ئێدی لە (چین)یش ببەیتەوە بۆت ناچێتە سەر
میران عبداللە محمد
ئەگەر عەزیزی میسریش بیت بە نایەکسانی هەڵسوکەوتت کرد هەتا سەر بۆت نالوێت. باوکێک جیاوازی لە نێوان مناڵەکانی بکات پێگەی خۆی و مناڵەکانی لاواز دەکات. ئەمە ڕاستیەکە و یوسف ئاسا تێگەشتنی دەوێت بۆ چارەسەر کردنی. کوردستان دوای ڕووخانی بەعس بە بوونی سەرکردە و ڕیبەرێکی کاریزما و هەڵکەوتوو وەک ڕەوانشاد مام جەلال جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبوو لە ئاستی عێڕاق و ناوچەکەدا. بێگومان ئەو قورسائیەش بە لێهاتووی مام جەلال و فیداکاری و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بە پێشەنگایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک حزبێکی سەردەمیانە و نوێ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا لە لایەن دۆست و دوژمنانی گەلی کوردەوە پەسەند کرا.
پاش ئەوەی مام جەلال وەک یەکەم سەرۆکۆماری عێڕاقی فیدڕاڵ ئەرکدار بوو، کوردستانی ڕادەستی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کرد بۆ ئەوەی سەرکردایەتیەکی نیشتمانی بکات. داوای لە هەمووان کرد دەنگی پێبدەن و کردی بە گەورە و سەرکردەی ناو ماڵی کورد. بەڵام مەخابن ئەم گەورەیی و بەرپرسیارەتیەی نەبردە سەر و لە ئاست پارتی و بنەماڵەکەی زیاتر بەولاوە نەچوو. بۆییە ئەوەندە هەوڵی گەورە کردنی پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی و پارتی دا هیچ توخنی بەرپرسیارێتیە مێژووییە نیشتمانیەکەی نەکەوت. زۆنی خۆی لە سەری ڕەش و هەولێر و دهۆک و زاخۆی وەک پارتیەکان دەڵێن کردە بەهەشت و زۆنی قارەمانیەتی و فیداکاری و قوربانیدانی پەراوێز خست و بە هاوکاری دەوڵەتانی دەرووبەر ڕووبەڕووی ئابڵۆقەی کردەوە و زۆنی شۆڕش و ئەنفال و کیمیابارانی پەراوێز خست.
لە هەڵبژاردنەکان بە سیاسەتی چەوتی لە گەڵ (چین)یش بکەوینە پێشبڕکێی هەر ئێمە ئەیبەینەوە، سیاسەتێکی نادیموکراتی و نانیشتمانیی خۆیان پەیڕەو کرد. پاشان بە قۆڕخ کردن و بەکار هێنانی دام و دەزگاکانی حکومەت لە ڕێڕەوی ئەم سیاسەتە نامۆ و نا نیشتمانییە هەتاکوو ئێستا هێناویانە و زاڵ بوونی خۆیان سەپاندووە. لە بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتەش ڕێڕەوی نیشتمانی یەکێتی و ڕێبازی مام جەلال و لاوازی و ملکەچی هێندێ لایەن هەتاکوو ئەم قۆناغەیان بۆ چووەتە سەر. بۆیە لەم (٢٠) ساڵەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پارتی بالادەست بووە، قۆناغ بە قۆناغ ڕووی لە خرابتر کردووە و لە سێکتەرەکانی حکومەتی کوردی لە سیاسی، ئابووری، پەروەردە، خزمەتگوزاری و هتد هەناسەی پێوە نەماوە.
بۆیە لە کابینەی حکومەتی (٩)مین (مەسرور مەسعود بارزانی) بە قۆناغی ئاشبەتاڵ گەشت. بە جۆرێک حکومەت هەرێمی کوردستانی لە ئاست مووچە و بژیوی ژیانی خەڵک لە بەرامبەر وەزیرێکی دەوڵەتی عێڕاقی فیدڕاڵ لە ئەو پەڕی پەرتەوازەیی و لاوازی خۆیدایە.
هەڵبژاردنی خولی (٦)ی پەڕلەمانی کوردستان کۆتایی هات، پارتی و حزبەکانیتر گەشتن بە کوێ دەزانین. لەم هەڵبژاردنە سەنگ و قورسایی لایەنکان بە دەر کەوتن، هەندێ حزب کورسیان زیاد کرد و هەندێکیش کەم و هەندێکیش بوون بە هیچ. جێگای تێرامانە لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تالەبانی و یەکڕیزی و یەکێتی هەموو ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی ڕێباز مام جەلال و حزبی شەهیدان بەشداری هەڵبژاردن بوو. لەم هەڵبژاردنەدا گڕ و تینی سەرکەوتن بە سەر ئەو کێشە و گیر و گرفتانەی وا بەرۆکی یەکێتی گرتبوو زاڵ بوو و نەیارانی یەکێتی تەنگەتاو کرد. بۆیە لە میانەی هەڵبژاردن و ڕۆژانی کۆتاییدا لە ناکاو و بە پەلەو پڕوسکەیی گوماناوی نێچیروان بارزانی خۆی گەیاندە تورکیا و کۆمەڵێک قسە و قسەڵۆکی بە دوای خۆیدا هێنایە کایەوە...!!!
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە پارتی لە خەیاڵی ئەو نەریتەی خۆی و بەناو برا گەورە و کورسی زۆر ماوەتەوە و ئەیەوێت خواستی خۆی فەرز بکات و هەمان تاس و حەمامی خۆی ڕێکبخات، غافڵ لەوەی ئێستا سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی براگەورە و برا بچوک و پاشکۆیەتی قبووڵ ناکات وکۆتایی پێ هێناوە و ستۆپی پێکردوون و براگەورە تەنها لە دیوەخانی پارتی قسەی دەڕوات و ئیدی کۆتایی بە قۆناغی سەرۆکایەتی دیوەخان سالاری سەری ڕەش و زاڵبوون بە سەر حکومەت و دام و دەزگاکان کۆتیی پێهاتووە.
بەڵام لە بیرمان نەچێت لە ئێستادا دوای دیالۆگەکەی سەرۆک بافڵ لە دەزگای مێری بەڕوونی زۆریان بۆ هاتووە و وەک نەریتی شەڕی براکوژی ڕابردوویان هەندێ کادیر و ئەندامی ئاست نزمیان هان ئەدەن و چاو سوور ئەکەنەوە و بە نەفەسی نگریسی شەڕی ناوخۆ باسی ئارپیجی و دار لاستیک ئەکەن!!!
ئەو قۆناغە دەبێت کۆتایی پی بێنن و لەم سیاسەتەیان کەس قازانجی نەکردووە و دەبێت قۆناغی دیالۆگ و یەکڕیزی و پێکەوەبوون هەڵبژێرن و شەراکەتی ڕاستەقینەیە پەیڕەو بکرێت. چونکە دەروەی ئەم بژاردە، بژاردەیەکیترمان نیە و ئیدە وەک ڕابردو بۆیان ناچێتە سەر ئەگەر ترشیان بێت و خۆشیان بێت.
بابەتی زیاتر