بۆچـی ئەو پۆسـتە سیاسـیە هێنـدە گرنگـە..؟ لەم نوسینە بە وردی گرنگی ئەو پۆستە و هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمـەریکا دەخەمەڕوو...
نوسینی: لوقـمان حـەوێز
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وڵاتێکی فیدرالی کۆماریە کە تیایدا دەسەڵاتەکان بەپێی دەستور بە شێوەیەکی ڕوون دابەشکراوە لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران کە هەردووکیان پێیان دەووترێت کۆنگرێس و دەسەڵاتی یاسادانانیان هەیە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری کە دادگای باڵا و دادگا فیدرالیەکانی تر دەگرێتەوە، بەگوێرەی دەستوریش حکومەتی فیدرالی بەشێک لە سەروەریەکانی وڵاتی بەخشیوە بە ویلایەتەکان، هەموو ویلایەتەکان کە ژمارەیان 50 ویلایەتە بەپێی دەستوری ئەمەریکا هەریەکەیان سەروەرن لە دانانی دەستوری تایبەت بەخۆیان، هەروەها داڕشتنی یاساکان و بەڕێوەبردنی خۆیان بەمەرجێک هیچ بڕگەیەکی دەستوری ویلایەتەکان پێشێلی دەستوری ئەمەریکا نەکات، هەروەها بەپێی دەستوریش هەموو ویلایەتەکان هەریەکەیان کۆنگرێسی خۆیان و دادگای باڵای خۆیان و حکومەتی نێوخۆیی خۆیانیان هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سیستەمێکی کۆماری فیدڕاڵی بەڕێوەدەبرێت کە سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، سەرۆکی ئەمەریکا بەبەراورد بەگەلێک لە سیستەمە دیموکراسیەکانی تری ڕۆژئاوا دەسەڵاتەکانی تا ڕادەیەک زۆرە وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڵام سیستەمی سیاسی لە ئەمەریکا هەندێ خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە هیچ کام لە سیستەمە دیموکراسیەکانی تری دونیا بەدی ناکرێت، ڕاستە سەرۆک دەسەڵاتی زۆرە بەڵام دەسەڵاتی موتڵەقی نیە و دەسەڵاتە گەورەکان لەلای کۆنگرێسە، لەو خەسڵەتانەش بۆ نموونە زۆری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیرانە کە بۆ نمونە دەسەڵاتی لابردنی سەرۆک و هەموو بەرپرسەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و دادوەرە فیدرالیەکانی هەیە لەسەر کارەکانیان، هەروەها دەسەڵاتی یەکلاییکردنەوەی کێشە و مافە دەستوریەکانیش لەلای دادگای باڵای فیدرالیە کە لە 9 دادوەر پێک دێت.
لەبەر گرنگی پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەمەریکا لە جیهان پتر لە 100 ساڵە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بە یەکێک لە گرنگرترین پۆستە سیاسیەکانی جیهان دادەنرێت، هەر لەبەر ئەمەشە هەموو جیهان ئێستا وەک هەموو جارێک زۆر لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات و گرنگی پێ دەدات.
دوای ئەوەی شۆڕشی ئەمەریکا لەدژی ئینگلیزەکان لەسەر دەستی جۆرج واشنتۆن سەرکەوتنی بەدەست هێنا و دەستوری ئەمەریکا نوسرایەوە، جۆرج واشنتۆن لە ساڵی 1789 بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەی ئەو کاتە لە دەستوری ئەمەریکا دیاری نەکرابوو کە سەرۆک دەبێت تەنیا دوو خولی چوار ساڵی سەرۆکایەتی بکات، بەڵام جۆرج واشنتۆن دوای دوو خولی سەرۆکایەتی خۆی خۆبەخشانە وازی هێنا و هەموو سەرۆکەکانی دوای ئەو وەکو نەریتێک لە دوو خول زیاتر سەرۆکایەتیان نەکرد، تەنیا فڕانکلین ڕۆزڤێڵت نەبێت کە لەکاتی جەنگی جیهانی دووەم سەرۆک بوو بۆ چوار خولی سەرۆکایەتی بەدوای یەکدا هەڵبژێردرایەوە، دوای ساڵێکیش لە هەڵبژارنی بۆ چوارەم جار لە ساڵی 1945 کۆچی دوایی کرد، دوای ئەو ڕووداوە لە ساڵی 1947 پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ تەنیا دوو خولی چوار ساڵی لە دەستوری ئەمەریکا جێگیر کرا و ئەمەش بە گۆڕانکاری بیست و دووەمینی دەستوری ئەمەریکا ناسراوە.
هەر بۆ زانیاریش سەرۆکی ئێستای ئەمریکا جۆ بایدن سەرۆکی چل و شەشەمینی ئەمەریکایە لەوەتەی ئەو وڵاتە دروستبووە.
دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بەندی دووەمی دەستوری ئەمەریکا بە ڕوونی دیاری کراوە و بریتین لەمانەی خوارەوە:
سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و سەرۆکی حکومەتی فیدرالیە کە خاوەنی گەورەترین بودجەیە لە جیهان، بودجەی ساڵانەی حکومەتی فیدرالی پترە لە 6 ترلیۆن دۆلار، ئابوری ئەمەریکا قەبارەکەی لەساڵی 2023 نزیکەی 27 ترلیۆن دۆلار بووە، بۆ زانیاریتان یەک ترلیۆن دۆلار یەکسانە بە 1000 ملیار دۆلار، ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین ئابوریە لە جیهان، لەساڵی 2024 ئابوریەکەی نزیکەی 26% ی هەموو ئابوری جیهان بووە، بۆ بەراوردیکردن ووڵاتی چین کە خاوەنی دووەم ئابوریە لە جیهان و ئابوریەکەی ڕێژەی 18% ی هەموو ئابوری جیهان پێکدەهێنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا فەرماندەی گشتی گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازیە لە جیهان، هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لەئێستادا لە 6 بەشی سەرەکی پێک دێن و بریتین لە: لەشکر، هێزەکانی مارینز، هێزی دەریاوانی، هێزی ئاسمانی، هێزی بۆشایی ئاسمان و هێزی پاسەوانانی کەنارەکان، هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بڵاوەیان پێکراوە لە پتر لە 100 بنکەی سەربازی، هەروەها هێزی دەریایی ئەمەریکا 11 کەشتی سەربازی زۆر زەبەلاحی هەیە کە بە کەشتی فڕۆکە هەڵگر ناسراون، بەردەوام ژمارەیەک لەوانە لەدەریا و ئۆقیانوسەکان بڵاوەیان پێکراوە و بەرپرسن لە پاراستنی زۆربەی ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیهان، لەگەڵ ئەوەی سەرۆک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە بەڵام بەپێ ی دەستور بڕیاردان لە شەڕ لە دەسەڵاتی کۆنگرێسە، سەرۆکی ئەمەریکاش وەکو سەرۆک و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەتوانێت لەکاتی پێویست یان لەکاتی تەنگانە فەرمانی هێرشی سەربازی دەربکات، بەڵام لەدوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس و ڕەزامەندی ئەوان بەدەست بهێنێت ئەگینا کێشەی بۆ دروست دەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی ئیمزاکردن یان ڤیتۆکردنی ئەو یاسایانەی هەیە کە کۆنگرێس دەریان دەکات، بەڵام هەر یاسایەک ئەگەر لە هەردوو باڵەکەی کۆنگرێس بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان تێبپەڕێنرێت ئەوا کۆنگرێس دەتوانێت ڤیتۆیەکەی سەرۆک لەسەر بڕیارەکە ڕەت بکاتەوە.
دەسەڵاتی ئەوەی هەیە داوا لە کۆنگرێس بکات دانیشتن بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی نیە کار لە دانیشتنەکانی کۆنگرێس بە هەردوو باڵەکەی بکات یان ئەو دانیشتانە ڕابگرێت، هەروەها دەسەڵاتی ئەوەی نیە کۆنگرێس هەڵبوەشینێتەوە.
دەسەڵاتی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی هەیە لەگەڵ ووڵاتان، ئەنجومەنی پیران تەنیا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامەکانی دەتوانێت دەستکاری ئەو ڕێکەوتنانە بکات یان ڕەتیان بکاتەوە.
لە دەسەڵاتی سەرۆکدایە دادوەرە فیدرالیەکان کە گرنگترینیان دادوەرەکانی دادگای باڵان دەستنیشان بکات، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی سادە کە دەکاتە نیوە کۆ یەکی دەنگەکان ڕەزامەندیان لەسەر بدات دوای ئەوە سەرۆک دەسەڵاتی دامەزراندنی ئەو دادوەرانەی دەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی تەنفیزی هەیە Executive.Orders کە هێزی یاسای هەیە، مەبەستی ئەم فەرمانانە ڕێکخستنی کاری دەزگا حکومیەکانە، دادگا دەتوانێت کارکردن بەم فەرمانانە ڕابگرێت ئەگەر لەگەڵ دەستور یەک نەگرنەوە، لە مێژووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرۆک فرانکلین ڕۆزڤڵت زۆرترین ژمارە لەو فەرمانانەی دەرکردوە کە 3522 فەرمان بوون، ئەو لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم سەرۆکی ئەمەریکا بووە، بۆ زانیاریتان تاوەکو بەرواری 2024/11/1 جۆ بایدن 142 فەرمانی لەم شێوەیەی دەرکردوە لەوەتەی سەرۆکە.
سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی دروست کردنی کابینەی حکومەتی فیدڕاڵی هەیە و لە دەسەڵاتیدا هەیە کەسەکان دەستنیشان بکات بۆ ئەو پۆستانە و هەموو پۆستە باڵاکانی حکومەتی فیدڕاڵی بە پۆستە سەربازیەکانیشەوە وەکو سەرۆکی ئەڕکان و سەرۆکی بەشە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکان، دیسان دەبێت ئەنجومەنی پیران ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەکە بە یەکەیان بدات بەزۆرینەی سادەی دەنگ.
سەرۆک دەسەڵاتی دەرکرنی لێبوردنی هەیە بۆ تۆمەتباران بە تاوانە فیدرالیەکان، واتە ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە لەلایەن دەسەڵات و دادگای ویلایەتەکان تۆماتبارکراون.
هەروەها وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆکی ئەمەریکا بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەت و پەیوەندیەکانی دەرەوە و بەشداری کردن لە کۆنگرە و کۆبوونەوە جیهانیەکان و ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ووڵاتان.
سەرۆکی ئەمەریکا هەندێک دەسەڵاتی تری هەیە کە بە دەسەڵاتەکانی باری نائاسایی ناودەبرێن emergency.powers ، بەلام لە ساڵی 1976 ئەم دەسەڵاتانە لەلایەن کۆنگرێس سنوردار کران، سەرۆک تەنیا بە ڕەزامەندی کۆنگرێس دەتوانێت بەکاریان بهێنێت، چونکە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان دادگای باڵا دەتوانێت ئەو دەسەڵاتانە بە نا دەستوری لە قەڵەم بدات و ڕەتیان بکاتەوە.
بابەتی زیاتر