە، کە دانیشتنی دووەمی عەقەبە نەکرێت و تیایدا تورکیا تۆمەتبار نەکرێت بە پێشێلکاری پڕەنسیپەکانی رێککەوتنەکە و نەبێتە بنەمایەک کە چارەسەری پرسی کورد بە ویستێکی سیاسیی سوری سەربەخۆ ببەخشێت؟!

ئەنگێزەی پێشوەختە
هەموو ئەمانە ئەنگێزەی پێشوەختەی تورکین لە سوریادا ، کە دەخوازێت بەهۆیەوە سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا کۆتایی بە نەمانی پرسی کوردەوە گرێ بدات لە ئایندەی سوریادا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved