وەرگێڕان: میهران عبداللە محمد
هێرشی لەناکاوی گروپە چەکدارەکانی سوریا لەدژی بەشار ئەسەد کاردانەوەی بەربڵاوی زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا. لە کاتێکدا ئێران و ڕووسیا وەک لایەنگری بەشار ئەسەد دەمێننەوە، تورکیە، ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا هەڵوێستی جیاوازیان گرتووەبەر.
گروپە چەکدارەکان هەفتەی ڕابردوو هێرشێکی بێ وێنەیان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەستپێکرد و لە ماوەی سێ ڕۆژدا شاری حەلەبیان گرت و پێدەچێت بەسەرهێزە دڵسۆزەکانی بەشار ئەسەد زاڵ بن.
دوای سێزدە ساڵ شەڕی ناوخۆ، ئێستا زۆر کەس پێیان وایە سوریا گەیشتووەتە بنبەست، ئەسەد زۆربەی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە - جگە لە ئیدلبی ژێر دەستی گروپە چەکدارەکان ، هەروەها ئەو ناوچانەی باکووری ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵات کە لەژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
گروپە چەکدارەکان توانای خۆیان نیشانداوە بۆ پێشڕەوی خێرای زەوینی و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتی خۆسەپێنانەی ئەسەد گەرەنتی نییە - تەنانەت بە پشتیوانی ئێران و ڕووسیاش.
کاردانەوەی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان بەرامبەر بەم دینامیکییە تەواو نوێیە کە لەشکرکێشی گروپە چەکدارەکان دروستی کردووە چۆنە؟
یەکێتی ئەوروپا و جەختکردنەوە لەسەر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش
دەزگای کاروباری دەرەوەی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی بەرامبەر پێشهاتەکانی سوریا و دەستێوەردانی ڕووسیا نیشاندا. لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئەو مەبەستە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە "یەکێتی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری دوایین پێشهاتەکانی سوریا دەکات". دەشڵێت "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە گرژییەکان کەمبکەنەوە و پارێزگاری لە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی مسۆگەر بکەن، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانی و هاوکاری مرۆیی بێ بەربەست بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر بکەن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆ سەر ناوچە دانیشتووەکان و بەردەوامی پاڵپشتیکردنی بۆ سەرکوتی ڕژێمی ئەسەد شەرمەزار دەکەین".
یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا کە "هەڵکشانی ئەم دواییە جارێکی دیکە پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکانی سوریا بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان دەدات".
پشتیوانیی ماناداری ئێران لە بەشار ئەسەد لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پرۆسەی ئاستانە
ئێران وەک لایەنگری سەرەکی ئەسەد، سەرچاوەی دارایی، ماددی و دیپلۆماسی بەرچاوی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
عەباس ئەڕاقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە سەردانی دیمەشقی کرد، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە گرتنەوەی حەلەب لەلایەن یاخیبووەکانەوە بوو. ئەڕاقچی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاران بە توندی پشتیوانی لە حکومەت و سوپای سوریا دەکات، وتی کە بۆ گەیاندنی پەیامی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتی سوریا سەفەری دیمەشقم کردووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکەکەی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژەدان بە دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە، مۆسکۆ و تاران ڕایگەیاند، "پاراستنی دەستکەوتەکانی پرۆسەی ئاستانە" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا زۆر گرنگە و پلاندانان بۆ ئەو ئەنجامدانی دانوستانی نوێی وەزیرەکان لە کازاخستان لە "ئایندەیەکی نزیکدا" ڕاگەیاند.
ئەڕاقچی بە ئاماژەدان بە گرووپە یاخیبووەکانی بەشدار لە هێرشەکەی ئەم دواییە هۆشداریدا لەوەی کە نابێت ڕێگە بدرێت سوریا ببێتە "ناوەندێک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان".
هەروەها ڕاگەیەندرا کە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ میلیشیای عێراقی هاوپەیمانی ئێران بۆ پشتیوانی لە ئەسەد چوونەتە ناو سوریا، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ هەماهەنگی دژە هێرشی زەمینی حەتمی ئەسەد.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی لە پۆستێکدا لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: جموجوولە نوێیەکانی گرووپە تیرۆریستی-تەکفیرییەکان بەشێکن لە دیزاینی ئەمریکا و ڕژێمی ناشەرعیی زایۆنیستی.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا: کۆماری ئیسلامیی ئێران و میحوەری خۆڕاگری پاش شکست هێنانی ڕژێمی زایۆنیستی وەکوو جاران پشتیوانی لە حکوومەت و نەتەوەی سووریا لە بەرامبەر پیلانگێڕیی نوێ دەکەن.
دوودڵی تورکیە لە دەستێوەردانی دەرەکی لە سوریا
تورکیە کە پشتیوانی لە گروپی چەکداری ناسراو بە سوپای نیشتمانی سوریا دەکات، ڕۆژی دووشەممە ڕەتیکردەوە هیچ ڕۆڵێکی "دەستوەردانی دەرەکی" لە هێرشەکەی جیهادییەکان لە باکووری سوریادا هەبێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەڕاقچی هاوتا ئێرانییەکەی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: هەڵەیە کە ڕووداوەکانی سوریا بگەڕێنینەوە بۆ هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لەم خاڵەدا.
هاکان فیدان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەو کەسانە کردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن تورکیە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشت هێرشی گروپە چەکدارەکانی سووریاوەیە.
ئەم گروپە چەکدارە لەلایەن گروپێکەوە بە ناوی هەیئەت تەحریرئەل شام سەرکردایەتی دەکرێن، گروپێک کە نازانرێت لەلایەن تورکیاوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام ئەوەی ناسراوە ئەوەیە کە ئەم گروپە بە فەرمی لەلایەن تورکیاوە وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن کراوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە خوازیاری کۆتایی هێنان بە "ناسەقامگیری" لە سوریا و یەکلایی کردنەوەی شەڕی ناوخۆلە ڕێگەی دانوستان کرد.
وتیشی: گەورەترین ئاواتی ئێمە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکێتی نەتەوەیی سوریا و کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیریی ١٣ ساڵە لەڕێگەی ڕێکەوتن و بەگوێرەی داواکارییە ڕەواکانی گەلی سوریایە.
هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە "تورکیە لە مێژە هۆشداریی دابوو سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئەو نیگەرانیانەیان پشتڕاست کردووەتەوە".
ئەمریکا فشار دەخاتە سەر تورکیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکانی سوریا و ڕەخنە لە ڕووسیا و ئێران دەگرێت، هەرچەندە زۆربەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەشدار نین لەم هێرشەی ئێستادا، بەڵام تورکیا "سوپای نیشتیمانی سوریا"ی کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاتر لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات بە لقی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە بەڕێوە دەبرێت ڕێگری بکات.
هادی ئەلبەهرە، سەرکردەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن کە بنکەکەی لە ئەستەنبوڵە، لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنی گروپە چەکدارەکان "حەوت هەفتە لەمەوبەر" ئەنجام بدرێت، "تورکیا داوای لە گروپە چەکدارەکانی ئەو کاتە کرد کە خۆیان لە دەستپێکردنی ئەم هێرشە سەربازییە بەدوور بگرن".
ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی عەرەبی
لە چل و پێنجەمین کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی عەرەبی" کە هەموو وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس لەخۆدەگرێت، جەختی لەسەر "هەڵوێستی جێگیر"ی خۆی سەبارەت بە پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سوریا کردەوە و دەستوەردانی ناوچەیی لە کاروباری ناوخۆی سوریا ڕەتکردەوە.
ئەنجومەنەکە لە دوا بەیاننامەی خۆیدا کە بڵاوی کردەوە، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە سوریا، بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی دەربڕی.
لەم نێواندا ئاشکرا بوو کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی داوای لە ئەمریکا کردووە سزاکانی سەر ڕژێمی ئەسەد هەڵبوەشێنێتەوە لە بەرامبەر پچڕاندنی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ تاران.
بێگومان ئەم پێشنیازە پێش هێرشی ئێستای گروپە چەکدارەکان بووە، بەڵام ئیماراتی عەرەبی بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە پێشەنگایەتییان کردووە لە هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پێگەی ئەسەد لە ناوچەکە و لەگەڵ ڕۆژئاوا.
هەوڵی ئیمارات بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بۆ لابردنی سزاکانی سەر ئەسەد لە بەرامبەر پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، ئامانجی یارمەتیدانی ئیسرائیل بوو لە ململانێکانیدا لە غەززە لە هەمان کاتدا تێکدانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو.
ئیسرائیل لە نێوان ترس و هیوادا
پێدەچێت ئیسرائیل لە دووڕیانێکدا گیربێت. بە گوتەی هارتز، لە لایەک ئیسرائیل هێرشی گروپە چەکدارەکان بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ڕووخاندنی ئەسەد، کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی "میحوەری بەرخۆدان"، لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانە لە ناردنی هێزی زیاتری ئێران بۆ سووریا و لە نزیک سنوورەکەی.
ئیسرائیل بە هەمان شێوە نیگەرانە لە جێگرەوەیەک بۆ ئەسەد، ترسی ئەوەی هەیە کە لە هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بێت جارێکی دیکە ڕووبکاتەوە دژی تەلئەبیب.
ئەمریکا و پەسەندنەکردنی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکان
هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی جۆ بایدن بۆ سنووردارکردنی دەستوەردانی ئەمریکا لە سوریا بۆ پشتیوانیکردن لە "هێزەکانی سوریای دیموکرات"، ئەمریکا ڕەتیکردەوە پەلاماری گروپە چەکدارەکانی سوریا پەسەند بکات.
درەنگانێکی یەکشەممەی ڕابڕدوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوای پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی کرد بۆ ئەوەی "رێگری لە ئاوارەبوونی زیاتر و پەکخستنی هاوکارییە مرۆییەکان بکرێت".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێستا تەنیا جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە بۆ چارەسەری سیاسی بە جەختکردنەوە لە سەر پاراستنی سوریا لە ململانێکان بە پێی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەم بڕیارنامەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەسەند کرا، داوای دانوستانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی سوریا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فراکسیۆنی سەرەکی گروپە چەکدارەکان، هەیئەت تەحریر ئەلشام، سەرەڕای بێبەریبوون لە قاعیدە وبەگژداچوونەوەی چالاکانە لەگەڵ داعش، بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەزانێت.
ڕوسیا لە ناو جەنگی ئۆکرانیا و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا
وەڵامی سەرەتایی ڕووسیا بۆ هێرشی گروپە چەکدارەکان بریتی بوو لە هێرشی ئاسمانی کە لە ئەنجامدا بەشێک لە هاووڵاتیانی مەدەنی سووری لەدەست داوە. کڵاو سپییەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە لانیکەم ٢٥ کەس کوژراون کە چەند منداڵێکیان تێدایە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی ئەسەد و ڕووسیا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ بە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ گۆڕینی شەڕی ناوخۆ بە قازانجی ئەسەد. لەو کاتەوە ڕووسیا هەڵمەتێکی هێرشبەری ئاسمانی دژی ناوچەکانی ژێر دەستی گروپە چەکدارەکان دەستپێکردووە.
ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە بە تەواوی پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئەسەد، هەرچەندە هەندێک پێشبینی دەکەن کە وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە بە هۆی شەڕی بەردەوامی لە ئۆکرانیا سنووردار بێت.
بەرنامەی نوێی ئەکتەرە بیانییەکان لە ڕێبازی ململانێی ١٥ ساڵەی سوریا؛ ئایا بەشار ئەسەد دەتوانێت دەسەڵات بپارێزێت؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کرێملین، ڕێبەرانی ڕووسیا و ئێران ڕۆژی دووشەممە بەڵێنی "پشتیوانی بێ شەرت و مەرج"یان بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەم وڵاتە داوە، لە کاردانەوە بە هێرشی چاوەڕواننەکراوی گروپە چەکدارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کرێملیندا هاتووە: لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان ڤلادیمێر پوتین و مەسعود پزیشکیان، ئەو دوو بەرپرسە "پشتیوانی بێ شەرت و مەرجیان بۆ کردەوەکانی دەسەڵاتی یاسایی سوریا هەیە و بۆ گەڕاندنەوەی دەستوری ڕێکخراو و سەروەری خاکی سوریا دەربڕی".
سەرچاوە:
https://parsi.euronews.com/2024/12/03/actors-in-the-syrian-crisis